پرسی کات لای کارلۆ ڕۆڤێلی

321
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: داریا ئیبراهیم

دەڵێن؛ خۆشەویستی کات دەکوژێت،

هەروەها دەڵێن؛ کاتیش خۆشەویستی دەکوژێت.

وەرە خۆشەویستم با بڕۆین،

بەر لە کات و بەر لە خۆشەویستیش.

فەیروز- حبوا بعضن[١]

کات وەکو یەکێک لە پرسە هەرە بنچینەییەکانی سرووشت، کە مرۆڤی ژیر(١) درکی پێکردووە. هیچ یەکێکیش وەکو فیزیاییەکان بەر ئەم پرسە نەکەوتوون و سەروکاریان لەگەڵیدا نەبووە. بەڕای من ڕاسترین نزیکبوونەوە لەم پرسە، زانستە. بەدڵنیاییەوە، بەهۆی ئەو میتۆد و پرنسیپانەی کاریان پێدەکات. هەنگاوێک زیاتر نزیکترمان دەکاتەوە لە تێگەیشتن لە سرووشت. هەر لە (ئەناکسیماندەرەوە) تاکو ڕۆژگاری ئەمڕۆ. دەتوانین لە گۆڕانکاریەکانی چەمکی کات تێبگەین لە مێشكی فەیلەسوفە  پێش سوکراتییەکان و سوکراتییەکان، ئاییناس و فەیلەسوفەکانی دواتر و زانایانی بوارە جۆربەجۆرەکانی زانست، بەتایبەت  فیزیا و نیرۆساینس، بە درێژایی ئەم دووهەزار ساڵه. بەگشتی فیزیاییەکان ئایدیاکەی (ئارسەر ئاتینگتۆن)ـیان پەسەندکردووە، پەیوەندی نێوان کات و ئینترۆپی، بێ هیچ بەڵگەیەکی تاقیگەیی و پێشبینیکردنیی تیۆرییەکەی، هەڵبەت گەر ناوی بنێین تیۆری. هەروەها، بەگشتی لە زۆر کتێب و پەیمانگا ئەکادیمیەکان، دەنوسرێت و دەخوێنرێت. بەڵلم؛ ئەوەی پێویستمانە، نەک ئایدیایی باو نییە، بەڵکو تەنانەت خستنە ژێر پرسیاریشێتی. ئەوەی لێرەدا گرنگە؛ بۆچی کارلۆ ڕۆڤێلی؟

دەتوانم بڵێم، لەبەر چەند هۆکارێک گرنگە، ئەوانیش؛ بەگشتی لەمڕۆدا دوو جەمسەر هەیە، جەمسەرێکیان تیۆریستەکانی تیۆری ژێیەکانن(٢)، جەمسەرەکەی تر کێشکردنی کوانتەمین(٣). جەمسەری کێشکردنی کوانتەمی، ئەوانەی ئیش و توێژینەوەیان هەیە لەم جەمسەرە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، خودی کارلۆ پێشەنگ و بە دووبارە داڕشتنەوەی ئەم تیۆرییە دادەنرێت. هەروەها، بە پێچەوانەی ئەو جەمسەرەشەوەیە کە پێیانوایە زانست بەگشتی و فیزیک بەتایبەتی پێویستی بە فەلسەفە نییە، کە کتێب، لێکچەر و وتاری زانستی هەیە دەربارەی ئەم پرسە. پاشخانی زانین و کولتووری کارلۆ، بەڕوونی هەست بەم جیاوازییە دەکەین، بە بەراورد بە نووسەرە ئەمریکییەکان، لە لێکچەر و کتێبەکانیدا. لای کارلۆ، پرسی کات، پرسێکی تاک ڕەهەندی نییە و، تێگەیشتنمان بۆ کات لە چەند توێژاڵێک پێکهاتووە، هەریەکێک لەو توێژاڵانە پیشان دەدەین و ڕوونیان دەکەینەوە، لەگەڵ باسکردنی هەریەکێکیاندا، کاڵتر و کاڵتر ئەبێتەوە ئەم کۆنسێپتە. تاکو دەگات بەوەی بوونی نەمێنێت، لە چی ئاستێکدا بوونی نامێنێت.

توێژاڵی یەکەم؛ یونیڤێرساڵبوونی کات

بە پرسیارێکی زۆر سادە دەست پێدەکەین. ئایە کات یونڤێرساڵ و ڕەهایە؟ ئایە کاتی من و کاتی هەمووان وەکو یەکن؟ ئایە سەربەخۆیە؟ ئەگەر سەربەخۆ نییە، ئەو فاکتەرانە چیین کاریگەری دائەنێن لەسەری؟ یونیڤێرساڵبوونی کات زیاتر واتایەکی باو و، لەسەر ئاستی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەیە و، بیری لێ دەکرێتەوە. ئەگەر بەم شێوەیە بیری لێدەکەیتەوە ئەوا هەڵەیە. بەنزیکی سەد ساڵ دەبێت فیزیاییەکان لەمە تێگەیشتوون شتێکی وەها بوونی نییە و، هەڵەیە. بەهۆی هەردوو تیۆری ڕێژەیی تایبەت و گشتی، زۆرباش لەواتای یونیڤێرساڵبوون تێگەیشتووین. تەنانەت پێش هیچ بەڵگەیەکی تاقیگەی، هەردوو تیۆرییەکە پێشبینی دیاردەکەیان کردبوو. وەکو هەر تیۆرییەکی سەرکەوتووی زانست کە دەبێت لە ناوەخندا هەڵگری، توانای-پێشبینیکردن و تاقیکردنەوەی هەبێت. ئەمە دادەنرێت بە  دڵی بیردکردنەوەی زانستی. << توانای تێگەیشتن لە شتێک پێش کەشفکردنی تاقیگەیی، دڵی بیردکردنەوەی زانستییە >> پەڕە:١١. کەواتە دەرەئەنجامەکانی ئەم تیۆرییە پێماندەڵێت؛ کات خاوتر تێدەپەڕێت بە زیادبوونی هێزی کێشکردن، تەنانەت جیاوازی تێپەربوونی کات هەیە، لە جیاوازی چەند  مەترێکدا. کەواتە کات لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکیتر جیاواز تێپەڕدەبێت، ئەگەر بەم شێوەیە بێت چەندین کاتی جیاوازمان دەبێت. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئەویش؛ لەناو ئەم کاتە جیاوازانەدا کامیان کاتە ڕاستەکەن؟ کامیان لەوانی تر ڕاسترە؟ ئەکرێت هەموویان ڕاستبن؟ بۆ تێگەیشتن لەمە پێویستە چەمکێک بناسێنین کە ڕێژەی تایبەت پێناسەی دەکات، بەدڵنیاییەوە، ئەویش چەمکی (proper time)ـە(٤). ئەم کۆنسێپتە پێماندەڵیت؛ چۆن کاتە جیاوازەکان لەگەڵ یەکتر ئەگۆڕێن، هیچ کام لە کاتە جیاوازەکان لەویتر ڕاستر نییە، هەموویان ڕاستن و، پەیوەستن بە یەکترییەوە. << تاقانەیی بڕی کاتتوایەوە ناو تۆڕێکیشەبەکی کاتەکان. ئێمە وەسفی جیهان ناکەین چۆن دەگۆڕێت لە کاتدا؛ ئێمە وەسفی شتەکان دەکەین چۆن دەگۆڕێن لە کاتی لۆکاڵیدا، چۆن کاتە لۆکاڵیەکانیش دەگۆرێن پەیوەست بە یەکتریییەوە. جیهان وەکو یەکەیەکی سەربازی نییە بە هەنگاوێکی تاکە فەرماندەیەک بچێتەپێشێ، بەڵکو تۆڕێکە لە ڕووداوەکان کاریگەرییان هەیە لەسەر یەکتر >> پەڕە؛ ١٦ هیوادارام ئەم وێنەیە ڕوون بێت کە  تیۆری ڕێژەی تایبەت و گشتی هەر ئەوە نییە، بڵێین؛  کات رێژەییە و، چەندین ستەیتمێنتیتر دەوترێت دەربارەیان. ئەگەر وەها تێگەیشتنێک هەیە، ئەوا هەڵەیە، بابەتەکە ئاڵۆز نییە، بەڵام؛ بەو ڕادەیەش سادە نییە وەک لەوەی لێرەولەوێ دەنوسرێت و باسدەکرێت  دەربارەیان.

توێژالی دووەم؛ تیراسای کات

بۆچی هەست بە جیاوازی ڕابوردوو و داهاتوو دەکەین؟ ئەم جیاوازییە لەکوێوە دێت؟ چی دەبێتە هۆکاری ئەوەی ڕابوردوو زۆر لە داهاتوو جیاوازبێت؟ ئەم جیاوازییە لەکوێی قانونەکانی سرووشتدا هەیە؟ا بۆ تێگەیشتن لەم پرسیارانە، پێویستمان بە تێگەیشتن لە چەمکی “گەرمی” هەیە. بەڵام؛ بۆچی گەرمی؟ کارلۆ پێمان دەڵێت؛ << نە قانوونەکانی نیوتن کە فەرمانڕەوایی میکانیکی جیهان دەکەن، نە ئەو هاوکێشانەی بۆ کارەبا و موگناتیز کە داڕێژراون لەلایەن ماکسوێڵەوە، نە هاوکێشەکانی ئاینشتاین لەسەر ڕێژەی کێشکردن، نە ئەوانەی کوانتەم میکانیک کە داهێنراون لەلایەنی هایزەنبێرگ، شرۆدینگەر و دیراک، نە ئەوانەی کە داڕێژراون بۆ تەنۆلکە سەرەتاییەکان لەلایەن فیزیاییەکانی سەدەی بیست، .، هیچ یەکێک لەو هاوکێشانە جیاوازی لە ڕابوردوو و داهاتوو ناکەن >>پەڕە؛ ٢٤. ئەی کەواتە ئەم جیاوازییە لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ پێویست دەکات بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دەرکەوتنی چەمکی گەرمی بۆ سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە  کە ئامێری مۆتۆڕی هەڵمی کاری پێ دەکرا.   یەکەم کەس کاری لەسەر ئەم چەمکە کردووە، سەعدی کاڕنۆت بووە( لە سێرمۆداینەمیکدا بە سوڕی کاڕنۆت ناسراوە).  ئەو گەرمی وەکو مادەیەک لێکدایەوە، وەکو مادەیەکی شل. ستەیتمێنتێکی پێشنیار کرد، ئەم مادە شلە، لە پلە گەرمی بەرزەوە دەچێت بۆ پلە گەرمی نزم‘ ئەمە دەبێتە کلیلی تێگەیشتنمان بۆ هەنگاوی دواتر.  ئەو کەسەی ئەم  ئایدیایە یاخود ستەیتمێنتەی داڕشتەوە و، فۆڕمێکی ماتماتیکی پێبەخشی، پڕۆفیسۆرێکبوو بە ناوی ( ڕۆدۆلف کلاوسیەس). بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر ئەم چەمکە و، پەیوەندی نێوان ئینترۆپی و وزە و  واتای: وشەی ئینترۆپی بڕوانە وتاری کات چییە؟[٢]. لێرەدا (کلاوسیەس) چەمکی ئیتنرۆپی(٧) نیشانداین، ئەم قانونە پێمان دەڵێت: ئینترۆپی هەمیشە ڕوو لە زیادبوونە یاخود بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە،  بەڵام؛ هەرگیز کەم ناکات.  << ئەوە تاکە هاوکێشەی بنچینەیی فیزیایە کە هەر جیاوازییەکی ڕابوردوو و داهاتوو دەزانێت، تاکە هاوکێشەیە باسی تێپەڕبوونی کات(٧) دەکات. >> پەڕەی: ٢٧. لە ڕاستیدا ئەوەی لەم فۆڕمە ماتماتیکییە تێگەیشت و دەرەئەنجامەکانی خستەڕوو. ئەو پێش هەموو کەس بڕوای بە گەرد و گەردیلە هەبوو، خودی ئەمەش لە دڵی بیرکردنەوەی زانستیدایە، چونکە پێش هیچ بەڵگەیەکی تاقیگەی، پێشبینی دیاردەیەک بکەیت.  بە یەکێک  لە  فاوندەیشنەکانی کوانتەم  میکانیک  دادەنرێت، ، ئەویش؛ (بۆڵتزمان)ـبوو. ئەو هەم  لە چەمکی گەرمی تێگەیشت هەمیش لە ئینترۆپی. << گەرمییە جووڵە وەکو ڕێکخستنەوەی بەردەوامی گورزەیەک لە کارت وایە، ئەگەر کارتەکان بە تەسەسولبن ئەوا بە ڕێکخستنەوە تەسەسولەکان نامێنێت بەم شێوەیە گەرمی تێپەڕدەبێت لە گەرمەوە بۆ سارد نەک بە پێچەوانەوە؛ بە ڕێکخستنەوە، بە ناڕێکییەکی سروشتییانەی هەمووشتێک >> پەڕەی: ٣٠. لەمەوە ڕاستەوخۆ لەوە تێدەگەین  کە ڕابوردوو بۆ جیاوازە  لە  داهاتوو، وەڵامەکە  ئەوەیە  شتەکان زیاتر ڕێک-یاخود  ئۆردەر بوونە. بەڵا م ئەمە تەواوی وەڵامەکە  نییە، بە تەنیا شیفتی پرسیارەکەیە. بەڵام؛ ئەی بۆچی لە ڕابوردوو شتەکان زیاتر ئۆردەر بوونە؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە هەموو دیاردەکان لە ڕابوردوودا  لە نزمترین ئاستی ئینترۆپیدا بوون، بەرە بەرە ئینترۆپییەکە زیاد دەکات بەهۆی دووبارە ڕێکخستنەوەوە. بەڵام؛ بۆچی ئەبێت لە سەرەتادا یاخود لە سەرەتای دیاردەکاندا ئینترۆپی لە نزمترین ئاستدا بووبێت؟ وەڵامی ئەمە بریتییە لەوەی: ” ڕوانینی ئێمە بۆ گەردوون-یان-سرووشتی دیاردەکان” تێگەیشتن لەمە زۆر گرنگە چونکە زۆربەی فیزیستە مۆدێرنەکانی ئێستا، ئەوانەی وەک (شۆن کارۆڵ)، ( براین گرین) و (ستیڤن هۆوکینگ) تاکوو ئەم هەنگاوە هاتوون چەمکی ئینترۆپیان پەسەندکردووە بە شێوەیەکی باو. بەڵام؛ کارلۆ ئەم لێکدانەوەیەش تەرح  دەکات ” ڕوانینی ئێمە  بۆ گەردوون”. بۆ ئەوەی جیاواز بیربکەینەوە یاخود نزیکبوونەوەی جیاوازمان هەبێت، بە هاوتەریب لەگەڵ بیرکردنەوەی باودا، دەبێت پەسەندی ئەوە بکەین جیاوازیش بیربکەینەوە. زۆر گرنگە لەو ستەیتمێنتە تێبگەین، ڕوونتر ئێمە سەیری کۆنفیگرەیشنەکانی خاسییەتی هەر سیستەمێک بکەین کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە، هەر خاسیەت و تایبەتمەندییەک بۆخۆی یونیک و تایبەتە.  بەڵام؛ ئەگەر هاتوو بەراوردی  خاسییەتەکان بکەین، بۆمان دەردەکەوێت هیچیان بەسەر ئەوەی تردا تایبەتتر نییە. << بۆڵتزمان پێشانیداوە کە ئینترۆپی بوونی هەیە چونکە ئێمە وەسفی جیهان دەکەین بە فاشیۆنێکی ڵێڵکراو، ئەوەی پێشانداوە کە ئینترۆپی بە دیاریکراوی ئەو بڕەیە کە دەیژمێرێت چەند کۆنفیگرەیشنی جیاواز، ڵێڵی دنیابینینما جیاوازی ناکات لە نێوانیان >>پەڕە: ٣٢. ئەگەر هاتوو هیچ  ڵێڵییەکمان نەبێت و تەواوی زانیارییەکان بەردەستبن لە جیهانی مایکرۆسکۆپیدا،  ئەوا هیچ  جیاوازییەکمان نابێت لە نێوان ڕابوردوو و داهاتوو. بۆیە هەست بەم جیاوازییە دەکەین لەبەر ئەوەی لە نێوان ئێمە و گەردوون-یاخود- دیاردەکانی سرووشتدا ڵێڵی هەیە. ئێمە ناتوانین بە وردی و دڵنیاییەکی زۆرەوە لە جیهانی مایکرۆسکۆپیک تێبگەین ئەوەی هەیە،  پرۆبەبلیستیکە. دەستمان ئاوەڵا نییە، بەڵکو سنووردارە. ڕیاڵ ئەوە نییە کە درکی پێدەکەین، دیتەرمینیستیک نییە،  بەڵکو پرۆبەبلیستیکە. ئەم  ڵێڵیەش لەمەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەوەی یەکەم کەس لەم ڵێڵیە تێگەیشت (بۆڵتزمان) بوو. ئەمە  ستەیتمێنتە ڕاستەکەیە. پێویستە بگونجێیت لەگەڵی.  کارکردنی کۆنچیۆسنیسـی ئێمە بەرامبەر سرووشت و ئەو کاڵکڵەیشنانەی  مێشکی ئێمە دەیکات دەربارەی جیهانی دەرەوە زۆر گرنگە. لە نێوان ئێمە و جیهاندا ڵێڵییەک هەیە. ئێمە ناتوانین بە وردی  و دەقیقییەکی زۆرەوە هەموو کاڵکڵەیشنێکی جیهانی دەرەوە بکەین. بۆ جیهانی مایکرۆسکۆپی نازانم بۆچی، بەڵام؛ دەزانم واین.

توێژاڵی سێیەم؛ کۆتایی هێنان بە چەمکی ئێستا و هاوکاتی

دەربارەی هەردوو چەمک بە وردی لە وتاری” کات چییە؟'[٣]’ ڕوونم کردووەتەوە. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە تێگەیشتنە لە چەمکێکی ماتماتیکی کە پێویستە  بۆ تێگەیشتن  لە ڕووداوەکان لە فەزا-کاتـدا.  لەبەرئەوەی  وێنەیەکی  زۆر باشمان دەداتێ دەربارەی سرووشتی  ڕووداوەکان  لە فەزا-کاتـدا چۆن ڕوودەدەن و چۆن دەتوانین تێیانبگەین. ئەویش ” partial order” ـە. ڕوونتر، ”partial order”ــمان دەست دەکەوێت لە پێش و پاشی ئـێـلێـمێـنـتـەکانـدا، نەوەکو لە نێوان ئـێـلێـمێـنـتـەکانـدا. تێگەیشتن لەمە ئەمانگەیەنێت بەوەی  چیتر ئێمە ناتوانین هەموو ڕووداوەکان لە فەزا-کاتـدا بەشێوەی ئەم هێڵکارییە بنوێنین و ڕووبدەن.

بەڵکو لە ڕاستیدا هەموو ڕووداوێک، قوچەکی ڕووناکی(٦) خۆی هەیە. هەر ڕووداوێک، ڕابوردوو و داهاتووی خۆی هەیە. ئەوەی لە قوچەکی ڕوناکییەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەوەیە کە ئێستایەکی یونیڤێرساڵ بوونی نییە وەک، ئەوەی تێیگەیشتووین بە شێوەی ئەم دایگرامە.  خەیاڵی ئەوەکەن لە فەزا-کاتدا هەمووی قوچەکی ڕوناکییە وەک، لەوەی هێڵکارییەکـ  بێت،  کات بە هێڵێکی ڕاست بڕوات،  هەمیشە ئەم قوچەکی ڕوناکییانە  بەرەو داهاتوو دەجووڵێن ( تاکو چەنێک شارەزای ماتماتیکی ڕێژەی تایبەتبیت، باشتر لە گرنگی و مەفهوومی ئەم بابەتە تێدەگەیت ڕووندەبێت).

توێژاڵی چوارەم؛ سێ ئەڤەلوشنەری کۆنسێپتی کات

باسکردنی ئەم سێ کەسە، پێدەچێت بیرکردنەوەی زۆرینەمان بێت. یاخود ڕۆژێک لە ڕۆژان پرسیاڕێک هەبووە دەربارەیان، یاخود بەریان  کەوتویت و بە هەڵە وەرتگرتوون “ئایدییاکانیان”. بۆ نموونە: ئەو (کات)ـەی لەناو هاوکێشەکانی نیوتندا هەن، یان گرێدانی کات بە جووڵەی تەنەکانی دەوروبەرمان، یان تەواو ئاینشتاین وتی؛ کات ڕێژەییە. تێگەیشتنی ڕاست دەربارەی گۆڕانکارییەکان هەنگاوێکی باش و دروستە بۆ چوونە ناو بابەتی ئاست بەرزتر. دوای ئەو تێگەیشتنەی هەمانە دەربارەی ئیلاستیکبوونی کات، بەهۆی بارستای، خێرای و هێزی کێشکردن. هەروەها تێگەیشتنمان  بۆ ڕووداوەکان  لە  فەزا-کاتدا و لەدەستانی ”یونیڤێرساڵبوونی ئێستا”. وە تێگەیشتنمان بۆ چەمکی” partial-order”. ئێستا پێویست دەکات بەو پاشخانە زانینەدا بچینەوە کە شکڵ و شێوەی بەخشیوە بە بیرکردنەوەمان دەربارەی پرسیاری ” کات چییە؟”.

یەکەم کەسیش  کە وەڵامی  ئەم  پرسیارەی داوەتەوە (ئەرستۆ)یە، کات لای ئەرستۆ << کات پێوانەکردنی گۆڕانە>> پەڕه:٦٣. لای ئەو ”کات” کۆنسێپتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو پەیوەستە بە جووڵه و گۆڕانی ئۆبجێکتەکانی دەوروبەرمان. لێرەوە دەگەین بەو ئەنجامەی  ئەگەر هاتوو هیچ  شتێک  نەگۆڕێت و نەجوڵێت ئەوا کات تێپەرنابێت  یان بە دەربڕینێکیتر؛ ئەگەر هاتوو کات بوونی نەبێت و بوەستێت ئەوا هەموو شتێک  لە جیهانی دەرەوە ئەیبەستێت و لە جووڵە  دەکەوێت. هیوادارم ئەمە ڕوونبێت کە  وانییە، چونکە دوای زۆر بە وردی بەدیلی ئەم ئایدییایە دەخەینەڕوو، ئەویش؛ لەجیاتی ئەوەی بیر لە ”شت”ـەکان بکەینەوە، بیر لە ”ڕووداو”ـەکان دەکەینەوە. بە واتایەکیتر، بیر لە ”هاتنەبوون” دەکەینەوە وەک لە ”بوون”. ئەوەی کاریگەری هەبووە لەسەر بیرکردنەوە و تێگەیشتنمان بۆ وێنەی کات و بەرگوێمان کەوتووە لە خوێندندا. بیرکردنەوەی نیوتنە؛ لە کتێبی پرینسیپا دەڵێت: << پێناسەی کات، فەزا، شوێن و جوڵە ناکەم، بەگشتی زانراوە بۆ هەمووان،، گونجاو دەبێت بە جیاوازیکردن لەنێوان ڕەها و ڕێژەییدا، ڕاستی و ڕواڵەتدا، ماتماتیک و باودا. >> پەڕەی: ٦٤. کاتی نیوتنی،  کاتێکی ڕەهاو سەربەخۆیە، کاتێکە بە ناڕاستەوخۆ دەتوانین مومارەسەی بکەین، کاتێکە تەنیا دەتوانین لە ڕێگەی ماتماتیکییەوە کەشفی بکەین.  بەگشتی زۆربەمان هاوکێشەکانی نیوتنمان بەکارهێناوە بۆ جووڵە، لەناو هاوکێشەکانیدا پارامیتەری کاتی تێدایە، ئەو پارامیتەرە پێمان دەڵێت: ڕەهابوونی کات و دیتێرمونیزەمبوونی گەردوون و سەربەخۆبوونی.  کەسی سێیەمیش، بەدڵنیاییەوە، ئاینشتاینە. لە وتاری پشوودا << کات چییە؟>> بەوردی باسی دەرەئەنجامەکانی ئەو دوو تیۆرییەم کردووە لەسەر کات.. بەڵام؛ ئەوەی گرنگە لێرەدا، ئەوەیە؛ کات سەربەخۆ نییە، بوونێکی ڕاستی و ماتماتیکی هەیە و، ئیلاستیک و لە ژێر کاریگەری چەند هۆکارێکدایە، لەوانەش، بارستای، خێرای و گڕاڤیتی. بەهۆی تیۆری  ڕێژەی  گشتی  بە باشی لەوە تێگەیشتووین کە چۆن بواری کێشکردن(٨)  کاریگەری لەسەر “کات” دادەنێت، هەقەتەن ئەم پرسە هی سەد ساڵ پێش ئێستایە و بەگشتی بۆ فیزیاییەکان زانراوە. بەڵام؛ تاکو ئێرە بەباشی بازنەی زانینمان فراوان کردووە و چاوکراوەین دەربارەی چەندین توێژاڵی کات.  بەڵام؛ ئەمە کۆتای پرسەکە نییە، هەر ئایدیاییەکیان لە گۆشەنیگایەکەوە چارەسەر پێشنیار دەکات، پارچەپارچەن. پێویستمان بە شۆڕشی بیرکردنەوەیە دژی بیرکردنەوەی باو. ئەوەی لە ئێستادا پێویستمانە بەستنەوەی (کات)ـە بە کوانتەم میکانیکەوە. چونکە کوانتەم میکانیک، وەکو فرەیمۆرکێک کە دەچێتە ناو هەر بوارێکی فیزیاوە، سەرلەنوێ-دەینووسێتەوە. بڕواشمان وایە ئەمە کلیلی کۆتای دەبێت، پشت بە کوانتەم گرەیڤیتی ببەستین.

بە بڕ بڕکردنی کات(٩)

پرسی بڕ(١٠) لەگەڵ  لەدایکبوونی کوانتەم پەیدابووە.  وەک، دەزانین وزە کوانتایز کراوە، ڕووناکی کوانتایزە( پێی دەوترێت فۆتۆن)، بواری کارۆموگناتیزی ئەوەی فیزیاییەکان پێی ئاشنان ئەویش کوانتایزە، بە کوانتایزکردنی فەکشن و ئۆپەرەیتۆرەکان کە ئۆبجێکتن بۆ کوانتەم میکانیک. لەسەر ئەو بنەمایە ”دەبێت” کاتیش کوانتایز بێت.  دەشزانین تەنانەت جیۆمەتری فەزا-کات کوانتایزە. ئەمە پرسێکی تەواو ئاستبەرز و لە کاری پێشڕەوانی کوانتەم لووپ گڕەیـڤـیتییە.

 پێشنیاری بیرکردنەوەیەکی نوێ

<< تەواوی گۆڕانکارییەکانی زانست پێشنیازی ئەوە دەکەن باشترین ڕێزمان بۆ بیرکردنەوە لە جیهان گۆڕانە، نەوەکو مانەوە، بوون نییە، بەڵکو هاتنەبوونە >> پەڕەی٩٧.  هەڵبژاردنمان لە نێوان ”ڕووداو”(١١) و ”شتەکان”(١٢) ئەبێتە پرسێکی گرنگ بۆ ئێمە. یەکەم جار بۆ نموونە: ئەو ئەگەرە وەربگرین، کە وا بیر لە جیهانی دەرەوەمان بکەینەوە، لە ڕوانگەی ”شتەکانەوە”. هەموو هەوڵدان و، خەمڵاندن و تیۆرییەکانمان بە ئاراستەیەک بن لەسەر بنەمای “شتەکان”. دوو نموونە دەهێنینـەوە وەک، ئەوەی ڕۆڤێلی لە کتێبەکەیدا هێناوییەتییەوە، ئەوانیش؛ ئەفلاتون و کێپلەرە. هەردووکیان هەوڵیانداوە لەسەر بنەمای ”شێوەدان” بە شتەکان جیهان بخوێننەوە و تێیبگەن. بەڵام؛ هیچیان سەرکەوتوونەبوون. کێپلەر، ناسراوە  بۆ فیزیاییەکان، هەوڵیداوە ”شێوە” بات بە قەبارەی خولگەی هەسارەکان، بە واتایەکی تر، خولگەی هەسارەکان لەسەر چی شێوەیەکن. یاخود ئەفلاتون هەوڵیداوە هەموو توخمەکانی جیهان ڕوونبکاتەوە  لەسەر پاتەنـێکی ماتماتیکی شێوەبات بە هەموو ئەلیمەنتەکانی سرووشت، ئەوانیش؛ لەسەر بنەمای پێنج شێوەی جیۆمەتری دیاریکراو لێکدانەوەی گشت جیهان بکات.  بیرکردنەوەمان لەسەر بنەمای تێگەیشتن  لە “شتەکان”، کارێکی هەڵەیە. تەنیا بە زانینمان بۆ ئەوەی کە هەسارەکان چۆن دەجوڵێن، “جووڵە” وەکو “ڕووداوێک” زۆر بە باشی لە قەبارەی خولگەکان تێگەیشتووین، وەک لەوەی “شێوە”بەین بە خولگەکان وەکو “شتێک”. << جیهان کۆلێکشنێک نییە لە شتەکان بەڵکو کۆلێکشنێکە لە ڕووداوەکان >> پەڕەی: ٩٨.   یەکێکیتر لە ئەگەرەکان، بیرکردنەوەیە لە جیهان لەسەر بنەمای ”ڕووداوەکان”. یەکێک لەو جیاوازییە ڕوونانەی نێوانیان ئەوەیە کە، بەرکەوتنمان  لەگەڵ ”شتەکان” ڕاستەوخۆ ئەمانبەستێتەوە بە کاتەوە، وەک ئەوەی کە کات لەوێـدا لینیەر بێت، وەکو ئەوەی بڵێین؛ ” دواتر و پێشتر” ـی ئەو ”شت”ـە چییە، بەڵام؛ ئەزانین لە جیهاندا کات لینییەر نییە، بەدیلی ئەمەش بیرکردنەوەیە لە ”ڕووداوەکان”، بەرکەوتنمان لەگەڵ ڕووداوەکان ئەمانبەستێتەوە بە ” کاتی خایانراوی”(١٣)ـی ڕووداوەکەوە. ئەڵێین؛  کاتی خایانراو بۆ ڕووداوەکە چەنێکە. ئەمە هەنگاوی یەکەم دادەنێین  بۆ تێگەیشتن  لە  نێوانیاندا. << لە کۆتاییدا لە شێوەی ئەتۆمەکان تێدەگەین بە تەنیا شیکارەکانی هاوکێشەکەی شرۆدینگەر کە چۆن وەسفی جووڵەی ئەلیکترۆنەکان دەکات لەناو ئەتۆمدا >> پەرەی: ١٠٢. لە ڕاستیدا بیرکردنەوەمان لەسەر بنەمای ڕووداوەکان وەکو ”جووڵە”ـی ئەلیکترۆن لە ناو ئەتۆمدا، دەرەئەنجامی زۆر باش ئەیات بە دەستەوە وەک لەوەی هەمان هەڵەی کێپلەر دووبارە بکەینەوە.  << لەبەرئەوەیە ئێمە وەسفی جیهان دەکەین وەکو ڕووداوێک، نەوەکو ئەوەی چییە. میکانیکی نیوتنی، هاوکێشەکانی ماکسوێڵ، کوانتەم میکانیک وە هەروەها، پێمان دەڵێن چۆن ڕووداوەکان ڕوودەدەن، نەوەکو شتەکان چۆنن. لە زیندەزانی تێدەگەین بەخوێندن لەوەی چۆن بوونە زیندووەکان ئیڤۆڵڤ ئەکەن و دەژین. لە دەروونناسی تێدەگەین(کەمێک، زۆر نا) بەخوێندن لەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ یەکتری دەکەین، چۆن بیردەکەینەوە. لە جیهان تێدەگەین بە هاتنەبوونی، نەک بە هەبوونی. >> پەڕەی: ١٨٣.

گۆڕاوی کات

<< گۆڕاوی کات بۆ وەسفکردنی جیهان پێویست نییە. >> پەڕەی:١١٧  چۆن سیستەمەکان، ڕووداوەکان و گۆڕاوەکان(١٤) بە تۆڕێک بەستراونەتەوە بە یەکەوە، لەسەر ئاستێکی بنچینەیی(١٥) ”پەیوەست بە یەکترییەوە”  ئیڤۆڵڤ دەکەن. لەم ئەتمۆسفیرەدا، هەڵبەت ئەگەر ناوی بنێین ئەتمۆسفیر، لەسەر ئاستی بنچیینەی، گۆڕاوی کات بوونی نییە، پێشتر باسی ئەوەمان کردووە کە چۆن سیستەمەکان ئیڤۆڵڤ دەکەن لەناو لۆکاڵ تایمی خۆیاندا. بەڵام؛ لەسەر ئەو ئاستە هیچ کاتێکی لۆکاڵی بوونی نییە، بەتایبەتیش، تەنانەت هیچ گۆڕاوێکی کات بوونی نییە.  ئەوەی هەیە، ئەوەیە؛ ئەو گۆڕاوانەی کە وەسفی سیستەمەکە دەکەن، ”پەیوەست بە یەکترییەوە” ئیڤۆڵڤ دەکەن، هەموو گۆڕاوە داینامیکییەکان ”پەیوەست بە یەکترییەوە” دەگۆڕێن… لە پێشتر باسمان کرد ئەگەر کات بوونی نەبێت واتای ئەوە نییە کە سیستەمەکە بەستوویەتی و هیچ جووڵەیەکی نییە. بەڵکو بە پیچەوانەشەوە، ئەم سیستەمە پڕە لە جووڵە و گۆڕان. هاوکێشەکە ناسراوە بە، هاوکێشەی ویلەر-دەویت. هەڵبەت  ڤێرژنی  تازەی هاوکێشەکە لەلایەن کارۆ و هاوڕێییەکییەوە نووسراوەتەوە. << تیۆرییەکە وەسفی شتەکان ناکات بەوەی چۆن ئیڤۆڵڤ دەکەن لەناو کاتدا، تیۆرییەکە وەسفی شتەکان دەکات کە چۆن دەگۆڕێن  پەیوەست بە یەکترییەوە، چۆن شتەکان لە جیهاندا ڕوودەدەن بە پەیوەندیدار بە یەکتریییەوە >> پەڕەی: ١٢٠. پێویستمان بە گۆڕاوێکە  کە  هەموو ئەو “تایبەتمەندیانەی” تێدابێت کە ئێمە ئەزموونی دەکەین، دەزانین و باسمان کرد  کە چۆن لەسەر ئاستی بنچینەیی هیچ  گۆڕاوێکی کات بوونی نییە. نەوەکو کات بەڵکو چەندین گۆڕاو هەن لە جیهانی ماکرۆیدا کە نەک هەر بەشێک  بەڵکو  گۆڕاوێکیشنین  لە هاوکێشە  بنچینەییەکەدا، هەروەها چەندین ئۆبجێکت هەن کە بەشێکنین لێی. لێرەدا دوو گۆڕاوی کات دەناسێنین، یەکەمیان (کاتی گەرمییە) و، دووەمیان (کاتی کوانتەمییە). بەڵام؛  بۆچی پێویستمان بەم دوو گۆڕاوەیە؟ ئێمە ئەمانەوێت  گۆڕاوێکمان هەبێت وەسفی هەموو ئەو خاسیەت و تایبەتمەندیانە بکات  کە ئەو “کاتەی” ئێمە ئەزموونی دەکەین، تێیدابێت. بە نموونە، تێپەڕبوونی کات و جیاوازی ڕابوردوو و داهاتوو….

یەکەمیان؛ ئێمە لەناو جیهانێکی ماکرۆسیستەمدا دەژین، ڕوونتر بەرخودی  نێوان  ئێمە  و مایکرۆسیستەمە کە ڵێڵی هەیە. بە تێڕوانینی  بیرکردنەوەی  باوەوە  بۆ  ڵێکۆڵینەوە  لە  سیستەمێک،  کات  بە  ڕەهای دادەنرێت لە سیستەمەکەدا، بەم شێوەیە؛ ئەگەر ئێمە لە ماکرۆسیستەمێک بکۆڵینەوە پێویستە وزەی سیستمەکە بزانین، وە بۆ ئەوەشی وزەی سیستەمەکە بزانین پێویستە کاتی سیستەمەکە  بزانین.  ڕوونتر لە  میکانیزمی  لێکۆڵینەوەدا کات بە ڕەها دادەنرێت و ئەکرێت بە بنەما بۆ ئاستەکانی تری سیستەمەکە. هەڵبەت تاکو ئاگاداری کۆڕاوە کۆنجوگەیتەکان بیت، زێدەتر ڕووندەبێت لات. بەڵام؛ دووبارە کارلۆ بیرکردنەوەیەکی نوێ پێشنیار دەکات و بەدیلی ئەم تێڕوانینەمان پێ دەڵێت.  بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی باوەوە بۆ ئەوەی کاتی ماکرۆسیستەمێک بزانین، پێویستە وزەی  سیستەمەکە  بزانین، بۆ ئەوەی وزەی سیستەمەکەش بزانین دەبێت سیستەمەکە پێناسە کەین. واتە ئەوە ماکرۆسیستەمەکەیە “کات” پێناسە دەکات نەوەکو بە پێچەوانەوە، کات وکو بوونێکی ئۆبجێکتیڤ و ڕەها مامەڵەی لەتەکدا بکرێت. زۆر بە وردی  لە سێکشنەکانی  پێشوتردا پەیوەندی نێوان ئێمە و جیهانی دەرەوەمان ڕوونکردەوە کە ڵێڵییەک هەیە و چەندین گۆڕاو و وردەکاری ئیهمال  دەکەین  و درکیان  پێناکەین. ” ئەو ڵێڵێیە، ئەو کاتەیە کە ئێمە ئەزموونی دەکەین، دەردەکەوێت ” ئەم جۆرە  ناودەبەین بە ” کاتی گەرمی “.

دووەمیان؛  ” کاتی کوانتەمی “.  لە پێشوتردا باسمان کرد کۆمەڵێک  گۆڕاو هەن،  پێیان  دەوترێت گۆڕاوە کۆنجوگەیتەکان، وەکو کات و وزە. تەوژم و شوێن. هەنگاوێک لەمە دوورتر دەڕۆین و تایبەت مەندییەکی تر دەناسێنین، ئەویش؛ خاسیەت و تایبەتمەندی ئۆردەری نێوان  گۆڕاوەکان، کە  پێی دەوترێت ( non-commutative )، ئەم کۆنسێپتە ماتماتیکییە کە لە کوانتەمدا بەکارهێنانی زۆرە و گشتگیرە، بە یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی جیاوازی نێوان کوانتەم  و کلاسیک  دادەنرێت. ئەمانگەیەنێت بە یەک ئاڕاستەبوون، واتایەکی تێپەڕبوونی بەدی دەکرێت لە کۆنسێپتە ماتماتیکییەکەدا،  ماتماتیکزانی فەڕەنسی ئالاین کۆنس، بەوردی کاری لەسەر ئەم تێپەڕبوونی کاتە کردووە لە کوانتەم میکانیکدا، لە فۆرم  و سترەکچەرێکی ماتماتیکاڵیدا پیناسەی کردووە بەناوی ( non-commutative von neumann algebra ). کۆنس هەنگاوێک  زیاتر ڕۆیشتووە، ئەوەی دەرخستووە هەمان ئەو کاتەی لە لایەن ماکرۆسیستەمێکەوە  دیاریدەکرێت  هەمان  شتە  لەگەڵ  ئەوکاتەی  کە کارلۆ ڕۆڤێلی ناساندویەتی، مەبەستمان ( کاتی گەرمییە). دوو ڕووی هەمان دراون.

لەنێوان ئێمە و جیهاندا

بەباشی دەزانم  جارێکیتر لەسەر پرسی ” ئینترۆپی ” بدوێمەوە.  لە  ڕوانگەی  کارلۆوە،  ئەمجارەیان. لە پێشوتردا ڕوونمان کردەوە لە نێوان  ئێمە  و جیهاندا  ڵێڵییەک هەیە، ئەم ڵێڵییە پەیوەندی بە تایبەتمەندی و خاسیەتی  خودی ناوەوەی مرۆڤەوە نییە، بەو واتایەی کە مرۆڤ هێندە زیرەک  و توانادار نییە  تاکو کەشفی  جیهانی  دەرەوە  بکات، یاخود  ستەیتمێنتێکی وەهمی و لەناو-مێشکی خۆمانەوە  بێت. بەڵکو بە پێچەوانەوە  بە  تەواوی ئەمە هەڵگری تایبەتمەندی “ڕیلەیتیڤییە”، هەروەکو خێرای و جووڵە کە تایبەتمەندی خودی ئۆبجێکتەکە نییە، بەڵکو پەیوەندی نێوان ئۆبجێکتەکە و ڕیفرێن فرەیمەکەیە. ئینترۆپیش هەروەها، چەمکێکی ڕیلەیتیڤە. لەمەوە زۆر بە باشی لەوە تێدەگەین کە ئینترۆپی تەنیا پەیوەست نییە بە  کۆنفیگرەیشنە  جیاوازەکانەوە،  بەڵکو هەم  پەیوەستە  بە ڵێڵی ئێمە بۆ جیهان، هەمیش ئێمە بەرخود  لەگەڵ چی  گۆڕاوێکدا  دەکەیەن  لە جیهاندا. بەڕای من لەچاو زۆربەی ئەو لێکدانەوانەی خوێندومەتەوە بۆ ئینترۆپی ئەمە جیاوازترین و سەرنجڕاکێشترین بیکردنەوەی باوە. سەرچاوەی ئەم ڵێڵییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڕاوانەی کە ئێمە ناتوانین بەرخودی لەگەڵدا  بکەین، ئەو کۆنفیگرەیشنە  جیاوازانەی کە ئێمە ناتوانین جیاوازی بکەین لە نێوانیاندا، لەبەر ئەوەی ئەو بەرخودەی لە نێوان ماکرۆ و مایکرۆدا هەیە.

لەکۆتایدا، کارلۆ کەسایەتییەکی فرە-ڕەهەندی هەیە، کاتێک مامەڵە  لەگەڵ بەرهەم و ئایدیایەکی کارلۆدا دەکەین بەر ئەم  فرە-ڕەهەندییە  دەکەوین، بە بەراورد  بە زۆربەی زاناکانی هاوسەردەمی ئەم، سەرنجڕاکێشترین کەسە بۆ پێشنیاری بیرکردنەوەی نوێ بەرامبەر بە  بیرکردنەوەی  باوی  فیزیسیتەکانی  ئێستا.  بە  بڕوای کارلۆ ئەو کاتەی ئێمە “ئەزموونی دەکەین” ئەو کاتەیە کە پێناسەی دەکەی،  چونکە  پێویستمان بە گۆڕاوێکی کاتە، هەموو ئەو تایبەتمەندی و خاسییەتانەی تێدابێت کە لە ” ئەزموونکردنی” ئێمە بۆ کات هەمانە، دوو گۆڕاو پێشنیار دەکات و پاڵپشتی ماتماتیکی بەهێز و تیۆری لە پشتەوەی، “کاتی گەرمی” و “کاتی کوانتەمی”. دیدێکیتر کارلۆ، وەڵامی کۆتای بۆ پرسی کات بە تەنیا ناگەڕێنێتەوە بۆ فیزیسیستەکان، بەڵکو بە پێویست و گرنگی دەزانێت  لە چەند  دیدگا  و  ڕەهەندێکەوە  نزیکبوونەوە  و شرۆڤەی کات بکرێت، دیدگاکانی وەکو، ئەدەب، نیرۆساینس، سایکۆلۆجی و فیزیا.

پەراوێز

(١)- مرۆڤی ژیر – homosapien : ناوی زانستی جۆری مرۆڤی ئێمەیە.

(٢)- تیۆری ژێیەکان- string theory.

(٣)- کێشکردنی کوانتەمی- quantum gravity.

(٤)-ئەو کاتەی دیاریدەکرێت لەلایەن کاتژمێرێکی دیاریکراو بۆ دیاردەیەکئی دیاریکراو پێی دوترێت، proper time.

(٥)- تیراسای کات- arrow of time.

(٦)- قوچەکی ڕوناکی- light cone.

(٧)- تێپەربوونی کات – flowing of time.

(٨)- بواری کێشکردن- gravitational field.

(٩)- بەبڕبڕکردنی کات- quantization of time.

(١٠)- بڕ – quanta.

(١١)-ڕووداو-event.

(١٢)-شتەکان- things.

(١٣)- ماوە – duration.

(١٤)- گۆڕاوەکان – variables.

(١٥)- ئاستی بنچینەیی – fundamental level.

(١٦)- کاتی گەرمی – thermal time.

(١٧)- کاتی کوانتەمی – quantum time.

سەرچاوەکان

[١]- گۆرانییەکی فەیروزە بە وەرگێرانی کۆسرەت عەبدولڕەحمان لە چانێڵی یوتیوبەیەکی بڵاوکراوەتەوە بە ژێرنوسی کوردی.

[٣][٢]- کات چییە؟ نوسینی داریا ئیبراهیم لە بڵاوکراوەی کوردڕاوم-زانستی.

[٤]- The Order of Time by Carlo Rovelli

[٥]- Carlo Rovelli: The nature of time

[٦]- ئەو تێکستە بۆڵدانەی سایتەیشنی “پەڕە”م لێداوە، لە کتێبەکەیەوە وەرمگرتووە.

بڵاوکردنەوە: