کۆنیشانەی دڵی شکاو یاخود تاکۆتسۆبۆ، ئایا ڕاستیەکی زانستییە؟

629
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: د.  هەڤین کەمال شاهـ

«دەکرێت لە ئەنجامی دڵشکانەوە بمریت، ئەمە ڕاستییەکی زانستیە؛ منیش لەو ڕۆژەوەی تۆم ناسیوە دڵم ڕۆژانە دەشکێت. دەتوانم بەباشی ھەست بە شکانی بکەم، ئازارێکی توند و قورس و بێزارکەر لە پشت قەفەسەی سنگمەوە، ھەرکات لەگەڵ یەکدا دەبین و دڵمان ئاوازێکی نائومێد دەژەنێت: خۆشت بوێم، خۆشت بوێم»

– ئابی ماکدۆناڵد لە چیرۆکی (بەزاندنی گاریت دیلانی)

 

کاتێک بیر لە دڵێکی شکاو دەکەیتەوە لەوانەیە ئەوەی تەنیا بە ھزرتدا بێت، وێنەی ھێڵکاری دڵێکی سوورە کە بە ھێڵێکی خواروخێچ و ناڕێک لە ناوەڕاستدا دوو پارچە بووبێت.

بەڵام بێگومان وێنە ڕاستییەکە لەوە گەورەتر و بە ئازارترە. ھەر لە ڕووی زانستییشەوە دڵشکاندن ئاکامی تەندروستی زۆر خراپی ھەیە و لەوانەیە ببێتە ھۆکار بۆ توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.  زانست سەلماندویەتی کە پەیوەندییەکی بەھێز ھەیە لە نێوان خەمۆکی، تەنگەژەی دەروونی و نەخۆشییەکانی دڵدا، ھەر بۆیە ھەرگیز دڵشکاندنی کەسێک بە کەم وەرمەگرە.

زۆر جار ھەمومان بیستومانە لە ژیانی ڕاستەقینەدا یاخود لە چیرۆک و فیلمە سینەماییەکاندا، دوو کەس کە زۆر پەیوەست بوون بە یەکتریەوە و یەکتریان زۆر خۆشویستووە، یەکێکیان ژیانی لە دەستداوەو مردووە، یاخود بە ھۆکارێک دوور کەوتۆتەوە، خۆشەویستەکەشی دوای ماوەیەکی کەم ژیانی لە دەستداوە یاخود باری تەندروستی تێکچووە.

زۆربەمان لەوانەیە وامان زانیبێت ئەوانە تەنیا خەیاڵ یان ئەفسانەن، یاخود قسەی پیرەکانە و لەواقیعدا بوونی نییە.

بەڵام لەم سەردەمەدا، توێژینەوە زانستیەکان سەلماندویانە کە نەخێر ئەو حاڵەتە ئەفسانە و خەیاڵ نییە، واقیعێکە و ڕاستیەکی زانستیی لە پشتە، و بەنەخۆشی «دڵی شکاو» یاخود «تاکوتسۆبۆ» یاخود بە ئینگلیزی (broken heart syndrome) ناسراوە.

(تاکوتسۆبۆ) وشەیەکی یابانییە، کە بە جۆرە گۆزەیەک دەوترێت وەکوو تەڵە بەکاردێت بۆ ڕاوکردنی ئەختەبوت (ھەشت پێی ناو ئاو)، بۆ یەکەمجار ئەم وشەیە بەکارھێنراوە لەو حاڵەتەدا، چونکە سکۆڵەی چەپی دڵی توشبوو بەم نەخۆشییە، شێوەی ئەو جۆرە گۆزەیە وەردەگرێت، بۆیە پزیشکەکان دڵی نەخۆشەکەیان بەو گۆزەیە چواندووە و ناوەکەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە.

نەخۆشی «دڵی شکاو» یاخود «تاکۆتسۆبۆ»، یەکێکە لەو نەخۆشییە سەیرانەی کە دووچاری مرۆڤ دەبێتەوە و نەخۆشییەکی ڕاستەقینەشە، نیشانەکانی زۆر لە جەڵتەی دڵ دەچێت و کەسی توشبوو ھەست بە قورسی لەسەر سنگی دەکات، لەگەڵ ھەناسە توندی، کێشەکە کاتێک ڕوودەدات کە باری دەروونی ناجێگیر دەبێتە ھۆی لاوازی ماسولکەکانی دڵ، لەوانەیە بەھۆی زەبرێکی دەروونی لەپڕ، یاخود بێتاقەتییەک و غەمێکی زۆر، یاخود خەمۆکییەکی قوڵ توشی بین.

پزیشکەکان و توێژەرەوەکان، ھۆکاری ئەم حاڵەتە دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی لە کاتی دڵشکاندندا یاخود خەمی زۆر، ڕێژەی ھۆرمۆنی ئەدریناڵین زیاد دەکات لە لەشدا، کە ئەمەش وا دەکات خوێنبەرەکانی دڵ گرژبن و تەسک ببنەوە و کەمتر خوێن بڕوات بۆ ماسولکەکانی دڵ. لە ھەندێ جاردا سکۆڵەی چەپی دڵ گەورە دەبێت کە کاریگەری ھەیە لەسەر پاڵپێوەنانی خوێن بۆ بەشەکانی تری لەشی مرۆڤ .

  • نیشانەکانی:

ھەستکردن بە قورسی لە سنگدا، ھەناسە توندی، کە زیاتر لە حاڵەتی جەڵدەی دڵ دەچێت. کێشەکە کاتێک ڕوودەدات کە باری دەروونی ناجێگیر دەبێتە ھۆی لاوازی ماسولکەکانی دڵ. کە لەوانەیە بەھۆی زەبرێکی دەروونی لە پر یاخود بێتاقەتی و خەمۆکیەکی قوڵەوە توشی بین .

پزیشکەکان پێ دەڵێن stress induced myopathy، یاخود .takotsobo myopathy

  • کێ تووشی دەبێت؟
  1. ڕێژەی ژن زیاترە لە پیاو.
  2. زۆربەی جار لە تەمەنی مامناوەند یان پیرەکاندا ڕوودەدات.
  3. زۆربەی جار ئەو کەسانەی توشی دەبن ھیچ جۆرە نەخۆشییەکی دڵیان نییە و نەیان بووە.
  4. ئەو کەسانە زیاتر توشیان دەبێت کە یەکێکی نزیک لە دەست دەدەن، یاخود لە دوای جیابوونەوەی دوو ھاوسەر یاخود دوو خۆشەویست، ئەوانەی توشی داڕمانی ئابووری لەپڕ دەبن، یان ھەر حاڵەتێک کە بارێکی دەروونی خراپت بۆ دروست بکات و نەتوانیت کۆنتڕۆڵی بکەیت.
  • دەستنیشانکردن:

لەبەر ئەوەی نیشانەکانی زۆر لە جەڵدەی دڵ دەچێت، ھەر نەخۆشێک ئەو نیشانانەی ھەبوو ئەبێت بە ھەند وەربگیرێت و بە زووترین کات بگەیەنرێتە نەخۆشخانە، پشکنینی خوێن و ھێڵکاری دڵی بۆ بکرێت بۆ جیاکردنەوەی حاڵەتەکە لە جەڵدەی دڵ.

پشکنینی ئەشیعەی ملەوەنی خوێنبەرەکانی دڵ (coronary angiography) پیشانی دەدات کە لای سکۆڵەی چەپی دڵ کەمێک گەورەترە لە حاڵەتی ئاسایی، وە دڵیش ناتوانێت پاڵ بە خوێنەوە بنێت بۆ بەشەکانی تری لەش بە شێوەیەکی ئاسایی بەھۆی لاوازی ماسولکەکانەوە.

  • چارەسەر :
  1. لە کاتی ڕوودانی باری دەروونی ناخۆش یان ڕوودانی کارەساتی وەکوو مردن یان جیابوونەوە دەبێت ھەر ئازارێک لە دڵدا یان ھەستکردن بە تووندی لەسەر سینگ بە ھەند وەربگیرێت و پشتگوێ نەخرێت .
  2. ھەندێك جار ھەندێك دەرمان بەکار دەھێنرێت بۆ کەم کردنەوەی پەستانی خوێن و ھەروەھا بۆ کەم کردنەوەی پەستانی سەر دڵ .
  3. وەرگرتنی ڕای پسپۆر و پزیشکی دەروونی بۆ کۆتایی ھێنان بە غەم و ناخۆشی لە دەست چوون، و جێگیر کردنی باری دەروونی کەسەکە، باشتر وایە وا لە ئەو کەسە بکرێت کە بە تەواوەتی غەمەکانی دەرببڕێت و بە ھیچ شێوەیەک نەیشارێتەوە و بە تەواوەتی کاتی خۆی بداتێ کە ئازارەکانی بژی و لە دڵیدا ھەڵینەگرێت… ڕێگا چارەی بۆ دابنرێت بۆ کۆنترۆڵ کردنی غەمەکانی و پێی شەرم نەبێت کە ڕای پزیشکی دەروونی و سایکۆتێراپیست وەربگرێت.
  • چاکبوونەوە:

مرۆڤ لەوانەیە چەند مانگێکی بووێت بۆ ئەوەی بە تەواوەتی لە کۆنیشانەی دڵ شکاندن

broken heart syndromeڕزگاری بێت، توشبوون پێی جارێک ئەوە ناگەیەنێت جارێکی تر ئەگەری توشبوونی ھەیە. نەخۆشی «دڵشکاندن» نەخۆشییەکی دەگمەنە، بەڵام بوونی ھەیە و ڕاستییەکی زانستییە، ھەر بۆیە پێش ئەوەی دڵی یەکێک بشکێنیت ھەزار جار بیرکەرەوە چونکە لەوانەیە لە دەستی بدەیت بۆ ھەتا ھەتایە.

بڵاوکردنەوە: