ئەلکیمی و ژەهراویبوون

508
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئەلەند ڕزگار

ڕۆژانە گوێبیستی ئەوە دەبین کاتێک یەکێک دەڵێت؛ من لە زانستی کیمیا دەخوێنم، کەسێکی دیکە دەپرسێت؛ ئەو زانستەی لە کۆندا جادووی پێ دەکرا؟ هەرچەندە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بۆ سەردەمی ئێستامان بە تەواوی دروستە کە بڵێین؛ پێویستمان بە خوێندنەوەیەکی وردە، بۆ سەرنجدان لە سەرهەڵدانی کیمیستری و جیاوازی نێوانیان، بەڵام؛ لە سەردەمانی کۆندا دەکرێت بەم وتەیەی “ئێم.ئێم.پاتیرسن مویر” وەڵامی بدەینەوە، لە پەرتووکی؛ “چیرۆکی ئەلکیمی و دەستپێکی کیمیستری”دا، دەربارەی ئەمە دەڵێت: “ئەلکیمی بەشێک بوو لە جادوو چونکە، بریتیبوو لە: لێکدانەوەی ئەو مەعریفەیەی کە هەستەوەرەکان بەدەستیان هێناوە، لە ڕێگەی ئەو بڕە زانیارییەی کە پێشکەشیان کراوە. بەشێکیان لە ڕێگەی هەستەکانەوە، بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکانیش  لە ڕێگەی دەستەڵاتێکی سەروو مرۆییەوە و وەکو، ڕاستییەکی پێویست پەسەند کراون.” وەکو دەزانین کە لە دواساتەکاندا ئەسترۆلۆجی لە ئەلکیمی جیادەبێتەوە و شۆڕشە زانستییەکەی ئەنتۆنیۆ لاڤوازێ وا دەکات، گۆڕانکاری بەسەر کردەی کیمیاگەریدا بێت و وەرچەرەخانێکی نوێ بێت بۆ سەرهەڵدانی زانستێکی نوێ. بوونی ئێکسیر لە سەردەمی ئەلکیمیستەکاندا ئامانجی سەرەکیان بووە بۆ ئەوەی لەگەڵ دۆزینەوەیدا، خۆشگوزەرانی بۆ بوونی مرۆڤ بە دەستبخەن بەڵام؛ نەیانتوانی ئەم ئامانجە بەدەستبهێنن، بەڵکو لەم گەڕانەیاندا توانیان بیکەنە هۆکارێک،  بۆ دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی چەندین ئاوێتەی گرنگ بۆ پاراستنی مرۆڤ لە نەخۆشییەکان، بەرهەمهێنان و دۆزینەوەی چەندین ئاوێتە و توخمی ژەهراوی کە ژیانی مرۆڤیان خستە مەترسییەوە. هەروەها ئەوەی لەم وتارەدا دەیخەینەڕوو باسکردنی بەشێک لەو توخمە ژەهراوییانەیە کە هەن، بە تایبەتیش “جیوە”. ئەو توخمە ژەهراوییانەی کە مێژوویەکی دێرینیان هەیە، وەک؛ جیوە، قوڕقوشم، زەڕنیخ، سالیۆم و جەند توخمێکی دیکە. ئێمە دەزانین کە توخمی جیوە، لە سەدەکانی کۆندا ناوی یەکێک  لە خوداوەندەکانی یۆنان بووە و وەک؛ خوداوەندی بازرگانی و دزی ناسێندراوە. لە پاش ئەمەش وەک ناوی بچووکترین  هەسارەی سیستەمی خۆری ناوبراوە. لە سەدەی چواردەدا بەرهەمهێنراوە و لە ساتە کۆنەکانی مێژوودا بە “کبریتیدی جیوە” ناسێندراوە کە یەکێک بووە لە حەوت کانزاکە. بەو هۆکارەی پەیوەندی هەبووە لە نێوان ئەسترۆلۆجی و ئەلکیمیدا، بۆیە بەشێکی زۆری کانزاکان بە ناوی هەسارەکانەوە ناویان هێنراوە، هەروەک: (خۆر\ئاڵتوون، مانگ\زیو، مەریخ\ئاسن، زوحەل\قوڕقوشم، مشتەری\تەنەکە، ڤینۆس\مس، عەتارد\جیوە). جیوە بە درێژای بوونی زیانی خۆی هەبووە. زیاتر وەک توخمێک لە ڕیزی توخمە ژەهراوییەکاندا دانراوە و ناسێندراوە. ئایساک نیوتن ئەو زانایەی کە پێمان وایە زۆرترین دۆزینەوەکانی لە زانستی فیزیادا بووە، بەڵام؛ ئەو لە هەمان کاتدا بایەخی دەدا بە ئەلکیمی و کردە ئەلکیمیستییەکانیش. نیوتن باوەڕی وابوو کە ئەلکیمیستەکان زانیویانە چۆن ئاڵتوون بەرهەمدەهێنرێت بەڵام؛ ئەو کردەیەیان هەروەک نهێنییەک ماوەتەوە و نەتوانراوە درکی پێبکرێت، هەروەک چۆن ڕۆبێرت بۆیل و جۆن لوک پێیان وابوو دەکرێت. یەکەم تاقیکردنەوەی ئایساک نیوتن لەگەڵ جیوە بوو، بە تێکەڵکردنی لەگەڵ نایتریک ئەسید و چەند ماددەیەکی دیکە بۆ گیراوەکە. لە پاش چەند تاقیکردنەوەیەک کە هیچی دەستنەکەوت، بۆ جارێکی دیکە جیوەکەی گەرمکرد لەگەڵ چەند کانزایەکی جۆراوجۆر لە فڕنێکدا. هەروەها شاگردەکەی و هاوژوورەکەشی(جۆن ویکنسن) دەڵێن: هەندێک کات تاوەکو درەنگانی شەو کاری کردووە. ئایساک نیوتن بەوە ناسرابوو کە زوو توڕە دەبوو، ڕەخنەگرتن لە کارەکانی تووشی توڕەبوونی دەکرد، هەروەها نائاسایانە ڕقی لە هاوتاکانی بوو. ناکۆکی لەگەڵ بەشێک لە زاناکانی ئەو سەردەمەدا هەبوو، ئەوانیش؛ ” ڕۆبێرت هووک، گۆتفرێید لێیبنیز” کە زیاتر سۆزدار بوون وەک لەوەی هۆشیار. لەو کاتانەدا ئەو زیاتر خۆی جیادەکردەوە و لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا بەهۆی کردە نائاساییەکانیەوە، نیشانەی پرسیار لەسەر هۆشمەندیی درووستبوو. بە پێی ئەو نامانە بێت کە بۆ ساموێل پێپسی دەنێرێت، ئەشکەنجەی خواردووە بەهۆی ئینسۆمنیاوە(خەوزڕان)(١). ئەو نیشانانەی کە ئایساک نیوتن هەیبوو، وەک؛ لاوازبوونی یادەوەری، ئینسۆمینا، چەند نیشانەیەکی دیکە دەریدەخست کە وی بە جیوە ژەهراوی بووە، هەروەها بەهۆی دوو توێژینەوەوە ئەوە دەرکەوت کە نیوتن ژەهراوی بووە. یەکەم توێژینەوە لە ساڵی ١٩٧٩دا، ئەنجامدرا لە لایەن “ئێڵ.دەبلیو.جۆهنسن و ئێم.ئێڵ.وۆڵبارشت”(٢)، دووەم توێژینەوە لە لایەن “پی،ئی،سپارگۆ و سی،ئەی،پاوندس” کە لە توێژینەوەکانی هەردوولا ئەوە دیاریکرا کە ژەهراوی بووە. بۆ دڵنیابوونەوەش چەند تاڵێک لە قژی وەرگیرا کە دەرخەری ڕێژەیەکی زۆر لە ژەهر بوو. بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن سەیری خشتەکەی خوارەوە بکەن:

هەروەها توخمی جیوە لە بواری دەرمانسازیشدا بەکارهاتووە و سوود و زیانی خۆی هەبووە، وەک چۆن خەمبارانەترین مردن بەهۆی دەرمانەوە، بریتیبوو لە: مردنی ئەستێرەناسی دانیمارکی تیکۆ براهە. تیکۆ براهە کە بە دەست کێشەی پڕۆستاتەوە دەیناڵاند، لە خوانێکی شاهانەدا لە پڕاگ مێزەکەی جێنە‌هێڵا تاوەکو خۆی لە تەنگاوی ڕزگار بکات، لە ئەنجامدا میزەڵدانی تەقی و چەند ڕۆژێک دواتر مرد. هەروەها لە پاش مردنیی توێژینەوە بۆ تاڵێکی قژی کرا، ئەوەی پیشاندەدا کە ڕۆژێک پێش مردنەکەی دەرمانە جیوەییەکانی وەرگرتووە، لە هەوڵی ڕزگارکردنی ژیانی خۆیدا. جیوە هێشتا بەشێکە لە دەرمانە کۆنە چینییەکان و دوو بەکارهێنانی دیکەش: دەرمانە دژە ژەهرییەکان و دەرمانە ئازارشکێن و هێمنکەرەوەکان، بڕی لە سەدا چواری پێکهاتە جیوەییەکانیان تێدایە.  دەرمانە دژە ژەهرییەکان بە ڕێژەی چوار حەپ، بە سێ جار دەدرێت بەوانەی کە لە مێروویەکی ژەهراوییەوە؛ ژەهراوی بوون، ژەمێکی ٠.٢ گرامی لە جیوە بە نەخۆشەکە  دەدات، حەپی دووەمیان؛ بە ڕێژەی پێنج حەپ بە سێ ژەمی لە ڕۆژێکدا بە نەخۆشەکە دەدرێ وەک؛ هێورکەرەوەیەک و هەمان بڕی گرام دەگەیەنێت بە نەخۆشەکە. نەخۆشی فەرەنگی(سیفلیس) لە ساڵانی ١٥٠٠کاندا، لە ئەوروپادا بڵاوبۆوە و دەرمانە کۆنەکانیش بێ توانا بوون بەرامبەری. توانای بەکارهێنانەکانی جیوە بوو بە هۆکاری  کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشییەکە و بووە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەزموونگەراکان، ناسراوترینیان “پاراسیلیوس” بوو، ئەو حەپی  درووستدەکرد بە بەکارهێنانی ئۆکسیدی سووری جیوە و شەربەتی گێلاس، توێنەری بێ هێزکراوی کلۆریدی جیوە کە لە ئاوی قسڵدا بەکاری دە‌هێنا، وەک؛ خاوێنکەرەوەیەک بۆ برینی کۆئەندامەکانی زاوزێ. پێکهاتەکانی جیوە زۆر کاریگەر بوون لە چارەسەرکردنی نەخۆشی فەرەنگیدا، چونکە ئەو زیندەوەرەیان دەکوشت کە دەبووە هۆی نەخۆشییەکە. بەڵام؛ ئەم چارەسەرە وەک ئەوەی لەبارەیەوە دەزانرا مەترسیداربوو و ‌هێندەی خودی نەخۆشییەکە خەڵکی لێی دەترسان. لە دواساتەکاندا ئەسترۆلۆجی لە ئەلکیمی جیا دەبێتەوە، چیتر ئەلکیمی وەک زانست سەیر ناکرێت بەڵکو بەهۆی کردە شۆڕشگێڕییەکانی ئەنتۆنیۆ لاڤوازێوە، گۆڕانکارییەکی بنچینەیی درووست دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی کیمیستری و ناساندنی وەک، “زانستێک”. هەروەها سەردەمێکی نوێی توخمی “جیوە” دەست پێ دەکات وەک، توخمێکی کیمیاگەری نوێ؛ کە کانزایەکی شلی شێوە زیوییە، هێما کیمیاییەکەی (ئێچ.جی)یە(٣)، ناوی ناسراوی “جیوە”یە، خاڵی بەستنی ٣٩ پلەی سیلیزییە، هەروەها لە خشتەی خوولیدا دەکەوێتە کۆمەڵەی دوازدەوە. دەکرێت بە کورتی باسی ژەهراویەتی جۆرەکانی جیوەبکەین؛ “جیوەی شل” کەمترین توانای  ژەهراویکردنی هەیە، “هەڵمی جیوە” کە زۆر مەترسیدارە و توانای ژەهراویکردنی بەرزە، سرووشتی ژەهری جیوەی ڕەق بەندە بە بوونی دۆخی ئۆکساندنکەوە. کۆمپاوندی جیوە لە دۆخێکی ئۆکسانی نزمدا(٤) توانای ژەهراویکردنی کەمترە وەک؛ لە کۆمپاوندی جیوە لە دۆخێکی ئۆکسانی بەرزدا(٥)، بەشێکی بەهۆی ئەوەی کۆمپاوندی جیوەی ئۆکسان بەرز زیاتر توانای توانەوەی هەیە، لە پاش قووتدان دەتوانێت بە زووترین کات خۆی بگەیەنێتە هەناو. بە تایبەتی هایدرۆکاربۆنی جیوە کە زۆر مەترسیدارە لەبەرئەوەی خۆی پەیوەستە بە ئەتۆمی گۆگردەوە لە سیستینی(٦) ئەمینۆ ئەسید دا، لە گەردیلەکاندا  دەردەکەون بۆ ئەوەی جیانەکرێنەوە لەگەڵ ئەمینۆئەسیدی “میسیۆنیندا”، لە ڕێگەی سوود وەرگرتنی لە خانەکانی جەستەوە کە وا دەکات میسیۆنین وەرگرتنی هەڵە بکات لەوەی دەیەوێت. کاتێک هایدرۆکاربۆنی جیوە دەچێتە مێشکەوە، ئەگەری جیابوونەوەی هایدرۆکاربۆنەکە لەگەڵ جیوەکەدا پەیدا دەبێت. بەوجۆرەش وا دەکات کە جیوەکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت؛  بگۆڕێت بۆ جیوەیەکی نائەندامی(ئینۆرگانیک) بەڵام؛ هیچ ڕێگەیەکی کارکردن(میکانیسم) شک نابەین بۆ کردنەدەرەوەی جیوەکە لە مێشک. هەروەها کاتێک هایدرۆکاربۆنی جیوە دەچێتە مێشکی منداڵێکی ساوا یاخود منداڵێکەوە، دەبێتە هۆکاری ڕاوەستانی خانە بەشکەرەکان(٧) و بلۆکی دروستبوونی مایکرۆتۆبول(٨) کە وا دەکات ببێتە هۆکارێک بۆ زیانگەیاندن بە مێشکی منداڵەکە. چەند گرووپێکی ئۆرگانیکی(ئەندامی) دەتوانن پەیوەندی ببەستن لەگەڵ هایدرۆکاربۆنی جیوەدا، وەک ئەسیل گرووپ(٩) کە دوو کاربۆنی هەیە و کەمتر ترسناکترە بەڵام؛ هێشتاش توانای کوشتنی هەیە. یەکەمین مردن بەهۆی دوانەهایدرۆکاربۆنی جیوەوە لە ساڵی ١٨٦٥دا، لە شاری لەندەن دیاریکرا. لە مانگی کانوونی دووەمی ئەو ساڵەدا لە پەیمانگای ڕۆیاڵ دوو یاریدەدەری تاقیگەی پڕۆفیسۆر “ئێدوارد فرانکلاند”، کارلێکیان بە سۆدیۆم-داڕشتەی جیوە لەگەڵ هایدرۆکاربۆنی ئایۆداید دا کردبوو، بۆ بەرهەمهێنانی دوانە هایدرۆکاربۆنی جیوە. کە هەردووکیان بە تەواوەتی نائاگابوون لەو مەترسییەی بەسەریاندا تێپەڕی بوو. هەروەها دوانە هایدرۆکاربۆنی جیوە، بووە هۆکاری مردنی خانمە کیمیگارێک بە ناوی “کارین وەتەرهان” کە پڕۆفیسۆر بوو لە کۆلێجی دارتماوس، ئەو لە هەشتی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٧دا، مرد؛ کاتێک تەمەنی تەنیا چل ونۆ ساڵبوو. دوانە هایدرۆکاربۆنی جیوەی بەکارهێنابوو لە کاتی شیکردنەوەی کۆمپاوندەکان لە ڕێگەی زرینگانەوەی موگناتیسی ناوکی(١٠)، هەرچەندە ئەو لە کاتی کردەکەدا زۆر بە خۆپارێزییەوە کاری کردبوو، بەو واتایەی دەمبەست و چاویلکە و دەستکێشی کردبوو. بەڵام؛ کاتێک خەریکی کارکردن بوو لەگەڵ دوانە هایدرۆکاربۆنی جیوەدا، لە کاتی کردەکەدا بەشێک لە جیوەکە دەکەوێتە سەر چاویلکەکەی و گوێی پێ نادات چون وا بیری دەکردەوە کە چاویلکەکە دەیپارێزێت، بەڵام؛ دواجار لە ڕێگەی پێستییەوە دەچێتە ناو جەستەیەوە و ژەهراوی دەبێت. هەروەها لە بواری پزیشکیدا، ژەمە دەرمانی کلۆریدی جیوە(کالومیل) ئۆکسان نزم، سی هێندە بەرزترە لە کلۆریدی جیوەی ئۆکسان بەرز کە ناسراوە بەوەی پلەی داخورانی بەرزە. لەگەڵ درێژبوونەوەی سەدەکاندا، زاناکان بە هەزاران دۆزینەوە و بەکارهێنانی جیوەیان لە ژیانی ڕۆژانەدا دەدۆزییەوە، هەندێکیان وازیان لە بەکارهێنانی بەشێک لە دۆزینەوەکان دەهێنا و گرنگییان دەدا بە بەشێکی دیکە لە دۆزینەوەکان. چەند نموونەیەک لەو دۆزینەوانە؛ “سێرمۆمیتەر(گەرمی پێو)، سێرمۆستات(بۆ پێوانی گەرمی و  کۆنتڕۆڵکردنی  سیستەمی گەرمی و ئەو ئامێرانەی کە ئاو گەرمدەکەن، وەک؛ بۆیلەر)، بارۆمیتەر(پەستان پێو)، بەکارهێنانی لە دەرماندا، دژە کەڕوو، دژە ڤایرۆس، ماددەی کیمیایی کشتووکاڵی بۆ پاراستنی تۆو، بەکارهێنانی لە پاتریدا، ڕووناکی تیشکی سەروبنەوشەیی(ۆ درووستکردنی تیشکدانەوەی ئیلیکترۆماگنێتیک لە نێوان ڕووناکی چالاک و تیشکی ئێکسدا)، ڕووناکی تیشکدەر(بەکاردەهێنرێت لە گڵۆپی شوێنە داخراوەکاندا، وەک؛ گڵۆپی گەراج)، سویچی گەیاندن”(١١). هەروەها ڕەفتاری جیوە لە بەرگە هەوادا وەک مەتەڵێکی بێدەنگ وایە، کە هەندێک کات ون دەبێت بەبێ بوونی هیچ هۆکارێک. هەندێک کات وەک نیشتوویەک لەسەر دەنکۆڵە بەفرەکان دەبێت کە ڕەنگە کارلێک لەگەڵ کلۆر و بڕۆم، هەروەها ئۆزۆنیشدا بکات. ئەمە وای لێدەکات ئۆکسیدایز بکات لە وەرزی پایزدا. لە وەرزی هاویندا بەهۆی تیشکی سەرووبنەوشەییەوە، توخمی جیوە پێکبهێنرێتەوە و بگەڕێتەوە نێو بەرگەهەوا. ئاستی جیوە لە هەوای سەر دەریای ئەتڵانتیک بەردەوام زیاد دەکات بە ڕێژەی لە سەدا یەک لە ساڵێکدا. لە سەدا نەوەد ونۆکەی توخمی جیوە؛ لە سەدا شەست و پێنجی لە ڕێگەی شوێنی وزەی سووتانی خەڵوزەوە، لە سەدا بیست و پێنجی لە ڕێگەی زیادەی سووتانەوە بەردەست دەبێت. لە ئەمریکادا بەهۆی سووتانی خەڵوزەوە لە ساڵێکدا و لەسەر ئاستی جیهان، چل و هەشت تەن دەچێتە بەرگە هەوای زەوییەوە. هەروەها هەندێک لە کۆمپاوندەکانی لە ڕێگەی پیشەسازی کیمیاییەوە دروستدەبن، لە ساڵی ١٩٢٠ دا، بەکاردەهاتن وەک؛ خاوێنکەرەوەیەک، تۆوێکی ڤایرۆس لەناوبەر، کەڕوو لە ناوبەر، هەرزەکوژ. زاناکان بەردەوام لە گەڕاندان بۆ دۆزینەوەی بەکارهێنانی زیاتری جیوە لە ژیانی ڕۆژانەدا. هەروەها دەشێ بوونی جیوە وەک، یەکێک لە هۆکارەکانی بوونی “منداڵی ئۆتیزم” بزانین. ئەویش چۆن؟ دەکرێت بەمشێوەیە وەڵام بدەینەوە؛ لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە،  ڕێژەی جیوە لە قژی ئەو منداڵانەی کە ئۆتیزمیان تیادا دیاریی کراوە، ئەوەی پیشانداوە کە ڕێژەیەکی زۆر کەم لە جیوە لە قژی ئەو منداڵانەدا بوونی هەیە، بە بەراورد بەو منداڵانەی کە ئۆتیزمیان نییە. ئەم کارە لە لایەن گرووپی لوسییانەوە کرا بە سەرکردایەتی “ئامی هۆڵمس”. هۆڵمس چاوەڕێی ئەوەی دەکرد ڕێژەیەکی زۆر جیوە بدۆزێتەوە لە قژی منداڵانی ئۆتیزمدا، بۆ ئەوەی ئەم بیرۆکەیەی بسەلمێنێت بڕیاریدا پەیوەندی بکات بە دایبابی ئەو منداڵانەی کە ئۆتیزمیان هەیە، لێی پرسین، ئایا هیچ سامپڵێکیان هەڵگرتووە لە قژی منداڵە ساواکەیان؟ لە وەڵامدا؛ بەشێک لە دایبابەکان وەڵامەکەیان دڵخۆشکەرانە بوو بۆ هۆڵمس، توانی چەند سامپڵێکی دەست بکەوێت. بەڵام؛ کاتێک شیکردنەوەی بۆ کردن ڕێژەیەکی زۆر کەمی جیوە دۆزییەوە لەو منداڵانەی کە ئۆتیزمییان هەبوو، ئەو بەراوردەکەی ئەنجامدابوو لە نێوان نەوەد و چوار منداڵی ئۆتیزم  و چل و پێنج منداڵ کە ئۆتیزمیان نەبوو. ڕێژەی جیوە لە منداڵانی گرووپی دووەمدا ٦.٣ بەش لە ملیۆنێک بوو، بەڵام؛ لە گرووپی منداڵانی یەکەمدا ڕێژەکەی زۆر کەمتر بوو کە ٠.٤٧ بەش لە ملیۆنێک بوو. دۆزینەوەکە، هۆڵمسی تووشی سەرسوڕمان کرد؛ دۆزینەوەکە ئەو واتایەی دەگەیاند کە جیوە دەبێتە هۆکار بۆ بوونی ئۆتیزم، ئەویش بەهۆی کەمی جیوە لە قژیاندا. ئەو دەیوت؛ ئەو منداڵانەی ئۆتیزمیان تیادا گەشە دەکات بەهۆی کەم و کوڕی لە بۆماوەییدا وا دەکات جەستە نەتوانێت ئەو ڕێژە پێویستە لە جیوە بکاتە دەرەوە، بەڵکو لە مێشکدا کۆیدەکاتەوە و زیانی پێ دەگەیەنێت. هەربۆیە دەکرێت کۆبوونەوەی جیوەیەکی زۆر لە مێشکدا، ببیتە یەکێک لە هۆکارەکان بۆ بوونی منداڵی ئۆتیزم. هەربۆیە تاوەکو ئێستاش توێژینەوەکان لەسەر توخمی جیوە بەردەوامی هەیە، هەوڵدەدرێت کە بەکارهێنانی زیاتری بدۆزرێتەوە.

پەراوێز:

١-insomnia

٢-(L.W.Johnson & M.L.Wolbarsht) (P.E.Spargo & C.A.POUNDS)

٣-Hg

٤-Hg(I)

٥-Hg(II)

٦-cysteine

٧-cell divider

٨-microtubule

٩-ethyl group

١٠-nuclear magnetic resonance

١١ –Thermometers, thermostats, barometers, ultraviolet lamps, fluorescent lights, contact switches, batteries, medicaments, disinfectants, antifungal agents, agricultural chemicals for protecting seeds.

سەرچاوە:

-the story of Alchemy and the beginnings of chemistry, by M.M.pattirson Muir, in 1902.

-The Elements of Murder, by JOHN EMSLEY, in 2005.

-online Etymology Dictionary

بڵاوکردنەوە: