ئەسترۆلۆژیا و ئەسترۆنۆمی = ئاسمان و ڕێسمان

779
0
بڵاوکردنەوە:

کامۆ ئاراز

”مەترسیدارترین دوژمنی مەعریفە نەزانین نییە، بەڵکو وەهمی هەبوونی مەعریفەیە.”

_ستیڤن هۆکینگ.

مرۆڤەکان لەوەتەی هۆشیان پەرەیسەندووە و زمانیان پژاوە، بوونەتە کائینێکی پرسیارخواز. لەو کاتەوە مرۆڤەکان بەردەوام پرسیاری کونجکۆڵانانەیان بزواندوە و وێڵی وەڵامدانەوەیان بوون. ئیدی لە کردنی ئەم پرسیارانەوە، تێڕامان لە گەردوون و سرووشت بووەتە بەشێک لە گەڕان بەدوای وەڵامدا، پاشان بە بیرکردنەوە و لۆژیکاندن توانیویانە کۆمەڵێک وەڵامی گریمانەیی بونیاد بنێن کە پێیان دەڵێین؛ “هیپۆتێز” (hypothesis). دواتر هەوڵی تاقیکردنەوەی ئەو هیپۆتێزانەیانداوە تاوەکو بیسەلمێنن کامەیان درووستە و کامەیان درووست نییە، دەرەئەنجامی تاقیکردنەوەکانیش؛ مرۆڤەکانیان گەیاندووە بە “بیردۆز” (theory). لە ڕێگەی بیردۆزەکانیشەوە ئێمە دەتوانین پێشبینی بکەین و لێکدانەوە بۆ سرووشت و گەردوون بکەین. کەواتە بە زمانێکی سادە، زانست بریتییە لە: چالاکییەکی ئەقڵی و کرداری بۆ ڕێکخستنی مەعریفە لە ڕێگەی تێڕامان و تاقیکردنەوەی زانستیەوە.

مێتۆدی زانستی چییە؟

ئەو پڕۆسەیەی لە پارەگرافی پێشەکیدا باسکراوە بریتییە لە: ڕێکارەکانی مێتۆدی زانستی (scientific method). مێتۆدی زانستی بریتییە لە: کۆمەڵێک هەنگاو و ڕێکاری کرداری و ماتماتیکی بۆ وەدەستهێنانی مەعریفەی ڕاست و ڕەوان. زانست پشت بەم هەنگاوانەی مێتۆدی زانستی دەبەستێت تاوەکو، بیسەلمێنێت کە گریمانەیەک ڕاستە یان ناڕاستە دەربارەی سرووشت.  ئەمەی خوارەوە بریتیین لە ڕێکارەکانی مێتۆدی زانستی:

لە مێتۆدی زانستیدا لە یەکێک لەم دووانەوە دەست پێدەکەین: ورووژاندنی پرسیار، یانیش تێڕامان(ئۆبزەرڤاسیۆن observation). لە دوای پرسیار و تێڕامانەوە هەوڵ دەدەین کە وەڵامی ئەم دیاردە و پرسانە بدەینەوە، هەر بۆیە زانیاریەکانمان کۆدەکەینەوە لە ئەنجامی تێڕامانەکانمانەوە و پاشان پەنا دەبەینە بەر داڕشتنی هیپۆتێز، بریتین لە: کۆمەڵێک گریمانە بۆ ئەوەی تاقیبکرێنەوە تاوەکو بزانرێت ڕاستن یانیش هەڵە. پاشان، دەرەئەنجامەکانی تاقیکردنەوە(کان) لە جوڕناڵ و گۆڤارە زانستییەکان جارێکی دیکە بە فلتەری زانستیدا دەبردرێن لە لایەن؛ پسپۆڕان و بڵاو دەکرێنەوە بۆ ئەوەی بگات بە دەست زانا و توێژەرەکانی دیکە، بۆیە ئەوانیش لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن بە گوێرەی مێتۆدی زانستی و  ئەوانیش لێکدانەوە و دەرەئەنجامەکانی خۆیان بخەنە ڕوو. ئیدی ئەم پڕۆسەیەیە کە دەبێتە ھۆکار بۆ هێنانە کایەی گوتار و تیۆری زانستی بوارێک.

خاڵێکی دیکەی گرنگ لە مێتۆدی زانستیدا بریتییە لە: چەمکی “هەڵەهەڵگری” (falsifiability.) هەڵەهەڵگری بریتییە لە: توانستی پرۆپۆزسیۆنێک، هیپۆتێزیک، یانیش بیردۆزیک بۆ خۆبەهەڵەخستنەوەی خۆی، بە واتایەکی دیکە، هەڵەهەڵگری بریتییە لە: خەیاڵکردن لەوەی چ شتێک دەتوانێت تیۆرێکی دیاریکراو ڕەت بکاتەوە. هەر بۆیەشە زانست کاتێک تاقیکردنەوەیەک دەکات لە باتی هەوڵی سەلماندنی درووستی شتێک بدات، هەوڵی سەلماندنی نەرێیی شتێک دەدات، سەلماندنی نادرووستی هیپۆتێزێک بەسوودە چونکە لە بەرسڤە ڕاستەکە نزیکترمان دەکاتەوە کاتێک ئەو گریمانانەی دەسەلمێندرێن وا نین وەدەر دەنرێن. سا لەبەر ئەوە شتێک زانستییە؛ ئەگەر هەوڵی خۆبەهەڵەخستنەوە بدات، ڕاستیەکەی ئەو هیپۆتێزانەی کە هەردەم بە دوای دووپاتکردنەوەی ئەوەن کە ڕاستن و ناتوانرێن تاقیبکرێنەوە، یانیش هەڵەهەڵگریان ناخەنە ڕوو، نازانستین.

بیردۆزێک زانستییە گەر تاقیبکرێتەوە، و هەوڵی خۆبەدرۆخستنەوە بدات. زاناکان هەردەم وێڵی ئەوە نین کە بیردۆزەکەیان ڕاست بێت، بەڵکو خۆشحاڵ دەبن گەر ئەو ئازمایشە زانستیانەی دەیانکەن بە ھەڵەیان بخەنەوە، چونکە کاتێک تۆ دڵنیایت کە شتێک ڕاست نییە، لە دۆزینەوەی ڕێگای ڕاستی نزیکترت دەکەنەوە. هەرچۆنێک بێت نموونەیەکی بەناوبانگ بۆ بنەمای هەڵەهەڵگری بریتییە لەمە: بیهێنە پێش چاوت کە پیاوێک بەدرێژایی تەمەنی لە ناوچەیەکدا ژیاوە و لەو ناوچەیەش تەنیا قازی ڕەنگ سپی بینیوە، هەر بۆیە دەگاتە ئەو دەرەئەنجامەی بڵێت؛ ”هەموو قازەکانی جیهان ڕەنگیان سپییە.” ڕێگەی نازانستی بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە بریتییە لەوەی: بە دوای قازی سپیدا بگەڕێییت بۆ پشتڕاستکردنەوەی هیپۆتێزەکە، هەرچی ڕێگەی زانستییە بە دوای ئەوەدا وێڵە ئەو قسەیە بەدرۆبخاتەوە و بە دوای قازدا دەگەڕێت کە ڕەنگەکەی سپی نەبێت، هەرچۆنێک بێت بە دۆزینەوەی قازێکی ناسپی، با بڵێین ڕەنگ ڕەش، ئەوا ئەو هیپۆتێزە: ”هەموو قازەکانی جیهان ڕەنگیان سپییە.” چەوت دەبێت و دەسەلمێت کە قسەیەکی درووست نییە.

بۆیە گەر بانگەشەیەک هەڵەهەڵگری نەبوو ئەوا قسەیەکە کە ناتوانرێت تاقی بکرێتەوە، شتێکیش نەتوانرێت تاقی بکرێتەوە و ڕاست و درووستی بسەلمێنرێت ئەوا زانست نییە و سەرگوزشتەی بەر چراییە. هەر بۆ نموونە: وتنی ”بوونەوەرە ئاسمانییەکان بوونیان هەیە.” قسەیەکی ناهەڵەهەڵگرە، چونکە هیچ ئۆبزەرڤاسیۆنێک بوونی نییە، لەوەی ئەم قسەیە بە ھەڵە بخاتەوە، هەر بۆیە قسەیەکی نادرووستی نازانستییە. بێگومان تۆ دەتوانیت هەموو گەردوون بپشکنیت بۆ ئەوەی قسەکە پشتڕاست بکەیتەوە، بەڵام؛ ئەمە هەوڵدانێکی ناکۆتای ناپڕاکتیکاڵییە. هەر بۆیەشە دیارە کە “بیردۆزە زانستییەکان” هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدەن تیۆرییەکانیان ڕەت بکەنەوە، “بیردۆزە زڕزانستییەکانیش” هەمیشە وێڵن بە دوای خۆپشتڕاستکردنەوە.

زانست و زڕزانست خزمن یان دوژمن؟

زانست گرنگی بەو شتانە دەدات کە ڕاستن و شتە ناڕاستەکانیش ڕەت دەکاتەوە. ئیدی لەمەشەوە ڕاست و درووستی زانست وەهای کردووە کە کۆمەڵگە و شارستانییەتەکانمان پێشبکەون. هەر بۆیەشە زانست ژیانی ڕۆژانەمان ئاسانتر دەکات. ئێش، ئازار، و مەرگیش کەمتر دەکاتەوە. وەلێ، هەروەکو چۆن ئەگەر زانست بە کاراکتەری پاڵەوانی چیرۆکە پاڵەوانییەکان بچوێنین، ئەوا ئەنتاگۆنستێکیشی هەیە، لەم دۆخەدا بریتییە لە: زڕزانست (pseudo-science).

زانست ڕێکخستنی بە سیستماتیکیانەی مەعریفەیە لە ڕێگەی بەکارهێنانی مێتۆدی زانستی، هەرچی زڕزانستە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک بیروباوەڕ کە بانگەشەی ئەوە دەکات قسە و باوەڕەکانی زانستین، کەچی لە ژێر هاوێنەی مێتۆدی زانستیدا دەرناچن و بنەمای هەڵەهەڵگریان تێدا نییە و هەمیشە لە هەوڵی پشتڕاستکردنەوەی گوتە ناهەڵەهەڵگرەکانیان دان. ئاخر بۆیەشە زاناکان خۆشحاڵن بیردۆزەکانیان ڕەت بکەنەوە، وەلێ زڕزاناکان بە ڕەتدانەوەی بیردۆزەکانیان ناڕەحەت دەبن.  گەر تیۆری پەرەسەندن بە نموونە وەربگرین، تیۆرێکی زانستییە چونکە نەک تەنیا یەک ڕێگای هەڵەهەڵگری، بگرە چەندان ڕێگای هەڵەهەڵگری خستۆتە ڕوو لەوەی کە چۆن دەتوانرێت ئەم تیۆرە لە ناو ببردرێت، یەکێک لەو هەڵەهەڵگریانەی بریتییە لەوەی: ئەگەر ئێسک و پرووسکی کەروێشک لە چەرخی پێش کامبریان بدۆزرێتەوە ئەوا نیشانەی پرسیار دێتە سەر تەواوی تیۆرەکە. هەرچی تیۆرییە زڕزانستییەکانن هەڵەهەڵگرەکان پشتگوێ دەخەن و هەمیشە بەدوای پشتڕاستکردنەوەوەن، بۆ نموونە هەندێک بڕوایان وایە تەڵسەمەکان، کە کۆمەڵە خەت خەتۆکەیەکی بێ واتان لەسەر پارچە پەڕێک، کاریگەری دەخەنە سەر هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان و کۆنتڕۆڵیان دەکەن، لە کاتێکدا ئەم قسەیە هیچ هەڵەهەڵگریەکی نییە، نازانرێت چ شتێک دەتوانێت نەرێنی ئەم بیرۆکەیە بسەلمێنێت؟

زڕزانست تەنیا کۆمەڵێک بیروباوەڕ نین و تەواو، هەندیک بڕوایان پێ بکات و هەندێکێش فەرامۆشیان بکات. چونکە ئەو کەسانەی کە زڕزانست بەکاردەهێنن ئەگەری زۆر هەیە کە زیانیان پێ بگات. خاڵێک هەیە کە پێویستە تێبینی بکەین لە تیۆرییە زڕزانستییەکاندا، ئەویش مەسەلەی هەبوونی “پلەسیبۆ ئیفێکتە” (placebo effect) (بریتییە لە: ماددەیەک کە هیچ بەهایەکی چارەسەری نییە، وەلێ نەخۆش تەنیا لەبەر ئەوەی بڕوای وایە چاکی دەکاتەوە، کاریگەری دەروونی دەکەوێتە سەری)، بە تایبەتی لەو بیرۆکە زڕزانستیانەی کە مەیلی چارەسەری تەندرووستیان هەیە لەوانە ئاڕۆماتێراپی، میزدەرمانی، دیدەدەرمانی (چارەسەرکردن بە ڕوانین لە کەسێک)، خواردنی شتێکی دیاریکراو وەک چارەسەری شێرپەنجە، هتد. ئەم چارەسەرە نازانستیانە بۆی هەیە هەستێکی ئاسوودەیی دەروونی بدات بە کەسی نەخۆش بەڵام؛ بێگومان چاکی ناکاتەوە، ئەم هەستەش دەکرێت زیانی درێژخایەنی هەبێت وەک لە ئاسوودەییەکی کورتژین.

گومانی تێدا نییە، ئێستا پلەسیبۆ ئیفێکت لە زانستی پزیشکیدا بەکار دەهێنرێت و پزیشکەکان بۆ نەخۆشەکانیان ڕەچەتەی دەکەن گەر پێویست بێت، لێ بە وریاییەکی زۆرەوە و بەشێوەیەکە کە لە ژێر چاودێری دەزگا چاودێرییە پزیشکییەکاندایە، و لە هەمان کاتیشدا لە ئێتیکس و ئەخلاقی پزیشکی لانادات و زیان ناگەیەنێت بە نەخۆشەکە. هەرچی زڕتیمارییەکانن زیانیان دەبێت، هەر بۆ نموونە: ئەو کەسانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن لە ڕێگەی خوێندنی سروودێکی دیاریکراوەوە، یانیش خواردنەوەی شلەیەک، یانیش بۆنکردنی هەڵمی سوتاوی ڕۆنێک (هەروەکو ئەوەی ئاڕۆماتێراپستەکان بانگەشەی بۆ دەکەن) هەست بکەیت چیتر پێویستت بە دەرمانی پزیشکی نییە، لە ڕێگەی زانست و بە بایەخ و چاودێرییەکی وردەوە پێشەکەشکراوە، ئەوا تا دێت لە ڕاستیدا دۆخە تەندرووستیەکەت خراپتر تەشەنە دەکات. کاتێک کە تۆ بڕوات وا بێت بە نزای شێخێک، یان نوشتەی فاڵچییەک، یانیش تەنیا بە خواردنی زەیتی زەیتوون شێرپەنجەکەت لە کۆڵ بۆتەوە و چیتر پێویستت بە بەکارهێنانی بەرنامە پزیشکیەکەت نییە، ئەوا زیانی زیاتر یەخەت دەگرێت. هەر بۆیەشە لەم نێوەندەی هەستکردن بە ئاسوودەیی دەروونی و بانگەشە نازانستییەکانی زڕزاناکان (لەوانە ئاڕۆماتێراپستەکان) تەنیا تەندرووستی نەخۆشەکە زیانی پێدەگات و گیرفانی زڕزاناکانیش سوود. جگە لە واز هێنان لە دەرمان و تەشەنەسەندنی نەخۆشیەکی دیاریکراو، بۆی هەیە خودی زڕتێراپییەکە ببێتە هۆی زیانگەیاندن، بۆ نموونە: هەندێک لەو ماددانەی دەسوتێنرێن لە ئاڕۆماتێراپی (بۆندەرمانی) بۆیان هەیە کارلێک لەگەڵ پێستی نەخۆشکە بکەن و کێشەی پێستی بۆ درووست بکەن.

ئەگەر نەخۆشێکیش چارەسەر نەکرێت بەو ڕێگا هەڵەیەی زڕزاناکان بانگەشەی بۆ دەکەن ئەوا نەخۆش خەتابار دەکەن. هەر بۆ نموونە: مەلا عەلی کەڵەک و ئیمانتیمارکەرەکان (ئەو قەشانەی هەمان مێتۆدی مەلا عەلی کەلەک بەکار دەهێنن) کەم ئیمانی نەخۆش خەتابار دەکەن ئەگەر چاک نەبێتەوە، هەر بۆیە خۆیان لە بنەمای هەڵەهەڵگری دەپارێزن. بانگەشەیەکی وەکو، ئەوەی ماچی گوێدرێژ دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی خۆبەزلزانین، یانیش کلێنکس خواردن بۆ دابەزاندنی کێش، هیچ هەڵەهەڵگرێکیان نییە هەر بۆیە ناتوانریت نێگەتیڤی ئەمانە بسەلمێنرێن، سا کەواتە نازانستین، لە سەروی ئەمانەوە ئەگەر کەسێک چارەسەرەکەی کار نەکات ئەوا خەتاکە دەخەنە سەر خودی کەسەکە لەوەی کە نزایان قبوڵ نەکراوە لە لایەن خوداوە چونکە ئیمانیان نییە.

نموونەی ئەو زڕزانستیانەی کە هێناماننەوە تاوەکو، ئێستا پەیوەندیدارن بە بابەتی پزیشکی، وەلێ ئەو زڕزانستانەی کە تێوەگلاون لە بابەتە ناپزیشکییەکان بە ھەمان شێوە مەترسیدارن، لەوانەیە زیانی پزیشکی درووست نەکەن، بەڵام؛ زیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، و دەروونی درووست دەکەن. لە پاڵ ئەوەی لە میدیای کوردیدا کۆمەڵێک کەسی ئەستێرەگرەوە دەردەخرێن و بانگەشە بۆ پسپۆڕی و زانستیبوونیان دەکردرێت، یان هیچ نە بێت سیمایەکی زانستی ئەوان پێشان دەدەن، بوارێکی دیکەش پەیدا بووە ئەویش بریتییە لە: ڕووخسارناسی، کە زڕزانستێکی بێبنەمایە. ئومێد محەمەد کە بە پسپۆڕی ڕووخسارناسی لە میدیاکان ناسراوە و خاوەنی کەناڵێکی یوتوبە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە ڕێگەی ڕووخسارەوە دەتوانێت بزانێت کە تۆ کەسایەتی و هەڵسوکەوتت چۆنە، ئەو بەهرانەی هەتن و خۆت پێیان نازانیت چیین و هتد. ئومێد محەمەد هەروەکو لە ڤیدیۆکانێشی دەردەکەوێت دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە چۆن بتوانین پەیوەندی باشتر درووست بکەین لە ڕێگەی خوێندنەوەی ڕووخسارەکانی ئەوانی دی، ئەمە بێشک کاریگەری دەخاتە سەر ژیانی کەسێک کە باوەڕ بەم زڕزانستە بێمانایە دەکات، چونکە تۆ لەوانەیە هاوسەرگیریەک، هاوڕێیەتیەک، یانیش پێوەندیەکی کۆمەڵایەتیت هەڵبوەشێنیتەوە تەنیا لەبەر ئەوەی کەسێک ڕوومەتی جۆرێکە!

ئەمەش جیاوازی سەرەکی نێوان زانست و زڕزانستە، زانست کراوەیە بەرەو ڕووی ڕەخنەکان، چون هەر ڕەخنەکانن وا دەکەن کە بتوانین زیاتر پەرە بە دەرمانەکان بدەین. بۆیەشە زانست بە هەبوونی بەڵگەی نوێ دەگۆڕدرێت و خۆی لەگەڵ حەقیقەت دەگونجێنێت، هەرچی زڕزانا و فاڵگرەوەکانن بڕوایان بە توانایەکی جادووی خۆیان هێناوە و ئەگەر لە بارودۆخێکدا ئەو توانایەیان کار نەکات ئەوا ناکرێت هەڵە لەوانەوە بێت، ئەمە بریتییە لە: هەبوونی دۆگما، دۆگماش تاکەکان کوێر دەکات لەوەی ڕاستی وەکو خۆی ببینن. زانست دۆگماتیک نییە و دیموکراسیش نییە، تەنیا لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کەس وا هەست دەکەن ئاڕۆماتێراپی یان دەرزیئاژنین سوودی هەیە یان زڕزانستێکی دیکە واتای ئەوە نییە ڕاستە.

ئەسترۆنۆمی یان ئەستڕۆلۆژیا؟

ئەوانەی کە تا ئێستا باس کران بریتی بوون لە: سەرەتایەک بۆ ئەوەی بزانین کە چۆن زانین و مەعریفەی درووست وەدەستدەخرێن. باسێک بوو لەوەی هێڵی جیاکەرەوەی نێوان زانست و زڕزانست ببینین. ئەم جیاکارییە و باسەی پێشوو گرنگن بۆ تێگەیشتن لە جیاوازی نێوان بڵندیی ئەسترۆنۆمی و بۆڵەبۆڵی ئەستڕۆلۆژیا.

ئەسترۆنۆمی (astronomy)،  کە بە زمانی کوردی دەتوانین پێی بڵێین؛ ئەستێرەناسی، بریتییە لەو: زانستەی دەکۆلێتەوە لە تەن و دیاردە ئاسمانییەکان. ئەستێرەناسی دسپڵەنەکانی وەکو بیرکاری، فیزیا، و کیمیا پەیوەست بە مێتۆدی زانستی بەکاردەهێنێت تاوەکو دیاردە سرووشتییەکانی گرێدراو بەم تەن و دیاردانەی ناو ناخی گەردوون بخاتە ژێر هاوێنەی توێژینەوە.  هەرچی ئەستڕۆلۆژیایە (astrology)، کە بە کوردی بۆی هەیە ئەم دەستەواژانەی بۆ بەکاربهێندرێت: ئەستێرەگەری یان ئەستێرەبینی یان ئەستێرەگرتنەوە، بریتییە لە: فۆڕمێکی بەختگرتنەوە لە ڕێگەی ڕوانین لە جووڵەی ئەستێرەکان و لێکدانەوەیان و بەستنەوەیان بەوەی کاریگەری دیاریکراویان لەسەر ژیانی مرۆڤەکان هەیە و هەر لە ڕێگەی جووڵەی ئەم تەنە ئاسمانیانەوە پێشبینی بۆ ڕووداوەکانی داهاتوو لە ژیانی کەسێک یان کۆمەڵگایەک یانیش تەنانەت جیهان دەکەن.

باسکردنی و دیاریکردنی هەڵەکانی ئەستیرەگەری لەمڕۆماندا زۆر گرنگە بۆ تاکی کورد، چونکە کەناڵەکانی تیڤی کۆمەڵێک زڕزانای بواری ئەستیرەگەریان دەرخستووە و بە ئەستێرەناس لە قەڵەمیان دەدەن لە کاتێکدا ئەمان تەنیا ئەستێرەگرەوەن. ئەم دۆخە نوێیەی کەناڵە کوردییەکان وەهایە کە چیرۆک و فیلمی هاری پۆتەریان لێ بووە بە حەقیقەت. ئەم دۆخەش وەکو، ئەوە وەھایە جیای نەکەیتەوە پیتەر ئاتکنس (کیمیاناسێکی بەڕیتانییە) کیمیاناسە یان ئەلکیمیست[کیمیاگەر]، دەرخەری ئەوەیە ئەو تاکانەی کە لە دەزگا میدیاییەکان کار دەکەن تێگەیشتنیان هێشتا لە جیاکردنەوەی دەستەواژەکاندا نییە. لە هەمووی بەداختر ئەوەیە فیزیاناس و ئەستیرەناسی باشمان هەیە، بۆ وێنە حوسێن حوسێنی، وەلێ کاتی دەرکەوتنی تاکە ئەستێرەگەرێک لە میدیاکاندا زۆر زیاتر بووە وەک لەو زانایە. تەنانەت یەکێک لە کەناڵەکان پڕۆگرامی تایبەتی داوە بە، ڕێبەر ڕۆستەم، کە ئەستێرەگرەوەیە. خودی خۆم ئەو هەستەم بۆ درووست بووە کە ناو لە میدیای کوردی بنێم: زڕمیدیا (pseudo-media)!

بۆچی ئەستڕۆلۆژیا نازانستییە و زیانبەخشە؟

گومانی تیدا نییە، لەوەی ئەستیرەگەری بە هیچ شێوەیەک دسپڵنێکی زانستی نییە و مێتۆدی زانستی بەکار ناهێنێت، بەڵکو تەنیا لە کۆمەڵێک قسەی بەتاڵ و چیرۆک پێکهاتووە. ئەوە ڕاستە کە ڕووداوەکانی گەردوون کار دەکەنە سەر هەسارەی زەوی و ئەوەی لە ناویدایە، بێگومان کەوتنی تەنێکی ئاسمانی وەکو نەیزەکێک بۆ سەر زەوی بێ کاریگەری نییە، بەڵام؛ هیچ بەڵگەیەک بوونی نییە، لەوەی کەوتنی نەیزەکەکە لە سێ ڕۆژی داهاتوودا تووشی ڕووداوی هاتوچۆم دەکات، یان خولانەوەی هەسارەی عەتارد کاریگەری بخاتە سەر پڕکردن یان بەتاڵکردنی گیرفانی کەسێک، هیچ بەڵگەیەک بوونی نییە لەوەی جووڵەی ڤینۆس هێڵی سوور یان سەوزمان بۆ دابگیرسێنێت تا هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک بکەین کە لە مانگی گەلاوێژ، ڕەشەمێ یان ڕێبەندان چاوی بە دونیا هەڵهێنابێت. هیچ بەڵگەیەک و هەڵەهڵگرێکیش نییە، بەوەی ئەو کەسانەی لە مانگی سێپتەمبەردا لە دایک دەبن کەسانی ژیرن یان بە پێچەوانەوە.

گومانی تێدا نییە، ئەستڕۆلۆژیا مێژوویەکی دێرین و ناوازەی هەیە، پێشوتریش زاناکانی مێژوو هەردوو ئەستێرەناسی و ئەستێرەگەریان پێکەوە خوێندووە، وەلێ ئەمە واتای ئەوە نییە ئەستیرەگەری ڕاستە، تەنیا لەبەر ئەوەی لە مێژوودا وا دانراوە شتێک ڕاست بێت. ڕێبەر ڕۆستەم کە لە کەناڵە کوردییەکان بە ئەستێرەناس ناسرا لە کاتێکدا بەختگرەوەیەکی ئەستێرەگەرە، ڕاستیەکەی ئەوەیە ئەستێرەناس نازناوێکە بۆ زانایەک بەکاردێت کە ئەسترۆنۆمی خویندبێت نەک دابنیشێت و بڵێت: نابێ هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک بکەیت کە بورجەکەی دووانەیە.

لە پارەگرافەکانی پێشوودا دواین لەسەر زیانی زڕزانستەکان لە ڕووەکانی پزیشکی، دەروونی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کاروبارە کەسیییەکان. ئاخر چەندان کەس لە بە ناو شارەزایانی ئەستێرەگەری دەپرسن کە ئایە فڵان کار بکەن، ئایە فڵان پیشە هەڵبژێرن. یانیش هاوسەرگیری لە چ ڕۆژێکدا بکەن، یان لەگەڵ کێدا بیکەن، بێگومان ئەمانە هەمووی زیانی کۆمەڵایەتی دەبێت. ئاخر ئەگەر کەسێک زۆر هۆگری ئەستێرەگەری بێت و ئەستێرەگەرێک کە لە شاشەی تیڤییەکاندا دەرخراوە و کراوە بە ئۆتۆریتەیەکی ‘زانستی’ ئەو کەسە باوەڕی پێدەکات و گەر دەستگیرانەکەی ئەو کوڵوە بێت کە گوایە لەگەڵی ناگونجێت، بۆی هەیە کۆتایی بهێنێت بە پڕۆسەی هاوسەرگیریەکەی.

پووچەڵکردنەوەی بانگەشەی ئەستێرەگەری

لە یەکەم وشەوە تا هەنووکە دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە “ئەستێرەگەر”ی جگە لە زڕزاستی و بانگەشەی بێبنەما هیچی دیکە نییە، سەرەڕای زانستی نەبوونیشی بە شێوازی جیاواز زیان دەگەیەنێت بە مرۆڤەکان. هەرچۆنێک بێت ئەمانەی خوارەوە کۆمەڵە ئاڕگیومێنتێکن بۆ ڕەتکردنەوەی زیاتری بەختگرتنەوە لە ڕێگەی ئەستێرەکان:

١. نەبوونی بنەمای هەڵەهەڵگری:

خاڵێک کە نازانستی ئەستڕۆلۆژیا بەدیار دەخات بریتییە لە: بەکار نەهێنانی مێتۆدی زانستی و بنەمای هەڵەهەڵگری. هەر کاتێکیش بانگەشەیەک هەبووبێت بۆ هەڵەهەڵگری لە ئەستڕۆلۆژیادا ئەوا زۆر بە سادەیی سەرکەوتوو نەبووە، ئاخر ئەستێرەگرتنەوە توانای ئەوەی نییە، لە فلتەر و ئەزمایشە زانستییەکاندا دەربازی ببێت. ئاخر چۆناهی بانگەشەی ئەوە ڕەت دەکەیتەوە کە بە چونی هەسارەی عەتارد بۆ ناو کەڵوی گوڵەگەنم هەلێکی باشە بۆ ئەو کەسانەی لە مانگی نۆ لە دایک بوون خۆشەویستی ژیانیان بدۆزنەوە؟ هەر بۆیەشە سنووری ئەسترۆلۆژیا لە پەڕی ڕۆژنامەکان و مۆنیتۆری تیڤییەکان زیاتر بڕناکات، وەلێ لە ڕێگەی مێتۆدی زانستیەوە کە لە ئەسترۆنۆمیدا بەکاردێت، توانیومانە سەتەلایت بە ئاسماندا بفڕێنین و لە ڕێگەیانەوە باشتر گەردوون ببینین و لێکۆڵینەوە لە سووڕی ژیانی ئەستیرەکان بکەین، ئەسترۆنۆمی هەر ئەوە نییە، تەنیا تەماشای گەردوونی پێبکەین، بەڵکو کاریگەری زۆریان لەسەر تەکنەلۆژیا کردووە، هەر بۆ نموونە: وای-فای لە لایەن ئەستێرەناسێکەوە داهێنراوە. ئەستڕۆلۆژیا سەرت نەوی دەکات بۆ سەر ئەو ڕۆژنامەیەی دەیخوێنیتەوە بە هیوای ئەوەی ڕۆژەکەت باش بێت ئەگەر باش نەبوو بۆ ئەو ڕۆژە دەستەوەستانت دەکات، کەچی ئەسترۆنۆمی سەرت بڵند دەکات تاوەکو سەرکێشیانە بۆشایی بپشکنیت.

٢. پێشبینی ناورد:

بەشێکی زۆر لەو پێشبینیانەی کە دەکرێن بریتیین لە: باسکردنی شتێکی گشتی. زۆرێک لە پێشبینی ئەستێرەگەرەکان فێڵێکی زمانەوانین، بە واتایەکی دیکە شتێک دەڵێن؛ کە بۆی هەیە بە چەندین شێوازی جیاواز لێک بدرێتەوە بۆ ئەوەی کە قسەکە نەهاتە دی خۆیان لە بە ھەڵەخستنەوەی پێشبینیەکە دەرباز بکەن. ڕێبەر ڕۆستەمی ئەستێرەگەر لە ڤیدیۆیەکی یوتوبدا دەڵێت: کە پێشبینیەکی هاتۆتە دی بەتایبەتی لە ئەمەریکا بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە. ڕاستیەکەی ئەوەیە هەزاران خۆپیشاندان ڕۆژانە لە جیهاندا ڕوودەدەن، لە ئەمەریکاش بە بەردەوام خۆپیشاندان بوونی هەیە، تەنانەت لە توێژینەوەیەکدا ئەوە خراوەتە ڕوو کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ تا کۆتاییەکانی، کە ساڵێکە دوای هەڵبژاردنی ٢٠١٦ی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، نزیکەی ٤.٢٩٦ خۆپیشاندان ڕوویان داوە، بە بەژداری نزیکەی پێنج ملیۆن و نیو خۆپیشاندەر لە کاتی دەستبەکاربوونی حوکومەتی ئەو کاتەی ئەمەریکا. بۆیەشە زۆر هۆکاری ڕامیاری و کۆمەڵایەتی هەن بۆ خۆپیشاندانەکان، بەتایبەتی هی ئەم دوایانەی ئەمەریکا کە ناکۆکی ڕامیاری بوونی هەیە، کەچی ڕێبەر ڕۆستەم دەیگەڕێنێتەوە بۆ پڕبوونی مانگ! زۆرینەی پێشبینی ئەستێرەگەرەکان وەهان کە پێشبینییەکان ورد نین و دەکرێت بە چەندین شێوە لێکدانەوەیان بۆ بکرێت، ئەوانیش ئاسوودەن پێشبینی ورد نەکەن چونکە، پێشبینییە وردەکان دەبنە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو بانگەشانەی کە خۆیان بە زانست ناوی دەبەن.

٣. شکستهێنانی پێشبینی ورد:

تا ئێستا نەبووە پێشبینی زۆر ورد و ڕوونی ئەستێرەگەرەکان بێنە دی، ئەوەی دەیکەن کۆمەڵێک قسەی گشتییە، ئەگەر گشتیش نەبێت قسەیەک دەکەن و هیوای ئەوە دەخوازن بێتە دی، ئەگەر بە ڕێکەوت بێتە دی شانازی بە “توانا زانستییەکانیان” دەکەن ئەگەریش نەهاتە دی ئەوا خەتاکە دەخەنە سەر ئەوەی خەڵک تێنەگەشتوون لێیان.  پێشبینیەکی ڕێبەر ڕۆستەم ئەوە بوو کە لە ناوەڕاستی مانگی شەشی ٢٠٢٠ پێکوتەیەک بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدۆزرێتەوە لە چین و بە فڕۆشتنی پێکوتەکەش ئابووری چین بەهێز دەبێتەوە جارێکی تر. لە ڕاستیدا پێکوتەکە کۆمپانیایەکی ئەڵمانی پێنج مانگ دوای مانگی شەشی پێشبینیکراوی ئەستیرەگرەوەکە، ڤاکسینێکی کۆرۆنای ڕاگەیاند کە سەدا نەوەد کاریگەری هەیە بەسەر توشبووانی کۆرۆناوە.

پێشبینیەکی دیکەی ڕێبەر ڕۆستەم سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بوو، ئەو لای وا بوو کە دۆناڵد تڕەمپ سەرکەوتن بەسەر جۆزێف بایدندا بەدەست دەهێنێت بە ڕێژەیەکی زۆر، لە ڕاستیدا جۆ بایدن توانی بە ڕێژەیەکی زۆر تڕەمپ ببەزێنێت و کورسی سەرۆکایەتی کۆشکی سپیش بباتەوە. نازانم هیچ ڕێگەیەک نابینم کە ئەستێرەگەرەکە بەرگری لەم پێشبینییە چەوتەی بکات، مەگەر دەنگی بخاتە پاڵ تڕەمپ و بڵێت: کە بە گوێرەی فڵان بورج بایدن ساختەکاری کردووە.

پێشبینیەکی دیکەی ڕێبەر ڕۆستەم بریتی بوو لەوەی: کە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا خۆپیشاندان دەکەن، و ڕێکەوتنی نێوان ڕووسیا و تورکیا هەڵدەوەشێتەوە. ڕاستیەکەی نەک ئەوەی پەیوەندیان هەڵنەوەشاوەتەوە، لەم چەند ڕۆژەی ڕابوردوودا تورکیا و ئازەربایجان لە جەنگی ناگۆرنۆ-کاراباخ سەرکەوتنیان بە دەست هێنا و لە ئێستادا هێزەکانی تورکیا و ڕووسیا بە هاوبەشی لە دۆخی دوای جەنگی هەرێمی ناگۆرنۆ-کاراباخ دەڕوانن.

٤. کام سیستەمی ئەسترۆلۆژی؟

یەکێک لەو ئاڕگیومێنتانەی کە حەز دەکەم ئەستێرەگەرەکان وەڵامیان بۆی هەیە بریتییە لەوەی: کە کامە سیستەمی ئەسترۆلۆژیان پەسەندە ھەبێت، وە بۆچی؟ چونکە چەند سیستەمێکی جیاوازی کەڵوەکان بوونی هەیە، ئەوەی کە ئێمە پێی ئاشنیان بریتییە لە: سیستەمی کەڵوەکانی ڕۆژئاوا کە لە یۆنانی کۆنەوە وەرگیراوە بەڵام؛ لە هەمان کاتدا لە هیندستان سیستەمی ڤێدیک زیاتر بەکار دەهێنرێت، لە چین سیستەمی چینی، تەنانەت لە شارستانیەتی مایاکاندا ٢٠ هێمای کەڵوو بوونیان هەیە. ئایە کامەیان ڕاستە، وە بۆچی؟!

کەڵوی من، لە ئەستڕۆلۆژی ڕۆژئاوادا بریتییە لە: گوڵەگەنم، لە چینیدا جرج و لە هی مایاکانیشدا تیمساح. بە گوێرەی ئەستێرەگەری مایاکان، خاڵە لاوازەکانی من بریتین لەم سێ شتە: تەونئاژۆیی، کەسێکم کە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی کەسانی دی دەدەم، کەسێکی خۆویست. لە کاتێکدا بورجی جرج لە ئەستڕۆلۆژی چینیدا، یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی بریتییە لە: خۆگونجاندن، ئەمەش ڕێک پێچەوانەی تایبەتمەندی دووەم خاڵی لاوازی هێمای تیمساحە لە سیستەمی ئەستڕۆلۆژیای مایاکان. بە گوێرەی گوڵەگەنمیش کەسێکی دلۆڤان، شەرمن و دڵسۆزم، ئەمەش گاڵتەجاڕانەیە چونکە دڵسۆزیەکە پێچەوانەیە بە خۆویستی، شەرمنی و دڵسۆزیش ڕێک ئاسمان و ڕێسمانن لەگەڵ توندئاژۆیی و هەوڵدان بۆ زاڵبوون بەسەر کەسانی دەوروبەرم. ئەرێ ئەستێرەگەرێک پێم بڵێت: کامەیان ڕاستە؟ بێگومان هەر ئەستێرەگرەوەیەک ئەوەی پێڕاستە کە خۆی پێی وایە ڕاستە، سا ئەمە زانست نییە.

٥. بەڵێ کتێبەکەی ئەبو مەعشەری فەلەکی فڕێ بدە!

هەرچەندە زۆر ئاڕگیومێنتی دیکە هەن کە بانگەشەی ئەستیرەگەری پووچەڵ بکەنەوە، لێ با بۆ ئەم وتارە ئەمە دواهەمینیان بێت: ڕێبەر ڕۆستەمی ئەستێرەگەر لە یەک دوو جێدا کاتێک پرسی ئەوەی ئەستڕۆلۆژیا زانستی نییە، دەوروژێنرێت ئەم ئاڕگیومێنتە نالۆژیکییە دەخاتە ڕوو: ئەگەر ئەستێرەگەری زانست نەبێت کەواتە دەبێت کتێبەکانی ئەبو مەعشەری فەلەکی، توسی، فارابی و هتد فڕێ بدەین. ڕاستیەکەی ئەوەیە: بەڵێ دەبێت ئەو کتێبانە فڕێ بدەیت کاتێک دێیتە سەر باس و خواسی زانستی ئەسترۆنۆمی لە سەدەی ٢١!

هەر یەک لەو زانایانەی ئەو ناویان دەهێنێت کەسایەتی مێژوویین، بێگومان ئەم کەسایەتیانە و تەنانەت خودی مێژووی لەمێژینەی ئەستڕۆلۆژیا مێژوویەکی ناوازەیە و شایەنی خوێندنەوەیە، بەڵام؛ نەک وەکو حەقیقەتێکی زانستی. زۆر لە زانستی گەردوونناسی و ئەستیرەناسی گۆڕاون بە گوێرەی ئەو دۆزینەوانەی کردوومانن لە کۆنەوە تاوەکو ئێستا لە هەموو بوارە زانستییەکاندا، هەر بۆیەشە خۆبەستنەوە بەم زانا مێژوویانەوە شتێکی ژیر نییە. ڕاستیەکەی ئەبو مەعشەری فەلەکی لە کتێبەکانیدا بڕوای بە شتی سەیر سەیر هەبووە، هەر بۆ نموونە: بۆ هەر کەڵویەکی دیاریکراو پێی وا بووە چوارگۆشەیەکی جادوویی یان تەڵسمێکی دیاریکراو بە سوودە، ئەمە کوێی زانستییە؟!

هەر بۆیەشە تێزی زانا مێژووییەکان بە گوێرەی دۆزینەوەکان و مێتۆدی زانستی ئەم سەردەمە بریتیین لە: زڕزانست، وەلێ ئێمە لە ڕوانگەیەکی مێژووی زانستەوە سەیریان دەکەین. لەبەر ئەوەی دەزانین کە بەم قۆناغانەدا ڕۆیشتووین تا گەیشتووینەتە زانستی سەردەم.

نموونەیەک هەیە لە زانستدا، کە حەزدەکەم لێرەدا باسی بکەم، ئەوە ڕوون دەکاتەوە زانست گرێدراو نییە، بە کەسایەتییەکانەوە و دەستەڵاتێک نییە بۆی بگەڕێینەوە و هەرچی بڵێت ئێمە سەری بۆ بلەقێنین، زانست بریتی نییە لە: دەسەڵاتبازی. نموونەکەش بریتییە لە: دیدگای ئەڕەستۆ و گالیلۆ بۆ جووڵە و بەربوونەوەی تەنەکان. ئەڕەستۆ لای وا بووە ئەوانەی تەنانەت کێشیان قورسترە خێراتر بەردەبنەوە، کەچی گالیلۆ لای وا بووە بارستایی کار ناکاتە سەر خێرایی تەنەکان و بە هەمان خێرایی بەردەبنەوە. بۆیە لە ڕێگەی تاقیکردنەوەوە گالیلۆ سەلماندی کە ئەڕەستۆ دەربارەی جووڵەی فیزیکی تەنەکان هەڵە بووە، ئەگەر بە گوێرەی لۆژیکی ڕێبەر ڕۆستەمی ئەستیرەگرەوە بێت، ئەوا ئێمە نابێت دەقەکانی ئەڕەستۆ فڕێ بدەین و دەبێت بڕوامان پێی بێت ئێستاش! هەرچۆنێک بێت، ئەڕەستۆ وەکو کەسایەتیەکی مێژوویی ڕێزی لێ دەگیردرێت، دەقە ڕاست و درووستەکانی وەردەگیردرێن و ئەوانەشی کە دەسەلمنرێن چەوتن وەکو زانست فەرامۆش دەکرێن، وەلێ وەکو بەشێک لە مێژووی زانست و فەلسەفە دەخوێندرێن. بۆیە بەڵێ، دووبارەی دەکەمەوە، کتێبەکانی ئەبو مەعشەری فەلەکی فڕێ بدە ئەگەر لەگەڵ زانستی سەردەم نەگونجێت، وەلێ ڕێزیان لێ بگرە وەکو قۆناغێک لە قۆناغەکانی پێشکەوتنی زانست لە مێژوودا.

لە کۆتاییدا پێشبینی ئەوە دەکەم، کە لە ساڵی ٢٠٢٢ تیمێکی هەسارەی زەوی کاسی جیهانی فیفا بەدەست دەهێنێت، لە وڵاتی قەتەڕ. جا پێشبینیەکەم هەر ئەوەندە نییە، بەڵکو بە گوێرەی هەسارەی جوبیتەر دەزانم کە وڵاتەکە خەڵکانێکی زۆر سەفەری بۆ دەکەن لە وڵاتە جیاجیاکانەوە و سوودێکی زۆریش دەبینێت لەلایەنی ئابووریەوە.

سەرچاوەکان:

*داتای خۆپیشاندنانەکانی ساڵی ٢٠١٧ی ئەمەریکا: http://www.bu.edu/articles/2017/counting-american-protests

بڵاوکردنەوە: