ڕۆڵی فەلسەفە چییە لە کاتی پەتاکاندا؟

809
0
بڵاوکردنەوە:

وەرگێڕان لەعەرەبییەوە: د. ھەڤین کەمال

(دەستەی نووسەران)

بیرمەند و توێژەرەوەی فەڕەنسی “کلیر کرینێۆن”، ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لەبواری فەلسەفە و مامۆستا لە زانکۆی سۆربۆن لە فەڕەنسا، لەم وتوێژەدا باس لە تەنگەژەی پەتای کۆرۆنا دەکات و ڕۆڵی کاریگەری فەیلەسوفەکان لە بەرچاوڕونکردن و ڕێنمایکردن و ھۆشیارکردنەوەی خەڵک دەکات لەکاتی پەتاکاندا، لەژێر ڕووناکی بیر و دیدی فەیلەسوفە گەورەکان و ھەر لەسەردەمی ئەفڵاتۆنەوە. لێرەدا دەقی ئەو وتوێژە دادەنێن کە “گێوم لامی” لەگەڵیدا ئەنجامداوە:

– ڕۆڵی فەیلەسوف چییە لە کاتی پەتاکاندا ؟

لەپێش ھەموو شتێک دەبێت ئاگاداری بیر و ڕای پزیشکە فەیلەسوفەکان بین لەبارەی ئەم بابەتە، بۆ نموونە ئەفڵاتۆن؛ ڕایەکەی زۆر ڕوونەو دوورە لە ئاڵۆزییەوە، لەبەرئەوەی ستایشی پزیشکی کردووە، جگە لەوەی جەختیکردۆتەوە سەر نزیکی بواری پزیشکی و ھونەری. لەھەمانکاتدا بە دوو بواری زۆر گرنگیان دادەنێت بۆ ژیانی مرۆڤ، بەڵام سەرنجیش بۆ ئەو ڕاستییە ڕادەکێشێت کەمرۆڤ بە پێچەوانەی ھەندێک لەئاژەڵە دڕندە و سەدەفدار و شاخدارەکان کەدەتوانن پارێزگاری لەخۆیان بکەن، بوونەوەری لاوازن، ھەربۆیە پێویستیان بەوەیە کە فێری ھونەر و تەکنیکی جیاواز بن بۆ خۆپارێزی لەخۆیان و مانەوە لەژیاندا ( چاوێک بخشێنەوە بە ئەفسانەی برۆمیتێۆس). نەخۆشیەکان بە شێوەیەکی گشتی، و پەتاکان بەتایبەتی، ئەم ڕاستیەمان بیردەھێننەوە کە ئێمە بوونەوەری لاوازین.

– کەواتە، لێرەدا پرسیارێکی تر دێتە کایەوە، ئەویش؛ ئەو ڕۆڵە چییە کەفەیلەسوفەکان پێی ھەڵدەستن لە کاتی پەتاکاندا؟

ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە بەپێی ئەفڵاتۆن وبەپێی پێوەرەکانی ئەو دایناوە وەڵامبدەینەوە، ئەوا فەیلەسوف لەتوانایدایە زۆر شت بکات . پزیشک جەستە ڕزگار دەکات لە نەخۆشییەکانی، لەبەرامبەردا فەیلەسوفیش ڕۆح ڕزگاردەکات لە خراپەکارییەکانی و ھەر بۆیە بەم شێوەیە، سوقرات ھونەری دایەلۆگ کە بە “مایۆتێکس”یش ناودەبرێت و ھونەری ئەفراندنی ڕۆحە، بەکاردێنێت بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ لە نەزانین و ھۆشیارکردنەوەی بۆ بەرژەوەندی خۆی. خاڵی ھاوبەشی نێوان ئەم دوو بوارە، چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانە، بەڵام ئەوەی جێگای سەر سوڕمانە،بەشێوەیەکی پۆزەتیڤانە تەماشای ڕۆڵی پزیشک و فەیلەسوفەکان ناکرێت لەلایەن کۆمەڵگاوە. وەک چۆن ئەفڵاتۆن لە کتێبی ” دایەلۆگی گۆرگیاس”دا باسیلێدەکات و دەڵێت؛ مرۆڤ ھەمیشە ڕۆڵی چێشتلێنەرێکی پێباشترە کە خواردنێکی بەتام و لەزەتی پێشکەش دەکات، وەک لەڕۆڵی پزیشکێک کە کەدەرمانی تاڵ و دەرزی بە ئازاری پێشکەش دەکات .

بەھەمان شێوە، مرۆڤەکان سەفسەتەکار و واعیزەکانیان پێ باشترە، کە ھەست و سۆزمان دەجوڵێنن و گوێمان ڕازی دەکەن، لەبری فەیلەسوفەکانی چاومان دەکەنەوەو ڕاستییەکانمان پێدەڵێن و یارمەتیمان دەدەن باشتر لەخودی خۆمان تێبگەین . ئەمەش زۆر بەڕوونی دیاربوو لەسەرەتایی پەتاکەدا کە نکۆڵی لێدەکرا لەلایەن ھەندێک کەسەوە، ھەر ئەمەشە دەیسەلمێنێت کە کۆمەڵگا حەز بە گوێگرتن لە پزیشکان و فەیلەسوفەکان ناکات، کە ڕێنمایی و زانیاری ڕاستەقینە دەبەخشن و پێویستە ڕەچاوبکرێت، لەبری ئەوە ژەمە بەتامەکانی چێشتلێنەرێک و ووتار و بانگەوازەکانی سەفسەتەکارێکی پێباشترە.

– ئایا پێویستە فەیلەسوفەکان ببن بە پزیشک ؟

وەڵامی ئەم پرسیارە ھەمیشە جیاوازە، بەپێی کات و زەمانی وروژاندنی پرسیارەکە، وەبەپێی بنەماکانی، ئەوەتا پزیشکی ئەغریقی “گالینۆس” جەختدەکاتەوە لەسەر ئەوەی پزیشک پیۆیستە ببێت بە فەیلەسوف، بەڵام لەپێشدا دەیەوێت ئەوە ڕوونبکاتەوە کە زانستی پزیشکی پێویستە پشت ببەستێت بە ھەندێک کەرەستەی وەک لۆژیک، ڕوونکردنەوە، بەڵگە، بۆ گەشتن بە زانیاری تەواو و ڕەھا، نەک ڕۆتینێکی دووبارەی ساکار. یاخود بەشێوازێکی تر دەتوانین بڵێن؛ مەبەست ئەوە نەبووە ھەرگیز کە فەیلەسوفەکان ئەرکیان ئەوەبێت ڕێنیشاندەر و ئامۆژگاریکاری پزیشک بن لەڕووی ئەخلاقی پیشەییەوە، بەڵکو وەک دەبینین ئەم سەردەمە سەردەمی بە پیشەیبوونە، ئەوەتا فەلسەفە لە کۆلیژەکانی ئاداب و زانستە مرۆڤایەتیی و کۆمەڵایەتییەکان دەخوێنرێن، بواری پزیشکی لە کۆلێژی پزیشکی دەخوێنرێت، بەڵام لەگەڵ ئەو جیاکارییەش لە پسپۆڕییەکان، لەکۆندا زۆر لە فەیلەسوفەکان ئەزموون و ڕاھێنان و خولی پزیشکیان وەرگرتووەو و وەک کلتورێکی باو لەکۆماری فەڕەنسی سێھەمەوە سەریھەڵداوە. نمونەش بۆ ئەو فەیلەسوفە پزیشکانە؛ جۆرج کانگویلھم، ئان فاگوت لارگوت، ئان ماری مۆلان، کەئەمانە بۆ ماوەیەکی دورودرێژ خەریکی ڕاھێنانی پزیشکی بوون، کتوپڕ نەبوون بەپزیشک، بەڵکو ئەزموونێکی زۆریان ھەبووە لەگەڵ کاری پزیشکیدا. یەکێک لەوانە کە “کانگوێلھم” بوو، بەلایەوە بابەتێکی سەیر بوو لێکدانی بواری پزیشکی و فەلسەفە، بەڵام بەکارێکی پێویست و گرنگیشی دادەنا . ئەمەش مانای ئەوەیە فەیلەسوف ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لەبواری پزیشکیدا، بەڵام ناتوانێت جێگرەوەی پزیشکیش بێت . فەلسەفە ڕۆڵەکەی لاوەکیترە لە بواری پزیشکی، بەڵام گرنگە، وەگرنگییەکەی زیاتر دەبێت کاتێک ھۆشیاری و گۆڕان بڵاودەکاتەوە، بەتایبەتی لەکاتی پەتاکاندا .

-دەتوانین چی فێرببین لە لاوازی کۆمەڵگاکەمانەوە؟ ئەم لاوازییە چیمان پێدەڵێت سەبارەت بە خۆمان و شارستانیەتەکەمان؟

وابزانم پێشتر باسم لەوەکرد، کە بوونی زانستی پزیشکی نیشانەو بەڵگەیە بۆ لاوازی دۆخی مرۆڤ. کەھەوڵ دەدەین لەبیری بکەین بەھۆی ژیانمان لە کۆمەڵگای زۆر پارێزراو، وەک کۆمەڵگاکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا بە نموونە. بەڵام لەگەڵ سەرھەڵدانی پەتاکە، پزیشکەکان و پەرستارەکان و ئەوانەی لەبواری تەندروستی و کۆمەڵگەی مەدەنی کاردەکەن بەڕێژەیەکی زیاتر لاواز و دیلیکەیتن و ئەویش لەبەرئەوەی ئەگەری تووشبونیان بە پەتاکە زیاترە. ھەروەھا ئەو کەسانەی لە قەرەباڵغیدان و لەشوێنی کاری قەرەباڵغ و ئەپارتمان و شوێنی نیشتەجێی قەرەباڵغن زۆرتر دووچاری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە دەبن.

-ئەو ئاڵەنگاری و چاڵانجانە چیین کە دێتە پێشمان لە کاتی ئەم پەتایەدا؟

چاڵانج بەڕای من ئەوەیە کە لەیادمان نەچێتەوە ھەر کات تەنگەژەکە کۆتایھات، بە پێچەوانەوە دەبێت سەر لەنوێ بیربکەینەوە لە شێوازی ژیانمان، جیھانگیری و گڵۆبەڵایزەیشن، پەیوەندیمان لەگەڵ ژینگەو ئاژەڵەکان.

لەشەستەکاندا بنیاتنەری ئەخلاقیاتی زانستی زیندەوەرزانی “فان رینسلیر بوتر” ، وتووێژێکی درێژیکرد لەسەر ئەوەی کە ئەو پرسیارانەی لەبارەی ئەخلاق و پرینسیپڵەکانی ڕەوشتی پزیشکییەوە دەکرێت، دەبێت لەچوارچێوەی پرینسیپلی ئەخلاقیاتی ژینگەوە یاخود زەوییەوە باسبکرێت . بەدڵنییاییەوە دەتوانرێت بەراورد بکرێت لەنێوان سەرھەڵدانی نەخۆشی و پەتاکان، لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە زۆرانەی بەسەر ژینگەدا ھێنراون، بەجۆرێک کە ژەھرەویکراوەو بەچەندین جۆر ڕەنگکراوە، جگە لەوەی پەیوەندیمان لەگەڵ ئاژەڵە کێویی و ماڵییەکان گۆڕانکاری بەسەرھاتووە، ھەندێک لەئاژەڵە کێیۆیەکانمان زیاتر نزیککردۆتەوە لەخۆمان، یاخود کردومانن بە خۆراک، کەئەمەش یارمەتی دروستبوون و زیادکردنی پەتا و نەخۆشییەکانی داوە، ئەم ڕووداوانە ھەمووی وانەمەن فێردەکەن، وەمان لێدەکەن پرسیاری زیاتر بکەین، وەبەدوای وەڵامەکەنیاندا بگەڕێین، ھەروەھا وامان لێدەکات پەیوەندیمان لەگەڵ پەتاکاندا ڕاست بکەینەوەو زیاتر عەقڵانی بێت لەبری عاتیفی و سۆزداری ، کەبەھۆی ترس و سۆزەوە پەلکێش بکرێین بۆ دەرئەنجامێکی خراپ، بەڵکو لەبری ھەست پێویستە مێشک سەروەر بێت لە کاتی پەتا و نەخۆشییەکاندا

بڵاوکردنەوە: