سەرەتایەک بەرەو فەلسەفەی زانست

784
0
بڵاوکردنەوە:

ڕەوا زەیدان

پرسیار منداڵدانی بیرکردنەوەیە

(مارتن هایدیگەر )

 

ئەمڕۆ فەلسەفەی زانست وەك لقێكی گرنگی فەلسەفە، لە زانكۆكانی جیهاندا بایەخ و گرنگیی زۆر پێدەدرێ، چونكە ئەم لقە بریتییە لە خوێندنەوەیەكی رەخنەیی وشیكاری بۆ زانست و میتۆدی زانستی و مێژووی زانست و لایەنەكانی ئیتیكی زانستی. بۆیە زاناكان بەردەوام لە چاوەڕوانیی بۆچوونی فەیلەسوفانی زانستن لە سەرجەم ئەو بوارانەی كە پەیوەستن بە پرۆسەی توێژینەوەی زانستییەوە، چ لە بواری میتۆدی ولۆجیكی زانستییەوە یان تێگەی زانستی ئەو گوڕانكاریانەی بەردەوام روودەدەن لە بواری زانینی زانستیدا ئەمانە. پێویستیان بە تێروانینی فەلسەفیی نوێ هەیە ، بۆ ئەوەی كەم و كورتییەكانی تیۆرە زانستییەكان پر بكرێنەوە، یان ئەو كەلێن و جیاوازییەی لە نێوان زانست وفەلسەفەدا هەیە، ئەوە لە لایەك، لە لایەكی ترەوە ئەوەی هەیە لە نێوان زانستەكاندا چارەسەر بكرێن. ئەم ئەركە فەلسەفەی زانست رایدەپەرێنێ.

دەتوانین بڵێین دیاریكردنی سنور و سیمای فەلسەفەی زانست، وەك بەشێكی پسپۆری و سەربەخۆ و نایاب، وەك چالاكییەك ئامانج لێی پێكهێنانی زانینێكی دروستە دەربارەی زانینی زانستی یان تیۆری زانستی، لەگەڵ دارشتنی زاراوەی “ زانا” سەری هەڵدا، لە بیستەكانی سەدەی نۆزدەدا. ئەم داڕشتنە تەنها وشەیەك نەبوو، كە لە ئینسكلۆپیدیادا تۆمار بكرێ، بەڵكو واتا وئاماژەی خۆی هەبوو بەوەی، كە توێژینەوەی زانستی خاوەنی سیماو تایبەتمەندی خۆیەتی و چالاكییەك خاوەنی ئامراز و شێوازی خۆیەتی لە پڕۆسەی بەرهەم هێنانی زانینیدا. لێرەوە فەلسەفەی زانستیش خۆی وەك هەمان ئامرازی زانین خستەڕوو” میتۆدی زانستی”. بەڵام دەكرێ بڵێین لە دایكبوونی ڕاستەقینەی فەلسەفەی زانست لەگەڵ فەیلەسووفی پۆزەتیفیزم “ ئوگست كونت” دەست پێدەكا، كاتێ باس لە گرفتی سەرەكی زانست دەكا، بەوەی كە بریتیە لەوەی گرفتەكە هەڵگری مۆركی پۆزەتیفیزمییە. بۆیە فەلسەفەی پۆزەتیفیزم بریتی نییە “ لە زانستە پوزتیفیزمییەكان، بەڵكو خوێندنەوەیە، بۆ مێتۆدی ئەو زانستانە و ئەو میتۆدە، میتۆدی پۆزەتیڤیزمە، كە بریتییە لە دوا قۆناغەكانی گەشەی هزری مرۆیی”. ئەوەی گرنگە لێردا ئاماژەی بۆ بكەین ئەوەیە، پۆزەتیڤیزم، نەوەك فەلسەفە و نەوەك میتۆد، دوا قۆناغی فەلسەفەی زانست نەبوو، بەڵكو كۆمەڵێ ڕێبازی تر پەیدا دەبن پێیان دەوترێ “ڕێبازی دوای پۆزەتیفیزم” و فەیلەسوفانی ئەم رێبازە نوێیە لە ئاستی فەلسەفەی زانستدا ناسراون ئەوانیش ” كارل پۆپەر – تۆماس كون – ئمری لاكاتوش – پاول فیرابند- لاری لودان.” لە گریکی کۆندا چەند قوتابخانەیەکی فەلسەفەی زانست هەبوون لێرەدا بە کورتی باسی هەندێکیانم کردووە. قوتابخانەی فیساگۆرسییەكان: ئەمانە كۆمەڵەیەكی زانستیی ئاینی سیاسیی بوون، لە ژێر سیستەمێكی هاوبەشدا، لە بواری ماتماتیك و مۆسیقا و گەردوونناسی كاریان دەكرد. پێیان وابوو، زانست چاكترین ئامرازە بۆ خاوێنكردنەوەی دەروون و ئەخلاق. ئەم كۆمەڵەیە لە لایەن فیساگۆرسەوە دامەزرا و گرنگی زۆریان بە ماتماتییك دا، لە فەلسەفەكەیاندا، بۆیە بە میتۆدی ماتماتیكییانە، بوون و سروشتیان راڤە دەكرد لەڕێگای ژمارەكانەوە، چونكە ئەوان لە ژمارەكاندا بە دوای رەسەنایەتی بووندا دەگەڕان نەك لە ڕێگەی كەرستەوە. بۆیە بەوە گەیشتن، كە جیهان ژمارەیە، ئەو ژمارەیە كە سەرجەم بوونەوەرانی تر پێكدەهێنی. قوتابخانەی ئیلیاییەكان: لایەنگرانی ئەم قوتابخانەیە بڕوایان بەوە هەیە كە بوون چەسپاوە و گۆڕانی بەسەردا نایەت. ئەم بوونە سنوردارە هەر شتێك سنوری نەبوو ئەوە نەبوونە بەڵام ئێمە بەردەوام لە ڕێگای هەستەكانەوە دەیبنین كە جیهان لە گۆڕاندایە، بۆیە ئەوان دەڵێن هۆكاری ئەوە پەیوەستە بە هەستە هەڵخەڵەتێنەرەكانەوە. چونكە ئاوەز دەرك بە دۆخی چەسپاوی جیهان دەكا، نەك هەست.

لایەنگرانی ئەم قوتابخانەی:

١- ئەكسینیافون: دامەزرێنەری ئەم قوتابخانەیەیە و دەڵێت: جیهان یەك پارچەیە، ئەویش بریتییە لە یەزدان، ئەم خوایەتییە ئەزەلییە و گۆڕانی بەسەردا نایە و نابێ بە نەبوون و فۆڕمی سەرجەم شتەكان لە ئەزەلدا لەگەڵیدا هەبووە.

٢- پارمێنیدس: رێكخەری رێبازەكەیە و دەڵێت: بوون هەبووە و ناكرێ نەبوون بێ، نەبوونیش بوونی نییە و ناكرێ هەبێت، بۆیە ئەم بوونە پەرشوبڵاو نییە، بەڵكو یەك پارچەیە، لە شێوەی جەستەیەكی خڕ، كە لە سەنتەرەوە بە هەموو ئاڕاستەكاندا دەكشێ.

قوتابخانەی سروشتی نوێ: فەیلەسوفانی گریگی جارێكی تر بابەتی جیهان و كەرەستەیان كردە بابەتی دیالۆگ و گفتوگۆكردن، لە سەر بنەمای ئەوەی كە كەرەستە گۆڕانی بەسەردا نایە. دورستبون و نەبوونی رەها رەتدكەنەوە. ئەوان دۆخی گۆڕانیان تەنها لە فۆڕمی جەستەی نوێدا چڕكردووتەوە، كە لە جیهاندا ڕوودەدەن، بڕاویان وایە كە پڕۆسەی دروستبوونی جەستەكان لە ئەنجامی جیابوونەوە و كۆبونەوەی كەرەستەدا دروستبوون.

لایەنگرانی ئەم قوتابخانەیە:

١- ئەمپادۆكلیس: زانا و پزیشكی یۆنانی پێیوایە توخمە بنەڕەتیەكانی جیهان چوارن (ئاگر و ئاو و هەوا و خاك) و هێزیكی بزوێنەر هەیە بەرەو سەنتەر و هێزیكی دوورخەرەوەیش هەیە هەوڵی دورخستنەوەی توخمەكان دەدا.

٢- ئینكساگوراس: پێیوایە لە گەردووندا هیچ گواستنەوەیەك نییە لە بوونەوە بەرەو نەبوون، بەڵكو ئەوەی هەیە بریتییە لە تێكەڵبوون و جیابوونەوە. سەرەتا گەردوون بریتی بووە لە كۆمەڵێك تۆوی تێكەڵ، پێدانی و بەخشینی سیستەم بەو دۆخە ئەركی “ نوس”بووە واتا “ ئاوەز”.

٣- دیمۆكریتس: جیهان لە روانگەی فەیلەسوفانی ئەتۆمیەوە، بریتیە لە گەردیلەی زۆر بچووك، تەنها جیاوازیان لە قەبارەو فۆرم و شوێن و رێكخستنی لە جەستەدا هەیە، هەروەها باس لە دوو جۆری بوون دەكا: كەرەسەیەك، كە شوێن پڕدەكاتەوە، وشوێنێك كەرەسەی تێدا نییە.

بڵاوکردنەوە: