لە ئەلکیمییەوە بۆ کیمیستری

512
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی : ئەلەند ڕزگار

بە درێژای ھەزاران ساڵ مرۆڤ سەرنجی ھەموو شتێکی دەدا، سەرسامبوونی خۆی بۆ ھەموو شتێک دەردەبڕی، دەکرا ئەو شتەی ئەوان دەیانبینی ببێتە خاوەن چەندین ناوی جیاواز، بەرھەمھێنانەوەی بە شێوەیەکی نوێ. ھەروەھا دەکرا ئەو شتانەی بە درێژای ھەزاران ساڵ جێگەی لێ وردبوونەوە بوو، شکۆ و بەھای خۆی  لەدەست بدایە. دەکرێت بۆ باسکردنی ئەلکیمی، سەرەتا باسێکی کورتی “فەیلەسووفانی سرووشتگەرا” بکەین کە بە فەیلەسووفانی “پێش سوقرات” ناسراون، ئەوان پێیان وابوو کە دەبێت “ھەر شتێک ، وەک خۆی سەیر بکرێت” بەبێ تێکەڵکردنی بیرکردنەوەی ئایینی یاخود ئەفسانە. یەکێک لە فەیلەسووفە سرووشتگەراکانی وەک؛ دیمۆکرایتۆس پێی وابوو کە ھەموو شتێک لە تەنۆلکەی ورد و نەبینراو پێکھاتووە، نەگۆڕن و ناوینان (ئەتۆم)، ناتواندرێت ببڕدرێت، بەش بەش بکرێت، لە ناوببردرێت. بۆیە دەکرێت لەم ڕێگەیەشەوە دیدی لاکریتۆس(١) کە ھۆنەرێکی سەردەمی ھێلینیزم بوو، وێناکردنی ئەو بۆ بوونی جیاوازییەکان کردەیەکی گرنگ بوو، بەو واتایەی ئەتۆمێک لە شوێنی دەستپێکەوە جیاواز دەبێت کاتێک کردارێک بەسەریدا ڕوودەدات،  بۆ نموونە؛ کاتێک چەند ئەتۆمێک ڕێکدەخرێن بۆ درووستبوونی ئاگرێک، ھەروەھا کاتێک ھەمان ئەتۆم ڕێکدەخرێتەوە بۆ درووستبوونی درەختی_ئاگراوی، کە ئەمەش دەبێتە ھۆکار بۆ درووستبوونی جیاوازی لە جووڵەکان، ڕەنگەکان، شێوەکان، ڕێکخراوەییان. وێناکردنی ئەو بۆ دۆخەکانی ماددە (ڕەق، شل، گاز) و باسکردنی ھەر ئەتۆمێک لە ھەر دۆخێکدا، کە ڕێگە خۆشکەر بووە بۆ بەرھەمھێنانی بیردۆزێک، کە لە ئێستادا پێی دەڵێین بیردۆزی گەردیلەیی(٢).

دەکرێت لەم ڕێگەیەشەوە بپەڕینەوە بۆ “ئەلکیمی”، لەو سەردەمانەدا بوونی ھەبووە، بە تەواوەتی ناوی ئەلکیمی لە سەدەکانی شەش و حەوتی پێش زایین ناسێندراوە، بەڵام؛ لەوەو پێش لە ژێر ناوەکانی؛ (ھونەری خودای)، (زانستی شاراوە)، ( زانستی ئاسمانی)، (ھونەری ھێرمس) بوونی ھەبووە، بەڵام؛ تا ئێستا نەزانراوە کەی و چۆن سەریھەڵداوە. ئەلکیمی کە بە واتای کیمیاگەری کۆن دێت، بەو کەسانە دەوترا کە خەریکی کارکردن بوون لەسەر کانزاکان، گەڕان بە دوای نھێنی ژیاندا، بەو واتایەی سرووشت بۆ ئەوان شوێنێک بوو بۆ کارکردن و تاقیکردنەوە، ھەوڵیاندەدا بیردۆزی بەردی فەیلەسووفی(٣) بەدەستبھێنن، کە بریتی بوو لە کەرەستەیەکی بیردۆزی، پێیان وابوو توانای ئەوەیان ھەیە کانزا بنچینەییەکان بگۆڕن بۆ ئاڵتوون، گەورەترین  ئامانجی ئەم کردە ئەلکیمییە بریتیی بوو، لە گۆڕینی ھەر ماددەیەک بۆ ئاڵتوون. ھەروەھا کاریانکردووە بۆ بە دەستھێنانی ئێکسیر(٤) کە پێیان وابوو، بەھۆی ئەم گیراوەیەوە دەتوانن نەمری بەدەستبھێنن، بەکاریاندەھێنا بۆ چارەسەری نەخۆشی و ھەندێک کاتیش ژەھراوی دەبوون پێی، ئەمەش دەبووە ھۆکارێک کە ئەلکیمیستەکان ھەم بۆ خۆیان و ھەم بۆ بەرامبەرەکەشیان بەشێک بن لە زیانگەیاندن، چوون بە ھۆی ئێکسیرەوە  دوو سەرکردەی ئیمپڕاتۆرییەتی چینی لە سەردەمی پێش مەسیح و دوای مەسیح  ژەھراوی بوون بە ناوی ( کین شین ھوانگ، یۆنگ ژینگ). ھەرچەندە لە دوای ئەوە بونی ئێکسیر بووە ڕێچکەیەکی گرنگ بۆ بوونی دەرمانسازی و چارەسەر، بۆ مرۆڤایەتی.  ئەلکیمیستەکان باوەڕییان وابوو کە کانزاکان، ئاژەڵەکان، ڕووەکەکان گەشەدەکەن و تایبەتمەندی بە ژیان دەبەخشن، خاوەنی تاقیگە نەبوون، لەو شوێنەی کارەکانیان تێدا ئەنجامدەدا گرنگیان بە بوونی “پلەی گەرمی ژوور” نەدەدا، لە کاتی کردنی تاقیکردنەوەکاندا ئەگەر تەقینەوە ڕووی نەدایە، ئەوا تاقیکردنەوەکە بە سەرکەوتوو دادەنرا. لە پێش سەدەکانی ناوەڕاست، خەڵکی باوەڕییان وابوو کە گۆگرد(٥) شەیتانە، ھەرکاتێک ئەلکیمیستێک لەگەڵ خۆیدا بیبردایە بۆ تاقیکردنەوە دەیانوت کە دەستی لەگەڵ شەیتاندا تێکەڵ کردووە، ھەر بۆیە زۆرینەیەک سزا دەدران یاخوود دەکوژران. ڕۆجەر بەیکۆن(١٢١٢-١٢٩٣)ز خەریکی پەروەردەکردن و تێگەیشتن بوو لە سرووشت و جیھانی میتافیزیکی، ھەروەھا وەک ئەلکیمیستێکیش دەردەکەوت، کە بەھۆی کردارەکانی و بیروباوەڕەکانییەوە لە لایەن باوەڕدارانی کاسۆلیکەوە سزای دوازدە ساڵ زیندانی دەدەن و لە پاش ئازادکردنی دەمرێت. ھەروەھا ئەلکیمیستەکان بەھۆی ئەو ناڕەحەتیانەی کە تووشیان دەھات خاوەنی زمانێکی پڕ نھێنی و ھێماگەری بوون، ئەمەش وایدەکرد بە شێک لە ناوی توخم و ئاوێتەکان ناوێکی خوازراو بێت، بۆ نموونە؛ ئەژدیھای سوور وەک ناوێکی خوازراو بەکاردەھێنرا بۆ نایتریک ئەسید، بە گۆگردیدی ڕەشیان دەوت ھەڵۆ. پرۆفیسۆر لاورێنس پرینسپێی کە توێژینەوە لەسەر زانست و تەکنەلۆجیا دەکات دەڵێت: “ئەو ھۆکارەی وایکردووە ئەلکیمیستەکان پەنا بۆ بەکارھێنانی زمانێکی نھێنی بەرن، لە ترسی سزادان و لە ناوبردنیان بووە، بۆیە زمانێکی پڕ لە نھێنی و ھێماگەریان بەکارھێناوە”، ھۆکارەکانی سزادان و کوشتنیان بریتیی بووە لە؛ بە کردارێکی سامناک دانراوە و پێیان وابووە بۆ خەڵکی دەبێتە ھۆی نانەوەی ئاژاوە، لە لایەن پاشا و شازادەکانەوە کراونەتە زیندانەوە و سزادراون، لە زۆربەی وڵاتە ئەورووپاییەکان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە کردەیەکی نایاسای دانراوە. خاڵی سەرەکی لە کرداری ئەلکیمیستەکاندا بریتیی  بووە لە کردەی ترانسمیوتەیشتن(گۆڕانی تەواوەتی)، گۆڕانی بنچینە بۆ بەرھەمھێنانی پێکھاتەیەکی نوێ، بە واتای دووبارە ژیانەوە و دووبارە گەشەسەندن دەھات، ئەلکیمیستەکان کردارەکانی (سووتان، کوڵان، بەستن..) وەک؛ گۆڕانکارییەکی تەواو و دووبارە ھاتنەوە نێوبوون سەیرییاندەکرد.  ئەلکیمیستەکان لە زۆربەی ناوچەکانی وەک؛ عەرەبستان، ھندستان، چین ھەبوون، زۆرینەیان پەیڕەوکەری یەک بنچینەبوون بەڵام؛ لە بیرکردنەوە و کرداری بەرھەمھێنانی ئاڵتوون جیاوازبوون، ھەریەکەیان پێشڕەوی خۆیان ھەبووە لە بوارەکەدا، دەکرێت بە کورتی باسی ئەلکیمی عەرەبی بکەین، لەو سەردەمانەدا پێشەنگی ئەو بوارە لە سەرەتادا ئەبوو مووسا جابر ئیبن حەیان (٧٢١_٨١٣)ز، لە دوایشدا ئەبو بەکر محەمەد ئیبن زەکەریا ئار_ڕازی، توانیان چەندین کردار بکەن کە جێگەی توێژینەوە و تێڕامان بێت، ھەرچەندە لە لای ھەردووکیان گۆڕانی کانزاکان بوون بۆ ئاڵتوون، کە ئێکسیر ھاندەرێکی کرداری بوو، بەو واتایەیی بەرھەمھێنانەوەی ژیان لە شتێکی دیکەدا و گۆڕانکاری تەواوەتی لە کانزاکەدا. ھەردوو ئەلکیمیستەکە لەسەر کۆمپاوندی “ئاوی قورس” دەیاننووسی، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا مینیڕاڵ ئەسیدەکان(ترشە کانزاییەکان) بدۆزنەوە، کە فێرخوازە عەرەبەکان زیاتر توانای دۆزینەوەی بەڵگەیان ھەبوو وەک لە فێرخوازە چینی و ھندییەکان. ھەروەھا جابر ئیبن حەیان بە باوکی “ئەلکیمی”  دادەنرێت.

زۆرێک لە وێنە کردارییەکانی ئەلکیمیستەکان ئەوەمان بۆ دەخەنەڕوو،  کە پیاوێک دەبینین سەرقاڵە بە کردارە کیمیاوییەکانەوە لەوانە؛ سووتان، دڵۆپاندن، تواندنەوە، پوختەکردن و ڕاھاتنییان لەگەڵ ھەر کردەیەکی دیکەدا کە بووەتە ھۆکاری کارکردن.

لە ساڵی ١٤٠٤ بڕیارێک بە فەرمانی پاشا ھێنری چوارەم دەرچوو، کە ڕەوایەتی دەدا بە قەدەغەی درووستکردنی ئاڵتوون یان زیو بە میتۆدە ئەلکیمییەکان، کە ھۆکارەکەی بەھۆی ئەلکیمیستە فێڵبازەکانەوە بوو. بێرنارد تریفس(١٤٠٦_١٤٩٠)ز ئەلکیمیستێکی ئیتاڵی بوو، دەگەڕا بە دوای ئەوەی کە بیردۆزی بەردی فەیلەسووفی بچەسپێنێت، تا ئەو کاتەی مردیش لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا، یەکێک لە وانەی کە بەشداری کردبوو لە توێژینەوەکەیدا، ماستەر ھێنری بوو لە ڤییەنا، ساڵی ١٤٦٤ز، یارمەتی بدات لە سەلماندنی بیردۆزەکەیدا، بەڵام؛ ئەوەبوو لە دواییدا فێڵی لێ کرد، ئەو کە ئەلکیمیستێکی فێڵبازبوو، چەند فێڵێکی ھەبوو بۆ چاوبەستکردنی کەسە خۆشباوەڕەکان، یاخود ئەو کەسانەی خەریکی توێژینەوە بوون، وەک؛ بەکارھێنانی دەفری تواندنەوەی کانزای دوو بناغەیی کە دەتوانرا ئاڵتوونی تێدا بشاردرێتەوە، یاخود زیادکردنی وردکەی ئاڵتوونی بۆ ناو ئەو پارچە خەڵوزانەی لە ناو دەفرەکە دەکرا، یانیش سادەتر لە ھەمووی، لە پێشدا تواندنەوەی ھەندێک ئاڵتوون لە جیوەدا و پاشان دڵۆپاندنی جیوەکەو مانەوەی ئاڵتوونەکە بە تەنھا، کە لەو سەردەمەدا خەڵکی بە بیریدا نەدەھات ئەم کردارە بتوانرێت بکرێت. یەکێک لەو ئەلکیمیستانەی بێ ھیوا دەبێت لە کارەکەی، جۆرج ڕیپلێیە(١٤١٥_١٤٩٠)ز کە ئەلکیمیستێکی ئینگلیز بوو، کاتێک دەگات بە چۆنییەتی درووستکردنی ئاڵتوون، لەسەر پێخەفی سەرەمەرگی دانبەوەدا دەنێت کە ژیانی خۆی بە فیڕۆ داوە لە سەرکەشییەکی بێ بەرھەمدا و ئەوانەشی ھاندا  کە چاوییان بە نووسینەکانی دەکەوێت، بیانسووتێنن بەوەی کە ئەوانە لەسەر تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بەند نین، بەڵکو تەنھا لەسەر مەزەندەکردنێکی ڕووت بەندن. ھەروەھا ئەلکیمیستەکان کەسانێک نەبوون وەک؛ شازادەکان پۆشاکی خاوێن و جوان لەبەر بکەن، پاراسیلۆس(١٤٩٣_١٥٤١)ز کە ئەلکیمیستێک و فیزیکزانێکی ئەڵمانی بوو، وە بە یەکێک لە پێشەوایانی شۆرڕشگێڕی پزیشکی دادەنرێت لە سەردەمی ڕێنیسانسدا،  سەبارەت بە ئەلکیمیستەکان دەڵێت: ” تەمبەڵی پیشەی ئەوانە نییە، شانازیکردن و بە خۆداھەڵنازینیش ھەروەھا، یاخود لەبەرکردنی پۆشاکی ئاوریشمی و ھەندێکجاریش دەرخستنی مستیلەکانی دەستیان، شمشێری زیوی بە خۆیانەوە بکەن، دەستکێشی سەرنج ڕاکێش و جوان بە دەستەکانیانەوە بکەن، بەڵکو؛ بە ھەوڵ و تێکۆشانەوە شوێن کارەکانیان دەکەون، و تەواوی شەو و ڕۆژەکانیان لە پەنای کورە ئاگرینەکانیاندا بە ئارەقکردنەوە  بە ڕێدەکەن، کاتەکانیان لە دەرەوە بە ڕابواردنەوە بەسەر نابەن، بەڵکو لە تاقیگەکانیاندا بەسەری دەبەن. پەنجەکانیان لە نێو خەڵوز و قوڕ و پیسی دەنێن، نەک مستیلە ئاڵتوونییەکان، لەسەرخۆ و ڕەشھەڵگەڕاون ھاوشێوەی ئاسنگەر و کرێکارە کان_لێدەرەکان، شانازی ناکەن بە ھەبوونی ڕووخسارێکی پاک و جوانەوە”. ئەو تاقیکردنەوانەی ئەلکیمیستەکان دەیانکرد، زیاتر کردارەکانیان لە ڕووی چۆنیەتییەوە بوو، بەو واتایەی دەرەئەنجامی تاقیکردنەوەکانیان وەک؛ کەرەستەکانی سرووشت سەیر دەکرد(ئاسمان، زەوی، ئاگر، ئاو) بەو واتایەی سرووشت کارتێکراوبوو لە لایەن ئەلکیمیستەکانەوە. کەرەستەکانی بەردەستیان کە تاقیکردنەوەکانیان پێ ئەنجامدەدا، سەدە لە دوای سەدە گۆڕانکاری بەسەردا دەھات، بیرکردنەوەی ئەلکیمیستەکان گەشەی دەکرد.

جین ڕێی(١٥٨٣_١٦٤٥)ز کە فیزیکزانێکی فەڕەنسی بوو، سەرنجی لە سووتانی کانزاکان دابوو، پێی وابوو دەبێتە ھۆی بەرھەمھێنانی چەندین ئاوێتە، ئەو کێشی توخمەکانی قوڕقوشم و تەنەکەی دۆزییەوە، بەھۆی کرداری سووتانەوە، ھەروەھا لەگەڵ تایبەتمەندی ھەوادا، چوون باوەڕی وابوو کاتێک ھەوا گەرمتر دەبێت ئەوا چڕتر دەبێت، ھەروەھا ئەو ھۆکارەشی کە بووە ھۆی ئاسانکردن و زیاتر بەرەو پێشچوونی ئەم بۆچوونانە، دۆزینەوەی پەستانپێو بوو لە لایەن ترۆسیلی لە ساڵی (١٦٤٣)ز. لە دوای ئەم کردارانەوە بوونی ئەلکیمیستەکان و کردارەکانیان کەم دەبووەوە، ھەوڵدەدرا کار بە میتۆدە زانسیتییەکان بکرێت و کەرەستەی نوێ بەرھەمبھێنرێت.  ڕۆبێرت بۆیڵ(١٦٢٧_١٦٩١)ز کە بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی کیمیستری(کیمیاگەری نوێ) دادەنرێت، ھەروەھا دامەزرێنەری گرنگترین یاسای گازەکانە بە ناوی (یاسای بۆیڵ)، پێی وابوو قەبارەی گازەکان کەمدەکەن لەگەڵ زیادبوونی پەستان وە بە پێچەوانەوە، ئەگەر پرسیار لە ئەلکیمیستەکان بکرایە، چی ڕوودەدات کاتێک ماددەیەک لە ھەوادا دەسووتێت؟  ئەوا بە متمانەوە وەڵامیان دەدایەوە؛ کە ماددەکە جیادەبێتەوە یاخود شیدەبێتەوە بۆ شتی سادەتر لە خۆی، بۆیڵ دەیوت:  ئەو کردارە چەند زانیارییەکمان دەداتێ کە ئاڵۆزترە لە بنچینەی ماددەکە، ھەروەھا  زیادبوونی کێش بەھۆی سووتاندنەکەوە دەگەڕێتەوە بۆ جێگیری ئەو ماددەیەی کە بە ئاگرەکەی سووتاندنەکەی پێ دەکرێت. جۆن مایۆ(١٦٤٠_١٦٧٩) ئەوەی دۆزیەوە کە بەرگەھەوا پێک دێت لە دوو ماددەی جیاواز، ئەوانیش “چالاک و ناچالاک” ھەروەھا بۆیڵ تاقیکردنەوەکانی پەسەند کردبوو، پێی وابوو کە سووتانی ماددەکە بەھۆی ھەموو بەرگە ھەواوە نییە، بەڵکو؛ بە تەنیا پەیوەستە بە بەشێکی زۆر چالاکی بەرگە ھەواوە. جۆرج ئیرنست ستاھل(١٦٥٩_١٧٣٤) کە کیمیستێکی ئەڵمانی بوو، وای کرد بیردۆزی فلۆجیستۆن کارپێکەر بێت بۆ کیمیاگەری نوێ و لە سەدەی ھەژدەیەمدا لەسەر دەستی ئەنتۆنیۆ لاڤوازێ دانی پێدانرا وەک بیردۆزێک بۆ کردە کیمیاوییەکان، کە ئەلکیمی بە تەواوەتی لە کۆتای سەدەی ھەژدەیەمدا پشتی پێ نەبەسترا و کیمیای مۆدێرن شوێنی گرتەوە، بە ھۆی بوونی ئەنتۆنیۆ لاڤوازێوە(١٧٤٣_١٧٩٤)ز، ئەو کیمیاگەرێکی فەڕەنسی بوو، لە پاریس لە دایک بوو، لە لایەن باوکییەوە پەروەردەیەکی زۆر باش کرابوو، ھەروەھا زۆر چێژی لە زانست دەبینی ھەمیشە ھەوڵی فێربوون و زانینی دەدا، کەسێکی وردبین بوو، زۆر بە وردی تاقیکردنەوەکانی ئەنجامدەدا، توانی گۆڕانکاری لە تاقیکردنەوەکاندا بکات، ئەویش گۆڕینی لە “چۆنیەتییەوە” بۆ “چەندێتی” و گرنگییەکی زۆری دەدا بە بوونی “کێش” لە تاقیکردنەوەکانیدا.

تاقیکردنەوەکانی لاڤوازێ، ئەوەی نیشاندا کاتێک ئاوی دڵۆپێنراو، گەرم دەکرێت لە دەفرێکی شووشەییدا(٦)، ھەندێک لە ماددەی دەفرەکە دەتوێنێتەوە و ئەو ماددە ڕەقە سپییەی کە بەھۆی کوڵانەکەوە دەستکەوتووە، ھەمان ئەو ماددەیەیە کە لە دەفرە شووشەییەکە جیابۆتەوە. تاقیکردنەوەکانی بە ھەمان شێوە ئەوەیان سەلماند کە ئاوەکە ھیچ گۆڕانێکی بەسەردا نایەت، کاتێک بەم کردارەدا دەڕوات؛ لە کۆتایی کردارەکەدا، ھەر وەکو؛ سەرەتا وایە، ئەویش بە تەنھا ئاو ھیچ شتێکی دیکە نا. کە ھەشت جار ئەم کردارەی بەسەر ئاوی دڵۆپێنراودا تاقیکردەوە. بەم جۆرە لاڤوازێ  بەھۆی توێژینەوەکانییەوە، توانی بەشێک لە بنچینە ئەزموونییەکانی ئەلکیمیستەکان تێکبشکێنێت، وە میتۆدێکی تاک و تەنیای ناساند کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت توێژینەوە لە گۆڕانە کیمیاییەکان بکرێت؛ میتۆدێک کە ھاوسەنگی بەردەوام تێیدا پارێزراوە. لاڤوازێ لە دوای ئەم کردانەوە، تیشکی خستە سەر سووتاندنی ماددەکان، بە تایبەتی تەنەکە(٧). بۆیڵ گریمانەی ئەوەی کردبوو کە زیادبوونی “کێش” بەھۆی سووتاندنەکەیەوە دەگەڕێتەوە بۆ جێگیری ئەو ماددەیەی کە  بە ئاگرەکەی کرداری سووتاندنەکەی پێ دەکرێت؛ جین ڕێی وای دانا کە زیادکردنی “کێش” بەرھەمی تێکەڵبوونی ھەوایە لەگەڵ ماددەکەدا؛ جۆن مایۆ پێی وابوو کە بەرگەھەوا، دوو جۆری جیاواز ھەوای تێدایە، یەکێک لەوانە یەکدەگرێت لەگەڵ ماددە گەرمکراوەکەدا، لاڤوازێ ویستی بە تاقیکردنەوەیەک ئەم بۆچوونانە تاقیبکاتەوە، بە سووتاندنی بڕێکی کێشراوی تەنەکە لە دەفرێکی شووشەیی داخراودا، کە دەفرە شووشەییەکەشی لە پێشتردا کێشابوو، گەر بۆچوونەکەی بۆیڵ ڕاستبوایە، ئەوا کێشی تەنەکەکە و دەفرە شووشەییەکە لە کۆتاییدا گەورەتر دەبوو لە کێشی سەرەتای دەستپێکردنی کردارەکە؛ ماددەی ئاگرەکە(٨) دەبێت  بە ناو دەفرە شووشەییەکەدا تێپەڕێت و لەگەڵ ماددەکەدا یەکبگرێت، ئەگەر ھیچ گۆڕانێک نەبێت لە کێشی گشتی کەرەستەکاندا، ئەگەر ھەوا چووە ناو دەفرە شووشەییەکە لە کاتی کرانەوەیدا، دوای کرداری سووتانەکە، کێشی گشتی گەورەتر بوو لە سەرەتای کردارەکە، ئەوا پێویستە کە بیرۆکەکەی “ڕێی” وەربگرین یاخود بیرۆکەکەی “مایۆ”. تاقیکردنەوەکانی دیکە وای لە لافوازێ کرد، بڵێت؛ ئەو بەشەی ھەوا کە لەگەڵ تەنەکەکە یەکی گرتووە جیاوازتر بووە لەو بەشەی کە لەگەڵ کانزاکەدا یەکی گرتووە، ھەر بۆیە خۆی تەرخانکرد بۆ دۆزینەوەی ئەوەی، کە ئایا جۆری جیاوازی ھەوا بوونی ھەیە لە بەرگەھەوادا؟ و ئەگەر جۆرێکی زیاتری ھەوا ھەبێت، ئەوا سرووشتی ئەو ھەوایە چییە؟ کە لەگەڵ کانزاکەدا یەکدەگرێت لە کرداری سووتانەکەدا. ئەوەی خستەڕوو کە دەبێتە ھۆی ئەوەی، کانزایی دوای سووتانەکە ئەو بڕە ھەوایە دەربدات کە لە کاتی درووستبوونیدا دیار نەماوە، بۆ بەراوردکردنی ئەم ھەوایە بە بەرگەھەوا. ھەر لەم کاتەدا بوو کە جۆزێف پریسلی(١٧٣٣-١٨٠٤)ز سەردانی پاریسی کرد، ئەویش خەریکی تاقیکردنەوە بوو لەسەر ھەوا، شتێکی دۆزیبۆوە کە دەکرا لە ڕێگەی ئەم دۆزینەوەیەوە ئەلکیمی گۆڕانکاری تەواوەتی بەسەردا بێت و بگۆڕێت بۆ کیمیستری(کیمیاگەری نوێ) بەڵام؛ نەیدەزانی دۆزینەوەکەی چ واتایەک دەدا، بۆیە کاتێک لە پاریس لاڤوازێ دەبینێت، پێی ڕادەگەیەنێت کە جۆرێکی نوێی ھەوای دۆزیوەتەوە، کە بەدەستدێت لە ڕێگەی سووتاندنی جیوەوە. لاڤوازێ پێشکەوتنێکی گەورەی لە دۆزینەوەکەی پریسلیدا بینی؛ ھەربۆیە تاقیکردنەوەکەی ئەوی دووبارە کردەوە و ئەوەی ڕاگەیاند: ئەو ھەوایە یان گازەی پریسلی لە ڕاپۆرتە تاقیگەییەکەیدا(٩) ئاماژەی پێ کردبوو، ھیچی زیاتر نییە لە پاکترین فۆڕمی ئەو ھەوایەی کە ھەموومان ھەڵیدەمژین، ئەم ھەوایەی ئامادەکرد و چەند ماددەیەکی جیاوازی تێدا سووتاند، ئەوەی دۆزییەوە کە زۆرینەی بەرھەمەکانی ئەم سووتانانە تایبەتمەندی ترشەکانیان ھەیە، ناوی لەم “ھەوا” تازەیە نابوو “ئۆکسجین” کە بە واتای “بەرھەمھێنانی ترش” دێت. لە دوای ئەم دۆزینەوەیەی لاڤوازێوە، کەرەستە و بیرکردنەوە ئەلکیمییەکان بە تەواوەتی وەلانران و ڕەت کرانەوە و جێگەی گرنگیپێدان نەمان، واتە لە کۆتای سەدەی ھەژدەیەم کیمیای مۆدێرن بە تەواوەتی دەستی پێکرد، بۆیە لاڤوازێ توانی ناوی توخمەکانی ھایدرۆجین، کاربۆن، ئۆکسجین بنێت. ھەروەھا گرنگی ئۆکسجینی لە ئاگرگرتن و ھەناسەداندا دۆزییەوە، ئەوەی بڵاو کردەوە کە ئاو پێکھاتەیەکە لە ھایدرۆجین و ئۆکسجین. ھەروەھا لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا بە دەستی شۆڕشگێڕەکانی پاریس  لە سێدارە دەدرێت. ئەنتۆنیۆ لاڤوازێ بە “باوکی کیمیاگەری نوێ” ناسرا، لە دوای لاڤوازێوە کیمیستری بەردەوامی بەخۆی دا و زۆر باشتر لە ڕابوردوو  گەشەی دەکرد، کەسانی داھێنەری خوڵقاند، بەشێک لەوانیش (بارزیلیۆس جۆن)، (ج،ج،تۆمسۆن)، (جۆن دالتۆن)، (ماری کوری) و چەندانی دیکە، کە لە ئێستادا گرنگی و تایبەتمەندی خۆیان ھەیە.

 

پەراوێز:

  • Lucretius
  • Molecular theory

 

  • Philosophers of stone
  • Elixir
  • Sulfur
  • Vessel
  • Tin
  • – بۆيڵ لايەنگرى ئەرستۆى كردووە و بڕواى بە چوار ئيليمێنتەكە ھەبووە، بۆيە بەكارھێنانى ” ماددەى ئاگرەكە” ت لا نامۆ نەبێ.
  • ‏ ” l’air dephlogistique de M. Priestley “

پاشکۆ:

-ئەلکیمی: سەرەتا لە لای یۆنانییەکان بە “ئەلخیمێیا” یاخود “ئەلکیمی” ناسێندرابوو، ھەروەھا لای عەرەبەکانیش بە “ئەل_کیمیا” ناسرابوو، لە ئێستا بە “ئەلخیمیا” وەریدەگێڕن، پاشانیش لە سەدەی سێزدەیەمی زایینیدا فەڕەنسیەکان پێیان دەوت “ئەلکوێمێ” و لە سەدەی چواردەدا پێی دەترا “ئەلکیمیێ” پاشان “ئەلکیمیێ”. وشەکە بە واتای (کیمیاگەری کۆن) دێت، لە زمانی کوردیشدا ھێشتاکە وشەیەکی زانستیمان بۆ زانستی “کیمیا” دانەھێناوە، چوون ئەویشمان لە زمانی عەرەبییەوە (الکیمیاء) وەرگرتووە.

-ئاوی قورس: بریتییە لە فۆڕمێکی دیکەی ئاو کە ڕێژەیەکی زۆر ئایزۆتۆپی دوانی_ھایدرۆجینی تێدایە وەک لە ئاوی ئاسایی، ناخورێتەوە چوون دەبێتە ھۆکاری ژەھراوی بوون.

-بیردۆزی فلۆجیستۆن: لە بيردۆزە كيمياييە سەرەتاييەكادا، كەرەستەيەكى گريمانەيى نێو ئاگرە، كە ھەموو ئەو ماددانەى تێدايە كە يارمەتى سووتان دەدەن. لەم تێڕوانينەوە، دياردەى سووتان، ئەوەى كە ئێستە ئۆكساندنى پێ دەوترێت، بەھۆى بەرەڵابوونى فلۆجیستۆنەوەيە، و ئەو ماددەيەى كە ناسووتێت و دەمێنێتەوە لەسەر شێوازى پاشماوە و خۆڵەمێش.

 

سەرچاوە:

-the story of Alchemy and the beginnings of chemistry, by M.M.pattirson Muir, in 1902.

-The Elements of Murder, by JOHN EMSLEY, in 2005.

-online Etymology Dictionary

بڵاوکردنەوە: