بایۆگرافیک/ ئەنتۆنیۆ لاڤوازێ

524
0
بڵاوکردنەوە:

بایۆگرافیک/ ئەنتۆنیۆ لاڤوازێ

نووسین و ئامادەکردنی: ئەلەند ڕزگار

 

“ئەنتۆنیۆ لاڤوازێ توانی شۆڕش لە کیمیستریدا(کیمیاگەری نوێ) بکات، ناوی توخمەکانی کاربۆن، ئۆکسجین، ھایدرۆجین، نا. گرنگی ئۆکسجینی دۆزییەوە لە کردارەکانی سووتان و ھەناسەداندا. ئەوەی ڕاگەیاند کە ئاو پێکھاتووە لە توخمەکانی ھایدرۆجین و ئۆکسجین. ھەورەھا ئەوەی دۆزییەوە کە سەلفەر(گۆگرد) توخمە. ھاوکاربوو لەوەی کیمیستری بگۆڕێت لە زانستی چۆنیەتییەوە بۆ چەندایەتی”. ئەنتۆنیۆ-لاورێنت لاڤوازێ لە خێزانێکی خۆشگوزەراندا، لە بیستوشەشی ئابی ساڵی ١٧٤٣دا و لە پایتەختی پاریس(فەرەنسا)، لەدایکبوو. باوکی “جین-ئەنتۆنیۆ لاڤوازێ” ، پارێزەر بوو لە پەرلەمانی پاریس. دایکی”ئیمێلی پەنکتیس”، لە خێزانێکی ساماندار لە داکببوو، کە خەریکی گۆشتفرۆشی بوون. کاتێک ئەنتۆنیۆ لە تەمەنی پێنج ساڵیدا بوو، دایکی دەمرێت و بڕێکی زۆر پارەی بۆ بەجێدەمێنێت. کاتێک تەمەنی لە نێوان یازدە بۆ ھەژدە ساڵیدا بوو، دەستی بە خوێندن کرد لە کۆلێجی des Quatre- Nations، لە زانکۆی پاریس، کە لەسەر بابەتە گشتییەکان دەیخوێند، لە دوو ساڵی کۆتاییدا تێیدا چەند بابەتێکی زانستی تێدابوو. ھەرچەندە سەرنجی زۆری لەسەر زانست بوو، بەڵام؛ چووە کۆلێجی یاسا لە تەمەنی ھەژدە ساڵیدا، ئامانجی ئەوەبوو شوێن پیشەی باوکی بکەوێت(باوکی ھانی دەدا، کە زانست وەک خولیایەکی خۆی ببینێت، نەک وەک پیشەیەکی جیدی). لە دوای دوو ساڵ خوێندن، ئەنتۆنیۆ توانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەستبھێنێت. لە دوای ساڵێک لە ١٧٦٤دا، ڕێگەی پێدرا کە وەک پارێزەرێک کاربکات، بەڵام؛ بە پێچەوانەی ئەوە کاری کرد. لەوکاتەی ئەنتۆنیۆ خەریکی بەدەستھێنانی بڕوانامەی پارێزەری بوو، بایەخی بە زانست دەدا، بۆیە لەگەڵ خوێندنەکەیدا وتارە زانستییەکانیشی دەخوێندەوە. ساڵی ١٧٦٤دا، لەگەڵ ئەوەی کاری کرداری پارێزەری دەکرد، یەکەم توێژینەوەی(پەیپەری زانستی) خۆی بڵاوکردەوە، لە ھەمان ساڵدا خەریکی ئامادەکردن بوو بۆ تاقیکردنەوەی پەیپەری زانستی لە ئەکادیمیای فەڕەنسا. لە ساڵی ١٧٦٩دا، ھەڵبژێردرا بۆ ئەکادیمیای زانستی فەڕەنسا، کە ئەوکات تەمەنی بیستوشەش ساڵبوو. لە ساڵی ١٧٧٢دا، لاڤوازێ و کیمیستەکانی دیکە ئەڵماسێکیان کڕی و خستيانە ناو كوپەڵەيەكى شوشەوە(١)، و ئاوێنەيەكى گەورەيان(زەڕەبين) بەكارھێنا بۆ ئاڕاستەكردنى تيشكەكانى خۆر بۆ سەر ئەڵماسەكە؛ ئەڵماسەکە دەسووتا و ون دەبوو. لاڤوازێ تێبینی گۆزەکەی(٢) دەکرد، کێشەکەی نەگۆڕا، تەنانەت ھەموو ئەڵماسەکە ونببوو. لە پاشدا سەرنجیدا، کە بەڵگەیەکی قایلکەر بوو بۆ یاسای پاراستنی بارستە، بۆیە ڕاست دەرچوو.ھەروەھا ئەڵماس یاخود خەڵوزەکە کاتێک  دەسووتا بەھۆی لێنزە گەورەکانەوە، ھەمان گاز درووست دەبوو- کە لە ئێستادا بە کاربۆن دایۆکساید(دوانەئۆکسیدی کاربۆن) ناوی دەبرێت. لاڤوازێ ئەوەی زانی کە ئەڵماس و خەڵوزەکە،  دوو فۆڕمی جیاوازن لە یەک توخمدا، و ناوی کاربۆنی لە توخمەکەی نا. ساڵی ١٧٧٢، خەڵکی لە کردەی سووتان تێنەدەگەیشتن، خاوەنی چەند تیۆرییەکی جیاواز و نەزانانە بوون، سەرەکیترین تیۆریان فلۆجیستۆن(٣) بوو، توخم يان كەرەستەيەكى ديتێكت(ئاشكرا) نەكراو بوو. کە بارستەی سالبی(٤) دەدا. لە ئێستادا ئەوە دەزانین، کردەی سووتان ڕوودەدات لە ئەنجامی کارلێکردنی ماددەیەک لەگەڵ ئۆکسجیندا، لە پلەیەکی گەرمی بەرزدا. ساڵی ١٧٧٢ کاتێک لاڤوازێ دەستی بە کارکردن کرد لەو بەشەدا، جۆزێف پرایستیلی خەریکی کارکردن بوو بۆ دۆزینەوەی ئۆکسجین لە “دوو ساڵی دواتردا”.  ئیشەكەى لاڤوازى، سوودى زۆرى بە زاناكانى ديكە دەگەياند،  خوليايەكى زۆرى بۆ پێوانەكارى ڕاست و ورد ھەبوو، زياتر شوێن زانستى چەندێتى دەكەوت وەک لە چۆنييەتى. ساڵی ١٧٧٢ لاڤوازێ ئەوەی دۆزییەوە، کاتێک فۆسفۆر(٥)و گۆگرد(٦) لە ھەوادا دەسوتێن، بەرھەمەکەیان ئەسید دەبێت. ھەروەھا کێشی بەرھەمھێنراو زیاتر دەبێت لە کێشە بنچینەییەکەی ماددەکە، بۆیە پێشنیاری ئەوەی کرد: توخمی دیکە لە ھەوادا یەکی گرتووە لەگەڵ “شتی” دیکەدا بۆ بەرھەمھێنانی ئەسید، بەڵام؛ چی؟ ساڵی ١٧٧٤ جۆزێف پرایستیلی سەردانی پاریسی کرد و لاڤوازێ دەبینێ، پێی دەڵێت: کە گازێکی بەرھەمھێناوە لە دەرەئەنجامی جیابوونەوەی پێکھاتەیەک، لە ئێستادا پێی دەڵێن: ئۆکسیدی جیوە (٧)، ئەم گازە لە ھەوادا پشتگیری سووتانی دەکرد. پرایستیلی باوەڕی وابوو کە گازێکی “دانەیەکی-پەتی”یە لە ھەوادا. ئەو ناوی نابوو؛ دیفلۆجیستیکەیت(٨) باوەڕی وابوو کە تایبەتمەندییەکی نائاسای ھەیە، لە نەبوونی ھەوای فلۆجیستیکیدا. لاڤوازێ باوەڕی وابوو کە دیفلۆجیستیکەیتی ھیچ شتێک بکات. لەبەر ئەو ھۆکارەی متمانەی بە تیۆری فلۆجیستۆن نەبوو. ساڵی ١٧٧٩ لاڤوازێ ناوی توخمەکەی بە “ئۆکسجین” ناوبرد، کە لە ئۆکسیدی جیوەوە بەڕەڵا دەبوو بۆیە ئۆکسجینی دۆزییەوە لە سەدا بیستی ھەوادا.  گرنگ بوو بۆ کردەی سووتان و ھەناسەدان، ھەروەھا گەیشتە ئەو ئەنجامەی، بڵێت: “کاتێک فۆسفۆر و گۆگرد دەسوتێن لە ھەوادا، بەرھەمەکەیان کە بەھۆی کارلێکی توخمێک لەگەڵ ئۆکسجیندا بووە، بەرھەمدێت”. ساڵی ١٧٧٧، لاڤوازێ بە تەواوەتی ئەوەی دەستنیشانکرد کە “گۆگرد” توخمە.  بەھۆی تاقیکردنەوە فراوانەکانییەوە ئەوەی دەستخستبوو، ھەروەھا تێبینی ئەوەی کرد کە توخمەکانی پارچە پارچە ناکرێن بۆ سادەتر لە خۆی. لاڤوازێ بڕوای وابوو کە کردەی سووتان و ھەناسەدان، کیمییاویەن یەک شتن. ئەمەی پیشاندا بە ھاوبەشی پیێری- سیمۆن لاپلاس. ھەردووکیان ئەو بڕە دوانەئۆکسیدی کاربۆن و گەرمیەکەیان پێوانەکرد، لە لایەن مشکێکی تاقیگەوە دەدرێتەوە، کاتێک ھەناسەدەدات. ئەوان بەراوردی ھەردوو گەرمییەکەیان کرد، کە بەرھەمھاتبوو لە سووتانی کاربۆنەوە بۆ دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە ڕێگەی ھەناسەدانی مشکەکە. ئەو ئەنجامانە وای کرد، لاڤوازێ بڵێت: ھەناسەدان و سووتان ئەو گەرمییە بەرھەمدەھێنن لە ھەناسەدانی گیاندارە شیردەرەکانەوە لە پلەیەکی گەرمی ژووری دیاریکراودا، کە شێوەیەکی دیکەی پێکدەھێنێت و جەستە دەھێڵێتەوە. ساڵی ١٧٨٣ لاڤوازێ ناوی گازی “ھایدرۆجینی” نا، ھێنری کاڤێندیش دەستنیشانی کردبوو وەک توخمێکی نوێ و پێی دەوت: گازێکی ئینفلەیمەبڵ(٩) ە بەو واتایەی (زوو گڕ دەگرێت). لاپلاس و لاڤوازێ دووبارە پێکەوە کاریاندەکرد، ھایدرۆجین و ئۆکسجینیان سووتاند، ئاو وەک؛ بەرھەمێک بەرھەمھات. ئەوەی ڕاگەیاند کە “ئاو” توخم نییە، بەڵام؛ پێکھاتەیەکە لە توخمەکانی ھایدرۆجین و ئۆکسجین. ئەم دەرەئەنجامە بۆ زۆرێک لە خەڵکی سەرسامکەربوو، لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا ھەموو خەڵکی وای دەزانی “کە ئاو یەکێکە لە توخمە دابەشنەکراوەکان”.

 

” پێويستى بە ھەشتاوپێنج بەش لە كێشى ئۆكسجين، پازدە بەش لە ھايدرۆجين دەكرد، بۆ پێكھێنانى سەد بەش لە ئاو “

(ئەنتۆنیۆ لاڤوازێ)

 

لە پاڵ کاری توێژینەوەکەیدا، لاڤوازێ چالاک بوو لە ھەندێک بەشی دیکەدا. لە تەمەنی بیست و شەش ساڵیدا ھەڵسا بە کڕینی کۆمپانیایەک بۆ کۆکردنەوەی باج، بۆ دەستەڵات. ھەوڵیدا بۆ دانانی یاسای باج، بۆ یارمەتیدانی باجدەرە ھەژارەکان. لە ساڵی ١٧٧١دا، “لاڤوازێ و ماری-ئانێی پیاترێ پاوڵز” ژیانی ھاوسەریان پێکھێنا، لە کاتێکدا ماری تەمەنی تەنیا سیازدە ساڵبوو، زۆر گەنج بوو، ماری نیگارکێش و پەروەردەکارێکی زۆر باشبوو. ئەو یارمەتی لاڤوازێی دەدا لە کارە زانستییەکانیدا، پەیپەرەکانی لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ فەڕەنسی وەردەگێڕا، تێبینییەکانی خۆی و ڕەخنەکانی سەبارەت بە پەیپەرە زانستییەکانی دەخستە ڕوو، یارمەتی کارەکانی دەدا لە تاقیگەکەدا، زۆر بەباشی وێنەی ئەو کەرەستانەی دەکێشا، کە لاڤوازێ بەکاری دەھێنان لە کاتی تاقیکردنەوەکانیدا، تاقیکردنەوەکانی لاڤوازێی تۆمار دەکرد و ھەڵی دەگرت. لە کاتی شۆڕشی فەڕەنسیدا، ساڵی ١٧٨٩دا دەستی پێکردبوو، کەسە سەرمایەدار و ھەرکەسێک کاری کردبێت بۆ دەستەڵاتدارەکان، ژیانیان لە مەترسیدابوو. ساڵی  ١٧٩٣ شۆڕشگێرەکان کۆتاییان ھێنا بە ئەکادیمیای زانستی فەڕەنسی و کەسە ئەکادیمییەکان. لاڤوازێ زۆر لای شۆڕشگێرەکان نەناسرا بوو، بەو ھۆکارەی لە دەزگای باج کاریدەکرد، بە دەستی شۆڕشگێرەکان لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا، لە سێدارە دەدرێت، بە بەرچاوی ھاوسەر و خێزان و خەڵکەوە. بێرتراند ڕاسڵ، دەڵێت: ئەگەر شۆڕشگێرەکان بیانزانیایە، کە زانستەکەی لاڤوازێ بە کەڵکی چەک و تەقەمەنی یەت، ئەوا نەیاندەکوشت.

 

پەراوێز:

١- glass jar

٢-jar

٣- phlogiston

٤-negative mass

٥- ‏phosphorous

٦- sulfur

٧- mercury oxide

٨- depholgisticate

٩- inflammable

بڵاوکردنەوە: