کاپیتالیزم و کۆمەڵگای مەتریالیست؛ چۆن کار لە تەندروستیمان دەکەن؟

892
0
بڵاوکردنەوە:

د.هەڤین کەمال شاهـ

 ئەوەی ڕوونە زانستی پزیشکی باو لە ئێستادا، جیاکاری لەنێوان دوو بواری گرنگ دەکات،کەجیاکردنەوەیان نەگونجاوە. یەکەم؛ جیاکردنەوەی بیر و ھۆشە لە جەستە و مامەڵەکردن لەگەڵ جەستەی مرۆڤ وەک تەنێکی بایۆلۆژی و فیزیکی، بەبێ گەڕانەوە بۆ ژیانی سۆزداری و کۆمەڵایەتی مرۆڤەکە. دووەم؛ جیاکردنەوەی تاک لەژینگە و تەماشاکردنی جەستەی مرۆڤ وەک ئەوەی مەتریاڵێک بێت کە بەھیچ جۆرێک لەژێر کاریگەری ژینگەکەیدا نیە و کارتێکراو نیە بەو گۆڕانکارییانەی ژینگە کەلەدەوریدا ڕوودەدات! ئەم بەرجەستەکردنەی لەشی مرۆڤ وەک مەتریاڵێکی بایۆلۆژی و فیزیکی بێ گەڕانەوە بۆ لایەنەکانی تری لەکاتی نەخۆشیدا، خۆی لەخۆیدا گەورەترین ھەڵەیە لەزانستی پزیشکیی باودا . وە توێژینەوە تازەکان دژی دەوەستن و جەختدەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ بە سروشتی خۆی بونەوەرێکی (بایۆسایکۆسۆشیاڵە)، ھەر بۆیە کە چارەسەر دەکرێت لەکاتی نەخۆشیدا، پێویستە لەھەموو ڕووەکانەوە ھەڵسەنگێنرێت و بەپێ ئەوە چارەسەری بدرێتێ و جگە لە کێشە فسیۆلۆژییەکەی، کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی بەھەند وەربگیرێت . ئێمە کە دەڵێن مرۆڤ بونەوەرێکی بایۆسایکۆسۆشیاڵە، مانای ئەوەیە دۆخی بایۆلۆژی و فسیۆلۆژی مرۆڤ لەژێر کاریگەری پەیوەندییە دەروونیی و سۆزداری و کۆمەڵایەتیەکانیدایە، وەچەندین توێژینەوەو لێکۆڵینەوەو تاقیکردنەوەی تازە ئەمە دەسەلمێنن. ھەر گۆڕانکارییەک لە کۆمەڵگا و دەوروبەر و باری دەروونی، کاریگەرییەکی نەرێنی یاخود ئەرێنی دەبێت لە سەر لایەنی فیزیکی و بایۆلۆژی جەستەی مرۆڤ . پزیشکی کەنەدی بەڕەچەڵەک ھەنگاری “گابور ماتی” لە وتارێکیدا بەناوی “کەلتووری ژەھراوی_ toxic cultuer” دەڵێت : ( دەبێت لەوە تێبگەین کەزانستی پزیشکی تەنیا زانستێک نیەو بەس، بەڵکو زۆر لەوە زیاترە. زانستی پزیشکی بریتییە لە ئایدۆلۆژیایەک و دەلاقەیەک بۆ تەماشاکردنی ڕەچەڵەکی مرۆڤ. ئەگەر لە زانستی پزیشکیدا مرۆڤ تەنیا وەک تاکە کەسێک و ئیندیڤیجوەڵێک سەیربکەین، و لەکۆمەڵگا جیایی بکەینەوە و گوێ نەدەینە گرنگی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سۆشیاڵەکانی، لایەنە سۆزداری و سایکۆلۆژیەکانی لەگەڵ دەوروبەری، ئەوە مانیفێستەیشنی دیدگایەک دەکەین کەھیچ جیاوازی نیە لە دیدگای ئیندڤیجوەلیزم و خۆپەرستی ئینتەرپەنور و خاوەن کارێک، کەتەنیا کارەکەی خۆیی و دەستکەوتەکانی خودی خۆی لاگرنگە بێ تەماشاکردنی حاڵی کرێکارەکانی، ئەو خاوەن کارەی کەدەڵێت : ” ئەوەی گرنگە، تەنیا خۆم و دەستکەوتەکانم و ھەموو ئەو شتانەی کە دەتوانم کۆنترۆڵیان بکەم، مرۆڤ ھەمووی لەململانێدان لەگەڵ یەکدا و سەرکەوتن بۆ ئەو کەسەیە کەخودپەرستە! ) . وەک دەبینین ئەم دیدە ئیکۆنۆمی و ئایدۆلۆژیەی خاوەن کارێک کە خاوەنی نارسیزمیەکی بەرز و ئیگۆیەکی زۆرە، ھەمان دیدی زانستی پزیشکی باوە کەتەنیا لایەنە فسیۆلۆژی و بایۆلۆژییەکەی مرۆڤی لا گرنکە بێ گوێدان بە لایەنەکانی تری مرۆڤەکە. ئەم دیدە بەشێوەیەکی زەق و ڕوون لە پراکتیکەکردنی کاری پزیشکیدا دەبینرێت لەکۆمەڵگایەکی مەتریاڵیستدا کە کاپیتاڵیزم باڵی بەسەردا کێشاوە و مرۆڤ بووە بە کاڵا تیایدا . بەگشتی لە سیستمی سەرمایەداری و کاپیتاڵیزمدا ئەو بەکاڵابوونەی مرۆڤ، مرۆڤ ڕووتدەکاتەوە لەبەھا مرۆڤایەتیەکانی تری، مرۆڤ ئەو کاتە بەھای ھەیە کە بەرھەمھێنەرە، یاخود مەسرەفکەرە، ھەرکات نەیتوانی ھیچ لەو دووانە بێت، ئەوا لەلایەن سیستمەکەوە پەراوێز دەخرێت و گرنگی پێنادرێت . ئەو مرۆڤەی نەتوانێت تا ڕادەیەکی زۆر بەرھەمھینەر بێت یاخود مەسرەفکەر بێت، ھیچ گرنگیەکی ئەوتۆی نابێ لەسیستمی سەرمایەداریدا، چونکە سوودێکی ئەوتۆی نابیت بۆ سیستمەکە . ھەر بۆیە دەبینین ئەو کەسانەی نەخۆشی دەروونی، نەخۆشی عەقڵی، ئۆتیزم، داون سیندرۆم، سایکۆپاتەکان، نەخۆشی درێژخایەن ..ھتد لەم سیستمەدا جێگایان نابێتەوە و بەھایان نییە . کاپیتاڵیزم مرۆڤ وەک کەرەستەیەک سەیردەکات و ڕووتی دەکاتەوە لە لایەنە دەروونی و سۆزداری و پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و سۆشیاڵەکانی، ھەر بۆیە مرۆڤ لەسیستمی سەرمایەداریدا مرۆڤێکی نامۆ، خەمۆک، تەنیا، و لەدەرئەنجامدا مرۆڤێکی جەستە نەخۆشی لێبەرھەمدێت . بەپێی توێژینەوەکان بێت، لەسیستمی سەرمایەداریدا مرۆڤ لەژێر سترێس و ماندوبوون و دڵەڕاوکێیەکی زۆردایە، کەئەمەش دەبێتە ھۆی ڕژاندنی ھۆرمۆنی “کۆرتیسۆڵ” لەلەشدا کەبە “سترێس ھۆرمۆن” ناسراوە. ئەم ھۆرمۆنەش کاریگەری ھەیە لەسەر کۆئەندامی بەرگری لەشی مرۆڤ و لاوازبوونی لەبەردەم نەخۆشییە جیاوازەکاندا . لەھەمان کاتدا ئەو سترێس و گوشارە دەروونیەی ئەم سیستەمە دروستی دەکات لەسەر مرۆڤەکان، دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی ھۆرمۆنی ئەدریناڵین لە خوێندا کە بە “adrenaline rush” ناودەبرێت و لەلایەن ڕژینە ئەدریناڵینەکانەوە دەردەدرێن . کە ئەمەش میکانیزمێکی بەرگرییە لە جەستەی مرۆڤدا بۆ بەرگریکردن لەدژی ھەر مەترسییەک بۆ سەر جەستەکە . بەڵام لەھەمانکاتدا کاریگەری نەرێنی ھەیە کە دەبێتە ھۆی ناڕێکی و تێکچوونی کۆئەندامی دەمارەکان، بەرزبونەوەی پەستانی خوێن، زیاد لێدانی دڵ، کشانی ڕێڕەوە ھەواییەکانی سییەکان، گەورەبوونی بیلبیلەی چاو ، گۆڕانی کرداری ڕاچەنین و میتابۆلیزم لە جەستەدا . ڕژانی ھۆرمۆنی “ئەدریناڵین” کە “ئیپینفرین” یشی پێدەگوترێت، یارمەتی جەستەی مرۆڤ دەدات بۆ بەرگریکردن و شەڕکردن لە شۆرت تێرم و ماوەکورتدا، بەڵام لە لۆنگ تێرم و ماوەی درێژدا دەبێتە ھۆی زیان گەیاندن بە جەستە و تێکشکاندنی خانەکان . لێرەدا حەزدەکەم باس لە ھەندێک توێژینەوەی زانستی بکەم، کە دەیسەلمێنێت مرۆڤ بونەوەرێکی بایۆسایکۆسۆشیاڵە، ژینگە و لایەنی دەروونی و لایەنی کۆمەڵایەتی، کاریگەریان ھەیە لەسەر لایەنی بایۆلۆژی جەستەی مرۆڤ : —- بەپێی توێژینەوەیەک کەلەزانکۆی “جۆن ھۆبکنز” کراوە لەساڵی ٢٠٠٤دا؛ بینراوە کە کۆرپە لە ڕەحمی دایکیدا لەژێر کاریگەری باری دەروونی دایکەکە دەبێت . ھەر بۆیە کەتەماشای لێدانی دڵ و جووڵانی کۆرپەلەی ئەو دایکانە دەکەیت کە لەژێر گوشاری دەروونی و سترێسدان, چالاکی جیاواز لەجووڵەی کۆرپەلەکەدا دەبینیت کە ئەمەش دەبێتە ھۆی کێشە لە ھەڵسوکەوت و فێربوون لە دواڕۆژی ئەو جۆرە منداڵانەدا. بۆیە دەبینین زۆربەی ئەو دایکانەی سترێسن و لەژێر فشاری دەرونیدان، منداڵەکانیان ئۆتیزم یاخود جۆرەھا کێشەی تری دەروونی و ھەڵسوکەوت و جووڵەو فێربونیان دەبێت . ئەوەش زانراوە لەو تاقیکردنەوانەی لەسەر ئاژەڵان کراوە ئەو دایکە دووگیانانەی خراونەتە ژێر گوشاری دەروونی، نەوەکانیان زیاتر پەنا دەبەن بۆ ئالوودەبوون بۆ ھێمنکردنەوەی خۆیان . بەم توێژینەوەیەدا بۆمان دەردەکەوێت کەتەندروستی تاک لە ڕەحمی دایکیەوە دەست پێدەکات، ھەر بۆیە بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی تەندروستمان ھەبێت دەبێت ژینگەیەکی تەندروست و مامەڵەیەکی گونجاو بۆ ئافرەتی دووگیان دەستەبەرکەیت . — یەکێکی تر لەو توێژینەوانە، لەزانکۆی” ھارڤەرد” ئەنجامدراوە لەساڵی ٢٠١٢ دا، باس لە کاریگەری گوشاری دەروونی دەکات لەسەر منداڵ، بینراوە ئەو منداڵانەی خۆیان یاخود باوانیان لەژێر کاریگەری گوشاری دەروونی و سترێسدا بوون، بەڕێژەیەکی زیاتر تووشی نەخۆشیەکانی دڵ، شەکرە، بەرزی پەستانی خوێن، قەڵەوی …ھتد دەبن . نەک تەنھا ئەوە، منداڵی ساوا چۆن بە ڕەنگاری سترێس دەبێتەوە؟! ئەوەش بابەتێکی سەرنج ڕاکێشی ترە. بەھۆی ھەندێک میکانیزمی بەرگرییەوە، منداڵ ئەگەر دوچاری فشارێکی زۆری دەروونی بێتەوە و نەتوانێت بەرھەڵستی بکات یاخود بەڕەنگاری بێتەوە، ناچار دەبێت مێشکی لەلایەکی تردا دابنێت بۆ ئەوەی ھەست بە نائارامی نەکات. ئەگەر منداڵەکە ساڵێک یان دووساڵ بێت و لەقۆناغی گەشەی مێشکدا بێت، ئەوا بە میکانیزمی جیاواز بەڕەنگاری ئەو فشارە دەرونیە دەبێت کە لە دوایدا وەکو ئۆتیزم و نەخۆشیەکانی hypermobility syndrome دەردەکەون . وەک دەبینین ئەمە نەخۆشیەکی بۆماوەیی نییە، ھەروەھا کێشەیەکی تاکە کەسی نییە،بەڵکو کاریگەری ژینگەیەکی پڕ سترێس و گوشاری دەرونییە لەسەر باوانەکان کە دەگوێزرێتەوە بۆ نەوەکانیان. — یەکێکی تر لەتوێژینەوەکان لە ئوسترالیا ئەنجامدراوە ، ٥٠٠ ئافرەت ھێنراوە و پشکنینیان بۆ کراوە بۆ گرێی شێرپەنجەی لە مەمکیاندا، پێش پشکنین ئافرەتەکان خراونەتە ژێر وتوێژ و تاقیکردنەوەی دەروونی، بینراوە ئەو ئافرەتانەی تووشی پەشۆکاوی باری دەروونی بوون، مەترسی شێرپەنجە( ٩) ھێندە زیاتر بووە لەوانەی تووشی گوشاری دەروونی نەبوون . ئەمانە ھەمووی کاریگەری گوشاری دەروونی و سترێسی کۆمەڵگای مۆدێرنە لەسەر مرۆڤ، بەڵام ئەگەر بێنە سەر کاریگەری ئەو ژینگەیەی سیستمی سەرمایەداری پێماندەبەخشێ لەسەر تەندروستی تاک، دەبینین بەپێی توێژینەوەیەک کە لەسەر کۆمەڵێک ئافرەت کراوە کەبۆنی ھایدرۆکۆربۆناتی بۆنداری فرە بازنەیان کردووە (PAHs)، کە لە ئەنجامی تەواو نەسوتاندنی سوتەمەنیەکانی وەکو؛ خەڵوز ، دار، توتن، گازوایل، بەنزین….ھتد دروست دەبێت، بینراوە ئەم ئافرەتانە منداڵەکانیان کێشەی فێربوون و ھەڵسوکەوتیان دەبێت لەقوتابخانە و لەدوایدا تووشی پەشۆکانی دەروونی دەبن . وەک دەبینین ئەمە کێشەیەکی ژینگەیی مادییە، بەڵام لەھەمانکاتدا کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و ئیکۆنۆمیشە! چۆن ؟! بۆ وەڵامدەنەوەی ئەم پرسیارە دێنەوە سەر بابەتی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی؛ ھەژارەکان زۆرتر دووچاری ئەم کێشانە دەبنەوە لەھەموو لایەنەکانەوە، ئەگەر ژینگەو ئاو و ھەوای پیس بێت، یاخود گوشاری دەروونی و کۆمەڵایەتی بێت و چەندەھا ھۆکاری تر . ھەر بۆیە دەبینین کە خێزانە ھەژارەکان خاوەنی زۆرترین منداڵی نوقسان و کەمئەندام و شەلەل دەماغ و … ھتد دەبن . کەواتە کێشەکە کێشەی تاکە کەسی نیە بەڵکو کێشەی کۆمەڵگاو چینەکانە و ناتوانرێت تاک لە کۆمەڵگا جیابکرێتەوە . ھەر بۆیە گۆڕانکاری لە ئاستی تاک ناکرێت بەڵکو لەئاستی کۆمەڵگادا دەبێت بکرێت. لەلایەکی ترەو و کە ھەواڵێکی دڵخۆشکەرەو ڕۆڵی ئەرێنی کۆمەڵگای ھاوسۆز دەردەخات، بەپێی توێژینەوەیەک کەلەسەر ئەو ژن و پیاوە بە تەمەنانە کراوە کەلەتەمەنی شەست و حەفتاکاندان و دووچاری جەڵتەی دەماغی بوون، بینراوە ئەو نەخۆشانەی بەکۆمەڵگایەکی ھاوسۆز و پاڵپشت دەورەدراون، ئەگەری چاک بونیان زۆر زیاتر بووە لەوانەی کە لەڕووی سۆزدارییەوە فەرامۆش کراون و پاڵپشت نەکراون . کەئەمەش دووبارە گرنگی کۆمەڵگاو ژینگە دەردەخات لەسەر تەندروستی تاک . ھەر بۆیە بۆ ئەوەی ڕێگری لەنەخۆشی تاک بگیرێت دەبێت لە کۆمەڵگاوە دەست پێبکەیت و تەندروستی بکەیت . ” بۆئەوەی ڕێگری لە نەخۆشی قەڵەوی منداڵەکەت بگریت تەنیا ئەوە بەس نیە کەپێی بڵێت چی بخوات و چ وەرزشێک بکات، بەڵکو دەبێت بگەڕێیت بەدوای ئەوەی کەچی کەمە لەژیانیدا و پێویستی بەچییە؟ چ ھۆکارێک دەیخاتە ژێر فشاری دەروونی کەوایلێدەکات بە خواردنی زۆر و ناتەندروست قەرەبویبکاتەوە ؟ ” . زۆربەی جار دەردەکەوێت کە ئەو منداڵانە لەڕووی سۆزدارییەوە و پەیوەندییە مرۆڤایەتیەکانەوە نەقس و کەمیان ھەیە ، خاوەنی ئەو پەیوەندیانە نین کە پاڵپشتیان دەکەن و دەیانکەن بە مرۆڤێکی تەندروست . کاتێک دکتۆر “گابور ماتی” کە پێشتر ئاماژەم داوە بە وتارەکەی، باس لە کلتوری ژەھراوی و کۆمەڵگای مەتریالیست دەکات، جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کۆمەڵگای مەتریاڵیست تەنھا لە ڕووی مادییەوە تەماشای مرۆڤ دەکات، و تەنھا بەپێی ئەوەی خاوەنی چەند سەرمایەیە و لەڕووی ئابوورییەوە چۆنە ھەڵیدەسەنگێنێت. وە ڕووتیدەکاتەوە لە بەھا مرۆڤایەتیەکانی تری وەکو پەیوەندیە سۆزداری و کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی و بەھا ڕۆحیەکانی تری . لە سیستمی کاپیتالیزمدا، کولتور نوقمی مادیەت و مەتریاڵە، باری ئابووری ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لەھەڵسەنگاندنی مرۆڤەکاندا و بەھا ڕۆحییەکان لە کاڵبونەوەدا دەبن . لە ڕاستیدا مرۆڤەکان پێویستیان بە مانا و بوون و خۆشەویستی ھەیە، بەڵام کۆمەڵگای مۆدێرن ھەڵسەنگاندن بۆ مرۆڤ لەسیستمیدا دەکەوێتە سەر ئەوەی تاچەند دەتوانێت مرۆڤێکی بەرھەمھێنەر یاخود مەسرەفکەر بێت و بەپێی ئەوە بەھای بۆ دادەنێت، ھەر بۆیە لەگەڵ ھەموو ئەو باس و خواسانەی لەبارەی بەھای مرۆڤایەتی دەکرێت لەم سەردەمەدا،بەڵام لەڕاستیدا کۆمەڵگاو کەلتور مرۆڤەکان وەکو بەھای ڕاستەقینەی خۆیان نانرخێنین، بەڵکو تەنیا بەپێی ئەوەی توانیویانە چی پێشکەش بکەن، یاخود چی مەسرەف بکەن و بکڕن، دەیانرخێنێت ! بڕیار بۆ ژیانی مرۆڤ لە کۆمەڵگای مۆدێرندا لەلایەن کەسانێکەوە دەدرێت کە نەدەیان ناسیت و نەدەتناسن، ژیانت لەژێر کاریگەری ئەو گۆڕانانە دەبیت کەئەوان بۆت دیاری دەکەن، ھەر بۆیە ڕێژەی فشاری دەروونی و سترێس تابێت زیاتر دەبێت و ئەم ھەموو فشارەش ڕێژەی نەخۆشییە جەستەیی و دەروونی و ئالودەبوون و خەمۆکی و نامۆ بوون و تەنیایی و ..ھتد زیاد دەکات لەنێوان مرۆڤی ئەم سەردەمەو کۆمەڵگاکاندا. لەسەدەی نۆزدەھەمدا، فەیلەسوفی ئەڵمانی “کارل مارکس” لەکتێبیکیدا بەناوی” نامۆبوون_alienation” زۆر بەجوانی باس لە چوار جۆر نامۆبوون دەکات لە کەلتورەکەماندا، کە زۆر بە باشی دەیبینین لەھەڵسوکەوتی مرۆڤی ئەم سەردەمەو دکتۆر ماتیش ئاماژەی پێداوە لەوتاری “کلتوری ژەھراوی” دا ، کە ئەوانەش ئەمانەن : — نامۆبوون بەرامبەر ژینگە؛ بەجۆرێک لەبری پاراستنی ژینگە ھەوڵی ژەھراویکردنی ژینگە دەدرێت . — نامۆبوون بەرامبەر خەڵک؛ کە لە پەیوەندی کەمتر، سۆزی کەمتر، متمانەی کەمتر بە دەوروبەر، خۆیدەبینێتەوە . — نامۆبوون بەرامبەر ئیش و کار؛ مرۆڤەکان ھەڵناسن بە ئەنجامدانی ئەو کارانەی حەزیان لێیەو و مانای ھەیە، بەڵکو تەنیا بەو کارانە ھەڵدەستن کە لەڕووی ئابووری و مادییەوە سودمەند دەبن لێی . — نامۆبوون بەرامبەر خود؛ نەمانی باوەڕ و متمانە بە بەھەست و سۆزەکانمان، ئەو نەژاد و غەریزانەی پێماندەڵێت چی ڕاستەو چی ھەڵەیە؟! کاپیتاڵیزم بەرھەمھێنەری تاک و کۆمەڵگای نەخۆش دەبێت، ھەم لەڕوویی فیزیکی و جەستەیی و ھەم لەڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە، ئەگەر ھەوڵ نەدرێت بەھا مرۆڤایەتیەکانی تر بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە بگەڕێنرێتەوە و لەو دۆخە مەتریاڵیستە ڕزگار نەکرێت

بڵاوکردنەوە: