ژیـنگە و پلاستیک

1388
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: لیزا شێرزاد

ژینگە بریتییە لەو: ناوەندە سرووشتیە هاوسەنگەی دەوروبەرمان کە کۆکەرەوەی هەموو شتە زیندوو و نازیندووەکانە، ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ بە بەردەوامی کاریگەریان لەسەر یەکتر هەیە.

زانستی ژینگە یاخود “ژینگەزانی” زانستێکە بایەخ دەدات بە پەیوەندی و کاریگەری نێوان بوونەوەران و ئەو گۆڕانە فیزیای و کیمیایانەی کە ڕوودەدەن لە دەوروبەرماندا. چەمکی ژینگەزانی بۆ یەکەمجار لە ساڵی ۱۸٦٦ لە لایەن زانای ئەڵمانی “ئەرنست هایکڵ”ەوە بەکارهێنرا و لە ئێستادا یەکێکە لەو زانستە پڕ بایەخانەی کە گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت لە لایەن زانستخوازان و ژینگەدۆستانەوە.

لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی زەوی و پێداویستیەکانی مرۆڤ بۆ بەردەوام بوونی لە ژیاندا، وەک؛ کردنەوەی  کارگەکان و بڕینەوەی دارو درەخت بۆ درووستکردنی کەلوپەل و سووتاندنی ملیۆنەها بەرمیلە نەوت لە ڕۆژێکدا، بوونەتە هۆکاری پیسبوونی ژینگە و تێکچوونی هاوسەنگی وەک زیادبوونی پلەی گەرمی و ڕێژەی گازە ژەهراویەکانی وەک دوانە ئۆکسیدی کاربۆن.

ئەگەر بە شێوەیەکی سادە پێناسەی پیسبوونی ژینگە بکەین دەتوانین بڵێین بریتیە لەو: گۆڕانە کیمیایی و فیزیایی و زیندەیانەیی کە دەبێتە هۆی گۆڕانی سرووشتی خاک، ئاو و هەوا و سەرچاوە سرووشتیەکان سەرئەنجام زیانێکی زۆر بە زیندەوەران بە گشتی و مرۆڤ بە تایبەتی دەگەیەنێت.

زۆر هۆکار هەن کە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە و تێکچوونی هاوسەنگی ژینگەیی، زۆربەی هەرە زۆریشیان بەهۆی زۆر بوونی مرۆڤ و چالاکیەکانی مرۆڤەوەیە، گرنگترین سەرچاوەکانی پیسبوون بریتین لە:

١- کارەساتی سرووشتی وەک زریان و لافاو و بومەلەرزە.

٢- پاشماوەی پیشەسازی.

٣- سوتەمەنی ئۆتۆمبێل.

٤- بەکارهێنانی بڕێکی زۆر پەینی کیمیای بۆ خاک.

٥- وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.

٦- بەکارهێنان و فڕێدانی پلاستیک.

پلاستیك

پلاستیک

پلاستیک  :ئەو ژەهرەی ڕۆژانە و بە بەردەوامی بەرکەوتنمان لەگەڵی هەیە.

یەکێکە لە درووستکراوەکانی دەستی مرۆڤ کە بەهۆی سووکی کێشیەوە، کەمی تێچووی بەرهەم هێنانی  بەکارهێنانێکی زۆری هەیە و ئاسانکاریەکی زۆری بۆ ژیانی مرۆڤ کردووە بەڵام؛ لە هەمان کاتدا زیانێکی زۆری بۆ ژینگە هەیە و دوژمنێکی مەترسیداری ژینگەیە،  بۆ یەکەم جار لە تەمووزی ساڵی ۱۹٠۷ دا، “لیۆ بەیکڵند” کە بە باوکی پیشەسازی پلاستیک دادەنرێت یەکەمین پلاستیکی لە تاقیگەکەیدا درووست کرد بە تێکەڵکردنی “فۆرمەڵدیهاید” لەگەڵ “فینۆڵ” لە ژێر کاریگەری گەرمکردند.

پیشەسازی پلاستیک بە خێرای و بە بەردەوامی لە گەشەکردندا بوو،  ساڵی ۱۹۳٥ کیمیا زانی ئەمێریکی “واڵس کرازەرس” بۆ یەکەم جار نایلۆنی داهێنا ، چوار ساڵ دواتر و لە ساڵی ۱۹۳۹ دا، لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی دووەم هەلی زێڕین بۆ پلاستیک هاتە پێشەوە لەگەڵ بەردەوامی جەنگ و کەم بوونەوەی بەرهەمە سرووشتیەکانی وەک لاستیک و ئاوریشم بەکارهێنانی بەرهەمە پلاستیکیەکان بە تایبەت نایلۆن زۆر زیادی کرد.

  • پلاستیک لە ڕووی کیمیاییەوە:

پلاستیک بە گشتی لە “هایردۆکاربۆنەکان” دروست دەکرێن لە ماددەی پۆلیمەری کە  لە زنجیرەیەکی درێژی گەردیلەی کاربۆن پێکهاتووە لەگەڵ چەند گەردیلەیەکی تری وەک ( ئۆکسجین، گۆگرد ، نایترۆجین و کلۆر )هەر زنجیرەیەکیش دەگەڕێتەوە بۆ  چەند یەکەیەکی دووبارەوە بوو کە لە مۆنۆمەرەکان پێکهاتوون و هەر زنجیرەیەکیش لە پۆلیمەر لە هەزارەها یەکەی دووبارەوەبوو پێک هاتوون، پلاستیکەکان بە ئاسانی لە قاڵب دەدرێن و شێوەیان دەگۆڕدرێ بە بەکارهێنانی گەرمی، پەستان. لەگەڵ ماددە پۆلیمەریەکان چەندین ماددەی تر لە درووستکردنی دا بەکاریەت  زیاتر لە سەرچاوەکانی نەوت و گازی سرووشتیەوە وەردەگیرێن بە جۆرێک ٤٪ ی کۆی سوتەمەنی ساڵانەی جیهان بۆ پیشەسازی پلاستیک بەکار دەهێنرێت.

  • پلاستیکەکان بە شێوەیەکی گشتی دابەش دەکرێن بۆ دوو کۆمەڵە:

‏ ١- ثێرمۆسێت: ئەوانەن کە گەرمی کاریان تێناکات دوای ڕەقبوونیان شێوەیان ناگۆڕێت وەک؛ (ئیپۆکسی،سلیکۆن،پۆلی-یۆرسەین،فینۆلیک) (١).

٢- ثێرمۆپلاستیک: ئەوانەن بە گەرمی کاریان تێدەکرێت و دوای ڕەقبوونیان بە گەرمکردن دووبارە دەتواندرێت شێوەیان بگۆڕدرێت، ئەم جۆرە لە پلاستیک زیاتر بەرگەی پیاکێشان دەگرێت و لەبەرئەوەی بە گەرمی کارتێکراون،  دەتوانرێت بە ئاسانی دووبارە بەکاربهێنرێنەوە، چەندین جۆری جیاوازی هەیە کە بەکارهێنانێکی زۆری هەیە لە ژیانی ڕۆژانەماندا وەک؛ (پۆلیڤینایڵ-کلۆراید ، پۆلیڤینایڵ-ئەسیتەیت ، پۆلیستایرین)(٢).

  • پلاستیکەکان بە پشتبەستن بە توانای دووبارە بەکارهێنانەوەیان بۆ حەوت جۆر پۆلێن کراون:

١- پۆلیئسیلین-تێرێفسالەیت  (PETE): ئەم جۆرە زیاتر بۆ درووستکردنی دەبەی ئاو بەکار دەهێنرێت.

٢- پۆلیئسیلین (چڕی زۆر)  (HDPE): زیاتر لە درووستکردنی دەبەی شیر، شەربەت، دەبەی تایت و شامپۆ دا بەکاردەهێنرێت.

٣- پۆلیڤینایڵ کلۆراید  (PVC): بەرگریەکی باشی هەیە بەرامبەر بە ماددە کیمیایەکان بۆ درووستکردنی پەنجەرە، بۆری ماڵان و یاری منداڵان بەکاردەهێنرێت.

٤- پۆلیئسیلین (چڕی کەم) (LDPE): پلەیەکی شلبوونەوەی نزمی هەیە بۆ درووستکردنی وایەر، زەرفی خۆڵ و عەلاگەی جل هەڵواسین بەکاردەهێنرێتت.

٥- پۆلیپرۆپلین  (PP): جیڕ و ڕەقە و بۆ درووستکردنی کوپ، دەبەی شەربەت، دەفری ماست بەکاردەهێنرێت.

٦- پۆلیستایرین  (PS): لە درووستکردنی یاری، کەیسی سی دی و کەوچک و چەتاڵی سەفەریدا بەکاردەهێنرێت.

٧- بەشێکی دیکە لە پلاستیک؛ هەموو جۆرەکانی تری پلاستیک دەگرێتەوە، وەکو (بس فینۆڵ ، نایلۆن و پۆلی کاربۆنەیت کە لە درووستکردنی “سی دی” دا بەکار دەهێنرێت) بە شێوەیەکی گشتی ئەوانەن کە توانای دووبارە بەکارهێنانەوەیان کەمە.

پلاستیکی جۆری (٢،٤،٥) ژەهری کەمترە وەک لە جۆرەکانی (١،٣،٦،٧) هەروەها جۆری (١،٢،٦)  باوترین جۆری پلاستیکن کە لە پڕۆسەی دووبارە بەکارهێنانەوەدا بەکاردەهێنرێن، بە پێچەوانەوە چوار جۆرەکەی تر زۆر بە کەمی بە پڕۆسەی دووبارە بەکارهێنانەوەدا دەڕۆن.

  • ماوەی شیبوونەوەی پلاستیک :

جۆری یەکەم : دە بۆ پێنج ساڵ.

جۆری دووم : سەد ساڵ.

جۆری سێیەم: هەرگیز شی نابێتەوە.

جۆری چوارەم: پێنجسەد بۆ هەزار ساڵ.

جۆری پێنجەم: بیست بۆ سی ساڵ.

جۆری شەسەم: پەنجا ساڵ.

جۆری حەوتەم: زۆربەیان هەرگیز شی نابنەوە جگە لە پۆلی-لاکتیک-ئەسید کە شەش مانگی پێویستە بۆ شیبوونەوە.

  • زیانەکانی پلاستیک بۆ ژینگە :

 

لەبەرئەوەی سەرچاوەی بنەڕەتی پلاستیک نەوتی خاو و سوتەمەنیە، بۆیە هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ پیسبوونی ژینگە لەبەر ئەوەی نەوتی خاو بڕێکی زۆر لە ماددە پیسکەرەکان دەردەدات کە زۆربەیان ناتوانرێت بە شێوەیەکی سرووشتی شی بکرێتەوە لە لایەن بەکتریا و زیندەوەرە وردەکانی دیکەوە، هەر بەو هۆیەوە ساڵانە بڕێکی زۆر لە کیسەڵ و زیندەوەرە ئاویەکانی تر دەمرن کاتێک بڕێکی زۆر لە پلاستیک فڕێ دەدرێتە دەریاوە.

هەروەها ئەو پلاستیکانەی بە کرداری زیادکردنی “هالۆجین” درووست دەکرێن بە تایبەت زیادکردنی “کلۆر”، ماددەی زیانبەخش دەکەنە خاکەوە و دواتر ئەم ماددانە تێکەڵ بە ئاوی ژێر زەوی و سەرچاوە ئاویەکان دەبن، دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بەو زیندەوەرانەی ئاوەکە دەخۆنەوە.

لەبەرئەوەی پلاستیک زیانێکی زۆر بە زیندەوەران دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی مردنی بڕێکی زۆری زیندەوەران بە تایبەت زیندەوەرە ئاویەکان ئەمەش زیانێکی زۆر بە سیستەمی ژینگەی دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی زەوی و هۆکارێکی سەرەکی زیادبوونی پلەی گەرمی زەویە، سەرەڕای ئەو زیانانەی بۆ بوونەوەران و سیستەمی ژینگەی هەیەتی، لەبەرئەوەی ماوەیەکی زۆری دەوێت بۆ شیبوونەوە و هەندێکیشیان هەر شی نابنەوە بۆیە دیمەنێکی ناشرینی بەخشیوەتە ژینگە و ئەو شوێنانەی پاشماوە پلاستیکیەکانی لێ فڕێ دەدرێت.

بۆ ڕزگار بوون لەو پلاستیکەی کە فڕێدراوەتە ژینگەوە یەکێک لە ڕێگەکان سووتاندنیەتی کە ئەمەش زیانێکی ترە بۆ سیستەمی ژینگەیی چونکە پلاستیک کاتێک دەسوتێنرێت بڕێکی زۆر لە گازە زیانبەخشەکانی وەک؛ (dioxins furans,Mercury, polychlorinated biphenyls) دەکەنە ئەتمۆسفێری زەویەوە و دەبنە هۆی گۆڕانی کەش و هەوا کە لە ئەمڕۆدا یەکێکە لە کێشە ژینگەییە مەترسیدارەکان.

یەکێکی تر لە ڕێگەکان بۆ ڕزگار بوون لە پلاستیک ئەوەیە؛ ئەگەر پلاستیکەکان لە زەویدا بنێژین، کە ئەویش وەک باسمانکرد زۆربەی جۆرەکانی پلاستیک شینابنەوە لە لایەن ئەو بەکتریا و زیندەوەرانەی لە خاکدا هەیە، بۆیە ناشتنی پلاستیکەکان لە خاکدا تەنیا شوێن داگیرکردنە و پیسبوونی خاکەکەی لێ دەکەوێتەوە. دەتوانین بڵێین؛ باشترین چارەسەر بۆ ڕزگار بوون لە پاشماوەی پلاستیکی کەم بەکارهێنانی بەرهەمە پلاستیکیەکان و دووبارە بەکارهێنانەوەیەتی.

کاریگەری پلاستیک لەسەر تەندروستی مرۆڤ:

لەگەڵ ئەوەی پلاستیک زیانێکی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە بەڵام؛ لە ئەمڕۆدا بە جۆرێک کۆنتڕۆڵی ژیانی مرۆڤی کردووە کە دوورکەوتنەوە لێیان ئەستەمە، زۆربەی جۆری پلاستیک ماددەکانی وەک (bisphenol A ،  phthalates) دەردەدەن کە زیانێکی تەندروستی زۆری هەیە بۆ مرۆڤ.

سالەیت(phthalates): یەکێکە لەو ماددانەی لە پێکهاتەی پلاستیکدا بەکاردێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگەی شکانەوە بگرێت زیاتر لە پلاستیکی (پی-ڤی-سی) دا بەکاریەت، وەکو توێنەریش لە بەرهەمەکانی جوانکاری خانماندا بەکاردەهێنرێت.

لەبەر ئەوەی ئاوێتەکان لە پلاستیکدا زۆر بە توندی بە یەکەوە نەبەستراون بۆیە هەندێک جار لێک جیادەبنەوە و دەچنە لەشمانەوە، لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە سالەیتەکان کاریگەری خراپیان لەسەر گەشەکردنی خوێنبەری زاوزێی منداڵی کوڕ هەیە و دەبێتە هۆی دابەزینی ڕێژەی هۆرمۆنی تێستستیرۆن، ئەگەر پێش لە دایک بوون بەرکەوتن هەبێت لەگەڵ ئەم ماددەیەدا دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی ژیری کۆرپەلە و کێشەی گەشەکردن.

بسفینۆڵ-ئەی(Bis phenol A) : یەکێکی ترە لەو ماددانەی لە پێکهاتەی پلاستیکدا هەیە زیاتر لە درووستکردنی دەبەی ئاو و هەڵگری خۆراکدا بەکاریەت، توێژینەوەکان دەریان خستووە کە ئەم ماددەیە کاریگەری خراپی لەسەر مێشک و لیکەڕژێنی پڕۆستات هەیە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.

 

پەراوێز:

  • (Epoxy،silicone،polyurethane،phenolic)
  • (Polyvinyl chloride , Polyvinyl acetate , polystyrene)

 

پاشکۆ:

گازە ژەهراویەکان: ئەو گازانەن کە زیانێکی زۆر بە زیندەوەران دەگەیەن و دەبنە هۆی چەندین نەخۆشی مەترسیدار وەک نەخۆشی درێژ خایەنی سییەکان . ژمارەیەکی زۆر گازی زیانەخش هەیە دیارترینیان:

١- Mercury: لە پلەی گەرمی ژوروودا (بیستی سیلیزی) شلە کاتێک گەرم دەکرێت دەبێتە گاز و ئەگەر هەڵبمژرێت لە لایەن مرۆڤەوە کاریگەری خراپ لەسەر سیستەمی هەرس و بەرگری جێ دەهێڵێت.

٢- Furans: گازێکی بێ ڕەنگە و بە ئاسانی گڕ دەگرێت، دەبێتە هۆی ژەهراوی بوونی پێست و هۆکارە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە.

٣- Dioxin: گازێکی زۆر ژەهراوییە دەبێتە هۆی کێشەی زاوزێ و گەشەسەندن.

٤- Polychlorinated Bisphenyl (PCBs): زۆر بە بەهێزی بە خۆڵەوە دەنوسێت و دەچێتە لەشی زیندەوەرانەوە، دەبێتە هۆی لیر و زیپکە لەسەر پێست و دەبێتە هۆی نەخۆشی جگەر.

 

سەرچاوە:

 

https://www.who.int/news-room/fact-sheets/detail/mercury-and-health

https://www.cdc.gov/biomonitoring/DioxinLikeChemicals_FactSheet.html

 

 

بڵاوکردنەوە: