دەربارەی کات

507
0
بڵاوکردنەوە:

دەربارەى كات

نووسین و ئامادەکردنی: ڕاستی سەلام

” ئەمڕۆ و ئێستا و داھاتوو، لە ئێستاوە تا داھاتوو”

ئەمانە ھەموو ئەو ووشە و دەستەواژانەن كە ڕۆژانە بە بەردەوامى بەكاريان دەھێنين، بۆ گوزارشت كردن لە “كات”، و شێوەى بەدواى يەكدا ھاتنى ڕووداوەكان. ” ئەم ڕووداوە لە پێش ئەمەوە بووە، ئەمەشيان لە دواتر بووە”، بەڵام؛ با ھەندێک بوەستين و ئەو پرسيارە بكەين، بۆچى ئەم ڕووداوە لە پێشترەوە دێت؟ بۆچى دوێنێ لە پێش ئەمڕۆوەيە ؟

وا دابنێ يەكێک پرسيارێكى لەم شێوەيەت لێدەكات، لەوانەيە ھەندێک سەرسامى خۆت دەرببڕيت بۆ پرسيارەكەى، و لە پاشاندا كاتژمێرەكەت دەربێنيت و بڵێيت: ” سەيركە، بە پێى كاتژمێرەكەم، دوێنێ دوێنێيە و ئەمڕۆش ئەمڕۆيە.”، بەڵام؛ وا دابنێ ھيچ كاتژمێر و ئامڕازێكى پێوانەكردنى كاتت لا نييە. لەوانەيە ئەمەش جياوازييەكى وا درووست نەكات، چونكە ھێشتاش دەتوانيت كە “كات” دياريبكەيت، بەوەى لە كەيدا خۆر ھەڵدێت و ئاوا دەبێت. ئەمەش شتانێكە كە مرۆڤ ھەر لە زووەوە كردوێتى؛ كاتەكانى ڕۆژ بناسێتەوە بە ھەڵھاتن و ئاوابوونى خۆر، و مانگێک بناسێتەوە بە شێوە و دركەوتەى مانگ، وەرزەكانى ساڵيش بناسێتەوە بە گۆڕانى شوێنى ئەستێرەكان لە ئاسماندا. چى دەبێت ئەگەر ھەموو شتێک لە جوڵە بوەستێت؟(بێگومان ئەمە مەحاڵە)، بەڵام؛ ئايا دەتوانين كات ديارى بكەين؟ يان دەتوانين بڵێين كات بريتييە لە جوڵە؟

بەڵام؛ شتەكە ھەر بەم شێوەيە نييە، گەر زياتر لەسەر ئەم بابەتە قسە بكەين، نابينايەكيش كە ھەڵھاتن و ئاوابوونى خۆر، و شێوەى دەركەوتەى مانگ نابينێت، ھێشتا دەتوانێت ئەوە جيا بكاتەوە كە دوێنێ ڕوويداوە لەوەى كە ئەمڕۆ ڕوودەدات. ھەر بۆيەش دەكرێت بڵێين كە شتەكە زياتر پەيوەندى بە ناوەوەى خۆمانەوە ھەيە وەک لەوەى پەيوەندى بە جيھانى دەرەوە ھەبێت. ئێمە خاوەنى ئەو ھەستەين بەرامبەر بە كات و ئەو گۆڕانانەشى كە بەسەريدا دێت، بەڵام؛ با ھەندێكک وردتر بابەتەكە بخەينە ژێر گومانەوە.

ھەستكردن بە كات

ھەستكردنت بە كات دەرەئەنجامى كارلێک كردنتە لەگەڵ ڕووداوەكانى ئەم ساتەى ئێستادا، كات شتێک نييە كە ببينرێت يان ببيسترێت؛ گرێ نەدراوە بە شتێكەوە تا لە ڕێى يەكێک لە ھەستەوەرەكانەوە ھەستى پێ بكەين، وەكو چۆن ڕووناكى بە چاوەكانمان دەبينين، بەداخەوە ئەم ھەستكردنە قوڵەشت ھەندێكجار متمانەى پێ ناكرێت. چەند كاتێک ھەيە لە ژيانى ھەمووماندا كە بە سەختى لە چاوەڕوانيداين، لە چاوەڕوانى كوڵانى ئاوەكەمان ھەتاوەكو چاوەڕوانى ھاتنەوەى ئەنجامەكانى تاقيكردنەوە، ئەم چاوەڕوانييانە وا دەردەكەون كە ھەميشەيى بن و كات زۆر بە ھێواشى تێبپەڕێت، بەڵام؛ كاتێک لەگەڵ ھاوڕێيەک يان كەسێكى خۆشەويستتدا كۆدەبيتەوە، ھەست دەكەيت كە كات بە شێوەيەكى خێراتر تێدەپەڕێت. ھەستكردنمان بە تێپەڕينى كات و پێزانينمان بۆى، پەيوەندى بە ماوەى ئاگادارى و چێژ وەرگرتنمانەوە ھەيە بۆ ئەوەى كە ڕوودەدات، ھەروەھا ھەستپێكردنى كات دەگۆڕێت لەگەڵ خێرايى كاركردنى مێتابۆليزمى(١) زيندەوەرەكە، مێتابۆليزميش بيريتييە لە: ھەندێک كارلێكى كيميايى كە لەناو خانەكاندا بەسەر ماددەدا دێت و خانەكە بە زيندوويى دەھێڵێتەوە، تاوەكو كارلێكەكانى مێتابۆليزم خێراتر ڕووبدەن، كات ھێواشتر لە لامان تێدەپەڕێت، بەڵام؛ ئايا چۆن دەكرێت، “كات” شتێک بێت سەربەخۆ بێت لە دركپێكردنەكەى؟ لە ڕاستيدا ئەمە جۆرێک لە كێشەى ناوەتەوە. و ھەندێكجاريش دژ بەو ڕۆتين و خووە دووبارەيانەيە كە ڕۆژانە ئەنجاميان دەدەين، ھەر بۆيە كاتێک كە باسی سرووشت دەكەيت، ئەوە بە مێشكتدا نايەت، سرووشت شتێک بێت پێچەوانەى ھەست و بينينەكانت بن، لەبەر ئەمەشە كاتێكى زۆرى دەوێت بەوە بزانيت كە بە شێوەيەكى ھەڵە لە شتەكەت ڕوانيوە.

لە ڕەھا بەرەو ڕێژەيى

ھەتا سەدەى نۆزدەھەميش، بيروڕاى باو لە نێو زاناياندا ئەوە بوو كە “كات” ڕەھايە، بەو واتايەى كە كات جودايە لە مرۆڤ و تايبەتمەندييەكانى، بەردەوام وەكو تاڤگەيەک دەڕژێت و تێدەپەڕێت، بڕوايان وابوو كە كات لاى ئێمە چۆن تێدەپەڕێت لە ھەموو شوێنێكى گەردوونيش بە ھەمان شێوەيە. ئەمەش ئەوە دەگەيەنێت كە كات تەنیا قاڵبێكى بابەتييە(٢) ڕووداوەكانى تێدا ڕوودەدات، ئەم لێكدانەوەيەش لەگەڵ ئەزموونەكانى ژيانى ڕۆژانەماندا بەباشى يەكى دەگرتەوە. نيوتن دەڵێت: “كات ڕەھا و ڕاستييە، و بەردەوامە لە تێپەڕين بە بێ بوونى ھيچ پەيوەندييەک بە شتە دەرەكييەكانەوە”.

بيرۆكەى كاتى ڕەھا بەردەوام بوو ھەتاوەكو نزيكى سەدەى بيستەميش، كاتێک “ماكسوێڵ” خێرايى ڕووناكى دۆزييەوە و ئەوەى ڕاگەياند كە نەگۆڕە،  ئەوەش دەستپێكى سەرھەڵدانى بيرۆكەى ڕێژەيى بوو، ڕێژەييەک كە بيرۆكەكانمانى سەبارەت بە بۆشايى و كات و كێشكردن پێچەوانە كردەوە، و ڕەھايبوونى كاتيشى تێكشکاند؛ ئەگەر خێرايى ڕووناكى نەگۆڕبێت (٣٠٠,٠٠٠ كيلۆمەتر لە چركەيەكدا)، نە كەم بكات نە زياد بكات، ئەمە ئەوە دەگەيەنێت كە ئەو ڕووناكييەى لە تەنێكەوە دەردەچێت ھەندێک كاتى دەوێت تاوەكو بە ئێمە دەگات، بۆ نموونە؛ تيشكى خۆر ھەشت خولەكى دەوێت تا دەگاتە ئێمە، ھەر كاتێک سەيرى خۆر دەكەين، لە ڕاستيدا ئێمە سەيرى ڕابوردووەكەى دەكەين نەوەكو ئێستاى. وادابنێ دەتەوێت قسە لەگەڵ ھاوڕێيەكت بكەين كە لە “گەلەئەستێرەى ئەندرۆمێدا”يە(٣)، ھيچ ڕێگەيەكى ديكە نادۆزيتەوە جگە لە شەپۆلە كارۆموگناتيسييەكان بۆ ناردنى نامەكەت، ئەمەش دووری ٢.٥٤ مليۆن ساڵى ڕووناكى پێدەچێت بۆ ئەوەى نامەكەت بگاتە دەستى ھاوڕێكەت، بەداخەوە بەڵام؛ ھيچ يەكێكتان ئەوەندە نامێننەوە تا نامەكانى يەكتريتان بە دەست بگات. ئێستا وادابنێ ڕووداوێک لە بۆشاييدا ڕوويداوە، بۆ نموونە؛ ئەستێرەيەک تەقيوەتەوە، ئايە تۆ و ھاوڕێيەكەت دەتوانن لەسەر كاتى ڕوودانى تەقينەوەكە كۆک بن؟ بێگومان نەخێر، ھەر يەكێكتان نزيكتر بووبێت لە تەقينەوەكە زووتر پێى دەزانێت.

ھەر بۆيە درككردنمان بە كاتى ڕووداوێک پەيوەست دەبێت بە شوێنەكەمانەوە، بەڵام؛ شتەكە ھەندێک قوڵتريشە لەمە، ھاوكێشەكانى ڕێژەيى پێشبينى زۆر سەير و سەمەرە بەدەستەوە دەدەن سەبارەت بە ڕووانينمان بۆ كات، ئەمەش ئەوە دەخاتە ڕوو كە جوڵەش كاردەكاتە سەر كات، وادابنێ ئێمە دوو كەشتيوانى بۆشايين و ھەر يەكێكمان لەسەر كەشتييەكى زۆر خێرا كە نزيكە لە خێرايى ڕووناكى، جيا لە يەكترى گەشت بەرەو بۆشايى دەكەين، لەم حاڵەتەدا چۆن ھەست بە كات دەكەين؟ ڕێژەيى دەڵێت: كات ھێواش دەبێتەوە لەگەڵ زيادبوونى خێراييدا، و ئەگەر بگەينە خێرايى ڕووناكى، كات بە تەواوى دەوەستێت، ھەرچەندە گەشتن بە خێرايى ڕووناكى ئەستەمە، بەڵام؛ خودى بيرۆكەكە ھەندێک سەرلێتێكدەرە. وادابنێ كە يەكێكمان بڕيارى ئەوەماندا كە نەڕۆين و بمێنينەوە بۆ تەماشاكردنى ئەوەى ديكەمان كاتێک كە دووردەكەوێتەوە، ئەوەى كە تەماشا دەكات دەتوانێت ببينێت، كەشتييەكە بە خێراييەكى زۆر بەرز تێپەڕ دەبێت، لەگەڵ تەماشاكردنى كەشتييەكەدا دوو كاتژمێرى بەسەردا تێپەڕ دەبێت، لە كاتێكدا بۆ كەشتيوانى ناو كەشتييەكە تەنیا چەند چركەيەكى پێچووە، چۆن ئەمە ڕوودەدات؟ چۆن دەكرێت كاتى يەكێكيان خێراتر تێپەڕ بێت لەوەى تريان؟ چۆن ساتێک لە من تێدەپەڕێت كە ھێشتا بەسەر تۆدا نەھاتووە؟ ئەمەيە پێى دەوترێت ڕێژەييەتى كات.

ڕێژەيى گشتى و كات

ئەنيشتاين ھەر بەردەوام بوو لە گەڕان، بەو ئەنجامانە قايل نەدەبوو كە ڕێژەيى تايبەت دەستەبەرى كردبوون،  ھەر بۆيە دواى ھەوڵێكى زۆر، ڕێژەيى گشتى ھاتە كايەوە، كە ڕوانينێكى گشتگيرترە. باوەڕێک ھەبوو، كاتێک ڕووداوێک ڕوودەدات، لە كات و شوێنێكى دياريكراودا ڕوودەدات، و كاتەكەى پەيوەندى بە شوێنەكەوە نييە، ڕێژەيى ئەم بيروبڕوايەى گۆڕى، كات ھەرگيز شتێكى جودا نييە لە شوێن، بەڵكو پێيەوە گرێ دراوە و پێكەوە تۆڕێكى چوار ڕەھەندى پێكدەھێنن(سێ ڕەھەندى شوێن، و ڕەھەندێكى كات) كە پێى دەوترێت “شوێنكات”(٤)، زياتر ناڕۆينە باسى ڕێژەيى گشتييەوە، بەڵام؛ ئەوەى پێويستە بيزانين سەبارەت بە كێشكردن و شوێن و كات، ئەوەيە؛ شوێنكات بە شێوەيەكى دايناميكى شێوەكەى دەگۆڕێت بە پێى ئەو ماددەيەى كە لەناويدايە، با بزانين ئەمە واتاى چييە؟ ھەموومان ئەو نموونەيەمان لەبەرچاوە كە پارچەيەک قوماش ڕادەخرێت و تۆپێكى قورس دەخرێتە ناوييەوە، تۆپە قورسەكە لە جێى خۆر دێت، و پاشان ھەندێک تۆپى بچووكتريش زياد دەكات، قوماشەكە دەچەمێتەوە كاتێک تۆپەكانى تێدەكرێت. مەبەستەكە ئەوە نييە كە ئەم نموونەيە لە ڕاستى ڕووداوەكە دەچێت، بەڵكو مەبەست لەوەيە ئەوە بخرێتە ڕوو كە شوێنكاتيش ھاوشێوەى قوماشەكە توشى چەمانەوە دەبێت، و دەكشێت و ئەم كشانەش دەبێتە ھۆى ھێواشبوونەوەى كات، ئەمە بەھۆى جوڵەوە نييە، بەڵكو بەھۆى كێشكردنەوەيە، بۆ نموونە؛ كاتى سەر زەوى جياوازە لە ھى موشتەرى، چونكە ھەسارەى موشتەرى ھێزێكى كێشكردنى زياترى ھەيە. لە ئۆكتۆبەرى ساڵى ١٩٧١ چوار كاتژمێرى سيزيۆمى ئەتۆمى لەناو فڕۆكەيەكى خێرادا دانران، و فڕۆكەكە دوو جار گەشتى كرد، جارێكيان بەرەو ڕۆژھەڵات، جارێكيشيان بەرەو ڕۆژئاوا، دواتريش بەراورديان كردن بە كاتژمێرە زەمينييەكان، و ئەوەيان بۆ دەركەوت ئەو جياوازييەى نێوان خوێندنەوەى كاتەكان لە كاتژمێرەكاندا بە تەواوەتى ھاوشێوەى ئەوەيە كە ڕێژەيى پێشبينى كردبوو.

ئاراستەى كات

لە دواى ئەمەوە ، كەس لەسەر ئەو بڕوايە نەمايەوە كە كات ڕەھا بێت، بەڵكو گەیشتينە ئەو بڕوايەى كە ڕێژەييە، نەک بەتەنیا لە ئاستێكى ھەستەكيدا، بەڵكو لە ئاستێكى فيزياييشدا. كات بريتييە لە: گۆڕاوێک كە لەسەر گۆڕاوەكانى ديكە بەندە، بەڵام؛ ئەگەر شوێن و كات يەكگرتوو بن، ئەى بۆچى جياوازى لە نێوانياندا ھەيە؟ كاتێک پياسە دەكەيت لە شوێندا بۆ ھەرشوێنێک كە بتەوێت، بەڵام؛ ناتوانيت يەكک چركەش لە كاتەكەت بگەڕێنيتەوە بۆ دواوە. گەنگەشە لەسەر ئەم بيرۆكەيە دەمانبات بەرەو پرسێک كە پێى دەوترێت “ئاراستەى كات”، و ھەميشە بە يەک ئاراستە دەڕوات،  فيزياييەكى گەورەى وەک ” ستيڤن ھۆوكينگ ” بيرۆكەكە دابەش دەكات بۆ سێ ئاست ئەوانيش؛ فيزيايى، سايكۆلۆجى،  گەردوونين.

ئاراستەى كات و دايناميكى گەرمى

وادابنێ كە دەتوانين گەشت بە نێو كاتدا بكەين بەو شێوەيەى كە گەشت بە ناو شوێندا دەكەين، ڕابوردوو و ئێستا و داھاتوومان لەبەردەست بێت، بە ئاسانى لەم خاڵەوە بۆ ئەو خاڵە گەشت بكەين، لە شتێكى چێژبەخش دەچێت، ئەى وا نييە ؟ ئەوەمان زانى كە درککردنمان بە كات بريتييە لە: درككردن بە ڕووداوەكان، بۆيە ئەگەر بمانەوێت بە كاتدا بگەڕێينەوە دواوە ئەوا دەبێت بە ڕووداوەكاندا بگەڕێينەوە، ھاوشێوەى ئەوەى كە چۆن پارچە ڤيديۆيەک دەگەڕێنيتەوە و دەتوانيت سەرلەنوێ ديمەنەكان ببينيتەوە، شوشە شكاوەكان چاک ببنەوە و ببنەوە بە پەرداخەكە، يان ئۆتومبيلەكان بە پێچەوانەوە بڕۆن. كێشەكە ئەوەيە كە شتێكى لەم جۆرە ھەرگيز ڕوونادات. بۆچى؟ وەڵامى ئەم پرسيارە لە يەكێک لە ھەرە بنەڕەتيترين ياساكانى فيزيادايە، كە بە نزيكەيى كۆنتڕۆڵى ھەموو شتێک دەكات، ئەويش ” ياساى دووەمى دايناميكى گەرمى”يە(٥). ياساكە ئەوە دەخاتە ڕوو كە ھەر شتێک ڕووبدات لە گەردووندا، ھەر گۆڕانێک، ھەميشە بە يەک ئاراستە دەڕوات، ئەويش ئاڕاستەى زيادبوونى “ئينترۆپى”يە(٦). ئينترۆپيش بريتييە لە: پێوانى ھەڕەمەكيبوون و ناڕێكى سيستمێک، يان بەواتايەكى ديكە، زيادبوونى جياوازى لەگەڵ دۆخى پێشووى سيستمەكەدا.

شتە گەرمەكان سارد دەبنەوە، مەرەكەبەكان بە ئاوەكەدا بڵاودەبنەوە وەكو چۆن بۆن لە ھەوادا بڵاودەبێتەوە، و ھيچ ڕێگەيەک نييە كە ھيچ يەكێک لەم ڕووداوانە بگەڕێنێتەوە دۆخى پێشوويان (ئەو دۆخەى كە ئينترۆپى تێيدا كەمتر بووە)؛ ئەگەرى ڕوودانى ئەمە زۆر زۆر كەمە، دەبێت ھەموو شتێک بە پێى ئەم ياسايە بڕوات، بە پێچەوانەى ياساكانى ديكەوە كە دەتوانيت بە ئاڕاستەى پێچەوانەش بڕۆيت، ئەم ياسايە تەنیا بە يەک ئاراستەدا دەڕوات، ھەر بۆيە ئێمەش خۆمان لە زنجيرەيەكى بەدواى يەكداھاتووى كاتيدا دەبينينەوە.

ئاراستە سایكۆلۆجییه‌كان

ئەگەر شتەكە بەم شێوەيە بێت كە زيادكردنى ئينترۆپى  فەرمانڕەوايى ئاراستەى كات بكات، ئەى چى دەربارەى ئێمە؟ ئێمەش بە ھەمان شێوە ناتوانين كە بۆ چركەيەكيش بگەڕێينەوە دواوە،  بەڵكو وەكو ڕابوردوو لە زيھنماندا دەمێنێتەوە، مێشكمان پێويستە كە ڕووداوەكان ڕێكبخات بە پێى ڕابوردوو و داھاتوو، ئەمە ڕێگەى كۆ كردنەوە و ڕێكخستنى زانيارييە لە لايەن مێشكمانەوە، بەبێ ئەمە، نەماندەتوانى لە ڕستەيەكيش تێبگەين و ھۆكارێک بە ئەنجامێكەوە گرێ بدەين. لێرەدا ھۆوكينگ باسى ئەوە دەكات كە مێشكى مرۆڤ ھاوشێوەى ئەو زيرەكييە دەستكردەيە(٧) كە بۆ ڕۆبۆتەكانى درووست دەكەين، و ئەمەش بە شێوەيەک درووستدەكەين كە پشتبەستوو بن بە ياساكانى فيزيا، و لەناوياندا ياساى دووەمى دايناميكى گەرمى، پاشانيش ڕۆبۆتەكە بە پێى ئەو ياسايانە كاردەكات، ئەمەش ھەمان شتە كاتێک ئێمە بير لە ئاڕاستەى زيادبوونى ئينترۆپى دەكەينەوە، ئەوە ڕێگەپێدراو نييە كە ڕۆبۆتەكان بير لە كاتێكى پێچەوانە بكەنەوە، چونكە ئەمە دژ بەو ياسايەيە كە لەسەرى دروستبوون. لەوانەيە مێشكى ئێمەش ھەر بەم شێوەيە كاربكات، لە گەردوونێكدا كە لە لايەن ئەم ياسايەوە فەرمانڕەوايى دەكرێت.

ئاڕاستەى گەردوونى

لە ئاستێكى زۆر گەورەتر لە ئێمە، تێبينى ئەوە دەكەين كە گەردوون و ھەموو پێكھاتەكانى وەكو ئەستێرە و گەلەئەستێرەكان، بە يەک ئاڕاستە دەڕۆن، ئەويش ئاڕاستەى فراوانبوونە، بە پێى ئەوەى كە ھەتا ئێستا دەيزانين، گەردوون لە خاڵێكى بێكۆتايى بچووک بەناوى خاڵى تاكێتى يان تەرايى(٨) دەستى پێكرد و فراوانبوو،  گەلەئەستێرەكان لە يەكترى دوركەوتنەوە، چونكە ئەوە خودى شوێن-كاتە(٩) كە فراوانبوونەكەى تێدا ڕوودەدات، و ھێشتاش ئەوەمان نەبينيوە كە گەردوون بەرەو چونەوەيەک بڕوات، ھەرچەندە ناشتوانين ئەوە بڵێين، گەردوون بۆ ھەميشە لە فراوانبووندا دەبێت. لە ڕاستيدا ھەندێک تيۆرى ھەن پێشبينى ئەمە دەكەن كە گەردوون بە چوونەوەيەكێكى گەورە(١٠) كۆتايى دێت، ئەمەش ئەوەيە كە ھۆكينگ پێشنياری دەكات؛ گەردوون ھيچ سەرەتا و كۆتاييەكى نييە، و قۆناغى فراوانبووندا تێدەپەڕێت، بەدوايدا بە قۆناغى چوونەوەيەكيشدا تێدەپەڕێت بۆ خاڵێكى تاک و تەرا ھاوشێوەى خاڵى دەستپێكەكەى، و دواتر دووبارە دەست بە فراوابوون دەكاتەوە، بەردەوام و بەردەوام، وەک ئەوەى كە ھيچ مەرجێكى سەرەتايى نەبێت(١١)، گەردوون بە بێكۆتاييانە دەكشێت و دەچێتەوەيەک، ھۆوكينگ لە سەرەتادا وايدەزانى كە ئەم پڕۆسەى چوونەوەيەكە تەنيا پێچەوانەى پڕۆسەى فراوانبوونەكەيە، و بەمەش كات دەگەڕێتەوە بۆ دواوە، بۆيە ھەر زوو بە ھەڵەى نێو ئارگيومێنتەكەى خۆى زانى، كات لە ھەموو ئاستەكانيدا بۆ دواوە ناگەڕێتەوە، تەنانەت ئەگەر ڕووداوەكانيش وا دەربكەون كە پێچەوانە بووبێتنەوە.

ئايا ئێمە زيندانى ئەم زنجيرە بەدوايەكداھاتووە كاتييەين؟ لەوانەيە وەڵامەكە بەڵێ بێت، ھێشتاش ھيچ ڕێگەيەكى كرداريمان نەدۆزيوەتەوە بۆ گەڕانەوە بەرەو ڕابوردوو، تەنانەت ئەگەر لە لايەنە تيۆرييەكەشەوە ڕێگەپێدراو بێت، ناتوانيت بگەڕێيتەوە بۆ ئەو كاتەى كە دەستت بە خوێندنەوەى ئەم بابەتە كرد.

لەوانەيە بڕوامان بەوە نەبێت كە كات لەسەر ھێڵێكە، لە ڕابوردوو بەرەو داھاتوو، يانيش لەوانەيە كە بوونەكەى ڕەت بكەينەوە، بەڵام؛ حەقيقەتى مردن گەورەترە لە گومانگەرايى بەرامبەر كات، كە وامان لێدەكات بەردەوام پرسێكى گرنگ بێت لامان، ھەتاوەكو ئەگەر وەھميش بێت. لەوانەيە “كات” تەنیا وشەيەكى داھێنراوى زيھنى خۆمان بێت بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ ڕووداوەكاندا، چى دەربارەى ئەو چەمكانەى ديكە كە زۆر لێيان دڵنياين، و لە ڕاستيدا بەو شێوەيە نين. ناتوانين لە زيھنمانى دەربێنين، بەڵام؛ دەتوانين بزانين كە تا چەند دەمانخەنە ھەڵەوە.

 

پەراوێز:

-١Metabolism

-٢Objective

-٣Andromeda Galaxy

-٤Space-time

-٥The second law of thermodynamics

-٦Entropy

-٧Artificial intelligence

-٨Singularity

-٩Space-time

-١٠Big crunch

-١١ No boundary condition

 

سەرچاوەکان:

1- The Arrow of Time – Exactly What Is Time? [Internet].

2- Hafele-Keating Experiment [Internet].

3- Physics of Time – Exactly What Is Time? [Internet].

4- A Debate Over the Physics of Time [Internet, Quanta Magazine].

 

بڵاوکردنەوە: