کات چییە؟

1526
0
بڵاوکردنەوە:

کات چییە؟

داریا ئیبراھیم

 

لە دەستپێکی پرسیارەکەمانداین؛ دووبارە دەپرسینەوە، کات چییە؟ لە ئەفسانەکانەوە هەتاکو دەگەین بە زانست، خاوەنی چەندین شیکاری ئەفسانەی،ئایدیای فەلسەفی، ئاینی و تیۆری زانستین، دەربارەی کات. ڕێگەیەکی دوورودرێژمان بڕیوە، هێشتا وەڵامی ئەم پرسیارەمان بە وردی و ھەبوونی بەڵگەیەکی یەکلایکەرەوەمان لە بەردەستدا نییە. سرووشتی کات چییە و چۆن دەتوانین تێیبگەین؟ ئایە بوونێکی سەربەخۆی هەیە یان گرێدراوە بە جوڵە و بوونی ئامانجەکانی سرووشتەوە؟ ئایە تەنیا کۆنسێپتێکە، لە مێشکی ئێمە درووستی کردووە بۆ جیهانی دەرەوە یان نا؟ وەهمە یان حەقیقەت؟ چەندین پرسیاری بنچینەیی تر. چەندین دیدگای جیاواز جیاواز هەیە، بۆ شیکار و پێناسەی (کات). ئێمە لەم کورتە نووسینەدا هەوڵدەدەین ئەم دیدگایانە بخەینەڕوو و ڕاڤەیان بکەین.

سرووشتی “کات”، یەکێکە لە بنچینەترین پرسەکانی مرۆڤی ژیر(١). زیادەڕەوی نییە گەر بڵێین: یەکێکیشە لە تەلیسمترین پرسەکان. بەهۆی ئەو ویستی زانینخوازیەی مرۆڤی ژیر، فزوڵیەتی ئەوەی پێبەخشیوە، لە گۆڕانکاری و دیاردەکانی سرووشت بکۆڵێتەوە و دنیابینینیی خۆی هەبێت بۆیان. بە گشتی کات ڕۆڵیکی گرنگی هەیە لە ڕیکخستنی ژیانی ڕۆژانەماندا، وەکو ئامڕازێک بە بەردەوامی بەکاری دەهێنین. دەتوانم بڵێم هەست بە تێپەڕینی کات(٢) دەکەین، وەکو دیاردەی شەو و ڕۆژ، گۆڕانی وەرزەکان، شکانی گۆزەیەک کە وەک پێشتری لێنایەتەوە، قۆناغەکانی ژیانکردن، بەتایبەت تەمەن کردن. بەڵام؛ ئایە ئەمە هیچ نزیکمان دەکاتەوە لە پرسیارەکەمان؟ ڕاشکاوبم، نەخێر!ڕێمبەن پێتان بڵێم، هەموو ئەو مەعریفە و هەستانەی هەتانە دەربارەی کات، لە یادی بکەن. پێمباشە وەکو منداڵیکی فزوڵی، بێ ئەوەی هیچ پاشخانێکی مەعریفی-و-هەستیمان هەبێت. پرسیار بکەینەوە و بڵێین حەقیقەتی کات چییە؟

سەرەتا لە ئەفسانەکانەوە دەست پێدەکەین. بەڵام؛ بۆچی ئەفسانەکان؟ بەڕای من، سەرەتایترین بەرهەم و ڕاڤەکردنی مرۆڤی ژیر، ئەفسانەیە بۆ تێگەیشتن لە سرووشت. لە ئەفسانەکانی یۆنانی کۆندا، چەند خوداوەندێکیان هەیە لەسەر کات. دیارترینیان کرۆنۆس(٣)، کە لای ئەوان خوداوەندی کاتە، کەوا پۆترەیتی کێشراوە وەکو حەکیمێک بە ڕیشێکی درێژی ماشوبرنج. بەڵام؛ ئەم خوداوەندە جیایە لەگەڵ کۆرۆنەسی باوکی زیۆس(ئەو خوداوەند نیە بەڵکوو لە تیتانەکانە)، بەڵام؛ هەردوو ووشەکە بە واتای کات دێت. هەروەها گێراس(٤) بە خوداوەندی بەتەمەنەکان دادەنرێت، بەڵام؛ ئەوەی جێی سەرنجە بوونی خوداوەندی ئاوەرسە(٥)، خوداوەندی وەرزەکان و تێپەڕینی کاتە. ئەمە واتایەکی زۆر تایبەتی هەیە، کە ئەوان درکیان بە تێپەرینی کات کردووە. هەڵبەت دواتر بە وردی واتای تێپەرینی “کات” ڕووندەکەینەوە. لای میسریەکانیش خوداوەندێکی دیاریکراویان بۆ کات هەبووە، ناوی “هێهـ”(٦) بووە وەکو خوداوەندێکی نەمر یان ناکۆتا لێیان ڕوانیوە. هەروەها لای زەردەشتیەکانیش ناوی “زورڤان”(٧) بووە، خوداوەندی ئەزەل بووە.

با بە نموونەیەک دەست پێبکەین: منداڵە فزوڵەکە، یارییەکی میکانۆی لەبەردەمدایە، ئەونە فزوڵی هەیە کە دووبارە هەڵیوەشێنێت و دروستیکاتەوە، بۆ ئێمەش بەهەمان شێوەیە. چۆن لە کات تێدەگەین؟ گەر نەتوانین ئەو پارچانەی لێی درووست بووە، ئاشکرای نەکەین و شیکاریان بۆ نەکەین؟ یەکێک لەو یارییە میکانۆیانەی (کات)ـی لێ درووستبووە، چەمکی ئێستایە(٨). زیادەڕەوی نیە بڵێم زۆر هەڵخەڵەتێنەرە. بەگشتی لە بەکارهێنانی فەرهەنگ و زمانماندا چەمکی (ئێستا) واتایەکی یونیڤێرساڵی هەیە. ئەوە (ئێستا)ــیە، هەم (ڕابوردوو) و (داهاتوو) لێکجیادەکاتەوە. بەهۆی (ئێستا)ـوەیە دەتوانین (هەست) بەو جیاکارییە بکەین، بەڵام؛ واپێویست دەکات وەکو گومانگەرایەک یان منداڵە فزوڵەکە، لەسەر ئەم چەمکە بوەستین.

(ئێستا) چییە؟ گەر واتایەکی یونیڤێرساڵی هەیە، ئەوا (ئێستا)ـی من، و (ئێستا)ـی کەسانی دیکەش وەکو یەکن؟ واتای (ئێستا) گرێدراوی واتای (سایمەڵتەینیەسلی-واتە لە هەمان کاتدا)ـیە، هەر ئەمەشە وایکردووە یونیڤێرساڵ بێت. ئەی چی دەربارەی (ڕابوردوو) و (داهاتوو)؟ چۆن درک بەم جیاوازیە دەکەین؟ ئایە درککردنمان بەپێی یاسایەکی فیزیاییە یان دۆخێکی سایکۆلۆجی مرۆڤ خۆیەتی؟ بە لێکۆڵینەوە لە (ڕابوردوو، ئێستا و داهاتوو) دەمانگەیەنێت بە تێگەیشتن لە چەمکێکی زۆر گرنگی تر، ئەویش چەمکی (تێپەڕینی کات)ـە.

چی ئەگەر (ئێستا) بووەستێنین؟  وەکو فیلمێکی سینەمایی کە دەتوانین بیوەستێنین. هەموو شتێک لە جوڵە دەکەوێت و دەوەستێ. چەمکی (جوڵە) یاخود (گۆڕان)، واتایەکی زۆر گرێدراوی (تێپەڕینی کات) و (ئێستا)مان پێدەبەخشێت. هەم بەهۆی جوڵە و گۆڕانی شتەکانی دەوروبەرمانەوە درک بە تێپەربوونی کات و ئێستامان دەکەین، هەمیش بەهۆی یادەوەریمانەوەیە درک بەم جیاوازییە دەکەین. بەگشتی ئەمە هەموو ئەو مەعریفە-و-هەست-کردنانەیە کە دەیانزانین و فێریانبووین، دەربارەی (کات). بەڵام؛ ئایە ئەمە حەقیقەتی کاتە؟ گەر وەڵامەکە نەخێرە، ئەی سەرچاوەی ئەم درکردنەمان لەکوێوە یەت؟ ئەی حەقیقەتەکە چییە؟

لە ڕێگەماندا بەرەو ڕوونکردنەوە زانستییەکان، دەبێت ئەو ئایدیایە بخوێنینەوە کە گوتراوە دەربارەی سرووشتی کات. لەسەدەی پێنجی زاینیدا قەشە ئۆگەیستن،  فیلۆسۆف و ئاینناسی مەسیحی لە کتێبی (دانپیانانەکان)دا(٩)، بەم شێوەیە باسی (کات) دەکات: (کات چییە؟ ئەگەر هیچ کەسێک لێمنەپرسێت؛ دەیزانم، ئەگەر بمەوێت ڕوونیکەمەوە، نایزانم). لای (ئۆگەیستن) جیاوازی لە نێوان ڕابوردوو و داهاتوو ناکات، لای ئەو بوونیان نییە. هەر لەم ئایدیایەوە “خالق” وەکو بوونێکی ئەزەلی دەبینێت، هەڵبەت لای ئەو سێ “ئێستا” بوونی هەیە. ئێستای ڕابوردووی شتەکان؛ کە ئەمە یادەوەریمانە، ئێستای ئێستای شتەکان؛ ئەمە ئەوەیە کە دەیبینین، ئێستای داهاتووی شتەکان؛ کە ئەمە پێشبینیکردنمانە. دەگەین بەو ئەنجامەی لای (ئۆگەیستن) واتای تێپەڕینی کات بوونی نییە. ئەوەی هەیە ئەزەلییە. بەڵام؛ ئەوەی جێی سەرنجە نیوتنە، چونکە زۆر لێزانانە خۆی قوتاردەکات لەم گەنگەژەیە. ئەویش لە کتێبی (Philosophiae Natural-is Principia Mathematica)دا، دەڵێت؛(پێناسەی کات، شوێن و جوڵە ناکەم، بەباشی-زانراون بۆ هەمووان). هەروەها فیلۆسۆف ڕودۆلف کارناپ، لە (ئۆتۆبایۆگرافی ڕووناکبیر)(١٠) دەنوسێت دەربارەی (ئاینشتاین) و دەڵێت:

(ئاینشتاین وتویەتی کێشەی (ئیستا) بەجیدی نیگەرانی کردووە. ئەوەی ڕوونکردەوە، ئەزموونکردنی (ئێستا) واتایەکی تایبەتی هەیە بۆ مرۆڤ، شتێکی بنچینەیی جیاوازە لە ڕابوردوو و داهاتوو، بەڵام؛ ئەم جیاوازییە گرنگە ڕونادات و ناتوانرێت ڕوبدات لەگەل فیزیادا. ئەم ئەزموونکردنە ناتوانرێت بەدەستبهێنرێت، لە لایەن زانستەوە وادەردەکەوێت بۆ ئەو کێشەیەکی بە ئازار بێت، بەلام؛ نەدەبوو وازیلێبهێنێت. پاشان گەیشت بەو ئەنجامەی”کە شتێکی بنچینەیی هەیە دەربارەی ئێستا کە لەدەرەوەی جیهانی زانستە”). هەروەها براین گرین لە کتێبی (بنەچەی گەردوون)(١١) دەڵێت: ” لە وەهمێکی بەردەوامی ڕابوردوو، داهاتووداین”، ئەمە هەمان ڕای (ئۆگەیستن)ـە! هۆکاری ئەوەی (براین) وا دەڵێت، دەرەئەنجامەکانی (تیۆری ڕێژەی تایبەت)ـە کە بە هیچ شێوەیەک (تێپەربوونی کات) دەرناخات! ستیڤن هۆوکینگیش لە (کورتەیەک لە مێژووی کات)(١٢) باسی (تیراسای کات- arrow of time) دەکات، بەڵام؛ بێئەوەی باسی تێپەڕینی بکات. لە سیی جونی ١٩٠٥ فیزیاییەکی گەنج، پەیپەرێکی بە ناونیشانی(لەبارەى كارۆدايناميكى تەنە جوڵاوەكان)(١٣)، بۆ ھەردەم تێگەیشتنی ئێمەی بۆ کات گۆڕی، بەتایبەت یونیڤێرساڵبوونی (ئێستا). ئەو کەسەش “ئالبێرت ئاینشتاین” بوو. هەڵبەت دواتر ناوەکەی گۆڕی بۆ (تیۆری ڕێژەی تایبەت). وا پێویست دەکات قوڵتر هەنگاو بنێین. یەکێک لەو دەرەئەنجامانەی ڕێژەی تایبەت پێمان دەڵێت: (کشانی کاتە- time dilation)، واتە (کات) خاوتر تێپەڕ دەبێت بۆ کاتژمێرێکی جوڵاو، وەک لە کاتژمێرێک کە وەستاوبێت. ڕوونتر چاودێرێک کە جوڵاو بێت و بە بەراورد چاودێرێک کە وەستاوە، کات خاوتر تێپەڕ دەبێت بە فاکتۆری گاما( گاما پێمان دەڵێت جیاوازی تێکڕای کات چەندێکە بۆ دوو چاودێرەکە)، بە نموونەیەکی سادە پێموابێت ڕوونتر دەبێت. پەندۆڵێکی ئاسای بهێنە پێشچاوت، بە پێی چاودێرێک کە وەستاوە کاتە لەرەکەی سێ چرکەبێت، بەلام؛ بۆ چاودێرێک کە لە جوڵەدابێت بە خێرای لە ٪٩٥ ـی ڕووناکی، ئەوا فاکتۆری گاما پێمان دەڵێت سێ ئەوەندە کات خاوتر تێپەردەبێت لای چاودێرە جوڵاوەکە بەراورد بە وەستاوەکە، لە ئەنجامدا کاتە لەرەکەی دەبێت بە ٩.٦ چرکە. ئەم دوو چاودێرە دوو ئەنجامی جیاوازیان هەیە، ئایە کامیان ڕاستن؟ بەدڵنیاییەوە هەردووکیان ڕاستن! بەباشی دەزانم دوو هەڵەتێگەیشتن دەربارەی ئەمە ڕاستکەمەوە. یەکەمیان؛ کە دەڵێین کات خاوتر تێپەڕ دەبێت، تەنیا مەبەستمان ئەوە نیە چرکەی کاتژمێرەکەی “وادەربکەوێت” خاوتر تێپەڕ ببێت بەڵکو هەموو شتێکی خاوتر تێپەڕ دەبێت، لێدانی دڵی، تەمەنکردنی، هەمووشتێکی. دووەم؛ لە زۆر تێکست باس لەوە دەکات کە چاودێرەکان هاوڕانین بۆ پێوانەکردنەکانیان، بە پێی ڕیفرێنس-فرەیمەی(reference frame) بەکاری دەهێنن، هەوڵبەن بە شێوەیەکی تر بیرلەمە بکەنەوە، چاودێرەکان هەموویان هاوڕان بە جیاوازی ئەنجامەکانیان! ڕوونتر چاودێرەکان دەزانن کە تیۆری ڕێژەی تایبەت ئەنجامی جیاوازیان دەداتێ. ئەمە بەو واتایە نایەت کە ڕیاڵیتی چاودێرەکان جیاوازن، هیوادارم زۆر باش وریای ڕێژەی تایبەت بن.

دوای تێگەیشتنمان لە کشانی کات، بە پێویستی دەزانم لەسەر دەرەئەنجامەکانی ڕیژەی تایبەت بوەستین، وەک لە خستنەڕووی نموونەکانی. وە لێرەشدا دەرەئەنجامی پارادۆکسی دووانی دەخەینەڕوو، کە ئەو هەڵەتێگەیشتنەمان لا ڕووندەکاتەوە دەربارەی هەردوو چەمکی (ئێستا) و (سایمەڵتەینیەسلی). هەردوو چەمک جگە لە واتایەکی فەرهەنگی و لۆکاڵی هیچیتر نین. بە پێی پارادۆکسی دووانەییەکە، شتێک نییە بەناوی (سایمەڵتەینیەسلی) نێوان ڕووداوەکان، تەنانەت پێوانەکردنەکە چەندین هۆکاری کاریگەری لەسەر دەبێت، وەکو خێرای، شوێن و ‌هێزی کێشکردن. گەر دوو ڕووداو لە ڕیفرێنس-فرەیمێک ( وەکو لە دایکبوونی دوو کەس لە یەک بەرواردا) کە (سایمەڵتەینیۆس)ـن، بەڵام؛ بە گۆڕانی فرەیمەکان چیتر وا نامێننەوە دەگۆڕێن. تیۆری رێژەی پێمان دەڵێت؛ (کات) بوونێکی کۆنکرێتی نییە، بەڵکو ئیلاستیک و ناجێگیرە. دوای ئەو شۆڕشی تێگەیشتنەی دەمانداتێ دەربارەی وێنەی کات، بەڵام؛ هەرگیز ڕوونی ناکاتەوە تیراسای کات چییە؟ ڕابوردوو و داهاتوو لەکوێوە دێن؟ هەروەکو تیۆرییەکانی تری وەک، “فیزیای نیوتنی” یان “کوانتەم میکانیک” یان “ئیلیکترۆماگنەتیزم” ئەم جیاوازییەمان پێناڵێن. بەڵام؛ هەنگاوی دواترمان پیشاندانی هاوکێشەیەکی بچوکی سێرمۆداینەمیکە، کە ئەم جیاوزییەمان پێ دەڵێت، ئەویش (ئینترۆپی)ـیە.

وشەی (ئینترۆپی) لە دوای دەستپێکی شۆڕشی دروستکردنی ماتۆڕی هەڵمیـیەوە یەت، لە ساڵی ١٨٦٥ (ڕۆدۆلف کلاوسیەس) وشەی ئینترۆپی داتاشی لە وشەیەکی یۆنانی (ترۆپی- trope)ـەوە کە بەواتای (گۆڕان)ـدێت، لەگەڵ بردنی دوو پیتی یەکەمی و پیتێکی کۆتای وشەی (وزە-energy) لێوەی (ئینترۆپی) دروستکردووە. ویستویەتی هەردوو وشەکە لێکەوە نزیک بن، چونکە فیزیاییەن پەیوەندیان هەیە. سادەترین لێکچوونیان لەگەڵ یەک ئەوەیە تەنێکی گەرم بە بەراورد تەنێكی سارد (ئینترۆپی) بەرزترە، بەڵام؛ جیاوازیشیان ئەوەیە کە وزە پارێزراوە، بەڵام؛ (ئینترۆپی) پارێزراو نییە، بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە.

ئەوەی گرنگە لێرەدا واتای (ئینترۆپی) لەگەڵ (تیراسای کات)ـدا ڕوونکەینەوە. یەکەم کەسیش کە ئەم پەیوەندییەی خستەڕوو (ئارسەر ئاتینگتۆن)ـبوو. بۆ زۆربەی فیزیاییەکان (ئاتینگتۆن) ناسراوە، ئەو کەسەبوو لە ١٩١٩دا، تێبینی لادانی ڕووناکی کرد لەکاتی خۆرگیران کە تیۆری ڕێژەی گشتی پێشبینی کرد، سەلماندی کە ڕاستە. (ئاتینگتۆن) لە کتێبەکەیدا بەناوی (سرووشتی جیھانی فیزیایی)(١٤) دەڵێت: (مەزنترین شت دەربارەی کات ئەوەیە کە بەردەوامە). لای (ئاتینگتۆن) تاکە قانونێکی فیزیا، تیراسای کاتمان پێبلێت یاسای دووەمی سێرمۆداینەمیکە کە ئینترۆپی ھەردەم ڕوو لە زیادبوونە، گەر لۆکاڵ ئینترۆپی کەمبکات( وەک دانانی کوپێک قاوە تاکو سارد دەبێتەوە) بەڵام؛ ئەم کەمبوونە لەسەر کرێدیتی بەرزبوونەوەی ئینترۆپی یونیڤێرسە(گەرمی کوپەکە گوازراوەتەوە بۆ ژورەکە، بەمەش ئینترۆپی ژورەکە یان یونیڤێرس زیادیکردووە) بە شێوەیەکی تر ئینترۆپی هەرگیز کەم ناکات، ئەمە تاکە یاسایە جیاوازی لەنێوان ڕابوردوو و داهاتوو بکات. ڕابوردوو، داهاتوو چییە؟ لای (ئاتینگتۆن) بریتییە لەوەی: ڕابوردوو ئاستی ئینترۆپی کەمتربووە، لە داهاتوو ئاستی ئینترۆپی ڕوو لە زیادبوونە. بە بەراورد بە قانونەکانی تری فیزیا کە هیچ  جیاوازی ڕابوردوو و داهاتوو ناکەن، بۆ نموونە ئەتۆم ڕووناکی دەردەدات و هەڵیشیدەمژێت، یاسایەک بۆ هەردوو کردارەکە، بۆ بەشەکانی تریش بەهەمان شێوەیە.

ئایە (کات) و (ئینترۆپی) پەیوەندییان چییە، لەگەڵ یەک؟ ئەوەی لام گرنگە خستنە ژێر پرسیاری ئەم ئایدیایە، کە زیاتر لە نەوەد ساڵە بەگشتی فیزیاییەکان پەسەندییانە، بۆ ڕوونکردنەوەی (تیراسای کات) بەکاری دەهێنن. وەک پەیوەندی نێوان ئەم دوو بڕە جگە لە پەیوەندییەکی هاوتەریب پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان نیە. تەنانەت هۆ و ئەنجامی یەکتریش نین، ئەم وێنەیە لەسەر ئەوە بوونیادنراوە کە (کات) وەک ئەوەی هەستی پێدەکەین، رابوردوو و داهاتووی هەیە کاتێک بەدوای یاساکانی فیزیاوەین بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم دیاردەیە تاکە قانوون هاوتەریبی ئەو ئاڕاستەیە بێت، ڕوو لەزیادبوونی (ئینترۆپی)ـیە. گەر ئەمە وەک تیۆریەک پەسەند بکەین، کە پەسەندکراوە. پرسیارێک یەتە پێشەوە ئەوەیە، چی وادەکات تیۆرییەک سەرکەوتووبێت؟ ئایە تەنیا ڕوونکردنەوەی دیاردەیەک بەسە؟ وەڵامی ئەمە پێموابێت سادەیە، تەنیا بەس نیە تیۆریەک لە توانایدا بێت دیاردەیەک ڕوونبکاتەوە، بەڵکو پێویستیشە توانای پێشبینیکردن و تاقیکردنەوەی هەبێت. بەڵام؛ تا ئەم خولەکە هیچ پێشبینیکردنێکی نییە ئەم تیۆرییەی (ئاتینگتۆن) بۆ تیراسای کات! کە تیۆرییەک توانای پێشبینیکردنی نەبێت، ئێمە چۆن دەتوانین بیکەینە ژێر تاقیکردنەوەوە؟  لە کات-و-شوێنێکی وادا باشتر نییە، بیر لە جێگرەوەیەکی ئەم تیۆرییە بکەینەوە؟ نموونەیەک دەخەینەڕوو کە لە دۆخێکی دیاریکراودا ئەم تیۆریە پرسیار هەڵدەگرێت. ئەویش تەنۆلکەی هیگزە، بەپێی لێکدانەوەکانی (ڕیچارد مولەر) بێت، لە سەرەتاییەکانی گەردووندا هەموو تەنۆلکەکان بێ-بارستە بوون، پاشان بە پێی میکانیزمی هیگز بووە هەموو گەردوون پڕبووە لە بواری هیگز و “بارستای” داوە بە تەنۆلکەکان، ناوی ئەم میکانیزمەش ناسراوە بە(شكاندنى ھاوجێيى خۆبەخۆ)(١٥).ئێمە دەزانین کە تەنۆلکە بێ-بارستەکان ئینترۆپی کشانی گەردوون بەرزناکەنەوە، کەواتە لەو دەمەدا ئینترۆپی زیادی نەکردووە، هەموو ئینترۆپی تەنۆلکەکان گەرمی بووە و زیادی نەکردووە، ئەگەر تیراسای کات زیاد کات لەگەڵ زیادبوونی ئینترۆپی، کەواتە دەبێت کات وەستابێت؟ گەر وەستابێت ئەیچۆن گەردوون کشاوە و “ئێستا”یەک بوونی هەیە؟ ئەمە زۆر بە باشی پەیوەندی نێوان ئەو دوو بڕە دەکاتە ژێر پرسیارەوە و وامان لێدەکات جارێکیتر بیری لێبکەینەوە. هەنگاوێک بنێین و بیر لە جێگرەوەی تیراسای کات کەینەوە یان لانی کەم جیاوازتر لە بیرکردنەوەی باو، بتوانین بیربکەینەوە. ئێمە لێرەدا سێ لەو جێگرەوانە دەخەینەڕوو لە لێکدانەوەکانی (ڕیچارد مولەر) کە پیشانی داوە لە کتێبەکەیدا.

یەکەمیان؛ تیراسای تیشکدانەوە(radiation arrow)، بەگشتی دیاردەکانی تیشکدانەوە بەهۆی هاوکێشەکانی (ماکسوێڵ) دەتوانین شیکاریان بکەین، بۆ ئەنجامدانی ئەم شیکارکردنەش پێویست دەکات گریمانەی ئاڕاستەی کات لەبەرچاوبگرین. ئەمەش بووە هۆی کێشەی نێوان والتەر ریتز و ئالبێرت ئاینشتاین، لە سەرەتاکانی ١٩٠٠دا، تەنانەت چەند نامەیەکیشیان گۆڕیوەتەوە. والتەر بە تەواوی پاڵپستی گریمانەی کات بووە بۆ تیشکدانەوەکان، بەڵام؛ ئاینشتاین بە پێچەوانەوە هاوڕای نەبووە. هەرچۆنێک بێت ئەم کێشەیە بە چارەسەرنەکراوەیی مایەوە، تاکو فیزیاییەکی گەنج لەبەردەم گرنگترین فیزیاییەکانی ئەو سەردەمە چارەسەری ئەم کێشەیەی پیشاندا ئەویش ڕیچارد فایمەن بوو.لە ساڵی ١٩٤٥ ئادڤایزەرەکەیی جۆن ویڵەر داوای لە فایمەن کرد لەسەر سیمیتری تیشکدانەوەی کلاسیکی لێکۆڵینەوە بکات. ئایە تیشکدانەوە کارۆموگناتیزییەکان یەک ئاڕاستەیی کاتیان تیا بەدی دەکرێت؟ یاخود بە هەردوو ئاڕاستەکە ڕوودەدات؟ لەکۆتایدا فایمەن بە بیرکارییانە ئەوەی سەلماند کارۆموگناتیزی کلاسیکی سیمیترییە لە کاتدا بە هەردوو ئاڕاستەکە ڕوودەدات. ئەم کارەشی لەبەردەم ۆلفگانگ پاوڵی و ئالبێرت ئاینشتاین و چەند فیزیاییەکی پێشکەوتووی سەردەمەکەی خستەڕوو، سەلماندی کە ئاینشتاین ڕاستدەکات. وە ئەوەشی لێکدایەوە کە دژە-ماددە؛ هەر ماددەیە، بەڵام؛ دەگەڕێتەوە بەناو کاتدا.

دووەمیان؛ تیراسای گەردوونی(cosmological arrow). لێرەدا کە بیر لە گەردوون دەکەنەوە، وەکو گەردوونێكی چوار ڕەهەندی بیری لێ بکەنەوە نەوەکو سێ ڕەهەندی. ڕەهەندی چوارەم فەزا-کات(space-time) ـە. ئێمە دەزانین گەردوون دەکشێت، تاودانی کشانەکەشی ڕوولەزیادبوونە. ئەم کشانە بەواتای ئەوە دێت کە نەک تەنیا فەزای تازە درووست دەبێت لە گەردووندا، بەڵکو هەم کاتی تازەش دروست دەبێت. ئەمە زۆر واتادارترە گەر بەم شێوەیە بیر لە تیراسای کات و تێپەڕینی کات بکەینەوە. تەنانەت تەقینەوە گەورەکە وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەداتەوە، کە بۆچی ئینترۆپی زیاد دەکات؟ وەڵامەکەش ئەوەیە کە لە سەرەتاییەکانی گەردووندا ئینترۆپی کەم بووە، بەهۆی کشانی گەردوونەوە بووەتە هۆی پەیدابوونی ژووری تازە بۆ زیادبوونی ئینترۆپی.

سێەمیان؛ (تیراسای کوانتەم- quantum arrow). لێرەدا بە وردی واتای پێوانەکردن(measurement) لە کوانتەم میکانیکدا دەخەینەڕوو،  لە کوانتەم میکانیکدا بۆ باسکردنی ئەو دیاردەیەیی کە دەمانەوێت لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەنجام بدەین، نەخشەشەپۆل(wave-function)ـی بەکاردەهێنین کە ئامڕازێکی ماتماتیکییە. لە کوانتەمدا ئێمە ناتوانین بە “وردی و دڵنیاییەکی” تەواوە، پێشبینی پێوانەکردنەکە بکەین. بەڵکو لە ڕێگەی “ئەگەرییەوە”(probability) دەتوانین پێشبینی بکەین. دوای پێوانەکردنەکەش ئەو نەخشەشەپۆلەی هەمانە دادەڕمێت. هەڵبەت ئەمە پێیدەوترێت لێکدانەوەی ستاتیستیکاڵ(statistical interpretation) کە ماکس بۆرن(یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کوانتەم) خستوویەتیەڕوو.

پێمباشە زیاتر لەسەر ئەم لێکدانەوەیە بووەستین. بەپێی کوانتەم میکانیک بێت ئێمە ناتوانین بە “وردی و دڵنیای” پێشبینی ئەنجامەکان بکەین. ئەگەر ئێمە نەتوانین کارێکی وەها بکەین، کەواتە “نەتوانینەکە” لە ئێمەوە نییە بەڵکو لە ناتەواوی تیۆریەکەوەیە کە هەمانە. هەر لەم ڕوانگەیەوەیە بوو، کە کەسێکی وەکو ئاینشتاین پەسەندی نەکرد و دژی بوو. لەڕاستیدا هەر ئاینشتاینی بێزار نەکرد بەڵکو کەسێکی وەکو ئێروین شرۆدینگەر(کەم زانستکار هەیە ناوی نەبیستبێت، وە یەکێکیشە لە دامەزرێنەرو پێشخەری کوانتەم) ـیشی بێزارکرد، تەنانەت شرۆدینگەر یەکێکە لە هاوئاوازانی ئاینشاتین، بەهۆی ئەم کێشەیەوە بوو کە سرووشی پشیلەکەی بۆهات. بەگشتی زۆر کەس کە باسی پشیلەکەی شرۆدینەگەر دەکات بۆ خستنەڕووی حەقیقەتی کوانتەم، بێ ئاگایە لەوەی خودی سرووشی پشیلەکە بۆ دەرخستنی “ناتەواوی” کوانتەم خستوویەتییەڕوو! تاقیکردنەوەکە بەم شێوەیە دیزاین کراوە، بۆکسێکمان هەیە پشیلەیەکی تێدایە، لەگەڵ گازێکی ژەهراوی لەناویدا، وایدادەنێین لە چەند کاتمژێری داهاتوودا گازەکە ئەگەری لە ٪٥٠ هەیە شیبێتەوە و پشیلەکە بکوژێت، ئەگەریشی هەیە شی نەبێتەوە و پشیلەکە زیندوو بمێنێتەوە. لێرەدا کردەی کردنەوەی سەری بۆکسەکە و زانینی ئەوەی پشیلەکە مردووبێت یان زیندوو، پێی دەوترێت “پێوانەکردن”. لە ڕاستیدا پرسیارێکی زۆر گرنگ یەتە پێشەوە ئەو پرسیارەش، ئایە پێش پێوانەکردنەکە پشیلەکە لە چی دۆخێکدا بووە؟ ئەو وەڵامەی کە لە دڵی “کوانتەم” ـەوە دەستمان دەکەوێت، ئەوەیە کە پشیلەکە پێش کردەی “پێوانەکردن” لە هەردوو دۆخەکەدابوو لە هەمانکاتدا(simultaneously)، بەواتایەکی تر دەڵێین بەرزەخۆجێیەتی(supper-position) هەردوو دۆخەکە بووە. هەم مردوو هەمیش زیندوو. پێمباشە هەڵە تێگەیشتنێک ڕاست بکەمەوە، لە زۆر کەس و زۆر دکتۆری زانکۆ وا پیشاندەدرێت کە پێش کردەی “پێوانەکردن” پشیلەکە  “یان”  مردووە  “یان”  زیندووە، واتە تەنیا دۆخێکیان بووە، کە لە ڕاستیدا ئەمە هەڵەیە، لە دڵی کوانتەم تێنەگەیشتوون. ئەم لێکدانەوەیە ناسراوە بە لێکدانەوەی کۆپنهاگن(کە نێلز بۆر، وێرنەر هایزەنبێرگ و ماکس بۆرن پاڵپشتی بوون). هەر لەم ڕوانگەیەوە بووە کە ئاینشتاین و شرۆدینگەر پێچەوانەی بوون و هاوڕانەبوون. بەلای ئەوانەوە پێش کردەی “پێوانەکردن” پشیلەکە هەمان دۆخی هەبووە کە لەکاتی “پێوانەکردن” دەستمان دەکەوێت. بە واتایەکیتر گەر پشیلەکە زیندووبێت ئەوا پێشتر زیندووبووە، بۆیە ئێمە ئەنجامی زیندوومان دەستدەکەوێت. ئەمە بووە هۆی پەیدابوونی چەمکێک بەناوی گۆڕاوی-شاراوە(hidden variable)، ئەم گۆڕاوی-شاراوەیە وادەکات پشیلەکە ئەو دۆخەی هەبێت و بەوشێوەیە ڕەفتاربکات، کە ئێمە هێشتا نازانین چییە؟. ئەم لێکدانەوەیە ناسراوە بە لێکدانەوەی حەقیقەتگەرای(realist). نزیکەی پەنجا ساڵی خایاند ئەم دیبەیتە تاکو سەلمێنرا کە ئەسڵەن گۆڕاوێکی-شاراوە هەر بوونی نیە، تاکو وا بکات بەو شێوەیە ڕەفتار بکەن. وەڵامی لێکدانەوەکەی کۆپنهاگن حەقیقەتی سرووشتی کوانتەمییە و ڕاستە. ئەو کەسەش “جۆن بێڵ” بوو. هۆکاری ئەوەی باسی هەموو تاقیکردنەوە و وردەکاریەکەم کرد لەبەر ئەوە بوو خوێنەر بە چاوێکی فزوڵی و زانینخوازانە لەمەڕ کێشەکە بنواڕێت و هەڵە تێگەیشتن دروستنەبێت. زۆرباشە لەوانەیە بپرسی ئەمە چی پەیوەندییەکی بە تیراسای کوانتەمییەوە هەیە؟ لە وەڵامدا، کردەی  “پێوانەکردن”  بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت کاریگەری لەسەر ڕابوردوو دروستبکات، تەنیا دەتوانێ کاریگەری لەسەر داهاتووی سیستەمەکە دابنێت. ئەمە جیاوازی دەکات لە نێوان ڕابوردوو و داهاتوو. هەڵبەت هێشتا تیۆریەکی تەواوی “پێوانەکردن” لەبەردەستا نییە پێمان بڵێت بۆچی دەبێت وابێت، بەڵام؛ دەزانین وایە و زۆر باشیش کاردەکات!

لە کۆتایدا، ئەوەی کە دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە، پێویست دەکات پرسیار لەسەر هەموو شتێک بکەین، پرسیارە بنچینەیەکان دووبارە بپرسینەوە. ئەمانە چەند جێگرەوەیەکی بیرکردنەوەی باوە، دەبێت گومانگەرا و فزوڵبین لەسەر بیرکردنەوەی باو، چونکە ئێمە هێشتا نەگەیشتوین بە حەقیقەتی کات. ڕیچارد مۆلەر لە کۆتای کتێبەکەیدا دەڵێت؛ ( کێ ئەبێت بە ئاینشتاینە نوێکە؟ تۆ؟)

پەراوێز:

١-homosapians

٢-flowing of time

٣-khronoa

٤-geras

٥-hours

٦-Heh

٧-zurvan

٨-now

٩-Confessions

١٠-intellectual autobiography

١١-the fabric of cosmos

١٢- a brief history of time

١٣-On the Electrodynamics of Moving Bodie

١٤-the nature of physical world

١٥-spontaneous symmetry breaking

 

سەرچاوەکان :

1-Now: The Physics of Time by Richard A. Muller

2-The True Nature Of Time – New Documentary

3-modern physics by Raymond A. Serway

4-introduction to quantum mechanics by Daivid J. Griffiths

بڵاوکردنەوە: