مەلای گەورە

927
0
بڵاوکردنەوە:

پیاوێك كە خوێندنی كلاسیكیی سەردەمی خۆی تەواو كردووە و جۆری خوێندنەكە وا بووە، ئەوەی هەموو زانستەكانی تەواو دەكات، دەبێتە مەلا، واتە ڕێنیشاندەری خەڵك بەپێی ئەو دەقانەی خوێندوویەتی. پیاوێك لە شارەدێیەكی دوور لە هەموو سنوورە كولتوورییە جیاكارییەكان، پیاوێك لەدایكبووی سەردەم و كۆمەڵگەیەك كە گیرۆدەی دوو خوای سەر زەویش بووە: شێخ و ئاغا. پیاوێك لە كۆمەڵگەیەك كە دەبێ هەر پیاو بڕیار بدات و بخوێنێ. پیاوێك لە مێژوویەك كە عوسمانی حاكمن و بیری نەتەوایەتی تەواو كز بووە! ئەم پیاوە، بەگژ هەموویدا چووەوە، هەرگیز مەلایەكی كلاسیك نەبوو، ڕووناكبیر و نووسەر و عەللامەیەكی زەمانە بوو. ئەم پیاوە سنووری شارەدێی بڕی و توانی شارەدێ بكاتە چەقێكی گەورەی مەعریفی و قوتابخانە و ڕێچكە. ئەم پیاوە بەگژ هەموو خوا دروستكراوەكاندا چووەوە، شێخ و ئاغای لە ڕیشەوە هەڵتەكاند. ئەم پیاوە ناسنامەیەكی نوێی بەبەری كوردایەتیدا كرد و ئێستە ناسیۆنالیستەكان بە قوتبێكی گەورەی خۆیانی دەزانن. ئەم پیاوە، جیا لە هەموو پیاوانی تر، پێچەوانەی هەموو مەلایەكی ڕۆژگاری خۆی، دژی هەموو نەریتەكان، یەكەم كەس بوو كچی خۆی بردە بەر خوێندن و ڕیكۆردەكەی لەسەر ئاستی نەوەك تەنیا كوردستان، چەندان وڵاتی ناوچەكەش تۆمار كرد. ئەم پیاوە، مەلای گەورەی كۆیەیە.

گەورەییی شار لە مێژوودا، هەرگیز بە قەبارە و ژمارەی دانیشتوان ناپێورێ، بەڵكوو بەو كاریگەرییانەیە كە لەسەر ئاستی جیاواز دەیخاتە ناو گۆڕانكارییەكانی مێژووەوە. شاری كۆیە، لە پێوانەی مێژووییدا، لە سەری سەرەوەی شارە گەورەكانی كوردستانە. ئەگەر تەماشای ناوەكانی ئەو شارە بەرهەمی هێناون بكەین، بەتەواوی ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەكەوێ، چ قەبارەیەكی ئەفسانەیی هەیە. مەلای گەورەی كۆیە، وەك حاجی قادر، دروستكەرێكی سەرەكیی ئەو شارەیە.

ناسنامە

مەلا موحەممەد کوڕی حاجی مەلا عەبدوڵڵای جەلیزادەیە، دایكی ناوی عائیشەخانی كچی حاجی بەكر ئاغای حەوێزییە. ساڵی ١٨٧٦ لە شاری کۆیە لەدایک بووە. ڕووناكبیرێی گەورەی كوردە و بە پێشڕەوی ڕووناكبیری هەژمار دەكرێت. كارەكانی بۆ هەردەم لە یادگە و كاریگەرییەكانی تاهەتایە دەمێنێتەوە. لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٣ لە کۆیە کۆچی دوایی کردووە.

خوێندن

وەك نەریتی ئەو سەردەمە كە خوێندن لە مزگەوت بووە، ئەویش بە هەمان ڕێگە دەكەوێتە بەر خوێندن. باوكی مەدرەسەی عیلمیی هەبووە و كۆمەڵێ فەقێی لا بووە. سەرەتا لەلای موستەعیدەكانی باوكی دەستی بە خوێندن كردووە، تا كتێبی “الخادم”ی تەواو كردووە.

سەرنج/ كتێبی “الخادم” باپیری مەلای گەورە نووسیویەتی، تا ساڵانی هەشتای سەدەی پێشوو، سوختە، واتە قۆناغی یەكەمی خوێندنی فەقێیایەتی لەتەك “ئەحمەدی” و “فتح القریب” و چەند كتێبێكی دیكە خوێندوویانە.

تەمەنی منداڵی و مێردمنداڵیی مەلای گەورە، زیاتر هەر لە حوجرەدا بووە، بۆیە هەر زوو قۆناغەكانی خوێندن لای باوكی دەبڕێ و یەكێكە لەو دەگمەنانەی لە تەمەنی 18 ساڵیدا ئیجازەی مەلایەتیی وەردەگرێ، واتە ساڵی 1894ز.

بەهۆی حوجرەكەی باوكی كە كتێبخانەی گەورەی تێدا بووە، دەرفەتی باشی بۆ دەڕەخسێ كە بەردەوام بێت لە موتاڵەعە و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی باوكی و هەر لەو مەزگەوتە دەبێتە وانەبێژ و مامۆستای فەقێ كە تەنانەت زۆرێك لە موستەعید و فەقێكان، تەمەنیان لەخۆی گەورەتر بووە، بەڵام لێهاتوویی ئەو وای كردووە، هەموویان سەر بۆ زانستەكەی دانەوێنن.

شوێنگرەوەی باوكی

مەلای گەورە، دەبێتە جێگری بەڕێوەبەری حوجرەكەی مەلا عەبدوڵڵای باوكی و ئیدی دەردەكەوێ داهاتووی ئەو حوجرەیە لە دەستێكی ئەمیندایە. ساڵی 1908ز باوكی كۆچی دوایی دەكات، بۆیە ڕاستەوخۆ دەبێتە بەڕێوەبەری مەدرەسەكە و تەواوی پایە و شكۆی باوكی پێ دەدرێ و خۆیشی وێڕای ئەوەی هێشتا تەمەنی تەنیا 32 ساڵە، سەلماندوویەتی كە شایەنی ئەو پێگە و مەقامەیە.

ناوبانگی مەلای گەورە، شارەوشار دەنگی دایەوە، تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە دەچوونە مزگەوتەكەی ئەو، تا لای مەلای گەورە ئیجازەی مەلایەتی وەربگرن.

سەرنج/ وێڕای ئەوەی ئیجازەی مەلایەتی لە سیستەمی خوێندنی فەقێیایەتیدا بریتی بووە لە تەواوكردنی كۆمەڵێ قۆناغ و زانستی جیاواز و دیاریكراو كە پێی دەگوترا “دوازدە عیلم” بەڵام وەرگرتنی ئەو ئیجازەیە لەسەر دەستی هەندێك مەلا، پێگەیەكی تایبەتی خۆی هەبووە. بۆیە ئەو مەلایەی ئیجازەی مەلایەتی لەبەردەستی مەلای گەورەی كۆیە، یان مەلا كەریمی مودەریسی بیارە، یان خەتیبی گەورەی سلێمانی، یان موفتی باداوە وەرگرتبێ، بەدڵنیایی مەكانەتێكی تایبەتی هەبووە.

ناودارترین مەلاكانی ئیجازەی مەلایەتییان لە مەلای گەورە وەرگرتووە

ئەو مەلایانەی ئیجازەیان لە مەلای گەورەی كۆیە وەرگرتووە، هەریەكەیان لە شوێنی خۆی بوونەتە خاوەنی پێگەی و جێگەی فیكر و بیری ئەویان پێوە دیار بووە، هەر بۆیە ئەو بۆچوونە شۆڕشگێڕانەی دژی شێخ و ئاخا، بە تەواوی كوردستاندا بڵاو بووەتەوە. لەو مەلایانە: مەلا ئەحمەدی ئەفەندی ئاكرێ‌ ، مەلا موحەممەد مودەریسی دهۆك، مەلا شێخ موحەممەد تاهیری شۆشی، مەلا ئەبووبەكری كۆیی، مەلا صادیقی ماویلیان، مەلا عەبدولقادری كانی دەربەندی، مەلا مەحموودی ڕاجی، مەلا شێخ عەبدولكەریمی ئۆمەرئاوا ، مەلا فەتحوڵڵای هەرتەلی، مەلا موحەممەدی شێروانی، مەلا مەعسوومی هەورامی، مەلا عەبدولحەمیدی عەسكەری، مەلا رەشیدی قەرەنیزادە و زۆری دیكە.

موفتی و قازی

توانا زانستییەكەی مەلای گەورە، لەوە گەورەتر بوو لە مزگەوت و حوجرەیەكدا قەتیس بمێنێ، بۆیە لەماوەی چەند ساڵێكدا پلە بە پلە شكۆدارتر دەبوو. ساڵی 1912 كرا بە موفتی شاری كۆیە، سێ ساڵی نەبرد، بوو بە ئەندامی ئەنجوومەنی زانستیی مووسڵ كە پلەیەكی ئێجگار گەورەی سەردەمەكە بووە. پاشان ساڵی 1919 گەڕایەوە شاری كۆیە و بوو بە قازی قوزاتی شارەكە و هەموو كۆیە و تەنانەت شارە گەورەكانی وەك هەولێر و سلێمانیش، قەزاوەتیان دەگەیشتەوە لای مەلای گەورە.

نوێنەری كورد لە بەغدا

ساڵی 1924ز مەلای گەورە دەچێتە پایتەختی عێراق و چوار ساڵ ئەندامی ئەنجوومەنی تەشریعی و دواتر ساڵی 1928 دەگەڕێتەوە شاری كۆیە و بەتەواوی واز لە هەموو كارێكی دیكە دەهێنێ و جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە بۆ مەدرەسەی جەلیزادە و خەریكی وانەگوتنەوە و نووسین و موتاڵەعە دەبێت. دەتوانین بڵێن، ئەمە ئەو قۆناغەیە، دوای تێپەڕبوونی ئەزموونێكی زۆر و گەڕان و دیتنێكی بەرچاو، ئیدی دونیابینیی مەلای گەورە فراوان دەبێ و دەبێتە مورشید و بیرمەندێكی گەورە.

كتێبەكانی

وێڕای ئەو هەموو چالاكییە، لە تەدریسەوە بۆ موفتی، لەوێوە بۆ قازی، بۆ نوێنەری كورد لەبەغدا و ئاگاداربوون لە خەم و مەینەتییەكانی خەڵك و ئامۆژگاری و ڕێنیشاندان، هێشتا كاتێكی زۆری بۆ خوێندنەوە و نووسین تەرخان كردبوو. مەلای گەورە، لەدوای خۆی ژمارەیەك كتێبی بەجێ هێشتووە كە هەندێكیان ئێستەیش فەقێكانی كوردستان دەیخوێنن و هەندێكیشیان، بەتایبەتی كوردییەكان، تا ئێستەیش لێكۆڵینەوەیان لەسەر دەكرێ. ئەمانەیش كتێبەكانییەتی/ عەرەبی: “المصقول فی الأصول”، “القائد فی العقائد”، “الكلام الجدید”، “حقیقە الایمان”، “المشاهد”،  “الإله والطبیعة والعقل والنبوة”، “المعجزات والكرامات”، “حقیقە الاسلام”، “أبهی المآرب وإثبات الواجب”، “كشف الأستار فی مسألە الاختیار”، “ضیاعان عظیمان”، “الأشخاص الستة”، “الحدس سلم الإرتقا‌ء”، “خراب العالم”، “غایتي وأملي فی علمي وعملي” لەگەڵ “الوسیلة في علم أصول الفقه”.

ئەمانەیش كتێبە كوردییەكانییەتی: “حكایات خەون و كەرامات”، “دیاری مەلا محەممەدی كۆیی”، “عەقیدەی ئیسلام”، “نوێكەرەوە”، “فڕی فڕی قەل فڕی”، دوا بەرهەمیشی بریتی بوو لە “تەفسیر قوڕئانی پیرۆز “، بە كوردی ، ساڵی 1943ز تەواوی كرد ، لە 1968ز چاپ كرا.

دیارییە گەورەكەی مەلای گەورە

مەسعوود محەمەد، ڕووناكبیر و زمانزان و لێكۆڵەری گەورەی كورد، كوڕی مەلای گەورەی كۆیە، گەورەترین دیارییە پێشكەشی كۆمەڵگەی كوردەواری كردبێت. گۆشی مەلای گەورە، ئەو پیاوە .مەزنەی خوڵقاند ئەگەرچی لەڕووی فیكرییەوە لەیەك جیاوازن، بەڵام لەڕووی بەرهەم و تواناوە، هاوشێوەی باوكی، ئەگەر زیاتریش نەبێ، زانستی بۆ گەلی كورد بەجێ هێشت

 

بڵاوکردنەوە: