سوهرەوەردیی، کوژراوێكی ڕیگەی ڕاستیی

187
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

 

پێم خۆشە بۆ نووسینی ئەم پۆرترێتە باسی فەیلەسووف و عارفێکی گەورەی کورد بکەم، کە ئەویش شەهابەدین سوهرەوەردییە. ئەم زانا مەزنە کاریگەری گەورەی بەسەر هزری جیهانەوە هەیە، بەتایبەتی لە لایەنی تەسەوف و عیرفانییەوە داهێنانی گەورەی کردووە، بەڵام لە هەمووی ناخۆشتر ئەم فەیلەسووف و عاریفە مەزنە بە فەرمانی سەڵاحەدینی ئەیوبی دەکوژرێت.

بەداخەوە کوژرانی سوهرەوەردیی و توندڕەویی لە دژایەتییکردنی شیعە مەزهەبەکان لە ناوچەکە، بە دوو خاڵی خراپی سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەم سەرکردە کوردە دادەنرێت.

دیارە ئەم پیاوە مەزنەی خۆرهەڵات نەک تەنها لای جیهانی ئیسلامی، بەڵکو لە خۆرئاوا و تەواوی جیهاندا مایەی گرنگی پێدانە، بەتایبەتی بۆچوونەکانی لەبارەی «مرۆڤ»ەوە. لە هەمان کاتیشدا شێوازی مردنەکەشی، هێندەی تر سەرنجی خوێنەرانی ڕاكێشاوە و ئەویش وەکو سوکرات، بە شەهیدی رێگەی هزر و فەلسەفە دادەنرێت.

هیچ فەیلەسوف و زانایەکی خۆرهەڵات هێندەی سوهرەوەردی کاریگەری گەورەی لە بواری هزر و مەعریفەدا بەجێ نەهێشتووە، گرنگییەکەی لەوەدایە لەو سەردەمەدا، کە سوهرەوەردی باسی کۆمەڵێک بابەتی گرنگی کردووە، کە چ لەلایەن زانایانی ئایینی و خەڵکی عەوام و دەسەڵاتدارانەوە، بە حەرام داندراوە. هەر لەسەر وتنی هەقیقەتیش ئەم کەڵە فەیلەسووفە گیانی دەکاتە قوربانی.

لێرەدا هەوڵ دەدەم لە ڕێگەی دوو وتارەوە باسی ئەم کەڵە فەیلەسووفە بکەم. لە بەشی یەکەمدا زیاتر باسی بنەما فکرییەکانی دەکەم، لە بەشی دووەمیشدا زیاتر باسی ژیانی تایبەتی دەکەم، ئەوەش لە ڕێگەی باسکردنی ڕۆمانی «قەلەندەر و قەڵا» لە نووسینی نووسەری ئێرانی «یەحیا یەسریبی»، کە کاک ئازاد بەرزنجی لە فارسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر کوردی،. ئەم ڕۆمانە زیاتر باسی ژیانی تایبەتی ئەو دەکات، زۆر بە جوانی وێستگەکانی ژیانی سوهرەوەردی باسکردووە.

بەو هیوایەی ئەم پۆرترێتەی ئێمەش کەمێک زانیاریی بە خوێنەرانی کورد ببەخشێت.

 

منداڵێکی زیرەک و بەتوانا

سوهرەوەردی ناوی تەواوەتی «یەحیا حەبەش ئەمیرک سوهرەوەردییە» لە ساڵی 1154 ز لە سوهرەوەرد لە هەرێمی زەنجانی ئێران لەدایکبووە. لە ساڵی 1191ز بە فەرمانی سەڵاحەدینی ئەیوبی سزای مردنی بەسەردا دەسەپێندرێت، ئەمەش لە پاش دادگاییکردنی لەلایەن کۆمەڵێک لە زانایانی ئایینی، کە تۆمەتی کافریی و دەرچوون لە ئاینی ئیسلامی بۆ هەڵدەبەستن.

پاشان دەخرێتە زیندانەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک نان و ئاوی نادەنێ ئیدی بەو هۆیەوە گیان لە دەست دەدات و دەبێتە قوربانیی دەستی و، دواکەوتوویی.

دواتر زانایانی ئایینی دڵیان ئاو ناخواتەوە و باوەڕ ناکەن و دەڵێن پێدەچێت زاهیر شا کوڕی سەڵاحەدینی ئەیوبی کە والی حەلەب بووە، شاردبێتییەوە، چونکە ئەو هاوڕێی سوهرەوەردی بوو، نەیدەویست سزای بدات، بۆیە دەچن لە قەڵاکە جەستە بێ گیانەکەی دەردەهێنن و بەبەر چاوی خەڵکەوە لە سێدارەی دەدەن.

سوهرەوەردی، حەبەشی باوکی دەیخاتە حوجرەی مزگەوتەوە، بەڵام هەر زوو زیرەکیی و بەتوانایی ئەم منداڵە دەردەکەوێت، حەزی خوێندن تێیدا رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر و زیاتر دەبێت، هەربۆیە لە تەمەنی 10 ساڵیدا باوکی دەینێرێت بۆ شاری مەراغە و لەوێندەر لەسەر دەستی شێخ مەجدین جیلی فێری قورئان و حەدیس دەبێت و یاساکانی نەحو و سەرف فێر دەبێت، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک و کلیلێک بۆ کردنەوەی دەرگای مەعریفەت بۆ ئەم منداڵە 10 ساڵەیە.

دوای ئەوەش زانا و بیرمەندی ئیسلامی شێخ فەخرەدینی ماردینی دەبینێت، لەسەر دەستی ئەویش فێری زانست و فیکر و فەلسەفە دەبێت و دەرگای هزری فەلسەفی بۆ دەکاتەوە.

کاروانی خوێندن و زانست و فێربوونی لێرەوە بەتەواوەتی دەست پێدەکات و دەچێتە ئەسفەهان و حەلەب و دیمەشق و تەواوی وڵاتانی خۆرهەڵات دەگەڕێت و تا دواجار لە شاری حەلەب لە باکووری سوریا دەگیرسێتەوە.

لێرەش بە فیتی کۆمەڵێک زانای کینە لە دڵ، تۆمەتی دەرچوون لە ئایین و کافریی بۆ دەردەکەن و بە کوشتی دەدەن.

 

ئاسۆی گشتی هزری سوهرەوەردیی

دەتوانین بڵێین سوهرەوەردی لە یەک کاتدا عاریف و فەیلەسوفێکی بەتوانا بووە، لە ژیانیدا، خۆی بە کۆمەڵێک بابەتی گرنگەوە سەرقاڵ کردووە، لەپێش هەمووشیانەوە مەسەلەی ماددە، بوون، جەستە، وێنە، زەمەن، جووڵە و گۆڕانکاریی، زانستی دەروون شیکاریی، هەروەها باسی مەسەلەی دۆناودۆنکردنی جەستە و ڕۆحی کردووە و گرنگیی زۆری بە ناخ و جەسەتەی مرۆڤ داوە.

لە بواری میتافیزیکیشدا گرنگی بە مەسەلەی «تاک و کۆ» داوە. لە کۆتایی ژیانیشیدا، قسەی تایبەتی هەبووە لەبارەی دوایین پێغەمبەرەوە «خاتم الانبیاء» کە ئەمەش تووشی کێشەی گەورەی کرد و نەیارانی زۆر بە خراپی لە دژی بەکاریان هێنا.

هەروەها گرنگیی زۆری بە هزر و فەلسەفەی پێش خۆی داوە بەتایبەتی ئەفڵاتون و ئەرستۆ و تەواوی فەیلەسووفانی یۆنانی کۆن.

سوهرەوەردی پێی وابوو کە فیکری ئایینی و دونیایی هاوسەنگ بوون، لە هەمان کاتیشدا یەکەم زانا و بیرمەندی ئیسلامییە کە پاش ئەوەی ئیمام غەزالی بەتەواوەتی عەقڵ و فەلسەفەی حەرام کرد و داوای کرد کەس توخنی فەلسەفە نەکەوێت، بەڵام سوهرەوەردی دژی دەوەستێتەوە و دووبارە گرنگی بە هزر و فەلسەفە دایەوە. لە هەمووشی گرنگتر سوهرەوەردی پێی وابوو راستە عەقڵ گرنگە، بەڵام هەموو شتێکیش نییە و نابێت تەنها پشت بە عەقڵ و ناخی خۆمان ببەستین، بەڵکو دەبێت هەوڵیش بدەین خۆمان فێری شتی نوێ بکەین، ئەوەش لە ڕێگەی خوێندنەوەوە دەستمان دەکەوێت، هەر ئەمەش وای لێکرد هەم «فیکری باطنی» ئەفڵاتونی لا پەسەند بێت، هەمیش فیکری مەشائیی «عەقڵانییەت»ی ئەرستۆی لا پەسەند بێت.

لە هەمووشی گرنگتر ئەو تەسەوف و فەلسەفەی تێکەڵ بەیەک کرد و لەمەشدا حیکمەتی ئیشراقی لێ بەرهەمهێنا، کە یەکێکە لە داهێنانە گەورەکانی بواری تەسەوفە لە مێژوودا.

ئەو زیاتر جەختی لە «نور – ڕووناکی» ناخی مرۆڤ دەکردەوە، ئەو ڕووناکییەی، کە دەبێتە ڕۆشنکەرەوەی جەستە و ڕۆحی مرۆڤ.

 

حیکمەتی ئیشراق

زۆرجار سوهرەوەردی بە «شێخی ئیشراق» ناوی دەبەن، ئیشراق بە مانا فیکرەییەکەی زیاتر دەچێتە قاڵبی تەسەوف و عیرفانییەوە، جگە لەوەش تەواوی بۆچوونەکانی لەبارەی ئیشراقەوە لە کتێبی «حکمة الاشراق» بە ڕوونی باس کردووە، کە یەکێکیشە لە کتێبە گرنگ و پڕ بایەخەکانی و لەم کتێبەیدا تەواوی فیکر و بۆچوونەکانی باسکردووە، ئێمەش زیاتر پشت بەم کتێبە دەبەستین.

 

نوور – ڕووناکی

سوهرەوەردی باوەڕی تەواوی بە ئیشراق یان مەسەلەی « نور- ڕووناکیی» ناخی مرۆڤ هەبوو. هەر ئەمەش دەبێتە کرۆکی سەرەکی هزر و فەلسەفەکەی.

حیکمەتی ئیشراق ئاماژەیە بۆ ئەو ڕووناکییەی، کە لە ناخی نەفسە مردووەکاندا هەیە و لە ڕێگەی ئەو ڕووناکییەشەوە ناخی مرۆڤ ڕۆشن دەبێتەوە و دواجاریش دەگاتە دوایین لووتکەی ڕۆشنایی یان نوری باڵا، ئەوکاتەی کە مرۆڤ لە ڕێگەی تێڕامانی ڕۆحیی و فێربوون و لێکۆڵینەوەوە دەگاتە ئاستی کامڵ بوون و تەواوی جەستە و ناخی بەو ڕووناکییەوە رۆشن دەبێتەوە. ئەمەش حاڵەتێکی تایبەتە لە عیرفانی خۆرهەڵاتیدا هەیە و هەرکەس و ئایینێک، ناوێکی لەم ئاستە یان قۆناغە ناوە کە مرۆڤ پێی دەگات، بەڵام سوهرەوەردی بە «ئیشراق» وەسفی کردووە، لەلای ئەو، ئەوانەی بەم قۆناغە دەگەن زۆر دەگمەنن.

جێگەی ئاماژەیە لە ئایینەکانی زەردەشتی و بودایی و هیندۆسییەکانیش، باسی ئەم ئاستەی مرۆڤ دەکەن و بە دوایین حیکمەت و تێگەیشتنی مرۆڤی دادەنێن، لای بودییەکان حاڵەتی نیرفانای پێ دەڵێن و هیندۆسییەکان «سامادیی» پێ دەڵێن، کە مانای گەیشتنە بە دوایین قۆناغیی عیرفانیی و بەهای باڵا. ئەمەش یەکێکی ترە لە کاریگەرییەکانی هزر و فیکری خۆرهەڵاتی بەسەر سوهرەوەردیییەوە.

 

 ڕووناکی و تاریکی

سوهرەوەردی پێی وابوو کە ڕووناکی سەرچاوەی سەرەکی هەموو بوون و مەعریفەیەکە و لە هەمان کاتیشدا ئەسڵی هەموو شتێکە. ئەمەش بە جەدەلیەتی «ڕووناکیی و تاریکی» دەبەستێتەوە، هەرئەمەش دەبێتە کرۆکی سەرەکی بیرکردنەوە و نووسین و تێڕامانەکانی.

عەقڵی نەمر و ڕووناکی

سوهرەوەردی قسەی لە بارەی عەقڵی نەمر و ڕووناکییەوە کردووە، ئەو پێی وابوو کە مەشخەڵی ئاگری هەقیقەت کاتێک لە ناخی مرۆڤێکدا دادەگیرسێت، کە ئیتر بە تەواوەتی گەیشتبێتە لوتکە و کەماڵی خۆی، ئەمەش تەنها لە دەستەبژێرێکی کەمی زانا و عاریفەکاندا دەردەکەوێت، کە پێغەمبەری ئیسلام بەم حاڵەتە گەیشتووە.

 

عەقڵی سوور

چەمێکی تر کە سوهرەوەردی دایهێنا «عەقڵی سوورە»، لەمەشدا مەبەستی لەو عەقڵەیە کە پەیوەندیی بە مێژووەوە هەیە و لە ڕووداوە مێژووییەکاندا گەشە دەکات، پێشی وایە کە رەنگی «سوور» لە دەرەنجامی تێکەڵاوبوونی رەنگی رەش و سپی دروست بووە. ئەو عەقڵەی کە مرۆڤ هەیەتی، رەنگی سپیی و نورانییە، بەڵام کاتێک ئەم عەقڵە دەکەوێتە ناو دۆڵی تاریکیی رەش و دۆزەخی مێژوو، ئەم عەقڵە سپییە دەگۆڕێت بۆ عەقڵێکی سوور. دیارە لەمەدا کەوتۆتە ژێر کاریگەریی فیکری ئەفڵاتون، چونکە ئەو پێی وابوو مرۆڤ دەتوانێت لەناخی خۆیدا بە دوای وەڵامی هەموو پرسیارەکاندا بگەڕێت و دەستی دەکەوێت.

جێگەی ئاماژەیە یەکێک لە کتێبە باشەکانیشی بە ناونیشانی «عەقڵی سوور»ە. لەم کتێبەدا بە تەواوەتی شرۆڤەی ئەم چەمکەی کردووە، کە بە یەکێک لە چەمکە تەسەوفە گرنگەکانی سوهرەوەردی دادەنرێت.

 

جەستە

بابەتێکی گرنگی تر کە سوهرەوەردی قسەی لەبارەوە کردووە مەسەلەی جەستەیە، سوهرەوەردی پێی وابوو کە جەستە لە دوو رەگەزی سەرەکی پێکدێت «کرۆک و شێوە» ئەم دوو رەگەزەش جەستەیەکی سروشتی دروست دەکەن، ئەم دووانەش لە مادە و جەستەی فێرخواز دروست دەبێت. پێشی وابوو کە جەستە هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە هەستی پێدەکەین، ئەوەشی لە رێگەی هەستەوەرەکانەوە هەستی پێناکەین، لای ئەو گرنگ نەبوون.

هەر لە هەمانکاتیشدا ئەو پێی وابوو ئەو وێنەیەی کە ئێمە لە بارەی شتێکەوە دەیبینین ئەوە تەنها شکڵی شتەکەیە، ئەو بە وێنەی جەستەیی ناوی دەبات. هەربۆیە لای ئەو جەستە لە کرۆک و شێوە پێکهاتووە، ئەمانەش گوزارشت لە فیکریی هیولیی و فیکری فێرخوازیی دەکاتەوە. «هیوالی چەمکێکی ئەرستۆیە بۆ پێناسەکردنی شتێک، کە زیاتر مانای شێوە یان مادە دەگەیەنێت، بە یەکێکش لە چەمکە گرنگەکانی فیکر و فەلسەفەی ئەرستۆ دادەنرێت». لەمەدا زیاتر سوهرەوەردی کەوتۆتە ژێر کاریگەریی فیکری ئەرستۆوە.

 

بینینی شتەکان

لە بارەی هەستی بینینی شتەکانیشەوە سوهرەوەردی خاوەنی تێزی خۆیەتی، ئەو پێی وابووە بینین ڕووناکییەک نییە کە لە چاوەوە دەربچێت، وێنەیەکەیش نییە کە لە چاوەوە کێشرا بێت، کاتێک مرۆڤ شتێکی دەرەکی دەبینێت، لە ناخیدا کە ئەو ناوی لێناوە «نەفسی ناطق، نەفسی بگۆ» بۆچوونی پێشوەختی خۆی لەبارەی ئەو شتەوە هەیە. هەربۆیە دەڵێت: «ئەو شتەی کە ئێمە لە جیهانی دەرەکی دەیبینین، جیاوازە لەو بینینەی کە لە ناخماندا دەیبنین، چونکە هەریەکەیان جیهانی تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەوەی کە ئێمە لە جیهانی دەرەوە دەیبینین، گوزارشت لە شکڵی دەرەکیی شتەکان دەکات، بەڵام ئەوەی تریان لە رێگەی پەیوەندییکردن بە رۆحەوە دەستمان دەکەوێت.»

 

جووڵە و گۆڕانکاریی

سوهرەوەردی یەکێکە لەو فەیلەسوفە دەگمەنانەی خۆرهەڵات و جیهانی ئیسلامی کە باسی جووڵە و گۆڕانکاریی کردووە، کە ئەم دوو پرسەش بە دوو پرسی گرنگی فیکر و فەلسەفە دادەنرێت و کەم کەس قسەی لەبارەوە کردووە. سوهرەوەردی پێی وایە گۆڕینی وێنەی سەرەکی شتێک کاتێک بۆ وێنەیەکی تری سەرەکی یان جەوهەریی، کارێکە گوزارشت لە ڕۆحی بەرگریی ئەو شتە دەکات، هەروەها پێی وابوو کاتێک ڕەگەزێک دەگۆڕێت بۆ ڕەگەزێکی تر، دەبێت ئەو رەگەزە لە بنەمادا قابیلیەتی گۆڕانکاریی تێدا بێت.

 

زانستی دەروونناسیی

خاڵێکی گرنگی تر کە سوهرەوەردی کاری لەسەرکردووە و لە چاو زانا و فەیلەسووفانی تری خۆرهەڵاتی پێشەنگ بووە، قسەکردن بووە لەبارەی دەروون و ناخی مرۆڤ کە پاشتر بە زانستیی دەرووناسی دەناسرێت. ئەو لەم بوارەدا کۆمەڵێک شیکاریی زۆر وردی هەیە. لەبارەی ناسینی ناسنامەی مرۆڤەوە، سوهرەوەردی دەڵێت: «مرۆڤ ناتوانێت ناسنامەی خۆی ئاشكرا بکات لە رێگەی بەهای باڵاو وێنەوە، چونکە هیچ کام لەو دووانە جا گشتی بن یان تاک بن، یان بابەتیی بن یان دەرەکیی، لە ناسنامەی مرۆڤەوە دوورن و نامۆن پێی و ناشبنە سەرچاوەی ویژدان یان (من) ی مرۆڤ.»

ئەمەش بە تەواوەتی لە کتێبی (کتاب التلویحات) ئەم باسە دەروونانییانەی کردووە. لەم بارەیەوە دەڵێت: «من کاتێک سەیری خۆم دەکەم، تەنها بوونی خالیس و خۆپەرستی خۆم دەبینم.»

ئەو پێشی وایە مرۆڤ کاتێک دەتوانێت بە تەواوەتی ناخی خۆی ببینێت، تەنها لە ڕێگەی چاودێرییکردن و کۆنتڕۆڵکردنی حەز و هەوەسەکانی نەفسییەوە دەبێت. پێشی وایە کە نەفس شتێکە توانای قسەکردنی هەیە و بگۆیە، ئەوەش لە دەرەوەی ئەوەوەیە، گوزارشت لە بوونێکی پوخت و خودی تایبەتی دەکات.

هەروەک پێی وایە کە نەفسی ناتیق «بگۆ» خەلیفەی خودایە لەسەر زەویی، نەفسیش لە عەقڵی گشتی دروست دەبێت و پەیوەندییەکی سەربەخۆی لەگەڵ بەشەکانی تری جەستەدا هەیە.

ئەو پلەیەکی باڵای هەیە لەناو جەستەی مرۆڤدا و بەشەکانی تری جەستەش ڕووناک دەکاتەوە.

دیارە لەبارەی ناسینی ناخی مرۆڤەوە زۆر شتی تری وتوە کە لێرەدا تەنها ئاماژەمان بە هەندێکیان کرد.

 

زیندووکردنەوەی فیکرو فەلسفە لەناو جیهانی ئیسلامییدا

یەکێک لە خاڵە هەر گرنگەکانی سوهرەوەردی ئەوەیە، کە دووبارە فەلسەفەی گەڕاندەوە بۆ ناو فیکری ئیسلامی، لەپاش ئەوەی ئیمام غەزالی بەتەواوەتی فەلسەفەی حەرام کرد و داوای لە زانایانی ئایینی کرد کە خۆیان لە فەلسەفە بەدوور بگرن، هیچ زانایەکی ئیسلامی نەیوێرا خۆی لە قەرەی فەلسەفە بدات، بەڵام سوهرەوەردی دەستی بە کڵاوەکەی خۆیەوە نەگرت و بەرەو بای فەلسەفە رۆیشت، ئەو دووبارە خۆی بە فەلسەفەوە خەریک کردەوە بەتایبەتی فەلسەفەی یۆنانی لەپێش هەمووشیانەوە ئەفلاتون و ئەرستۆ. ئەمەش بە بڕوای زۆرێک لە مێژوونوسان بە گرنگترین کاری سوهرەوەردی دادەنرێت، هەرچەندە لەبەر ئەم کارەشی بوو بە قوربانی لەلایەن هەڵگرانی فیکری دواکەوتوویی و خێڵی بەغیلانەوە گەلەکۆمەکەی لێکرا و لە کۆتاییدا سزای مەرگیان بەسەردا سەپاند.

 

تێکەڵکردنی فەلسەفە و عیرفان

خاڵێکی جوان و داهێنەری تری سوهرەوەردی ئەوەیە کە ئەو فەلسەفە و عیرفانی تێکەڵ بە یەکتری کرد، راستە پێشتر چەند هەوڵێکی زۆر درابوو لەلایەن فارابی و ئیبن سیناوە، فەلسەفەی ئیشراقییان گەیاندبووە ئاستێکی باش، بەڵام کەسیان ئەو ئازایەتییەی ئەویان نەبوو بە ئاشكرا ئەم کارە بکەن. وەکو ژنە نووسەری عەرەبیش ئینعام حیدورە لە پێشەکی کتێبی « حکمة الاشراق» دا دەڵێت: کاتێک سوهرەوەردی هات، توانی گەشە بە حیکمەتی ئیشراق بدات، کە ئەمەش گۆڕانکارییەکی سروشتی بوو لەبارەی فەلسەفە و تەسەوف. هەروەها ئەو توانی پەیڕەوی دڵ و چاوی ناوەکی، لەگەڵ پەیڕەوی عەقڵ و تێڕوانین و ئیستدلال تێکەڵ بکات، لەم دوووانەش «حیکمەتی ئیشراق» دروست بکات.

 

دابەشکردنی مرۆڤ بۆ سێ بەش

سوهرەوەردی مرۆڤی بۆ سێ جۆری تایبەت و جیاواز لە یەکتریی دابەشکردووە کە ئەوانیش بریتین لە :

  1. مرۆڤی عەقڵانیی
  2. مرۆڤی نەفسانیی
  3. مرۆڤی جەستەیی

پێشی وایە کە پەیوەندیی نێوان ئەم سێ جۆرە یان جیهانە وەکو پەیوەندیی نێوان سێبەرێکە بە سێبەرێکی ترەوە، هەربۆیە هەموو ئەو هێزانەی کە پەیوەندییان بە جەستەی مرۆڤەوە هەیە، تەنها بریتین لە تارمایی و گوزارشت لە پێگەی بەرزەخی مرۆڤ دەکات «بەرزەخ چەمکێکی ئاینییە کە زیاتر مانای ئەو قۆناغە دەگەیەنێت لە نێوان ئەم دونیا و ئەو دنیا، ئەمەش زیاتر لەناو فیکری شیعە مەزهەبەکاندا هەیە.»

 

کاریگەریی فیکری یۆنانی بەتایبەتی ئەفلاتون و ئەرستۆ

سوهرەوەردی بە قسەی فەتواکەی غەزالی نەکرد و لە ژیانیدا خۆی بە خوێندنەوەی فەلسەفەی یۆنانی کۆنەوە سەرقاڵ کرد، بەتایبەتی کارەکانی هەردوو فەیلەسوفی یۆنانی ئەفلاتون و ئەرستۆ، سوودی زۆریشی لە کار و بەرهەمەکانی ئەم دوو کەڵە فەیلەسووفە وەرگرتووە.

ئەفلاتون کاریگەری گەورەی بەسەرییەوە هەبوو بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە «ڕووناکی ناخی مرۆڤەوە هەیە» خۆشی نکوڵی لەم کاریگەرییە نەکردووە. هەروەکو ژنە نووسەری عەرەب ئینعام حیدورە-ش دەڵێت: «راستە سوهرەوەردی بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتە فەلسەفییەکان زیاتر پشتی بە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز دەبەست، بەڵام لە هەمانکاتیشدا پشتی بە وانە و هەڵوێستە ئەکادیمییەکانی ئەفلاتونیش دەبەست.»

سوهرەوەردی پێشی وابوو کە ئەفلاتون ئیمامی حیکمەتە و خاوەنی ڕووناکییە «نوورە»، هەر ئەویش خاوەنی حیکمەتی زەوقییە.

لەبارەی ئەرستۆشەوە، سوهرەوەردی پێی وابوو کە ئەرستۆ بە تەنها گوزارشت لە فەلسەفە ناکات، چونکە فەلسەفە مانای گەڕان و لێکۆڵینەوە بەدوای هەقیقەت دەگەیەنێت لەهەر شوێنێک بێت. بەڵام لە هەمان کاتشدا زۆر هۆگری کار و بەرهەمەکانی ئەرستۆ بوو، تەنانەت جارێکیش لە خەونیدا ئەرستۆ دەبینێت و دەکەوێتە مشتومڕ لەگەڵیدا بەتایبەتی لەبارەی زانست و زەحمەتی لە تێگەیشتن لێی، ئەرستۆش فەرمانی پێ دەکات کە تێزەکانی ئەفلاتون بخوێنێتەوە، چونکە پێیوابوو پێویستە مرۆڤ بۆ ناخی خۆی بگەڕێتەوە لەوێوە بەدوای وەڵامی پرسیارەکاندا بگەڕێت و پشت بە زانستی ناخیی ببەستێت کە ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی درککردنی مرۆڤ.

جگە لەم دووانەش زۆر ستایشی فەیلەسوفانی تری یۆنانی کردووە و پێی وایە کە زانستی «مەنتیق» سەرچاوە سەرەکییەکەی یۆنانە و لەوێشەوە خۆرهەڵات فێری ئەم زانستە بووە. پێشی وابوو کە فەیلەسوفی یۆنانی هرمس باوکی هەموو حەکیمەکانە و ئەمبادوفلیس و فیساگۆرسیش، لە ئەفسانە مەزنەکانی حیکمەتی جیهانن.

 

کاریگەریی فەلسەفەی ئێرانیی و زەردەشتی

خاڵێکی تر کە زۆر لە مێژوونوسان باسی لێوە دەکەن، ئەویش کاریگەریی فکیرو فەلسەفەی زەردەشتییە بەسەر سوهرەوەردییەوە، تەنانەت هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە بۆ ماوەیەک لای یەکێک لە موغە زەردەشتییەکان وانەی عیرفانییەتی خوێندووە. ئەمەش لە زۆر فیکر و مەعریفەکانیدا رەنگیداوەتەوە بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە مەسەلەی «ڕووناکیی و تاریکیی، دۆناودۆنکردنی رۆح و گەیشتن بە دوایین قۆناغی عیرفانییەت کە ئیشراق»ە.

 

هۆکاری سزادانی و کوشتنی

لەبارەی هۆکاری سزادن و پاشان دەرکردنی فەرمانی کوشتنی لەلایەن سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی، کۆمەڵێک قسەوباسی جیاواز هەیە. هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ بۆچوونە تایبەتییە فیکریی و فەلسەفییەکانی سوهرەوەردیی، لەوکاتەدا ئەو بۆچونانەی ئەو ببوونە مایەی بێزاریی لای زۆربەی پیاوانی ئایینی، ئەو شتانەی کە ئەو باسی لێوە دەکرد، شتێکی نامۆ بوو بە کۆمەڵی ئەوکاتە، ئەم سەرچڵییە فیکریانەش بوونە هۆی دروستکردنی بەرەیەکی گەورەی دوژمنکاری بۆی کە زانایانی ئایینی پێشڕەوییان دەکرد.

هۆکارێكی تریش دەگەڕێتەوە بۆ ڕق و کینە و ئیرەیی پێبردن کە وەکو پیرەمێردی نەمر ناوی لێناون «خێڵی بەغیلان» ئەمانە ڕقیان لە سوهرەوەردیی دەبۆوە، چونکە کەسێکی بەتوانا و بلیمەت بوو، هەوادارێکی باشی هەبوو، بەتایبەتی لەناو گەنجاندا، هەروەها لەلای فەرمانڕەواکانیش خۆشەویست بوو، بۆ نموونە زاهیر شای کوڕی سەڵاحەدینی ئەیوبیی زۆر رێزی دەگرت و ئەوی بە مامۆستا و پیاوێکی بلیمەت و زیرەک دادەنا، ئەمەش بە دڵی ئەو کۆمەڵە زانا ئایینیانە نەبوو، کە دەیانویست تەنها خۆیان لە کۆشكی پادشا بن و خەڵكی تر نەیەت.

لایەنێکی تر پەیوەندیی بە سیاسەتیی ئەوکاتی دەوڵەتی ئەیوبییەوە هەبوو، لەوکاتەدا سەڵاحەدینی ئەیوبی لە جەنگێکی گەورەی ناوخۆیی و دەرەکییدا بوو. لە ناوخۆدا دژی هەموو شیعە مەزهەبەکانی خۆرهەڵات دەجەنگا، لە دەرەوەش دژی دەوڵەتە مەسیحییە ئەوروپییەکان و رووبەڕووی هێرشی «خاچپەرستان» ببۆوە. شاری حەلەبیش شارێکی سەرسنوور بوو، سەلاحەدینی ئەیبویش نەیدەویست زانا و پیاوە ئاینییەکانی لێ تووڕە ببێت، دەیویست ئەوان پشتگیریی تەواوی بکەن بۆ ئەم جەنگە نەبڕوانەی لە دژی شیعە مەزهەبەکان و خاچپەرستەکان لە ئارادابوو.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا فەرمانی کوشتنی، کارێکی خراپ بوو زیانی گەورەی لە هزر و فەلسەفەی ئیسلامی داوە، جگە لەوەش خاڵێکی ناشیرین و قێزەونی بۆ ساڵانی فەرمانڕەوایی سەڵاحەدینی ئەیوبی دروستکردووە.

 

کتێب و بەرهەمەکانی

سوهرەوەردیی لەپاش خۆی کۆمەڵێک بەرهەمی فیکریی و ئەدەبیی گەورەی بەجێهێشتووە، نزیکەی 50 کتێب و دەستنووی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، بە هەردوو زمانی فارسیی و عەرەبی نووسیویەتی. بەداخەوە هیچ دەستنووسێکی بە زمانی کوردی نییە، ئەمە لەکاتێکدایە زۆربەی سەرچاوەکان بەتایبەتی فارسییەکان باس لە کوردبوونی ئەم فەیلەسوفە دەکەن.

بەگشتی بەرهەمەکانی باس لە عیرفان و تەسەوف و فیکر دەکەن، بەتایبەتی دوایین بەرهەمەکانی لەپێش هەمووشیانەوە «حیکمەتی ئیشراق»، بە یەکێک لە کتێبە بەهێزەکانی دادەنرێت. هەرچەندە خۆی داوایکردووە ئەم کتێبە بۆ دەستەبژێر بێت و کەسێک کتێبەکانی پێشتری نەخوێندبێتەوە، ئەم کتێبەش بخوێنێتەوە لێی تێناگات، یان لە مانای کتێبەکە تێناگات.

 

دەرئەنجام

بەدڵنییایەوە ئەمڕۆ لە جیهاندا گرنگی زۆر بە فیکر و فەلسەفەی ئەم کەڵە فەیلەسووفە دەدرێت و خۆشبەختانەش لەناو کۆمەڵی کوردەوارییدا بەتایبەتی لە باشووری کوردستاندا، خەڵکانێکی زۆر خۆیان بە فیکر و فەلسەفەی سوهرەوەردییەوە سەرقاڵ کردووە، بەدوای کتێب و بەرهەمەکانیدا دەگەڕێن، ئەمەش گوزارشت لە ڕاستیی و دروستی بۆچوونەکانی سوهرەوەردی دەکات، چونکە ئەمڕۆ کەس، جەلادەکان، یان ئەو زانا ئاینییانەی کە دژی دەوەستانەوە و پیلانیان لە دژی دەگێڕا ناناسێت و مێژوو ناوی ئەوانەی تۆمار نەکردووە، تاکە ناو کە هێشتا بە ڕووناکیی و نەمریی ماوەتەوە، سوهرەوەردیی عاریف و فەیلەسوفە.

لە هەمان کاتیشدا هیوادارم ئەزموونی سزادان و کوشتنی سوهرەوەردیی ببێتە ئەزموونێکی باش بۆ دەسەڵاتی کوردی بۆئەوەی ئەو هەڵەیەی سەڵاحەدینی ئەیوبی دووبارە نەکەنەوە، چونکە هیچ کاتێک دەسەڵاتداران چەندە بەهێزیش بن ناتوانن ئازادیی خەڵکی بەتایبەتی نووسەران لەناوبەرن و نووسین و بەرهەمە فیکرییەکانیان بسووتێنن، چونکە فیکر تاکە شتە کاتێک چووە سەر کاغەز، هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بیسڕێتەوە.

دیارە قسەکردن لەبارەی عاریف و فەیلەسوفێکی مەزنی وەکو سوهرەوەردی زۆری دەوێت، من تەنها لە ڕێگەی ئەم وتارەوە دەمویست تیشکێک بخەمە سەر فیکرو فەلسەفەی ئەم کەڵە فەیلەسوفە مەزنەی کورد و خۆرهەڵات و جیهان، بەو هیوایەی خوێنەرانی کورد، بەرچاوڕوونییەکی باشیان هەبێت لەبارەی ئەم فەیلەسوف و عاریفە گەورەیەوە.

 

سەرچاوەکان:

  1. شهاب الدین السهروردي. حکمة الاشراق. مراجعة و تقدیم: إنعام حیدورة. دار المعارف الحکیمة. 2010
  2. المنطق الإشراقي عند شهاب الدين السهروردي، محمود محمد علي. دار مصر العربیة للنشر و التوزیع.1999
  3. محمود محمد علي. السهروردي المقتول.. رائد المنطق الإشراقي.

www.almothaqaf.com

  1. یەحیا یەسریبی. قەلەندەرو قەڵا. وەرگێرانی لە فارسییەوە : ئازاد بەرزنجی. ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. 2021
بڵاوکردنەوە: