شێخ عەبدولسەلام بارزانی دووەم

921
0
بڵاوکردنەوە:

گرێدەرەوەی کۆمەڵایەتییانەی خێڵ و وەرچەخێنەری سیاسییانەی خێڵ

نوسینی: ڕامیار مەحمود

شیخ عەبدولسەلام بارزانی دووەم لە دەوروبەری ١٨٨٧ لە گوندی بارزان لە دایک بووە. کوڕی شێخ محەمەد و کوڕی شێخ عەبدولسەلامی یەکەمی برای شێخ مەلا عەبدولڕەحیم و شێخ عەبدول ڕەحمان، کە هەرسێک کوڕانی عەبدوڵان.

بەهۆی تەریقەتی نەقشبەندییەوە نازناوی شێخایەتییان وەرگرتووە و بە گوێرەی ڕەچەتەکردنی کاک نەوشیروان سەری بنەماڵەکە لە شێخ عەبدولڕەحمانەوە دەست پێدەکات کە نیشتەجێی گوندی بارزان بووە. سەرەتا شێخ عەبدول ڕەحمان تەریقەتی لە شێخانی نەهرییەوە وەرگرتووە بۆتە شێخی تەریقەتی نەقشبەندی و خاوەنی مەدرەسە و خانەقا بووە. مامخان شێروانی لە کتێبەکەیدا (بارزان و ڕەچەڵەکی بارزانییان) ئاماژەی بەوە کردووە سەید تەهای نەهری کە لەلای باکوری ڕۆژهەڵاتەوە هاوسنووری بارزان بووە یەکەم کەس بووە تەریقەتی نەقشبەندی لە ناوچەکەدا بڵاوکردۆتەوە، بووە بە خەلیفەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی، هەرسێ براکە (شێخ عەبدول رەحمان، شێخ عەبدولسەلامی یەکەم، شێخ مەلا عەبدولڕەحیم) لە سەر دەستی سەید تەها ئیرشادیان وەرگرتووە و بوونەتە خەلیفەی ئەو.

هەڵبەت دوای مردنی شێخ عەبدول ڕەحمان، شێخ عەبدولسەلامی برای جێگای گرتۆتوە. شێخ عەبدولسەلامی یەکەم بووە بە خێزانی باوک و دوای ئەو کوڕ و نەوەکانی خێزانی فراوان و بەرەبابیان پێکهێناوە. شێخەکانی بارزان کاریگەری گەورەیان بەسەر خێڵەکانی نزیکی خۆیانەوە هەبووە بەتایبەت تیرەکانی نزاری، بەڕۆژی، شیروانی، دۆلەمەڕی و هەرکی و گەردی.

نفوزەکەیان لە تەریقەتەوە بۆتە باوەڕێکی مەزهەبی، بەهۆی هەڕەشەی خێڵەکانی دەوروبەریانەوە بوونەتە خێڵێکی یەکگرتوو و لە ململانێ لە گەڵ خێڵەکانی دراوسێ و دەوڵەتدا بە چەک بەرگرییان کردووە و بوونەتە خێڵێکی چەکدار.

بە گوێرەی روانگەی کاک نەوشیروان، دەسەڵات و نفوزی بنەماڵەی بارزانی نە لە سەر بنەمای هاوخوێنییە نە لەسەر بنەمای زەویدارییە بەڵکوو سەر لە بنەمای باوەڕی ئاینییە. ئەمەش هەمان ئەو خاڵە کرۆکیەیە کە فەرید ئەسەسەرد لە کتێبی (ڕیشەی بیروباوەڕی بارزانییەکان)دا بە دریژای کتێبەکەی لەسەری وەستاوەتەوە بە کلیلە رستەیەک دەستنیشانی دەکات کە بارزانییەکان زادەی بیروباوەڕەکانیانن. ناوبانگی بنەماڵەی بارزانی لەناو مێژووی سیاسی کورددا لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە دەست پێدەکات ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ شێخ عەبدولسەلامی دووەم، شێخ عەبدولسەلامی دووەم براگەورەی شێخ ئەحمەدو مەلا مستەفاو شێخ محەمەد سدیق و شێخ بابۆ بووە، هەڵبەت وەک ئاماژەمان پێدا کوڕی شیخ محەمەدە شیخ محەمەدیش کوڕی شێخ عەبدولسەلامی یەکەمە ئەمانە هەموویان شێخی ئیرشادی تەریقەتی نەقشبەندی بوون لە بارزان، تەریقەتیشیان لە شیخانی نەهری وەرگرتووە و خانەقای بارزان سەر بە خانەقای نەهری بووە لە سەرەتاوە. بەڵام پاش ڕوداوەکانی ١٨٨٠ کە خانەقای نەهری تێکچوو شێخ عوبەیدوڵای نەهری و کوڕەکانی دوورخرانەوە بۆ حیجاز… خانەقای بارزانی ئازادی و سەربەخۆیی خۆی چەسپاند.

بە گوێرەی ڕیوایەتی کاک مەسعود بارزانی، شێخ عەبدوڵا (شێخ عەبدولسەلامی یەکەم)ی کوڕی ناردۆتە لای (سەید تەهای نەهری) پاش مردنی باوکیشی کاروباری تەکییەی بارزانی بە دەستەوە بووە و مەدرەسەیەکی لە بارزان دروستکردوووە شورەتی بەربڵاو بووە، ئاماژەش بەوە دەکات مەولاناخالیدی نەقشبەندی لە کاتی گەڕانیدا سەری لە تەکییەی بارزان داوەو شێخ عەبدولسەلامی کردووە بە خەلیفەی خۆی لە گەڵ خۆشیدا بردویەتی بۆ نەهری بۆ بینینی سەید تەها کە هەر خەلیفەی مەولانا خالید بووە.

لە دوای مردنی شێخ محەمەد، شێخ عەبدولسەلامی کوڕی جێگای گرتەوە، وەک ئاماژەمان پێکرد، دەکاتە براگەورەی شێخ ئەحمەد و شێخ محەمەد و شێخ بابۆ و مەلامستەفا.

ئەم شێخانە توانیان بەشێکی زۆری تیرەکانی خۆیان و دەوروبەریان بخەنە سەر ڕێگای خۆیان، ئەوانە چونە سەر ڕێگای شێخی بارزان بە خۆیان دەوت میللەت بە شێخی بارزانیشیان دەوت خودان، گوێڕاڵی تەواوەتی خودانیان دەکرد خودان بەرزترین دەسەڵاتی دینی و دنیایی ئەوان بوو و میللەت لەناو خۆیاندا هاوکاری یەکتر بوون. شێخ عەبدولسەلام کەسایەتییەکەی زۆر هەڵکەوتوو بوو لە سەردەمی ئەودا بارزان گرنگییەکی زۆری بۆ هاتەگەڕ کاک مەسعود بارزانی وەک سەرکردەیەکی بابەت تازە ئاماژەی بۆ کردووە. (خودان) بۆ نەهێشتنی زۆرداری کۆمەڵایەتی لە ناو میللەتەکەی خۆیدا کۆمەڵێک چاکسازی ئابوری و کۆمەڵایەتی کرد، موڵکییەتی زەوی و زاری هەڵوەشاندەوە و کردی بە موڵکی گشتی، زەوی بە سەر جووتیاراندا دابەشکرد، ئاسانکاری بۆ هاوسەرگیری کرد، مارەیی هەڵوەشاندەوە و بە زۆر بە شودانی لابرد و عەشیرەتەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیانی چەکدار کرد و بارزان بوو پەناگەی زوڵملێکراوان.

لە ڕووی ئاینییەوە شێخ عەبدولسەلام پەیوەندی لە گەڵ مەسیحییەکان خۆش بوو لە گەڵ مژدەبەرە مەسیحیەکانی ئینگلیزیش پەیوەندی باشبوو. هەروەها پەیوەندی لە گەڵ ئەو ڕیکخراوە سیاسییە کوردییانەی ئەستەمبوڵیش خۆش بوو کە دوای کودەتای ١٩٠٨ دامەزرابوون، بە تایبەت لە گەڵ شێخ عەبدولقادری شەمزینی کە ئاشنایەتییەکی بنەماڵەیشییان هەبوو. بڵاوکراوەکانی ئەو ڕێکخراوانە دەگەیشتە خانەقاکەی بارزان.

تەکیە و خانەقاکان شوێنکی گرنگیان هەیە لە مێژووی فەرهەنگی و سیاسی کورددا، ئەگەر شتێک لەوێوە وترابێت ڕاستەوخۆ و بێ چەند چوون وەرگیراوە و جێبەجێکراوە. شێخەکان ڕوویەکی گرنگی دەستەبژێری کوردین و مێژووی سیاسی کوردی باگراوەندێكی تەکیە و خانەقایی هەیە و سیاسەت و گروپی سیاسی بێ تەکیە و خانەقا لاواز بووە لە ئەزموونی کوردستاندا.

هەمیشەش پشتیوانی بۆ مەسەلەی نەتەوایەتی کوردی لە تەکیە و خانەقاوە بووە، بەهۆی گۆڕانکارییەکی گرنگ کە شان بە شانی شێخی ئاینی، شێخی سیاسی دروست بووە لە کوردستان، واتە دەمجکردنی ئاین و پرسی سیاسی کورد… واتە بۆ یەکەم جار لە ناو بارزان لە سەر دەستی شێخ عەبدولسەلامی دووەم شێخی سیاسی وەک دیاردەیەکی تازە دەردەکەوێت؛ (ئەو خولیایەی پاڵی پێوەنا پەیوەندی لە گەڵ کۆمەڵەی تەعالی و تەرەقی کورد) و (کۆمەڵەی هێڤی) و (کۆمەڵەی سەربەخۆی کورد هەبێت)، هەروەها پەیوەندی لە گەڵ شێخ محمود و شێخ عەبدولقادری نەهری و سمایل ئاغای شکاک بووە هۆی فروانکردی هۆشیارییە سیاسییەکەی.

یەکێک بابەتە گرنگەکان کە تایبەتە بە شێخ عەبدولسەلام بارزانی دووەم، ئەو تەلەگرافەیە کە بەشێک لە سەردارانی کوردو شێخەکان بۆ (بابی عالی) لە ئەستەنبوڵ ناردووە بە ڕابەرایەتی شێخ عەبدولسەلام بارزانی دووەم و شێخ نور محمەد بریڤکانی دوای کودەتای ١٩٠٨، ئەوەش یەکێکە لە هەوڵە نیشتمانییەکانی شێخ عەبدولسەلام کە خۆی دەچێت بۆ لای شێخ نوری محمەد بریڤکانی ڕابەری تەکییەی قادری لە بادینان بۆ ناردنی تەلەگراف بۆ سوڵتان عەبدولحەمید. ئەو تەلەگرافە خۆی لە هەفت داوکاریدا دەبینییەوە. کە سەربەخۆیی ئیداری ناوچەکە و بە تایبەتیش گرنگیدان بە زمانی کوردی کە زمانی کوردی زمانێکی ڕەسمی بێت لە ناوچەی زێبار، ئاکرێ، دهۆک، ئامێدی و زاخۆ. هەروەها زمانی کوردی بە رەسمی زمانی خوێندن و فێرکردن بێت لە پاڵ زمانی تورکی و کاربەدەستەکانی میری ئەوانە بن زمانی کوردی دەزانن. هاوکات هەر ئەم تەلەگرافەشیان نارد بۆ شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، ئەمین عالی بەدرخان و جەنەڕاڵ شەریف پاشای کوڕی سەعید پاشا، کە ئەمانە ئەندامانی کۆمەڵەی تەعالی و تەرەقی کورد بوون کە لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەستور دامەزران.

داڵدەدانی زۆرلێکراوان و ڕەفتاری خودان لە گەڵ میللەتەکەی و چاکسازییەکانی بوونە هۆی ئەوەی شێخ و عەشیرەتەکانی دەوروپشت سکاڵا لای کاربەدەستانی تورک بکەن دژی خودان و هەروەها ناردنی تەلەگرافی مافی کورد و کەمبونەوەی دەسەڵاتی عوسمانی لە ناوچەکە کاربەدەستانی عوسمانی لە موسڵ توڕە دەکات و بریار دەدەن سنوورێک بۆ شێخی بارزان دابنێن و ناوچەکە بخەنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، بۆ ئەمە فەریق محەمەد فازل پاشای داغستانی سەرکردایەتی هێزێکی گەورەی عوسمانی کرد بۆ هێرشەکردنە سەر بارزان. ئەو کات عەشیرەتەکانی دراوسێی بارزان نەک هاوکاری شێخ عەبدولسەلامیان نەکرد بەڵکوو هاوکاری عوسمانییەکانیان کرد بۆ داگیرکردنی ناوچەکە. بارزانییەکان پاش چەند ڕۆژێک بەڕەنگاری پاشان خۆیان پێ نەگیرا و شێخ عەبدولسەلام خۆی شاردەوە و پەنای بردە بەر مارشەمعون لە هەکاری و مار شەمعونیش داڵدەی دا. بارزان داگیرکراو بەشێک لە گوندەکانی بە سوتان و تاڵان چوون ئەوەشی بەردەست کەوت بە دیلی بردیان لە گەڵ خۆیان بۆ موسڵ لە ناو ئەو دیلانە مەلا مستەفاو دایکیشی تیادا بوو.

شێخ عەبدولسەلام بارزانی دووەم بە نهێنی گەڕایەوە بارزان و چەکدارەکانی لە چیای شیرین کۆکردەوە و کەوتە پەلاماردانی عوسمانییەکان و ناچاری کردن لە ناوچەکە بکشێنەوە. لە ١٩١٣ والی موسڵ سلێمان نەزیف، هێزێکی گەورەی ناردە سەر بارزان بۆ گرتنی شێخ عەبدولسەلام، شێخ ئەمجارەش خۆی نەدا بە دەستەوە خۆیشاردەوە و بە نهێنی چوو بۆ گوندی ڕاژان لە نزیکی ورمێ بۆ لای (سەید تەهای محمد سدیقی نەهری) و سەردانی سمکۆی کرد و پێکەوە چوون بۆ تفلیس بۆ بینینی نێردراوی قەیسەری ڕوسیا بۆ ئەوەی پشتگیری بکەن و ناوچەکە لە عوسمانییەکان ڕزگار بکەن لە کاردانەوەی ئەمەدا، کاربەدەستانی تورک خەڵاتێکیان دانا بۆ ئەو کەسەی شێخ عەبدولسەلام بە مردووی یان بە زیندووی بگرێت. شێخ لە کاتی گەڕانەوەیدا لە گوندی (کەنگەچین) ناپاکیان لێکرا و لەگەڵ سێ پاسەوانیدا بە فێل لە خەودا گیران، تەسلیمی کاربەدستانی عوسمانی کران و بە گیراوی بردران بۆ زیندانی موسڵ؛ پاش دادگاییەکی ڕووکەشانە لە ١٤ کانوونی یەکەمی ١٩١٤ شێخ عەبدولسەلام و هاوڕێکانی لە سێدارەدران.

لە پاش لە سێدارەدانی شێخ عەبدولسەلام، شێخ ئەحمەدی برای کە تەمەنی ١٨ ساڵان بوو جێگەی گرتەوە کە دەکاتە برا گەورەی شێخ محەمەد سدیق و شێخ بابۆ و مەلا مستەفا، بوو بە خودانی میللەتی بارزان.

شێخ ئەحمەد خوێندەواری نەبوو بەڵام لە بەڕێوەبردنی کاروباری بارزانییەکاندا شارەزا بوو، جێگەی متمانەی هەمووان بوو هەوڵی ئەدا خۆیی و عەشیرەتەکەی لە کاروباری سیاسییەوە نەگلێن بە گۆشەگیری بژین. شێخ ئەحمەد هەوڵی ئەدا نەریتی شێخەکانی بارزان بچەسپێنێ، وەک هاوکاری یەکتری، دادپەروەری و وەک یەکەی گوێڕایەلی میللەت بۆ خودان و پاراستنی میللەتی بارزان لە دەسەڵاتی حکومەت و بیروباوەڕی دەرەکی. هەروەها دژی دامەزراندی دەزگا ئیدارییەکانی دەوڵەت بوو لە ناوچەکە، دەیویست بە داخراوی بمێننەوە هەروەها دژی چالاکی حزبایەتی بوو لە ناو بارزانییەکاندا. هەروەها بە گوێرەی ڕیوایەتی کاک نەوشیروان بە ئاشکرا نوێژو حەجی لە سەر بارزانییەکان هەڵگرت. هەرچەندە هەڵگرتنی فەرزەکانی ئیسلام ڕیشەیەکی قوڵتری هەیە، پەیوەندی بە ڕیشەی سۆفیگەری بارزانییەکانەوە هەیە. فەرید ئەسەسەرد لە کتێبەکەیدا کاری لە سەر ڕێبازی ئیسماعیللیەکان کردووە وەک ڕەگوڕیشەی بارزانییەکان.

کلیل:

 

بارزانییەکان:بە گوێرەی ڕیوایەتی کاک مەسعود بارزانی ناو لێنانی ئەم هۆزە بە هۆی گوندی بارزانەوە هاتووە کە مەڵبەندی شێخانی بارزانە، ئەو شیخانەش لە بەرەبابی فەرماندەکانی ئامێدییەوە هاتوون

ئەو تیرانەی ئەمڕۆ بارزانییەکانی لێ پێکدێت بەشێک بوون لە یەکێتییەکی خێڵەکی گەورەتر کە بە زێباری ناسراون ئەو چوار تیرەیەش (بەڕۆژ، مزوری ژۆری، شیروانی و دۆڵەمەڕی)ین. تەنها لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی دووەم کە دەسەڵاتی دینی و دنیایی کەوتە دەست توانی ئەم چوار تیرەیە و هەندێک تایەفەی دابڕاوی تریش یەکپێبگرێت و لە دەوری خۆی کۆی بکاتەوە؛ بۆ نمونە شێخ عەبدولسەلامی یەکەم کە خەلیفەی سەید تەهای نەهری بووە لە ساڵی ١٨٧٢ مردووە شیعریکی بە ناوبانگی هەیە کە دەڵێت

خالیدیمە ب تەریقەت

 زێباریمە ب عەشیرەت

بارزانیمە ب مسکن قەریەت

پەیوەندی بارزانییەکان بە شێخەکانییانەوە لە سەردەمی شێخ عبدولسەلامی یەکەم و شێخ محمد و شێخ عەبدولسەلامی دووەم تا سەردەمی خودان شێخ ئەحمەد لە سەر بناغەی ئاین دامەزراوە. تا سەرەتای ١٩٣٠ هیچ تەشکیلاتێکی ئیداری لە ناوچەی بارزان نەبووە بە گوێرەی نەریتی ئاینی خۆیان ژیاون، بە فەتوای خودانی بارزانیش کەس ڕووی لە کاربەدستانی دوڵەت نەدەکرد.

بارزان لە سەرەتادا هەر ناوی گوندێک بوو دواتر بووە ناوی گشتی خێڵێک زۆر جار بە مانایەکی جوگرافێش دێت زۆربەی سنووری قەزای زێبار دەگریتەوە. فەرید ئەسەسەرد لە کتێبەکەیدا (ڕیشەی بیروباوەڕی بارزانییەکان)، کارابوونی بیروباوەڕی بارزانییەکان، ڕۆڵی تەکیە لە ژیانی بارزانییەکاندا دەگەڕێنێتەوە بۆ دوو هۆکار:

١- شکستی بارزانییەکان لە شەڕدا دژی بەرواری و ئاشوری

٢- هەروەها شکستی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری دژی ئێران، کە بووە هۆی دوورخستنەوەیان بە خاوخێزانەوە و پوکانەوەی دەسەڵاتی شێخایەتی نەهری.

هەڵبەت هەڵبژاردنی شێخ عەبدولسەلام بارزانی دووەم بۆ نووسینی پۆرترێت لای من دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار و ئەفراندن

١- ئەفراندنێکی کۆمەڵایەتییە کە پێکهێنەری خێڵی بارزانە.

٢- وەرچەرخینەری سەرەکی خێڵە لە ڕووی ‌هێماییەوە بەرەو نەتەوە.

هەردوو وەرچەرخاندنەکەی سیمبوڵین، هەم فیدراسۆنە خێڵەکییەکە و هەم وێناکردنەوەی خێڵ وەک وێنەی نەتەوە. میراتییەکەشی کە لێی بە جێماوە، مەلا مستەفایە وەک ‌‌هێمای سەرتاسەریبوونەوەی خەباتی نەتەوایەتی لە گەڵ مافی خود موختاری بۆ کورد.

بۆ نوسینی ئەم پۆرترێتە سودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:

١- جرجیس فتح اللە، یقظة الکرد، دار اراس للطباعە والنشر ومنشورات الجمل، الطبعە الاولی ٢٠١٢

٢- مامخان شێروانی، بارزانی و ڕەچەڵەکی بارزانییان، ساڵی چاپ ١٩٩٤

٣- فەرید ئەسەسەرد، ڕیشەی بیروباوەڕی بارزانییەکان، بڵاوکراوەی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی کوردستان، چاپی دووەم٢٠١٢

٤- نەوشیروان مستەفا ئەمین، پەنجەکان یەکتری دەشکێنن، ١٩٩٧

٥- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی یەکەم١٩٣١-١٩٥٨

بڵاوکردنەوە: