شێخ حەسەنی گڵەزەردە

1658
0
بڵاوکردنەوە:

لەشێخی تەریقەتەوە  بۆ بوێری  سیاسی و گرێدانەوەی ئاین و زانست

ڕامیار محمود

 

شێخ  حەسەن لە  نۆدێییەوە  بۆ گڵەزەردەیی:

شێخ حەسەنی گڵەزەردە لە نەوە ئاینییەکانی شێخانی بەرزنجەیە لە  ساڵی ١٦٧٧ی زاینی لە  گوندی نۆدێ هاتۆتە دنیاوەو لە١٧٦٥ زاینی ماڵئاوایی لە  ژیان کردووە. کوڕی  شێخ محەمەدی نۆدێ کوڕی، کوڕی شێخ عەلی وەندرێنە، کوڕی شێخ باباڕەسول بەرزنجی، لە  شێخانی بەرزنجە و نەوەی شێخ  عیسای بەرزنجەیە، سەرەتا لای باوکی  خوێندوێتی  پاشان بۆ خوێندن چووەتە  قەڵاچوالان. ئەو کاتە قەڵاچوالان پایتەختی میرایەتی بابان بووە و ناوەندێکی زانستی و  خوێندەواری باش بووە. بابانەکان هەر لەسەرەتاوە  هەنگاویان بەرەو دروستکردنی مزگەوت ومەدرسە و حوجرەی فەقێیان و سوختە نابوو، بەشێوەیەک لە  سەردەمی سلێمان پاشای گەورە یان مەقتول، زانست و ڕۆشنبیری زۆر  پەرەی  سەندووە، بە گوێرەی گێڕانەوەی جەمال بابان مامۆستا شێخ  محەمەدی خاڵ ئەو وەسیقە وەقفییەی بە  مۆری  سلێمان پاشای بابانەوە لای عەزمی بەگی بابان دیوە کە  زۆرینە موڵکەکانی خستۆتە خزمەتی زانایان و  مەدرەسەکانەوە. لای مامۆستا ناسراوەکانی وەک شێخ  محەمەد وەسیمی گەورەو مەلا جامی چۆڕی و مەلا عەبد الکریمی کوڕی مەلا  ئەبوبەکری موسەنیف هەندێک مامۆستای  تر ئیجازەی مەلایەتی  وەرگرتووە. شیخ حەسەنی گڵە زەردە وەک نەوەیەکی شێخانی بەرزنجە کە  ڕابەرایەتی تەریقەتی  قادرییان  کردووە لە  کوردستاندا ئەویش بە گوێرەی ئەو نەریتە چۆتە  سەر  ئەو  تەریقەتە، ئەوەی  جێگەی  سەرنجە شێخ  حەسەن وەک زانایەکی  ئاینی  کاری  کردووە  لە  ژیانیدا نەک  وەک  شێخی  تەریقەت. سەرەتا  لای شێخ محەمەدی نۆدێی باوکی تەریقەتی  وەرگرتووە کە ناسراو بووە بە  (الکبریت الاحمر) هەروەها لای شێخ  عبداللە سویدیش تەریقەتی وەرگرتووە، لە هەمان کاتدا لە  گەڵ  شێخ ئیسماعیلی برایدا سەفەری بەغدادی  کردووەو لای  شێخ  ئەحمەد ئیحسائی لە بەغداد تەریقەتی قادری  وەرگرتووە. شێخ  حەسەنی گڵەزەردە لە  گەڵ شێخ  ئیسماعیلی برا گەورەیدا  گوندی نۆدێ و ناوچەی شارباژێر بە جێدێڵن و ڕوو  دەکەنە ناوچەی قەرەداغ. لە دوای نیشتەجێببوونی شێخ حەسەن لە  گڵەزەردەدا ئەو گوندە  دەبێتە ناوەندێکی  زانستی و فەقێ لە  هەموو شوێنەکانی  کوردستانەوە  ڕووی تێدەکەن و ناوبانگی ئەو  گوندە بە  هەموو کوردستاندا  بڵاو دەبێتەوە.بە هۆی  چوونی  شێخانی بەرزنجە بۆ ناوچەی  قەرەداغ خوێندن و ڕەوشی  ئاینی  گەشەی  گەورەی  کردووە هەریەک لە  گوندەکانی  قازانقایەو خاوێ و  دێلێژەو سۆڵەی دەربەند و گڵەزەردە دەبنە ناوەندی خوێندنی ئاینی و  تەریقەتی  دەروێشی  قادری. هۆکاری  سەرەکی  ئەم کۆچکردنەش بۆ ناوچەی  قەرەداغ ئەوەبوو شارباژێر  و  شارەزوور کەوتبووە بەر  هێرشی  هۆردووی  سەفەوی، شێخ حەسەنیش لە  گەڵ شێخ ئیسماعیلی برایدا چونەتە لای ئەحمەد بەگی ئەمیری  زەنگەنە (ئەم ئەمیرە دەست  ڕۆشتووبووەو ناوچەی قەرەداغی دەست بە سەراگرتبوو هەنێدێکجار  تا چەمی تانجەرۆ ئەهاو، لە  عوسمانییەکانەوە  نزیک بوو) شێخ ئیسماعیلی لە قازانقایە و شێخ  حەسەنیشی لە  گڵەزەردە دانا ،وەک ئەمین زەکی بەگ  دەڵێت مزگەوتی بۆ  دروستکردن و لەوێ بە تەدریس و ئیرشاد مەشغول بوون. لە سەردەمی شێخ  حەسەنی گڵەزەردەدا  ململانێی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی وەک  دوو  دەوڵەتی  مەزهەبی عەقاییدی لە  لوتکەدا بووە لە هەمان کاتدا  کێشەو پشێوی نێوان میرەکانی بابان و ڕاکێشان  و  هێنانە  ناوەوەی  دەستی  سەفەوی  و  عوسمانی بۆ ناو ناکۆکییەکانی میرایەتی بابان. بۆیە  لە سەردەمی شیخ  حەسەندا قەڵەمڕەوی بابان نائارام بووە و لە  ژێر هێرشی  ڕۆم و  عەجەمدا.  وەک نەوشیروان مستفا  ئاماژەی بەو  دەمە  کردووە و   کە مەزهەبی سونە  بنچینەی ئایدۆلۆجی  دامەزران و  چەسپین و  مانی  دەوڵەتی عوسمانی بوو مەزهەبی شیعیش هی سەفەوی.  جیاوازی مەزهەبی  هۆکاری ناکۆکی خوێناوی نێوان  ئەم دوو  وڵاتە بوو هەردوو  وڵاتی  توشی  کارەساتی  گەورە  کردبوو. هەمیش ململانێی  ناوخۆیی میرەکانی بابان لە  لوتکەدا بووە.

گوند و مەزگەوتی گڵەزەردە

بوێری  سیاسی لە  گەل نادرشای  ئەفشارو سەلیم پاشای میری بابان دا:

نادرشا لە  سەردەمی  حومکڕانی  خۆیدا هەوڵێکی  زۆریدا بۆ نزیک خستنەوەی شیعەو سوننە لە یەکتری، تەنانەت  لە کاتی  تاجگوزارییەکەیدا لە  دەشتی موغان،  یەکێک لە مەرجەکانی بۆ  قەبوڵکردنی تاجی  شاهێتی  ئێران ئەوە بوو زانایانی  شیعە  دەست لە  تانەوتەشەر  هەڵبگرن بەرامبەر سوننەو خەلیفەکانیان، داواکاریشی  لە دەوڵەتی  عوسمانی  ئەوە بوو  شیعە وەک مەزهەبی پێنجەم لە  ئیسلام  بناسێنن و  گۆشەیەکیشیان لە  کەعبە  هەبێت. بەڵام  هەڵبەت  ئەمە  هەرگیز  سەری نەگرت. لە ١٧٤٣  دا کە ئۆردۆی نادرشا  شارەزووری  لە  گەڵ  خۆی  ڕاماڵی لە ناو  میرەکانی  باباندا  تەنها  سەلیم بەگی کوڕی بەکر بەگ خۆی  لە  گەڵ نادرشا سازاندووە، لە سەردەمی  سەلیم پاشادا  بۆ  یەکەم جار میرایەتی بابان  دەچنە  پاڵ  ئێران. ئەگین کوردەکانی ناوچەی بابان هاوکارییان لە  گەڵ نادرشا نەکردووە بە  هۆکاری مەزهەبی  کە  ئەوان شیعە بوون  کوردەکانی بابان  سوننە  بوون .هەروەها  ڕەفتاری  خراپی لەشکرەکەی نادرشاش لەولاوە بوەستێت لە  گەڵ دانیشتوانی ناوچەکە. هەرلەو کاتەدا یەکێک لە کەسە بەناوبانگەکانی ناوچەکە شێخ حەسەنی گڵە زەردە بووە، هەم مەلاو هەم شێخی تەریقەت و  ئەستێرەوان بووە. کە سوپای نادرشا دێتە کوردستان لە  گوندی  مۆکەبەی سورداش  پرسیاری  کەسایەتی ناسراوی ناوچەکە  دەکات، یەکەم کەس باسی  شێخ  حەسەنی گڵە زەردەی بۆ دەکەن. نادرشاش نامەیەکی هەڕەشە ئامێزی بۆ دەنوسێت کە سەردانی بکات و پشتیوانی بکات بەڵام شێخ  حەسەن  نەساغی  کردووە  بە  بیانوو  وەڵامێکی زۆر بوێرانەی  داوەتەوە. بەشێک لە دەقی نامەکە (لە منەوە بۆ زانای وەجاخزادە، بەڕێزی بەخشندەو ڕەسەن، خاوەنی نیشانەو گەورەیی زۆر، سەید حەسەن، سڵاوی بۆندارو سڵاوی گەرم. بە ڕاستی گەورەترین داوام و یەکەم مەبەستم برەودانی مەزهەبی باپیرت جەعفەری  سادقە خوا لێی ڕازیبێت کە  زانای گەورە و سەرچاوەی زانست و  ڕاستییە، خۆشەویستی من بۆ باپیرانی گەورەت زانراوە، هاتنت بۆ لامان زۆر  پێویستە، بەگەیشتنی فەرمانم بە ئێوە وەرن بۆ لامان هەتا بە پیرۆزی ئێوە شادبین، ئەگەر نا ئاگری توڕەیی خۆم دەبارێنم بە  سەرتاندا، وە سەلام).نادرشا لە ناماکەیدا ئاماژە بە برەودان بە  مەزهەبی باپیری شێخ حەسەن ئیمام جەعفەری سادق ئەدات چونکە  ساداتی بەرزنجە بنەچەی خۆیان دەبەنەوە سەر ئیمام موسای کازمی کوڕی ئیمام جەعفەری سادق و بنەماڵەی پێغەمبەر. شێخ حەسەن زۆر  بوێرانە وەڵامی  ئەداتەوە دەڵێت ( نامەکەتم  وەرگرت، بانگەشەی  خۆشەویستی باپیرانم نازانم ئەو خۆشەویستییە تێکەڵاوە بە ڕق وکینە لە هاوەڵانی پێخەمبەر یان نا، ئەگەر تیکەڵاو بێت بە  ڕقبوونەوە لە  هاوەڵان، ئەوە  سودت پێناگەیەنێت و لە ڕۆژی لێپرسینەوە دەبێتە هۆی لێپرسینەوەو سزا. ئەوەی کە  وتووتە ئامانجم بروپێدانی مەزهەبی جەعفەری سادقە خوا لێی ڕازیبێت، ئەو ئیمامە  یەکێکە  لە  تابیعنی گەورە، موجتەهیدە کامڵ، بەڵام بەهۆی نەمانی هاوەڵانی  مەزهەبەکەی کۆنەکراوەتەوە، ئەگەر  بمانزانیایە  کۆکراوەتەوە شوێنی  دەکەوتین چونکە ئێمە لە نەوەی ئەوین، بەڵام من حاڵم باش نییە و نەخۆش و کەنفتم ناتوانم بێم بۆ لاتان، بەڵام ئامۆژگاریت دەکەم بە گوێم بکەی و کاریان پێبکەیت رزگارت دەبێت، جەنگ مەکە لە  گەڵ  سوڵتانەکانی  عوسمانی…….. ئەوەی لە  ناخی  خۆتدا  شاردووتەوە لەوێرانکردنی شاری موسڵ و جەنگکردن لە  گەڵ خەڵکەکیدا ئەو کارە مەکە………. سڵاو لە سەر  ئەوەی  ڕێگەی  ڕاستی گرتووە). جگە لەوەش شێخ حەسەنی گڵەزەردە بەرامبەر سەلیم پاشای میری بابان بە  توندی هەڵوێستی نواندووە لە  سەردەمی  شێخ  حەسەندا کێشەو  ناکۆکییەکانی ناو  میری بابان پەرەی سەند کە نادرشای ئەفشار هێرشی کردە  سەر عێراق لە  کوردستان لە  قۆڵی  شارەزورەوە هات سەلیم پاشای میری بابان دایە پاڵ ئێران، ئەمین زەکی بەگ ئەڵێت (لە  ئیعتیباری ئەم ئەمیرەوە تەرەفداری ئێران لە بەینی ئومەرای بەبەدا پەیدابوو) هەروەها  ئاماژەی بەوە  کردووە کە  زۆر  پشت ئەستور بووە بە نادرشا و  هەموو  ئەمرو نەهی لەوەوە وەردەگرت. وەک ئەمین زەکی دەڵێ (خاکی بەبە بە تەواوی بوو بە  وڵاتی عەجەم).  هەر لەو  دۆخەشدا  نادرشا نامەکە بە  دەستی  خۆی  دەنوسێت بۆ  شێخ  حەسەن گڵەزەردەیی  وەک  ئەمین زەکی بەگ  دەڵێت بەڵام شێخ  حەسەن  نەچۆتە لای و جوابێکی موناسیبی  داوەتەوە. مەسەلەی مەزهەبیش ڕۆڵێکی  گرنگی هەبوو لە ملمڵانێی دوو زلهێزی عوسمانی  سەفەوی کوردەکانیش  هەم  سونی و  هەم  شافیعی بوون لەو کاتەدا شێخ حەسەنی گڵەزەردە وەک  زانایەکی  ئاینی بە توندی ئاموژگاری بۆ  سەلیم پاشا  دەنوسێت  بە  زمانی فارسی کە ستەم لەو  خەڵکە  هەژارە ناکات و  لە  پێناوی  دونیادا پەنا بۆ کاری  خراپە نەبات و دەستی  دوژمنان نەگرێت  لە  پێناوی پۆست و  دەسەڵاتدا. ئەمەش دوو نمونەی بوێرییە بۆ  زانایەکی  کورد کە لە  سەردەمی  خۆیدا بەرامبەر بە ستەمکاری  دەرەکی و ناوخۆیی وەستاوەتەوە.

قورئانە گەورەکەی گڵەزەردە:

یەکێک لەو شتانەی شێخ حەسەن ناوبانگی لە  گەڵیدا ڕۆشتتووە قورئانەکەیەتی. ئەو قورئانە دەستخەتەیە کە شێخ  حەسەنی گڵەزەردە خاوەنیەتی. خەڵکی ناوچەکە لە ژیانی ڕۆژانەدا سوێند بە قورئانەکەی گڵە  زەردە  ئەخۆن. لە سەردەمێکدا کە چاپەمەنی نەبووە نوسینەوەی  قورئان بە  دەستخەت بە شێوەیەکی هونەری لە لەلایەن بەهرەمەند و خۆشنوسەوە تاکە ڕێگای پاراستنی قورئان بووە. قورئانیش کتێبی یەکەم و پیرۆزی جیهانی ئیسلام بووە، پشکی  شێری  ئەمکارەی بەرکەوتووە. حاجی شێخ ئەحمەد شێخ ساڵحی خەڵکی گوندی شێخ وەساڵ ئەم  قورئانە ڕزگار دەکات لە سوتان و  لەناوچوون لە ١٩٨٧ کاتی ئەنفالدا، پاشان ئەیهێنێتەوە بۆ سلێمانی لە مزگەوتی شیخ حسێنی قازی و پاشان لە ماڵی خۆی ئەیپارێزێت و لە  کۆڕەوە مەزنەکەدا لە  گەڵ خۆی  ئەیباتە ئێران و ئەگەڕێتەوە، تا ٣٠-٤-٢٠١٥ لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا قورئانەکە کە  تەمەنی چەند  سەدەیەک بوو، تێک چووبوو، ڤایرۆس لێی دابوو کاک رەفیق  و کاک سدیق لە بنکەی ژین چاکیان کردەوەو ٥٠٠ ساڵ تەمنیان بەخشییەوە بەم قورئانەو بە شکۆوە برایەوە بۆ  گڵەزەردە.

لە  شەرعناسییەوە بۆ فەلەکناسی سلێمانی:

یەکێکیتر لە شتانەی شێخ حەسەن ناوبانگێکی  زۆری  لە  گەڵدا ڕۆشتتوە لە ناو  خەڵکی ناوچەکە لە پاڵ  لایەنی شێخایەتی تەریقەت و زانایی لە بواری  شەرعناسی و دانانی کتێب. لایەنە زانستییەکەی شێخ حەسەنە وەک ئەستێرەوان و  گەردوونناس لەو ڕۆژگارەد ا. سەرەتای ئەم زانست و  زانیارییەشی بۆ  سەردەمی  سەرەتای  ئەگەڕێتەوە لە سەر دەستی باوکی خوێندوێتی جگە  لە زانستە ئیسلامییەکان زانستی  فەلەک و قیاساتی  خۆر و مانگ و کاتەکانی نوێژ و  موناسەبەتەکان.  دیارە لە  گرنگی  دان بەم  زانستە  دانەبڕاوە کە  چۆتە  گڵەزەردە چەندین  شوێنی تایبەتی لە  ناوچەی نیشتەجێبونەکەی خۆیدا  دروستکردووە لەو شوێنانەوە چاودێری جموجۆڵی  ئەستێرەکانی کردووە ئەو شوێنانە ڕوانگەی شێخ حەسەن بوون بۆ  چاودێری. گوندی گڵەزەردە کە ١٣٤٥ مەتر بەرزە لە  ئاستی ڕووی دەریاوە، لە  سەر چیای گڵەزەردە بورج و مەرسەدێکی دروستکردووەو سەرنجی ئەستێرەکان و کەش و هەوای داوەو وەرزەکانی ساڵی دیاریکردووەو سەری مانگەکان و کاتی جەژنەکانی  دیاریکردووە و  دادگای  شەرعی  سلێمانی حسابی گڵەزەردەی کردووە بە  سەرچاوەی بڕیارەکانی سەبارەت بە  کارە ئاینییەکان هەتا ١٠-٢-١٩٢٦ هەرچەند تا ١٩٥٠ کانیش لە ناو خەڵکی سلێمانی هەر پەیڕەو ئەکرا. شێخ حەسەن بۆ دیاریکردنی سەرەتای مانگی ڕەمەزان و جەژنەکان لە مەرسەدەکەیەوە بۆ مانگ گەڕاوە و لەکاتی بینینی مانگدا لە سە چیاکە ئاگرێکی کردۆتەوەو لە  زۆربەی ناوچەکانی سلێمانی و دەوروبەری بینراوەو بۆ  دیاریکردنی  وەرزەکانی ساڵ و کۆتایی هاتنی زستان و  هاتنی بەهار، چلەی گڵەزەردە بۆ  سلێمانی و  دەوربەری حسابێکی جیاوازە لە چلەی کەلیخان. کتێبەکەشی زانستی گەردوون و  ئەستێرە ناسی کە بە زمانی فارسییە پێکهاتووە لە ٨٦ لاپەڕە و ٣٠  وێنەی تێدایە لە جوڵەی مانگ و خۆر و رۆژگیران و مانگگیران و مۆر وئیمزای مەرحوم شێخ حەسەنی لە سەرە.

یەکێك لە مەرسەدەکانی شێخ حەسەن.

 

هێڵکاری بە واکۆم: ئازەر عوسمان

 

بۆ نوسینی  ئەم بابەتە سودم لە زانیاری ئەم سەرچاوانە وەرگرتووە:

  • تاریخی سلێمانی وە وڵاتی- محەمەد ئەمین زەکی بەگ، سێیەم بەرگ، ئامادەکردنی ڕەفیق ساڵەح، بنکەی ژین ٢٠٠٦
  • بابان لە مێژووداو گەورەپیاوانی بابان – جەمال بابان، چاپی یەکەم٢٠١٨، ئەندێشە
  • بە دەم ڕێگاوە گوڵ چنین، مێژووی سیاسی- نەوشیروان مستەفا ئەمین، کتیبی سێیەم بەرگی یەکەم
  • دیداری زانستی شێخ حەسەنی گڵەزەردە ٢٠١٧- ئامادەکردنی بۆ جاپ د.عدنان هەورامانی و ئیدریس سیوەیلی.
  • هەروەها سوپاس بۆ بنەماڵەی  مەرحوم (شێخ رزگار ومامۆستا ڕەفیق و هاواری شێخ محمەد).
بڵاوکردنەوە: