ڕاپەڕینی جەماوەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دووڕیانی بەردەم ئۆپۆزسیۆن

133
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: هیدایەت جان

ئەو راپەڕینە جەماوەرییەی حەوت هەفتەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەریهەڵداوە، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات ئاشنابێ بە رێکخستنی نوێی جەماوەری و کارکردن لەسەر شێوازی خەبات و نافەرمانی مەدەنی. کورد لە رۆژهەڵات زیاد لە سەدەیەکە شێوازی خەباتی چەکداری گرتووەتە بەر، لە سەردەمێک کە تا رادەیەک هاوسەنگی هێز هەبوو، دەستکەوتی گرنگمان لەو شێوازە خەباتە بۆ دۆزی نەتەوەییمان بەدەستهێنا کە گرنگترینیان چەسپاندنی کورد وەک نەتەوە بوو لە نەخشەی سیاسیی ئێران، ئەو دەستکەوتە توانی حورمەتێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بۆ کورد لەناو نەتەوەکانی ئێراندا دروستبکات.

بەڵام ئەوەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران روودەدات، هەموو ئاماژەکانی پێماندەڵێ، نەوەی تازە دەیەوێ شێوازێکی دیکەی خەبات بۆ گەیشتن بە مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی ئەزموون بکات، لەوە تێگەیشتووە کە شێوازی خەباتی سیاسی دروستکەری فەرهەنگی سیاسییە لە کۆمەڵگا، بەوە گەیشتووە کە دەسەڵات لە هەر ڕێگەیەکەوە بەدەست بهێنیت، دەبێ بە هەمان رێگە بیپارێزی، بەو واتایەی، دەسەڵاتێک لەڕێی چەکەوە بەدەستهات، دەبێ هەر لە رێگەی چەکەوە بیپارێزی، ژیری ئەو نەوە تازەیە لەوەدایە، دیوی ناوەوەی دەسەڵاتێک هەڵدەسەنگێنێت کە لە داهاتوودا دەیەوێ دروستی بکات، ئەوە فۆڕمێکی نوێ و ئاپدەیتکراوەی ناسیۆنالیزمە و چیتر نایهەوێ ئەو رەخنەیەی لێ بگیرێت، کە “ناسیۆنالیزم بەردەوام چاوی لە دوژمنی دەرەکییە و رێگە نادات سەرنجت بخەیتە سەر دوژمنی ناوەکی” هەمیشە دێوەزمەیەکت لە دەرەوەی سنوورەکان بۆ درووستدەکات و فۆبیای پەلاماری ئەو دێوەزمەیە لەناو کۆمەڵگەدا بڵاودەکاتەوە بۆ ئەوەی زاتی ئەوەیان نەبێ بیر لە دێوەزمە ناوەکییەکە بکەنەوە و رەخنە لە شێواز و مۆدێلی حوکمڕانیی بگرن، نەخاسمە ئەوەی حوکمڕانییەکە لە رێگەی چەکدارییەوە بەدەستهاتبێ.

دابڕانی ئۆپۆزسیۆن لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان پێی ناوەتە دەیەی چوارەمەوە و لەو مەودایەدا زیاتر لە سێ نەوە لەدایکبوون، ئەو دابڕانە جەستەییە تا ڕادەیەک دابڕانی فەرهەنگیشی لێ کەوتووەتەوە، تێڕوانینی سەردەم، بەها، خواست و کۆی چەمک و سێکتەرەکانی ژیانی کورد لە رۆژهەڵات گۆڕانی ریشەییان بەسەردا هاتووە و ئاستەنگەکانی بەردەم ئۆپۆزسیۆن فریای ئەوەی نەخستووە لێیان تێبگات بۆ ئەوەی خۆی پێ نوێبکاتەوە و لەگەڵی بگونجێت، بەتایبەت ئەم 10 ساڵەی دوایی کە تەکنەلۆژیا بە خێراییەکی زۆر گەیشتە ماڵ بە ماڵی سەرجەم چینە کۆمەڵایەتییەکانەوە. لە مێژووی جوگرافیای ئێراندا هێندەی دوو دەیەی رابردوو نەتەوەکانی ئێران پەیوەندی و تێکەڵاوییان بەهۆی فراوانبوونی زانکۆکان و نیمچە کرانەوەی ئابووری و دواجار تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بۆ دروستنەبووە.

ئەو تێکەڵبوونە لە چەندین رووەوە لە بەرژەوەن کورد وەک نەتەوەیەکی پەڕاوێزخراو بوو کە بەردەوام دەزگای پڕوپاگەندەی دەسەڵات لە فەزای گشتی ئێراندا خەریکی بەدێوکردنی بوو، کوردستان وەک دوورگەیەکی حەرام پێشاندرابوو بە کۆمەڵێک بوونەوەرەوە کە مرۆڤ بە تەنەکە سەردەبڕن و دەیان ئەفسانە و چیرۆکی دیکە، بەڵام بەرەو زانکۆ رۆیشتنی گەنجانی کورد و تێکەڵبوونیان لەگەڵ نەتەوەکانی ئێران هەموو ئەو سیحرانەی بەتاڵکردەوە و رۆژهەڵات بەهۆی ئەزموونی خەبات و فەرهەنگی سیاسی کە دووربوو لە هەموو چەشنەکانی فاشیزم و ئەویتر قبوڵنەکردن، بوو بە کانێکی دەوڵەمەند تا کۆمەڵگەی ئێرانی لێیەوە خەباتی مەدەنی و نافەرمانی و ملنەدان هاوردە بکەن.

ئەو دەرفەتەی ئێستا بۆ ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵاتە رەخساوە خستوویەتە بەردەم دووڕیانییەکی چارەنووسساز، بەوەی پێداچوونەوەیەک بە شێوازی خەباتیدا بکات. لە کۆنەستی ئەو نەوە تازەیە، هێشتا ئۆپۆزسیۆن ئەو ئەلتەرناتیڤە شیاوەیە کە دەتوانێ دەسەڵاتی دوای کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتە دەست، بەڵام بە یەک جیاوازی ورد کە ئۆپۆزسیۆنی خستووەتە سەر دووڕیانییەکە. چەندە ئۆپۆزسیۆن بەهۆی دابڕانەوە نەیتوانیوە لە روانینی ئەو نەوەیە تێبگات و خۆی لەگەڵ بگونجێنێت، ئەویش بە هەمان شێوە لە ئۆپۆزسیۆن تێنەگەیشتووە و لە نەستیدا رۆئیایەکی هەڵچنیوە کە ئەو ئۆپۆزسیۆنە هاوتەریبە لەگەڵ بیر و تێڕوانینەکانی بەرامبەر ئەو خەباتە جەماوەرییەی هەڵگیرساوە، ئەوەش ئۆپۆزسیۆنی لەبەردەم دوو بژاری چارەنووسساز داناوە. بەوەی کە ئەگەر لەو نۆڕمە باوەی چەندین دەیەیە دەقی پێ گرتووە، خۆی دەرباز نەکات، ئەو هەلەی لەدەستدەچێت و هەموو ئەو روئیایەی لە نەستی ئەو نەوەیەدا دروستبووە، دادەڕمێت. لەبیری نەکەین، بزووتنەوە جەماوەرییەکان یەک تایبەتمەندییان هەیە کە رێبەر قبووڵ ناکەن، بەڵکوو خۆیان لەنێو خۆیاندا رێبەرایەتی بزووتنەوەکە بەرهەمدەهێنن، ئەوەش بەو واتایەی دەبێ ئۆپۆزسیۆن بەدەر لە گۆڕینی شێوازی خەبات، دەستبەرداری چەمکی رێبەر بێت و بەرەو چەمکی رێبەرایەتی هەنگاو بنێت. رێبەرایەتییەک کە کۆمەڵگە تێیدا هاوبەشبێت.

بڵاوکردنەوە: