یۆتۆپیا… گەڕانێکی ئەزەلی بەدوای نیشتمانێکی ئایدیاڵ !

152
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: هەڤین کەمال شاهـ

ئەم سەردەمەی ئێمەی مرۆڤی ئەم سەدەیە تێی کەوتووین، سەردەمێکی ڕەق و ڕژدە، کەسانی خاوەن بیری واقیعی و کردەی پراکتیک و ڕیالیستیک زیاتر ژیانمان بەڕێوە دەبەن؛ ئەوانەی دوورن لە دونیابینیەکی جیاواز بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، تەنیا ئەوە دەبینن کە لەبەرچاویاندا ھەیە .

ئەم سەردەمە، سەردەمێک نییە بۆ خەون بینین، بگرە خاوەن خەونەکان و ئەوانەی دونیابینیەکی جیاوازیان ھەیە و بەجۆرێکی تر بیر لەژیان دەکەنەوە، ئەو کەسانەی باوەڕیان بە کۆمەڵگایەک ھەیە کە دادپەروەری و یەکسانیی کۆمەڵایەتی سیما دیارەکەی بێت، بوونە گاڵتەجاڕ و جێگای تانەو تەشەر .

سەردەمێکە ڕێککەوتنە سیاسییە ژێربەژێرەکان و چارەسەرە کاتییەکان، ژیانمان بەڕێوە دەبەن. ئەو چارەسەرانەی کە ھەرگیز لە ڕەگ و ڕیشەوە کێشەکان چارەسەر ناکات بۆ نەھێشتنی خراپەکاری و گەندەڵی سیاسی و ئابووری و ھەژاری، بەڵکوو دەچیت چارەسەری کاتی و نەگونجاویان بۆ دەدۆزێتەوە، یەکێک لەو نمونانەی کە زۆر لەبەرچاوە، چارەسەری ھەژارییە لەم سیستمانەدا: “ھۆکارەکانی ھەژاری لەناونابات لە کۆمەڵگادا، بەڵکوو دەچێت چەندەھا ڕێکخراوی خێرخوازی دروست دەکات بۆ یارمەتیدانی ھەژاران، کە لەبری ئەوەی سوودیان پێبگەیەنێت، دەیانکات بە کەسانی پلە دوو و بێکار لە کۆمەڵگادا و ھەست بە کەمبوونی خودیان تیا دروست دەکات.”

زۆرینە دەڵێن بیرکردنەوەی واقیعی و ڕیاڵستیک گرنگە بۆ ژیانی ئەمڕۆمان، ئەمە بە دیوێکدا ڕاستە بەڵام بەدیوەکەی تردا قسە زۆر ھەڵدەگرێت. نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت ھەمیشە خەونە گەورەکانی بیرمەند و فەیلەسوفەکان بۆ دروستبوونی کۆمەڵگایەکی باشتر و نیشتمانێکی ئایدیاڵ و یۆتۆپیایەک لەسەر زەوی، ھۆکاری پێشکەوتنەکانی مرۆڤ بووە و بەردی بناغەی دروستبوونی شارستانیەت بووە.

نووسەر و شاعیری فەرەنسی (ئەناتول فرانس) دەڵێت: “ئەگەر یۆتۆپیای سەدەکانی تر نەبوایە، ئەوا ھەتا ئێستا لە ئەشکەوت و دارستانەکان بە ڕووتی دەژیاین. یۆتۆپیاکان بوو یەکەم نەخشەی دروستکردنی شارەکانیان ھێنایە کایەوە و ھەر خەونە گەورەکانیشن لە دواییدا واقیعێکی سوودبەخش دروست دەکەن. یۆتۆپیا بنەمای ھەموو پێشکەوتنێکە و ھەوڵدانە بۆ گەیشتن بە داھاتوویەکی باشتر.”

یەکەم کەس کە زاراوەی یوتۆپیای ھێنایە کایەوە، بیرمەند و نووسەری بەڕیتانی “سێر تۆماس مۆر” بوو، ئەویش کە ڕۆمانێکی فەلسەفی خەیاڵی نووسی بەناوی (utopia) لەساڵی ١٥١٦ دا بە زمانی لاتینی بڵاوکرایەوە. ڕۆمانەکە باس لە دوورگەیەک دەکات کە دانیشتووانی بە ئاسوودەیی دەژین، لە ژێر سایەی سیستمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی ئایدیاڵ بە پێی بیروبۆچوونی مۆر خۆی و بۆ ئەو کاتەی ئەو تیایدا ژیاوە .

لەڕاستیدا وشەی (utopia) وشەیەکی لاتینییە کە لە دوو بڕگە پێک ھاتووە ئەوانیش:

بڕگەی (ou) کە مانای (نا) دەگرێتەوە،  لەگەڵ بڕگەی (topia) کە مانای (شوێن)ە، یاخود نیشتمان. واتە مانای وشەکە (نا شوێن)ە یاخود ئەو شوێنەی لە ھیچ شوێنێکی تر نییە و ناچێت، بەڵام مۆر حەرفی (o) کەی لابردووەو کورتیکردۆتەوەوە بۆ utopia.

ھەندێک لە توێژەرەوەکان دەڵێن دەتوانین وشەی ئیۆتۆپیا بۆ ھەمان مەبەست بەکاربێنین کە ئەمیش ھەر وشەیەکی لاتینییە (Eutopia)، کە لێرەدا بڕگەی (Eu)بە مانای خۆشبەختی دێت، و  (topia)بە مانای نیشتمان یاخود شوێن، لەگەڵ یەکدا بە مانای نیشتمانی خۆشبەختی دێت .

واتە دەتوانین بڵێن یۆتۆپیا و ئێۆتۆپیا جیاوازییەکی وایان نییە، چونکە ئەو نیشتمانەی لە ھیچ شوێنێک نییە ئەو نیشتمانەیە کە جێگای خۆشبەختی و ئاسوودەیی مرۆڤەکانە.

لە ڕاستیدا ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژوو بۆ ( ٤٠٠) ساڵ پێش زایین، بۆمان دەردەکەوێت کە یەکەم کەس بیری لەو نیشتمانە یۆتۆپییە کردەوە و وێنای کرد وەکو سیستمێکی سیاسی و پەروەردەیی و زانستی و ئەخلاقی تەواوکەری یەکتر، فەیلەسوفی یۆنانی “ئەفڵاتون” بوو .

ئەفڵاتون لە زۆر کتێب و نووسینەکانیدا باسی لەم نیشتمانە ئایدیاڵە کردووە و بەتایبەتی لە کتێبی کۆمارەکەیدا، کە زۆر بەجوانی شی کردۆتەوە بەوەی دەبێت ئەم کۆمارە چۆن بێت و بنەماکانی چی بن. کۆمارەکەی ئەفڵاتون یەکەم ھەوڵ بوو بۆ دروستکردنی نیشتمانێکی ئایدیال و یۆتۆپیی، کە تەنیا لە خەیاڵی ئەو فەیلەسوفەدا ھەبوو و لەسەر گۆی زەوی مەحاڵ بووە.

بەڵام ھەروەکو نووسەری ئەمریکی “وڵ دیۆرانت” دەڵێت: “ئەفڵاتون فەیلەسوفێکی خەیاڵاوی نەبوو، بەڵکوو کەسێکی واقیعی و دنیادیدە بوو و کێشەکانی لەگەڵ دەسەڵاتدا شایەتحاڵی ئەوەن، چ لە کتێبەکەیدا کە کۆمارە نموونەییەکەی باس دەکات، دان بەوەدا دەنێت کە پێکهێنانی ئەم کۆمارە سەختە، بەڵام دیدی ئەو بۆ دروستکردنی ئەو کۆمارە لەوەوە سەری ھەڵدابوو، کە بنیاتنانی ئەو خەونانە لە بیر و ھۆشی مرۆڤدا، ھەمیشە کاریگەری خۆی ھەیە بۆ پێشکەوتن،  گرنگی مرۆڤ لەوەدایە توانای پێشبینیکردنی جیھانێکی باشتر ی هەیە و، هەوڵدەدات بۆ بەدیھێنانی بەشێکی بچووک لەو خەونانە ئەگەر گشتیشی نەبێت”.

ئەگەر بە مێژوودا گوزەر بکەین، چەندەھا بیرمەند و فەیلەسوف بە جۆری جیاواز باسی یۆتۆپیا و خەونی دروستبوونی نیشتمانێکی ئایدیاڵ و بەھەشتێکیان کردووە لەسەر زەوی .

ئەوەتا “فریدریک ئەنگڵس” بەشێوەیەکی جیاواز لە کتێبی (سۆشیالیزم؛ یۆتۆپیا و زانست)، باس لەم کۆمەڵگا یۆتۆپیە دەکات و دەڵێت: “ھەموو دونیابینییەک بۆ کۆمەڵگایەکی نموونەیی، ئەگەر سۆشیالیزم و زانست بەردی بناغەی نەبن، دونیابینیەکی ناتەواوە، تەنیا یۆتۆپیایەکە کە تاک ھەڵدەخڵەتێنێت و بە لاڕێدا دەیانبات.”

بیرمەند و نووسەر “هاربێرت جیرۆج وێڵس” لە کتێبی “یۆتۆپیای نوێ”دا باس لەوە دەکات: “دەبێت زیاتر بابەتیانە بین و یۆتۆپیا کۆنەکان ڕەت بکەینەوە، چونکە مەحاڵە دروستبوونی کۆمەڵگایەکی مرۆڤایەتی، کە یاسا باڵادەست بێت تیایدا و بێ کێشەی ناوەکی، یاخود یاخیبوونی تاکە کەسی، باشترە بیر لە دروستکردنی دەوڵەتێکی دادپەروەر بکەینەوە کە مەرج نییە نموونەیی بێت، بەڵکوو تەنیا نزیک بێت لە نموونەیی و جوگرافیایەکی دیاری کراوی نەبێت، بەڵکو ھەموو سەر گۆی زەوی بگرێتەوە “.

فەیلەسوفی ھیوا “ئەرنست بلۆخ” بە جۆرێکی تر دەڕوانێتە چەمکی یۆتۆپیا و نیشتمانی ئایدیال و مانای نوێیان دەداتێ. «نیشتمان لای بلۆخ سەرزەمینێکی ئامادە نییە کە ئێمەی تێدا لەدایک دەبین، بەڵکوو جێگایەکە دروستی دەکەین، ئەو جێگایە نییە کە تیایدا دەژین، بەڵکوو ئەو جێگایەیە کە بەرە وڕووی دەڕۆین. سەرزەمینی ھاتنەدی ھیوا و گەشبینیەکانمانە! شوێنێکە دەشێت ھەبێت و ھەموو ڕووی تێبکەین، واتە سەفەرێکە بەرەو دەرەوەی شتەکان، بەرەوە دەرەوەی ئێستا و بەرەو دەرەوەی ئەو شتانەی گەمارۆمان دەدەن .”

لەکتێبی ( چیرۆکی یۆتۆپیا) دا دەبینین بیرمەند “لویس ممفۆرد” یۆتۆپیا دابەش دەکات بە دوو جۆرەوە :

  1. یۆتۆپیای ڕاکردن: لێرەدا ئێمە لە واقع و ژیانی ڕاستەقینە ڕادەکەین و بیر لەشوێنێکی خەیاڵی و ئایدیاڵ دەکەینەوە بۆ ژیان، کە ئەم بیرەش مەحکومە بە کۆمەڵێک ڕەھەندی سیاسی و ئایدۆلۆژی و ئاینی بۆ ژیان .
  2. یۆتۆپیای بنیاتھێنەر: لێرەدا دونیابینیەکی واقیعی و ڕیالستیک ھەیە بۆ چاککردنی کۆمەڵگا و ژیان… بۆ نموونە: بۆ ئەوەی مرۆڤ خانوویەک دروست بکات بۆ بەدیھێنانی پێداویستییە سەرەتاییەکانی، پێویستە ڕای ئەندازیارێک وەربگرێت و پلان و نەخشەی بۆ دابنێت، وەستا و کرێکارەکان لایەنی جێبەجێکار بن و ھەستن بە ئەنجامدانی کارەکان، نەک تەنیا بە پەنابردن بۆ خەیاڵ بتەوێت کۆشکێک دروستبکەیت “.

ئەگەر بێن و بەراوورد بکەین لەنێوان بیروڕای گرنگترین بیرمەند و فەیلەسوف و ئەدیب و سیاسییەکان، کە یاساکانی یۆتۆپیایان داناوە و باسیان کردووە، بۆمان دەردەکەوێت کە بیری یۆتۆپی دەکرێت بە دووکۆمەڵی سەرەکی :

  1. ئەو کۆمەڵەیە کە سوود و قازانجی کۆمەڵ دەخاتە پێش ھەموو شت، ھەر یاخیبوونێکی تاک مەحکوم دەکات و سزای دەدات، ئەمیش زیاتر لە بیری فەیلەسوفەکانی پێش مۆدێرنەدا دەردەکەوێت .
  2. ئەو کۆمەڵەیە کە ئازادی تاکی لا گرنگترە و بە ئامانجی سەرەکی دادەنێت. ھەر لەبەرئەوەش ئەو یاسایانەی لەلایەن کۆمەڵەوە دادەنرێن نابێت دژی ئارەزوو و ئازادیەکانی تاک بێت .

ئەگەر زۆرینەی فەیلەسوف و بیرمەندەکانیش کۆک نەبن لەسەر بیر و فکری یۆتۆپیی، ئەوا توێژەرەوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دیاردەی (یۆتۆپیا) ھەمیشە دیاردەیەک بووە بۆ پڕکردنەوەی خواستی مرۆڤ، ھەمیشە ھۆکارەکەی خراپی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلەکان بووە و لە کاتی سەردەمە تاریکەکان و کێشەکان دا ھاتۆتە کایەوە .

ئەوەی پێویستە ئێمە بیزانین وەکو مرۆڤی ئەم سەدەیە ئەوەیە؛ کەیۆتۆپیا خەیاڵێکی شاعیرانە و ئەدیبانە نییە کەدژ بە عەقل و مێشک و واقع بێت، بەڵکوو ھەوڵدانی مرۆڤە ھەر لە ئەزەلەوە بۆ گۆڕانکاری و باشترکردنی ژیان. یۆتۆپیا باوەڕبوونە بە توانایی مرۆڤ بۆ بەدیھێنانی دادپەروەری و یەکسانی لەسەر زەوی نەک لە ئاسمان و لەخەیاڵدا، یۆتۆپیا ھەوڵدانێکی مێژوویی دوورودرێژە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی جیاواز، کۆمەڵگایەک پڕ لە دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی .

ھەروەک چۆن نووسەری ئیرلەندی “ئۆسکار وایڵد” دەڵێت: “ئەگەر نەخشەی جیھان یۆتۆپیاکانی تیا نەبێت، ئەوە شایەنی سەیرکردنیش نیە. چونکە ئەو وڵاتە غافڵ دەکات کە ھەمیشە کەشتی مرۆڤایەتی بەرەو ڕووی دەڕوات و لە کەنارەکانیدا ئارام دەگرێت. ھەر کاتێک لە دوورەوە وڵاتێکی تری بینی، بەرەو ڕووی کەشتییەکەی تاو دەدات، لە ڕاستیدا پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بەدیھێنانی یۆتۆبیاکانی مێژووە.

 

پەراوێز و سەرچاوەکان :

١- المدينة الفاضلة عبر التاريخ .

تاليف: ماريا لويزا برنيري. ترجمة: د.عطيات ابو سعود .

ص ٢٥ ، ٦٥ ، ١٦٨.

٢- یوتوبیا (مفھوم و دلالاته في الحضارات الانسانية) .

تاليف: شريف الدين بن دوبة، ص ٢٤، ٥٤.

٣- یوتوبیا. تالیف: توماس مور

ترجمة: انجيل بطرس سمعان ،ص ٥٩ .

٤- قصة الفلسفة. تالیف: ول دیورانت .

ترجمة: فتح الله محمد ،ص٦٤ .

٥- سێوی سێھەم. نووسینی: بەختیار عەلی، لا ٢٦ .

بڵاوکردنەوە: