مەرجەعیەتی شیعە و کاریگەرییان لەسەر کایەی سیاسی

106
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: بارام مەجیدخان

بەرایی

شیعە وەک کاریگەرترین مەزهەبی ئیسلام، دیاردەیەکی مێژووکردە. تابووتی پەیامهێن (محەمەد (د. خ)، ئیسلامی کردە دوو ڕەوتی دژ بە یەک؛ بەشێک لەگەڵ هەڵبژاردنی جێگرەوەی پەیامهێن بوون و بەشێکێش لەگەڵ ئەوە بوون کە لەسەر وەسێتی پەیامهێن عەلیی کوڕی ئەبو تاڵیب جێگرەوەی “محەمەد (د. خ)”ە. ڕەوتی یەکەم کە ئەبوبەکر سەرکردایەتیی دەکرد، لەگەڵ هەڵبژاردن بوون (انتخاب). ڕەوتی دووەم کە عەلی سەرکردایەتیی دەکرد، لەگەڵ دانان بوون (انتصاب). ئەوەی لەم بابەتەدا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەین، ڕەوتی دووەمی ئیسلام (شیعە)یە. شیعە لەگەڵ ئەوەی کە لەناو خۆیدا بە چەندین گرووپی جیاواز دابەش دەبێت (پێنج ئیمامی، حەوت ئیمامی، داوانزە ئیمامی…)، بەڵام لە بنەما سەرەکییەکانیدا بە ڕێژەیەکی زۆر لێکچوون. فیقهی شیعی کە لەسەر بنەمای ئیمامەت دامەزراوە، ڕابەرایەتیی دینی و دنیایی بۆ ئیمامی مەعصووم دەگێڕێتەوە کە بە ئیمامی زەمان کۆتایی دێت و جیهان پڕ دەکات لە دادپەروەری. لە غیابی ئیمامی مەهدی، مەرجەعەکانی شیعە ئەرکی ڕابەرایەتیی موسوڵمانانی شیعەیان لە ئەستۆیە. مەرجەع باڵاترین دەسەڵاتی ئایینیی شیعەیە و گەورەترین و کاریگەرترین چەکیان “فەتوایە” کە دەکرێت فەتوای سیاسی بێت یاخود ئایینی. فیقهی سیاسیی شیعە دوو ئاڕاستەی جیاوازی هەیە: بەشێکیان کە بە مەراجعی کۆنەپارێز دەناسرێن، لەگەڵ گرتنەدەستی حکومەتی ئیسلامی نین، بەڵکوو ئەو مافە بۆ ئیمامی زەمان دەگێڕنەوە وەک “ئایەتوڵا ڕوحوڵا سیستانی”، وە بەشێکی تریان لەگەڵ گرتنەدەستی حکومەتی ئیسلامین کە لەژێر کاریگەریی تێزی (ویلایەتی فەقهیە) “ئایەتوڵا ڕوحوڵا خومەینی” و “ئایەتوڵا حوسەین حەلی مونتەزیری” دان. گرووپە سیاسی و سەربازییەکانی شیعە لە عێراق (کە بە حەشدی شەعبی ناسراون)، هەریەک لەژێر کاریگەریی ئەم دوو تێزەی فیقهی شیعەدان. لەم لێکۆڵینەوەدا باش لەسەر جیاوازیی بۆچوونی سیستمی مەرجەعیەت ئەکەین و پاشان ئەو گرووپانەی ناو حەشدی شەعبی و دابەشبوونیان بەسەر مەرجەعیەتی شیعەدا.

١. شیعیزم

ڕێبازێکی سیاسی، سەربازی، ئیعتقادی، ڕادیکاڵیی ئیسلامییە. لە سەدەی یەکەمی کۆچی (سەدەی حەوتەمی زایینی) سەری هەڵدا، ئیمام عەلیی کوڕی ئەبو تاڵیب (٥٩٩ز/٦٦٠ز) بە دامەزرێنەری سەرەکی و باوکی ڕۆحیی ئەم ڕێبازە دادەنرێت. ئەگەرچی دوای شەهیدکردنی ئیمام عەلی، مونەزیرەکان و فەقیهەکان و موفەسیرەکان زیاتر پەرەیان بە ڕێبازەکە دا.[1]

ئەگەرچی لە سەرەتادا ئەم ڕێبازە؛ ڕێبازێکی سیاسی بوو، مەبەست لێی دەستگرتن و پشتیوانیکردن بوو لە خەلیفەی موسوڵمانان، بەڵام پاشان بوو بە ڕێبازێکی کەلامی و فیقهی کە بە مەزهەبی پێنجەمی موسوڵمانان هەژمار دەکرێت. “شێخ شەڵتوت یەکەم موفتیی زانکۆی ئەزهەر بوو، کە لە ساڵی ١٩٥٨ بەفەرمی دانی نا بە مەزهەبی شیعەدا وەک یەکێک لە ڕێبازە فیقهییەکانی ئیسلام” [2]

چەمکی شیعە لە ڕووی زمانەوانییەوە، لە زمانی عەرەبیدا بە مانای “موشایەعە” دێت، واتە “شوێنکەوتن”، یان “سەرخستن”، یان “لایەنگری” دێت. چەمکی شیعە لە فەرهەنگی ئیسلامی و عەرەبیدا تەنیا بە شوێنکەوتووانی ئیمام عەلییەوە نووساوە. [3] لە فەرهەنگ و تەفسیرە کلاسیکەکاندا لێکدانەوەی زۆر بۆ چەمکی شیعە کراوە، بەڵام هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەو موسوڵمانانەی کە خۆیان بە شوێنکەوتووی ئیمام عەلی دەزانن و ئەو بە جێگرەوەی پەیامهێن دەزانن و لە پێناو ئەم باوەڕەیان جەنگیون؛ بە شیعە ناوزەد دەکرێن.

ئەو بنەما سەرەکییانەی کە شیعەی لەسەر بونیات نراوە، سێ بنەمای سەرەکین

یەکەم: یەکسانخوای و داد. هەمیشە شیعە لە ڕووی ئیعتقادییەوە نەرمیی نواندووە و هیچ کات چەقبەستوو نەبووە، هەستی بە پێویستیی گۆڕانکاریی کات و شوێن و کولتوور کردووە، پێشوازیی پەرەسەندنی عەقڵانیەتی کردووە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ژیانەوەی ئەم ڕێبازە.

دووەم: پەیامهێنی. لەم بنەمایەدا شیعە لەگەڵ زۆربەی ڕێبازەکانی دیکە هاوڕایە، زنجیرەی پەیامهێنان بە محەمەد (د. خ) کۆتایی پێ دێت.

سێیەم: ئیمامەت. ئیمامەت بە سەرەکیترین بنەمای تەشەیوع دادەنرێت. بە واتا: لەدوای پەیامهێن یەکێک لە خوێنی محەمەد (د. خ) دەبێتە ڕابەری موسوڵمانان.لە دیدی شیعەدا ئیمام “معصوم”ە، واتە پارێزراوە لە هەموو گوناهـ و هەڵە و تاوانێک. لە دیدی ڕێبازی شیعەی دوانزە ئیمامی، ئیمامەکان بە عەلیی کوڕی ئەبو تاڵیب دەست پێ دەکات و بە ئیمامی زەمان کۆتایی پێ دێت (واتە ئیمام مەهدی). بەڵام چەند ڕێبازی تری شیعە هەن کە ڕای جیاوازیان هەیە، وەک ڕێبازی زەیدییەکان کە پێیان وایە ئیمامەت لە ئیمام زەید کوڕی عەلیی کوڕی ئیمام حسێن کۆتایی پێ دێت، کە بە ئیمامی پێنجەم ناسراوە. لە دیدی ڕێبازی ئیسماعیلیە، ڕابەرایەتی (ئیمامەت) لە ئیمام ئیسماعیل موبارەک کوڕی ئیمام جەعفەری سادق؛ ئیمامی شەشەم، کۆتایی پێ دێت (ڕاوی، ٢٠٢١).

٢. مەرجەعیەت

مەرجەعیەت لە ڕێبازی شیعە، گرنگیی زۆری هەیە. مەرجەع باڵاترین دەسەڵاتی دینی و دنیایی شیعەیە، کە لە ڕووی زانستی فیقهی و ئیسلامی بە زاناترین کەسی ئایینی هەژمار دەکرێت. ئەم پێگەیە کەس پێی نابەخشێت، بەڵکوو لە زاتی خۆیدا وەریدەگرێت. ڕۆحانییەکانی شیعە و شوێنکەوتووان (مقلد)؛ زانای ئەعلەم دەناسنەوە و شوێنی دەکەون. مەرجەع لە ڕێگەی کتێبی “توضیح المسائل”ی تایبەت بە خۆی وەڵامی کێشە فیقهی و ئایینییەکانی شوێنکەوتووانی خۆی دەداتەوە. بۆ شوێنکەوتووانی مەزهەبی شیعە، مەرجە کە “تقلید” لە مەرجەعی زیندوو بکەن نەوەک مردوو. مەرجەع پێگەی دیاری هەیە لە شیعەدا، وەکوو:

– پێگەی زانستی

سەرپەرشتیکردنی کاروباری حەوزەی عیلمییە، کە ناوەندی پەروەردەکردنی زانایانی ئایینی شیعەیە. زۆر جار مەرجەعەکان وەک زانای وانەبێژ لە حەوزەی عیلمییە کورسیی تایبەتیان هەیە، کە لە ئاستە باڵاکانی فیقهـ و زانستە ئیسلامییەکان وانە دەڵێنەوە.

– پێگەی ئابووری

زەکات و خومس و ئەو داهاتانەی کە لە دینی ئیسلامدا واجب کراوە لەسەر موسوڵمان، بەپێی مەرجەکانی فیقهی کۆ دەکرێتەوە و دەچێتە ژێر دەسەڵاتی مەرجەع بۆ دووبارە بەگەڕخستنەوەی ئەو داهاتانە لەناو موسوڵماناندا. ئەم پێگە ئابوورییە لە مێژووی حەوزەکانی عیلمییەی شیعەدا هۆکاری دەسەڵات و بە سەربەخۆ مانەوەی پێگەی مەرجەعیەت بووە لەناو موسوڵمانانی شیعەدا.

– پێگەی سیاسی

لە مێژووی مەرجەعیەتی شیعەدا ئەم دەسەڵاتە مشتومڕی زۆری لەسەرە. زۆربەی مەرجەعەکانی شیعە کەمتر ئەم دەسەڵاتەیان بەکار هێناوە، بەڵام لە دوو سەد ساڵی ڕابردوودا، لە قۆناغە سەختەکانی ژیانی شیعەکاندا، مەرجەعەکان ڕۆڵی گەورەیان بینیوە.

دەربارەی پێگە و کارکردی مەرجەعیەتی شیعە لە مێژوودا، هەمیشە وەک ناوەندی بڕیاردەر و قسەکەری مەزهەبی شیعە ڕۆڵی بینیوە. ئەم ڕۆڵە لە قۆناغە جیاوازەکاندا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. چەمکی دادوەری و چەمکی پەروەردە لە دەیەکانی ڕابردوودا کەمتر بووە. بە واتایەکی تر: چەمکی پەروەردە و دادوەریکردن لە پێگەی مەرجەعیەتی تەقلیدیی شیعە لاواز بووە. مەرجەعەکان کەمتر لە پێگەی دادوەریکردندا وەستاونەتەوە و پەروەردەکردنی گشتیی کۆمەڵگا لە ناوەندی حەوزەوە گوزراوەتەوە بۆ ناوەندەکانی ئەکادیمی. زانستخوازی لە زانستە ئایینییەکاندا لە ناوەندەکانی حەوزە نییە بەتەنها، بەڵکوو ناوەندە ئەکادیمییەکان و زانکۆکانیش بەشێک لەو ئەرکەیان لەسەر شان گرتووە. سەبارەت بە ڕۆڵی سیاسیی مەرجەعیەتیش، مەرجەعیەتی تەقلیدی کەمتر خوازیارن کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان بەسەر دەوڵەتەوە هەبێت. پێیان وایە لە غیابی ئیمامی زەمان حکومەتکردن حەرامە، ئەم مافە تەنها بۆ ئیمامی غائیب دەگەڕێتەوە. بەڵام تێزی ویلایەتی فەقیهە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیڕەویی دەکات، بڕوایان بە جیاکاری لەنێوان دین و دەوڵەتدا نییە.

٣. جیۆپۆلەتیکی شیعە

جیهانی شیعە وەک لە ڕووی ڕێکخراوەیی و ئایینی و کولتوورییەوە جیاوازیی تێدایە، ڕوخساری سیاسی و جیۆپۆلەتیکیی جیاوازی هەیە. دوو پانتایی نەتەوەیی و کولتووری زاڵە بەسەریدا: جیهانی عەرەبی و جیهانی فارسی. بەشێک لە نەتەوەی تورک و هیندیش جوگرافیای شیعەی لەخۆ گرتووە. شیعە دابەش دەبێت بەسەر چەندین فیرقەی جیاوازدا کە هەندێکیان لە مێژوودا بەجێ ماون، بەڵام دیارترینیان زەیدیە و ئیسماعیلیە و دوانزە ئیمامین.

شیعەی زەیدی بە یەکەم دابەشبوونی دنیای شیعە هەژمار دەکرێت، کە لە ساڵی ٧٦٠ی زایینی ڕووی دا. زەیدیە لە سەدەی نۆیەمی زایینی توانیی دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەبەرستان و مازندەرانی ئێران جێگیر بکات، بەڵام ئێستا لە ناوچە شاخاوییەکانی یەمەن یشتەجێن. ئەمان تەنها دان بە ئیمامەتیی “ئال عەلی” دا دەنێن بە ئیمامەتی موسوڵمانان، کە لە ئەولادی نەپچڕاوەی ئیمام عەلی بن.[4] گرووپی دووەمی شیعەکان بە ئیسماعیلیە ناسراون، حەوت ئیمامییشیان پێ دەوترێت. جیابوونەوەی ئەم فیرقەیەی شیعە لە ساڵی ٧٥٥ی زایینی ڕووی دا. بەراورد بە فیرقەی زەیدیە، ئیسماعیلیەکان کاریگەرترین فیرقەی شیعە بوون کە توانییان گەورەترین جیابووەنەوە و درز لە ماڵی شیعەدا دروست بکەن، وە توانایەکی لەڕادەبەدەری ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک لە خۆیاندا نیشان بدەن. فاتمییەکان لە میسڕ بەشێک بوون لە ئیسماعیلیەکان کە توانییان دەسەڵاتی سیاسی بگرنە دەست. گرووپی سێیەم کە شیعەی دوانزە ئیمامین، ئێستا زۆرینەی ڕەهای شیعەن لە دنیای ئیسلامدا لە وڵاتانی عێراق و ئێران و لوبنان و وڵاتانی عەرەبی بوونیان هەیە.

ئێران

وەک ناوەندی جوگرافی، شیعەی ئێران زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی شیعەی جهیان پێک دەهێنێت. جێگیربوونی شیعە لە ئێران، لە هەلومەرجێکی تایبەت گەشەی کرد. “کاتێک پاشایەتیی سەفەوی لە ئێران ساڵی ١٥٠١دا مەزهەبی شیعەی سەپاند بەسەر ئێراندا، دۆخی دنیای سوننە لە گەشەسەندنێکی فراواندا بوو”[5]. کەسانی وەک دکتۆر عەلی شەریعەتی باس لە شیعەی عەلەوی و شیعەی سەفەوی دەکات. ئەو پێی وایە شیعەی عەلەوی خەنجەرێک بوو لە پشتەوە لە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی وەشا. سەدەی شانزە وەک لە ئەورووپا بە چاخی ڕێنسانس ناسراوە، لە دنیای ئیسلامییشدا بە سەردەمی ڕێنسانسی شیعە هەژمار دەکرێت. شیعەی سەفەوی لە ئێران گڕوتینی زۆری بەخشی بە شیعە لە ناوچەکانی تری دنیای ئیسلام، بەڵام بەکارهێنانی هێز بەتەواوی نەیتوانی ئێران لە سوننە پاک بکاتەوە. ڕێبازی شیعە لە ناوەندی ئێران جێگیر کرا، بەڵام سنوورەکانی ئێران لە چوار لاوە گەمارۆ دراوە بە سوننە. هەر چوار قووڵایی ستراتیجیی ئێران کە ئێران بەسەر وڵاتانی ناوچەکە دەکاتەوە، سوننە ئامادەگییان هەیە. لە ڕۆژئاوای ئێران و بەشێک لە ناوچە کوردی و سنوورییەکان سوننەمەزهەبن. لە باکووری ئێران؛ تورکمانەکان و تاڵشییەکان، وە لە ڕۆژهەڵاتی ئێران و باشووری خۆراسان سوننەمەزهەبن. هەروەها قووڵایی باشووری ئێران؛ سیستان و بەلوچستان سوننەن. ئەمەش وەک خاڵی لاوازی ئێران هەژمار ئەکرێت. هەر چییش پەیوەستە بە دانیشتووانی کورد لە کوردستان، ئێران هەر چەندە ئاماری فەرمیی حکومەتی بەدەستەوە نییە، بەڵام ئاماژەکان پێمان دەڵێن کە زۆرینەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات شیعەمەزهەبن. بەتایبەت کە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێران لە هەردوو پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی و خۆراسانی باکوور ئامارەکە دەسەلمێنێ. ژمارەی کوردەکانی خۆراسان ئێستا بە دوو ملیۆن کورد مەزەندە دەکرێت. شیعە وەک هێزێکی بە توان کاریگەری خۆی بەسەر جوگرافیای سیاسیی ئێرانەوە بەجێ دەهێڵێت، بەتایبەت لە ساڵی ١٨٩٠دا ئەم ململانێیە لەنێوان سەڵتەنەت و مەرجەعیەت نزیکەی سەد ساڵی خایاند، کە لە سەرەتای سەدەی بیست شۆڕشی مەشرووتەی ئێرانی لێ کەوتەوە و پاشان لە ساڵی ١٩٧٩ بە شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆتایی بەم ململانێیە هات. شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە یەکەم سەرکەوتنی شیعە لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی هەژمار دەکرێت.

عێراق

بە دوو هۆکار، بە ناوەندێکی پیرۆزی دنیای شیعە هەژمار دەکرێت: یەکەمیان: مەزاری بەشێکی ئیمامەکانی شیعە لە عێراقە، وەکوو: ئیمام عەلی، ئیمام حسێن و ئیمام موسای کاظم. هۆکاری دووەم: بنکەی سەرەکیی مەرجەعیەت و حەوزەی عیلمیە لە شاری نەجەف. شیعە لە عێراق زۆرینەی مەزهەبی لە عێراق پێک دەهێنن. “شیعەکان ٧٥%ی عەرەبەکانی عێراق و ٥٥-٦٠%ی تەواوی دانیشتووانی عێراق پێک دەهێنن، بەگشتی عەرەبە شیعەکانی عێراق لە ناوەڕاست و باشووری عێراق نیشتەجێن، بە بەغدادی پایتەختیشەوە. تا پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو سوننەکان زۆرینەی دانیشتووانی بەغدادیان پێک دەهێنا، بەڵام ئێستا شیعەکان زۆرینەن لەو شارە. بەگشتی لە عێراق تا کۆتایی سەدەی نۆزدە کەمینە بوون”.[6] شیعەکانی عێراق زۆربەیان عەرەبن، بەڵام شیعەی کورد و شیعەی تورکمان و کوردە شەبەکەکانیش هەن. “بە درێژایی مێژوو ناوەندە بەهێزەکانی شیعەگەری لە باشووری عێراقدا بنکەیان داکوتاوە. شارەکانی بەسڕە، کەربەلا، نەجەف، کووفە، کازمیە (کە گەڕەکێکی شاری بەغدایە)؛ بەبەردەوامی ناوەندی خوێندن و بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی شیعەگەری بوون” . [7]ڕێژەی کوردی شیعەمەزهەب لە عێراق ئامارێکی باوەڕپێکراو بەردەست نییە. “کوردستان بە هۆی نەرمی و لێبوردەیی گەلی کورد لەهەنبەر فرە چەشنی و فرە ئایینیدا، شوێنێکی هێمن و متمانەدار بۆ برەوپێدانی باوەڕ و ئایینە جیاجیاکان بووە و هەیە” . [8]سەرەڕای هاتوچۆ و نیشتەجێبوونی هەندێک لە کەسایەتییەکانی شیعە لە سەدەکانی سەرەتای ئیسلام لە ناوچەکانی کوردستان و ئاشنابوونی خەڵکی کورد لەگەڵ هەندێک بنەما هزرییەکانی شیعە، پەرەسەندنی بیروباوەڕی شیعە بۆ سەدەکانی حەوت و هەشتی کۆچی کە قۆناغی دەسەڵاتدارێتیی ئیلخانییەکان و دواتر تورکمانەکان بەسەر بەشێک لە ناوچەکانی کوردستاندا بووە’ دەگەڕێتەوە. عێراق وەک ناوەندێکی بەهێزی شیعە لە دەروازەکانی ڕۆژهەڵاتی دنیای عەرەب، گرنگیی زۆری هەم بۆ جیهانی عەرەبی و هەم جیهانی شیعی هەیە. لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، دیمۆگرافیی شیعە گۆڕانی بەسەردا هاتووە. مەزهەبی شیعە لە عێراقدا بە شێوەیەکی خێرا لە گشتگیری و بڵاوبوونەوەدا بووە. هەروەها لە سەرەتای سەدەی بیست کە دەوڵەتی عێراق لەسەر دەستی ئینگلیزەکان دامەزرا، دوو پێکهاتەی ئایینی و قەومی دامەزراوە کە ڕوخساری سیاسیی ئەم دەوڵەتە تازەیە هەر لە سەرەتاوە لاواز بووە، هەر ئەمەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی کە کردارە ستراتیجییەکانی دەوڵەتانی دراوسێ؛ ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر پێکهاتە قەومی و مەزهەبییەکەی عێراق هەبێت.

 لوبنان

بۆ دیراسەکردنی شوناسی شیعە لە لوبنان، پێویستە دوو فاکت لەبەرچاو بگرین: یەکەمیان: ئەوەی کە شیعەی لوبنان لە کەمینەیەکی مەزهەبییەوە بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێت کە وەک میللەت سەیریان بکەین. فاکتی دووەم: ئەوەیە کە لە بزووتنەوەیەکی بەرهەڵستیکارەوە بەرەو حکومەتکردن هەنگاو دەنێت، ئەویش بەو هۆکارەی کە دنیای شیعە و بەتایبەت ئێران پشتیوانیی زۆری کردوون و خەرجیی زۆری کردووە لەو بوارەدا.[9]

دوو کەسایەتیی سیاسی و مەزهەبی کاریگەریی زۆریان بەسەر بزووتنەوەی شیعە لە لوبنان هەبووە: ئیمام مووسا سەدر ( ١٩٢٨-١٩٧٨) کە لە شاری قومی ئێران هاتووەتە دنیا، وەکوو نوێنەری ئایەتوڵا موحسین بروجەرسی و ئایەتوڵا موحسین حەکیم لە لوبنان کاری کردووە، چەندین ڕێکخراوی لە لوبنان بۆ هاوکاریکردنی شیعەکان بونیات ناوە و پاشان بزووتنەوەی “ئەمەلی ئیسلامی” دادەمەزرێنێت. لە ساڵی ١٩٧٨ بە شێوەیەکی گوماناوی دیار نامێنێت، تا ئێستا نازانرێت چۆن و لەلایەن کێوە ڕفێنراوە. مووسا سەدر وەک کەسایەتییەکی کاریزمیی شۆڕشگێڕ کاریگەریی زۆری بەسەر شیعەکانی لوبنان و ئێرانیشەوە بەجێ هێشت. کەسایەتیی دووەم: عەلی ئەکبەری موحتەشەمی پور (١٩٤٧-٢٠٢١)، کەسایەتیی رادیکاڵی ئیسلامی کە بە باوکی ڕۆحیی حزبوڵڵای لوبنان ناوزەد دەکرێت. لە حکومەتی دووەمی “میر حسێن مووسا”، پۆستی وەزیری ناوخۆی هەبووە. بڕوای بەهێزی بە هەناردەکردنی شۆڕشی ئێرانی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی هەبووە. موحتەشەمی ڕۆڵی سەرەکیی لە بونیاتنانی حزبوڵڵای لوبنان هەبووە. لەپاش کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراق، لەگەڵ داگیرکردنی کوێت بوو لەلایەن عێراقەوە و پێی وا بوو دەکرێت ئێران و عێراق یەک بگرن دژی ئەمەریکا. خوێندکاری ئیمام خومەینی و ئایەتوڵا خۆیی ووە. لە ساڵی (٢٠١٠)ەوە بە دوور لە چاوی میدیاکان بۆ ماوەی دە ساڵ لە نەجەف ژیانی بەسەر دەبرد تا لە ٧/٦/٢٠٢١ بەبێ ئەوەی دەنگدانەوەی میدیایی هەبێت، لە نەجەف کۆچی دوایی کرد.

پێشینەی ڕێکخراوە سیاسی و مەزهەبییەکانی شیعەی لوبنان بۆ ساڵەکانی ١٩٧٠ی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە.

– مەجلیسی باڵای شیعەکانی لوبنان: کە زیاتر ڕێکخراوێکی کولتووری و سەقافی بوو، لەلایەن ئیمام مووسا سەدر لە ساڵی ١٩٦٩دا دامەزرا. محەمەد شەمسەدین و عەبدولئەمیر قەبلان سەرۆکایەتیی ڕێکخراوەکەیان کردووە.

– بزووتنەوەی ئەمەل: کە ڕێکخراوێکی سیاسییە، لە ساڵی ١٩٧٠ لەلایەن ئیمام مووسا سەدر دامەزرا. پاشان دکتۆر مستەفا چەمران کە یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بوو، سەرۆکایەتیی بزووتنەوەکەی گرتە دەست. لە سەروبەندی هێرشی ئیسرائیل بۆ لوبنان، “نبیه بری” وەک سەرۆکی بزووتنەوەی ئەمەل پەیوەست بوو بە هێزە سیاسییەکانی لوبنان بۆ وتوێژ لەگەڵ ئیسرائیل لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕزگاریی نیشتمانی، ئەمەش ناڕەزایی شیعەکان و سەرەتای دروستبوونی حزبوڵڵای لوبنانی لێ کەوتەوە.

– حزبوڵڵا: لە ساڵی ١٩٨٢ دامەزراوە، هەر لە سەرەتاوە لەژێر چاودێری و پشتیوانیی ئێران بووە. یەکەم ئۆپەراسیۆنی خۆکوژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٨٢ لەلایەن ئەوانەوە ئەنجام درا. حزبوڵڵا وەک ڕێکخراوێکی سیاسی و سەربازی، ڕۆڵی کاریگەری هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ لوبنان. لە کاتێکدا حکومەتی لوبنان توانای بەرگریی زۆر لاواز بووە، هیچ کات دژی پڕچەککردنی حزبوڵڵا لەلایەن ئێرانەوە نەوەستاوەتەوە. دوو ڕووداوی مێژوویی کاریگەرییان بەسەر شیعەی لوبنان و حزبوڵڵا بەجێهێشتوە: “یەکەمیان شۆڕشی ئێران لە سالی ١٩٧٩ و پاشان هێرشی ئیسرائیل بۆ لوبنان لە ساڵی ١٩٨٢. حزبوڵڵای لوبنانیش ئەو دوو فاکتە کاریگەریی زۆری لەسەر داناون.[10]

شیعەی لوبنان وەک کیانیکی سیاسی لەلایەن فەڕەنسییەکانەوە لە میساقی نەتەوەی لوبناندا جێگیر کراوە، بەڵام گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی لوبنان؛ شیعەکانی کردە دوو بەش کە بەشێکیان لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکران، وەک حزبوڵڵای لوبنانی و بەشەکەی تریان لەلایەن سووریاوە پشتیوانی دەکرێن، وەک بزووتنەوەی ئەمەل. کاریگەریی هێرشەکانی ئیسرائل بۆ سەر لوبنان، ڕۆڵی شیعەی لوبنانی سەر ئاستی دنیای عەرەبی گرنگ خستە بەرچاو کە جیاواز لە بزووتنەوەیەکی شیعی، بەڵکوو دنیای عەرەب خەونەکانی خۆی بۆ دژایەتیکردنی ئیسرائیل خستە مەلەفی شیعەی لوبنانی و ئەمەش ڕۆڵی حزبوڵڵای گەورەتر کرد لە ناوچەکەدا. هاوسەنگیی هێز لەبەرامبەر ئیسرائیل و هەڕەشەی حزبوڵڵا بۆ سەر دانیشتووانی ئیسرائیل، گاریگەریی سیاسیی گەورەی بەسەر سیاسەتی ناوخۆی ئیسرائیلەوە بەجێ هێشت.[11]

یەمەن

پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی یەمەن عەشایرییە. زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانەکەی موسوڵمانن (٩٩٪)، کە دابەش بوون بەسەر زۆرینەی موسوڵمانی شافیعی (٧٥-٨٠٪) و موسوڵمانی شیعەی زەیدی (٢٠-٢٥٪)، کە (١.٥٪)ی کۆی موسوڵمانانی جیهان پێک دێنن، بە ژمارەی دانیشتووان نزیکەی ٢٧ ملیۆنی سەرژمێریی ساڵی ٢٠١٥.

یەمەن لە دەستەی ئەو وڵاتانەیە کە پەنابەر هەناردە دەکات بۆ ئەو وڵاتانەی کە بەرهەمهێنی نەوتن و ئارەزووی پەنابەران دەکاتەوە بۆ جێهێشتنی وڵات. لە هەمان کاتدا یەمەن لەناو وڵاتانی عەرەبی بە ناوەندی تەقینەوەی زاوزێ و هەڵکشانی دانیشتووانەکەی، لە ڕیزبەندیی یەکەمدایە. بۆ تێگەیشتن لە جیۆپۆلەتیکی شیعە و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی وڵاتانی عەرەبیی خەلیج و سعودیە، پێویستە ئاوڕێک لە سیمای دیمۆگرافیی ئەو وڵاتانە بدەینەوە. بێگانەکانی ناعەرەب سێ لەسەر چواری ژمارەی دانیشتووانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و وڵاتی قەتەر پێک دەهێنن و دوو لەسەر سێی وڵاتی کوێت و یەک لەسەر چوای وڵاتی سعودیە پێک دەهێنن. ئەم گاپە گەورەیە لەنێوان دانیشتووانی ڕەسەن و ئەو هاوڵاتییانەی کە وەک هاوڵاتیی هاوردە تەماشا دەکرێن، سیمای ناوچەکەی بە شێوەکی گشتی گۆڕیوە و کاریگەرییە سیاسی و دیمۆگرافییەکانی دەبێتە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی ناوچەکە بەگشتی.

یەمەن و حوسییەکان لە سەدەی ڕابردووەوە لە کێشمەکێشێکی قورسدا دەژین. سەرەتای قەیرانی حوکمڕانی و ئەزمەی شیعی لە یەمەن، دەگەڕێتەوە بۆ سییەکانی سەدەی ڕابردوو کە یەمەنییەکان لە جەنگ لەگەڵ برا سعودییەکانی خۆیان شکستیان خوارد. یەمەن بەناچاری پارێزگای عەسیری کە شیعەی زەیدی بوون ڕادەستی سعودیەکان کرد.[12]

کێشەی حوسییەکانی یەمەن کە لە قەبیلەی هەمەدانین، لە ناوچەی “سەعدە”ی یەمەن دەژین، لە ساڵی ٢٠٠٤ تەقییەوە کاتێک “حسێن بەدرەدینی حوثی” لەلایەن هێزەکانی “عەلی عبدوڵا ساڵح” کوژرا. عەبدولمەلیک حوثی و یەحیا حوثی ڕابەرایەتیی بزووتنەوەکەیان لەژێر ناوی “ئەنساروڵڵا” گرتە دەست.

ئەنساروڵڵا ناوی فەرمیی ئەو گرووپەیە کە بە ناوی حوثییەکان ناسراون. لە ماوەی بیست ساڵدا دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ناوچەیەکی فراوانی یەمەندا سەپاند، بەتایبەت پایتەختی وڵاتەکە. ئەنساروڵڵا لە ڕەحمی گرووپێک بە ناوی “شەباب ئەلموئمینین”کە لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٠ لە پارێزگای سەعدە بونیات نرابوو، دروست بوون.

قەیرانی یەمەن لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو ڕاستییەمان دەخاتە بەردەم کە ململانێی ئێران و سعودیە لەسەر خاکی یەمەن و جەنگی بەوەکالەت؛ لە قورسترین ئاستی خۆیدا بەڕێوە دەچێت. یەمەن ناوەندی ئەو ڕێبازە لە شیعەیە کە لە دەرەوەی شیعەی دوانزە ئیمامی و لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئێراندایە. دوورنمای چارەسەری کێشەکان پەیوەستە بە چارەسەری کێشەکانی ئێران لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەکە.

وڵاتانی تر

وڵاتانی وەک کۆماری ئازەربایجان کە زۆرینەی ڕەهای شیعەیە و دراوسێ هەرە نزیکی ئێرانە، بەڵام لە بەر رؤشنای سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک ناوچەی ژێردەسەڵاتی ئێران. هەر چەندە لە ڕووی مەزهەبییەوە لەژێر کاریگەریی مەراجعی تورکی شیعەی ئێراندایە، لە قەیرانەکانی ئازەربایجان و ئەرمەنستان ڕۆڵی ئێران پشتیوانی نەبوو لە حکومەتی ئازەربایجان، بەڵکوو وەک پشتیوانێکی شاراوەی ئەرمەن دەرکەوتن. ئەفغانستان و پاکستان و هیند بە شێوەیەکی پەڕاکەندە و وەک کەمینەی مەزهەبی شیعە و هێزی کاریگەری سیاسی و کولتووری و مەزهەبی و کۆمەڵایەتی بوونیان هەیە. دابەشبوونی شیعە لە جوگرافیای دنیای ئیسلام، ئەو ڕاستییەمان بەبیر دەخاتەوە کە لە ماوەی پێنج سەد ساڵی ڕابردوودا مەزهەبی شیعە لە گەشەکردنی بەردەوام و خێرا و ژمارەی دانیشتووانی وەک مەزهەبێکی کاریگەر جێپەنجەیان بەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بەدەردەکەوێت.

٤.مەرجەعیەت و کایەی سیاسی

مەرجەعیەتی شیعە لەپاش فەوتی شێخی موفید گوازرایەوە بۆ نەجەف.[13]محەمەد حەسەن نەجەفی (١٧٨٥-١٨٤٩)؛ یەکەم مەرجەعی شیعی بوو کە حەوزەی عیلمیەی لە شاری نەجەف ڕێک خست و سیستمی مەرجەعیەت بەو شێوازەی ئێستای لەژێر کاریگەریی ئەم مەرجەعە باڵایەی شیعەدا بوو، کە کاریگەریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی زۆری بەسەر دنیای شیعە و شاری نەجەفەوە هەبوو.[14]

مەرجەعە باڵاکانی دنیای شیعە کە لە مێژووی هاوچەرخی شیعەدا کاریگەریی سیاسیی زۆر گەورەیان بەجێ هێشتووە و ڕاستەوخۆ لە ململانێ سیاسییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاریی ئیستعماری و چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ستەمکاری ناوخۆ. نەجەف وەک سێیەمین شاری پیرۆزی دنیای ئیسلام لەپاش مەککە و مەدینە، ناوەندی هەرە بەهێزی دنیای شیعە و مەرجەعە باڵاکانی ناسراوە. لە سەدەی هەژدە بەدواوە کە ئایەتوڵا عەبدولکەریم حائری یەزدی (١٨٥٩-١٩٣٧) لە ساڵی ١٩٢١ حەوزەی قوم ئاوەدان دەکاتەوە، نەجەف بە قورسایی خۆی بەردەوامە لە پەروەردەکردنی زانا ئایینییەکانی شیعە. کاریگەریی مەراجعی ئێرانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاریی بەریتانیا و فەتوای بەناوبانگی سەید محەمەد حەسەن شیرازی (ئایەتوڵا شیرازی (١٨١٥-١٨٩٦)) سەبارەت بە تەحریمکردنی تووتن و لێدان لە بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیاکانی بەریتانی، دنیای شیعە وەک واقعێکی بەهێز ڕوخساری خۆی نیشان دەدات. لەژێر عەبای ئایەتوڵا شیرازی، سەید جەمالەدین ئەفغانی دێتە دەر کە ڕۆڵی گەورەی بینی لە وشیارکردنەوەی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵات. ڕووبەڕووبوونەوەی مەرجەعیەت و سەڵتەنەت لە ئێران بوو بە ململانێیەکی ڕاستەوخۆ ، لە پاشان بە ململانێیەکی مێژوویی کە شۆڕشی مەشرووتەی ئێرانی خولقاند، کە بە یەکەمین شۆڕشی میللەتانی ئێران لە مێژووی هاوچەرخدا هەژمار دەکرێت. مەراجعی وەک سەید محەمەد کاظم یەزدی و ئایەتوڵا کاشانی ڕۆڵی کاریگەریان هەبوو. بۆ یەکەم جار جیاوازیی بیری سیاسیی شیعە لەنێوان مەرجەعیەتی شیعەدا دەرکەوت و وەک دوو بەرەی جیاواز لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی بەریتانیا دەرکەوتن.

لەگەڵ دەرکەوتنی قوم وەک ناوەندێکی کاریگەری دنیای شیعە، مەراجعی گەورە لە ئێران سەریان هەڵدا و ململانێی سیستمی پاشایەتی و سیستمی مەرجەعیەت بە شکستی پاشایەتیی ٢٥٠٠ ساڵەی ئێران لە شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی ١٩٧٩ کۆتایی پێ هات. ئایەتوڵا خومەینی وەک مەرجەعی باڵای شیعە، لە دنیای ئیسلام وەک بەهێزترین کەسایەتیی دینی و سیاسی توانیی سیستمی حوکمڕانیی ئێران لەسەر بنەمای تێزی ویلایەتی فەقیهە دابمەزرێنێ.

حەوزەی نەجەف لەپاش ڕووخانی حوکمی بەعس لە عێراق، ئەستێرەی نەجەفی جارێکی تر درەوشاندەوە. نزیکەی پەنجا مەرجەعی شیعی لە دنیادا کاروبارەکانی ئەم مەزهەبە بەڕێوە دەبەن. [15]ئایەتوڵا سەید موحسین حەکیم (1889-1970) وەک کەسایەتییەکی بەهێز دژی داگیرکاریی بەریتانییەکان وەستایەوە. حەکیم لەگەڵ پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بوو. لەگەڵ سوننەی عێراق و گەلی کورد پەیوەندیی باشی هەبوو. فەتوای مێژوویی حەکیم بە حەرامکردنی شەڕ لە دژی کورد بوو، بە بنەمای پەیوەندیی مێژوویی کورد و شیعە لە عێراق. حەکیم لەپاش ئایەتوڵا بروجەردی وەک مەرجەعی باڵای شیعە ناسرا. لەپاش ئەو، ئایەتوڵا ئەبولقاسم خۆیی (1899 – 1992) وەک مەرجەعی باڵای شیعە دیاری کرا. خۆیی لەژێر گوشاری توندی بەعسییەکان لە عێراق و لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی ئێران عێراق، داوای حکومەتی ڕەت کردەوە کە دژی حکومەتی ئێران فەتوا دەربکات، ئۆتۆمبێلەکەیان تەقاندەوە و لە ساڵی ١٩٨٠دا محەمەد باقر صەدر و خوشکەکەی و دەیان کەس لە خۆێندکارەکانی لە لە زیندان کوژران. خۆیی بە دەیان کەسایەتیی ئایینیی لای خۆی پەروەردە کرد مامۆستایەکی مەزن بوو لە بواری زانستە ئایینییەکان.

ئایەتوڵا خۆیی لە سەرەمەرگیدا لە ساڵی ١٩٩٢دا، داوا لە ئایەتوڵا سیستانی (١٩٣٠- ؟) دەکات کە پێشنوێژی بکات و ئەمە وەک دەستپێکی دەرکەوتنی مەرجەعیەتی سیستانی و ڕۆڵی لە داهاتووی سیاسیی عێراق و جیهانی ئیسلامی بوو.

ئایەتوڵا سیستانی کاریگەرترین کەسایەتیی عێراقییە لەپاش ڕووخانی ڕژێم (٢٠٠٣). کەسایەتییەکی گۆشەگیر و پر هەیبەتی شیعەیە. شێوازی کاری سیاسیی ئەو مەرجەعە ناڕاستەوخۆ و دیاریکراوە، بەتایبەت هاوکاریکردنی دەوڵەتێکی مەدەنیی دیموکراتی سەرنجی بەشێکی زۆری سیاسییە جیهانییەکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە. نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و بان کیمۆن سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە، لە نزیکەوە دیداریان لەگەڵ ئەنجام داوە لە ساڵی ٢٠١٤، لەگەڵ ئەوەی سیستانی بەوە ناسراوە کە دیدار لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان ئەنجام نادات، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکانی وەک حاڵەتێکی تایبەت هەژمار کرد. وەک ڕۆڵی ئەو مەرجەعە؛ لە سیاسەتی ناوخۆ زیاتر ڕۆشن و ئاشکرا دەبێت، بەتایبەت ڕۆڵی لە پشتیوانیکردنی دەستووری عێراق و پێداگریی لە دانانی لێژنەیەکی دەستووری. ڕۆڵی سیستانی لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی کۆمەڵایەتی، پایەیەکی ئێجگار گەورەی پێ بەخشیوە. پشتیوانیکردنی ئاشتی و دوورخستنەوەی خەڵک لە شەڕی تائیفی و مەزهەبی لە عێراقدا و بەدوورگرتنی هێزە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق لە تۆڵەی توندوتیژ و خوێنڕشتنی پێکهاتەکانی عێراق. کاتی شەڕی داعش لە عێراق و مەترسییەکانی، فەرمانی بە بەرگریکردن لە عێراق دا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە کە دژی ئەم پیلانگێڕییە بوەستنەوە. حەشدی شەعبی بە فەرمانی ئەو لە ٢٠١٤دا دامەزرا. وەک کاریگەرترین کەسایەتی بەسەر حەشدەوە، ڕۆڵی ڕزگارکردنی عێراقی بینی لەبەرامبەر هەڕەشەی تیرۆری داعش. لە کاتێکدا کە سوپای عێراق لە بەریەک هەڵوەشابوو و عێراقییەکان نائومێد لە یارمەتیی نێودەوڵەتی و لاوازیی حکومەتی ناوەند، ڕۆڵی سیستانیی بەرجەستەتر کرد.[16]

لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی سیستانی، باسوخواس لەسەر خەلیفە و جێنشینی ئەو مەرجەعە بووەتە جێگای مەترسی بۆ عێراق و ناوچەکە و جیهانی ئیسلامی. لەگەڵ ئەوەی مەرجەعیەتی ئایەتوڵا خامنەیی لە ئێران وەک مەرجەعی باڵای حکومەتی و مەزهەبی دەتوانێت ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە، بەڵام زۆرێک لە لایەنگرانی سیستانی لەگەڵ تێزی ویلایەتی فەقیهە یەک ناگرنەوە. لایەنگرانی سیستانی لە سەرتاسەری عالەمی ئیسلامی بڵاون. لە حەوزەی نەجەف، سێ ئایەتوڵا زۆر بەهێز و بێدەنگ لەدەوری سیستانی دەبینرێن کە زۆرێک لە شارەزایانی بواری مەرجەعیەتی شیعە پێیان وایە ئەو سێ کەسایەتییە کاندیدن بۆ جێگرەوەی سیستانی.

١. ئایەتوڵا ئیسحاق فەیاض کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی ئەفغانستانە.

٢. ئایەتوڵا بەشیر نەجەفی، بە ڕەچەڵەک خەڵکی پاکستانە.

٣. ئایەتوڵا محەمەد سەعید حەکیم، ڕەچەڵەکی عێراقییە .[17]( کە لە ڕێککەوتی ٣/٩/٢٠٢١ کۆچی دواییکرد).

جێگیربوونی مەرجەعیەتی نەجەف لەپاش سیستانی، کاتی پێویستە. وەک خودی سیستانی، دوای دە ساڵ بەسەر کۆچی ئایەتوڵا خۆیی توانیی پێگەی ڕاستەقینەی خۆی بەدەست بهێنێت. جێگرەوەی سیستانییش بە هەمان شێوە کاتی پێویستە بۆ ئەوەی بناسرێت، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی دەکاتە سەر حەوزەی نەجەف لە لایەک و دنیای شیعە لە لایەکی تر. لە هەمان کاتدا لەسەر داهاتووی سیاسیی عێراق، بەتایبەتی کە بەشێکی زۆری حەشدی شەعبی لەژێر ناونیشانی حەشدی سیستانی (بەرامبەر حەشدی ویلائی کە تەقلیدی ئایەتوڵا خامنەیی دەکەن) پەیڕەی لە سیستانی دەکەن. پەرێشانییەک لە سیستمی مەرجەعیەتدا دروست بووە و مەرجەعیەتی شیعە لە قەیرانێکی قووڵدایە، بەڵام شارەزایانی ئەو بوارە لەو بارەڕەدان کە تا مەودایەکی دوور ئەم سیستمە دەتوانێ لە پڕۆسێسی ئیدارەدانی دنیای شیعە کاریگەریی خۆی لەدەست نەدات. لە هەمان کاتدا مەرجەعیەت لە نەجەفی پیرۆز وەک پایتەختی دنیای شیعە دابەش بووە بەسەر سێ چەمکی تا ڕادەیەک لێکنەچوو، لەنێوان هەویەی عەرەبی و هەویەی مەزهەبی و هەویەی ئیداری کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەڕێوە دەچێت، ئەم دۆخەش بونیادەکانی شاری نەجەف وەک پیرۆزترین شاری شیعی دەباتە دۆخێکی تا ڕادەیەک ناجێگیر.

ئەنجام

ناتوانین باسی دنیای ئیسلام بکەین بەبێ تێگەیشتن لە ڕێبازی شیعی کە ڕەگی لە سەرەتاکانی ئایینی ئیسلامدا داکوتاوە. کاریگەرییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەزهەبییەکانی دنیای شیعە، بەسەر پەیوەندییەکانی دنیای ئیسلام و ناوچەکە و سیاسەتی نێودەوڵەتییشەوە بەئاشکرا دەبینرێت. ژمارەی موسوڵمانی شیعە یەک لەسەر چواری دنیای ئیسلام پێک دەهێنێت، کە کاریگەریی بەسەر جیۆپۆلەتیک و دیمۆگرافیی جیهانەوە داناوە. مەرجەعیەت وەک کۆڵەکەی ئەم ڕێبازە لە سەدەی هەژدە بەدواوە ڕوخسارێکی سیاسییانەتری وەرگرتووە. مەرجەعە باڵاکانی شیعە لە سەنگەری دیفاع و پارێزگاریکردن لە خەڵک و باوەڕداراندا بوون. تەوژمی شیعی لە سەرەتای سەدەی نۆزدە بەتایبەتی بەڕێوە بوو بۆ گۆڕینی دنیای ئیسلام، چ لە سەردەمی کۆڵۆنیالیزم و داگیرکاریی بێگانەکان بۆ ناوچەکە و چ لە ململانێی قورسی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی ڕەهای دەسەڵاتداران و پادشاکانی ناوچەکە، کە بە دوو شۆڕشی گەورەی مەشرووتەی ئێران و شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ توانیی خۆی بسەلمێنیت. شۆڕشی مەشرووتە توانیی خەڵک لە ڕەعیەتەوە بکاتە هاونیشتمانی و شۆڕشی ئێرانیش توانیی دەسەڵاتی سیاسیی مەرجەعیەت لە حوکمڕانی بسەلمێنیت. لە سەرەتای سەدەی بیست و یەک بەدواوە و پاش ئەوەی کە گەورەترین ڕابەری شیعەی دنیا ئایەتوڵا خومەینی وەفات دەکات، کەسایەتیی مەرجەعێکی گەورەی وەک سیستانی توانیی سەرنجی جهیان بەلای خۆیدا ڕابکێشێ بەوەی کە مەرجەعێکی میانڕەو و کاریگەوە. ئەم پشتیوانییەی دنیای ڕۆژئاوا لە سلوکی سیستانی، بەرپەرچدانەوەی مەرجەعیەتی ئێران بوو کە کێشەی قووڵی ئێران و وڵاتانی ناوچەکەشی خستە ژێر کاریگەریی خۆی، بەتایبەت “سواد العراق” وەک چۆن مەیدانی ململانێی سیاسیی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی ڕۆژئاوا بوو، بە هەمان شێوە هەندێک لە بیرمەندە ڕۆژئاواییەکان بە مەیدای ململانێی مەرجەعیەتی شیعە لە ناوخۆدا وێنا دەکەن، هەر چەندە ئەم بۆچوونە لەلایەن پەیڕەوان و خودی مەرجەعەکانیش ڕەت دەکرێتەوە کە ناکۆکی لەنێوان مەرجەعە باڵاکاندا هەبێت.

____________________

سه‌رچاوه‌كان

 

[1] یونس ڕاوی. ئیلاهیات (٢٠٢١)چاپخانەی تاران

 [2] https://www.mehrnews.com/news/1518566

یونس ڕاوی. ئیلاهیات (٢٠٢١)چاپخانەی تاران [3]

[4] فرانسوا توال( (١٣٨٤) ژئوپولیتیک شیعە. انتشارات ویستار.تهران

[5] فرانسوا توال( (١٣٨٤) ژئوپولیتیک شیعە. انتشارات ویستار.تهران

[6] شێرکۆ کرمانج ( ٢٠١٧) شوناسی عێراق، ململانێ نەتەوەیی و مەزهەبیەکان.چاپخانەی سەردەم. سلێمانی

[7] شێرکۆ کرمانج ( ٢٠١٧) شوناسی عێراق، ململانێ نەتەوەیی و مەزهەبیەکان.چاپخانەی سەردەم. سلێمانی

[8] د.کیومەرس عەزیمی ( ٢٠١٧) مێژووی شیعەگەری لە کوردستاندا، لێکدانەوەی بەستینەکان و ڕەوتی پەرەسەندنی شیعەگەری لە نێو کورداندا.چاپ: ماڵی سوهرەوەردی. تاران

[9] https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/what-does-it-mean-be-shia-lebanon-today

[10] https://www.britannica.com/topic/Hezbollah

[11] فرانسوا توال( (١٣٨٤) ژئوپولیتیک شیعە. انتشارات ویستار.تهران

[12] امانوئل تد، یوسف کورباژ ( دیدارگاه تمدنها). ترجمە: عبدالوهاب احمدی. انتشارات آگاه. تهران

[13] https://www.independentarabia.com/node/88576

[14] http://diplomaticmagazine.net/politics/436

[15] https://www.independentarabia.com/node/88576

[16] https://www.atlanticcouncil.org/inc/uploads/2019/12/After-Sistani-and-Khamenei-IB_AR2.pdf

[17] https://www.atlanticcouncil.org/inc/uploads/2019/12/After-Sistani-and-Khamenei-IB_AR2.pdf


تب: بە رەزامەندی نووسەر وەرگیراوە لە https://www.centerfs.org/

بڵاوکردنەوە: