هیوا بۆ کێ دەگەڕێنینەوە؟

بڵاوکردنەوە:

نووسینی: دڵشـــــاد حامیــــد دەروێش

نووسەر و مامۆســتای زانکۆ

ئەوەی لە پەیوەندیدا بە دەنگۆی داخستنی نەخۆشخانەی هیوا یاخود نەهێشتنی لە فۆڕمە گشتییەکەیدا و دانی بە کەرتی تایبەت بۆ من جێی سەرنجە، ئەو کەڕنەڤاڵە هسترییە بوو کە لە سۆشیاڵ میدیادا خۆی لە چەندان کەمپەینی ئەلیکترۆنیدا لە ژێر دروشمەکانی (هیوا بێ هیوا مەکەن، هیوا موڵکی هەمووانە، هیوا دەگەڕێنینەوە بۆ بێهیواکان، هیوا هی تۆ نییە سەرۆک… هتد) مانیفێست کردووە. بەبڕوای من؛ هاوڕێ لە تەک ئەو کێماسییانەی، کە زادەی ئەلیکترۆنیبوونی پڕۆسەکەن، ئەم کەمپەینە هیچ ڕیشەیەکی فیکری نییە، بەوەی تەنانەت ئەگەر ڕەوتەنییانەش لێی بڕوانین ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئێمە لەبەردەم هەڵمـــــــــــــەتێکدا نین بە ئاقاری هێشتنەوەی ســـــــــــێکتەرەکان بە ســـــــــــــــێکتەری حـــــــــــــــکومی، بە وشەگەلێکی دیکە، ئەم بزاوتــــــە ئەلیــــــــــــکترۆنیییەی سەرپێ کەوتووە، بزاوتێـــــــکی دژ بە تایبەتیـــــــــــــکردن Anti-Privatization نییە، بە بەڵگەی ئەوەی دەمێکە پڕۆسەی بەتایبەتیکردنی کەرتەکانی پەروەردە و فێرکردن و تەندروســــتی و …هتد دەستی پێکردووە و کەسیش متەقی لێدەرنەهاتووە. جگە لەمەش، بەشێک لەوانەی بەیداخی دانەخستن و بە حکومی هێشتنەوەی ئەم دامەزراوەیەیان هەڵگرتووە، ئەگەر خۆشیان دەرچووی قوتابخانە و زانکۆ تایبەتەکان نەبن (کە لە ڕووی مەعریفی و زانستییەوە زۆر لە هی حکومییەکان داغانترن)، ئەوا نەوەکانیان لەو جێیانە دەخوێنن. دووفاقی و ئایرۆنی و تراژی-کۆمیدییەکە لەم دەربڕینەدا فۆرمیولە دەبێت: (نەوەکەت بۆ زانکۆیەکی ئەهلی و دایبابیشت بۆ نەخۆشخانەیەکی حکومی). بە کورتی: ئەوەی ڕوودەدات و وەک دیاردەیەک خۆی نمایش دەکات، پڕ بە پێستی واتای وشەکە (پەرچەکردار)ـە و هەڵقوڵاوی نێو هیچ گوتارێکی فیکریی و ئایدۆلۆجیی نییە، کەمپینێکە بەبێ هیچ قوڵایی و ڕیشەیەکی فیکری کەوتۆتە ڕێ. پرسیارەکە ئەوەیە: ئێمەیەک، کە سەردەمێکە بەبێ هیچ شۆک و ڕاچڵەکینێک دەست و پەنجە لە تەک سیما و شەقڵ و دەرهاویشتەکانی ئەم تایپە سەیر و نامۆیەی سەرمایەداری کوردی و لاخۆری حیزبی کوردیدا نەرم دەکەین، بۆچی فرۆشتن و داخستن و بەتایبەتکردنی هیوا دەبێتە دەنگۆیەکی ڕاچڵەکێنەر؟ ئەم پێداگرتنە، ئەم دەستگرتنە بە هیواوە لە کوێوە دێت لە کاتێکدا هەموومان دەرک بەوە دەکەین کە دامەزراوەی هیوا و هاوشیوەکانیشی لە بەستێن و ڕەوتی ئابووری و سیاسی ئەم هەرێمەدا شتێکن وەک ماوە (رواسب). لەو تەنە نامۆیانە دەچن، کە جەستە سیاسی و ئابوورییە نوێیەکەی هەرێم بەردەوام لە تەقەلای فڕێدانیاندایە؟

ڕەنگە هەندێک وەک ئەکتێکی ئاکاری تەماشای بکەن، بەوەی کۆمەڵێک داماو و بێدەرەتان لەوێندەرن و پێویستە ئێمە ڕێگەنەدەین ئەو پەناگەیان لێزەوتبکرێت، لەم وێناکردنەدا دوو جەمسەری دژبەیەک ئامادەن، دەسەڵاتێکی ستەمکار و خەڵکێکی ستەمدیدە، هەڵبەت ئەم جوتەوەری و دوالیزمە، ئەم خانەبەندی و دابەشکارییە بە دڵنیاییەوە دابەشکردنێکی ڕاست و دروست نییە. هەموومان بە دەسەڵاتدار و بێدەسەڵاتەوە لە بوونیادێکی تاڕادەیەک جێبەخۆگرتووداین، بە جۆرێک کەمترین بوار و بۆشایی و مەودا بۆ کردە و چالاکی دەرەبوونیادی لە ئارادا نییە. هەرچۆنێک بێت، بە بڕوای من ئەم کەمپەینە دوور و نزیک ئەکتێکی ئاکارییانە نییە. بۆ سەلماندی ئەمە، ئاوڕێک لە تیۆریای ئاکار لە کن فیلۆسۆفی ئەڵمانی ئارســـــــــــــــــەر شــــــــــۆپنهاوە Arthur Schopenhauer (١٧٨٨- ١٨٦٠) دەدەینەوە، هەڵبەتە بابەتەکە ئەوە نییە کە ئەم ڕیئاکشنە تەنیا لە بۆتە و جەغزی ئەم تیۆریزەکردنە شۆپنهاوەرییەدا نائاکاری بێت، بەڵکو هەڵبژاردن و هەڵگرتنەوەی ئەم فیلۆسۆفە زیاتر لەو دەلاقەوەیە کە ئەم کەمپەینە لە یەکەم نیگادا وەها دەردەکەوێت، کە کتومت ئەوەیە کە شۆپنهاوەر پێیدەڵێت ئەکتی ئەخلاقی.

بە بڕوای شۆپنهاوەر کردەکانمان وەختایەک ئاکاری دەبن کە لە سۆنگەی هاودەردی[بە ئەڵمانیی Mitleid]یەوە بە ئەنجام دەگەیەنرێن، ئەو لە ژێر باندۆری میراتی هیندیدا، بانگەشەی ئەوە دەکات کە هاودەردی پێشمەرجی هەموو ئەکتێکی ئەخلاقییە. هاودەردیش دژوەستانەوەیەکە لە تەک نەرجسییەتدا. بە دەربڕینێکی دیکە، ساتەوەختێک هاودەردی ئیش دەکات، کە نەرجسییەت بۆ دواهەمین ئاستەکانی خۆی دادەبەزێت. پێدانی تیکەیەک نان بە دەرۆزەکەرێک کردەیەکی ئاکارییە، مادامێک تۆ لە نەرجسییەتی خۆت دەرچوویت و خۆتت لە شوێنی ئەو داناوە. هەرچەندە ئەم تیۆریزەکردنە لە کێشە بەدەر نییە و نیتچە زۆر بە باشی پەی بەو درزانە دەبات کە لەم چنینە ڕۆمانسیی و ڕۆحانییە فەلسەفییەدا هەن. کاتێک جۆرێک لە خودویستی و خودئەڤینی ڕووپۆشکراوی تێدا کەشف دەکات، لەبەرئەوەی دواجار تۆ شتەکە هەر بە خۆت دەدەیت، مادام تۆ لە خۆت دەرچوویت و بوویتە ئەوی دیکە. بەڵام بە چاوپۆشین لەو مشتومرە فەلسەفییە وردە، ئێمە وەک پێودانگێک، وەک کرێتیریایەک بۆ خوێندنەوەی ڕادەی ئەخلاقیبوونی کەمپەینی ناوبراو هەڵی دەگرینەوە.

ئەگەر ئەخلاق لەو شوێنەوە سەرڕێ بکەوێت کە نەرجسییەتی تێدا نامێنێت، ئەوا بەرگریکردن لە دامەزراوەی هیوا بەدڵنییاییەوە کارێکی ئەخلاقی نییە، بەو واتایەی هاوسۆزیی نییە لە تەک ئەو نەخۆشەی دەرمانی لێبڕاوە، لە تەک ئەو خانەوادەیەی هەرچی هەیە بۆ کڕینی دەرمان دایناوە، بەقەد ئەوەی ترسە لەوەی خۆمان بکەوینە هەمان دۆخەوە، کە بە داخەوە بە هۆکارگەلی جودا هەموو داتا و پێدراوەکان بەرەو ئەوە دەچن: بەنزیکەیی زۆربەمان لە داهاتوودا ئەگەر خۆشمان نەچین، نزیکێکمان لە هیوا دەبێت. کەم نین ئەو توێژینەوە زانستییانەی کە ئەم بانگەشەیە پشتڕاست دەکەنەوە. کەواتە لە پێوار ]غیاب[ـی باکگراوندی فیکری و ئەخلاقیدا، ئەوەی ئەم کەمپەینە دەجوڵێنێت ترسێکی پوختە pure fear، ترسێکی داماڵراوە، ترسێکی بارنەکراو بە ڕەهەندە فیکری و ئەخلاقییەکان، ترسێکی بارگاوی بە نەرجسییەت. لە کۆتاییدا دەڵێم: هەموو ئەوەی گوترا نابێت بەو ئاراستەیەدا ڕابکێشرێت، کە نەبوونی باشترە لە بوونی. گومان هەڵنەگرە، سەرەڕای ئەم سەرنج و تێبینییانە، کەمپەینەکە لە کەتوار[واقیع]دا جۆرێکە لە بەرگری و فشار.

بڵاوکردنەوە: