بەکێشەکردنی کۆچی گەنجانی هەرێم

258
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: دکتۆر/عەلی زەڵمی

کۆچی گەنجان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەوروپا و ئەمەریکا نەک هەر لە حاڵەت و دیاردە دەرچووە بگرە بۆتە کێشەیەکی گەورەی بەرچاو و چیدی ناکرێ چاوی لێ داخەی. ئەوەندی من ئاگاداربم دەزگا پەیوەندیدارەکانی کۆچ و کۆچبەری لە هەرێم بەتەنها گرنگی بە کۆچی هاتوو دەدەن واتە ئەو ئاوارە و کەسانەی روودەکەنە هەرێم، لەمەش خراپتر ئەو دەزگای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونانەی لەمبارەوە کار دەکەن ئەمانیش بەهەمان شێوە هەر گرنگی بە کۆچی هاتوو دەدەن. دیارە ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی لەپشتە کە ئەویش بەهۆی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک یووئێن و دەزگا خێرخوازییەکان و هەروەها هەندێ زانکۆ و سەنتەری لێکۆڵینەوەی بیانی کە پارە سەرف دەکەن لەمڕوەوە بۆ لێکۆڵینەوەی مەیدانی لەسەر ئاوارەکانی هەرێم لە ئۆردگا و کەمپەکاندا وەک ئاوارەکانی سوریا و ئێران و باشور و ناوەڕاستی عێراق. ئەوەی کە زۆر گرنگە و نیمانە؛ گرنگیدان بە کۆچی رۆیشتوو ئیتر ئەمە چ وەک حوکومەت و چ وەک بواری لێکۆڵینەوە، تا ئێستا هەرێم سیاسەتی لاموبالاتی و بەهەندوەرنەگرتنی گرتوەتە بەر وەک ئەوەی ئەمە کێشە نەبێ. بەڵام ئەوەی کە روونە دیاردەی کۆچی گەنجانی هەرێم بۆ دەرەوە لە چەندین رووەوە کێشەی گەورەی دروست کردوە و دەبێ ئەم مەسەلەیە ئینگلیز واتەنی پرۆبلمەتایز بکرێ. من لێرەدا زۆر بەکورتی ئاماژە دەکەم بە چەند لایەنێکی ئەو کێشەیە:

  1. کێشەیە لەرووی لەدەستدانی سەرمایەکی گەورەی وڵات ، گەنجانی ١٨ بۆ ٣٠ ساڵ کە زۆرینەی ئەوانەن سەفەر دەکەن و سەری خۆیان هەڵدەگرن بریتین لە دەستی کار و داینەمۆی ئابووری، چۆڵکردنی وڵات لەمانە واتە تۆ بەدەستی خۆت گۆڕ بۆ خۆت هەڵدەکەنی. کێشەیە لە ڕووی دیمۆگرافی و هاوسەنگی دانیشتوان راگرتن، واتە کە گەنجانی نێر سەفەر بکەن و گەنجانی مێ بمێننەوە گرفتی هاوسەرگیری و قەیرەیی و لادانی سێکسی و چەندین کێشەی تر دروست دەبن.
  2. کێشەیە لەرووی لە دەستدانی وزە و توانای زانستی و داهێنان، تۆ لانی کەم ١٦ ساڵ کەسێک پەروەردە دەکەی و فێری دەکەی بەخۆڕایی و بەبێ بەرامبەر دەیبەخشیتە وڵاتێکی دیکە و لەوێ بەهرە و تواناکانی سودی لێ وەردەگیرێ. ئەمەش دۆڕاوترین بازرگانییە بە سەرمایەی مرۆڤەوە بکرێ و حکومەتێک بە رۆڵەکانی خۆیەوە بیکات.
  3. کێشەیە چونکە دیدی نوێ و نەوەی نوێ مەیدانی سیاسەت چۆڵ دەکەن و نەوەی کۆن و ئیکسپایەر هەر لەسەر حوکمڕانی دەمێنێتەوە و بەمەش گەورەترین گورزی کوشندە لە پرۆسەی گۆڕان و چاکسازی دەدرێت، بەمەش رێگا خۆش دەبێ ئەوەندەی دیکە بۆ قۆرخکاری سیاسی و ئابوری و مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری لەدەستی کەمینەیەکدا کە لە خێزان و بنەماڵەیەک تێپەڕناکات.
  4. کێشەیە لە ڕووی ناهاوسەنگی هاوکێشەی کۆچ و کۆچبەری، چونکە تۆ بەبەردەوام گەنج و کوڕانی میللەتەکەت لێ دەڕوا و لە بەرامبەردا خێزان و تاکی وڵاتانی دراوسێ رووت تێدەکەن و بە زۆرییش ئەمانە بەشدارنین لە پرۆسەی بوژانەوەی ئابوری چونکە یان ئاوارەن و بێکارن یان خێزاندارن لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پێویستیان بە چاودێریی و بەخێوکردن هەیە.
  5. کێشەیە چونکە ئەو رێگایە زۆر پڕ ناڕەحەتی و گیروگرفتە و هەندێجاریش مەترسیە بۆسەر ژیانی کەسی کۆچبەر، لەمیانی ٢٥ ساڵی رابردوو ئەوانەی لەو ڕێگایە تیاچوون و خنکاون ژمارەیەکی ئێجگار بەرچاو زۆرن. لەبەرئەوەی دەستمان ناگات بە ئاماری باوەڕ پێکراو و فەرمی لەمڕوەوە بۆیە رێژەکە زۆرجار یان پەردەپۆش دەکرێ یان بەدواداچوونی بۆ ناکرێ ئەگینا زۆر مەترسیدارە.

دواجار، کێشەیە چونکە ئەو گەنجە بێشومارەی روودەکەنە ئەوروپا بێ پلانە و بێ بەرنامەیە، لێرەش لە وڵاتانی ئەوروپا نە نوێنەری حکومەت هیچ بەرنامەیەکی هەیە بۆیان نە دایەسپۆرا و کوردانی تاراوگە کە بەباشی رێکنەخراوە لەم وڵاتانەدا. بۆیە زۆر بەئاسانی توشی لادان دەبن و دەخزێنە نێو کاری دەرمانفرۆشتن و کاری نایاساییەوە، بەتایبەتی کە ئێستە داواکاری پەنابەریی لە ئەوروپا زۆر زەحمەت بووە. بە لیکۆڵینەوە سەلمێندراوە کە ئەوانەی بێ جوابن (بە قەولی بازاڕی) ئاسانتر لەلایەن گروپە قاچاخچی و مافیاکانەوە لە خشتە دەبرێن. لەمڕوەوە بەداخەوە تۆماری تاوانەکان ورێژەی زیندانی لەناو کوردانی باشور لە هەندەران زۆر خراپە و جێگای مەترسییە.

بڵاوکردنەوە: