ڕۆڵی دیموکراسیەت و چیرۆکی هاتنە دەرەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا.

403
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئامانج عەبدوڵا

یەک لە ڕوداوە گرنگ و کاریگەرەکانی نیو سەدەی ڕابردووی وڵاتی شانشینی یەکگرتوو و ئەوروپا هاتنە دەرەوەی ئەو وڵاتەیە لە یەکێتی ئەوروپا کە بە (Brexit) ناودەبرێت. بە هاتنە دەرەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، ئەو وڵاتە پێی نایە چاپتەرێکی نوێ و لە سەرجەمی کایەکانی ژیان بەگشتی وبەتایبەتی لە ڕووی ئابوری و سیاسی و ناوخۆییەوە  لەبەردەم گؤڕانێکی گەورەی مێژوویی دایە. هەروەها یەکێتی ئەوروپاش ئەندامێکی گرنگ و شوێندیاری خۆی لەدەست دا کە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر یەکێتیەکە. لێرەدا و  لە ڕێگەی ئەم بابەتەوە بە بە کورتی  باسی چۆنیەتی دروست بوونی یەکێتی ئەوروپا  ودواتریش بە ووردی باسی هۆکارەکان و چۆنیەتی هاتنە دەرەوەی بریتانایا دەکەم لێی.

یەکێتی ئەوروپا ( European Union )

دوای کۆتایی هانتنی جەنگی جیهانی دووەم و بەئاگا هاتنەوەی وڵاتانی کیشوەری ئەورپا لە وێرانکاری و دەرەنجامە خراپەکانی ئەو شەرە، بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشی ئابوری و پێکەوە کارکردنی وڵاتانی دراوسێ و ڕێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی جەنگی هاوشیوە، لە نێوان ساڵانی ١٩٥٦ـ١٩٥٧ بە هاوبەشی هەریەک لە وڵاتانی  ئیتاڵیا، فەرەنسا، بەلجیکا، خۆرئاوای ئەڵمانیا، هۆڵەندا و لۆکسمبێرگ (کۆمەڵەی ئابوری ئەوروپا)یان پێکهێنا ( ityEuropean Economic Commun ). دوو هۆکاری گرنگ خوڵقێنەر و بیرۆکەی دروستکردنی ئەم کۆمەڵگە ئابووریە بوون، یەکەم بوژاندنەوەی دۆخی ئابووری هەریەک لەو وڵاتانە کە بە هۆی هەردوو جەنگەکەوە داتەپی بوو، دووەم بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشی ئابوری و قازانجی هاوبەش کە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم شەڕکردن لەگەڵ یەکتریدا. لە کۆتایشدا ئەم بیرۆکەیە یاخود ئەم ڕێککەوتنە ئابورییە هەردوو ئامانجەکەی بەباشی پێکا، وە  دواتریش بووە سەرەتا و بناغەی دروست بوونی یەکێتی ئەوروپا کە بە یەک لە بەهێزتین و کاریگەرتین یەکێتیەکانی جیهان دادەنرێت.

هەڵبەت ئەم یەکێتیە قۆناغ بە قۆناغ و هەنگاو بە هەنگاو گەورە بوون و فروان بوونی بەخۆیەوە بینیوە. لە سالانی حەفتا و هەشتاکاندا بەشی هەرە زۆری وڵاتانی خۆرئاوای ئەوروپا بوونە ئەندام تیایدا. دواتر و لە کۆتایی هەشتاکان و دەیەی نەوەدەکان دا  دوای ڕوخانی دیواری بەرلین و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا لە لایەک و کۆتایی و ڕوخانی یەکێتی سۆڤییەت لە لایەکی تر، دەرگای گەورە بەسەربە شێکی زۆری وڵاتانی خۆڕهەڵاتی ئەوروپاشدا کرایەوە و هێواش هێواش بەشی هەرە زۆریان هاتنە ناو یەکێتیەکەوە، لە کۆتایدا و ساڵی ٢٠١٢  ژمارەی هەموو وڵاتەکانی ناو یەکێتیەکە گەیشتە ٢٨ وڵات.

ئامانج و کارەکانی ئەم یەکێتیە زۆر فراوان و هەمە لایەنن لە سەرجەم کایەکانی ژیاندا لەوانە سیاسی، ئابوری، کلتوری، زانستی، سەربازی …هتد ، بەڵام دوو خاڵ یا خود دوو یاسای زۆر گرنگ  شا دەماری ئەم یەکێتییەن ئەوانیش: یەک بازاڕی هاوبەش و هاتوچۆی ئازاد ( Single Market & Free Movement ). مەبەست لە یەک بازاڕی هاوبەش ئەوەیە کە بەبێ هەبوونی خاڵی سنوری و باج ئاڵوگؤڕی بازرگانی خواردن و زۆرێک لە کەرەستەکانی تری بازرگانی لە نێوان وڵاتانی ناو یەکێتیەکەدا بەڕێوە دەچێت، بەمەش بەبێ هیچ جۆرە گرفت و کۆنتڕۆڵێک ئەم وڵاتانە دەتوان سوود لە ناردن و هاوردەکردنی کەرەستەکانیان بکەن. وە مەبەست لە هاتوچۆی ئازاد ئەوەیە کە هاوڵاتیانی هەر یەک لە وڵاتانی ئەندام ئازادانە و بەبێ سنور دەتوان بۆ کار یاخود نیشتەجێبوون ڕوو لە هەر وڵاتێکی تری ناو یەکێتیەکە بکەن و بە هەمان شێوەی هاوڵاتانیانی ئەو وڵاتەی ڕووی تێدەکەن مافی ژیانیان هەبێت و وەک خاوەن ماڵ مامەلەیان لەگەڵدا بکرێت. بە پیادەکردنی ئەم دوو یاسایە  یەکێتیەکە بەهێزییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و وای کرد کە هاوڵاتیان بۆ هەر یەک لە بوارەکانی کارکردن و خوێندن و گەشتکردن و زۆر شتی تر بە ئاسانی ڕوو لەو ولاتانە بکەن کە ئامانجیانە. بەمەش یەکێتیەکە فراوانیەکی گەورە و بەهێزی بە خۆی بەخشیوە و سودێکی گەورەی بە سەرجەم کایەکانی ژیانی هاوڵاتیانی هەر ٢٨ وڵاتەکە گەیاندووە. هاوکات مامەڵەکردنی بەشی هەرەزۆری ئەندامانی یەکێتیەکە بە یەک دراو کە (Euro) یە خاڵی هاوبەشی گەورەی لە نێوان ئەم وڵاتانەدا دروست کردووە و وەک هاوپەیمانێکی گەورە زیاتر لەیەکتری نزیک کردونەتەوە.

کەی و چۆن بریتانیا بوو بە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا ؟!

چەند ساڵێک دوای دامەزراندنی و لە  شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا بریتانیا داوایکرد ببێتە ئەندام لە  کۆمەڵەی ئابوری ئەوروپا (EEC). لەو کاتەدا (Charles De Gaulle) سەرۆکی فەرەنسا دەبیت، بۆچونی ئەو لە بەرامبەر بوون بە ئەندامی بریتانیا لە کۆمەڵەکەدا بەم شێوەیە دەبێت “من ئەزمونێکی زۆرم لەگەڵ بریتانیەکاندا هەیە، ئەوان هەمیشە لە بەرەی  ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دان و زیاتر لەوانەوە نزیکترن، بۆیە بڕوام وایە کە یاریزانێکی باشی ناو کۆمەڵەکە نابن”. دوای چوار دەیە  ئەم بۆچونەی ئەو دەبێتە واقیع و دێتە بوون.

دوای چەندین ساڵ لە دانوستان و گفتوگۆکردن، ساڵی ١٩٧٣ بریتانیا دەبێتە ئەندام لەو کۆمەڵەیە. بەڵام هەر زۆر زوو دوای تەنیا دوو ساڵ دەیەوێت لێی بێتە دەرەوە. لەو کاتەدا لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆی وڵات دابەش دەبن بەسەر دوو بەرەدا دەربارەی هاتنە دەرەوە یان مانەوەیان لە کۆمەڵەکەدا، دواتر سەرۆک وەزیرانی ئەوکات بڕیاردەدات کە دەبێت لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە و بە دەنگی خەڵکی ئەو بڕیارە یەکلایی بکرێتەوە.

بۆ ئەو مەبەستە ساڵی ١٩٧٥ بریتانیا  ڕیفراندۆمێکی رێکخست و داوای لە هاوڵاتیان کرد لە ڕێگەی دەنگدانەوە بەشداری ئەو پرسە بکەن. لە ڕیفراندۆمەکەدا ئەو پرسیارە کرابوو: تۆ پێتوایە کە دەبێت بریتانیا لە EEC دا بمێنێتەوە یا خود نا؟ لە کۆتایدا  لە سەدا شەست و هەشت ٪٦٨  دەنگیان بە بەڵێ دابوو، واتە پێیان باشە کە دەبێت بمێنێتەوە. ئیتر لەو ڕؤژەوە بریتانیا بە تەواوی  بووە ئەندام لەو یەکێتیەدا و بەردەوام بوو تا ساڵی ٢٠١٦ کە لە رێگەی ریفراندۆمێکی ترەوە بڕیاری یەکجاری جێهێشتنی دا.

چۆن و بۆچی بریتانیا بڕیاری هاتنەدەرەوەی لە یەکێتیەکە دا؟

هەروەک ئەوەی شارل دی گۆل زیاتر لە چل ساڵ لەمەوبەر پێشبینی کرد بوو، بۆچونەکەی ڕاست دەرچوو. لە ڕاستیدا بریتانیا یاریکەرێکی باشی ناو کۆمەلەکە نەبوو، هەمیشە لە دابەش بوونی ناوخۆییدا بووە لەسەر مانەوە یاخود هاتنە دەرەوەی لە یەکێتیەکە. بە دڕێژایی زیاتر لە چوار دەیە ئەم ولاتە لە دیبەیتی کشانەوە دا بووە لە ناوخۆدا، هەڵبەت لە هەندێک سەردەم دا زۆر بە زەقی و بە دیاری پێوەی دیار بووە، هەندێک کاتیش بە بێ دەنگی و لە ناوخۆدا لە لایەن هەندێک سیاسەت مەداری حیزبە جیاوازەکان ئەم باسە ووروژێنراوە و بەردەوام کاریان لەسەر کردووە. وە بە شێک لە سەرکردە جیاوازەکان هەوڵیانداوە لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە ڕیفۆرم لە هەندێک لە یاساکانی ناو یەکێتیەکەدا بکرێت و گؤرانی بەسەردا بێت، یاخود لانی کەم هەندێک سەربەخۆیی بدەن بە بریتانیا و لە پیادەکردنی هەندێک یاسا بیهێننە دەرەوە. بەلام هیچ کام لەو هەولانە سەرکەوتوو نەبوون و یەکیتی ئەوروپا بە کۆی دەنگ ڕەتی کردۆتەوە.

جگە لە پێگە جوگرافییەکەی کە وەک دورگەیەکی سەربەخۆی کیشوەری ئەوروپا دەردەکەوێت، وە هەژموونی ناشنالیستەکان کە هەمیشە کاریان بۆ ئەو ئامانجە دەکرد، کۆمەڵێک هۆکاری  سیاسی و ئابوری و ناوخۆیی هەن وای لە بریتانیەکان کرد یاخود دەرفەتی زیاتری دا بەهەندێک لە سیاسەتەمەدارەکان کە ڕاستەوخۆ کار بۆ هاتنەدەروەی بریتانیا بکەن و ئەو خەونە لە مێژینەیان بهێنە دی. من لێرەدا باسی هەندێک هۆکاری گرنگ  یاخود بەشێک لەو گرفتانە دەکەم کە بوونە هۆی ئەم ڕووداوە و مانشێتی بانگهێشتەکانیان لە ڕیفراندۆمدا لەوانە:  هاتوچۆی ئازاد و دانی ئەو بڕە پارەیەی کە وڵاتانی ئەندام مانگانە دەیان بەخشی بە یەکێتیەکە و نەبوونی ئازادی لە هەندی بریار و یاسا دا.

بە هۆی هەلی کاری زۆر و بەرزی نرخی دراوەکەی و گرنگی زمانەکەی و زۆر هۆکاری تر بریتانیا بووە جێگەی سەرنجی بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیانی وڵاتانی ئەوروپی، بەتایبەتی وڵاتانی بەشی ڕۆژهەڵاتی. دوای نەمانی بلۆکی سۆڤیەت و پەیوەندی کردنی بەشیکی زۆر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورەپا بە یەکێتیەکەوە و هەبوونی یاسای ئازادی هاتوچۆ لە نێوان وڵاتانی ئەندام دا لێشاوێکی زۆری کۆچکردن لەو وڵاتانەوە بەرەو بریتانیا دەستی پێکرد، بە جۆرێک لە ماوەی پانزە ساڵی پێش ریفراندۆماکەی ٢٠١٦ رێژەی کۆچبەرەکان بە شێوەیەکی دیار بەرزبووەوە. هەندێک لە  داتاکان  ئاماژە بە سێ ملیۆن دەکەن بەڵام  پێدەچیت لەوە زیاتر بێت. بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو خزمەتە گەورەیەی ئەم کۆچبەرانە بە دۆخی ئابوری بریاتانیان گەیاند و بەشدار بوون لە بەرزکردنەوەی جوڵەی  بازرگانی و بازاڕی ناوخۆ و تەواوی کایەکانی تر، ئەم کۆچە زۆرە  نیگەرانییەکەی گەورەی  لای بەشێک لە دانیشتوانی بریتانیا دروستکرد بەتایبەت لەلای لایەنگرانی ناشناڵیستەکان. وە لە کۆتایشدا سەرکردەکانی بەرەی بەڵێ (بەڵێ بۆ هاتنەدەرەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا) لە ریفراندۆمدا ئەم نیگەرانیەیان قۆستەوە و وەک چەکێکی بەهێز  بۆ بردنەوەی ریفراندۆمەکە بەکاریان هێنا. هەندێک زانیاری و داتا هەبوون باسیان لەوە دەکرد ئەگەر بریتانیا لە ناو یەکێتیەکەدا بمێنێتەوە و بەو ئەندازەیەی ئێستا هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە ڕوو لەم وڵاتە بکەن لە ماوەیەکی نزیکدا لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت. بۆ نمونە بەپێی هەندێک داتا وایان دەردەخست کە ئەگەر هاوڵاتیانی وڵاتی ڕۆمانیا بەو ئەندازەیەی ئێستا بێنە ئەم وڵاتەوە ئەوا تا ساڵی ٢٠٤٥ یەک لەسەر سێی دانیشتوانی ئەو وڵاتە دێنە بریتانیاوە و لێرە نیشتەجێ دەبن. ئەگەرچی هەموو ئەو داتا و باسانە بەو ئەندازەیە ترسانک نەبوون هەموویان ڕاست نەبوون، بەڵام بەشێکی زۆر لە حەقیقەتیان تێدا بوو.

یەکێکیتر لە هۆکارەکان نا سەربەخۆیی و هەستکردن بە بێ هێزی دەسەڵاتی ولات بوو لەبەرامبەر هەندێک یاسا و پەیوەندی جیهانی، چونکە بەپێی یاسای یەکێتیەکە  وڵاتانی ئەندام دەبێت ڕەچاوی سەرجەم ئەو یاسایانە بکەن کە بەبێ جیاوازی سەرجەمی وڵاتانی ئەندام دەگرێتەوە، لەم ڕووەوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی بازرگانی فراوانتر لەگەڵ وڵاتانی تری جیهان و یاساکانی کۆچبەران و زۆر یاسای تری هەستیار دەبێت لە چێوەی ڕێکەوتنامەی یەکێتیەکەدا بێت و لێی لا نەدات. ئەمە ئەو بڕوایەی لای بەشێک لە سیاسەتمەداران و سەرکردەکان و بەشێکی زۆری هاوڵاتیان دروست کرد کە بریتانیا وەک وڵاتێکی سەربەخۆ و لەدەرەوەی یاساکانی یەکێتیەکە دەتوانێت پەیوەندی بازرگانی و سیاسی  باشتر وبەهێزتر لەگەڵ وڵاتانی تری جیهان وئەوروپاشدا دروست بکات، هاوکات خۆی خاوەنی بڕیار و یاسادانانی تەواوەتی خۆی بێت لەسەرجەم بوارەکانی ژیاندا و بە یاساکانی خۆی کۆنتڕۆڵی سنور و سەروەریەکانی بکات، نەک لە چێوەی یاسای یەکێتیەکەدا.

مەسەلەی پێدانی ئەو برە پارەیەی یەکێتیەکە لە ئەندامانی وەردەگرێت یەکێکی تر بوو لەو خاڵانەی کەمپەینی  بەڵێ لە ڕیفراندۆمدا بەکاریان دەهێنا. ئەوان پیان وابوو کە بریتانیا ساڵانە پارەیەکی زۆر دەداتە یەکێتیەکە، بەجۆرێک گەر بێت و ئەو پارەیە لەناوخۆی وڵاتدا سەرف بکرێت ئەوا قازانجێکی گەورەتر بە وڵات دەگەیەنێت، ئەوان لە کاتی ڕیفراندۆمدا و وەک بانگەشە  بە گەورەیی ئەم مانشێتەیان بە سەرجەمی وڵاتدا بڵاوکردەوە { ئێمە هەفتانە ٣٥٠ سێ سەد و پەنجا ملیۆن پاوەند دەدەین بە یەکێتی ئەوروپا، با لەمەودوا ئەو پارەیە لە سیستەمی تەندروستی وڵاتەکەی خۆماندا سەرف بکەین} بەپێی ئەو داتایەبێت کە ئەوان وەک گەورەترین ریکلامی کەمپینەکەیان بەکاریان هێنا، ساڵانە بریتانیا   ١٨٢٠٠  هەژدە هەزار و دوو سەد ملیۆن دەداتە یەکێتیەکە.

چۆن بڕیاری ڕیفراندۆم درا؟

ئەگەرچی خواست و باسی هاتنە دەرەوە لە یەکێتیەکە ساڵ لە دوای ساڵ فراوانتر دەبوو، بەڵام هیچ کام لە سەرکردەکان نەیاندەویست دەست بۆ ئەم مەسەلەیە بەرن وبیخەنە ناو پرۆژەی حکومەتەکەیان. دواجار و ساڵی ٢٠١٥ سەرۆک وەزیرانی ئەوکات ( دەیڤد کامیرۆن) پرۆژەی ریفۆڕم یان ڕیفراندۆمی خستە ناو مانیفێستی حیزبەکەیەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەو ساڵە. ئەو بەڵێنی بە دەنگەدەران دا کە ئەگەر جارێکیتر وەک سەرۆک وەزیران هەڵبژێرێتەوە ئەوا بە جدی و پەرۆشەوە لەبەشی  وڵاتەکەیدا  کار بۆ ڕیفۆرم لە یەکێتی ئەوروپادا دەکات، وە ئەگەر هەوڵەکان بۆ ڕیفۆرم سەری نەگرت ئەوا ڕاستەوخۆ ڕیفراندۆم ساز دەکات و بڕیارەکە دەداتە دەست هاوڵاتیان خۆیان.

دوای بردنەوەی هەڵبژاردنەکە بە ماوەیەکی کەم، وەک سەرۆک وەزیران بە هیوای درووستکردنی ڕیفۆرم لە پشکی وڵاتەکەی  لە یەکێتی ئەروپادا ڕاستەوخۆ کۆمەڵیک گفتوگۆی لەگەڵ بەشێکی زۆر لە سەرکردە و بەرپرسانی ناو یەکێتیەکەدا ئەنجام دا، بەڵام سەرجەمی گفتوگۆکان بێ ئەنجام بوون و بە هەمان شێوەی ڕابردوو بە کۆی دەنگ ئەو پێشنیار و داواکاریانە ڕەت کرانەوە. دوای ئەوەی سەرۆک وەزیران لە ئەنجامدانی ڕیفۆڕم بێ هیوا بوو، وەک ئەوەی بەڵێنی بە دەنگدەرانی دابوو بڕیاری ریفراندۆمی دا و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕاستەوخۆدا ڕۆژی ٢٣/٦/٢٠١٦ ی وەک ڕۆژی ریفراندۆم دایری کرد. ڕیفراندۆمەکە خۆی لەیەک پرسیاردا دەبینیەوە: پێت باشە بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا  بێتە دەر؟  (بەڵێ) یان (نەخێر) دەنگی دەنگدەران بوو.

سەرکردە دیارەکانی کەمپەینی بەڵێ و نەخێر کێ بوون؟

دوای دیاریکردنی ڕۆژی دەنگدانەکە و دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، هەر دوو کەمپەینی بەرەی بەڵێ و نەخێر دەستایان بە بانگەشە کرد. بەشی هەرە زۆری ئەندامانی چوار حیزبە سەرەکیەکەی وڵات کۆنسەرڤاتیڤەکان، کرێکاران، لیبڕاڵەکان و پارتی سەربەخۆی سکۆتلاند لە بەرەی کەمپینی نەخێر بۆ هاتنەدەرەوە بوون، لە ناویشیاندا دەیڤد کامیرۆنی سەرۆک وەزیران و جێرمی کۆربین سەرۆکی پارتی کرێکاران. لە بەرامبەردا کۆمەڵێکی زۆر کەم لە کەسایەتی سیاسی دیاری ناو حیزبە سەرەکییەکان لە بەرەی بەڵێ بۆ هاتنە دەرەوە بوون، دیارترینیان ئەمانەبوون: بۆریس جۆنسن، دۆمۆنیک کومینگ و مایکڵ گۆڤ لە حیزبی کۆنسەرڤاتیڤەکان ناجێڵ فەراج وەک سەرۆکی  UKIP  پارتی سەربەخۆی وڵاتی شانشین، کە بە پارتی ناشناڵستەکان و میراتگری ڕاستەقینەی سەربەخۆی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ناسراون. بەڵام هیچ گومان لەوەدا نیە  دۆمۆنیک کۆمینگ کە بەرپرسی کەمپەینی بەڵێ بوو ئەندازیاری بردنەوەی ڕیفراندۆمەکە بوو. دۆمۆنیک ئەو سیاسیە بە پلانە بوو کە نەخشەی کەمپینەکەی داڕشت و وەک خەونێکی هەمیشەیی کاری بۆ هاتنە دەرەوەی وڵاتەکەی کرد لە یەکێتی ئەوروپا، هەر ئەویش بۆ ماوەی چەند ساڵێک بووە ڕاوێژکاری سەرەکی سەرۆک بۆریس جۆنسۆن لە ئەنجومەنی  وەزیران.

ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە و دابەش بوونی وڵات.

ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە بەم شێوەیە بوو:

بەڵێ      %51.9

نەخێر    %48.1

لە مێژووی نزیکی وڵاتی شانشی یەکگرتوودا دابەش بوونی هاوشیوەی سەردەمی ڕیفراندۆمی بەخۆیەوە نەبینیوە. دیبەیتی ڕیفراندۆم و بانگەشەی هەردوو کەمپینەکە هاوڵاتیانی بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەکی تا ڕادەیەک یەکسان لە رێژەدا دابەشکرد، ئەم دابەش بوونە لە ناو ئەندامانی خێزانەکانەوە درێژبووەوە بۆ سەرەوە تا دەگاتە لایەنگرانی حیزبەکان و ئەندامانی پەرلەمان و سەرکردە سیاسییەکان. بە هۆی گرنگی بابەتەکە و پەیوەست بوونی بە کۆی کایەکانی ژیانەوە هەموو چین و توێژەکان بەشدار بوون تیایدا و قسەی خۆیان هەبوو، وە دەنگی خۆیان هەبوو. نزیکی رێژەی کۆتا دەنگەکان و ئەنجامی کۆتایی دەرخەری ئەو ڕاستیە بوون.

هاوکات لە ڕووی جوگرافیەوە دابەشکاری لەناو بەشەکانی وڵاتدا درووست کرد، ئەگەر بەپێی ڕێژەی ناوچەکانی ناو ولاتی یەکگرتوو بڕوانینە ئەنجامی دەنگەکان ئەوا دەبینین کە هەر دوو ناوچەی باکور کە پێکدێن لە  سکۆتلاند و باکوری ئایرلەند بە نەخێر دەنگیان دا، لەبەرامبەردا هەردوو ناوچەی باشور کە پێکدێن لە ئینگلاند و وەیڵش بە بەڵێ دەنگیان دا. واتە جگە لە دابەش بوونی ناوخۆیی هاوڵاتیاندا لە ڕوویی ناوچەییشەوە ئەو دابەش بوونە دەبینرا و کاریگەری خۆی هەبوو. وە درێژە کێشانی ئەم دابەشکاری و دیبەیتە دواتر کاریگەری هەبوو لەسەر نەخشەی دەنگدانی هەڵبژاردنی پێش وەخت کە بەڕێژەیەکی زۆر بەرچاو کۆنسەرڤاتیڤەکانی بردە پێشەوە.

هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم و هاتنە دەرەوەی کۆتایی.

ڕۆژی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەیڤد کامیرۆن  وەک سەرۆک وەزیران دەستی لەکار کێشایەوە وئەوەی ووت کە ئەو ئەگەرچی ئەو ڕێکخەری ڕێفراندۆم بوو، بەڵام بە هەموو کەموکوڕی و گرفتەکانیەوە ئەو هەمیشە لەگەڵ مانەوە لە گەڵ یەکێتی ئەوروپادا بووە، بۆیە پێی وایە کە ئەو ڕێز لە دەنگی هاوڵاتیان دەگرێت بەڵام  ناتوانێت وەک پێویست کار بۆ هاتنە دەرەوەی وڵاتەکەی بکات لە یەکێتیەکەدا و کاری ئەو کۆتایی پێ هاتووە، بۆیە پێشنیار دەکات کەسێکی تر بێتە جێگەکەی و ئەو کارە ئەنجام بدات.

بەو پێیەی کامیرۆن سەر بە حیزبی کۆنسەرڤاتیڤەکانە دەبوو لە ڕێی هەڵبژاردنی ناوخۆیی خۆیانەوە کەسێک بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێرن، وەک کاندێدێکی بەهێز لەو کاتەدا چاوێکی زۆر لەسەر بۆریس جۆنسۆن بوو، وە زۆرێک پێان وابوو دەبێت ئەو ببێتە سەرۆک وەزیران. بەلام لە ناکاو و لە بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بڕیاری کشانەوەی لە خۆ کاندیدکردنەکەی ڕاگەیاند، ئەمەش وەک وەک خۆ پاککردنەوەیەک لەوەی کە ئەو لەبەر خاتری بوون بە سەرۆک نەبوەتە سەرکردەی کەمپەینی بەڵێ لە ڕیفراندۆم دا.

دوای کشانەوەی جۆنسۆن چانسی خاتوو (تێرێسە مەی) لە هەموو یان زیاتر بوو، وە لە هەڵبژاردنی ناوخۆی حیزبەکەیدا ئەو وەک سەرۆک وەزیران هەڵبژێردرا و بە زوویی دەستی بە دانوستانکردن کرد لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا دا بۆ گەشتن بە ڕێکەوتن نامەیەک و شێێوازی هاتنە دەروەی وڵاتەکەی. بەلام بەهۆی دابەشبونی ئەندامانی پەڕلەمان و ناوخۆیی حیزبەکەی و بێهێزی ڕیکەوتن و دیڵەکانی ،لە ماوەی سێ ساڵی کارکردنی بەردەوامی بۆ ئەو ئامانجە نەیتوانی وەک پێویست ژمارەی دەنگی پەڕلەمانتاران بۆ ئەو ڕێکەوتنانە بەدەست بهێنێت کە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا پێی گەیشتبوو. لەبەر ئەو هۆکارە و بۆ بەدەستهێنانی ژمارەیەکی زیاتری ئەندامانی پەڕلەمان  بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختی دا،  لە ٨/٦/٢٠١٧ هەڵبژاردن کرا، لەگەڵ ئەوەی تێرێسە مەی هەڵبژاردنەکەی بردەوە بەپیی پێویست و وەک ئەوەی چاوەڕوانی دەکرد نەبوو. بۆ تەواوکردنی ڕێژەی پێویستی کورسییەکانی پەڕلەمان و پێکهێنانەوەی حکومەت لەگەڵ پارتی دیموکراتی یەکگرتووی ـ باکوری ئایرلەندا رێکەوت و بۆ جاری دووەم حکومەتی پێکهێنایەوە، بەڵام ئەم جارەش ڕووبەڕووی هەمان شکست بووەوە و بۆ جاری سێیەم دوا ڕێکەوتنامەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لەلایەن پەڕلەمانی وڵاتەکەیەوە ڕەتکرایەوە. دوا بەدوای ئەو شکستە مەی بڕیاری دەست لەکار کێشانەوەیدا و پۆستەکەی بەجێ هێشت.

دوای دەست لە کار کێشانەوەی مەی هەموو چاوەکان بۆ جارێکی تر چوونەوە سەر بۆریس جۆنسن. بە بڕوای ئەندامانی حیزبەکەی و هاوڵاتیانیش جۆنسن ئەو کەسە بوو کە دەبێت ئەو کارە ئەنجام بدات، چونکە خۆی سەرکردەی دیاری کەمپەینی بەڵی بوو. لە کۆتایدا بە کۆی زۆرینەی دەنگی ئەندامانی حیزبەکەی وەک سەرۆک وەزیران هەڵبژێردرا و بووە سەرۆک وەزیران. بۆ گەیشتن بە رێکەوتن لەسەر پەیوەندیەکانی دوای جیابوونەوە بە گشتی و پەیوەندی بازرگانی بەتایبەتی، جۆنسن توند تر و   ڕاشکاوانەتر لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا کەوتە گفتوگۆکردن. بەڵام بە هۆی یەک ڕیزی کۆی حیزبەکانی تری ناو پەڕلەمان هاوشیوەی مەی یەکەم ڕێکەوتنی جۆنسن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا رەتکرایەوە و نەیتوانی وەک پێویست دەنگی پەڕلەمانتارانی بۆ کۆبکاتەوە، لەناویاندا کۆمەڵیک پەڕلەمانتاری ناو حیزبەکەی خۆی کە بە هەڵگەڕاوەکان ناوبران لە دژی ئەو بڕیاریاندا، ئەو ڕوداوەش وایکرد کە بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی هەیەتی سەرجەمی ئەو پەڕلەمانتارانە لە حیزبەکەی دەربکات. لەم سەردەمەدا بە بڕوای بەشێک لە سیاسیەکان و هاوڵاتیان پێیان باش بوو کە ڕیفراندۆمێکی تر ئەنجام بدرێت و چانسێکی تر بدرێت بە هاوڵاتیان کە ڕەنگە بەشێکی زۆر بۆچونیان گۆڕابێت. بەلام ئەمە کارێکی هەروا ئاسان نەبوو، چونکە  دەبووە نەنگییەک بەسەر پرۆسری دیموکراسیەتی بریتانیا لە جیهان دا، وە دابەشکاری و گرفتی ناوخۆی زیاتری بە دوای خۆیدا دەهێنا، بۆیە ئەو ئەگەرە سەرکەوتوو نەبوو.

 

 

دوا هەوڵی بۆریس جۆنسن و سەرکەوتنە مەزنەکەی!

بەهۆی درێژە کێشانی پرۆسەکە و  ئەو دابەش بوونە قوڵەی ناو پەڕلەمانتاران و ئەندامانی ناو حیزبەکان و خولخواردنەوەی پەڕلەمان لە یەک بازنەی بێ ئەنجام دا، نیگەرانی و بێ هیواییەکی گەورە لە لای دانیشتوانی وڵاتی شانشینی یەکگرتوودا درووست بوو. جۆنسن ئەم نیگەرانیەی دانیشتوانی وڵاتەکەی خوێندەوە و کاری لەسەر کرد. ئەو لە وتارێکیدا باسی لە بێکەڵکی پەڕلەمانی وڵاتەکەی کرد لە بەرامبەر یەکلایی نەکردنەوەی ئەم مەسەلەیە، ئەو ووتی هاوڵاتیانی وڵاتی ئێمە لە ڕێگەی پرۆسەیەکی دیموکراسییەوە دەنگایا بۆ هاتنە دەرەوە لە یەکێتی ئەوروپا داوە، ئیشی ئێمە ئەوەیە ئەو پەیامە وەک خۆیی و لە بەرژوەندی وڵاتدا یەکلایی بکەینەوە، بەڵام پەرڵەمان ڕێگرە لەبەرەدەم ئەم کارەدا بۆیە دەبێت بۆ جارێکیتر هەڵبژاردنی پێش وەخت بکرێتەوە، ئەوە دوا چارەسەر و کلیلی کردنەوەی دارگای هەموو گرفتەکانە.

بۆ جاری دووەم پەڕلەمان بڕیاری هەڵبژاردنی پێش وەختی دا و لە دیسەمبەری ٢٠١٩ هاوڵاتیان ڕوویان لە سندوقەکانی دەنگدان کردەوە و بوونەوە بە بڕیاردەری کۆتایی پرۆسەکە. لەم هەڵبژاردنەدا کۆنسەرڤاتیڤەکان بەسەرۆکایەتی جۆنسۆن بە بەدەست هێنانی (٣٦٥) کورسی پەڕلەمان سەرکەوتنێکی مەزنیان بەدەست هێنا کە دەکاتە نیوە +٤٧ کورسی پەڕلەمان! ئەم ڕێژەیەش دەنگی پێویستی بۆ هەر ڕێکەوتن و بڕیارێک بەدەست هێنا کە جۆنسن و حکومەتەکەی بیانەوێت ئەمجامی بدەن.

هۆی ئەو سەرکەوتنە بەرچاوەی جۆنسن و پاشەکشەی گەورەی پارتی کرێکاران بۆ توڕەیی و بێ هیوایی هاوڵاتیان دەگەڕیتەوە لەبەرامبەر دابەشبوونی ناوخۆیی  هاوڵاتیان لە لایەک و دابەش بوونی  پارتی کرێکاران و نا ڕوونییان لە ئەجێندا و بۆچونەکانی سەرۆکی پارتەکەدا لە لایەکی تر. بەجۆرێک لە هەندێ ناوچەدا بۆ یەکەم جار و دوای نیو سەدە  کۆنسەرڤاتیڤەکان بەسەر پارتی کرێکاران دا سەرکەوتن. واتە هاوڵاتیان خواستیان بوو بە تەواوەتی کۆتایی بە دیبەیتی چوار ساڵەی ڕیفراندۆم و هاتنە دەرەوەی کۆتایی وڵاتەکەیان لە یەکێتی ئەوروپا بهێنن و پێ بنێنە چاپتەرێکی نوێ لە ژاینی سەربەخۆیی وڵاتەکایان.

لە کۆتاییدا و دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەی کۆنسەرڤاتیڤەکان بۆریس  جۆنسۆن  بە دەسەڵاتێکی بەهێز تر و دەستکراوەیەکی باشترەوە ڕویکردەوە گفتوگۆکان لە گەڵ یەکێتی ئەوروپا و رۆژی ٣١/١٢/٢٠٢٠ ی وەک دوا ڕۆژی ئەندامێتی وڵاتەکەی لە یەکێتی ئەوروپا دیاری کرد و دواتر پەڕلەمان بەرێژەیەکی زۆر لەدەنگی پێویست بڕیارەکەی پەسەند کرد و بۆ دوا جار بڕیارە مێژووییەکەی جێبەجێ کرد و لە یەکێتیەکە هاتە دەر.

ئیمڕۆ١ /١ /٢٠٢١  من سەرقاڵی نووسینی ئەم بابەتە بووم لە وڵاتی شانشینی یەکگرتوو کە بەشێکە لە کیشوەری ئەوروپا، بەڵام چیدی بەشێک یاخود ئەندام نییە لە یەکێتی ئەوروپا دا کە بە یەکەێک لە بەهێزترین و گەورەترین  یەکێتیەکانی جیهان دادەنرێت. ئێستا چاوەکانی ناوخۆی وڵات و جێهانیش لەسەر ئایندەی ئەم وڵاتەیە  کە وەک وڵاتێکی تەواو سەربەخۆ و بەبێ یەکێتی ئەوروپا چۆن دەبێت و چی بەسەر دێت؟!

جانیوەری ٢٠٢١

بڵاوکردنەوە: