داتا فەلەکییەکانی چین

386
0
بڵاوکردنەوە:

یاسین ئافتاو

ئەم وتارە، خستنەڕوویەکی داتاییە سەبارەت بە وڵاتی چین، داتاکان لە یەک سەرچاوەوە وەرگیراون و دواتر بە سەرچاوەی دیکە پشتڕاست کراونەتەوە. ئامانج لەم کارەش پیشاندانی سەنگ و توانا و قەبارە و ژمارە زەبەلاحەکانی تایبەت بە وڵاتی چینن. ئەو وڵاتەی بەر لە سەدەیەکی تەواو، جوگرافیایەکی داگیرکراو، میللەتێکی نەخۆش و دواکەوتوو و وڵاتێکی پڕ لە کێشە بوو، وا ئێستا هاتۆتە گۆڕەپانەکە و هەمووان بە چاوی ترس و گومان و دڕدۆنگییەوە لێی دەڕوانن و ناچارەکییش مامەڵەی لە تەکدا دەکەن…

١- دانیشتووان:

بە پێی دواهەمین سەرژمێریی ساڵی «٢٠١٩«؛ ژمارەی دانیشتووانی چین «١.٤٣٣.٧٨٣.٦٨٦« یەک ملیار و چوارسەد و سیوسێ ملیۆن و حەوتسەد و هەشتاوسێ هەزار و شەشسەد و هەشتاوشەش کەسە. بۆ ئەوەی وێنای گەورەیی ئەم ژمارەیە بکەین، دەبێت ئەوە بزانین کە ئەم ژمارەی دانیشتووانەی چین بە نزیکەیی یەکسانە بە دانیشتووانی چوار کیشوەر:

ئەمریکای باکوور: «ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مەکسیک، کەنەدا، گواتیمالا، کوبا، هایتی، دۆمینیکان، ترینیداد و تۆباگۆ، جامایکا، سێلڤادۆر، دوورگەکانی باهاما، ئەنتیگوا و بەربۆدا، بێربادۆس، کۆستاریکا، هێندۆراس، نیکاراگوا، پەنەما، گرینادا و چەند وردە وڵاتێکی دیکە«.

ئەمریکای باشوور: «بەرازیل، ئەرجەنتین، کۆڵۆمبیا، پیرۆ، پاراگوای، چیلی، ئیکوادۆر، ڤەنزوێللا، بۆلیڤیا، سوورینام، دوورگەی فۆکڵاند و گۆیانا«.

ئوستورالیا و نیوزلاند.

سکەندەناڤیا: «سوید، نەرویج، فینلاند، دانمارک« و ئایسلاند و دوورگەکانی فارۆ.

هەموو ئەورووپای خۆرئاوا: «فەرەنسا، بریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەند، سویسرا، ئیتاڵیا، چیک، نەمسا، ئیسپانیا، پورتوگال، بەلجیکا، لۆکسمبۆرگ، ئیرلەندا، ماڵتا، ڤاتیکان، ئەندۆرا، لیشینشتاین و سانمارینۆ«.

ڕێژەی ١٦٪ی دانیشتووان لە ١٠ گەورەترین شارەکانی چیندا دەژین کە دانیشتووانی هەر یەکێکیان لە سەروو ١٠ ملیۆن کەسەوەیە و لە جیهاندا تەنیا ٤٧ شاری لەو جۆرە هەن.

٢- سەرجەمی بەرهەمی خۆماڵی

چین؛ لە ساڵی ٢٠١٨دا، بە تاقی تەنیا ڕێژەی ١٨.٦ی کۆی سەرجەمی بەرهەمی خۆماڵیی ««Gross Domestic Product هەموو وڵاتانی جیهانی پێک هێناوە. بۆ ئەوەی قەبارەی ئەم ئابوورییە زەبەلاحەش وێنا بکەیت، ئەوا بزانە کە: ٤١٪ی کۆمپیوتەرەکانی جیهان، ٣٤٪ی سپلێتەکان، ٧٠٪ی مۆبایل لەسەر هەسارەی زەوی؛ لە لایەن چینییەکانەوە بەکار دەهێنرێن.

ئینجا بۆ ئەوەی بزانیت، وڵاتی چین لە بواری گەشەپێدانی سەرمایە و بەرهەمی خۆماڵییدا بە چ شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر باز دەدات، دەبێت بزانیت، لە ساڵی ١٩٦٠، سەرجەمی بەرهەمی خۆماڵیی ««GDP چین تەنیا ٥٨ ملیار دۆلار بووە، لەو ساڵەدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٥٤٣ ملیار دۆلار بووە.

٣- ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی

بۆ ئەوەی لەم وڵاتە تێ بگەیت دەبێت لە سەرەتای سەرەتاوە مێژووەکەی بخوێنیتەوە، بەڵام نهێنیی ئەم بازدانە گەورانەی پەنجا ساڵی ڕابردوو، بەشێکی کەمیان پەیوەستن بە شۆڕشەکەی ماوتسی تۆنگ، بەشە زۆرەکەشی پەیوەستە بەو هەنگاوانەوە کە «دینگ شیاو پینگ«، پلانی بۆ دانان، ئەو پیاوەی ساڵی ١٩٧٨، دوای ماو بووە سەرۆککۆماری چین، هەر ئەویش بوو چەمکەکانی وەکو «دیموکراسیی و کۆمۆنیزم بە تایپە چینییەکەی« داهێنا و چینی کۆمۆنیستی بەرەو دەوڵەتێکی سەرمایەداریی وەرچەرخاند، دینگ شیاو پینگ، ساڵی ١٩٧٩ بەرنامەیەکی چاکسازیی ئابووریی سەرپێ خست، یەکەم هەنگاویشی درووستکردنی چوار ناوچەی پیشەسازیی یاخود شاری پیشەسازی زەبەلاح بوو، کە یەکەمیان ناوچەی ڕاوەماسیی شینزین « «Shenzhen: Special Economic Zoneبوو، شین زین؛ ساڵی ١٩٧٩ ژمارەی دانیشتووانی تەنیا ٥٩ هەزار کەس بوو هەمان ناوچە ساڵی ٢٠١٦ دانیشتووانەکەی گەیشتە ١٢ ملیۆن کەس. ئەم ناوچە پیشەسازییانە سەرکەوتنێکی گەورەیان بە دەست هێنا و دەوڵەت لە ماوەی سی ساڵدا سەدان ناوچەی ئاوای بونیاد نا.

٤- ژمارە فەلەکییەکانی چین

لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە چین هەموو دوو هەفتەجارێک گەڕەکێک بە ڕووبەری ڕۆما درووست دەکات، کە هەتا ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ٤٨١ هەزار کیلۆمەتر دووجا بووە. بۆ ئەوەی ئەم ژمارەیەش وەکو فشە نەیەتە بەر چاو، ئەوا گرنگە بزانیت ئەم وڵاتە لە سێ ساڵی ٢٠١١، ٢٠١٢ و ٢٠١٣دا نزیکەی ٦.٦ گێگا تەن «شەش ملیۆن و شەشسەد هەزار تەن چیمەنتۆ»ـی بەکار هێناوە، ڕەنگە نەزانیت ئەم بڕە چەند زۆرە هەتا نەزانیت وڵاتێکی وەکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە سەد ساڵی ڕێک «١٩٠٠-٢٠٠٠» تەنیا «٤.٥» گێگا تەن چیمەنتۆی بەکار هێناوە.

٥- وڵاتێکی زرنگ:

چین تەنیا گەورە و تۆقێنەر نییە، ئەو زیرەکیشە، چونکە لەو بوارانەدا دەسپێشخەریی و سەرمایەگوزاریی دەکات کە بە گشتیی لە جیهاندا کەمتر لایان لێکراوەتەوە، هەر بۆ نموونە؛ لە ناوچەی «گوانگدۆنگ»، زیاتر لە ١٥٠٠ کارگەی یاریی منداڵانی دانا، هەر بە هۆی ئەم زرنگییەوە بوو لە ماوەی دە ساڵدا «١٩٨٠-١٩٩٠» سەرجەمی بەرهەمی خۆماڵیی چین لە ١٩١ ملیار بۆ ٣٦٠ ملیار دۆلار بەرز بووەوە، بەڵام هێشتا بەراورد بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چین لە ساڵێکدا هێندەی یەک مانگ و نیوی ئەمریکا داهاتی هەبوو، چونکە ساڵی ١٩٩٠ داهاتی ساڵانەی ئەمریکا ٦ تریلیۆن دۆلار بوو «واتە ٦ هەزار ملیار دۆلار«.

٦- خوای تەقلید و کۆپییکردن:

یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی ئابووریی چین تەقلیدکردنی کاڵا و براندەکانە. کاڵای تەقلید و کۆپییکراو یەکێکە لە کێشە هەرە گەورەکانی چین لەگەڵ وڵاتانی بەرهەمهێنی جیهاندا. چین چەندان جار پەیمانی واژۆ کرد و بەڵێنی دا کێشەی کاڵای تەقلید و ساختە چارەسەر بکات،کەچی بە پێی ئامارەکان، ساڵی ٢٠١٩، ٨٥٪ی هەموو کاڵای ساختەی جیهان لە چین بەرهەم هێنراون، دوای ئەو توورکیایە بە ڕێژەی ٣٪، ئەوەی دیکەشی چەند وڵات و کۆمپانیایەک لێی بەرپرسن.

چین هەموو کاڵایەک تەقلید دەکات، لە جلوبەرگەوە هەتا دەگاتە ئۆتۆمبێل، بەڵام زۆرترین ئەو کاڵایانەی تەقلیدیان دەکات بە ڕیزبەندیی بریتیین لە: مۆبایل، جانتای براند، پێڵاو، جلی وەرزشی وەکو نایکی و نۆرث فەیس، ٢٠٪ی بەرهەمی کۆزمەتیک و ئارایشتیش تەقلیدی چینە.

٧- پێشبڕکێ لەگەڵ ئەمریکا:

پێشتر ئاماژەمان پێ دا، ساڵی ١٩٩٠، سەرجەمی بەرهەمی خۆماڵی چین ٣٦٠ ملیار دۆلار بوو و هی ئەمریکا ٦ تریلیۆن دۆلار، ساڵی ١٩٩٨ داهاتی چین گەیشتە یەک ترلیۆن دۆلار،بەڵام هێشتاش ئەمریکا یەکەمی جیهان بوو بە ٩ تریلیۆن دۆلار، دە ساڵ دواتر «٢٠٠٨»، قەیرانێکی دارایی لە ئەمریکاوە سەری هەڵدا و بە زمانی ئابووریی «بڵقەکە تەقی»، لە ئەمریکا ٢.٦ ملیۆن کەس کارەکانیان لە دەست دا، ١.٨ ملیۆن کۆمپانیا مایەپووچ بوون، ١٠ ملیۆن خانوو لە ماوەی دوو ساڵدا دەستیان بەسەردا گیرا لە بەرانبەر قەرزی بانکدا.

ئەو قەیرانە هەموو جیهانی گرتەوە، ئابووری چین زیانێکی گەورەی بەر کەوت و چەندان کۆمپانیا و پرۆژە مایەپووچ بوون، بەڵام ئەوەی سرووشتی سیستمی سیاسیی و ئابووریی چین بزانێت، لەوە تێ دەگات کە زۆر نابات بە هۆی پارەی دەوڵەتەوە قەیرانەکە خاو دەکرێتەوە و لە خاڵێکدا ڕادەگیرێت، هەر بۆیە «هوو جینتاو» سەرۆکی ئەوکاتی چین، گیرفانە پڕ لە پارەکانی دەوڵەتی خستە گەڕ و پرۆژەی ڕزگارکردنی بازاڕی بە بڕی ٥٨٦ ملیار دۆلار ڕاگەیاند و کارگە چینییەکان لە درووستکردنی کاڵا بۆ ناردنە دەرەوەوە ڕوویان وەرگێڕا بۆ بەرهەمهێنانی ئەو کاڵایانەی لە ناوخۆدا ڕەواجیان هەیە. بەوەش زۆری پێ نەچوو ئابووری چین ساڕێژ بووەوە و هەمووی ساڵێکی پێ نەچوو کە چووەوە سەر سکەی گەشە ڕوو لە هەڵکشانەکەی خۆی.

٨- دەوڵەتێکی تۆقێنەر:

چین لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە پرۆژەیەکی زەبەلاحی سیاسیی و ئابووریی مەترسیدارە، تۆڕێکی جاڵجاڵۆکەیی سەرباز، جاسووس، چەکی پارەیە. لەسەر ئاستی ناوخۆ حیزبی کۆمۆنیستی چین هەموو شتێکی قۆرخ کردووە، دەوڵەتیشی کردووە بە ئامرزاێکی کارا بۆ چەسپاندنی فەلسەفە سەرمایەدارییە دەوڵەتییەکەی.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش چین پێڕەوەی سیاسەتێکی تازە دەکات کە دەکرێت بە «کۆڵۆنیاڵیزمی چەکی بانک» ناوی بەرین، ئەوەندە بەسە بزانین چین نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلار سەرمایەگوزاریی کردووە لە وڵاتانی جیاوازدا و بە نیازە ئەو بڕە چەند هێندە زیاد بکات، هەندێک بەشی چەند وڵاتێکی جیاوازی کڕیوە، لە پلانیدایە هەندێک دەوڵەت بکڕێت، لە نموونەی دەوڵەتە شکستخواردووەکانی ئەفریقا، ئەمە ستراتیجی تازەی «شی جینپینگ»ـە.

هەر لە میانەی ئەم پرۆژانەدا، پرۆژەی «پشتێن و ڕێگا» هەیە کە ساڵی ٢٠١٥ سەرپێ خراوە. «پشتێن و ڕێگا» ڕێگایەیەکی ئاسنینی ١٢هەزار کیلۆمەترییە کە لە «یی وو: YiWu»ـی چینەوە دەست پێ دەکات بۆ لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، جگە لە پرۆژەی ستراتیجی وەکو تۆڕێک ئۆتۆبانی درێژ کە خۆرهەڵاتی چین بە ئاوەقوڵەکانی پاکستانەوە دەبەستێتەوە. هەروەها بۆرییەک بە درێژیی ١٨٣٣کم بۆ گواستنەوەی گازی سرووشتی لە توورکمەنستانەوە.

٨- تێپەڕاندنی ئەمریکا:

سەرجەمی بەرهەمی خۆماڵی «GDP» چین ساڵی ١٩٩٨ تەنیا یەک تریلیۆن دۆلار بوو، هی ئەمریکا ٩ تریلیۆن دۆلار. ساڵی ٢٠١٨، جی دی پی چین هەڵکشا بۆ ١٣ تریلیۆن لە بەرامبەر ٢٠ تریلیۆن دۆلاری ئەمریکا. کۆمەڵێک پێشبینیی هەن سەبارەت بەوەی کەی ئابووریی چین پێش ئەمریکا دەکەوێت، لە نزیکترین پێشبینییدا وا چاوەڕێ دەکرێت ساڵی ٢٠٢٥ سەرجەمی بەرهەمی خۆماڵیی چین بگاتە  ٢٢ تریلیۆن دۆلار بەرامبەر ٢١ تریلیۆن دۆلاری ئەمریکا.

ڕیچارد نیکسن، سەرۆکی ئەمریکا؛ پەنجا ساڵ پێش ئێستا بە تۆنێکی جێبەزەییانە و جۆرێک لە لاقرتێکردنەوە وتی: «چین دەوڵەتێکی ڕەنجدەر و خۆماندووکەرە»، ئەی ئێستا بمایە چیی دەوت؟

سەرچاوە:

زنجیرە دۆکیومێنتاری «History 101»، ئیپیسۆدی ژمارە سێ «The Rise of China»، بەرهەمی نێتفلێکس، ٢٠٢٠.

بڵاوکردنەوە: