ئاوڕدانەوەیەک لە کودەتایەکەی بەکر سدقی و ستراکتۆری سەرەتایی سوپای ئێراق

454
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: محەمەد کامەران

٢٠٢١/١/٦

نزیکەی سەد ساڵ بەسەر دامەزراندنی سوپای ئێراق تێپەڕ دەبێ؛ سوپایەک کە شەش مانگ بەر لە تاج لەسەردانانی شا فەیسەڵی یەکەم وەک دووەم لەشکری ڕێکخراو لە جیهانی عەرەبیدا – دوای میسڕ – دامەزرا. سوپایەکە زادەی تێکهەڵچڕژانی ئەو ئەفسەرانە بوو کە پێشتر، لە ژێر حوکمی عوسمانیدا، لە ئەکادیمیە سەربازییەکانی بەغدا و سلێمانییەوە دەردەچوون و دواتر ڕەوانەی ئیستەنبۆڵ دەکران تا لەلایەن پسپۆڕی ئەڵمانییەوە فێری دیسپڵێن و تەکنیکی سەربازی بن. بەدەر لە سەربازە ئاساییەکان، نووری سەعید، عەلی جەودەت ئەلئەیووبی، جەعفەر ئەلعەسکەری، و جەمیل ئەلمەدفەعی، کە کەسانی دیاربوون لە یەکە سەربازییەکانی سوپای عوسمانی، تا پێگەی سەرۆک وەزیران پەلیان کوتا. لەگەڵ بەرپابوونی یاخیبوونەکەی شەریفی مەککە لە حیجاز (باوکی مەلیک فەیسەڵ)، ئەم ئەفسەرانە کۆمەکییان بە لەشکرکێشی بەڕیتانیا کرد بۆ لەبەریەکهەڵوەشاندنی تەخت و تاجی عوسمانی. بەکر سدقی بە ڕەگەز کوردیش لەم ئەفسەرە لاوانە بوو کە لە ئیستەنبۆڵ خوێندبووی و دواتر لە سووریاوە خۆیدایە پاڵ یاخیبوونەکە.

سوپای ئێراق سەرەتا ڕێدۆزی بۆ بەرژەوەندیەکانی بەڕیتانیا دەکرد بۆ پاراستنی سامانی نەوتیی ویلایەتی موسڵ لە هەڕەشەکانی تورکیا بەر لەوەی لە ساڵی ١٩٢٥ بەیەکجاری بە خاکی ئێراقەوە بلکێندرێ، و سوپایەکە بە شەختەبەندی ئیمپریالیستی سندم کرابوو تا نەبێتە سوپایەکەی نیشتیمانی: تا کۆتایی ساڵی ١٩٣٢ش – دوای ماوەیەکی کەم لە ئازادبوونی فەرمی ئێراق لەژێر حوکمی کۆلۆنی –  لە ٥٥٠ ئەفسەر و ٩٠٠٠ سەرباز بڕی نەدەکرد، کە بەسەر چەند بەتالیۆنێک دابەشکرابوون و پتر لە ویلایەتی موسڵ چڕکرابوونەوە. لە سەرەتای سیەکان، بەرپرسە ئێراقییەکان وردە وردە جەزبەی فراوانکردنی سوپاکەیان بۆ گەڕابۆوە. ئێراق، بە ڕێنمایی بەڕیتانیا، بوو بە خاوەن هێزی ئاسمانیی و دەریایی و پلەبەندی سەربازی بە شێوەیەکی پتەو ڕەگی داکوتا. هەروەها، لە ساڵی ١٩٣٥ دەوڵەت (یاسای بەسەربازییکردنی زۆرەملێ)ی دەرکرد، کە ژمارەی سەربازەکانی ترەکاند، و بۆ یەکەم جار بازنەی لەشکر لە بەتاڵیۆنی بچووک بچووکەوە بۆ چەند فرقەیەکی فراوان پەرەیسەند: تا ساڵی ١٩٤١، پێنج فرقە پێکهاتن، کە ٤٤،٠٠٠ سەربازی کارایان لەخۆدەگرت، و سوپا پتر لە ٢٥٠،٠٠٠ چەکداری یەدەگی هەبوو.

بەکر سدقی فەرماندەی فرقەی دووی سوپای ئێراق بوو، و ڕۆڵی سەرەکی لە دامرکاندنەوەی یاخیبوونی ئاشوورییەکان و ئێزیدیەکان و شیعەکان هەبوو، کە زۆرجار بە کۆمەڵکوژی دۆخەکە ئەهوەن دەبۆوە، بە تایبەتی لە پرسی ئاشوورییەکان. ئەم سەرکووتکردنانە هەڕمێنی سیاسی و سەربازی بەرچاوی بۆ سدقی فەراهەمکردبوو، بە ڕادەیەک کە بەڕیتانییەکان بە “چاکترین و بەهێزترین فەرماندە لە سوپای ئێراق” بانگیان دەکرد. بەکر سدقی بە گەیشتنی بە پۆستی سەرۆک ئەرکانی سوپای شاهانەی ئێراق گەیشتە ترۆپک. زۆرجار سدقی لەلایەن ئەفسەرانی ترەوە بەمە تاوانبار دەکرا کە هەستی کوردانەی بەسەر هەستی ئێراقی ڕادەشکاند، ئەمەش لە پەلکێشکردنی ئەفسەرانی کورد بۆ یەکەکانی سوپا بەرجەستەبووبوو.

لە سەروبەندی بەهێزبوونی سوپا، هەستی نەتەوەیی و خەبات دژی بەڕیتانیا لە وڵات گەڵاڵەبووبوو. ئەم تێکوەپێچانە پتر لە سوپا ڕەنگی دابۆوە، بە تایبەتی کە یاسین هاشمی سەرۆک وەزیران چاوی لە دیکتاتۆریەکی پشتئەستوور بە بەڕیتانیا چڕکردبۆوە و شا غازی – کە دوای شا فەیسەڵی یەکەم هاتە سەر دەسەڵات – لاتەریک کردبوو. یاخیبوونەکەی ناو سوپا لەلایەن حیکمەت سلێمانەوە سەرکردایەتی دەکرا دژ بە یاسین هاشمی و حوکمی کۆڵۆنیاڵی بەڕیتانیا. شا غازی لە سیاسەت پیادە بوو و پتر شوێنکەوتەی هەوا و هەوەسی خۆی کەوتبوو. هەروەها، بیری نەتەوەیی عەرەبی لە مێشکیدا پژا بوو و بەربەرەکانێی دەسەڵاتی بەڕیتانیای دەکرد، بۆیە بەڕیتانیا لە ڕێی یاسین هاشمییەوە چاوی لێ سووردەکردەوە و پەراوێزی خستبوو. لە ئەنجامدا، شا غازی و حیکمەت سلێمان و بەکر سدقی یەکیانگرت، و لە کۆتایی مانگی دە-ی ١٩٣٦ کودەتایان ئەنجامدا.

کودەتایەکە یەکەم کودەتای سەربازی مۆدێرن بوو لە جیهانی عەرەبی، و یەکەم دەستێوەردانی سوپا بوو لە کاروباری سیاسی وڵات لە ئێراق. بەکر سدقی پشتیوانی فرقەی یەک و هێزی ئاسمانی وڵاتی هەبوو. فرۆکە جەنگییەکانی ئێراق بە سووکی بەغدایان بۆردوومان کرد، و یاسین هاشمیش لە دەسەڵات لادرا. بەڕیتانیا لە دوورەوە چاودێری دۆخەکەی دەکرد، بەڵام کە جەعفەر ئەلعەسکەری لەلایەن بەکر سدقییەوە کوژرا، گورج بە پیری نووری سەعید و یاسین هاشمی و ڕەشید عالی گەیلانی-ەوە هات و لە ئێراق دەربازی کردن. سەرئەنجام، حیکمەت سلێمان ڕاستەوخۆ حوکومەتی نوێی پێکهێنا، بەڵام بەکر سدقی وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکان دەسەڵاتی ڕەهای لە وڵاتدا هەبوو و کودەتایەکە هەر بە ناوی “کودەتاکەی بەکر سدقی” ناوی ڕۆیشتبوو. حوکومەتەکە بە پز و ساوایی دوای ساڵێک کەمتر سەری نایەوە، بەڵام سدقی لە پەراوێزی هەموو ئەو سنوورانە تێپەڕی کە بەڕیتانیا داینابوو: چەکی لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا دەکڕی کە ئەمەش پێشێلکاری پەیماننامەیەکی ئێراقی بوو لەگەڵ بەڕیتانیا کە بەهۆیەوە ئێراق ناچارکرابوو تەنیا چەکی ئینگلیزی بکڕێ؛ ڕاوێژکاری سەربازی بۆ ئوردن و چەند وڵاتێکی تری عەرەبی دەنارد تا مەشقی چەکداری بە سوپایەکانیان بکەن؛ و سەرباز و خۆبەخشی ئێراقی دەنارد بۆ فەڵەستین تا دژ بە بەڕیتانیەکان بجەنگن.

بەکر سدقی، هاوشان لەگەڵ فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکەی، لەسەر دەستی سەربازێکی تورکی خەڵکی تەلەعفەر لە سەردانێکی بۆ بنکەیەکی سەربازی سوپا لە موسڵ کوژرا. حوکومەتەکەی حیکمەت سلێمانیش دواتر ڕاستەوخۆ گلایە خوار. دوای دوو ساڵ، شا غازی لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا مرد، کە دەنگۆ هەبوو لەلایەن نووری سەعید و بەڕیتانییەکانەوە کوژرابێ چونکە وا بڵاوبووبۆوە کە مەیلی لکاندنی کوێتی و پەیوەندی ژێربەژێریشی لەگەڵ سوپای نازیدا هەبێ.

لەگەڵ ڕاپسکانی، سوپای ئێراق، وەک زۆربەی سوپاکانی جیهانی سێ، پەیتا پەیتا لە قوڕە چەورەی دەستی کۆلۆنیالیستەکان بوو بە ئامرازێک بۆ چەوساندنەوە و تۆقاندنی هاووڵاتیان، بەربەرەکانیکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت، و دنەدان بە کودەتای سەربازی. کودەتایەکەی بەکر سدقی دیاردەی داڵەنگاندنی زۆرەملێی دەسەڵاتی لە ئێراق کرد بە نەریت. تا دووبارە گەڕانەوەی بەعسییەکان لە ساڵی ١٩٦٨یش، دەسەڵاتی سیاسی لە وڵات گەپجاڕی ئەفسەرە پلەبەرزەکانی سوپا بوو: عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی ١٩٥٨، بەعسییەکان لە ١٩٦٣، عەبدولسەلام عارف لە ١٩٦٤، و گەڕانەوەی بەعسییەکان لە ١٩٦٨، پاکییان لە ڕێی کودەتای سەربازی جڵەوییان گرت و بەرییان دا. ئەم نەریتیەش بەهۆی هەستی نەتەوەیی قەتیسکراوی کۆمەڵێک ئەفسەر بوو کە خۆیان بە “ئەفسەرە نەتەوەپەرستەکان” دەناساند. ئەم ئەفسەرانە لە ساڵی ١٩٢٧ەوە ڕقێکی ئاگرینیان بەرامبەر بە هەژموونی بەڕیتانی لە ئێراق گەڵاڵەکرد؛ پێشڕەوەکانیان بریتیبوون لە سەڵاحەدین سەباغ، محەمەد فەهمی، کەمال شەبیب، مەحموود سەلمان.

بەکر سدقی و ڕەشید عالی گەیلانی و عەبدولکەریم قاسم و چەند کەسایەتیەکی دیاری بەعسی – کە گشتییان بە کودەتا هاتنەسەر دەسەڵات یان هەوڵی کودەتایان دا –  هەڵقوڵاوی ئەم کۆمەڵەیە بوون و ڕێنماییان لەوان وەردەگرت. تا هەنووکە کوشتنەکەی بەکر سدقی پشتڕاستنەکراوەتەوە، بەڵام گومان دەکرێ “ئەفسەرە نەتەوەپەرستەکان” کوشتبیان، لە ژێر پاساوی برەو پەیاکردنەکەی لە مەیدانی سیاسی، سەرکووتکردنی بەشێکی زۆر لە فەرماندەکانی سوپا و دامەزراندنی ئەفسەرە هاوڕێ و هاونەتەوەکانی خۆی، هەوڵەکانی بۆ چاکسازییکردنی سەربازی، و پەیوەندییە پتەوەکانی لەگەڵ ئێران و تورکیا.  هەرچۆنێک بێ، بەعسییەکان و بە دیاریکراویش سەدام حوسێن سوپای ئێراقیان کرد بە پەزی خۆیان و لە ویستی یاریکردن بە دەسەڵات دایانشۆرین.

سەرچاوەکان

Ahram, A. (2015). War-making, state-making, and non-state power in Iraq. Yale Program on Governance and Local Development Working Paper1.

Güҫlü, Y. (2002). The role of the Ottoman-Trained officers in independent Iraq. Oriente moderno82(2), 441-458.

Malovany, P. (2017). Wars of Modern Babylon: A History of the Iraqi Army from 1921 to 2003. University Press of Kentucky.

بڵاوکردنەوە: