هەڵەکان و هیواکان

527
0
بڵاوکردنەوە:

“نیگایەک لە ڕابوردوو و ئایندەی چەپ”

ئەکرەمی میهرداد

ئەگەر سەرنجی خێرا بە ڕابوردووی بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستیدا بگێڕین بۆمان دەردەکەوێت، ئەم بزاڤە لە سەد ساڵی ڕابوردوو یان کۆنتر، سێ بەرهەمی گرنگ کاریگەری هەبووە، نەخشی گرنگیان هەبووە لەسەر هەموو مرۆڤایەتی بەگشتی و خودی بزاڤی چەپ سۆسیالیستی بە تایبەتی. ئەم سێ بەرهەمە ڕەهەندەش ئەمانەن: بیروباوەڕ،  پەیڕەوی فکری سیاسی و فەلسەفی و کۆمەڵایەتی، پارتە ڕێکخراو و دەستەڵاتە سیاسیەکان، بزاڤە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکانی چینی کرێکار و بەشێک لە جەماوەر و خەڵکی جیهانی.

سەبارەت بە بیروباوەڕ ِو پەیڕەوە بیریارییەکان، دەتوانین ناوی ئەو پەیڕەوە فکریانە بێنین کە لە ژێر کاریگەری مارکس و بیروباوەڕەکانی ئەودا، لە سەردەم و شوێنی جیاوازدا شیکردنەوەو لێکدانەوەی جۆراوجۆر و فرەیان، لەسەر مارکسیزم و سۆسیالیزم و پرسەکانی دیکەی بزاڤی چەپ و سیاسەت، فکریان بەرهەمهێناوە.

بێگومان پێش مارکس، “بیروباوەڕی چەپ و سۆسیالیستی”؛ لە لای سۆسالیستە سەرەتاکان، یان ئەوانەی هەندێک بە سۆسیالیزمی خەیاڵی دەیانناسن، هەبووە. بەڵام؛ ئەم بیروباوەڕانە زۆر سەرەتایی و کەمبوون، نەشبوونە خاوەن هێزی جەماوەری و کرێکاری، وەکو پەیڕەوی فکری سیاسی و فەلسەفی بەردەوامیش نەمانەوە.

لەسەر دەستی مارکس بیروباوەڕی “چەپ و سۆسیالیستی” دەچێتە قۆناغێکی بەهێزو پڕ بەرهەم لە هەموو بوارەکانی فکرو فەلسەفە و سیاسەت، ئابووری و کۆمەڵناسی، تەنانەت لە ئەدەب و هونەریشدا. بیروباوەڕی تەوەرەکانی مارکس بۆ بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستی لەم پرسانەدا کۆ دەبێتەوە: پرسی مرۆڤبوون، هیومانیزمێکی جیاواز لە هیومانیزمی رۆشنگەری لیبڕالی، پرسی شۆڕشی سۆسیالیستی و هێنانەدی دەستەڵاتی کرێکاری، حیزبی سۆسیالیست و هێنانەدی قۆناغی “یەکەمی کۆمۆنیزم” کە سۆسیالیزمە، هێنانەدی کۆمەڵێکی ئازاد و یەکسان بە هۆی حکومەتی کرێکاری و سۆسیالیزمەوە، شیکردنەوەی چینایەتی بۆ جیهان و مێژووی هەتا ئێستا، پاشان بیروباوەڕەکانی دیکە لە ژێر کاریگەری ئەم تەوەرانەدا پەیڕەوی فکری فەلسەفی دیکە بۆ مارکسیزم و بزووتنەوەی چەپ بەرهەم دەهێنن.

لەبەرئەوەی کە ڕانان و شیکردنەوەی ئەم بیروباوەڕ و پەیڕەوە سیاسییە فکریانە، کاتێکی زۆری دەوێت، ئەم نووسینەش تەرخان نییە بۆ ئەو باسە، بۆیە چاکتر وایە تەنیا ناوی ئەو پەیڕەوە فکری فەلسەفی و سیاسیانە، داهێنەرانە ڕابەرانی ئەو پەیڕەوانە بنووسم:

مارکسیزمی ئەرسەدۆکس؛ لەسەر دەستی کارل کاوتسکی و جۆرج بلیخانۆف.

مارکسیزمی پێداچوونەوە یان نوێکردنەوە، لە لایەن ئێدوارد برنشتاین.

مارکسیزمی ڕادیکاڵ یان شۆڕشگێڕ، لە لایەن ڕۆزا لۆکسمبۆرگ و کارڵ هیلفردینگ و پانەکۆک.

مارکسیزمی ڕووسی، یان لینیزم، لە لایەن ڤلادیمیر لینین، ستالین.

مارکسیزمی ڕۆژئاوایی، یان هیگڵی و فەلسەفی لە لایەن گرامشی، لۆکاچ و کۆرش.

مارکسیزمی ڕەخنەیی یان فەلسەفەی نەفی، لە لایەن قوتابخانەی فرانکفۆرت.

مارکسیزمی بونیادگەرایی، لە لایەن ئاڵتۆسیرو نیکۆس پۆلانزاس.

مارکسیزمی بوونگەرایی (وجوودی)، لە لایەن جان پۆڵ سارتەر.

مارکسیزمی شیکردنەوەی دەوڵەتی، لە لایەن ڕاڵف میلیباند و کلاوس ئۆفە.

مارکسیزمی جیهانی سێ، یان وڵاتانی داگیرکراو. ماوتسی تۆنگ، گیڤارا و فرانز فانۆن.

مارکسیزمی هیومانیستی لە لایەن ژان ژۆرس و پارتی سۆسیالیستی فەرانسەری جاران.

سەرئەنجام هەموو ئەم ڕەوت و پەیڕەوە فکری و سیاسییە فەلسەفیانە، توانیان هەم لە ناو مارکسیزم هەم لە دەرەوەی مارکسیزم، لە ناو کۆڕ و کۆمەڵەی فکری جیهانیدا بەرهەمی گرنگی فکری بۆ بزووتنەوەی “چەپ و سۆسیالیستی” پەیدا بکەن. مخابن کە خودی حیزب، ڕێکخراو و دەستەڵاتە سیاسییەکان زیاتر لەم بیروباوەڕانە دوور بوون، و زۆرتر لە لایەن کۆمەڵێکی کەم لە پیاوانی سیاسی و بڕواپێکراو بەڕێوە دەبران و بەرژەوەندی سیاسی ئاڕاستەی ئەو حیزبە دەستەڵاتانەی دەکرد. کێشەی گەورەی سیاسەتی زاڵی ناو بزووتنەوەی “چەپ و سۆسیالیستی” بە هەموو ئاڕاستە سیاسیەکانی سۆسیال دیموکراسی و کۆمۆنیزمی ڕووسی، چینی و تەنانەت ڕێکخراوەکانی چەپی نوێش ئەوە بوو، کە زۆر دوور بوون لە کاریگەری ئەو ڕەوت و پەیڕەوە فکریانە، و کەمتر لە ژێر کاریگەری جیهانبینی و شیکردنەوەکانی ئەواندا بوون.

زۆربەی یان هەموو ئەم حیزبە دەستەڵاتە سیاسییانە، لە لایەن پرەنسیپی بەرژەوەندی سیاسی سەردەم و دەستەڵاتی سەنتڕالیزمی پیاوانی سیاسی بەڕێوە دەچوون. سەرئەنجام دەستەڵات و بەرژەوەندی، هەژموون و تەنانەت زوڵم و چەوسانەوە و هەڵە بەردەوامەکانی ئەو هێز و حیزبە سیاسیانە، تابلۆی گشتی ئەو حیزبە دەستەڵاتانەی دەنەخشاند. بێ کاریگەریی فکر و پەیڕەوی سیاسی و فەلسەفی لەسەر ئەو هێزە سیاسیانە وایکرد کە بەردەوام، ھەردەم دووربن لە ئامانج و ڕەوشەکانی بزاڤی سۆسیالیستی و کرێکاری و جەماوەریی نزیک بن، لە بەرژەوەندی دەستەڵاتی سیاسی ئەو سەرکردە سیاسیانەی کە زیاتر ناوبانگی خراپیان هەبووە لە مێژووی چەپ و بزاڤی سۆسیالیستدا.

لە دوای نەمان و شکست و داڕمانی ئەو حیزب و دەستەڵاتە سیاسیانەش، تەماشا دەکەی کە هیچیان لە پاش بەجێنەما، جگە لە یادەوەریی هەژموون و بەرژەوەندی و چەوسانەوە.

بەرهەم و ڕەهەندی سێیەمی بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستی بریتیە لە: بزووتنەوەی کرێکاری و سەندیکایی، جەماوەری ئەو خەڵکانەی کە بەشێک بوون لە بزاڤی چەپ و سۆسیالیستی. بەشێکی زۆریی ئەو بەرهەم و دەسکەوتە ئابووری، سیاسی و  کۆمەڵایەتی، فەرهەنگیانەی کە جیهان بەدەستیهێناون لەسەردەستی ئەم بزاڤانە بوون. بەڵام؛ بەداخەوە بڕیاری سیاسی و بەرژەوەندی دەستەڵاتی سیاسی، ھەردەم لە دەستی ڕابەرانی حزبی سیاسیدا بووە، نەک بە ئاڕاستەی بەشداری ئەم بزاڤە کرێکاری و جەماوەریانەی کە هێزو بەدەنی هەموو بزاڤە چەپ و سۆسیالیستەکان بوون. لە باشترین حاڵەتدا ئەم بزاڤ و سەندیکا و ڕێکخراوە جەماوەریانە، پەراوێزی ناو خەڵکی ئەو سیاسەت و بەرژەوەندیانە بوون، لە لایەن حیزب و دەستەڵاتە سیاسییەکانەوە بەڕێوەدەبران. واتە ئەم بزاڤانە تەنیا باسک و هێزی جەماوەری، ئەو بەرژەوەندی و دەستەڵاتە سیاسیانە بوون کە ناوم هێنان. هەرچەندە هێزە سیاسی و حکومییەکانی ناسراو بە “چەپ، کۆمۆنیزم، سۆسیالیزم” لەناو چوون یان بێهێزو شکست بوون، بەڵام؛ ئەو بزاڤ و سەندیکاو، ڕێکخراوە کرێکاری و جەماوەریانە لەناو نەچوون، هەتا ئێستا لە کار و چالاکیدان.

کێشەی هەنووکەیی ئەم بزاڤە کرێکاری و جەماوەریانە، ئەوەیە کە لە لایەن بیروباوەڕ و ئەڵتەرناتیفێکی گشتی سیاسی و فکری، ڕێنمایی و بەشداری ناکرێن کە لە دوای شکست و لاوازی بەشێک لەو هێزو حیزبە سیاسیانە بەرەو هیواو ئاڕاستەیەکی ڕوونتر و ئایندەیەکی تر بڕۆن.

لەم زەمینەیەدا کێشەی گەورە و هەڵەی مەزنی بزاڤی چەپ و سۆسیالیستی لەوەدا بوو، نەیتوانی یان نەیویست لەم سێ مەیدانە گرنگ و کاریگەرە سەرکردایەتیەکی بەکۆمەڵ (جەماعی) بۆ ئەم بزووتنەوە چەپ و سۆسیالیستییە درووست بکات، ھەردەم پیاوانی کەمینەی سیاسی هەموو هێزو ڕەوت و ئاڕاستە سیاسی و گشتییەکەیان، لەبەردەستدا بووە و بیروباوەڕ و پەیڕەوی سیاسی پەراوێز یان فەرامۆشکراوە. هێز و ڕەهەندی جەماوەریش تەنیا باسک و هێزی ڕۆژانەی ئەوانە بووە، بەبێ ئەوەی بەشداربن لە نەخشاندنی سیاسەت و ئایندە، بەرژەوەندی و ئاڕاستەی هەموو بزووتنەوەی چەپ.

نەیاری بەرامبەر ڕابوردوو، ڕامانێک بۆ ئایندە

یەکەم، سیاسەت و دەستەڵات بەدەست کێوە دەبێ؟

ئەفلاتون پێشمەرجی بەدەستهێنانی دادپەروەری و گۆڕین بەرەو کۆمەڵێکی باشتر، بەدەسەڵاتی فەیلەسوفان دەزانێ. ئەو بڕوای وابوو لە جیاتی پاشاکان دەبێت فەیلەسوفان دەستەڵاتدار بن، یان ئەو کەسانەی کە بەشێکن لە دەستەڵات و وڵاتان بەڕێوە دەبەن، بەڕاستی دڵ بە فەلسەفە نەسپێرن و ئەگەر فەلسەفە و دەستەڵات هاوڕێ و هاوکار نەبن، کۆمەڵ و بەشێوەی گشتی هەموو مرۆڤایەتی بە ئامانجە دڵخوازەکانیان ناگەن. لەم ڕوانگەیەدا باشترین کۆمەڵ کاتێک دێتە دی کە فەیلەسوفان دەستەڵاتدار یان دەستەڵاتداران فەیلەسوف بن.

چەندین سەدە لەم دیدەی ئەفلاتون تێدەپەڕێ و ئێستا تەکنۆکرات، پسپۆران، بەکارهێنەرانی زانست و تەکنیک، بڕوایان وایە سەردەمی کاریگەری فەلسەفە لە سیاسەتدا بەسەرچووە، نەخشی ئایدیۆلۆژیا و تیۆرە سیاسیەکان کۆتایی هاتووە. بەڵام؛ ئێستا شکستی تەکنۆکراتی لە ئەورووپا بووەتە زەمینە و هۆکاری سەرهەڵدانەوەی فەیلەسوفانی سیاسی، بیرمەندان و ڕوناکبیران بۆ بەدەستهێنانی دەستەڵاتی وڵاتان، شێواز و مۆدێلی سیاسی تەواوی بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستی لەم زەمینەیەدا لە دوو ئاڕاستەدا کۆ دەبێتەوە، یەکەمیان: ئەوەی کە مارکس و سۆسیالیستەکانی، پەیڕەوی ئەو دەڵێن چینی کرێکاری ڕێکخراو، دەتوانێ دەستەڵاتی سۆشیالیستی بەرێوە بەرێ، بە دیکتاتۆری پرۆلیتاریا کۆمەڵی سۆسیالیستی دامەزرێنێ. ئەم بۆچوونە دوو هەڵەی گەورەی تێدایە: چینی کرێکاری ڕێکخراو واتایەکی ڕۆشن و گونجاو و کرداری نادات بەدەستەوە، هەتاهەتایە ئەم تێزە لە حەقیقەتی پراتیکیدا پەیدا نابێ. هەورەها لەسەردەمی مۆدێرن و دیموکراسیدا هیچ پێویست ناکات، زۆریش زۆردارانە و دواکەوتوانەیە کە وشەی “دیکتاتۆری پرۆلیتاریا” بەکار بێت. سەرمایەداری بەم هەموو ناشیرینی و زوڵم و چەوسانەوەیە بە ناوی دیموکراسی حوکم دەکات و دەستەڵات و دەوڵەت درووست دەکاتەوە، زۆر سەیرە سۆسیالیستەکان شێوازی دەستەڵات و دەوڵەت بە دیکتاتۆری پرۆلیتاریا بناسێنن. بە بڕوای من لەمەودوا “سۆسیالیست و چەپەکان” دەبێت لە بەرانبەر دیموکراسی نوێنەرایەتی و لیبڕالیدا، باس لە دیموکراسی و دەستەڵاتی ڕاستەوخۆی خەڵک بکەن لە ژێر ناوی “دیموکراسی سۆسیالیستی”، تەنانەت دیموکراسیی کرێکاری شێوازێکی گونجاو نیە بۆ هێنانەدی بەدیلێکی دیکە لەبەرامبەر دیموکراسیی نوێنەرایەتی یان لیبڕالی. دووەمیان: ئەو شێوازە حوکمڕانیە بوو کە لە لایەن لینین و کۆمۆنیزمی ڕووسی دوای لینین خرایە ڕوو لە دەستەڵاتی حیزب و شورا و حکومەتدا، ئەویش دەستەڵاتی نوخبەی سیاسی ناو حیزبە، لینین لە کتێبى “چی بکەین؟” ناوی دەنێت بە ” ڕێکخراوی شۆڕشگێرە بڕواپێکراوەکان”. هەموو شێوازی دەستەڵاتی بە ناو سۆسیالیستی سۆڤیەت و ئەورووپای ڕۆژهەڵات، چین و کوبا، هەموو ئەو دەوڵەتانەی دیکەش کە هاوپەیمان یان لە ژێر کاریگەری سۆڤیەتدا بوون بەو شێوازە حیزبی و نوخبەییە دەستەڵات و وڵاتانیان بەڕێوە بردووە. خەوشی سەرەکی ئەم شێوازە لە دەستەڵات لە ناو حیزب، ڕێکخراو و سەندیکاکان، حکومەت و کۆمەڵدا ئەوە بووە کە هەمان حوکمڕانی پێشووی چینایەتی و بۆرژوازیان بە ناوی سۆسیالیزم و کرێکارانەوە دووبارە و چەند بارە کردۆتەوە، ئەویش دەستەڵاتی ڕەهای کەمایەتیە بەسەر زۆرینەی خەڵک و کۆمەڵدا.

پەیوەندی نێوان سەرمایەداری و دیموکراسی نوێنەرایەتی، لە دوو سەد ساڵی ڕابوردوو بەم شێوەیە بووە: یان دەستەڵاتدارانی سیاسەت و حکومەت خۆیان سەرمایەدار و دەوڵەمەند بوون، یان ھاوبەش بوون لەگەڵ سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکان، سەرئەنجام یان دەستەڵات و حکومەت، پارێزەری سوود و بەرژەوەندی سەرمایەداری بووە. بۆیە سەرمایەداران و سەرمایەداری باکیان بەوە نیە کە خۆیان و هەموویان حوکم بگرنە دەست، ئەوەی ئەوان مەبەستیانە کەمینەیەک، بەشێوازی هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی دەستەڵات بەڕێوەبەرن، ئەو دەستەڵاتەش بەرژەوەندی و سووودی ئەوان بپارێزێ. شێوازی دەستەڵاتی نوێنەرایەتی و حکومەتی کەمینە ئەو شێوازە لیبڕالی و نیولیبڕالیەیە، کە بەردەوام سەرمایەداری بانگەشەی بۆ دەکات. کێشەی بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستی، بەتایبەتی لەسەر دەستی لینین و کۆمۆنیزمی ڕووسی ئەوەیە، ئەوانیش بە ناوی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم و کرێکارەوە، هەمان مۆدێل و شێوازی دەستەڵات، بەڕێوەبردنی دەوڵەت و وڵاتیان دایەوە دەست کۆمەڵێک سیاسەتمەداری بڕواپێکراو و سەنتڕالیست، ئەوان تەواوی بڕیار و چارەنووسی بزووتنەوە و دەستەڵاتەکانیان لەدەستدا بووە، تەنانەت لە بۆرژوازی و سەرمایەداریش خراپتر ئەوەیان کردووە کە دەستەڵاتی پۆلیسی و سەربازی ئەمان لەوەی سەرمایەداری و ڕۆژئاواش ناوەندێتی، سەرکەوتگەری زیاتر بووە. سۆسیال دیموکراسی و دەستەڵاتی کۆمۆنیزمی چینی، لایەنگرەکانیشیان هەمان شێوازی دەستەڵات و حیزب و بزووتنەوەیان بەڕێوە بردووە، کە ئەویش حوکمی کەمینیەک بووە لە سیاسەتمەدارانی بڕواپێکراو.

ئەڵتەرناتیفی چەپ و سۆسیالیستی لە کۆن و ئێستاشدا، بەرامبەر شێوازی سیاسەت و دەستەڵاتی کۆن، بۆرژوازی و سەرمایەداری و هەموو ئەوانەش کە بە ناوی سۆسیالیزم و مارکسیزمەوە، حیزب و دەوڵەت و بزاڤەکانیان بەڕێوە بردووە، بە بڕوای من لە دوو پرسی گرنگدا کۆ دەبێتەوە:

ڕ-دەبێت جارێکی دیکە بزانێ چەپ و سۆسیالیستی بزاڤی، بتوانن کە شیکردنەوە و داڕشتنەوەی ئەم سیاسەت و بزاڤە بە کەسانی بیرمەند و شارەزا و بەتوانا دەکرێت، لە بواری فکر و مەعریفە و سیاسەت، نەک بەو زاراوە ناڕۆشن و نادیارەی کە چینی کرێکاری ڕێکخراو دەتوانێ سیاسەت و فەلسەفە و سۆسیالیزم بەرهەم بهێنێ. کێشەی سەرەکی بزاڤی چەپ و سۆسیالیستی، لە سەد ساڵی ڕابوردوودا ئەوەیە کە ھەردەم دوور بوون، لە ڕەوش و کاریگەری بیرمەندانی سیاسی و فیکری خۆیان، ھەردەم هەندێک سەرکردە و سیاسەتمەداری بەرژەوەندی خواز، پاوانی حیزب و بزووتنەوە و دەستەڵاتە چەپەکانیان کردووە.

ب-شێوازی دەستەڵات و بەڕێوەبردنی ناو حیزب، بزاڤ و دەستەڵاتەکان دەبێت، بە شێوەی شورایی یان سۆسیالیستی (واتە هاوبەشی) بێت. وشەی سۆسیالیزم بە واتای کۆمەڵایەتی و هاوبەشیکردن یەت، دەبێت هەموو شتێک بە شێوازێکی بەڕێوەبردنی بەشداری درووست بکرێتەوە. دەستەڵاتی کەمینە یان سیاسەتمەدارانی بڕواپێکراو، ئەو بۆسە و ئاستەنگە بەهێزە بوو، کە بزووتنەوە و حیزب، دەستەڵاتی چەپ و سۆسیالیستی جارێکی دیکە بردەوە بۆ ناو دەستەڵاتی هەژمونخواز و بەرژەوەندی خوازی ستەمکار و دیکتاتۆری، بەڵام؛ بە ناوی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم. هەتا بزاڤی چەپ و سۆسیالیستی ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەی باشتر، فراوانتر، ئازاد، یەکسانتر لە بەرامبەر دیموکراسیی نوێنەرایەتی و دیکتاتۆری خۆرهەڵاتی و هەژمونخوازی، ستەمکاری دەستەڵات و حیزب و بزووتنەوەکانی سەد ساڵی ڕابوردوو نەخاتە ڕوو، ناتوانێ وەکو بەدیلێکی باشتر بێتە مەیدان بۆ دەستەڵات، حوکم و سیاسەت. ئەمەش ئەو پرسە گرنگەیە کە بزووتنەوەی چەپ، لە ئایندەدا بیکاتە یەکێک لە تەوەرەکانی بیروباوەڕ، سیاسەت، کۆمەڵناسی و فەلسەفەی سۆسیالیستی لەمەودوا.

دووەم، هەوڵدان بۆ دەستەڵات یان ئۆپۆزیسیۆن بوون، یان هێنانەدی ڕەوتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی گشتی بۆ گۆڕینی هەموو شت.

هەموو سەردەمەکانی بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستی، جگە لە سەردەمی مارکس و ئەنترناسیۆنالی یەکەم و دووەم و سەردەمی شۆڕشی ئۆکتۆبر، ئیدی ئەم بزاڤە تەنیا لە سنووری کۆمەڵێک حیزب و سیاسەتمەدارا قەتیس کراوە، واتە وەکو ڕەوت و بزاڤێکی کۆمەڵایەتی پان و بەرین کاریان نەکردووە. زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی چەپ، لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، یان لە دەستەڵاتدا بوون و یان لە ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام؛ لە هەوڵی ئەوەدا نەبوون کە بزاڤەکە لە سنووری سیاسەت و چالاکوانی سیاسی فراوانتر بکەن. لەم زەمینەیەدا یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی چەپ ئەوە بووە بەردەوام بۆ ڕەخنە و نەیاری خۆی لە پۆپۆلیزم لە خەڵک دوورکەوتۆتەوە، و چۆتەوە ناو ڕەهەندە تەسکەکانی ناو کۆمەڵێک سیاسەتمەدار و چالاکوانی بڕواپێکراو، پیشەیی و لە هەوڵی جەماوەری کردن دوور کەوتۆتەوە. واتە هەمان سیاسەتی نوخبەیی و کەمینەیی بۆرژوازی، چینە چەوسێنەرەکانی دیکەی پیادە کردووە.

پرسێکی دیکە لەم زەمینەیەدا ئەوەیە کە بە هۆی ئەوەی چەپ تەنیا لە سیاسەتدا ئامادەیی هەبووە، بۆیە نەیتوانیوە یان نەیویستووە لە پرسەکانی دیکەی کۆمەڵدا بەتایبەتی لە پرسی فەرهەنگ و پەروەردە و ئەخلاقدا بوونی هەبێت، لەکاتێکدا خودی بیروباوەڕی “مارکس و گرامشی”، هەموو پەیڕەوە فکری و فەلسەفیەکانی دیکەی دوای گرامشی، ئەوە بووە کە چەپ و بزاڤی سۆسیالیستی لە مەیدانی دروستکردنی بەدیلێکی دیکەی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و ئاکاریدا ڕێبازێکی دیکەیان خستۆتە ڕوو، دژ و نەیارە بەرامبەر بە سنوورە تەسکەکانی بەرژەوەندی و هەژموونی کەمینە سیاسی و دەوڵەمەند و دەستەڵاتدارەکان. چەمکی هیومانیزمی مارکس و چەمکی هەژموونی گرامشی و چەمکی نەیاری بەرامبەر پیشەسازی فەرهەنگی سەرمایەداری، لە لایەن بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت هەموو ئەو چەمکانەن، کە چەپ و سۆسیالیستەکان دەتوانن ئەڵتەرناتیڤێکی فەرهەنگی، پەروەردەیی، شارستانی دیکەی مرۆڤانەتر، ئازاد و یەکسانتر بەرهەم بهێنن. بەڵام؛ هەمیشە سیاسەتی چەپ و هەتا ئێستاش لەم چەمک و بیروباوەڕانە دوور بووە. ئەمەش یەکێکی دیکەیە لەو تەوەر و بیروباوەڕانەی کە دەبێت بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستی بتوانێ فۆرمۆلەی بکات و بەدیلێکی دیکەی ئازادیخوازی و یەکساندۆستی مرۆڤانە تر بکاتە تەوەری شارستانیەتەکەی.

ئێستا نەیاری و ناڕەزایی خەڵک، یان خواست و داواکارییەکانی زۆرینەی خەڵک، لە زۆربەی جیهان لە دژی سەرمایەداری و حکومەتە بە ناو دیموکراتیکەکانە و ئەمەش بۆتە بەشێک لە هەست و بیروڕای گشتی (بێگومان لە زۆر شوێن هێشتا نەبۆتە بزاڤی چالاک و کاریگەر)، بە پەیڕەوی لە ڕێبازە فکری و سیاسیەکانی ناو بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستی (بەتایبەتی لە ڕێبازی گرامشی و ئەرنستۆ لاکلاوی ئەرجەنتینی) و بە پێی ئەزموونی دیاریکراوی ئەورووپاش، سیاسەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی سۆسیال دیموکراتەکان، موحافەزەکان، جیاوازی ئەوتۆیان نیە، ئەم بزووتنەوەیە کێشەی سنوورەکانی سیستەمی دیموکراسیی لە دەوڵەتی بۆرژوازییدا دەخاتە ڕوو:

ڕ-رەوتی دیموکراتیک، لەو شوێنەدا کۆتایی پێ دێت کە بەرژەوەندییەکانی سەرمایەی گەورە، پیش هەموو شتێک لە بانکەکانەوە دەست پێدەکات، ڕاستەوخۆ دەبێتە دژی خەڵک و زیانەکانی ئەم سەرمایانە بە کەمکردنەوە و خراپکردنی باری ژیانی خەڵک دەسپێرن. لە هەلومەرجی قەیراندا وەکو ئێستاش کوردستان و عیراق و ئەورووپای باشوور، حکومەتەکان بە قازانجی بەرژەوەندییەکانی سەرمایە گەورە و بانکەکان کار دەکەن، باری گرانی ئەم قەیرانە دەخەنە سەر شانی خەڵک بە گشتی. ئێستا بەرژەوەندی و قازانج و دەستەڵاتی سەرمایەداری گەورە و سیاسەتی ئۆلیگارشی ئەوان کەوتۆتە بەرامبەر و دژی بەرژەوەندی زۆربەی خەڵک، نەک تەنیا کرێکاران و هەژاران، بەڵکو چینی ناوەڕاستی نوێش لەم هەژارکردن و قەیرانە بێبەش نەبووە.

ب-هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی زۆربەی وڵاتان، ئەوەشی پیشانداوە کە خودی حیزبە سیاسیەکان و چینی سیاسی کۆن ئاستەنگی سەرەکین لەسەر ڕێگای ئازادی و دیموکراسی. لەدوای پەیدابوونی ئەم خەڵکە سیاسیەی، لە زاراوەی گشتیدا بە(چینی سیاسی) ناسراون، تایبەتمەندی ئەو کەسانە دەبێتە ئەوەی کە بە پیشە ببنە سیاسی(بڕواپێکراو) و هەموو بڕیارەکانیان لەدەستدا بێت، سەرئەنجام دەبنە ئەو گرووپانەی کە ستراتیژی تایبەتی سامان و دەستەڵات لە دەستیان دەبێت.

ج-لەم هەلومەرجەدا خستنەڕووی بەدیلی دیموکراسیی سۆسیالیستی و فراوان کردنی ژیانی سیاسی، بەرەو شوێنی کار و ژیانی خەڵک دەبێتە ئەو سەرەتا و زەمینە گشتی، فراوانەی کە خەڵک و هێزە سیاسیە تازەکان بێنە مەیدان، تەنانەت ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانیش جارێکی دیکە لە هەژموون و دەستەڵاتی بیرۆکراسی ڕزگاریان دەبێت و هەموو ئەو کەس و لایەنانەش کە لە حیزب و سیاسەتەکانی خۆیان ناڕازین، دەبنە بەشێک لەم بزاڤە کۆمەڵایەتیەی کە شوێنی کار و ژیان دەیانگرێتەوە. ئەم بزاڤانە ئەوەش ئاشکرا دەکەن کە زۆرینەیەکی کۆمەڵایەتی فراوانتر لەودیوی دەزگا سیاسەکان بوونیان هەیە، بەڵام؛ لەلایەکی دیکەشەوە سیستەمی دەستەڵاتی کۆن و کاستی سیاسی ڕابوردوو ناتوانێ نەیاری و ناڕەزایی کۆمەڵایەتی بەبێ کێشە فەرامۆش بکات. پرسێکی دیکەش ئەوەیە کە دەبێ ئەم بزووتنەوە نوێیانە بەتەواوی دوور بن لە توندوتیژی و بەکارهێنانی هێز، بەڵام؛ لەهەمان کاتیشدا دەتوانن لەناو خۆیاندا نەخشی ئۆرگان و ڕێکخراوی سیاسی نوێش پەیدا بکەن.

د-لەم هەلومەرجەدا ئەم پرسە بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان دێتە پێشەوە کە چۆن دەتوانن هاندان و کۆکردنەوەی هێزی خەڵک بکەنە هێزێکی هەمیشەیی، لە خوارەوەی کۆمەڵ و لەناو خەڵکدا زیندوو بێت. ئامانجی بیرمەندان و چالاکەکانی چەپ لەم زەمینەیەدا تەنیا پێکهێنانی حیزبێکی نوێ نیە، ئەم خاڵەش چەپی نوێ یان ئەم ڕوانگەیە بۆ چەپ لە ڕێکخراوە چەپەکانی دیکەی ئەورووپا و جیهان جیا دەکاتەوە. پرسێکی دیکە یان کێشەیەکی دیکە ئەوە بوو، مەترسی هاوڕەنگ بوونەوە لەگەڵ دامەزراوە و پارتە کۆنەکان لەلای ئەم بزاڤە نوێیە دەبێت لەناو ببرێت. کێشەی زۆرێک لە پارت و ڕێکخراوە چەپەکانی ئەم دوو دەیەی دوایی، ئەوە بوو، سەوزەکانی ئەڵمانیا و کۆمۆنیستەکانی کوردستان و ئێران، پێیدا تێپەڕێن و لەئاکامیشدا پێش ئەوەی سیاسەت بگۆڕن، خۆیان گۆڕان.

بەرەنگاری لە دژی دامودەزگاکان، یان نەیاری بەرامبەر نەریت و فەرهەنگی سیاسی کۆن، دەبێت لەم بزاڤەدا بەهێز بکرێ و بتوانن نەیار و بەدیلی فەرهەنگ و نەریتی سیاسی کۆن بن. لەم زەمینەیەدا دەتوانین ئاماژە بە ئەزموونی ساڵی ڕابوردووی “بزووتنەوەی پۆدیمۆس” (ئێمە دەتوانین) بیکەین، بە بزاڤی(دەستپێشکەری) لە بەرشەلۆنەوە هاتنە مەیدان و بناغەی کاری ئەوان بریتی بوو لە: هێنانەدی ڕەوتەکانی ئاڵۆگۆڕ لە ناوچە و گەڕەکەکاندا و ئامانجەکەشیان ئەوە بوو کە لە رێگای کۆبوونەوە و دیداری ئەو شوێنانە بزووتنەوەیەکی بنەڕەتی، خەڵکی بۆ سیاسەت و ڕێوشوێنەکانی ناوچەکان بەڕێبخەن، کە کاری بنەڕەتیان بەڕێوەبردنی شوێنی کار و ژیانی خۆیان بوو. ئەم بزاڤە زۆر لە شورا سەرەتاییەکانی ڕووسیا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیای سەدەی بیستەم دەچوو. ئامانجی بزووتنەوەی دەست پێشکەری بە ئاشکرا دەرکەوت، کە هەوڵنەدان نەبوو بۆ ئەوەی گرووپە چەپەکان بکات بە یەک، بەڵکو ئەوەبوو کە لە ڕێگای هێنانەدی بزووتنەوەیەکی بنەڕەتی خەڵکی، لە چەپی پارچە پارچە خۆی رزگار بکات. لە ڕوانگەی میتۆدەوە، هۆشیارانە ڕێگایەکیان هەڵبژارد کە دەبێتە ئەڵتەرناتیفی هەموو شێوازەکانی نوێنەرایەتی نەریتی و کۆن یان نوێنەرایەتی هەتا ئێستا. پرسی سەرەکی و ناوەندی ئەوان ئەوە بوو کە نەیاری و ناڕەزایی کۆمەڵایەتی و گشتی بگۆڕن بۆ یەک سەرکردایەتی سیاسی و ئەڵتەرناتیفی نوێ و لەم ڕێگایەشەوە هاندان و کۆکردنەوەی هێز و خۆئامادەکردن ڕێکخرا بوو، کە دەیتوانی سنوور و ئاسۆ فراوانەکان ببڕێت. ئەمەش جیاکەرەوەیەکی دیکەی پۆدیمۆسە لە بزاڤە پۆپۆلیستەکانی دیکە، کە هەموو سەرکردایەتی و دامەزراوەکانیان تەنیا لە ئاپۆرە و ئاکسیۆنەکاندا دەبێت.

ڕەوشی نوێی سیاسەت و نوێنەرایەتی نەیار، بە سیاسەتی نوێنەرایەتی کۆنی چەپ و ڕاست لەوەدایە ئاڵۆگۆڕی سیاسی لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، نە ئەنجامێکی سادەی سەرکەوتن بوو لە هەڵبژاردنەکان و نە شۆڕش و کۆدیتا، بەڵکو بریتیە لە: پەیوەندی نێوان دابڕانی ڕادیکال، بەردەوامی و گۆڕان. نەیاری و یاخی بوون لە دژی ڕژێمی نیولیبڕال و سەرهەڵدانە جەماوەرییەکان توانیان ئەو ڕژێمانە بلۆک بکەن، ئەویش بریتییە لە: ئاڵۆگۆڕی حکومەت لە ناو هەمان سیستەمی سیاسی جاران. بەڵام؛ دابڕان و گۆڕانی ئەمجارە بریتییە لە: هێزێکی کۆمەڵایەتی بەردەوام و چالاک دەبێتە ئەڵتەرناتیفی سیاسی و دەبێت ئەم ڕەوشەش بەردەوام بکرێت. پرسی چارەنووس سازی ئەم ئاڵۆگۆڕە لە نووسینەوەی دەستورەکانیشدا دەرکەوت کە بریتیە لە: بەشداری فراوانی کۆمەڵایەتی لە باس و گفتوگۆکان دەربارەی پەیمانی کۆمەڵایەتی نوێ. بەرنامەی ئایندەی چەپ لە زەمینەی نوێنەرایەتی و پەیمانی کۆمەڵایەتیدا بەم ئاڕاستەیە دەتوانێت کۆمەڵایەتی تر و سۆسیالیستی تر بێت.

سێیەم، پرۆژە و ئەڵتەرناتیفی ئومێدبەخش

بزووتنەوەی چەپی ئایندە دەبێت لەو تێزەوە دەست پێبکاتەوە، کە بوونی پڕۆژەیەکی ئومێدبەخش بکاتە ئەڵتەرناتیف، هەر لەبەرئەوەش دەبێت کە سەرەتای کار و ناوەڕۆکی پرۆژەکەی هاندان و کۆکردنەوی سیاسی ئامانجدار بێت. وزەی سیاسیی ئەم بزاڤە دەبێت لە بەرامبەر سیستەمی سیاسی کۆن و کاستە حزبی و سیاسیەکەیدا بێت. لەم سەردەمەدا و لە قۆناغی یەکەمدا بەدەستهێنانی پێگەی پارلەمانی و سیاسی ڕەسمی، دەتوانێ پێگەیەکی باش و گونجاو بێت بۆ کاری ئایندە، هەرچەندە ئەم پێگەیە تەنیا لەگەڵ پرسەکانی دیکەی باسکراو دەتوانێ کاریگەری و لایەنی پۆزەتیفی هەبێت، چونکە بە بێ بوونی ئەڵتەرناتیف و پرۆژەی ئومێدبەخشی دیموکراتی سۆسیالیستی، تەنیا سیاسەت و بەشداریی پارلەمانی هەر دەتوانێ ڕابوردووی سۆسیال دیموکراسی و کۆمۆنیزمی ئەورووپایی و چەپی نوێ دووبارە بکاتەوە.

ئامانجی پڕۆژەی ئایندەی چەپ و بە گرنگیدان بە بیروباوەڕەکانی گرامشی و ئەرنستۆ لاکلاو، دەبێتە ئەوەی کە زۆرینە کۆمەڵایەتیەکان کە لە ڕەوت و کارەکانی و ساز بڕیاردان و بەشداری سیاسیدا بێبەشن، لە هەلومەرجێکی نوێدا سیاسی بکاتەوە. خاوەندارێتی لە نەیاری و ناڕەزایی خەڵک و دروستکردنی ئۆرگانەکانی هۆشیاری و خۆبەڕێوەبردن و بڕیاردانی گشتی ناو خەڵک، ئەو پرۆژە ئومێدبەخشەیە کە چەپی ئایندە دەبێ کاری لەسەر بکات و دەبێت جگە لە خەباتی چینایەتی  پیشەیی و فکری و سیاسی مەیدانەکانی دیکەی خەباتی گشتی نەک تەنیا ڕابەڕایەتی بکرێ، بەڵکو دەبێت ئەو ڕابەڕایەتیە لە ناو خودی شوێنی کار و ژیانی خەڵکدا بێت و ئۆرگانەکانیش خۆیان دروستیان کردبێ.

یەکێکی دیکە لە پرسیار و گومانەکانی چەپی ئایندە، یان ڕەخنە و نەیاری بەرامبەر ڕابوردووی سەد ساڵەی بزووتنەوەی چەپ و کرێکاری و سۆسیالیستی لە هەموو شوێنەکانی دنیا ئەوەیە: هەرچەندە ئەو چەپە کۆنە و بە هەموو باڵە کۆمۆنیست وسۆسیال دیموکراسی و چەپە تازەکانیشەوە، نەیانتوانی یان نەیانویست بانگەوازی سەرهەڵدانی دژی سیستەمی سیاسی زاڵ بکەن، چونکە خۆشیان بەشێک بوون لەو سیستەمە یان لە زۆربەی ڕوخسار و بەرژەوەندییەکانی ئەو سیستەمەدا بەشدار بوون. هەموویان ئەوەندەی کە نزیک بوون لە پێگە و بەرژەوەندییەکانی سیستەمی دەستەڵاتدار، هێندە نزیک نەبوون لە ئامانجەکانی ئاڵۆگۆڕ لە بەرژەوەندی خەڵکدا، چەپی نوێی ئەورووپی هەر بەو شێوەیە بوون و هەمیشە هاوکار و یەدەگی سۆسیال دیموکراتەکان بوون.

پێکهاتەی ڕێکخراوی چەپی کۆن (کۆمۆنیست، سۆسیال دیموکراسی، چەپی نوێ) لە هەلومەرجی بابەتیاندا نەیار و دژی هەموو ئەو هەوڵە دیموکراتیکە رادیکاڵانە بوون، کە بە دەروونی کۆمەڵدا دەهەژان و خوازیاری گۆڕینی سیستەمی سیاسی بوون. کاری سیاسی چەپی کۆن و چەپی نوێ لەسەر ئەو لۆجیکە نوێنەرایەتە نەریتیە دامەزرا بوو، کە بەهێزیی ڕێکخراوەکانیان و بەدەستهێنانی کورسی پارلەمان گرنگترە لە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی خەڵک. ئەوانەی خۆیان بە هێز و هۆکارەکانی گۆڕان دەناساند یان حیزب و ڕێکخراوەکانیان بوون یان کرانە شتێکی خۆپەرست و خۆپەسەند. چەپی ڕابوردوو بونەتە یەک ئەنجومەن، کە تەنیا خەریکی کاری ناوخۆی خۆیانن و حەقیان بەسەر کێشە و پرسەکانی خەڵکەوە نەبووە.

هێنانەدی ڕێکخراوی سیاسی وەکو ڕەوتی کۆمەڵایەتی و بۆ خزمەتی ئەو ڕەوتە، کە سیاسەت و حیزب بتوانێ پەیوەندییەکانی نێوان سەرهەڵدانی جەماوەری و دیموکراتیک و شێوازی دامەزراوەیی خۆی بەڕێوە ببات. هەرچەندە ئەمەش بەو واتایە نیە کە هەموو کار و پرسەکانی چەپی رابوردوو هەڵە بوون و لەوانەشە چەپ لە ئایندەدا هەمان کێشە، و هەڵەکانی رابوردووی تیا پەیدا بێتەوە، بەتایبەتی لەو شوێنەدا کە چۆن بتوانێ هاوسەنگی نێوان ڕەوتە سیاسیەکان و ئەو ڕەوتانەش کە لە ئایندەدا سەرهەڵدەدەن بپارێزێت، بەبێ ئەوەی کە ڕوانگە و بەرژەوەندیە تایبەتیە حیزبیەکان ڕێگر بن، لە بەرامبەر ڕەوتە جەماوەری و گشتیەکان. هەتا جارێکی دیکە چەپ نەبێتەوە بەشێک لە بزاڤی گشتی و بەردەوام لەو بزاڤەدا نەمێنێتەوە و خۆی جیا بکاتەوە، دیسان دەبێتەوە بەشێک لە بیرۆکراسیەکەی جاران و ئەو بۆچوونە دۆگمایەی کە پێشڕەوی شۆڕش و چینی کرێکار و ئاڵۆگۆڕن. لەکاتێکدا بوونی بزووتنەوەی سیاسی و تیۆری چەپ بەشێکە لە بزاڤی گشتی بۆ گۆڕان و ژیانێکی باشتر.

بڵاوکردنەوە: