سیکۆلاریزم و داھاتووی ئایین

543
0
بڵاوکردنەوە:

نەورۆز سابیر

 

سیکۆلاریزم، کە سیستمێکە تیایدا ئایین لە سیاسەت و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی جیادەکاتەوە و ئامرازی هێنانەدی مافی مرۆییە نەک هێنانەدی مافی خوداوەند، گرنگترین جوڵە و ڕەوت بوو لە مێژووی مۆدێرنی ڕۆژئاوادا لەسەردەمی ڕۆشنگەرییدا لە چاخەکانی ناوەڕاستتدا، و چەند فەیلەسوفێکی دیاری ئەو سەردەمەی ئەوروپا ڕا و ڕۆڵیان هەبووە لە دەرکەوتنی بیرۆکەی سیکۆلاریزم ئەوانیش ( مارکوس ئۆریلیۆس، جۆن لوک، ڤۆلتێر، ،،،،). لە ڕاستیدا سێ پرەنسیپی گرنگ هەن کە عەلمانییەت لەسەری دادەمەزرێت ئەوانیش، بێلایەنی دەوڵەت لە کاروباری ئایینیدا، بێلایەنی قوتابخانەکان لە مەسەلەی ئاییندا، و ڕێزگرتنی ئازادی و ویژدان و بیروباوەڕ.  سیکۆلاریزم هەوڵ بۆ ئەوە نادا کە ئازادی ئایین قۆرخ بکات، یاخود سنورداری بکات، بەلکو کار دەکات بۆ یەکسان بوونی باوەردار و بێباوەر لە کۆمەڵگەو بەرامبەر یاسا و دیموکراتیزەکردنی دام و دەزگا،و دامەزراوەکان و پەرلەمان .ئەوەی زۆر بەلامەوە گرنگە بیگەیەنم ئەوەیە کە سیکۆلاریزم خوانەناسی نیە وەک زۆر کەس بەو شێوەیە لێی گەیشتوون: سیکۆلاریزم هەرگیز هەوڵنادا بۆ گۆڕینی ئایینی گروپێک یاخود بێ دیین کردنیان، بەڵکو ئامانجی سیکۆلاریزم تەنها بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی دیمۆکرات و یەکسانە لە ڕووی سیاسی، پەروەردە، یاسا ،،،،،،. زیاد لەوەش. سیکۆلاریزم مافی ڕا دەربڕینی گشتی بە هەموو کەسێک ئەدات و تاکە چانسە کە تێدا هەموو ئایینە جیاوەزەکان و بێ دیینەکانیش دەتوانن تیایدا بژین بە یەکسانی و ئازادی. شایەنی باسە کە نە کەسانی ئایینی بۆیان هەیە دەست لەکارو باری دەوڵەت وەربدەن نە دەوڵەت خۆی لە کاروباری دییندا هەلدەقورتێنێ. سیکۆلاریزم باوەڕداران و بێ باوەڕانیش دەپارێزێت بێ گوێدانە جیاوازی ئایین، ڕەنگ،نەژاد، چینی کۆمەڵایەتی، و هەموو تایبەتمەندییە تاکەکان.

لەوانەیە کەسانێک ڕایان وابێ کە مەبەست لە هاتنی پەیامبەرەکان و ئایینەکانیش هەر هێنانەدی ئاشتی و یەکسانی کۆمەڵگایە،بەڵام هەموو دەوڵەتێک، ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ، دەوڵەتێکی (نا ئایینی)و مەدەنی سیاسییە: لە پاش مردنی پەیامبەری ئیسلام، ئێمە لە کلتووری ئیسلامی و لە مێژووی ئیسلامیدا دەوڵەت و دەسەڵاتێکمان نیە کە دەوڵەت و دەسەڵاتێکی (ئایینی)بێت چونکە ئاینیی بوون بە بێ گووتاری ئایینی و کارەکتەری ئاینی مەحاڵە. هەروەها کارەکتەری ئایینی نابێت پەلوپۆ بهاوێت بۆ سیاسەت و پلە و پۆست، چونکە ئامانجی ئایین نزیککردنەوەی مرۆڤەکانە لە خواوە و بانگەشە بۆ چاکەکردن، هەروەکو چۆن پەیامبەری ئیسلام ئەو هەموو ئۆفەر و پلەو پۆستە رەت دەکاتەوە کە دەسەڵاتدارانی ئەوکاتەی سعودیە خستبویانە ژێر دەستی چونکە ئامانجی ئەو پەیوەندی مرۆڤەکان و خوا بوو، تاوان و سزا، واتە زیاتر پەیوەندی بە دوای مردنەوە هەیە ، هەرچەندە داوای باشە کردن و ڕێگە لە خراپە دەکرێ لە نێوان مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا،بەڵام ئامانجی عەلمانییەت بۆ ئەم دنیایەو پەیوەندی بە دوای مردنەوە نیە، بۆیە کار لەسەر باشترکردن و دیمۆکراتیزەکردنی ژیانی مرۆڤەکانە.  ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ئیسلام.کێشەی دەسەڵاتی ئایین ئەوەیە کە هەموو شووناسێکی ئایینی لە ئۆپۆزسیۆن وەردەگرێتەوە و هەڵیدەوەشێةێتەوە چونکە دەسەڵاتی ئایینی(ئیسلامی سیاسی) ئیسلامی ئامادەیی ئەوەیان تیدا نیە کە هیچ بیرۆکەو سیۆلۆجی تر قبوڵ بکەن جگە لە ئایین و پەیڕەوەکەی خۆیان. ئیسلامی رادیکالی هەمووشتێکیان بە پەرستنی خوا گرێداوە: و ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە زانست دەبێت لەوە زیاتر نەبێ کە درێژەپێدەری پەرستش بێت. ڕوونتر، پێیان وایە کە مرۆڤ دەبێت ئەوەنە بزانێت و فێربیت کە لە خوا نزیکیان بکاتەوەو نە زیادتر، ئەگەر لەوە زیاتر بێت ئەوە مرۆڤ زیادەرەوی کردووە و چونکە بەو زانستە لووت بەرز و لە خۆبایی دەبێت و وا خۆی دەردەخات کە جیتر پێویستی بە خوا نەماوە..  هەر بەوشێوەیەش و بە هەڵە تەماشای عەلمانیەت دەکەن و وا دەزانن مانای کۆتایهێنانە بە کارەکتەری ئایینی. بۆ بەڵگە، کە دوو سەدە پێش ئێستا لە ئەمریکا-ئایین لەلایەن دەوڵەتەوە بەرقەرار کرا، مەبەست لێی کۆتایهاتنی کارەکتەری ئایینی مەسیحی و پرۆتستانتی  کلتووری ئەمریکی نەگەیاندووە، بەڵکو تا ئەم سەردەمەش لینکی کەنیسە(مەسیحی) و دەوڵەت بەردەوام بووە.

سیکۆلاریزم دەتوانێت لە کۆمەڵگە داخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،،،،،

بە ڕای من، ئەوە شتێکی تا ڕادەیەکی زۆر ئەستەمە، بەو پێیەی هەر وەکو پێشتر ئامەژەم پێکرد، سیکۆلاریزم بوون و دیموکراسی و قبوڵکردنیان دەکەوێتە سەر ڕۆشنبیری تاکەکان و بارودۆخی ناوچەکە. جێی تێبینیە کە عەلمانییەت بەوشێوەیەی وێنا دەکرا نەتوانرا لە ڕۆژئاواش بە دی بێت چ جا رۆژهەڵاتی ناوەراست! هەربۆیە، ئاسان نابێ بۆ سیکۆلاریستەکان ئەسپی خۆیان بەباشی لەم ناوچە داخراوانەدا تاو بدەن و ئامانج بپێکن .( ئێرنست گلینەر) کە یەکێکە لە کۆمەڵناسە هاوچەرخەکان دەڵێت ” لە دنیای ئیسلامدا هەرگیز عەلمانیبوون ڕووینەداوە.”  ئایدیۆلۆژیاکەشی ڕوو لە پووکانەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چونکە ئیسلامییەکان  وا بیردەکەنەوە کە سیکۆلاریزم بەها ئەخلاقییەکان لەناو دەبات و کوفر ئامێزە. (ناصیف نصار)وای دەبینێت کە دەوڵەتی ئایینی مۆرکێکی تۆلیتاری هەیە، و لەوێدا دامەزراوەی ئایینی دەبێت بە مەرجەعی کۆتای و ڕەها بۆ هەموو مەسەلەکانی دین و دنیا. بەپێجەوانەی بیری مارکس و فرۆید کە پێشبینی ئەوەیان کردبوو کە باڵادەستبوونی دین لەناو دەچێت جێگەکەی بڕوایەک دەیگرێتەوە کە لەسەر بناغەی میتافیزیکی و موتەعالی نیە. دەتوانین بڵێین، سیکۆلاریزم ئەو دێوەزمەیە نیە کە فەنتەمێنتالیزمە  ئیسلامییەکان و رادیکاڵەکان  وێنای دەکەن. هەزمکردنی بیرۆکەی سیکۆلاریزم  دەکەوێتە سەر بیرکردنەوەی تاکەکان و ڕۆشنبیریان و بارودۆخی دەوڵەتەکەو ئەو هەنگاوانەی کە تێیپەڕاندووە لە مەڕ ڕۆشنگەری و بەرەوپێشچوون. زایدەن، لەم بابەتەدا عەقڵگەرایی زەرورییەتی ئەوتۆی هەیە: هەروەها خودی ئایین ڕێگر نیە لە بەرامبەر عەقڵدا و ناکۆکی لە نێوان عەقڵ و ئاییندا نییە. (“دیموکراسی و ئیسلام دوو شتی جیاوازن، چونکە لە دیمۆکراسیدا، گەل خاوەنی یاسادانانە، ئەوەی ئارەزووی بکات حەڵاڵی دەکات یان حەرامی دەکات.لە کاتێکدا ئیسلام ئەگەر تەنانەت هەموو گەل یەک دەنگ بن دەسەڵاتی حەڵاڵکردن و حەرامکردنیان نییە”) . (سالح سەرییە)، بیرمەندی فەندەمینتالیستی ئیسلامی لە نامیلکەی ( رسالە الایمان). هەروەها،بۆ نمونەیەکی تر و بەڵگەیەکی تردەتوانینن بڕوانین بۆ نوسینەکانی سەرکردەی فەندەمینتالیستی ئەفغانی (قەلبەدین حیکمەتیارە)، (“ئیسلام و  دیموکراسی نە پێکەوە دەگونجێن نە دەسازێن. ئەفغانستان دەبێتە دەوڵەتێکی توندڕەوی ئیسلامی، کە تێدا دەوڵەتێک دروست دەبێت کە مەلاکان دەسەڵات دەگرنە دەست و ژنەکان دووبارە دەچنەوە ماڵەوە”). هەرچی بەشێکی زۆری ئیسلامییەکانە ڕایان وایە، کە سیکۆلاریزم شەریعەتی شەیتان دەخاتە جێیی شەریعەتی خوا…و ئایین دەخزێنێتە کونجی مزگەوتەوە.

پیاوانی ئایینی و ئەکادیمیستی ئیسلامی ئەوە دەخەنە ڕوو کە ئامانجی عەلمانییەکان وێرانکردنی ئایینە(ئیسلام) و بچوککردنەوەی ئایین و گۆڕینی بۆ کۆمەڵێك دەقی نا ئەقلانی. (عەزیز ئەلعەزەمە) لە کتێبی ” دنیای ئایین لە ئێستای عەرەبدا” لاپەرە (١٥٥) دا باسیدەکانت ،ئیسلامییەکان گریمانەی نییەتخراپی عەلمانییەکان دەکەن و ئامانجی ڕۆپۆشکراوی داواکاری عەلمانییەکان ئاشکرا دەکەن کە بریتیە لەوەی ئیسلام دەبێت لە سنووری ئایینیبونیدا ڕابووەستێت، هەردوو واتای ئایین و دنیا لە خۆ نەگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ، بانگەشەی ئەوەی کە عەلمانییەت خوازیارەی دامەزراندنی ئابوورییە لەسەر بنچینەی سوو، ئەمرۆ هەموو دەوڵەيتێک، بە سعودی عەرەبیشەوە، مامەڵە بە بانکە بازرگانییەکان دەکەن کە بەلای دامەزراوەی ئایینیەوە بانکی سووخوازن لەکاتێکدا خودی سعودیە لەبەر هۆکاری سیاسی و ئابووری ئەو بانکە ئیسلامییانەی یاساخ کرد‌!هەروەها شێخی ئەزهەر- شێخ سەید تەنتاوی- موفتی میسر لە نەوەدەکان، لە کۆنگرەی بانکە ئیسلامییەکاندا لە ئەسکەندەرییە، فتوای دا کە سوودی بانکەکان سوو نیە و حەرامیش نیە.لێرەوە دەگەینە ئەوخاڵەی کە هەموو بەرژەوەندییە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان لە پشتی فەتوا شەرعیەکانەوە خۆیان حەشارداوە. و دواجار مسوڵمانان ڕووەو سەرلێشێوان دەبەن.

دەربارەی لایەنی رۆحیش، هیچ کەس و بیرۆکەیەک ناتوانێ کەسێک لە پەرستشی بەدیهێنەرەکەی دوربخاتەوە یان کاڵبکاتەوە. لایەنی رۆحانی و خواپەرستی عەشقێکە کە دەبێت بە پەنهانی بێت و تەنها لە نێوان دروستکراو و بە دیهێنەر چونکە سیکۆلاریزم پەیوەندی یاخود دژ بە خواپەرستن و نوێژی مرۆڤەکان نیە و ئامانجی بێباوەرکردنی کەس نیە. ئەگەر سیکۆلاریزم مانای بێبروای بوایە، ئەوا دەوڵەت دەبووە یەکێک لە گروپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لەوە دەکەوت کە دەوڵەت بێت. مرۆڤ کۆمەڵگایەک پەسەند دەکات کە ئازادبێت تێیادا و دیموکراسی تیا بەرقەرار بێت کە تیایدا مرۆڤ دەتوانێت پەیوەدنی خۆی و خوای خۆی بە پیرۆزی بهێڵێتەوە، بەبێ لە دەستدانی دیموکراسی، بەڵام پێچەوانەکەی ڕاست نیە.

بە پوختی،دەتوانین دیوە باشیەکەی سیکۆلاریزم ببینین چونکە لانی کەم یەکێک لە دروشمەکانی یەکسانی چینەکانی کۆمەڵگایە و نییەتی دیمۆکراتیزەکردنە، بێ گوێدانە هیچ بنەمایەکی دیینی، ڕەگەز،،،،،،، سیکۆلاریزم مانای دژایەتی ئایین نیە وەکە زۆر لە ئیسلامی فەندەمینتالیزم و ڕادیکاڵەکان مەزەندی دەکەن. دواجار،   ئەگەر سیکۆلاریزم دیمۆکراسی ڕاستەقینەی پێیە و هیچ ئامانجێکی تری لە پشتەوە نیە، پێویستە هەموو کۆمەڵگە بە دییندار و بێدینەوە پێشوازی و پشتگیری لێبکەن، نەک وشکە سۆفییەکان هاخود هەرچینێکی تر ڕێگری و ڕەخنە ئاراستەی سیکۆلاریزم بکرێ لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان،. بەڕای من ئەگەر سیکۆلاریزمی “ڕاستەقینە” کار بکات، ئەوە بارودۆخی هاوڵاتیان زۆر باشتر دەبێت و. لەگەڵ بەدیهێنانی یەکسانی کۆمەڵایەتی، بە بێ لەدەستدانی بیرو عەقیدەی تاکەکان.

­­­­­­­­­­­­­­­­­­­­­­­پەراوێزەکان :

Ernest, Gllner, “Islam and Marxism: some compressions.” Vol 67, 1 January 1991, P.2.

Leonard, Binder, Islamic Liberalism, “A Critique of Development Ideologies. P19-25

موسوعە الادب و النقد.مجموعە من الاکتاب.ت :د. عبدالحمید شیحە.ص٦٩- ٩٠.١٩٩٩

کۆمەڵێک نوسەر،  زنجیرە دۆسییەکانی سەردەم، “عەلمانییەت پێداویستییەکی ژیاریی کۆمەڵگە.” ل٩٣-٩٤. ٢٠١٦

بڵاوکردنەوە: