ماتەریالیزمی مێسیاییی ڤالتەر بێنیامین

637
0
بڵاوکردنەوە:

کاوە جەلال

“ڕۆژی قیامەت بریتییە لەو ئامادەیە کە ئاوڕی لە ڕابوردوو داوەتەوە”

پێشگۆتن

ڤاڵتەر بێنیامین (1) یەکێکە لە فەیلەسوفانی “تیۆریی ڕەخنەیی” کە بە قوتابخانەی فرانکفورت ناسراوە و دیارترین نوێنەرانی بریتی بوون لە ماکس هۆرکهایمەر، هێربەرت مارکوزە و تیۆدۆر ڤیزنگروند ئادۆرنۆ.

تیۆریی ڕەخنەیی لە بنەڕەتدا کارل مارکس گۆڕانی پێ دەدات، ئەوە بێگومان وەک ڕەخنەی ئیدیۆلۆژیانە لە کۆمەڵگەی بۆرژوازی-سەرمایەگەری، کە پاشان فرانکفورتییەکان لەو فۆرمەیدا، واتا بەدەر لە بەکاربردنی سیاسی-ئیدیۆلۆژیانەی، پەیوەند بە تەنگژەی هزری مۆدێرنی ئەوروپی و پرسە هەنووکەییەکانی سەردەمی خۆیانەوە ئاوەڵای دەکەن. بە دیدی ئەوان پارتە سیاسییەکان هزری مارکسیان کورتکردۆتەوە بۆ هەندێک مەبەستی سیاسی، بەوەش کاراییە ڕەخنەییەکەیان سست کردووە، جا گەر نەبێژین نەهێشتووە. لێ فرانکفورتییەکان لە خوێندنەوەی سەرلەنوێی مارکسدا هاوکات پسیکۆئانالیزی زیگموند فرۆید وەک کۆڵەکەیەکی دیکەی تیۆریی ڕەخنەیی وەردەگرن، واتا ڕەخنەی پەیوەندییە هەبووە کۆمەڵایەتییەکانی سیستەمی سەرمایەگەری، کە مارکس لە پرنسیپەوە ئەنجامی دابوو، بە تەوەرەی پسیکۆئانالیز پەرەپێدەدەن بۆ نێو پرسە پسیکۆلۆژییەکانی وەک پێشبڕیار (حوکمی موسبەق) و شێواندن و هتد لە کۆمەڵگەی ناوبراودا.

ئەم توێژینەوەیە خەریکبوونێکی هزری نییە لەتەک ئاوەڵابوونەکانی سەرجەم هزری بێنیامیندا. لە بنەڕەتدا خەریکبوونێکی بەو چەشنە ناچار دەبێت ڕەچاوی وێستگەکانی گۆڕانی هزری ئەو بکات و هاوکات پێگەیشتنی ژیاننامەیی ئەو ڕوونبکاتەوە، ئەوەش شێوەیەکی دیکەی کارکردن پێویست دەکات. بە پێچەوانەوە ئەم توێژینەوەیە لەبارەی بنەما ماتەریالیستی-مێسیاییەکەی فەلسەفەی بێنیامینە کە بنەڕەتی هزری ئەو پێکدەهێنێت. ئەمەش بە واتای، ئێمە ناتوانین پەیوەند بە بێنیامینەوە جیاوازی لە نێوان قۆناغێکی هزرینی مێسیایی و قۆناغێکی وەرگۆڕراوی مارکسیستیدا بکەین، بەڵکو تێڕوانینە بنەڕەتییەکانی کە لە کارەکانی سەرەتایدا تا سییەکانی سەدەی بیستەم دەریاندەبڕێت، هێشتا هەر لەوە بەدوواوە لە نووسینە مارکسیستییەکانیدا کارا دەمێننەوە، کەواتە وروژێنە تیۆلۆژییەکان کە بنەڕەتی مێتافیزیکییانەی نووسینەکانی سەرەتای ئەون، درەنگتر هێشتا هەر لە هزرینی ڕەخنەیی-سۆسیال و کولتووریانەی ئەودا وەک بنەڕەت دەمێننەوە. بێنیامین خۆی لەبارەی ئەم پەیوەندییە دەبێژێت: “مارکسیزم بەبێ تیۆلۆژی (واتا بەبێ تەوەرەی ترانسسێندێنس) دەخزێتە نێو پۆزەتیڤیزمەوە، هەروەها تیۆلۆژی بەبێ مارکسیزم (واتا بەبێ تەوەرەی مێژووی ئەزموونی) دەخزێتە نێو ئەفسوونەوە (ماگییەوە)” (2).

لێ کاتێک مێسیانیزمی یەهودی ڕزگارکەرێک لە کۆتایی مێژوودا دادەنێت کە “دەسەڵاتی چاکە” دەچەسپێنێت، هەروەها کاتێک دیالێکتیکی هێگل کە فەلسەفەی ئاوەڵابوونە، لە مارکسیزمی کلاسیکیدا جیهانییانە وەک “گۆڕانی بەردەوامی مێژوویی” بنیاتدەنرێت، ئەوا بێنیامین بە پێچەوانەوە بەردەوامیی دەپچڕێنێت، کەواتە ڕەوتی مێژوو دەسرەوتێنێت، ئەوەش بە ئامانجی تەئویلکردنی فێنۆمێنەکان / ڕووداوەکان کە لە سەردەمدا کەڵەکەبوون و بەو ڕێیەوە لە بێگوزارشتی ڕزگاردەکرێن.

 

ڕێبەری

 

بێنیامین لە “پێشگۆتنی ڕەخنەیی”دا بۆ نووسینی “سەرچاوەی پرسەنوێنی ی ئەڵمانی” دەبێژێت، کە ئەو لەدژی سیستەمگەریی فەلسەفە “سەرلەنوێ پرسیاری داڕشتن دەکاتەوە”(3).

سیستەم کە بە تیۆریی مەئریفە بنیاتدەنرێت، گەرەکە مێتۆدییانە سەبژێکتێکی ئاگامەند لە مرۆڤی نێوجیهانی بهێنێتە گۆڕێ کە جیهان و شتەکانی نێوی بکات بە دانراو (ئۆبژێکت)ی خۆی و بڕیاری لۆژیکییان بەسەردا بدات. ئاخر زانین لە هزرینی سیستەمیدا بریتییە لە ڕاستی کە مێتۆدییانە بەدیدەهێنرێت، کەواتە مرۆ ناڕاستەوخۆ بە هزرین وەک “کۆ”ی تاکە مەئریفەی ئۆبژێکتەکان پێی دەگات. لێ بێنیامین لەبارەی ئەم شێوەیەی ڕاستی دەبێژێت، کە لەبەر ئەوەی ڕاستی وەک کۆی تاکە مەئریفە هێنراوەتەگۆڕێ، ئەوا یەکانە / سەرجەمی نییە، بەڵکو تەنیا “ڕاست” (سەحیح)ی لۆژیکییە، کەواتە ڕاستی نییە.

بە دیدی بێنیامین ڕاستی هەردەم یەکانەیە و ناشێت بە هزرین بهێنرێتە گۆڕێ، چونکە بوونێکی نامەبەستەکیی هەیە، واتە هەرگیز لەنێو خۆیەوە دەرناچێت و لەبەر ئەو هۆیە نەشیاوە پرسیاری ئاڕاستە بکرێت. ڕاستی هەمیشە لە حەشارگەدایە و هەر هەوڵێکی هزری بۆ ئاشکراکردنی بدرێت، ئەو هەوڵە ڕاستی تونا دەکات و خۆیشی هاوکات لە بەردەمیدا دادەمرکێتەوە. لێ گەر ئێمە خۆمان بۆ داڕشتنی “ئیدێ” تەرخان بکەین، ئەوسا بەو ڕێیەوە دەرفەت دەڕەخسێنین بۆ ئەوەی ڕاستی لەنێو ئیدێی داڕێژراوەوە “ڕاستەوخۆ” دیاربدات، ئەوە بێگومان ساتەکییانە هاوشێوەی بروسکە، کە لەتەک داگیرسانیدا یەکسەر دەکوژێتەوە.

ئیدێکان هاوشێوەی ڕاستییەکانن، بۆیە لای بێنیامین کاراییەکی “پێوارەیی” (نۆڕمی) (4) وەردەگرن. بێگومان ئیدێ بریتی نییە لە پێشوێنەی کامڵ کە وەک بنەڕەتی شتە دەروێنەییە ناکامڵەکانی نێو ئەزمووندەری کارا ببێت، بەڵکو جووتواتاییە: ئیدێ لە ڕوویەکەوە مۆنادە کە لە ئەزەلەوە وێنەی جیهانی دیاردەیی لەخۆ گرتووە، لێ ئیدێ هەروەها پێکهێنانی پاڵیەکییانەی فیگورێکی کراوەیە، هاوشێوەی مۆزایک کە بێنیامین ناوی دەنێت کۆنفیگوراسیۆن. لەم پێکهاتە فیگورییەوە گەرەکە ڕاستی بروسکەئاسا دیاربدات، کەواتە دەرکبکرێت.

ئیدێ وەک مۆناد سەرمەدییە، بۆیە کاراییەکی مێتافیزیکیی هەیە، کەواتە تا بێدوایەکی لە هزر دوورە و بۆیە نزیککەوتنەوەشی لە هزر بە هەمان شێوە بێدوایەکییە. لەبەر ئەم هۆیە ئیدێ دەبێت بە “ئیدیال / نموونە”ی گەیشتن بە یەکانە، کە بێگومان هەرگیز هزر پێی ناگات، چونکە هزر تەنیا پێی دەکرێت فێنۆمێنەکان لە پەیوەندییاندا بە ئیدێکانەوە دابڕێژێت بەبێ ئەوەی بتوانێت سنووری ئەو فێنۆمێنانە تێبپەڕێنێت.

بێنیامین هەروەها بە تیۆرییەکی زمان بناغەی ئیدێ دەڕێژێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەگەڕێتەوە بۆ “ئەفسانەی ئافراندن” لە بیبلدا. خودا کە بە پەیڤی خۆی جیهان لە هیچەوە دەئافرێنێت، هاوکات کرۆکێکی هۆشەکی، واتا زمان بە سەرجەم شتەکانی نێوی دەدات، ئەوجا کاتێک خودا مرۆڤ لە ئەرد دروست دەکات، ئەوا ناو لە مرۆڤ نانێت، بەڵکو زمان لەنێو مرۆڤدا بەردەدات بۆ ئەوەی ناو لە شتەکان بنێت، بێگومان هەمان ئەو زمانە کە لای خودا خۆی میدیەمی ئافراندن بوو. لەم ڕوانگەیەوە ئیدێ وەک مۆنادی ئەزەلی بریتییە لە “زمان” کە لە ستاتۆی بەهەشتدا وەک زمانی خودا و مرۆڤ لەگۆڕێیە. تاکە جیاوازیی نێوان زمانی خودا و مرۆڤ لە یەکدی ئەوەیە کە زمانی خودا وەک “پەیڤ” ئافرێنەرە و کرۆکی هۆشەکیی شتەکان دروستدەکات، واتا زمانی بێ-دەنگیان پێدەدات کە ئاوەڵایە بۆ ناسین، لێ زمانی مرۆڤ بە پێچەوانەوە زمانی “ناو”ە کە زمانی شتەکان دەناسێت و ناولێدەنێت.

لەم ڕوانگەیەوە بێنیامین زمانێکی سەرچاوەیی هێمایی مرۆڤ دیاری ناکات، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ “یەکەم بیستن”ی بیبل. مرۆڤ سەرەتا لە ستاتۆی بەهەشتدا پەیڤی خودا “دەبیستێت”، ئەوجا ناونەرانە کرۆکی هۆشەکیی شتەکان دەردەبڕێت. لێ دوای بەربووونەوەی گوناهمەند (دوای خواردنی سێوەکە و دەرکردن لە بەهەشت) زمانی بەهەشتی دادەوەشێت و دەبێت بە زمانی جیهانی کە وشەیە وەک هێمای شتەکان، ئەمەش بە واتای: زمان لە جیهاندا دەبێت بە دەستوێژێک بۆ ڕاگەیاندن کە تێیدا شتێک ڕادەگەیەنرێت و مرۆڤیش وەرگری ڕاگەیاندنەکەیە. لێ زمانی جیهانی تەنیا “ناڕاستەوخۆ” بە بڕیاری لۆژیکی کە لە ئاگایی سەبژێکتدا چنراوە، ڕوو لە شت دەکات. بێنیامین لەدژی ئەم شێوازەی ڕووکردنە شتەکانی جیهان داوا دەکات کە گەرەکە زمان هەوڵێک بێت بۆ بێژتنی “ناو”، کەواتە گەرەکە “گوزارشت” بێت، ئەمەش بەدیدێت گەر “لە” زماندا، نەک “بەڕێی” زمانەوە، ئەوە ببێژرێت کە بە زمان نابێژرێت. هەوڵی بەم چەشنە زۆر بەدەگمەن لە هەندێک کاری هونەریدا بەدیهاتووە کە تێیاندا “کرۆکی ڕاستی” (ئادۆرنۆ) خویا بووە. لەبەر ئەم هۆیە بێنیامین داوا دەکات کە فەلسەفە گەرەکە چاو لە هونەر بکات.

تراکتات (ئێسەی، گۆتار) گونجاوترین شێوەی داڕشتنی فەلسەفەییە. لێ هەرگیز فێنۆمێنە ئاساییەکانی ڕۆژانە نابن بە بزوێنەری هزر، بە پێچەوانەوە فێنۆمێنە پەڕگرەکان (ئێکسترێمەکان) هزر دەبزوێنن بۆ ئەوەی دەریانببڕێت. فەلسەفە پێکهێنانی مۆزایکئاسای پەڕگرانە، پێکهێنانی سەرجەمێکی کراوەیە، ئەوەش لە تراکتاتدا بەدیدەهێنرێت، چونکە ڕەوتی تراکتات ڕاستەوانەیەکی لۆژیکی نییە و لە دەرچەیەکەوە ڕەوتبگرێت، بەڵکو هزر خۆی بێجڵەو بەو فێنۆمێنانە هەڵدەگیرسێنێت کە ئەو خۆی لە قەرەیان داوە، لەم پرۆسەیەشدا هزر بەردەوام بەپێی پێویست خۆی فڕێ دەداتەوە بۆ نێو سەرچاوە تاکو لەوێوە خۆی سەرلەنوێ داڕێژەرانە “هەڵبگیرسێنێتەوە” و پاشان ئەو مۆزایکە بسازێنێت کە مەبەستی خۆیەتی.

هەروەها پرسەنوێنی (Trauerspiel)ی ئەڵمانی بریتییە لە ئیدێ، کەواتە پێکهێنراوێکی کراوەیە کە تێیدا پەڕگران بە “ئاللێگۆری” (مەجاز) داڕێژراون، واتا بەو فۆرمەی داڕشتن کە تەواو جیاوازە لە فۆرمی داڕشتنی سیمبۆلی لە ئەدەب و هونەری کلاسیک و ڕۆمانتیکدا. ئاخر لە ئەمان هەردووکیاندا ڕوخساری سروشتی گیرۆدەی مەرگ بە سیمبۆل دەدرەوشێنرێتەوە و لابەلا لە ڕوناکیی خەڵاسدا دەردەخرێت، لێ ئاللێگۆری سروشت وەک “مێژووسروشت” وەردەگرێت، واتا وەک وێرانە کە هاوکات لەتەکیدا مێژوو دەگوازێتەوە بۆ نێو ڕودانگە، بەبێ ئەوەی بیخاتە نێو پرۆسەی خەڵاسی ئەبەدییەوە، بە پێچەوانەوە وەک ڕوخسارێکی “داماو” یان دیمەنێکی وشکهەڵهاتووی سروشتیی هەرە سەرەتا دایدەڕێژێت. واتا ئاللێگۆری ڕەوشە وێرانەییەکانی نێو مێژوو بەهەند وەردەگرێت، بۆ نموونە هاتووی ناوەخت، دەستپێکی نابەجێ یان نەکبەتی، کە لە “یەک تاکە ڕوخساردا” دایاندەڕێژێت، لێ ئەوە ڕوخسار نییە، بەڵکو “کاسەسەری مردوویەکە” کە هیچ شێوەیەکی “سیمبۆلیانە”ی گوزارشت لە خۆ ناگرێت، بە پێچەوانەوە، ئەو بەناو ڕوخسارە فیگورێکە کە سروشتی خۆی لێ وەریوە. کەچی مایەی سەرنجە، لەو فیگورە بێسروشتەوە سروشتی لێرەبوونی مرۆڤ پڕواتایانە لە شێوەی پرسیاری مەتەڵدا یان وەک شفرە دەئاخڤێت و گەرەکە واتای پێبدرێت.

هۆنەری (هۆزانڤانی، هونەرمەندی) ئاللێگۆری شتە ئۆرگانییەکان تێکدەشکێنێت، بۆ ئەوەی پاشان لەنێو خۆیەوە واتای نوێ بخاتە نێو هەر شتێکی تێکشکێنراوەوە. بۆیە هۆنەر خۆیشی زمانێکی شکاوی هەیە کە زمانی کەرتە قرتێنراوەکانە، یان زمانێکی فراگمێنتارییە. ئاخر هۆنەر، بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ بنەمایەکی “تەواوسازی”، کەرتەوێرانە کەڵەکە دەکات و هەوڵ دەدات واتایان پێبدات، ئەوەش بەو ئامانجە کە مێژوویەکی چەقیو لەنێو وشکایی مەرگدا بژێنێتەوە  – ژیاندنەوەیەکی فراگمێنتاری. بەمەش ئیدی خویا دەبێت کە لە ڕەوتی پێشکەوتنەکانی نێو مێژوودا تەنیا وێرانە بەسەر وێرانەوە کەڵەکەکراون.

بێگومان ئاللێگۆری لای بێنیامین تەنیا تایبەت نییە بە پرسەنوێنی. بە دیدی ئەو سروشت لە دەستپێکی مێژووەوە (لەکاتی بەربوونەوەی گوناهمەندەوە) تایبەتە بە مەرگ، بۆیە سروشت لەتەک سەرەتاگرتنی مێژوودا ئاللێگۆریانەیە. لەم ڕوانگەیەوە سروشت و مێژوو دیالێکتیکییانە دەچنە نێو یەکدییەوە و بەو ڕێیەشەوە پرسی واتادان سەرهەڵدەدات کە وەک ئەرکێک دەکەوێتە ئەستۆی فەلسەفە: ئەو گەرەکە مێژووی ئاللێگۆریانە وەک مەتەڵێک هەڵبهێنێت، یان وەک شفرەیەک بیکاتەوە. ئاخر لە ئاللێگۆریدا هەموو کەسێک، هەموو شتێک یان هەموو پەیوەندییەک دەشێت ئەم واتا یان ئەو واتای هەبێت، کەواتە هیچ ڕەوشێکی تەواو ڕۆشن لەگۆڕێ نییە کە بڕیاری ڕۆشنی لۆژیکییانەی بەسەردا بدرێت. تاکە ئەرکی فەلسەفە واتادانە بە وێرانەی کەڵەکەبووی لێرەبوون.

 

-1 پرسیاری ڕاستی

 

ئێمە بۆ نزیککەوتنەوە لە پرسیاری ڕاستی لای بێنیامین گەرەکە سەرەتا ڕوو بکەینە گەورەترین کێشەی سەرەنجامیانەی مەعریفە لە سیستەمەکانی فەلسەفەدا کە بریتییە لە دووتەوەرەی “سەبژێکت” و “ئۆبژێکت”، واتا دەرککەر و دەرککراو، یان ئاگالێبوو و ئاگالێهاتوو. ئاخر لە پرسی مەئریفەدا هەمیشە ئەو پرسیارە بە کراوەیی دەمێنێتەوە کە داخۆ ئۆبژێکتی نێو ئاگایی تەواو پەتی بێت، واتا خودی سەبژێکت بە پێوەنانی زیادەڕەو لێڵی نەکردبێت، کەواتە ئیدی سەبژێکت بڕیارەکانی بەسەر ئۆبژێکتی لێڵکراوی نێو ئاگایی خۆیدا بدات نەک بەسەر ئۆبژێکتی ڕوون و ئاشکرادا. ئەوجا لە لایەکی دیکەوە ئەو پرسیارە بە کراوەیی دەمێنێتەوە کە داخۆ سەبژێکت بارگاویی نەبووبێت بەو بونیادانە کە لەنێو ئۆبژێکتەکاندا هەن و کاریگەری لەسەر بڕیارە ڕۆشنە لۆژیکییەکانی بنوێنن، کەواتە داخۆ تا چەند سەبژێکت پەتی بێت. ئەم پرسیارانە کە تایبەتن بە مەئریفە، هاوکات پرسیاری گەیشتنن بە زانین / ڕاستی کە بەدوویدا هزرینی فەلسەفەیی (یان زانستی) شیاوی بەرخستن دەبێت. لێ پرسیارەکان هاوکات ڕوودەکەنە ئەو کێشەیە، کە داخۆ تا چەند هزرینی مێتۆدیانەی سیستەم ببێت بەهۆی نامۆبوونی مرۆڤ لە خۆی و جیهان و هاومرۆڤانی، ئەوەش بەو ڕێیەوە کە سیستەم ئەدگارە پێویستە ژیانییەکانی مرۆڤێتی لە ئەوی زیندوو دادەماڵێت (تەجرید دەکات) تاکو بیکات بە سەبژێکتی جیهان.

بۆ نموونە لە فەلسەفەی ئەمپیریزمدا ڕێگەی هزرین بە مێتۆدی گشتاندن ئاوەڵا دەکرێت، واتا هزرمەند لە دەرککردنی تاکە شتەکانی نێو ئەزمووندەرییەوە دەردەچێت، ئەوجا بۆ-نێو-بەرانە (بە ئیندوکتیڤ) شتە دەرککراوەکان لەنێو ئاگایی خۆیدا دەپەرچێنێت و بەو ڕێیەوە ئاگامەندانە سەردەکەوێت بۆ دەرەنجامگیریی بڕیاری لۆژیکی. کەواتە لێرە بەدیهێنانی ڕاستی / زانین تەنیا دەرکێشانی گشتێتییە لە شتە تاکە دەرککراوەکانەوە (“سۆکرات بمرە، سۆکرات مرۆڤە، کەواتە سەرجەم مرۆڤان بمرن”).

یان فەلسەفەی ڕاسیۆنالیزم بە مێتۆدی تایبەتاندن لە گریمانەی ئاگامەندانەی گشتییەوە دەردەچێت، واتا ڕێگەی هزرین لە بنەماکانی ماتماتیک یان بڕیاری لۆژیکییەوە کە چواندنی گشتییان هەیە، ئاوەڵا دەکات، ئەوجا بۆ-دەر-بەرانە (بە دێدوکتیڤ) دادەبەزێت ڕووەو دەرئەنجامگیری، کەواتە لێرە بەدیهێنانی ڕاستی / زانین تەنیا دەرکێشانی تایبەتێتییە لە گشتێتییەوە (“سەرجەم مرۆڤان بمرن، سۆکرات مرۆڤە، کەواتە سۆکرات بمرە”).

نموونەیەکی دی بریتییە لە پۆزەتیڤیزم کە تەنیا شتە فاکتییەکانی نێو جیهان، واتا شتە “پۆزەتیڤەکان” کە داکەوتییانە لەگۆڕێن و گومان لە هەبوونیان ناکرێت، وەک بابەتی لێتوێژینەوە وەردەگرێت و بڕیاری لۆژیکییان بەسەردا دەدات، هاوکات هەر شتێک لەتەک ئەو دراوە پۆزەتیڤانەدا یەکنەگرێتەوە، یان لە هەبوویی ئەوان تێپەڕبکات، واتە “مێتا-فیزیکی” بێت، ئەو ڕەتی دەکاتەوە. ئاخر فەلسەفە (هەروەها زانست) گەرەکە تەنیا دراوە پۆزەتیڤەکانی شیاوی دەرککردن وەربگرێت و دراوەکان بەگوێرەی یاساگەلی تایبەتی کە ئەزموونییانە شیاوی هەڵوەشاندنەوە و لەکارخستنن، ڕێکبخات، ئەوجا لە یاسا ناسێنراوەکانەوە پرۆگنۆز دابنێت. کەواتە ڕاستی لە پۆزەتیڤیزمدا بەندە بە شتە فاکتییەکانی شیاوی پێوان و ژماردنەوە.

با لە کۆتاییدا سیستەمەکانی ئیدیالیزم بە نموونە وەربگرین کە لە خوارەوە بە تایبەتی پێوەیان خەریک دەبین. ئەو سیستەمانە سەرباری جیاوازیی مێتۆدیانەیان لەم لایەنەدا یەکدەگرنەوە: ئەوان سەرەتا ئیدێکان ڕێکدەخەن، ئەوجا ڕێکخراوییەکە وەک بنەڕەتێک بۆ ڕێکخستنی ئەزمووندەری دادەنێن.

بێنیامین ڕەخنەییانە لەبارەی ئەو جۆرە فەلسەفانە دەبێژێت: لەو فەلسەفانەدا مەئریفە و ڕاستی بەرانبەر یەکدی دەوەستنەوە، واتا ئەوان ڕاستی لە تاکە مەئریفەوە بە یاریدەی “تێگە” (مەفهوم) بەدیدەهێنن، کەواتە ناڕاستەوخۆ پێی دەگەن وەک “کۆ”ی چەند تێگەیەکی هزری. لێ ئاشکرایە کە “کۆ” یەکانە نییە، یان سەرجەم نییە، بۆیە ڕاستی ی بەدیهێنراوی ئەو جۆرە فەلسەفانە لە بنەڕەتدا ڕاستی نییە، بەڵکو “ڕاست” (سەحیح)ی لۆژیکییە(5). بۆ نموونە بڕیاری “ئازاد چاکە” ناڕاستەوخۆ لە تاکە مەئریفەی جیاوازەوە بەدیهێنراوە، وەک: ئازاد بەپیر داواکارییەکانی دۆستانییەوە دەچێت؛ ئازاد هاوکاری لێقەوماوان دەکات؛ ئازاد بەخیل نییە؛ ئازاد ڕاشکاوە و هتد. دوای چێبوونی ئەو تاکە مەئریفانە لە ئاگاییدا، کەواتە دوای ئەزموونکردنی زۆر کرداری ئازاد، هزرمەند دەگات بە بڕیاری “ئازاد چاکە”.

ئێمە پتر لە تێڕوانینی بێنیامین سەبارەت بە پرسی کۆ و سەرجەم نزیک دەکەوینەوە، گەر لە تێزەکەی تیۆریی گێشتاڵت (Gestalt) بڕوانین کە دەبێژێت سەرجەم گەورەترە لە کۆی کەرتەکان. بۆ نموونە سەرجەمی (فۆرمی) خانوویەک گەورەترە لە کۆی کەرتەکانی ئەو خانووە، وەک بەرد، دار، پەنجەرە، دەرگا و هەورەبان و هتد.

بە دیدی بێنیامین “فەلسەفە ‘داڕشتن’ی ڕاستییە”(6) وەک یەکانە. ڕاستی سەرجەمێکە کە هەرگیز نابێت بە پرسی لێهزرین، چونکە بوونی ڕاستی بێ-مەبەستە (نا-ئینتەنسیۆنالە)، واتا لەنێو خۆیەوە دەرنەچووە و هەرگیز دەرناچێت. لێ گەر ئێمە بە پێچەوانەی ئەم تێڕوانینەی ڕاستییەوە وەک یەکانە گریمانە بکەین کە گۆیا ڕاستی مەبەستمەندە، کەواتە وەک کێشەیەکی لێهزرین وەریبگرین، ئەوسا ڕاستی بریتی دەبێت لە “ڕاست” (سەحیح) و دەتوانین پرسیاری ئاڕاستە بکەین، چونکە ئەوسا بەدیهێنراوێک دەبێت لە پەیوەندیی نێوان سەبژێکت و ئۆبژێکتەوە، کە ئیدی ئێمە ناچار دەبین “بپرسین، داخۆ تا چەند پەیوەند بەو پرسیارەوە کە لەبارەی ڕاستی کراوە، وەڵامێک دراوەتەوە و وەڵامیش بۆ ئەو پرسیارە نابەجێیە، چونکە دەبوو پەیوەند بەو پرسیارەوە پرسیارێک بکرێت. ئەوجا پێش وەڵامدانەوەی پرسیارەکەش لەبارەی پرسیاری ڕاستی پێویست دەبوو هەمان پرسیار جارێکی دی لەبارەی وەڵامەکەی بکرێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە یەکانەی ڕاستی خۆی لە هەر پرسیارکردنێک بەدووردەگرێت” (7).

لێ گەر بوونی ڕاستی ڕێ نەدات پرسیاری ئاڕاستە بکرێت، ئەوا ڕاستی بابەتی لێڕوانراو نییە، یان دیار نییە، بەڵکو لە “حەشارگە”دایە، هاوکات هەر هزرێک بییەوێت هەنگاو بنێتە نێو ئەو حەشارگەیەوە، ئەوسا یەکسەر ڕاستی لە بەردەمیدا تونا دەبێت. لەم ڕوانگەیەوە ئێمە هەرگیز بە ڕاستی ناگەین.

بێنیامین ئەم کێشەیە بە نموونەی ئەفسانەی زایس لە میسر ڕووندەکاتەوە: کوڕێک دەچێت بۆ زایس و لەوێ پەیکەرێکی گەورەی داپۆشراو دەبینێت، ئەوجا کاتێک دەپرسێت کە داخۆ ئەو شتە داپۆشراوە چی بێت، لە وەڵامدا پێی دەبێژرێت، ئەوە ڕاستییە و خودایەتی فەرمانی داوە کە نابێت پەردەی لەسەر لاببرێت. لێ کوڕە زۆر بەپەرۆشە بۆ ئەوەی بزانێت ئەو وێنە داپۆشراوە چییە، بۆیە کە شەو داهات، بە نهێنی دەچێت پەردەی سەر وێنەکە لادەبات. ڕۆژی ئایندە دانیشتوانی شار دەبینن کە ڕەنگی کوڕە سپی هەڵگەڕاوە، هەروەها ناتوانێت لەبارەی ئەوە بئاخڤێت کە بینیویەتی، جگە لەوە هەرگیز شادمانی لە ناخیدا ناپشکوێتەوە و تەنانەت بە گەنجی دەمرێت (8).

کەواتە نەوەک تەنیا ڕاستی بە ئاشکراکردنی تونا دەبێت، بەڵکو تەنانەت خودی ئەوداڵبوونی ڕاستی لە بەردەمیدا دادەمرکێتەوە، بەڵێ “ڕاستی مەرگی هزرینی مەبەستەکییە” (9). لێ گەر ئەمە هەقیقەتی ڕاستی بێت، ئیدی ئایا چۆن فەلسەفە بتوانێت ئەرکی خۆی کە داڕشتنی ڕاستییە، بەدیبهێنێت؟ بێنیامین دەبێژێت، کە “ڕاستی تەنیا لە (…) ئیدێی داڕێژراودا دەردەخرێت” (10)، یان ڕاستی “خۆی” بە داڕشتنی ئیدێ بەیان دەکات، ئەوە بێگومان ساتەکییانە، بروسکەئاسا، بەبێ ئەوەی “هەرگیز شیاوی پەخشاندن بێت بۆ نێو کایەی مەئریفە” (11). ئاخر بروسکە وەک داگیرساوێکی ساتەکی یەکسەر دەکوژێتەوە.

 

-2 کۆنسێپتی ئیدێ

 

ڕەخنەی بێنیامین لە فەلسەفەکانی ئیدیالیزم ئەوەیە، کە ئەوان سەرباری جیاوازیی مێتۆدییان لە ئامانجێکدا یەکدەگرنەوە: ئەوان ڕێکخراوییەک بە ئیدێکان دەدەن و ڕێکخراوەکە وەک بنەڕەتی ئەزمووندەری دادەنێن، چونکە ئەزمووندەری بە دیدی ئەوان تەنیا بەو شێوەیە بەهایەک وەردەگرێت.

سەرەڕای ئەوە ئیدێ لە هزری بێنیامینیشدا کاراییەکی نێوەندیی هەیە، هێندە نەبێت کە ئیدێ لای ئەم جووتواتاییە. سەرەتا گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین، کە بێنیامین ناوی جیاواز لە ئیدێ دەنێت، وەک: مۆناد، زمان، سەرچاوە، لێرەشدا ئەم ناوانە پێکڕا نیشانەیەکن بۆ ئیدێ وەک بنەڕەتێکی مێتافیزیکی. لەم ڕوانگەیەوە “ئیدێکان کۆنستێلاسیۆنی ئەزەلین”(12)، واتا وەک پێکهاتەی “مۆناد”ی جیهانیان لە ئەزەلەوە بەڕێکخراوی ڕاگرتووە. لێ بێنیامین هەروەها دەبێژێت کە ئیدێ بریتییە لە کۆنفیگوراسیۆن. ئیدێ لەم ڕووەوە پێکهێنراوێکی پاڵیەکییە لە فێنۆمێنی جیاواز، لێ پێکهێنراوێک کە “لەنێو جەرگەی ئەزمووندەریدا”(13)، کەواتە لە جیهانی مێژووییدا، داڕێژراوە.

 

12 ئیدێ وەک مۆناد

 

ئیدێ بە دیدی بێنیامین بریتییە لە “مۆناد”(14)، ئەمەش تێگەیەکە کە ئەو لە فەلسەفەی لایبنیتسی وەردەگرێت و دەیەوێت بەو تێگەیە جەخت لە بنەڕەتی مێتافیزیکییانەی جیهان بکات. لێ ئێمە سەرەتا گەرەکە بۆ پتر ڕوونکردنەوەی پرسی مۆناد ڕووبکەینە مۆنادۆلۆژییەکەی لایبنیتس وەک هەوڵێکی فەلسەفەیی بۆ نەهێشتنی دووتەوەرەیی سەبژێکت-ئۆبژێکت، کەواتە هەروەها هەوڵێکە بۆ نەهێشتنی جیابوونەوەی لەش و دەروون لە یەکدی کە لە فەلسەفەکانی ئەمپیریزم و ڕاسیۆنالیزمدا بەڕێی چەسپاندنی دەرچەی (مەبدەئی) مێتۆدییەوە سەریهەڵدابوو (بڕوانە سەرەوە).

لایبنیتس بنیاتنانی مەئریفە بە یاریدەی تێگە ڕەتدەکاتەوە، چونکە تێگەکان تەنیا دەستوێژی تاکە ئەزموونن و هاوکات تەنیا ڕوونکردنەوەی ماتماتیکی و میکانیکی و هتد ئامادە دەکەن. لایبنیتس بەرانبەر ئەم شێوەیەی بنیاتنانی مەئریفە بنەمایەکی مێتافیزیکیانەی مەئریفە دەچەسپێنێت تاکو لەنێویدا جیهان بەگوێرەی بونیادی خۆی پێشانبدرێت.

لایبنیتس وایدادەنێت کە تەنیا بوونی هۆشەکی، واتا مۆناد، ژیانی ڕاستەقینەیە، “یەکانە”ی نەشیاوی دابەشاندنە یان ئەتۆمی ڕاستەقینەی ئەزمووندەرییە. مۆنادەکان گەوهەری (زوبستانسی) جیهانن. ئاخر لە ئەزمووندەریدا تەنیا ماتەریی “ئاوێتە” (کشاو) هەیە، لێ لەبەر ئەوەی هەموو ئاوێتەیەک لە “سادە”ی هەرگیز نەکشاو پێکهاتووە، ئەوا دەبێت گریمانەی ئەو گەوهەرە سادانە / مۆنادانە وەک ئەتۆمی جیهان بکەین. لێ لایبنیتس لەم پەیوەندییەدا گریمانەی کردارێکی ئافراندن دەکات تاکو وەک دەرچەی ئاوەڵاکردنی هزری خۆی بیچەسپێنێت، ئەمەش بە واتای: یەکەم مۆناد، خودا، لە “هیچ”ەوە جیهان دەئافرێنێت. لێ خودا هەر لە سەرەتاوە چەند پێشبینییەکی بۆ شێوەی جیای جیهانێکی ئافرێنراو هەیە، ئەوجا لەبەر ئەوەی خودا بەڕەهایی چاکە و تەنیا چاکەی دەوێت، ئەوا لەنێو پێشبینییەکانیدا بڕیار بۆ چاکترینیان دەدات، واتا مۆنادەکان وەک بناغەی سازاندنی ئەم جیهانە چاکەی ئێمە دادەنێت (کەواتە لە نێویدا هیچ جێیەک بۆ خراپە / شەیتان نییە، بە پێچەوانەوە خراپە لە جیهاندا دەگەڕێتەوە بۆ کرداری سۆزمەندانەی مرۆڤ).

گەرچی مۆنادەکان ڕێکخراوی جیهان ڕادەگرن، سەرەڕای ئەوە هیچ پەیوەندییەک لە نێوانیاندا نییە. ئەوان کە بەڕەهایی سادەن، تەنیا بنەڕەتی ماتەریی ئاوێتەن، لێ هیچ ماتەرییەکی ئاوێتە لە یەکێکی دیکە ناچێت، بۆیە هەر مۆنادێک بۆ خۆی میکرۆکۆسمۆسێکە. ئەوجا لەبەر ئەوەی هەر مۆنادێک کرۆکیانە ئەوە دەژێنێت کە بە هەمان شێوە هەر مۆنادێکی دی سەربەخۆ لە ئەو دەیژێنێت، ئەوا مۆنادەکان خۆیان پێکڕا لە هارمۆنیدا دەبیننەوە، ئەوە سەرباری نەبوونی پەیوەندی لە نێوانیاندا. ئەم هارمۆنییەی نێوانیان دەبێت بە هۆیەک بۆ ئەوەی جیهانی ئەزموون کە دەرهاویشتەی ئەوانە، کاراییەکی ڕێکخراو وەربگرێت و سەرجەم ڕوودانەکانی نێوی یاسامەند و مەبەستمەندبن.

بێگومان ڕێکخراوی جیهان هەروەها لەش و دەروونی مرۆڤیش لەخۆدەگرێت، بۆیە پێشبینییەکان و زانینی ئاوەزمەندانەی مرۆڤ سەر بە هەمان ڕێکخراوی جیهانن (بە پێچەوانەی دێکارت کە وەک تەواو جیاواز لە یەکدی دایاندەنێت). مرۆڤ بە ئاوەز لەبارەی بنەڕەتی مۆنادیانەی جیهان دەزانێت، ئەو هەروەها بە سێنسەکانی (حەواسەکانی) دەرکی جیهانی دەروێنەیی دەکات، لێ هەردووکیان زانینن، چونکە چە ئاوەز و چە سێنسەکان مۆنادییانە بنیاتنراون، هێندە نەبێت کە ئێمە پەیوەند بە هەردووکیانەوە تەنیا پلەی جیای ڕوون و ئاشکراییمان لە زانیندا هەیە. کەواتە نەک تەنیا زانینی ئاوەزمەندانەی کامیل زانینی “ڕاستەقینە”یە، بەڵکو هەروەها پێشبینییەکانی جیهانیش کە بە دەرککردنی سێنسیانەی جیهان چێدەبن، پێشبینیی “ڕاستەقینە”ن، ئەوە سەرباری ناکامیلی و ناڕۆشنی و شێواییان. ئاخر ئاوەز کە پێدەزانێت، هەروەها سێنسەکان کە دەرکی شتەکانی نێو ئەزمووندەری دەکەن، لەو “هارمۆنییە”دا پێکەوەگرێدراون کە خودا لە سەرەتاوە چەسپاندویەتی(15).

کاتێک بێنیامین ئیدێ ناودەنێت “مۆناد”، ئەوا دەیەوێت بەو ڕێیەوە ببێژێت کە ئیدێ هەمەکییە (تۆتالە)، یەکانەی نەشیاوی دابەشاندنە، کەواتە بۆ خۆی بریتییە لە میکرۆکۆسمۆسێک. بێنیامین لێرەدا دژی تێگەی”فاکتوم” هەڵوێست وەردەگرێت کە لە پۆزەتیڤیزمدا بەڕووتی، وەک نەشیاوی گومانلێکردن، وەردەگیرێت، لێ ئەو بە پێچەوانەوە جەخت دەکات: هەموو پرسێک کە وەک کێشەی هزر سەرهەڵدەدات، هەمیشە ناچارە ڕەچاوی بنەڕەتی مۆنادیانەی جیهانی فێنۆمێنەکان بکات، چونکە جیهان ئەم وێنە مێتافیزیکییەی مۆنادی لەخۆگرتووە و لە نێویدا هارمۆنیانە بە بێ-دەنگی دەئاخڤێت. بۆیە ئیدێ دەرفەت بۆ تەئویلکردنی / دەرخستنی جیهان دەڕەخسێنێت. چۆن تەلارسازێک لە ڕوانگەی لایبنیتس وێنەییانە پلانی بینایەک دەکێشێت و پاشان بیناکە بەگوێرەی ئەو پلانە دروستدەکات، بە هەمان شێوە گەرەکە فەیلەسوف لە داڕشتنی ئیدێدا “ئەم وێنەیەی جیهان بە کورتکراوەیی نیگاربکێشێت”(16). بێگومان ئەم وێنەیەی جیهان بەرهەمی دەرککردن نییە، بەڵکو ئەوە خودی ئیدێی بزوێنەرە کە گەرەکە هەوڵی داڕشتنی بدرێت. لێ ئێمە پێش پرسی داڕشتنی ئیدێ (بڕوانە 2-3، تەوەری “ئیدێ وەک فیگورسازی”) پێویستە ڕووبکەینە تیۆریی زمان ی بێنیامین، چونکە ئیدێ وەک “زمان” چالاک دەبێت. ئەوە زرنگەی هارمۆنیانەی ئیدێکانە کە گەرەکە ببیسترێن.

 

-2-2 ئیدێ وەک زمان

 

ئیدێکان لە ئەزەلەوە جیهانیان لە هارمۆنیدا ڕاگرتووە. لێ بوونی ئیدێ، هاوشێوەی بوونی ڕاستی، بێ-مەبەستە، ئەم بێمەبەستییەش ئەدگاری “ناو”ە، ئەوە بێگومان نەک لە زمانە مێژووییەکاندا، بەڵکو لە ستاتۆی بەسەرچووی بەهەشتدا پێش بەربوونەوەی گوناهمەند (گوناهەکەی ئادەم و حەوا). زمان لە ستاتۆی ناوبراودا جارێ وەک زمانەکانی جیهان نەبووە بە دەستوێژی ڕاگەیاندن، بەڵکو وەک “هەرە یەکەمین بیستن” لەگۆڕێ و کارایە، کەواتە هێشتا زمانی ئافراندنی جیهانە لە لایەن خوداوە. لەم جێیەدا گەرەکە دەستپێکی بیبل بهێنینەوە یاد کە ئەوها دەبێژێت: سەرەتا پەیڤ هەبوو، پەیڤ لای خودا بوو، خودا خۆی پەیڤ بوو.

بێنیامین لە بناغەڕشتنی زمانی “ناو”دا دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانەی ئافراندنی جیهان لە بیبلدا، لێ نەک بۆ ئەوەی وەک بناغەی لێهزرین دایبنێت، بەڵکو بەڕێی ئەفسانەی ئافراندنەوە هەوڵ دەدات بنەڕەتی مێتافیزیکییانەی جیهان دەربخات، هاوکات بەو ڕێیەوە تیۆریی هێما بخاتە ژێر ڕەخنەوە کە بە دیدی ئەو تیۆرییەکی “بۆرژوازییانەی زمانە” (17) و ئامانجی دەستگرتنە بەسەر جیهاندا.

تیۆریی هێما لەکاتی ئەڕیستۆتێلیسەوە (بەسەر ئۆگوستینوس، پایرس، دێ سۆسوور، جاکۆبسن و هتد) لەنێو فەلسەفەدا تا سەردەمی ئەمڕۆمان لە دیارترین داکۆکیکارانی زمانە وەک هێما. لەم ڕوانگەیەوە زمانی مرۆڤ سیستەمێکی ئیتیفاقییانەی هێماگەلە. لێ بێنیامین لەدژی ئەم تیۆرییە دەبێژێت، گەر زمان بەند بووایە بە ئیتیفاقی دەرەکییەوە، ئەوسا “مرۆ دەیتوانی بە ئارەزووی خۆی ڕێسا لەنێو سیستەمی زماندا دابنێت و دابنێتەوە”، بەڵێ ئەوسا مرۆ دەیتوانی “لە کایەی زماندا جارێک لێرە و جارێک لەوێ ئەم یان ئەو لەبریی دەربکێشێت”(18). لە بنەڕەتدا گریمانەی زمان وەک ئیتیفاق خودی تیۆرییەکە دەخزێنێتە نێو مامەڵەیەکی نادروستەوە لەتەک وشەدا، چونکە پاشان لەو گریمانەیەوە وایدادەنێت، کە گۆیا ناوەکان دەستوێژن و مرۆڤ “بەڕێی” ئەوانەوە کرۆکی هۆشەکیی خۆی ڕادەگەیەنێت. ئەوجا لەم سەرەنجامەی گریمانەکەوە کە گۆیا مرۆڤ “بەڕێی” ناوی شتەکانەوە خۆی ڕادەگەیەنێت، سەرەنجامێکی دیکە دەکەوێتەوە: ئێستا وادادەنرێت کە گۆیا مرۆڤ بەو ڕێیەوە شتێک بە مرۆڤانی دی “ڕادەگەیەنێت”، لێرەشدا ئاشکرایە کە ڕاگەیاندن بە وشە ڕوودەدات و وشە دەستوێژی دیاریکردنی شتەکانە، یان دەستوێژی پێڕاگەیاندنە، ئەوجا پێڕاگەیەنراو شتێکە وەک بابەت، مرۆڤیش وەرگری پێڕاگەیاندنەکەیە (19).

بێنیامین بە پێچەوانەوە لە پرسی زماندا دەستوێژ و شت و وەرگری پێبێژتن ڕەتدەکاتەوە. بە دیدی ئەو هەموو “بێژتنێکی ناوەرۆکیانەی هۆشەکی” زمانە، کە بێگومان نەک تەنیا مرۆڤ، بەڵکو هەروەها شتەکانیش دەگرێتەوە. پێکڕا خاوەنی زمانن. ئەوجا بێنیامین لەدژی تیۆریی هێما جەخت دەکات کە هیچ بوونەوەرێکی زماندار کرۆکی هۆشەکیانەی خۆی “بەڕێی” زمانەوە ڕاناگەیەنێت، بەڵکو “لە” زماندا دەیبێژێت. لەم ڕوانگەیەوە زمان کرۆکی زمانییانەی شتەکان دەبێژێت، زمان خۆی “میدیەم”ی بێژتنە. زمانی چرا بۆ نموونە چراکە نابێژێت (ئاخر کرۆکی هۆشەکیی چرا، کە شیاوی بێژتنە، خودی چراکە نییە)، بەڵکو زمان-چرایە، چرایە “لە” بێژتندا وەک ئاوەڵایەکی خاوەن گوزارشت، لێرەشدا کرۆکی زمانییانەی چرا خودی زمانی ئەوە. بێنیامین پەیوەند بەم دەربڕینەوە هەموو تانوتێکی هەمانگۆیی (تاوتۆلۆژی) ڕەتدەکاتەوە و ئەرگومێنت دەهێنێتەوە کە ڕستەکە لە کرۆکدا ئەم واتایە دەگەیەنێت: “ئەوە کە لە بوونەوەرێکی هۆشەکیدا خۆی پێدەبێژێت، بریتییە لە زمانەکەی خودی ئەو”(20).

ئێمە لەم جێیەدا گەرەکە سەرلەنوێ بگەڕێینەوە بۆ ئەفسانەی ئافراندن کە دەبێژێت خودا بە پەیڤی خۆی بانگی مرۆڤ (ئادەم) دەکات. بێنیامین لەم پەیوەندییەدا وایدادەنێت، کە ناو “تەنیا … بانگکردن نییە”، بەڵکو هەروەها “لەگەڵ-پەیڤینە”(21)، کەواتە خودا تەنیا پەیڤی خۆی ئاڕاستەی مرۆڤ ناکات، بەڵکو هەروەها لەتەکیدا دەپەیڤێت و پەیڤینیش خۆدەربڕینێکی تەواو پەتییە (22). ئاخر لەم پێبێژتنەدا کرۆکی هۆشەکی بریتییە لە “خودی زمان”، کە هاوکات “تەواو سەرجەمی”یە؛ لێرە ناو “گەرەنتی دەدات کە زمان کرۆکی هۆشەکییانەی مرۆڤ بێت”، لێ کرۆکێکی ئەوتۆی هۆشەکی کە “بەتەواوی شیاوی پێبێژتنە”(23). بە شێوەیەکی دی ببێژین، زمان کە خۆی میدیەمە، نیشانەیەکە بۆ ڕاستەوخۆیی بێژتن، ئەوجا لەبەر ئەوەی هیچ شتێک خۆی بەڕێی زمانەوە ڕاناگەیەنێت، ئەوا ناشێت ئەو ئەوەکەیە کە خۆی لە زماندا دەبێژێت، لە دەرەوە سنووری بۆ دابنرێت یان بپێورێت، بۆیە زمان بێدوایەکییە.

بەگوێرەی ئەفسانەی ئافراندن، خودا دوو هەڵوێستی جیاواز بەرانبەر “شتەکان” و “مرۆڤ” وەردەگرێت: خودا سەرەتا شتەکان لە پەیڤەوە دەئافرێنێت، هاوکات بە کرۆکێکی هۆشەکی دەیانتەنێت، واتا زمانیان پێدەدات، لێ خودا لە ئافراندنی مرۆڤدا “لەو بنەمایە لادەدات”: مرۆڤ هاوشێوەی شتەکان لە پەیڤەوە نائافرێنێت، بەڵکو “بۆ دروستکردنی مرۆڤ کەرەسەی ئەرد وەردەگرێت”، ئەوجا “ناو لە مرۆڤ نانێت”، کەواتە “نایخاتە ژێر ڕکێفی زمانەوە”، بەڵکو “زمان لەنێو مرۆڤدا بەردەدات”(24) – بێگومان هەمان ئەو زمانە کە لای خۆی میدیەمی ئافراندن بوو. بێنیامین خۆبینینەوەی مرۆڤ لەنێو پەیڤدا بە دەربڕینێکی هامان ڕووندەکاتەوە کە دەبێژێت: “مرۆڤ سەرەتا هەرچییەکی بیست، هەرچییەکی بینی (…) و دەستەکانی هەرچییەکیان گرت، تەنیا (…) پەیڤی زیندوو بوو. بەم پەیڤە سەرچاوەی زمان لەنێو زار و لەنێو دڵدا بەقەد گەمەی زارۆکان سروشتی و نزیک و سانا بوو …”(25).

کەواتە خودا ئافرێنەرییەکەی خۆی بە مرۆڤ دەدات، تاکو ناو لە شتەکان بنێت، بەم ڕێیەشەوە زمانی مرۆڤ لە زمانی شتەکان جیادەبێتەوە: زمانی شتەکان بێ-دەنگە، لێ زمانی مرۆڤ دەنگ-دارە. شتەکان تەنیا بە گەلەکییەکی کەم یان زۆری کەرەسەیی خۆیان بە یەکدی دەبێژن، کە بێگومان گەلەکییەکی تەواو ئاوەڵایە، یان تەواو ڕاستەوخۆ و بێدوایەکیە، لێ زمانی مرۆڤ، سەرباری گەلەکێتیی هۆشەکییانەی لەتەک شتەکاندا، لە زمانی ئەوان جیاوازە، چونکە ئەم دەنگ-دارە، چونکە ئەم “ناو-لێ-دەنێت”(26).

بێگومان گەرچی خودا هەمان ئەو زمانە لەنێو مرۆڤدا بەردەدات کە لای خۆی میدیەمی ئافراندن بوو، سەرەڕای ئەوە زمانی بەهەشتیانەی مرۆڤ جیاوازە لە پەیڤی خودا: زمانەکە لای خودا ئافرێنەرە، لێ لای مرۆڤ بناس و ناونەرە و کردەکێتیی / ئەکتوالێتیی خودایی لێکراوەتەوە. ئاخر زمانی بناس و ناونەر هەرگیز بە پەیڤ ناگات، یان بە شێوەیەکی دی ببێژین: هەرگیز مەئریفە بە ئافراندن ناگات. سەرەڕای ئەوە مرۆڤ لە ڕەوتی ناولێناندا ڕاستەوخۆ کرۆکی هۆشەکیی شتەکان دەبێژێت (دەر-بێژێت). بێنیامین لەم پەیوەندییەدا لە “تەرجومەکردن”ی کرۆکی هۆشەکیی شتەکان دەدوێت، چونکە کاتێک مرۆڤ ناو لە کرۆکی هۆشەکیی ئەوان دەنێت، ئەوا بەو ڕێیەوە پێگەی هەبوویی ئەوان دەگۆڕێت. لەم ڕوانگەیەوە هەموو زمانێکی باڵاتر، بەدەر لە زمانی خودا، هەمیشە تەرجومەکردنی زمانە نزمترەکانە وەک کردارێکی کامیلکردن. ئاخر بێ-دەنگیی شتەکان نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان کێماسن، ئەوجا بە ناولێنان دەگوازرێنەوە بۆ نێو زمانی دەنگ-داری مرۆڤ (27)، لێ هاوکات لەم ڕەوشەدا خودا کە شتەکانی لە پەیڤەوە ئافراندووە، “خۆی کەفیلی دروستیی تەرجومەکردنەکەیە”(28). ئاخر لەبەر ئەوەی مرۆڤ لە ستاتۆی بەهەشتدا “تەواو بناسە”، ئەوا “هەبوویی درەخت” ناتوانێت خۆی لە مەئریفە بشارێتەوە، بە پێچەوانەوە “سێوەکان”ی درەخت ڕاستەوخۆ مەئریفەی چاکە و خراپە بە مرۆڤ دەگەیەنن، لێرەشدا زانین لەبارەی ئەوە کە داخۆ چی چاک و چی خراپ بێت، زانینێکی ناخەکییە، چونکە درەخت بەڕەهایی بۆ مەئریفە ئاوەڵایە، بۆیە هیچ کاریگەرییەکی ناپەسەند لە مەئریفە ناکەوێتەوە (29). نەخێر، مرۆڤ لە پرۆسەی تەرجومەکردندا تەنیا ئەرکێک بەجێدەگەیەنێت کە خودا خستوویەتییە ئەستۆی: خودا زمانی لەنێو ئەودا بەرداوە، ئەویش پێشوازی لە زمانی بێ-دەنگ ی شتەکان دەکات و بە ناونان لێیان دەیانخاتە ڕەوشی دەنگییەوە.

لێ بەربوونەوەی گوناهمەند (دوای خواردنی سێوەکە) کۆتایی بە زمانی ناو دەهێنێت: زمانی بەهەشت لەکاردەکەوێت و زمانی “جیهانی” جێی دەگرێتەوە. ئێستا بێئەندازە زمانانی هێمایی دێنەگۆڕێ کە چیدی تەرجومەکردنی زمانی شتەکان نین بۆ زمانی ڕاستەوخۆی ناو، بەڵکو پێکڕا زمانی ناڕاستەوخۆی هێمایین، بۆیە چیدی هاوشێوەی زمانی بەهەشت بەتەواوی بناس نین. نەخێر، ئێستا لە ستاتۆی جیهاندا مەئریفە جارێکی دی لە فرەجۆریی زماناندا دادەبەشێت و دەخزێتە ئاستێکی نزمترەوە لەو ئاستە کە تێیدا ئافراندن بۆ ناو دابەشی. لەم ڕوانگەیەوە زمان بە دۆڕاندنی ئەدگاری بناس و ناونەر دەشێوێت.

بێنیامین شێوانی زمانی بەهەشت بەم شێوەیە دەردەبڕێت: “ناو لەو ساتەدا وشەیە، کە تێیدا وشە هێمایە”(30)، ئەمەش بە واتای: ناو کە لە بنەڕەتدا تەرجومەکردنی زمانی شتەکانە، ئەم ئەدگارەی دەدۆڕێنێت هەر ئەوەندەی بوو بە وشەی هێمایی بۆ شت. ئێستا لە ناوی خۆیی شتەوە وشەی بڕیاردەر (حوکمدەر) بەسەر شتەکاندا سەرهەڵدەدات، بەمەش “شتەکان خۆیەتییان دەدۆڕێنن”، چونکە زمان لۆژیکییانە “بڕیارێکی گشتێنەر” لەبارەی ئەوان “ڕادەگەیەنێت”(31)، بۆ نموونە “ئازاد فەیلەسوفە”، یان “وڵاتی ئێمە بەهەشتی سەرزەمینە”. کەواتە زمان بە بڕیاردانی لۆژیکی دەبێت بە زمانێکی ناڕاستەوخۆ، بە پێچەوانەی زمانی ساغی بەهەشت کە ڕاستەوخۆ بەند بوو بە کرۆکی هۆشەکیی شتەکانەوە.

دوورکەوتنەوە لە ڕاستەوخۆیی بێژتن، لە ناو، دازنانە بۆ نێو خەرەندی ڕاگەیاندنی ناڕاستەوخۆی وشە. ئێستا وشە هیچی دیکە نییە جگە لە دەستوێژی ڕاگەیاندن. بێنیامین ئەم بەدڕەوشە (پێش هایدێگەر!) ناو دەنێت بەربوونەوە بۆ نێو خەرەندی بێبناغەی چەنەبازی (32)، کە بێپشوو پرسیارکردنە لەبارەی چاکە و خراپەی نێو جیهان. ئاخر گەر لەتەک بەربوونەوەدا “شتەکان بئاڵۆزێن، ئەوا دەبێت هێماکانیش بپەشۆکێن”(33)، ئەوجا بۆ خاتری ڕاستکردنەوەی ئەو بەدڕەوشە خودی زمان دەکرێت بە ئامراز. ئەمە بۆ بێنیامین بەکۆیلەکردنی زمانە، کە ئەویش پاشان وەک کۆیلە لە بڕیاری ناڕاستەوخۆی لۆژیکیدا دەبێت بەهۆی چەوساندنەوەی شتەکان.

ئێمە گەرەکە لەم جێیەدا سەرلەنوێ ڕووبکەینەوە زمانی هۆشەکییانەی ڕاستەوخۆ کە زمانە وەک میدیەم، یان پێبێژتنە بە پێچەوانەی پێڕاگەیاندن. لە بنەڕەتدا گەڕانەوەی بێنیامین بۆ زمانی ناو تەنیا بەو مەبەستە نییە کە جیاوازی لە نێوان دوو ڕەوشی زمانیدا بکات و بەو ڕێیەوە کێشەکانی زمانی فەلسەفە دەربخات، بەڵکو ئەو هاوکات لەم هەڵوێستەیدا “یوتۆپیا”یەکی هەیە: بەگوێرەی ئەم یوتۆپیایە “گەرەک بوو هەر شتێک کە ئێمە ناومان لێناوە، ناوێکی خۆیی هەبوواویە”(34)، نەک ناولێنانمان بە وشە ناڕاستەوخۆ بووایە، کەواتە نەک شتەکانمان بکردایە بە ئۆبژێکتی بڕیاردانی لۆژیکی کە بۆ بێنیامین چێکردنی پەیوەندییەکی چەوساندنەوەیە. کەواتە یوتۆپیای بێنیامین ڕوودەکاتە پەیوەندییەکی دیکە لە نێوان سروشت و مرۆڤدا کە بەدەرە لە چەوسانەوە. ئاخر دوای بەربوونەوەی گوناهمەند لە ستاتۆی بەهەشتەوە بۆ ستاتۆی جیهان تەنیا زمان دەشێوێت، بە پێچەوانەشەوە زمانی هۆشەکی هێشتا هەر لەنێو سروشتدا لە نزمترین بوونەوەرەوە تا دەگات بە مرۆڤ و لە مرۆڤیشەوە تا دەگات بە خودا دەزرنگێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە تەرجومەکردن لە پەیوەندییەکی نێویەکیدا ڕوودەدات، ئاخر “شتەکان خۆیان بە مرۆڤ دەبێژن، مرۆڤیش بە ناونان لە شتەکان خۆی بە خودا دەبێژێت”(35). ئێستا چیدی مرۆڤ ناڕاستەوخۆ وشەی بڕیاردەر بەسەر شتەکاندا ناسەپێنێت، بەڵکو ئەوها ناویان لێدەنێت وەک چۆن ئەوان خۆیان بە ئەو دەر-بێژن.

 

-3 داڕشتنی فەلسەفەیی

-1-3 سیستەم وەک دەستوێژی چەوساندنەوەی شتەکان

 

سیستەمی فەلسەفەیی سەرجەمێکی داخراوە، لێ پێویستە بۆ بنیانتنانی “دەرچە”یەک (مەبدەئێک) بچەسپێنرێت تاکو لە ڕەوتی ئاوەڵاکردنیدا ڕێگەبڕینە هزرییەکە نەپچڕێت یان بە ڕێکەوت کۆتایی پێ نەیەت، بۆ نموونە ئەمپیریزم کە دەرککردن وەک دەرچەی بنیانتنانی سیستەم وەردەگرێت، یان ڕاسیۆنالیزم کە لە ماتماتیک یان لۆژیکەوە دەردەچێت.

هەروەها ئیدیالیزمی هێگل کە دیالێکتیکی “ئاوەڵابوون” یان “گۆڕان”ە، سیستەمێکی فەلسەفەییە کە جیهانە-هۆش (Weltgeist) وەک دەرچەی بنیاتنان دەچەسپێنێت. لێ دیالێکتیک نەک تەنیا شێوەی ئاوەڵابوونی هزرینە، بەڵکو هەروەها فۆرمی گۆڕانی خودی بوون-ە. کەواتە ئاوەڵابوونی دیالێکتیکیانەی هزر و جیهانی کردەکی هەمان شتن: هەردووکیان پرۆسەی ئاوەڵابوونی جیهانە-هۆشن. ئەوجا هێگل لەم دەرچە مێتۆدییەوە ڕایدەگەیەنێت کە مێژووی مرۆڤایەتی بەردەوام بە ئاڕاستەی خودمەئریفە و خودئاوەڵابوونی زیاتر دەبزوێت، کەواتە بەردەوام ئاگامەندتر و ئازادتر دەبێت، لەم ڕەوتانەشدا سیانەی دیالێکتیکیی تێز و دژەتێز و کۆتێز پاڵهێزی گۆڕانن.

گرنگ بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە ئەوەیە کە چۆن هزرمەندی فەلسەفەیی لای هێگل دێتەگۆڕێ. بە دیدی ئەو، تەنیا گەر مرۆڤ بۆ لای خۆی بگەڕێتەوە، ئیدی دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت خۆی مێتۆدیانە وەک فەیلەسوفی دیالێکتیکی بنیاتبنێت، لێ مرۆڤ لەسەر ئەم ڕێگەیەی بوون بە فەیلەسوف جیهان لەنێو ئاگایی خۆیدا ناپەرچێنێت، کەواتە ئەو بە ناسینی جیهان ناگات دوای ئەوەی پڕمەغزایانە شتە دەرککراوەکانی نێو ئاگایی خۆی ڕێکدەخات، بەڵکو ئەو دەبێت، دەرچوو لە جەختیی سێنسییەوە / دەرککردنەوە و بە ڕەچاوکردنی سیانەی دیالێکتیکیانەی تێز و دژەتێز و کۆتێز، بەنێو چەند قۆناغێکی ئەزموونکردندا تێبپەڕێت تا لە کۆتاییدا بە ئاوەز و هۆشە-ڕەها دەگات. لێرە هەڵچوونی دیالێکتیکییانەی ئاگایی بۆ ئاستی باڵاتر لەگۆڕێیە، ڕەوتی هەڵچوونەکەش بەم چەشنەیە: تێز و دژەتێز خۆیان تێکهەڵکێشانە هەڵدەگرن (بەرزدەکەنەوە) بۆ سەر ئاستێکی باڵاتر کە ئاستی کۆتێزە، لێ کۆتێز پاشان دژەتێزی بۆ چێدەبێت و بەوەش خۆی دەبێتەوە بە تێز، کە پاشان هەڵگرتنی ئەمانیش بۆ ئاستێکی باڵاتر بەردەوام دەبێت و هەتا دوایی. بۆ نموونە: دەربڕینێک هەیە وەک تێز کە داکۆکی لە خۆی دەکات (“جەنگەکە لە دەرەوە هەڵگیرسێنراوە”)، لێ ئەم تێزە وەک پێویست دژەتێز لەخۆدەگرێت، واتا (“جەنگەکە هۆکاری نێوخۆیی هەیە”)، پاشان هەردووکیان بە ئەرگومێنتهێنانەوەی لەگەڵ و لەدژ تێکهەڵکێشدەکرێن، ئەوە بێگومان نەک بە لەیەکدانی سانای دەربڕراوەکان، بەڵکو بە لێدەرکێشانی ئەنجامێکی بناغەڕێژراو کە مەئریفەیەکە وەک دەستکەوت. لێ پاشان ئەو مەئریفە کۆتێزییە خۆیشی دەبێتەوە بە تێز و ئەوجا وەک پێویست دژەتێزێک بەرانبەری دەوەستێتەوە و هەتا دوایی(36).

ئێمە هەمان ڕەوتی دیالێکتیکی، لێ بە هەڵگەڕاوەیی بۆ نێو ئەزمووندەری، لە ماتەریالیزمی دیالێکتیکیدا دەبینین، ئەوە بێگومان لەو شێوەیەیدا کە مارکسیزمی کلاسیکی نوێنەرایەتیی دەکرد. لەم شێوەیەی دیالێکتیکدا ماتەریی بەرجەستە وەک دەرچەی هزرین وەردەگیرێت، واتا گریمانە دەکرێت: ماتەری ئەزەلییە (دروستنەکراوە) و دوایەمین گەوهەری کردەکێتییە کە لە ئاگایی و هەر ئیدێیەکدا دەپەرچێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە ئیدێ تەنیا ماتەرێتیی بەگەڕخراو و تەرجومەکراوە لەنێو ئاگایی مرۆڤدا. ئەوجا: گرنگترین ئەرکی هزرینی دیالێکتیکی ئەوەیە کە یاسای فێنۆمێنەکانی ئەم کردەکێتییە بدۆزێتەوە و ببینێت، کە چۆن بە نێگاسیۆنی نێگاسیۆن (نەفی ئەلنەفی)ی هەر دژبەرییەکی نێو کردەکێتی چۆنێتیی نوێ سەرهەڵدەدات. لێ ئەم پەیوەندییە بنەڕەتییە نەک تەنیا لە سروشتدا، بەڵکو هەروەها لە کردەکێتیی کۆمەڵایەتیشدا کارایە و ڕەوتی بەردەوامی مێژوو دیاری دەکات. لەم ڕوانگەیەوە دژبەرییە ڕیالەکانی (تێز و دژەتێزی) سەردەمێک دەبن بۆ پاڵهێز بۆ هاتنەئارای قۆناغێکی نوێی مێژوویی، کە تێیدا دژبەرییە هەڵگیراوەکان لە کۆتێزدا تێکهەڵکێش دەمێننەوە تا دژەتێزێکی نوێ سەرهەڵدەدات، کە ئیدی بە هەڵگرتنی ئەمانیش ڕەوتی مێژوو بە شێوەیەکی “ڕاستەوانە” بەردەوام دەبێت. ڕەوتی مێژوو بریتی نییە لە سەرەنجامی کارایی نێوجیهانیانەی ئیدێی سەرمەدی، وەک چۆن هێگل دەبێژێت، بەڵکو کێشە بەرجەستە و دژبەرە نێوجیهانییەکانی مرۆڤانی زیندوو پاڵهێزن بۆ ئەوە کە مێژوو ڕاستەوانە بەردەوامی وەربگرێت.

لێ کاتێک مێژووی جیهان لای هێگل بەگوێرەی ڕێسای دیاریکراو بە ئاڕاستەی “دوایەمین مەبەست”ێکی خوداویستوو دەبزوێت، یان کاتێک مارکسیزمی کلاسیکی لە کۆتایی ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکاندا کە بەهۆی پەیوەندییە نەسازە ئابوورییەکانەوە هاتوونەتە گۆڕێ، هاتنی کۆمەڵگەیەکی بەداد وەک سەرەنجام بەدیدەکات، ئەوا بێنیامین دژی هەڵگرتنی تێکهەڵکێشکەرانەی تەوەرە دژبەرەکان (تێز و دژەتێز) هەڵوێست وەردەگرێت و دیالێکتیک گرێ دەدات بە پەیوەندیی نێوان زمان و فێنۆمێنەکانی ئەزمووندەرییەوە، لەم پەیوەندییەشدا هزرینی دیالێکتیکی تەنیا وەک یادهێنانەوە و داڕشتنی ڕابوردوو ڕوودەدات بەبێ ئەوەی پێشبینیی قۆناغێکی ئایندەیی (باشتر!) لە مێژوودا بکات. بێنیامین بەتوندی تێگەی پێشکەوتن (ئەلتەقەدوم) ڕەتدەکاتەوە، چونکە پێشکەوتن بە دیدی ئەو تەنیا وێرانەی لە هەنووکەدا کەڵەکەکردووە، یان وەک ئەو دەبێژێت، مێژوودیدیی ڕاستەوانە تەنیا “متمانە بە بێدوایەکێتیی کات” دەکات و بەردەوام خەریکی جیاوازیکردنە لە نێوان “گوڕی مرۆڤان و قۆناغەکاندا (…) کە خێرا یان هێواش لەسەر هێڵی پێشکەوتن خلۆردەبنەوە”(37). بەڵێ، بێنیامین تەنانەت دەگات بە ڕادەیەکی ئەوتۆ کە “تێگەی پێشکەوتن (…) وەک بنەڕەتی ئیدێی کارەسات” دابنێت و ببێژێت کە “بەرەوپێشچوون خودی کارەساتەکەیە”(38).

ئێمە گەرەکە لەم پەیوەندییەدا، بۆ پتر دیارهێنانی کێشەی پێشکەوتن و پرسی ئاوڕدانەوە لە ڕابوردوو، ڕووبکەیەنە خەریکبوونێکی تایبەتیی بێنیامین بە تابلۆی “ئانگێلوس نۆڤوس”ی پاول کلێ-وە کە ناوی دەنێت فریشتەی مێژوو. ئەو دەنووسێت: “وێنەیەکی کلێ هەیە بە ناوی ئانگێلوس نۆڤوس. لەو وێنەیەدا فریشتەیەک داڕێژراوە و لەوە دەچێت خەریکی دوورکەوتنەوە بێت لە شتێک کە ئەو چاوی تێبڕیوە. چاوەکانی زەقبوونەتەوە، دەمی داچەقیوە و باڵەکانی کراونەتەوە. شێوەی فریشتەی مێژووش دەبێت ئەوها بێت. ئەو ڕووی کردۆتە ڕابوردوو. لەکوێ زنجیرەیەک ڕووداو لە بەردەم ئێمەدا دیاربدات، لەوێ فریشتەی مێژوو تاکە کارەساتێک دەبینێت کە بێوچان وێرانە لەسەر وێرانە کەڵەکە دەکات و فڕێیان دەداتە بەر پێیانی ئەو. ئەوجا گەرچی ئەو دەیەوێت بمێنێتەوە، مردووەکان بێداربکاتەوە و وردوخاشکراو پێکەوەبلکێنێتەوە، وەلێ باهۆزێک لە بەهەشتەوە هەڵدەکات، کە خۆی بە باڵەکانییەوە دەئاڵێنێت و ئەوەندە بەهێزە کە ئیدی فریشتە چیدی ناتوانێت باڵەکانی دابخات. ئەم باهۆزە ڕانەگیراو ڕایدەماڵێت بەرەو ئایندە، لێ لەو کاتەدا کە کەڵەکەی وێرانەکان لە بەردەمیدا تا ئاسمان هەڵدەچێت، ئەو پشتی تێدەکات. ئەم باهۆزە ئەوەیە کە ئێمە ناوی دەنێین پێشکەوتن”(39).

کەواتە فریشتەی مێژوو چیدی سرودی ستایش بۆ مەزنیی خودا و ئافرێنراوەکانی ناچڕێت، بە پێچەوانەوە باهۆزی پێشکەوتن بەردەوام لە بەهەشتی خودایی، لە پەیوەندییە تەباکانی کۆمەڵگەی سەرەتا، دووریدەخاتەوە و هەمیشە پتر بەرەو ئایندەی دەبات، جا گەرچی ئەو پشتی لە ئایندەیە و نایبینێت. بێنیامین ئێستا لەم پەیوەندییەدا هەڵوێست لەدژی هیستۆریزم وەردەگرێت، واتا دژی ئەو مێژوودیدییەی بەردەوامی کە خۆی لەتەک ڕەوتە داکەوتییەکانی مێژوودا دەگونجێنێت و مێژوو وەک بەردەوامیی سەرکەوتنەکان دادەڕێژێت، بەبێ ئەوەی هیچ گرنگییەک بە ڕابوردووی چەوساوە بدات، بۆیە گەر ئەم دوژمنە سەرکەوتووە هێشتا هەر لە سەرکەوتندا بەردەوام بێت، ئەوا “تەنانەت مردووەکانیش سەلامەت نابن”(40). بێنیامین ئەم شیمانەیەی ناسەلامەتیی مردووەکان بەهۆی هیستۆریزم و دەسەڵاتدارانی میراتگری سەرکەوتنەکانی ڕابوردووەوە وەک بەڵگەیەک بۆ ئەوە دەبینێت کە ڕابورد جارێ تەواونەکراوە.

بێنیامین بۆ خاتری ڕابورد-ی تەواونەکراو بە پێویستی دەزانێت کە ڕەوتی مێژووی بەردەوامی بپچڕێنرێت، ئەم ئەرکەش دەخاتە ئەستۆی ماتەریالیزمی مێژوویی. لێ بە دیدی ئەو تەنیا کاتێک ماتەریالیزمی مێژوویی دەتوانێت ئەم ئەرکە ڕابپەڕێنێت، گەر تیۆلۆژیی “بخاتە خزمەتی خۆیەوە”(41)، چونکە تیۆلۆژی، ترانسسێندێنس، دەرفەتی دەداتێت کە پێشبینیی بەهەشتی لەدەستدراو بکاتەوە – کۆمەڵگەی تەبای سەرەتا کە باهۆزی پێشکەوتن لە بنەڕەتی خۆی دووری خستەوە.

لەم ڕوانگەیەوە هزرینی دیالێکتیکی لای بێنیامین تەنیا بزووتن نییە، بەڵکو هەروەها ڕەهەندی هەڵوەستان لەخۆدەگرێت، واتا دیالێکتیک هزرینە بە “هەڵوەستاوی / چەقیوی” لە نێوان فێنۆمێن و ئیدێدا: هزر “لە فێنۆمێنەوە دەردەچێت بۆ ئەوەی لە ڕۆشنایی ئیدێدا شرۆڤەی بکات، هەروەها لە ئیدێوە بۆ جیهانی دیاردەیی دادەبەزێت”(42)، بۆیە داڕێژراوی دیالێکتیکی ڕاستەوانە ئاوەڵا نابێت، بەڵکو دەبێت بە فیگور / وێنە. بێنیامین هەروەها پەیوەند بە پچڕاندنی ڕەوتی مێژوو و دەرکێشانی هەر پچڕێنراوێکەوە لە “تیشکۆ” دەدوێت کە لە نێویدا پێشبینیی هیچ توخمێکی ڕەوتی مێژوو وەک “ڕەهەندی بێشێوەی پێشکەوتن” ناکرێت، بەڵکو لەنێویەوە توخمی ئەوتۆ دەردەکێشرێن کە “بیرۆکەی (…) بەدناو و گاڵتەپێکراو”ن و هەردەم مەترسییان لەسەرە، لێ هاوکات ڕاستەوخۆ پەیوەندن بە “هەر سەردەمێکی هەنووکەوە”(43). لێ ئێمە گەرەکە لەم جێیەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین، کە پچڕێنراوی ڕەوتی مێژوو ڕووداوێکی / فێنۆمێنێکی ڕیال نییە، بەڵکو هزر وەک مۆناد دایدەنێت و لێی دەڕوانێت (44)، واتە دەیخاتە نێو بونیادێکی مێتافیزیکییەوە، بۆ نموونە دەوڵەتی مێسیایی یان شۆڕشی فەڕەنسی.

تەنیا بابەتە مۆنادییەکان پرسی هزرینن کە وەک بونیادی مێتافیزیکی بە تەواونەکراوی و کەرتئاسا لە بەردەم هزردا کەڵەکە دەبن. بێنیامین لە ڕەوشی بەم شێوەیەدا هەلی “شۆڕشگێڕی” دەبینێت، کە هزر بەهەندی وەردەگرێت تاکو هەر ڕووداوێکی دیاریکراو لە ڕەوتی زنجیرەیی مێژوو دەربکێشێت. ئاخر گەر ئەو تێڕوانینە هزر بتەنێت، کە تەنانەت مردووەکانیش بەهۆی بەردەوامیی مێژووی سەرکەوتنەکان و دەسەڵاتدارانی میراتگری ئەو سەرکەوتنانەوە سەلامەت نابن، ئیدی هزر لە توانایدا دەبێت “پزیسکێکی هیوا هەڵبگیرسێنێت”. لێ ئەو جۆرە ڕەوشانە سانا نین، سەر بە فێنۆمێنە سادە و باوەکانی ڕۆژانە نین، بەڵکو هەردەم وەک “پۆلبەندی (کۆنستێلاسیۆن)ی بە گرژی پڕبۆوە” دیاردەدەن، ئەوجا گەر فەیلەسوفی ماتەریالیستی-مێژوویی لە نێویاندا هەڵوەستێت، ئیدی بەو کردارە پۆلبەندییەکان “توشی شۆک دەکات” و بەو شۆکە “وەک سڕبوویەک دەبن بە مۆناد”، لێرەشدا بێگومان ئەو بابەتە مۆنادییانە بە تەواونەکراوی و کەرتئاسا لە بەردەمیدا کەڵەکە دەبن. لێ گرنگ بۆ ئەم پەیوەندییەی ئەوەیە، کە کاتێک هیستۆریزم وێنەی ئەبەدییانەی مێژوو دەکێشێت، ئەوا فەیلەسوفی ماتەریالیستی-مێژوویی لەو هەلە شۆڕشگێڕییەدا کە بۆ دەرکێشانی قۆناغێکی / ڕووداوێکی دیاریکراو ڕەخساوە، خۆیشی لە هەنووکەدا دەبێت بە پرسی داڕشتن، بەڵێ ئەو ئەزموونەکانی خۆی دادەڕێژێت: “ئەو بۆ نموونە ژیانێکی دیاریکراو لە قۆناغێک، بەرهەمێکی تایبەتیی کەسێک لە سەرجەم بەرهەمی ئەو کەسە دەردەکێشێت”، ئاخر “لە تاکە بەرهەمدا سەرجەم بەرهەم، لە سەرجەم بەرهەمدا قۆناغ و لە قۆناغدا سەرجەم ڕەوتی مێژوو پارێزراوە و هەڵگیراوە” (45).

بێنیامین دەیەوێت بە ڕاوەستاندنی ڕەوتی کات لە سەردەمدا (ئەکتوالێتیدا) ببێژێت، کە ڕابوردوو بارگاوییە بە “سەردەم”. ئەو درەنگتر لەبریی تێگەی سەردەم تێگەی “کاتیئێستا” (Jetztzeit) لە واتای هەنووکەدا دەهێنێتە نێوانەوە: نەک کاتی زنجیرەیی هاوتا و بۆش، بەڵکو کاتیئێستا مێژووی پڕکردۆتەوە. بۆ نموونە ڕۆبسپییا بەم شێوەیە شۆڕشی فەڕەنسیی دەنرخاند، ئاخر شۆڕش بۆ ئەو بریتی بوو لە گەڕانەوەی ڕۆمای ئەنتیکە. کەواتە ڕۆما بە دیدی ئەو بارگاوی بوو بە شۆڕشی فەڕەنسی، واتا ڕۆما داکەوتێکی تەواوکراو و بەسەرچوو نەبوو لەنێو زنجیرەی گۆڕانەکانی مێژوودا، وەک چۆن هیستۆریزم جەختی لێدەکات، بەڵکو هێشتا لە پەیوەندیدا بوو بە شۆڕشی فەڕەنسییەوە:

“ڕۆمای ئەنتیکە بۆ ڕۆبسپییا بریتی بوو لە ڕابوردوویەک کە بە کاتیئێستا بارگاوی بوو و لە بەردەوامیی مێژوو دەریکێشا. (…) ئەو ڕۆمای کۆنی وەرگرت چۆن مۆدە پۆشاکێکی بەسەرچوو وەردەگرێت. گەر مۆدە تەنانەت بچێتە نێو بێشەی شتە بەسەرچووەکانەوە، هێشتا هەر هەستی بۆنکردنی بۆ هەنووکە هەیە”؛ شۆڕشی فەڕەنسیش بە هەمان شێوەی مۆدە “بازدانە (…) بۆ نێو ڕابورد”، واتا بازدانە بۆ نێو زۆرانگەیەکی شۆڕشگێڕانە کە تێیدا ناکۆکییە چینایەتیەکانی نێوان فەرمانبەرانی هەڵبژێرراوی کۆماری ڕۆما و ئەریستۆکراتیی دەسەڵاتدار تەقیبوونەوە، و ڕۆبسپییا لە سەردەمی خۆیدا بێداریان دەکاتەوە. ڕۆما ئیدی بەو ڕێیەوە خۆی سەرلەنوێ لە شێوەی ئەو داکەوتەدا بنیاتدەنێتەوە کە لەکاتی شۆڕشی فەڕەنسیدا ڕۆژەڤ بوو. ئێستا ڕۆبسپییا بە بێدارکردنەوەی ڕۆما کێشەکانی شۆڕشی فەڕەنسی “ڕوونتر دەردەخات”، ئێستا ئەو “ناوکە شۆڕشگێرییە”ی زۆرانە چینایەتییەکان لە ڕۆما، هەروەها ئەو پرسە تەواونەکراوانە بێداردەبنەوە کە مێژووناسانی کۆشک یان بۆرژوازی وەلاوەیان نابوون – ناوکێکی شۆڕشگێڕی کە بناغەی کۆمەڵایەتییانەی ڕۆما بوو. کەواتە ڕۆبسپییا بە دیدی بێنیامین ڕوو دەکاتەوە تەواونەکراوەکان، کۆتاییپێنەهێنراوەکان، ئەوجا دەبینێت کە چۆن تا سەردەمی هەنووکە ئەوها ماونەتەوە. کەواتە ڕۆبسپییا بەردەوامیی مێژووی پچڕاند. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە شۆڕشی فەڕەنسی “بازدانی پلنگە بۆ نێو ڕابورد”، بۆ نێو زۆرانگەیەک کە تێیدا چینی دەسەڵاتدار ڕابەر بوو. لێ بێنیامین بەرانبەر ئەو بازدانەی شۆڕشی فەڕەنسی هاوکات جەخت لە “بازدانی دیالێکتیکی” دەکات، کە بێگومان ئەمیش وەک ئەو هەمان باز دەدات، لێ بازدانی ئەم بە پێچەوانەوە “لەژێر ئاسمانی ئازادی مێژوودا”یە، واتا لەو شێوەیەدایە “کە مارکس لە شۆڕش تێدەگەیشت”(46).

لە بنەڕەتدا تێگەی کاتیئێستا، وەک ساتێک کە مێسیاییانە بارگاوی بووە، یوتۆپیای ڕزگاری لای بێنیامین پێشان دەدات. ئاخر بازدانی دیالێکتیکی لەژێر ئاسمانی ئازاددا کە تێگەیشتنی مارکس بووە بۆ شۆڕش، لە تێگەی کاتیئێستا جیانابێتەوە. بۆیە، وەک لە سەرەوە بینیمان، بێنیامین لە دەوڵەتی مێسیایی دەدوێت کە بۆ ئەو وەک بونیادێکی مێتافیزیکی لەگۆڕێیە و هزر بۆ نێوی بازدەدات. ئێمە لەم پەیوەندییەدا گەرەکە ڕووبکەینە تێگەی لەبیرنەبردنەوە (Eingedenken)، کە لای بێنیامین واتای ئاگاییەکی مێژوویی و شێوەیەکی یادهێنانەوە دەگەیەنێت کە تێیدا ڕابوردوو هێشتا هەر هەنووکەییە و وەک شیمانەی یوتۆپیانە لەنێو مێژووی شارراوەدا لەگۆڕێیە: “ئەمڕۆ” لەبیرنەبردنەوە نەک تەنیا پێشبینیی بەهەشتی لەدەستدراو لەخۆدەگرێت، بەڵکو هەروەها ڕەهەندی خەبات بۆ کارەساتگەلی کەڵەکەبوو. بینیامین لەم پەیوەندییەدا لە ئافراندن و بیرۆکەی ئەوتۆ دەهزرێت کە نەفرەتلێکراون، پێپێکەنینراون، چەوساوە و کەلاخراون و هەردەم دەشێت وەک کێماس و تەواونەکراو زیتببنەوە. کەواتە دەشێت خەڵاس لە هەنووکەدا بێت – ئێستا و لێرە نەک لە کۆتایی مێژوودا. لێ ساتی مێسیایی تەنیا بە ماتەریالیستێکی مێژوویی دەردەکێشرێت کە تیۆلۆژیی هێناوەتە خزمەتی لێهزرینەکانی خۆیەوە تاکو ڕابوردووی چەوساوە ڕزگاربکات.

2-3 تێگەی سەرچاوە

 

ئەرکی فەلسەفە دامەزراندنەوەی پەیوەندییە سەرچاوەییەکەی جیهانە، ئەو گەرەکە پەیوەندییەکی ناونەرانە لەتەک شتەکاندا بهێنێتەوە گۆڕێ و کرۆکیان ببێژێت، بەو ڕێیەشەوە لە ئاستی بێ-دەنگی سروشتییەوە تەرجومەیان بکات بۆ ئاستی باڵاتری دەنگداری. لێ ئایا چۆن فەلسەفە دەتوانێت لە سەردەمدا پەیوەندییەکی ناونەرانە لەتەک فێنۆمێنەکاندا چێبکاتەوە؟ ئاخر ئەو پەیوەندییە سەر بە ستاتۆی بەسەرچووی بەهەشتە کە تێیدا پەیوەندییەکی ساغ لە نێوان مەئریفەی ناونەر و کرۆکی ئاوەڵای شتەکاندا هەبوو. ئێمە لێرەدا گەرەکە سەرلەنوێ ڕووبکەینەوە دیدی ئاوڕدەرەوەی هزر لە ڕابورد کە لە هەنووکەدا کارایی وەردەگرێت. بێنیامین لەم پەیوەندییەدا تێگەی “یادهێنانەوە” دەهێنێتە نێوانەوە، هاوشێوەی پلاتۆن کە لە ئانامنێزیس (یادهێنانەوە)ی ئیدێکان دەدوێت. لێ ئەم دوو شێوازەی یادهێنانەوە جیاوازن لە یەکدی: لای پلاتۆن دەروون لە هەبوونی سەرمەدییانەیدا، پێش هاتنی بۆ نێو لەشی فیزیکی، لە ئیدێ کامیلەکانی ڕوانیوە، ئەوجا دوای یادهێنانەوەیان لە جیهاندا بۆی دەبن بە پێش-وێنەی شتە ناکامیلەکانی جیهان و شتەکان بەگوێرەی ئەوان ڕێکدەخات. لێ فەیلەسوف لای بێنیامین نەک پێشوێنەیەکی کامیل، بەڵکو “هەرە یەکەمین بیستن”ی نێو ستاتۆی بەهەشت دەهێنێتەوە یادی خۆی(47). لەم جێیەدا ئادەم خۆی دەبینێتەوە کە بێنیامین ناوی دەنێت “باوکی مرۆڤ و فەلسەفە”(48).

هەڵوێستی یادهێنانەوە لای بێنیامین ڕەچاوی پەیوەندییەکی دیالێکتیکی لە نێوان هزر و فێنۆمێنەکاندا دەکات کە بە کرۆکی هۆشەکییانەوە لەگۆڕێن و دەشێت ئەو کرۆکە خۆی بۆ هزر بەیان بکات. ئێمە گەرەکە بۆ تێگەیشتن لەم پەیوەندییەی هزر و کرۆکی هۆشەکیی فێنۆمێنەکان ڕووبکەینە تێگەی “سەرچاوە”.

سەرچاوە لای بێنیامین شوێنی هەڵقولان نییە، یان وەک لە فەلسەفە سیستەمییەکاندا “دەرچە”ی (مەبدەئی) هزرین نییە کە لێوەی هەر گۆڕانێک یان دروستبوونێک سەرهەڵدەدات و ڕەوتێکی بەردەوام وەردەگرێت، بەڵکو تێگەیەکی مێژوویی و تیۆلۆژییە کە لەنێو جەرگەی دوو تەوەرەی ناتەباوە دێتەگۆڕێ. ئەم دوو تەوەرەیە بریتین لە “دروستبوون و لەناوچوون” کە بەردەوام پێکەوەن، بۆیە پێکڕا وا دەکەن کە بزووتنی سەرچاوە سووڕئاسا بێت هاوشێوەی “گێژەنگ” (“گەرداو”). ئەوجا مۆرکێکی دیکەی سەرچاوە ئەوەیە کە لە فێنۆمێنی نێوجیهانییەوە دیارنادات، بەڵکو پەیوەندە بە “دروستبوون و لەناوچوون”ی یان بە “پێشمێژوو” و “پاشمێژوو”ی فێنۆمێنی نێوجیهانییەوە (49). لەم ڕوانگەیەوە سەرچاوە لەنێو مێژوودا نییە، بەڵکو بناغەی مێژوو و فێنۆمێنەکانە کە مێژوویان لێ پێکهاتووە.

سەرچاوە سەرمەدییە، کە “وەک هێزێک لەگۆڕێیە، یان هێزی ئیدێیە کە دێتە نێو جیهانی فێنۆمێنییەوە” (50) و وەک خەرەندێکی بێ-بناغە و بێ-دوایەکی لە بەردەم پرسی داڕشتنی دوایەکییانەی فەلسەفەییدا زیتدەبێتەوە. کەواتە کاتێک هیستۆریزم ڕووداوە فاکتییەکانی ڕابوردوو لە بەردەوامییاندا وەردەگرێت، ئەوا سەرچاوەی گێژەنگئاسا لای بێنیامین “هاوشێوەی گەرداوە لە ڕووبارێکدا، واتا ئاڕاستەیەکی ستوونی نەک ئاسۆیی بەرانبەر ئاڕاستەی ڕووبارەکە وەرگرتووە، کە ئیدی هەرچییەک بکەوێتە نێوییەوە، ڕایدەگرێت و ڕێنادات لێشاوی ڕووبارەکە لەتەک خۆیدا بیبات، بە پێچەوانەوە لەو لێشاوەی دەپچڕێنێت. گەرداو لەژێر ڕووبەری ئاوەکەوە شارراوەیە و ئاماژە بۆ سەرچاوەیەک دەدات”(51).

لەم ڕوانگەیەوە بێنیامین لە “فێنۆمێنی سەرچاوە” دەدوێت کە “خەتم ی سەرچاوە”ی لە خۆی داوە و ناچارمان دەکات لە لایەک وەک “دروستکردنەوە” (ڕێستەوراسیۆن)، لە لایەکی دی وەک “تەواونەکراو” یان “کۆتاییپێنەهێنراو” دەرکی بکەین (52). کەواتە سەرچاوە خۆی ناچارمان دەکات سەرلەنوێ هەوڵ بۆ دروستکردنەوەی بدەین، لێ کاتێک وەک “ئەوەیەک” دەیناسینەوە کە لە هەڵقوڵاندا تەواونەکراوە و لەبەر ئەو هۆیە دانەخراوە، ئەوا “هەوڵی چاککردنەوەی یان دروستکردنەوەی شکستدەهێنێت”؛ ئاخر کاتێک ئێمە خۆمان سەرلەنوێ و سەرلەنوێ فڕێدەدەینەوە بۆ نێو گێژەنگی سەرچاوە، ئەوا هەرگیز لەنێویدا بە هەمان “سەرهەڵداوێک”ی تەواونەکراو ناگەینەوە، واتا ئێمە لێرە گەڕانەوەی ئەبەدییانەی هەمان شتمان نییە و شیاوی تەواوکردن بێت، چونکە لێرە “کات تەنیا میدیەمی بەردەوامی (سووڕاوە) نییە، بەڵکو هەروەها میدیەمی وەرگۆڕانە (تەغیرە)” (53).

ئێمە گەرەکە جارێ لەم جێیەدا کەوانەیەک بکەینەوە و تێیدا ڕووبکەینە پرسیارێکی زۆر گرنگ کە لەبارەی دەرککردنی سەرچاوە وەک دروستکردنەوە و تەواونەکراو سەرهەڵدەدات، لێرەشدا پرسیارەکە ڕوودەکاتە ئەگەری دوالیزمی سەبژێکت و ئۆبژێکت. ئاخر دەرککردن کە هەمیشە دەرککردنی شتێکە، لە تیۆریی مەئریفەدا ئەو پرسیارە دەخاتەوە کە داخۆ چۆن دەرککراو تا ڕادەی شیان بەڕۆشنی، یان تەواو ڕوون و ئاشکرا، دیاری بکرێت، ئەمەش وەک بینیمان بۆ بێنیامین بریتی بوو لە چێکردنی پەیوەندییەکی چەوسانەوە کە ئەو فەلسەفەی خۆی بەرانبەری دانا. ئێمە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە لەبارەی دەرککردنی شتێک گەرەکە ڕووبکەینە تێگەیشتنی بێنیامین بۆ “ئەزموون” کە جیاوازە لە ئەزموونکردنی زانستی وەک کێشەیەکی تیۆریی مەئریفە و لە سەرەوە پەیوەند بە دەرککردن-دەرککراوەوە ڕوونمان کردەوە. ئەزموون لای بێنیامین “ئێمفایی”یە (emphatisch)، واتا وەک “پێویست”ێک جەختی لێدەکات، لەم پەیوەندییەشدا ئەزموون دەرچەیەکی تیۆریی-مەئریفەیی نییە، بەڵکو کراوەیی خۆیە وەک پێشمەرجێک بۆ بیستنی ئیدێ. بێنیامین ئەم شێوەیەی ئەزموون ناو دەنێت “ئەزموونکردن ی باڵاتر”، کە جیاوازییەکەی لە ئەزموونکردنی تاک-تاک-ی زانستی ئەوەیە کە ئەم “هەمەکییە” (تۆتالە). فەیلەسوف خۆی بۆ ئەو “دەنگ”ە هەرە سەرەتاییە “هارمۆنی”یەی خودا ئاوەڵا دەکات کە لە ئافراندندا سەرجەم شتەکانی جیهانی پێ بونیادناوە، ئێستاش وەک زمانی بێ-دەنگی ئەوان، یان وەک کرۆکی هۆشەکییان، هەردەم خۆی بە هزر دەبێژێت، لێ ئەمیش دەبێت لە لایەنی خۆیەوە پێبێژتنی ئەوان ببیستێت. فەیلەسوف تەنیا بە خۆفڕێدان بۆ نێو سەرچاوەی بێ-بناغە بۆی دەلوێت توانستی “بیستن” چالاک بکات(54). لەم ڕوانگەیەوە فەیلەسوف بە بیستنی ئیدێی یەکانەیی، هەمەکی یان بێدوایەکی، تەنیا ڕەچاویان دەکات، لێ ئەوانیش “ڕێ دەدەن ڕەچاوبکرێن”، یان “خۆیان بۆ ئەو بەیان دەکەن” بەبێ ئەوەی ببن بە ئۆبژێکتی بڕیارە خۆییەکانی ئەو (55)، بە پێچەوانەوە ئیدێ سەرچاوەییەکان تەنیا وەک ئامانجی هزرین دەمێننەوە، چونکە گەرەکە فێنۆمێنەکان بە ئاڕاستەی ئەوان دابڕێژرێن.

وەک پێشتر گۆتمان، فێنۆمێنی سەرچاوە خەتمی سەرچاوەی لە خۆی داوە و گەرەکە ئاشکرا بکرێت، لێ فێنۆمێنی سەرچاوە هاوکات هزر دەخاتە بەردەم پرسیار لەبارەی پێکهاتەی فێنۆمێنەکانی ئەزمووندەری. ئاخر ئەوان فرەشێوە و فرەلایەنن، واتا فێنۆمێنانی سادەی ڕۆژانە هەن کە هەردەم بە “کاڵی (خامی)” لەنێو ئەزمووندەریدان(56) و پەیوەندیی سانایان بە یەکدییەوە هەیە، لێ هاوکات هەر لەنێو خودی ئەزمووندەریدا فێنۆمێنانی ئەوتۆ هەن کە سانا نین، بەڵکو لە “سەرپەڕ”دان و بێنیامین ناویان دەنێت “پەڕگر” (ئێکسترێم)(57). ئەمان “شێوەیەکی تایبەتیی فێنۆمێنن” و “هاوواتان بە فێنۆمێنی سەرچاوە”(58). تەنیا لە ئەماندا، لەم “سینگولارترین و ناوازەترینی فێنۆمێنەکاندا” (59)، خەتمی سەرچاوە ئاشکرا دەکرێت، ئەمان بۆ بێنیامین فێنۆمێنی نائاسایین، بریتین لە گاڵتەپێکراوەکان، تەریکخراوەکان، کە مەترسییان لەسەرە و هاوشێوەی تۆڕزۆ (لاشەی بێ سەر و بێ دەست) زیتبوونەتەوە، کەواتە فێنۆمێنی ناتەواون، بەشەکین. لێ ئەم جۆرە فێنۆمێنانە بەهۆی ئەدگاری پەڕگریانەوە دەتوانن هەروەها وەک نوێنەری فێنۆمێنە ئاساییەکانی ڕۆژانە کارا ببن، کە ئیدی ئەوانیش، سەرباری ناگرنگییان بۆ هزر، کەم یان زۆر بەهۆی ئەوانەوە ڕۆشندەبنەوە.

 

3-3 ئیدێ وەک فیگور

 

تەنیا فێنۆمێنی پەڕگر دەئاخڤێت، هاوکات دەشێت هزر بیبیستێت و تێیدا قووڵببێتەوە. ئەمە لای بێنیامین ئەزموونکردنێکی ئاستەنگدانەرە بۆ بەردەوامی، واتا ئێستا چیدی هزر خۆی بە ئاڕاستەیەکی لۆژیکییانەی ئاسۆیی ئاوەڵاناکات، بەڵکو ستوونیانە بەرەو قووڵایی ڕۆدەچێت. ئاخر هزر بە بیستنی فێنۆمێنی سەرچاوە ناچار دەبێت لێی وردبێتەوە و توخمەکانی نێوی ئاشکرا بکات. لەم ڕوانگەیەوە خودی فێنۆمێنی پەڕگر پێشمەرجی تێگەسازییە، یان ئەو خۆی پرسی تێگەسازی بەسەر هزردا دەسەپێنێت. بێنیامین لێرەدا لە ئەزموونکردنێکی فێنۆمێنۆلۆژیانەی پەڕگر دەدوێت، ئاخر هەر فێنۆمێنێکی پەڕگر هەردەم هاوبەندی (کۆرڕێلاتی) تێگەیەکی تایبەت بە خۆیەتی، بۆیە توخمەکانی نێوی بەبێ تێگەکان ئاشکرا ناکرێن(60).

هزر بەبێ تێگەکان ناتوانێت فێنۆمێنە پەڕگرەکان ڕیزبەندی یان پۆلێن بکات، جگە لەوە تێگەکان لای بێنیامین تەنیا رۆڵی نێوەندیار لە نێوان فێنۆمێنەکان و ئیدێدا وەردەگرن، واتا گەرەکە فێنۆمێنە پەڕگرەکان ڕووەو سەرجەمێتیی ئیدێ ببەن. ئێمە لێرەدا بەڕوونی کاراییە جووتواتاییەکەی ئیدێ دەبینین: ئیدێ لە لایەک واتایەکی “تیۆریی-مەئریفەیی” هەیە، ئەمەش لەو ڕووەوە کە دەرفەت بۆ “تەئویلی فێنۆمێنەکان” دەڕەخسێنێت، لێ ئیدێ لە لایەکی دی وەک مۆناد “بناغەی مێتافیزیکییانەی فێنۆمێنەکانە”(61). ئیدێ لە واتای تیۆریی-مەئریفەییدا ئامانجی هزرینە، لێ بەبێ فێنۆمێنی سەرچاوە هەبوونی نییە، ئەوجا لە ڕوویەکی دیکەوە فێنۆمێنە / ڕووداوە سەرچاوەییەکان بەبێ ئیدێ ڕزگارناکرێن. کەواتە لەبەر ئەوەی هزر لە چالاکییەکەیدا ئیدێی وەک ئامانجی خۆی داناوە، ئەوا هزر تێگەکان لەژێر ڕکێفی ئەودا دادەنێت، بە واتایەکی دی ببێژین، هزر لەژێر سەروەریی ئیدێدا لە تێگەکان تێدەگات، لێیان دەهزرێت. ئێمە لێرەش هەڵوێستی دژبەری بێنیامین بەرانبەر دیالێکتیکی هێگل دەبینین، ئاخر کاتێک هێگل جەخت لە سەربەخۆیی تێگە دەکات، ئەوا بێنیامین لەدژی هێگل سەربەخۆییەکەی ناهێڵێت، ئەوجا کارایی نێوەندیارێکی پێدەدات. لەم ڕوانگەیەوە تێگە یەکانەی نییە، یان بە شێوەیەکی دی ببێژین، ئەو یەکانەیە کە بە تێگە دراوە، “ناڕاستەقینە”یە. لێ کاتێک تێگەکان لە هەوڵی داڕشتنی ئیدێدا وەک نێوەندیار کارا دەبن، ئیدی بەو ڕێیەوە لە یەکانەی ناڕاستەقینەیان (کە فەلسەفەکانی دیکە، لەوانە فەلسەفەی هێگل، پێی داون) ڕزگاریان دەبێت و دەچنە نێو پرۆسەی بەشداریکردنەوە لە “یەکانەی ڕاستەقینەی” ئیدێدا، چونکە ئێستا ئاڕاستەیەک ڕووەو یەکانەی ڕاستەقینەی ئیدێ وەردەگرن، لێرەشدا تاکە ئەرکیان ئەوەیە کە توخمەکانی نێو فێنۆمێنی سەرچاوە بژاردە و پۆلێن بکەن، ئەوجا مەبەستمەندانە بییاندەنە پاڵ ئیدێ. تەنیا بەم پۆلێنکردنەی توخمەکان دەرفەت دەڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی ئیدێ “لەنێو جەرگەی ئەزمووندەریدا”(62) دابڕێژرێت.

لێ گەر ئیدێ وەک بنەڕەتێکی مێتافیزیکیی فێنۆمێنەکان سەرمەدی بێت، کەواتە تا بێدوایەکی (مالانیهایە) لە هزر دووربێت و هەرگیز هزر نەتوانێت پێی بگات – ئاخر وەک گۆتمان هزر پابەندی فێنۆمێنەکانی ئەزمووندەرییە و ناتوانێت سنووری ئەوان تێبپەڕێنێت  -، ئەوا ناشێت ئیدێی تا بێدوایەکی دوور دوایەکییانە لە هزر نزیکبکەوێتەوە و دایبڕێژێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە نزیککەوتنەوەشی لە هزر هاوشێوەی دوورییەکەی بێدوایەکییە. بۆیە ئەم ناشیمانەیە بۆ گەیشتن بە ئیدێکان وا دەکات کە بێنیامین بە زمانی گوێتە ببێژێت: “ئیدێکان (…) بریتین لە ئیدیال”، واتا هاوشێوەی دایکن (لە “فاوست”ی گوێتەدا) کە بە کۆبوونەوەی زارۆکەکانی لە دەوری دەست بە ژیان دەکات. ئیدێکانیش بە هەمان شێوە ڕۆشندەبنەوە گەر پەڕگرەکان لە دەوریان کۆببنەوە، لێ گەر ئەوە ڕوونەدات، ئەوسا لە تاریکیدا دەمێننەوە(63). بێنیامین هەروەها بۆ پێشاندانی ئەم ڕەوشە نموونەی پۆلبەندیی (کۆنستێلاسیۆنی) ئەستێرەیی دەهێنێتەوە: پەیوەندیی ئیدێ بە پەڕگرەکانەوە هاوشێوەی پۆلبەندیی ئەستێرەییە بە ئەستێرەکانەوە (64).

ئیدێ، وەک ئیدیالی گەیشتن بە یەکانە، هزرین ناچاردەکات بەردەوام بە دەوری فێنۆمێنی پەڕگر و شیمانەی تەئویلکردنیدا بسووڕێتەوە. هزر لەم پەیوەندییە دیالێکتیکییەدا کە بە فێنۆمێنەکانەوە هەیەتی، فیگورێک دەسازێنێت، لێ فیگورێکی ناتەواو، چونکە وەک گۆتمان هزر بە خۆفڕێدانەوەی هەر جارەی بۆ نێو فێنۆمێنی سەرچاوە هەرگیز بە هەمان فێنۆمێن ناگاتەوە، بۆیە سازاندنی فیگورێک لە پەڕگرەکان هاوشێوەی “مۆزایک”ە (65) کە تێیدا چەند ڕووبەرێکی ڕەنگ جیاواز پاڵیەکییانە پێکدەهێنرێن. بۆیە ئێمە ناچار دەبین ڕەچاوی ڕادەی جیاوازیەکانی نێوان پەڕگران بکەین: جیاوازیی نێوان توخمە پەڕگرەکان چەند درشتتر بێت، پێکهێنانی مۆزایکئاسایان هێندە دروستتر دەبێت، “هاوشێوەی چەند بیرێکی ئاو کە دوورن لە یەکدی و سەرەڕای ئەوە لە ژێر زەمیندا بە یەک تاکە سەرچاوەی ئاوییەوە گرێدراون”(66)؛ لێ گەر ئەوان وەک کەرتگەلی ئەو مۆزایکە لە یەکدی بچن، ئەوسا یەکخستنی پاڵیەکییان شێوەی کۆکردنەوە وەردەگرێت نەک سازاندنی مۆزایکیانە، بۆیە هیچ کەرتێکی نێو پێکهاتەکە بەڕوونی دیارنادات، جگە لەوە دەشێت بەهۆی نزیکییانەوە لە یەکدی وەک لەبریی بۆ یەکدی دابنرێن. بە پێچەوانەوە گەر جیاوازیی نێوان کەرتە پەڕگرەکان تا ڕادەی شیان درشت بێت، کەواتە چە لە ڕووی کاتەکی / مێژوویی و چە لە ڕووی شوێنی هەڵقوڵانیانەوە لە یەکدی دوور دەبن، ئەوسا مرۆ لە پرۆسەی سازاندندا ناچار دەبێت ئەو جێیە بەتەواوی بدۆزێتەوە کە تێیدا هەر کەرتێک شوێنی خۆی وەردەگرێت و “بەڕوونی دیاردەدات”، بەمەش مەغزای سەرجەمەکە بەڕوونی دەبینرێت و شیاوی ئەزموونکردن دەبێت. ئاخر ئێستا چیدی توخمەکان لێرەبوونێکی بەڕێکەوتیان نییە و بێ پەیوەندی لەنێو ئەزمووندەریدا پەرشبووبێتنەوە، بەڵکو لەنێو سەرجەمێتیی ئیدێدا ڕێکخراوێکی پڕمەغزایان پێکهێناوە – ئێستا بۆ یەکەم جار واتایان وەرگرتووە. لێ ئەوە خودی فەیلەسوفە کە لەنێو خۆیەوە واتا دەخاتە نێو پێکهاتەکەوە. ئەمە، واتادان یان خستنەوەی واتا بریتییە لە ئەرکی فەلەسەفە.

لە بنەڕەتدا تەنیا تراکتات (ئێسەی، گۆتار) دەتوانێت خۆی لە قەرەی ئەم پەیوەندییە دیالێکتیکییەی هزر و فێنۆمێنەکان بدات. ئاخر تراکتات هیچ دەرچەیەکی نییە کە وەک پنتی مێتۆدیانەی داڕشتن چەسپێنرابێت و هزر لێوەی بە ئاڕاستەی کۆتاییەکی داخراو ئاوەڵا ببێت، بەڵکو هزر هەردەم بەوە دەستپێدەکات کە ئەو خۆی لە قەرەی دەدات، لێرەشدا تەنیا ئەوە دەبێژێت کە ئەو خۆی بەهۆیەوە ڕابووە. کەواتە هزرین لەو جێیەدا بێدەنگ نابێت کە هیچ پاشماوەیەک نەمابێتەوە، بەڵکو بێدەنگ دەبێت گەر خۆی هەست بکات لە کۆتاییدایە. هزرین، لە پەیوەندییەکەیدا بە فێنۆمێنەوە، بەردەوام بەپێی پێویست گوژم بە خۆی دەداتەوە و خۆی فڕێ دەداتەوە نێو هەر خەرەندێکی بێبناغەی گێژەنگئاساوە تاکو پرۆسەی داڕشتنی فەلسەفەیی بەربخات، لێ لەبەر ئەوەی گەڕانەوەی هەمیشەیی هەمان شتمان نییە، بەڵکو بەسەرچوونمان هەیە، ئەوا داڕشتن بریتی دەبێت لە سازاندنی کارێکی تەواونەکراو (فراگمێنتییانە) – پێکهێنانی سەرجەمێکی کراوە. ئاخر وەک گۆتمان پرسی تەئویلی جیهان وا دەکات کە ئیدێ بریتی بێت لە “ئیدیال” ی گەیشتن بە “یەکانە” (سەرجەمێتی).

بێنیامین بە جەختی دەبێژێت، کە ئیدێ بە پێشیانی دراوە، کەواتە لە ئەزمووندەریدا هەیە. ئەو وەک نموونەی ئیدێی داڕێژراو ئاماژە بۆ هەندێک قەوارەی هونەری دەدات کە فێنۆمێنە داڕێژراوەکانی نێویان پەڕگرانە بونیادنراون، بۆ نموونە پرسەنوێنیی ئەڵمانی لە سەردەمی بارۆکدا.

 

4 پرسەنوێنی وەک ئیدێ

-1-4 دژبەریی بێچارە

بە دیدی بێنیامین پرسەنوێنی (Trauerspiel)ی بارۆک (67) بریتییە لە ئیدێ، کەواتە پێکهاتەیەکی سازێنراوە لە پەڕگران. جگە لەوە بێنیامین پرسەنوێنی ناودەنێت “تراژیدیای نوێ”(68) بۆ ئەوەی لە تراژیدیای گریکی جیایبکاتەوە.

ئێمە سەرەتا گەرەکە ڕووبکەینە بارۆک وەک قۆناغێکی ئەدەبی و هونەری کە “ئەنتیتێتیک” (دژبەری، پێکەوەنەگونجاوی) مۆرکی پێداوە. ئاخر لە ئەدەب و هونەری بارۆکدا دژبەرییەکانی وەک ئەمدنیا و ئەودنیا، دیاردە و بوون، ژیانی زەمینی و ئاسمانی، و هتد دادەڕێژران. هۆنەرانی (واتا هۆزانڤانانی، نووسەرانی، هونەرمەندانی) بارۆک بە ناسۆر تەنرابوون و ڕەشبینانە ڕەوتی مێژوویان دەبینی، هاوشێوەی مرۆڤانی سەردەمەکەیان کە لە ناتەبایی دەروونیدا دەژیان و باوەڕیان بە خەڵاسی ئایندەیی نەمابوو. بۆیە جێی سووڕمان نییە کە ئێمە لە ئەدەب و هونەری بارۆکدا بەزۆری داڕشتنی مەرگ یان کاسەسەر و هتد دەبینین. جیهان بە دیدی ئەوان لەبەریەک هەڵوەشابۆوە، وێرانە بوو و توخمەکانی دابڕاو لە یەکدی هیچ واتایەکیان نەمابوو. ئاخر چیدی سەرجەمێکی مەبەستمەند لەگۆڕێ نەبوو کە تێیدا توخمەکانی نێوی ڕێکخرابن. لێ گرنگ پەیوەند بەم بەدڕەوشەوە ئەوەیە کە هۆنەران هیچ خواستێکی سازاندنی دژبەرییەکانیان نەبوو، یان بە زمانی هێگل ببێژین، ئاشتیان نەدەکردنەوە، بەڵکو لە نەسازی (تناقض)ی نێویەکییاندا دەیانهێشتنەوە.

ئێمە لەم بەدڕەوشەدا خۆمان لە بەردەم پرسی “ئێشاتۆلۆژی”دا دەبینینەوە کە بە دیدی بێنیامین مۆرکی سەرجەم بارۆکە، ئەمەش بە واتای: کاتێک پێشبینییە ئایینییەکانی پێش بارۆک ڕوویان دەکردە کامڵبوونی ئایندەیی مرۆڤ و جیهان، یان هیوای بەڕێوەبردنی ژیانێکی ئایندەیی خوداویستوو ناخی ئیماندارانی تەنی بوو، ئەوا لە سەردەمی بارۆکدا هیوای بەو چەشنە نامێنێت و مرۆڤ خۆی توند بە ئەمدنیاوە گرێدەدات تاکو “پێکەوە لەتەک جیهاندا بەرەو لەناوچوون بڕوات”، بەڵێ بە نەمانی هیوای خەڵاسی ئایندەیی میکانیزمێک چێدەبێت کە وا دەکات “سەرجەم زایێنراوە ئەمدنیاییەکان کەڵەکە و هار ببن پێش ئەوەی خۆیان بدەنە دەست مەرگ”(69)

بەم شێوەیە کات / مێژوو لە پرسەنوێنیی بارۆکدا ڕادەوەستێت و خۆی بە سرەوتوویی لە فەزادا دەردەخات، واتا: “مێژوو دێتە نێو ڕودانگەوە”، یان ڕوونتر ببێژین: پرسەنوێنی مێژوو دەهێنێتە نێو کۆشک و سەرای شایانەوە (70)، لێ ئەوە پرسەی ماتەمینییە، یان پرسەیەکی مێلانکۆلییە (نەک شینگێڕان!) کە بۆ بەسەرچوونی مێژوو دادەنرێت، بەسەرچوونیش لە مەرگی میردا دیاردەهێنرێت – ئاخر میر کە یەکەم بەناوبانگی مێژووە، لە پرسەنوێنیدا وەک بەرجەستەی مێژوو دادەنرێت.

بەمەش جیاوازییە کرۆکییەکانی نێوان پرسەنوێنیی ئەڵمانی و تراژیدیای گریکی بەڕوونی خویا دەبن. بابەتی پرسەنوێنی بریتییە لە مێژوو، لێ بابەتی تراژیدیا بریتییە لە میتۆس (ئەفسانە). لە پرسەنوێنیدا ستاندی / چینی دەسەڵاتداران (شا و میر) وەک دەستوێژێک بۆ دیارهێنانی کارەسات وەردەگیرێت، لێ کارەسات لە تراژیدیادا بەڕێی قۆناغی پێش-مێژووەوە، واتا پاڵەوانێتیی بەسەرچووەوە، دادەڕێژرێت. ئەوجا کاتێک هۆنەری پرسەنوێنی فەزیلەکانی شا و میران لە لایەک، بەدخووبوونیان لە لایەکی دی، هەروەها کاروبارەکانی دیپلۆماتی و بەڕێوەبردنی سیاسی دەکات بە بابەتی هۆنینەوە کە پێکڕا “هەنووکەیین” یان کێشەی کرۆکییانەی “سەردەمن”، ئەوا هۆنەری تراژیدیا بە پێچەوانەوە ڕابوردوویەکی دوور دەهێنێت بۆ نێو ئامادە.

 

24 ئاللێگۆری وەک گوزارشت

1-2-4 ڕەخنەی ڕۆمانتیک و کلاسیک

پرسەنوێنی لەتەک خۆیدا دەمانهێنێت بۆ پرسیاری گوزارشت (دەربڕین)، لێرەشدا دەگەین بە تێگەی ئاللێگۆری (مەجاز). بێنیامن بۆ ئەوەی کرۆکی ئاللێگۆری ڕوونتر دیاربهێنێت، کرۆکی ڕۆمانتیک و کلاسیک دەخاتە ژێر ڕەخنەوە.

ئێستێتیکی ڕۆمانتیک وای دادەنێت کە “دیاردەی ئیدێ سیمبۆلە” (71)، کەواتە وەک شێوازێکی وێنەیی گوزارشت دەیبینێت کە تییدا “واتا و فۆرم خۆیان لە پەیوەندییەکی نێویەکیدا دەبیننەوە” و گەرەکە لەو نێویەکییەی هەردووکیانەوە مەغزای کاری هونەری بۆ وەرگر دیاربدات. لە بنەڕەتدا کێشەی ئێستێتیکی ڕۆمانتیک ئەوەیە کە چۆن “مەئریفەی پڕدرەوشەی … ڕەهایەک / ئەبسولوتێک” بۆ هونەر مسۆگەر بکرێت، یان بە شێوەیەکی دی ببێژین، چۆن هەمەکێتی (سەرجەمێتیی نەشکاو یان گشتێتی) لە هونەردا پێشان بدرێت، بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکەش بە سیمبۆل دەسپێرێت. بەم شێوەیە ڕۆمانتیک درێژە بە کارێک دەدات کە پێشتر لە کلاسیکدا بناغەی ڕێژرابوو، واتا: “جیهانی مێژوویی” (جیهانی ئاکار) دەگوازێتەوە بۆ نێو جیهانی “جوانە” (das Schöne). کلاسیک هەوڵ بۆ ئاپۆتیۆزی (بەخوداکردنی / کامیلکردنی) لێرەبوون لەنێو تاکەکەسێكی کامیلکراودا دەدات، بێگومان تاکەکەسێک کە نەک تەنیا لە ڕووی ئاکارەوە، بەڵکو هەروەها لە ڕووی هۆشەکییەوە کامیلکراوە. لێ ئێستا ڕۆمانتیک لەم پەیوەندییەدا هەنگاوێکی دیکە دەنێت و خۆی لە کلاسیک جیادەکاتەوە، ئەویش بەوە کە تاکەکەس دەخاتە نێو پرۆسەیەکی مێژوویی بێدوایەکییەوە کە پرۆسەی خەڵاسە (72). تاکەکەس، یان سەبژێکت، گەرەکە بخرێتە سەر ڕێگەیەکی بێدوایەکی ڕووەو “هەمەکێتی”ی سروشت “و” مرۆڤ، لێ سەبژێکت تەنیا بە گوزارشتی ئافرێنەرانە، کەواتە هونەرییانە، بۆی دەلوێت ئەم شێوازەی خودبەدیهێنان بەربخات. ئاخر لە ڕۆمانتیکدا وا دادەنرێت کە ژیان و هونەر یەکدییان گەرەکە، لێرەشدا ڕۆمانتیک داوای ڕێگەیەکی بێسنووری خودبەدیهێنان دەکات. سەبژێکت گەرەکە لەسەر ئەم ڕێگەیە نەک تەنیا “فۆرم” بە خۆی بدات، بەڵکو هەروەها بە جیهانەکەشی، لێ ئەم ئامانجەی تەنیا بە ویستێکی پۆڵایین پێ بەدیدەهێنرێت. بەڵێ، لە ئەدەبی کلاسیک و ڕۆمانتیکدا پرسی کامیلبوونی سەبژێکتی ئیدیالیستی تا ئاستی یان نزیکەی تا ئاستی بەخوداکردن ئاوەڵادەکرێت.

بێنیامین بەسەر فۆرمی گوزارشتی کلاسیک و ڕۆمانتیکدا ڕوودەکاتەوە فۆرمی گوزارشتی بارۆک کە ئاللێگۆرییە، لێرەشدا بۆ ڕوونکرنەوەی کرۆکی ئەم فۆرمەی گوزارشت دەربڕینێکی گوێتە (هۆزانڤانە مەزنەکەی کلاسیکی ئەڵمانی) وەک سیتات وەردەگرێت کە تێیدا زۆر نزم ئاللێگۆری دەنرخێنێت.

سیمبۆل کە هێمایەکی سادەیە، بۆ گوێتە “هێزێک”ە کە دەتوانێت گشتێتی لەنێو تایبەتێتیدا، هەروەها تایبەتێتی لەنێو گشتێتیدا، دابڕێژێت. سیمبۆل دیاردە وەردەگرێت بۆ ئەوەی ئیدێیەکی لێ چێبکات، ئەوجا لەو ئیدێیە وێنەیەک دەسازێنێت، لێ ئەوە بە چەشنێک دەکات کە ئیدێ لەنێو وێنەدا کاریگەرییەکی بێدوایەکی وەردەگرێت، کەواتە هەرگیز مرۆ پێی ناگات. سیمبۆل لەم ئەدگارەیدا لە ئاللێگۆری جیادەبێتەوە، چونکە ئەمیان دەشێت ئاوەزمەندانە وەک مەتەڵ هەڵبهێنرێت یان وەک شفرە بکرێتەوە. ئاخر ڕێگەی ئاللێگۆری پێچەوانەی ڕێگەی سیمبۆلە، واتا ئەم دیاردە وەردەگۆڕێت بۆ تێگە و تێگە وەردەگۆڕێت بۆ وێنە، لێ سنووری تێگەکە لەنێو وێنەکەدا دەکێشێت و هەر بە خودی وێنەکە دەردەبڕرێت. بە دیدی گوێتە لەم جیاوازییەی سیمبۆل و ئاللێگۆریدا سروشتی خودی پۆیێزی دیاردەدات. ئەو دەبێژێت: “جیاوازییەکی مەزن لەوەدا هەیە کە داخۆ هونەرمەند لە پێناوی گشتێتیدا بۆ تایبەتێتی بگەڕێت یان داخۆ لەنێو تایبەتێتیدا لە گشتێتی بڕوانێت”. لە ڕەوشی یەکەمدا ئاللێگۆری سەرهەڵدەدات کە تێیدا “تایبەتێتی تەنیا نموونەیەکە بۆ (…) گشتێتی”، لێ گوێتە لە ڕەوشی دووەمدا سروشتی ڕاستەقینەی پۆیێزی دەبینێت، چونکە بە دیدی ئەو “ئەمیان تایبەتێتییەک دەردەبڕێت بەبێ ئەوەی لە گشتێتی بهزرێت یان ئاماژەی بۆ بدات. ئەوجا کێ ئەم تایبەتێتییە بە زیندوویی دیاری بکات، ئەو کەسە هاوکات لەتەکیدا گشتێتیشی پێ دراوە…” (73).

با ئاللێگۆری کە گوێتە ڕەخنەی ئاڕاستە دەکات، بە نموونەی بەرجەستە پێشان بدەین: لە ئاللێگۆریدا تێگەیەکی یان ڕەوشێکی ئەبستراکت وێنەییانە بەرجەستە دەکرێت، بۆ نموونە: یوستیسیا کە بە شمشێر و تەرازووەوە ڕاوەستاوە، وێنەیە بۆ دادپەروەری؛ یان پەیکەری ئێسکی کە لەژێر عەبایەکی ڕەشدا داسێکی بە دەستەوە گرتووە، وێنەیە بۆ مەرگ. لەم بەوێنەکردنەدا گشتێتی (تێگەی دادپەروەری یان مەرگ) لەنێو تایبەتێتیدا دراوەتەوە (تایبەتێتی وەک: یوستیسیای ڕاوەستاو بە تەرازوو و شمشێرەوە، یان پەیکەری ئێسکی بە داسێکەوە لەژێر عەبایەکی ڕەشدا). کەواتە لە ئاللێگۆریدا بە یەک تاکە شتی یان تێکستی وێنەیی گشتێتییەک کە ڕەوشێکی ئاڵۆزە، دادەڕێژرێت، بەڵێ تەنانەت دەشێت ڕەوشە گشتییەکان بەڕێی کەساندنەوە دابڕێژرێن.

لێرەدا گەرەکە بپرسین کە ئایا لەبەر چە هۆیەک ئەم فۆرمەی گوزارشتی ئاللێگۆری بێنیامین دەبزوێنێت؟ مەسەلەکە نەمانی هیوای خەڵاسی ئایندەییە کە لای بێنیامین واتای فەلسەفەیی وەردەگرێت. کاتێک مێژوو لە ڕۆمانتیکدا وەک پرۆسەیەکی بەردەوام بە ئاڕاستەی ژیانێکی ئەبەدی دادەنرێت، ئەوا مێژوو لە ئاللێگۆریدا وەک ڕوداوی وێرانبوونێکی نەشیاوی ڕاگیرکردن دیاردەدات. بێنیامین دەبێژێت کە “ئاللێگۆرییەکان لە جیهانی هۆشەکیدا هاوشێوەی وێرانەکانن لە جیهانی شتەکاندا”(74). لێ ئەوە وێرانە-مێژووی جیهان و مرۆڤی ناخ ناتەبای بارۆکە کە دراونەتە دەست مەرگ و ئاللێگۆرییانە دادەڕێژرێن. ئەم مرۆڤە هەردەم چاوەڕوانی کارەساتێکی هەمەکییە کە بەسەر مرۆڤایەتیدا بێت و لەناویبەرێت. ئێمە دەتوانین ئەم کێشەیە ڕوونتر بە جیاوازیکردن لە نێوان سیمبۆل و ئاللێگۆریدا ببینین: “لە سیمبۆلدا لەناوچوون / فەنابوون دەدرەوشێنرێتەوە”، لێرەشدا “ڕوخسار”ی درەوشێنراوەی سروشت کە گیرۆدەی مەرگە، لابەلا لە ڕوناکیی خەڵاسدا دیاردەدات؛ لێ ئاللێگۆری بە پێچەوانەوە مێژوو لە “ڕوخساری داماو”یدا وەک سروشتێکی هەرگیز دەستکارینەکراوی وشکهەڵهاتوو دادەڕێژێت، کەواتە “مێژووسروشت” وەردەگرێت بەبێ ئەوەی بیخاتە نێو پرۆسەی خەڵاسی ئەبەدییەوە. ئاللێگۆری تایبەتێتی بە ڕەوشە وێرانەییەکانی نێو مێژوو دەدات، بۆ نموونە هاتووی ناوەخت، دەستپێکی نابەجێ یان نەکبەتی، واتا لە “یەک تاکە ڕوخساردا” دەریاندەخات، کە ئەوە بێگومان ڕوخسار نییە، بەڵکو “کاسەسەری مردوویەکە” بەدەر لە هەر شێوەیەکی “سیمبۆلیانە”ی گوزارشت، یان فیگورێکە کە سروشتی خۆی لێ وەریوە. سەرەڕای ئەوە مایەی سەرنجە کە لەو فیگورە بێ-سروشتەوە نەک تەنیا سروشتی لێرەبوونی مرۆڤ، بەڵکو هەروەها مێژوویەتیی تاکەکەسێک پڕواتایانە لە شێوەی پرسیاری مەتەڵدا دەئاخڤێت، بە واتایەکی دی ببێژین، مێژوویەتیی تاکەکەس وەک شفرە زیتبۆتەوە و گەرەکە بە کردنەوەی واتای پێبدرێت(75).

 

-2-2-4 پرسەنوێنی وەک فراگمێنت

 

لە پرسەنوێنیدا پەڕگری میر بەرجەستەی مێژووە بە دوو توخمی پەڕگرەوە کە بریتین لە ستەمکار و شەهید. ئەوجا “وێرانە” پەڕگرێکی دیکەی پرسەنوێنییە، ئێستا کۆشک کە ڕودانگەیە، لە تۆکمەیی ئەبەدییەتخواز و قەشەنگییەوە بەرەو وێرانبوون دادەوەشێت. لێ سەرجەمی ئەم داڕشتنانە کە بە ئاللێگۆری ئەنجام دەدرێن، بە تەواونەکراوی دەهێڵرێنەوە، کەواتە پرسەنوێنی فراگمێنتە. ئێمە گەرەکە خۆمان وردتر بەم پەڕگرانەوە خەریک بکەین.

دژبەرییەکانی نێو پرسەنوێنی لەنێو جەرگەی کۆشکی شایانەوە دەردەخرێن. بە ژیانی کۆشکنشیندا خویا دەبێت کە بۆچی لە پرسەنوێنیدا کۆشک ڕودانگەی داڕشتن و کلیلی تێگەیشتنی مێژووە. ئاخر کۆشکنشین بە چاکترین شێوە لەتەک ئەدگاری پرسەنوێنیدا یەکدەگرێتەوە کە دژبەرییە: “نیشتەجێی کۆشک پیرۆز و دەسیسەچییە لە یەک کاتدا”(76)، یان: میر لە لایەک پیرۆزە، لە لایەکی دی زەبوون و نەفرین و بێشەرمە. ئەوجا دەسەڵاتی میر وەک پیرۆز لە لایەک، پرسیاری توانای ئەو بۆ دەسەڵاتداری لە لایەکی دی، دەیخەنە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی زۆر گران: ئەو گەرەکە وەک دەسەڵاتدار بڕیارێک (قەرارێک) پەیوەند بەو ڕەوشەوە بدات، لێ ئەوی دەسەڵاتدار توانای بڕیاردانی نییە، بە پێچەوانەوە وەک دەسەڵاتدارێکی پشوودرێژ چالاک دەبێت کە هەمیشە ڕاستەوخۆتر دەست لە گێڕی دەوڵەت وەردەدات بۆ ئەوەی ڕەوشە ڕیالەکانی جیهان ڕێکبخات. لێ میر ئەوەی بۆ ناچێتە سەر، بە پێچەوانەوە لە کۆتایی ناکۆکییەکانی دەسەڵاتدا کە بەهۆی پرسی تاجەوە تەقیونەتەوە، ئەشکەنجە و مەرگ چاوەڕوانی دەکەن، بەوەش میری کۆڵنەدەر دەبێت بە “شەهید”(77)  – بێگومان شەهیدی سۆز و ئارەزووەکانی خۆی. لێ ئەم ڕەوشانە کە دراوی مێژوویین و ناوەرۆکی پرسەنوێنی پێکدەهێنن، ڕاستەوخۆ لە سروشتەوە وەرناگیرێن، بەڵکو “لە کایەی باڵاترەوە کە کایەی تیۆلۆژییە”، دەکرێن بە پرسی هۆنینەوە. ئاخر فۆرمی پرسەنوێنی ئەمپەڕەکی نییە، واتا پەیوەند بە جیهانی فیزیکییەوە ئاوەڵا نەکراوە، بەڵکو “ئەوپەڕەکی”یە، لێرەشدا “لاشە” ئەو فێنۆمێنە پەڕگرەیە کە تێیدا فۆرمی ئاللێگۆری “ئەوپەڕەکییانە” دیاردەدات (78).

گەر ئێمە لە پەیوەندیی هۆش و لەشەوە بڕوانین، ئەوا دەبینین کە هۆش بە هەر نەخۆشکەوتنێکی لەش دووچاری ئازار دەبێت، بێگومان ئازارێک کە زۆر سەختتر لە هەر ناکۆکییەکی ژیانی دەرەکی هۆش دەتەنێت. ئەوجا گەر هۆش لە ڕووی تیۆلۆژییەوە تەنیا بە مردن ئازاد (بەرەڵا) ببێت، ئەوا لەشیش بەو مردنە هەقی خۆی وەردەگرێت. لێ گرنگ لەم گۆڕانەدا ئەوەیە کە لەش هەروا ئاسان نابێت بە بابەتی داڕشتنی ئاللێگۆریانە، بەڵکو وەک “لاشە” ئەو رۆڵە وەردەگرێت. کەسەکانی پرسەنوێنی کە دەمرن، تەنیا وەک لاشە دەچنە نێو کایەی ئاللێگۆرییەوە، واتا کەسەکان بۆ خاتری نەمریی نامرن، بەڵکو بۆ خاتری بوون بە لاشە دەمرن، لێرەشدا ئەدگارەکانی لاشە بریتین لە ڕزین، کوت-کوت-بوون، وەرین. لێ ئێمە گەرەکە لەم لایەنەشدا ڕەچاوی کرۆکی دژبەرانەی پرسەنوێنی بکەین، چونکە ئێستا لاشەی مردوو وەک ڕزین و ڕۆچوو بەرەو نەمان دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێنێت تاکو دژبەرەکەی کە ژیانە، بهێنینە بەر دیدی خۆمان. وەک بێنیامین دەبێژێت، “بەرهەمهێنانی لاشە لە گۆشەنیگای مەرگەوە ژیانە” (79). ئاخر لاشە کە ئەوپەڕەکییە، هاوکات ئەوپەڕەکییانە کێشەی دەسەڵاتی مرۆڤ وەک مەخلوق دەردەخات، واتا مرۆڤ چەند دەسەڵاتدار بێت، یان تەنانەت پێدەچێت باڵاترین پێگەی لە دەوڵەتدا هەبێت و بەسەر خودی دەوڵەت و ژێردەستەکاندا سەروەر بێت، لێ هێشتا هەر لەنێو جیهانی ئافرێنراودا گیری خواردووە: میر بەسەر مەخلوقدا سەروەرە، لێ ئەو خۆیشی مەخلوقە (80).

لەپاڵ لاشەدا پەڕگری وێرانە دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی “مێژوو بێتە نێو ڕودانگەوە”، ئەوە بێگومان وەک “مێژوو-سروشت”(81)، چونکە هەردووکیان دیالێکتیکییانە تێکهەڵکێش بوون. وێرانە پێشانی دەدات کە مرۆڤ تەواو بێدەسەڵاتە بەرانبەر مێژووسروشتێک کە ئەدگارە کرۆکییەکانی بریتین لە دوایەکێتی / بمری و داوەشان. ئێمە لێرەش دوو تەوەرەمان هەیە: بینای قەشەنگ و مەزن کە لە پێشبینیی ئەبەدییەتەوە بە شێوەیەکی یەکجار تۆکمە دروستکراوە، دەخرێتە نێو پرۆسەی “داوەشان” و “وێرانبوون”ەوە، بەبێ ئەوەی مرۆڤ کەمترین دەسەڵاتی هەبێت ئەو پرۆسەیە ڕابگرێت. نەخێر، مرۆڤ لە بەردەم پرۆسەی وێرانبووندا تەواو بێدەسەڵاتە.

بێگومان هەردوو پەڕگری لاشە و وێرانە لە لایەنی خۆیانەوە مۆرک بە داڕشتنی پرسەنوێنی دەدەن: چۆن پارچە گۆشتی ڕزیو لە لاشە دەوەرێت، چۆن بینای تۆکمە لەنێو پرۆسەی داوەشان و داڕوخاندایە، بە هەمان شێوە داڕشتنی ئاللێگۆریانە “بەشەکییە” – فراگمێنتە و لە ئاگاییەکی دژبەری تەواوسازییەوە تەواونەکراو هێڵراوەتەوە. لێ ئاشکرایە، کە شێوەی بەشەکییانەی پرسەنوێنی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر زمانی هۆنەر دەنوێنێت، کە ئیدی زمانی ئەویش وەک زمانی کەرتە قرتێنراوەکان دەبێت بە فراگمێنتاری. ئاخر لەبەر ئەوەی لە مێژوودا هیچ بزووتنێکی پێشڤەروو “بە ئاڕاستەی چاکە” نییە، بە پێچەوانەوە تەنیا کەڵەکەبوون هەیە، ئەوا هۆنەری ئاللێگۆری بەبێ هیچ ئامانجێکی “تەواوسازی” ڕۆدەچێت بۆ نێو “خەرەندی بێبناغەی نێوان بوونی وێنەیی و واتادان”(82)، لێ ئەوە هۆنەرە کە لەنێو خۆیەوە واتا دەخاتە نێو کەرتەکانی هەر شتێکی ئۆرگانییەوە کە ئەو سەرەتا خۆی تێکیشکاندووە. ئاخر ئەو سەرەتا بە تێکشکاندن سەرجەم ژیانی لە بابەتە ئۆرگانییەکان دەرکێشاوە، کە ئیدی ئێستا وەک مردوویەک تەسلیمی ویستی ئەو بوون، بۆیە لە ئێستا بەدوواوە تەنیا دەشێت ئەو واتایەیان هەبێت کە ئەو دەیخاتە نێویانەوە(83).  بێنیامین پەیوەند بەم زەبرە “پێویست”ەی هۆنەرەوە کە لە بابەتەکانی هۆنینەوەی دەکات، دەبێژێت، کە ئەو ڕەوشە بەند نییە بە دۆخی پسیکۆلۆژیانەی هۆنەرەوە، بەڵکو ڕەوشێکی ئۆنتۆلۆژییە، چونکە هەر شتێکی “هەبوو” لەژێر دەستی ئاللێگۆریڤاندا دەبێت “بە شتێکی دی”: ئاللێگۆریڤان بەو شتە لە خودی شتەکە نائاخڤێت، بەڵکو لە شتێکی دی دەئاخڤێت، ئەو شتەی دیکەش بۆ ئەو دەبێت بە کلیلی ئاوەڵاکردنی کایەی زانینی شاراوە(84).

بێگومان ئاللێگۆریی بارۆک بۆ بێنیامین پرسێکی فەلسەفەییە نەک لە گۆشەنیگایەکی هونەرناسی یان ئەدەبناسییەوە خۆی پێوە خەریکبکات. واتە پرسی وێرانەی بوون کە لە پرسەنوێنیدا دادەڕێژرێت، لە خودی سەردەمی مێژوویی بارۆک تێپەڕدەکات. بە دیدی بێنیامین سروشت “لە هەرە دێرزەمانەوە تایبەت بووە بە مەرگ”، بۆیە سروشت “لە هەرە دێرزەمانەوە ئاللێگۆریانە بووە”(85)، ئەمەش قووڵترین واتای فەلسەفەیی ئاللێگۆرییە لای بێنیامین. واتا و مەرگ لەتەک دەستپێکی مێژوودا دێنەگۆڕێ و هەردووکیان لە کاتی بەربوونەوەی گوناهمەندەوە هاتوونەتە نێو یەکدییەوە. کەواتە بە تێکهەڵکێشبوونی دیالێکتیکییانەی سروشت و مێژوو پرسی واتادان سەرهەڵدەدات. هەردووکیان لەم قووڵترین پنتەی مەرگدا / لەناو-چووندا یەکدەگرنەوە، یان ڕوونتر ببێژین: کارەسات لە سروشتدا ئاماژە بۆ مێژوو دەدات، لێ مێژوو نازنجیرەییە، ناتەبایە، و تێیدا سەرجەم بوونەوەرەکان وەک وێرانە کەڵەکەبوون.

بێنیامین بۆ خەریکبوون بە مێژووسروشتەوە شێوازەکانی وەک “ڕاڤەکردن” یان “شرۆڤەکردن” ڕەتدەکاتەوە، چونکە بە دیدی ئەو ناتوانن پەی پێ بەرن. ئەو ناوبراوانە شێوازی کارکردنی تایبەتن بە سیستەمە جیاوازەکانی فەلسەفە، لەم پەیوەندییەشدا بێنیامین دەبێژێت، هەر فەلسەفەیەک گۆتە (مەقولە)ی ڕاست (سەحیح) لەبارەی جیهانی شتەکان دەرببڕێت، ئەوا هەرگیز ئەو داواکارییەی پێ بەدیناهێنرێت کە وەک باڵاترین ئامانجی خۆی بەرزی کردۆتەوە. ئاخر ئەدگاری زمان وەک هێما کە کارایی دەستنیشانکردنی هەیە، “بە ڕەهایی ئەدگاری توخمگەلی ئەبستراکتە و توخمەکان بە هیچ شێوەیەک لەتەک جیهانی شتەکاندا یەکناگرنەوە”(86) – چونکە توخمی ئەبستراکت تەنیا لە ئاگایی سەبژێکتدا هەیە. بۆیە بێنیامین ئەرکێکی دیکە دەخاتە ئەستۆی فەلسەفە: ئەو گەرەکە مێژووی ئاللێگۆریانە وەک مەتەڵێک هەڵبهێنێت، یان وەک شفرەیەک بیکاتەوە. ئاخر لەبەر ئەوەی سروشت لە هەرە دێرزەمانەوە، لەکاتی بەربوونەوەی گوناهمەندەوە، ئاللێگۆریانە بووە، ئەوا خودی ئاللێگۆری فەلسەفە ناچار دەکات ئەو ڕێگەیە بگرێتە بەر، چونکە لە ئاللێگۆریدا هەموو کەسێک، هەموو شتێک یان هەموو پەیوەندییەک دەشێت ئەم واتا یان ئەو واتای هەبێت، کەواتە هیچ ڕەوشێکی تەواو ڕۆشن لەگۆڕێ نییە کە بڕیاری لۆژیکییانەی ڕاستەوخۆی بەسەردا بدرێت. نەخێر، تەنیا بە کۆنفیگوراسیۆنی پەڕگران دەرفەت دەڕەخسێت بۆ ئەوەی هەر پەڕگرێک لە پەیوەندیدا واتای پێبدرێت، هاوشێوەی ئەستێرەکانی نێو پۆلبەندییەکی (کۆنستێلاسیۆنێکی) ئەستێرەیی لە ئاسماندا، بەمەش خویا دەبێت کە لە پێکهێنانی فیگورییانەی ئیدێدا، هاوشێوەی پۆلبەندیی ئەستێرەیی، “هیچ چەقێک نییە”(87). داڕشتن گەرەکە بریتی بێت لە چێکردنی فیگورێکی مۆزایکئاسا کە تێیدا واتا بە کەرتە-بوونەوەر دراوە، واتادانیش بریتییە لە تەئویل / دەرخستن. تەنیا بەم شێوە مێسیاییە شتەکانی جیهان، فێنۆمێنەکان، لە بێگوزارشتی “ڕزگاردەکرێن”.

 

پەراوێز

(1) ڤالتەر بێنیامین (15.07.1882) لە بەرلین هاتە ژیانەوە و لە (26.09.1940) لەسەر سنووری فەڕەنسا-ئیسپانیا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەست نازییەکان.

بێنیامین لەنێو تیۆریی ڕەخنەییدا پێگەیەکی تایبەت-ی هەیە. ئەو خۆی لە لایەک پابەند ناکات بە دامەزراوە زانستگەییەکەی تیۆریی ڕەخنەییەوە، واتا بە “ئەنستیتوی توێژینەوەی سۆسیال”ی نێو زانستگەی فرانکفورتەوە، بە پێچەوانەی هۆرکهایمەر و ئادۆرنۆ کە هەردووکیان بە فەرمی پابەندی ئەنستیتوی ناوبراو بوون، لە لایەکی دی پەیوەندیی خۆی بە ئەنستیتو و گۆڤارەکەیەوە بە ناونیشانی “گۆڤاری توێژینەوەی سۆسیال” ڕادەگرێت کە لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی بەهێزتر دەبێت لەوەی کە مرۆڤ بە دامەزراوەیەکەوە هەیبێت. لێ گومانی تێدا نییە کە هۆرکهایمەر رۆڵێکی کرۆکیی لە ڕاگرتنی ئەو پەیوەندییە چڕەدا گێڕا کە لە نێوان هزرمەندانی تیۆریی ڕەخنەییدا هەبوو. جگە لەوە گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین، کە بێنیامین کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هزری ئادۆرنۆ نواند، بە تایبەتی لە پرسی مێژوودا وەک مێژووسروشت کە پاشان ئادۆرنۆ لە لایەنی خۆیەوە پرۆگرامییانە پەرەی پێدەدات.

(2) Buck-Morss, Susan: Dialektik des Sehens, Frankfurt / Main 1993، S. 304.

(3) Benjamin, Walter: Ursprung des deutschen Trauerspiels, S. 7.

(4) Soldani, Raffaella: Walter Benjamins Ideenlehre, S. 60.

(5) Benjamin, Walter: a.a.O., S. 10.

(6) Ebenda, S. 8.

(7) Ebenda, S. 10.

(8) Ebenda, S. 17.

(9) Ebenda, S. 17.

(10) Ebenda, S. 12.

(11) Ebenda, S. 9 f.

(12) Ebenda, S. 16.

(13) Ebenda, S. 15.

(14) Ebenda, S. 32.

(15)  بڕوانە: ئانێماری گێتمان-زیفەرت: ڕێبەرییەک بۆ ئێستێک. لا 36 و لا 48.

هەروەها بڕوانە:

Leibniz, Gottfried Wilhelm: Monadologie.

(16) Benjamin, Walter: a.a.O., S. 32.

(17) Benjamin, Walter: Über Sprache überhaupt und die Sprache des Menschen,151.

 (18) بڕوانە:

Wohlfarth, Irving: Die Willkür der Zeichen. Zu einem sprachphilosophischen Grundmotiv Walter Benjamins. S. 2.

(19) Benjamin, Walter: Über Sprache überhaupt und die Sprache des Menschen. S. 145.

(20) Ebenda, S. 143.

(21) Ebenda, S. 146.

(22) Ebenda, S. 146.

(23) Ebenda, S. 145.

(24) Ebenda, S. 150.

(25) Ebenda, S. 148.

(26) Ebenda, S. 152.

(27) Ebenda, S. 152.

(28) Ebenda, S. 152.

(29) Ebenda, S. 153.

(30) Benjamin, Walter: Ursprung des deutschen Trauerspiels, S. 19.

(31) Biella, Burkhard: Zur Kritik des anthropofugalen Denkens, S. 25.

(32) Benjamin, Walter: Über Sprache überhaupt und die Sprache des Menschen. S. 154.

(33) Ebenda, S. 155.

(34) Biella, Burkhard, a.a.O., S. 26.

(35) Benjamin, Walter: Über Sprache überhaupt und die Sprache des Menschen. S. 158.

(36) بڕوانە:

– Hegel, G. W. F.: Phänomenologie des Geistes. S. 82 ff.

– Hirschberger, Johannes: Geschichte der Philosophie. Band II. S. 412 ff.

(37) Benjamin, Walter: Das Leben der Studenten. In: Illuminationen. Ausgewählte Schriften I. (1920 – 1940). S. 9.

(38) Ebenda, S. 260. Zitat nach: Habermas, Jürgen: Zwischen Kunst und Politik
Eine Auseinandersetzung mit Walter Benjamin. Merkur, Nr. 293, September 1972.

(39) Benjamin, Walter, Über den Begriff der Geschichte, IX, in. Gesammelte Schriften, Band 1, I, S. 697 f.

(40) Ebenda, VI, S. 695.

(41) Ebenda, I, S. 693.

(42) Soldani, Raffaella, a.a.O., S. 5.

(43) Benjamin, Walter: Das Leben der Studenten, a.a.O., S. 9.

(44) Benjamin, Walter, Über den Begriff der Geschichte, XVII, S. 702 f.

(45) Ebenda, XVII, S. 702 f.

(46) Benjamin, Walter, Über den Begriff der Geschichte, XIV, S. 701.

(47) Benjamin, Walter: Ursprung des deutschen Trauerspiels, S. 18.

(48) Ebenda, S. 19.

(49) Ebenda, S. 29.

(50) Soldani, Raffaella, a.a.O., S. 68.

(51) Fuchs, Ottmar: Der jüngste Tag ist eine rückwärts gewandte Gegenwart“: In Erinnerung an Walter Benjamin zum 125. Geburtstag.

(52) Benjamin, Walter: Ursprung des deutschen Trauerspiels, S. 30.

(52) Weber, Samuel: “Mitteilbarkeit” und “Exponierung” – Zu Walter Benjamins Auffassung des Mediums.

(53)  Benjamin, Walter: Ursprung des deutschen Trauerspiels. S. 18.

(54) Ebenda, S. 15.

(55) Soldani, Raffaella, a.a.O., S. 81.

(56) Benjamin, Walter: Ursprung des deutschen Trauerspiels, S. 16.

(57) Benjamin, Walter: Ursprung des deutschen Trauerspiels. S. 31.

(58) Wiesenthal, Liselotte: Zur Wissenschaftstheorie Walter Benjamins. S. 12.

(59) Benjamin, Walter: Ursprung des deutschen Trauerspiels. S. 31.

(60) ئێمە هاوکات لەم پەیوەندییەدا یەکگرتنەوە و جیاوازیی بێنیامین لە هوسەرل دەبینین. ئەو هاوشێوەی هوسەرل بە پێویستی دەزانێت کە فێنۆمێنە پەڕگر و ساناکانی ڕۆژانە بە شێوەی وەسفکەرانە لە یەکدی جیابکرێنەوە، لێ کاتێک هوسەرل مێتۆدییانە بەرەو کایەی ترانسسێندێنتالی ئاگایی دەڕوات تاکو لەنێویدا کرۆک دیاربهێنێت و وەسفی بکات، ئەوا بێنیامین دیدی خۆی ئاڕاستەی فێنۆمێنە پەڕگرەکان دەکات و دەیانخاتە پەیوەندییەوە لەتەک یەکدیدا، ئەوجا گەرەکە هزر تەئویلیان بکات. ئەوەیە ئەرکە کرۆکییەکەی هزر. لەم ڕوانگەیەوە فێنۆمێنە / ڕووداوە سەرسنوورییەکان کێشەی بێنیامینن، بە پێچەوانەی هوسەرل کە فەلسەفە وەک زانستێکی مێتۆدی بنیاتدەنێت. (بۆ پەیوەندیی بێنیامین بە هوسەرلەوە بڕوانە:

Wiesenthal, Liselotte, a.a.O., S. 18.

(60) Soldani, Raffaella, a.a.O., S. 89.

(61) Benjamin, Walter: Ursprung des deutschen Trauerspiels. S. 15.

(62) Ebenda, S. 16.

(63) Ebenda, S. 16.

(64) Ebenda, S. 16.

(65) Ebenda, S. 9.

(66) Fuchs, Ottmar, ebenda.

(67) تێگەی بارۆک لە وشەی پۆرتوگالیی “بارۆککۆ”وە براوەتەوە و واتاکەی بریتییە لە: مروارییەک کە لەبەر ئەوەی تەواو گۆیی نییە، ئەوا ناو دەنرێت خوار و خێچ، هاوکات لەتەک ئەو خوار و خێچییەیدا بە شێوەیەکی سەیر و سەمەرە هۆنراونەتەوە.

لێ بارۆک بە گشتی جەرەیانێکی ئەدەبی و هونەری بوو کە بەدووی ڕێنیسانسدا هات و بە کلاسیسیزم کۆتایی هات، کاتی سەرهەڵدانیشی نزیکەی دەکەوێتە سەرەتای سەدەی حەڤدەیەمەوە (1600)، کەواتە دەکەوێتە سەردەمی جەنگی سیی-ساڵەی ئاینزاکانەوە و تا نزیکەی 1770 دەخایەنێت.

(68) Benjamin, Walter: Ursprung des deutschen Trauerspiels. S. 115 f.

(69) Ebenda, S. 58.

(70) Ebenda, S. 51.

(71) Ebenda, S. 176.

(72) Ebenda, S. 175.

(73) Goethe, Johann Wolfgang: Maximen und Reflexionen 749-751, S. 470 F.

هەروەها بڕوانە:

Benjamin, Walter: Ursprung des deutschen Trauerspiels. S.  176.

(74) Ebenda, S. 197.

(75) Ebenda, S. 183.

(76) Ebenda, S. 93.

(77) Ebenda, S. 64.

(78) Ebenda, S. 244.

(79) Ebenda, S. 246.

(80) Ebenda, S. 79.

(81) Ebenda, S. 197.

(82) Ebenda, S. 144.

(83) Ebenda, 204 f.

(84) Ebenda, S. 205.

(85) Ebenda, S. 183.

(86) Wiesenthal, Liselotte, a.a.O., S. 140.

(87) Benjamin, Walter: Ursprung des deutschen Trauerspiels. S.175.

 

سەرچاوەکان

-1 بەرهەمەکانی بێنیامین

Walter Benjamin:

  • Das Leben der Studenten. In: Illuminationen. Ausgewählte Schriften I. (1920 – 1940)
  • Über die Sprache überhaupt und die Sprache der Menschen, Frankfurt a. M. 1991.
  • Ursprung des deutschen Trauerspiels. Frankfurt am Main 1963.
  • Über den Begriff der Geschichte, in: Gesammelte Schriften Band 1, I, Hrsg. v. Rolf Tiedemann und Hermann Schweppenhäuser, Frankfurt a. M. 1991.

-2 سەرچاوەی لاوەکی

– Biella, Burkhard: Zur Kritik des anthropofugalen Denkens. Essen 1986.

– Buck-Morss, Susan: Dialektik des Sehens, Frankfurt a. M. 1993

– Fuchs, Ottmar: Der jüngste Tag ist eine rückwärtsgewandte Gegenwart“: In Erinnerung an Walter Benjamin zum 125. Geburtstag. Feinschwarz, 14.Juli2017. www.feinschwarz.net › in-erinnerung an-walter-benjamin-zum-125-g.

– Goethe, Johann Wolfgang: Maximen und Reflexionen. Hamburger Ausgabe, Band 12, 1978.

– Habermas, Jürgen: Zwischen Kunst und Politik. Eine Auseinandersetzung mit Walter Benjamin. Merkur 293, September 1972.

– Hegel, G. W. F.: Phänomenologie des Geistes. Frankfurt a. M. 1986.

– Hering, Christoph: Die Rekonstruktion der Revolution. Walter Benjamins messianischer Materialismus in den Thesen »Über den Begriff der Geschichte«. Frankfurt a. M. 1983.

– Hirschberger, Johannes: Geschichte der Philosophie. Band II. Verlag Herder. Freiburg im Breisgau.

– Jung, Thomas: „… über den Begriff durch den Begriff hinausgelangen“, in: Zeitschrift für kritische Theorie, 21. Jahrgang, Heft 41/41, 2015

– Leibniz, Gottfried Wilhelm: Monadologie. Stuttgart 1994.

– Nettling, Astrid: Walter Benjamins Engel der Geschichte „Ein Sturm weht vom Paradiese her“. Deutschlandfunk. 10.02.2016.

– Soldani, Raffaella, Walter Benjamins Ideenlehre. Inaugural-Dissertation zur Erlangung der Doktorwürde der Philosophischen Fakultät der Albert-Ludwigs-Universität Freiburg i. Br., Freiburg i. Br. 2005.

– Weber, Samuel: “Mitteilbarkeit” und “Exponierung” – Zu Walter Benjamins Auffassung des “Mediums”. gtw – Gesellschaft für Theaterwissenschaft.

www.theater-wissenschaft.de › mitteilbarkeit-und-exponierung-zu-wal…

– Wiesenthal, Liselotte: Zur Wissenschaftstheorie Walter Benjamins. Frankfurt a. M. 1975.

– Wohlfarth, Irving: Die Willkür der Zeichen. Zu einem sprachphilosophischen Grundmotiv Walter Benjamins. Anthropology & Materialism. A Journal of Social Research. Special Issue | I | 2017.

هەروەها بڕوانە:

– Pohlw.de. Pohlw Deutsche Literaturgeschichte & Literaturepochen.

 

سەرچاوەی کوردی:

ئانێماری گێتمان-زیفەرت: ڕێبەرییەک بۆ ئێستێک. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. سلێمانی 2009.

 

 

فەرهەنگۆک

 

بێدوایەکی: (مالانیهایە)

جیهانە-هۆش (Weltgeist): لای هێگل بە واتای جیهان هۆشە، کەواتە بریتی نییە لە “الروح المطلق”.

دەروێنە: لە هەندێک فەلسەفەی هۆئەنجامیدا، وەک لای پلاتۆن، دەرهاویشتەی ئیدێ/وێنە/پێشوێنەی سەرمەدییە، بۆ نموونە جیهانی فیزیکی بە سەرجەم بوونەوەرەکانی نێوییەوە.

ئەمپیریزم: ئاڕاستەیەکی ئەزموونگەرای فەلسەفەییە کە لە دەرککردنی سێنسییەوە دەدەچێت بۆ دەرکێشانی ئاوەزمەندانەی گشتێتی لە ئاگاییدا.

ئەزمووندەری (Empirie): جیهانی فاکتی وەک نێوەند و بدەری ئەزموونکردنەکانی مرۆڤ.

ئێمفایی: ئاوەڵناوی ئێمفازەی گریکییە، دەستوێژێکی زمانییە کە جەخت لە پێویستیی شتێک / تێگەیەک و هتد دەکات.

ئێشاتۆلۆژی: وشەیەکی ئاوێتەی گریکییە لە “ئێشاتۆس” (دوایەمین) و “لۆژی” (ڕێباز، زانینوما)، بە واتای: زانینومای پێشبینیییە ئایینییەکان لەبارەی کۆتایی ژیان و جیهان.

گێشتاڵت (Gestalt): واژەیەکی ئەڵمانییە، بە واتای “شێوە”، ئارەبەکان بە “جیشتالت” دەیدەنەوە و کوردەکانیش بە تایبەتی لە “سایکۆلۆژیدا” لە ئەوانیان وەرگرتووە.

هەمانگۆیی (تاوتۆلۆژی): دەربڕینی هەمان ناوەرۆک بە هەمان وشە یان بە وشەی جیاواز.

کلاسیک: ئەدەبێک یان هونەرێک کە لە هەر سەردەمێکدا چواندنی هەبێت، واتا هەرگیز کۆن نەبێت. بێگومان کلاسیک واتای تەقلیدی (ترادیسیۆنی) ناگەیەنێت.

لێرەبوون (ئێکزیستێنس): ئەوە کە هەیە، بە ئارەبی “وجود”.

پێشوێنە: (بڕوانە دەروێنە).

پۆیێزی: هونەری هۆنینەوە.

پۆزەتیڤیزم: ئاڕاستەیەکی تیۆریی-مەئریفەییە کە تەنیا شتە یان ڕەوشە بەرجەستە دراوەکان وەک سەرچاوەی مەئریفە وەردەگرێت.

پرۆگنۆز: ڕاگەیاندنی گۆڕانکاری لە ئایندەدا.

پسیکۆئانالیز: ناوی ڕێبازە پسیکۆلۆژییەکەی زیگموند فرۆیدە، بە واتای: “شرۆڤەی ژیانی ناخەکی”.

راسیۆنالیزم: لە کوردیدا پێویستە پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەیی بکرێت بۆ وەرگێڕانی “راسیۆنالیزم”ی ئەوروپی لە “العقلانیە”ی ئارەبییەوە بۆ “ئاوەزگەری”، چونکە ئارەبەکان بە هەڵە تەرجومەیان کردووە و کوردەکانیش درێژەیان بە هەڵەکەی ئەوان داوە. ئاخر لە بنەڕەتدا هەروەها پلاتۆن ئاوەزگەرایە، یان تەنانەت فەیلوسوفە ئیسلامییەکان کە داکۆکی لە ئاوەز دەکەن، ئاوەزگەران، لێ هیچ کامیان ڕاسیۆنالیست نین. ڕاسیۆنالیزم واتا “هزرینی ئامرازییانەی مەبەستمەند”، کە فەیلەسوفی فەڕەنسی دێکارت بناغەی ڕشت و لە ئەو بەدوواوە بوو بە زانینوما.

ڕێدوکسیۆن: کورتکردنەوە، بردنەوە بەرەو کرۆک. بۆ نموونە لە فێنۆمێنۆلۆژیدا موئایەشەیەکی دەرککردن کە لێڵە، پەتی نییە، مێتۆدییانە لەنێو ئاگاییدا بەرەو کرۆکەکەی کورتدەکرێتەوە، کە ڕوون و ئاشکرایە.

تیۆلۆژی: زانستی خوداناسی. لێرە بە تایبەتی وەک سینۆنیوم (مورادیف) بۆ “ترانسسێندێنس” دانراوە.

ترانسسێندێنس: دەرجیهانی، لەوبەر کایەی دەرککردنەوە، سەرمەدی.

تاگفیکر
بڵاوکردنەوە: