سەرپۆش یارە یاخود بارە؟

151
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

 

تەکلیف هەمیشە یەکسانە بە تەکەلوف و بارگرانی. خراپترین و بەدترین و ڕەقترین وشەیەک کە فەقیهانی ئیسلام بۆ فەرائیز و واجباتی دینی بەکاریانهێنابێت وشەی تەکلیفە. بەکارهێنانی ئەو وشەیە یەکەمین هەنگاوی کلۆرکردن و بێبەهاکردنی لەزەت و ئیمانی دینییە. قەراربوو عیبادەتەکان لەزەتبەخش و ئارامهێن بن پێش ئەوەی کڵێشە و حاشیەدار بن، ئاشتی ناوەکیی دروست بکەن لە مرۆڤدا و دواتر ئەم ئاشتییە ڕەنگدانەوەی دەرەکیی هەبێت و لە شێوەی تۆلێرانس و قەبوڵکردنی ئەوی دیکەدا “وەک ئەوەی کە خۆی هەیە نەوەک ئەوەی من دەمەوێت ببێت” خۆی بنوێنێت و کومەڵگایەکی موئمین نەوەک دیندار دروستبکات.

قەرار بوو واجباتی دینی ببنە هۆی دروستکردنی ویساڵ و عیشق و مەحەببەت نەوەک تەکلیف بن و لەکۆڵ خۆ بکرێنەوە و بکرێنە ئەداتێک بۆ ڕەنگڕێژکردنی کۆمەڵگا بە یەک ڕەنگ و ئایدۆلۆژیا و بیرکردنەوە و یەکپۆشی بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتن و هاککردنی عەقڵ و ژیانی خەڵک لەلایەن دەستەبژێرێکی کاهینەوە كە قورئان بە مەلەئی موتەکەبیر وەسفیان دەکات”قَالَ الْمَلَأُ الَّذِينَ اسْتَكْبَرُوا مِنْ قَوْمِهِ لِلَّذِينَ اسْتُضْعِفُوا” چیرۆکی موسا و فیرعەون چیرۆکێک نییە کۆتایی هاتبت، چیرۆکێکە نەوەک هەر لە کۆمەڵکادا، بەڵکوو لە ناو دەروونی تاک بە تاکماندا ڕۆژانە دووبارە و سەدبارە دەبێتەوە.

سەرلەبەری گوتاری دینی ئەمڕۆی ئێمە خۆی لە تۆخکردنەوەی تەکلیف و کاڵکردنەوەی ئیمان و  لەزەتی ئیمانییدا دەبینێتەوە. وتاری سەر مینبەرەکان، کۆڕ و سیمیناری سەر تیڤی و سۆشیال میدیاکان، واعیزەکان، بانگخوازەکان، سایکۆلۆجیستەکان، بەرنامە ڕاستەوخۆ زۆر و زەوەندەکانی وەڵامدانەوەی پرسیاری حەرام و حەڵاڵەکان بە فەتوا و وڵامی ئامادەکراو و بۆمببارانی خەڵک بە فەتوا بێڕەحم و خێراکان وایکردووە شتێک نەمێنێتەوە بە ناوی لەزەت و شەوقی ڕۆحانی، ئەوەی لە دین ماوەتەوە کۆمەڵێک بکە و مەکەی تیکراری و کۆمەڵە یاسایەکی چەند سەدەیەکی پێش ئێستان کە زۆربەیان لە شوناسی دین و کلتووری ئەو ڕۆژەی کۆمەڵگاکەوە سەرچاوەیان گرتووە نەوەک لە حەقیقەتی دینییەوە بن، ئەم یاساگەلەش لە خودی خۆیاندا پیرۆز نین و مەرجیش نییە باشترین یاسا بن بۆ هەموو سەردەم و کۆمەڵگایەک لە هەموو جێگایەک.

سەرەتای گواستنەوەی لەزەتی ئیمانی بۆ شەریعەتی تەکلیفیی لای یەهوودییەکانەوە دەست پێ دەکات. بە بۆچوونی ئیبن عەرەبی “غیر المغضوب علیهم” ڕووی لە بەنی ئیسرائیلە، چونکە هەموو فەریزەیەکیان وەک تەکلیف دەبینی، بە چاوی سوود و بەرژەوەندییەوە لە ئەمرە ئیلاهییەکانیان دەکۆڵییەوە، هەموو پێودانگێکی ئاسمانییان لێ دادەڕنین وبەتەواوی سیکۆلاریان دەکردن، چاوەڕوانیی ئەوەیان نەبوو ئیمان دەستکاریی شوێنێکی دیکەیان بکات، پرسیاری بەرژەوەندیخوازانەیان لەسەر هەموو ئەمرێکی قودسی دەکرد، دیوی پیرۆزی ئەو تەکلیفانەیان نەدەدی کە دەبوو ئەنجامی بدەن، لەگەڵ خودا و پێغەمبەرەکەیاندا لە سەر هەموو پرسێک دەیانگەیاندە مریشکە ڕەشە.

حیکایەتی کوشتنی پیاوەکە و سەربڕینی مانگایەکی ئاسایی بۆ ئەوەی لە کەسی بکوژ دڵنیا بن لە سوڕەتی بەقەڕەدا بەڕوونی هێمای بۆ کراوە، ملنەدانیان بۆ ئەمرە خوداییەکە هەر لە سەرەتاوە بۆ ئەوەی مانگایەکی ئاسایی سەرببڕن و پرسیارە زۆرەکانیان لەسەر جۆری مانگاکە خەریک بوو بەتەواوی بە هیلاکیان ببات، تەماشاکردنی ئەو فەرمانە وەک تەکلیفێک وایکرد هەموو ئەو ماڵەی دونیا کە کۆیانکردبوویەوە و زۆریش خۆشەویست بوو لایان دایبنێن لە بەرانبەر جیهابینییەکی هەڵەی تەکلیفیی بۆ واجباتە دینییەکانیان. لە ڕاستییدا ئەم چیرۆکە زیاتر چیرۆکێکی سێمبۆلیکییە، لە کۆتایی حیکایەتەکەدا خودا دەڵێت ئەم بەرخوردە تەکلیفیی و بەرژەوەندیخوازانەیان بۆ واجباتە دینییەکە دڵەکانی وەک بەرد ڕەق کردن، تامی ئیمان و زەوقی ڕۆحانیان لەدەستدا، یەکپارچە لەبری ئەوەی ببنە ئیماندار، بوون بە دەڵاڵ و قازی و ئەهلی سەودا و مامەڵە. ” ثمَّ قَسَتْ قُلُوبُكُم مِّن بَعْدِ ذَٰلِكَ فَهِيَ كَالْحِجَارَةِ أَوْ أَشَدُّ قَسْوَةً ”

ئەم ئایەتە نهێنییەکی زۆر گەورەی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، بەنی ئیسرائیل دەبوو ئەو مانگایە سەرببڕن و بە ئێسقانێکی بدەن لە جەستەی کەسی کوژراو بۆ ئەوەی زیندوو ببێتەوە و بە دەمی خۆی ئیعتراف بکات کە کێ کوشتوویەتی، ڕموزییەتی چیرۆکەکە ئەوەیە تۆ تا جەستەی قەڵەوی بەرژەوەندیی و تەکلیف سەرنەبڕیت، تا ئەو بارە دانەنێیت، ئیمانی دینی هەر بارە و نابێتە یار بۆت، ڕۆح حیکایەتی بکوژی خۆیت بۆ ناگێڕێتەوە، گەر هاتی سەرتبڕی و لەو جۆرە ڕوانینە دەرچووی ئەوا بەیەکجار ئەوەی بارە دەبێتە یار، ئەوەی تەکلیفە دەبێتە لەزەت و شیرینی:

یا کِرامی اَذبحوا هذا البقر

اِن اردتم حشرَ ارواح النظر

فەریدەدینی عەتار لە یەکەمین غەزەلی دیوانەکەیدا دەڵێت: کەسێک کە شەوقی ڕۆحانی هەبێت، خۆی بۆ ئاستی چەشتنی زەوقی جیسمانی دانابەزێنێت و نایهەوێت، تۆ کە شیرنیی وەسڵی یارت دەستکەوت ئیدی وەک جیهانبینییە تەکلیفاوییەکەی بەنی ئیسرائیل ناکەویتە داوی داواکردنی مەن و سەلوا دابەزینەوە بۆ سیر و پیازەکەی فیرعەون.

کسی با شوق روحانی نخواهد زوق جسمانی

برای گڵبن وسلش رها کن من و سلوی را

کمثل الحمار یحمل اسفارا

واتە “شەرع گەر لەدڵدا جێگیر بوو دەبێتە حەمباڵت، مەراتیبت پێ دەبڕێت، گەر لە زمان مێشکدا جێگیر بوو دەبیتە حەمباڵی و حەفتا هەزار ساڵ لەشوێنی خۆتدا بە قیل و قالەوە دەتچەقێنێت ”

پێمان خۆش بێت یا ناخۆش شتێکی بەدیهییە ئێمە ئەمڕۆ لە دونیایەکدا دەژین کەمتر گوێ بۆ ئەوە دەگرین واجباتمان چییە، خوا چی ئەوێ لێمان، زیاتر لە دووی ئەوە وێڵین مافەکانمان چین و خوا چیمان بۆ دەکات. تەنانەت هێما و مۆتۆی گەورەترین و گرنگترین کۆمەڵەی ئیسلامی وەک کۆمەڵەی برایانی موسوڵمان لەدەوری ئەم باسە دەسوڕێتەوە “الاسلام هو الحل” ئیسلام چارەسەرە بۆ کێشەکانمان، داوای مافی لێ دەکا، حلی کێشەکانی بکات پێش واجباتەکان.

ئەم دۆخە لای یەکەمین وفەندەمێنتاڵترین گروپ بەم جۆرە ڕەنگی دابێتەوە، چی دەڵێت لەسەر کۆمەڵە و گروپەکانی دیکە؟

دونیای ئەمڕۆ دونیایەکە کەمتر گوێ بۆ واجبات دەگرێت، جا نەخوازەڵا ئەو واجباتە وەک تەکلیف و تەکەلوفیش بدرێت بە گوێی خەڵکدا و مەقاسیدی شەریعەتی ئەو ئەرکانە لەبەرچاو نەگیردرێت تێیاندا، داخۆ دەبێت چ گۆڕانکارییەکی فەردی و ناوەکی لە کۆمەڵێ ئەوامیر و نەواهی قورسی پشتنەبەستوو بە مەقاسیدی شەریعەت و جیهانبینی فراوان چاوەڕوان بکرێت!

لەڕاستیدا ئەرکسەنتەریی و بەجێهێنانی بێچەندووچۆنی واجبات سەر بە دونیاکەی ئێستامان نییە، مافەکان ئەمڕۆ ڕەوایەتی زیاتر بە خۆیان دەدەن و چاوەکانیش هەر لەسەر ئەوانن نەوەک واجبات. ڕیچارد ڕورتی دەیگوت: خوا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەیتوانی بەو جۆرەی پیاوانی ئاینیی دەیانەوێت خوایەتی بکات، ئەمڕۆ ئیدی خوا لەو جۆرە لە خوایەتی کەوتووە کە پیاوانی ئاینیی دەیانەوێت فەرمان بـکات و ئەمان سێبەری بن و ئێمەش بەگوێیان بکەین و جێبەجێی بکەین.

ئەم قسەیەی ڕیچارد ڕورتی زۆر دەقیق و بەجێیە بۆ ئەو دۆخەی ئەمڕۆ لە ئێران و لای ئاخوندەکانی ئەو وڵاتە و ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزیم وەهابی و جیهادی دەگوزەرێت. پیاوانی ئاینیی ئێمە ئەمڕۆ بە جۆرێک دواکەوتوون لە زەمەنەکەی خۆیان کە ئەوسەری تونێلەکەیان لێوە دیار نییە.

ئەوەی بەدەستیانەوە ماوە کۆمەڵێک دنەدانی عاتیفییە، نەوەک هەدەفی ڕۆحانی و مەعریفی و عەقڵانی لەپشت ئەو فەتوایانە و بکە و مەکە زۆرانەی کە خەڵکی پێ بۆردمان دەکەن. تۆفانێک وا دێت هەموو شتێک لەگەڵ خۆی ڕادەماڵێت و لەشوێنیشیان شتگەلێکی نوێ دادەنێت، ئەوان تازە بەتازە دێن باس لە تەکلیفی شەرعی بەمانا تەنکەکەی دەکەن و دەیانەوێت هەرچەندە تەکەلوفیش بێت خەڵک هەر بە گوێیان بکات، ناتوانن لەوە بگەن دونیاکە لە دونیای واجباتەوە گۆڕاوە بۆ دونیای مافەکان.

ئەوەندەی باس لەوە دەکەن سەرفیترە بە پارە دەبێت یان بە خۆراک ئەوەندە باس لە لەزەتی ئەو فەزیلەت و ئەرکە ئەخلاقییە ناکەن کە کەسی سەرفیترەدەر دەستیدەکەوێت لە بەخشینیدا، ئەوەندە باسی ئەو یاسا ئەخلاقییە گرنگەی بەخشین ناکەن کە پێی وایە دەبێت لەوە ببەخشێت کە دڵخوازتە و دڵت پێوەی نووساوە “لن تنالوا البر حتی تنفقوا مما تحبون” ئەمە ئەخلاقییترین گەورەترین یاسایەکە کە پێغەمبەر د.خ دەیویست لە ناخی هەموو موسوڵمانێکدا بیچێنێت. گەورەترین فەیلەسوفی ئەخلاقی وەک ئیمانوێڵ کانت ناتوانێت سەرسامی خۆی بە فەلسەفەی پشت بەخشین دەرنەبڕێت لە ئیسلامدا کاتێک کەسێک تێیدا دەگاتە پلەیەک کە ئیساری هەبێت، نەوەک هەر لەوەی دڵخوازێتی دەبەخشێت، بەڵکو لەوەی پێویستی خۆشێتی دەگرێتەوە و دەبەخشێت “و یٷثرون علی انفسهم ولو كان به خصاصة”.

ئەمڕۆ پیاوانی ئاینیی ناتوانن دەرکی ئەو هێزە بکەن کە بەخشین لەسەر ڕۆح و ئەخلاق و دەروونی مرۆڤی چاوچنۆک و تەماحکاری ئەم سەدەیە جێیدەهێڵێت بەڵام دێن جەدەل لەسەر بەخشینی گەنم و مێوژ و پارە دەکەن. ڕوحی بەخشین و لەزەتی ئەخلاقیی بەخشین ونکراوە لەبەرامبەردا باسە ڕوکەشییەکانی وەک بەخشین بە گەنم و جۆ و مێوژ، بەخشین لە یارەوە گۆڕاوە بۆ بار لەسەر شانی موسوڵمانان. خۆی چەندە قورسە لەسەر دەروون ئەوەندەی دیکە قورس و نەکردەی دەکەن. ئەمە بۆ نوێژو ڕۆژو و هەموو فەرائیزەکانی دیکەش ڕاستە. دەپرسم ئەم جەدەلەی ئەمان و پرسیارەکانی بەنی ئیسرائیل لەسەر مەسەلەی مانگاکە جیاوازییان چییە؟

ئەم باسە بۆ پۆشینی سەرپۆش و حیجابی شەرعیش هەر ڕاستە. قاعیدەیەکی ئوسوڵی هەیە دەڵێت لەکاتی زۆرەملێ و تەنگ پێهەڵچنیندا دەتوانیت دواکاری تەرەفی بەرامبەر جێبەجێ بکەیت تەنانەت گەر داوای کوفر و شیرکیشت لێبکەن کە گەورەترین پایەی دینە، وەک چیرۆکەکەی عەماری کوڕی یاسر، کاتێک ناوی خوداکانی ئەوانی هێنا لەژێر زەبردا، پێغەمبەر پێی گوت گەر ئەمجارەش وداریان کردیتەوە هەمان کار بکە، سەیر لەوەدایە ئەم قاعیدە ئوسوڵییە هەیە بۆ مەسەلەیکی گرنگی وەک کوفر، بەڵام پیاوانی ئاینی لەم جوگرافیایەی ئێمە دێن هەمان ئەم میتۆدەی زەبر و زەنگ بەکاردێنن بۆ جێبەجێکردنی قاعیدە شەرعییەکان. قاعیدەی شەرعی بەرئەنجامی ئیمانی ناوەکییە، میوەی ئیمانی دینییە، لەدەرەوە ناسەپێ بەڵکو لەناوەوڕا هەڵدەقوڵێت، یەکەمین داخوازی ئیمانیش ئازادیی و بوونی ئیختیارە، بەڵام تۆ کاتێک دێیت ئازادی زەوت دەکەیت و بەزۆر دەتەوێت قاعیدەکە کە حوکمی یاسایەکی وشکی هەیە بەبێ بوونی ئیمانەکە بچەسپێنیت، دبێت چاوەڕوانی دروستبوونی کۆمەڵگایەکی موخلیس و موئمییشت نەبێ، لەباشترین دۆخدا و گەر بەگوێشت بکەن مونافیق بەرهەم دێنێت، چونکە تۆ ئازادیت لە مەنگەنەی فیه داوە و ئیمانت تێدا تەنگەنەفەس کردووە.

بە دڵنیایی عیبادات دەبێت یار بن نەوەک بار، ئەوەشی عیبادەت لەبارەوە دەکاتە یار ئیمانە، ئەوەشی گارەنتی ئیمان دەکات ئازادی بێمەرج و بێ پێشمەرج و بێ پێشگریمانەیە. جێکەوت و لێکەوتەکانی ئازادی لەسەر ئیمان ڕاستەوانەیە.

وشەی تەکلیف زیاتر مانای بار دەدات نەوەک یار و هاودەم. عیبادەت گەر وەک بابەتێکی زانستی یا فیقهی لێی بڕوانین فیعلەن وشک و بێ لەزەتە و بارێکی قورسیشە لەسەر شان، دەبێتە تەکەلوفێکی ڕەق و ڕەکیک و بێمانا. بەڵام گەر وەک لەزەت و ویساڵ تەماشا بکرێن کە هەر واشە “میعراج یەکسانە بە نوێژی ئیماندار”، مەقسەدە پیرۆزەکەی پشتیان ببیندرێت ئەوا چەندە گران و قورس و نەکردەش بن لەسەر جەستە، مرۆڤ ناتوانێت لە پشکی جەستەی نەگرێتەوە بۆ پشکی ڕۆحی و ئەنجامیان نەدات.

ئیدی بەمجۆرە مەسەلەکانی حەڵاڵ و حەرام و بەرنامە و مینبەر و باسوخواسەکانی تەکلیف گەر بەیەکجارییش کۆتاییان نەیەت ئەوا ئەو قەڵەوییەی ئێستاشیان نامێنێت و کاڵ دەبنەوە، لەجێگای ئەوانە  لەزەتی ڕۆحانی و سنگفراوانیی دەبنە جێگرەوەیان، ئیدی واجبات لەبری ئەوەی ببنە با دەبنە یار بۆ مرۆڤ. مەولانا جەلالەدینی بەڵخی وتی: زانستەکانی ئەهلی دڵ و دڵپەرەستان حەمباڵی خاوەنەکانیانن، دەبنە مەرکەب و سواریی بۆیان، لەمەقامێک بۆ مەقامێکی دیکە دەیانگوازنەوە، زانستەکانی ئەهلی تەکلیف و جەستە و جەستەپەرەستان خاوەنەکانیان دەکەن بە حەمباڵ و باربەری خۆیان، قورس و بێ جوڵەیان دەخەن “كمثل الحمار یحمل اسفارا”. زانستی دڵ یارە، زانستی جەستە بارە.

علمهای اهل دل حمالشان

علمهای اهل تن احمالشان‌‌

علم چون بر دل زند یاری شود

علم چون بر تن زند باری شود

غەزالی ئازاترین زانای ئیسلامە کە فیقهی دینی سیکۆلار و دونیایی کرد و پێی وتین فیقه لەباشترین حاڵەتدا توێکڵێک “قشرة” زیاتر نییە، ئەوەی گرنگە ڕۆحی ئەو فیقهەیە، ئەمری قودسی پشت ئەو فیقهەیە. ئەو دینەی ئەمڕۆ حزوری هەیە ناتوانێ توێکڵ تێپەڕێنێت. بەقەولی مەحوی خیتامی ئەم باسە بە میسک دێنم:

دوهاتی ئەورۆ پا وەک ئەهلی دێهات

لە چارەی دەردی عیشقا جوملە دامان

بە کولفەت ئەو، بە ئولفەت ئەم گرفتار

وەکوو یەک زاهید و مەحوی لە دامان

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: