زمان لەنێوان سیاسەت و جینۆسایددا

169
0
بڵاوکردنەوە:

نووسین و ئامادەکردنی: شایان ڕەفیق

 

پێشەکی:

زمان بریتییە لە ئامڕازی بیرکردنەوە و قسەکردن و دروستکردنی پەیوەندییەکان لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا. لەم سەردەمەدا و لە سەدەی بیستویەکدا 7,100 زمانی جۆراوجۆر بوونیان ھەیە، جگە لە زاراوە و دیالێکتیکەکان.

(نۆوام چۆمسکی) یەکێک لە پڕۆفیسۆرە دیارەکانی سەردەمی ئێستامان، بڕوای وایە زمان کاریگەر دەبێ بە گۆڕانکاری سیاسی و گۆڕانی سنوورە سیاسییەکان political boundaries، لە کاتێکدا سنوورەکان دەستکردی سەردەمی مۆدێرنن؛ چونکە گەر بگەڕێینەوە بۆ چەند سەدەیەک پێش ئێستا، بەڕوونی تێبینی ئەوە دەکەین زمان تا چەند گۆڕانی بەسەردا ھاتووە. تەنانەت گۆڕانەکە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە ھەستی پێ دەکرێ. لە لایەکی دیکەشەوە بەرەوپێشچوونی ژیان و تەکنەلۆجیا و دروستبوونی بۆشایی کارکردن و بەتایبەتمەندبوونی Privatisation ھەموو شتێک و ھەموو بوارێک، وشەسازی زمان پێویستی بە زیاد کردن و گۆڕان ھەبووە.

ئەمەش وای کردووە سەخت و تا ڕادەیەکیش مەحاڵ بێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو ئەدەبیاتی زمان و وشەکارییەی کە لە پێشوودا ھەبووە، چونکە زمانی ئێستای جیھان لێکەوتەی گۆڕانکاری مێژوویی و جیھانییەکانە.

زمان دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ كه‌ به‌ پێی ڕێسا دیاریكراوه‌كانی خۆی ده‌گۆڕێ، په‌ره‌ده‌ستێنێ و له‌ ڕه‌وتی پەرەسەندنی خۆیدا كارتێكه‌ری له‌سه‌ر زمانه‌كانی تر ده‌بێ و زمانه‌كانی تریش كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌و ده‌بێ، جاری وایه‌ له‌م بێنه‌وبگره‌یەدا، زمان لەناودەچێ. زمانی کوردیش له‌م ڕێسایه‌ به‌ده‌ر نییه‌، كارتێكه‌ری له‌ گشت ئه‌و زمانانه‌ی کە به‌ هۆی پشتگیرییه‌ك له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسییه‌وه‌ له‌ دەوڵەتی ماددا فەرمی بوون، كارتێكه‌ری وه‌رگرتووه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ریان بووه‌ و تا ئه‌مڕۆ زیندوو ماوەتەوە.

 

زمان و دەسەڵات

زمان وەک شووناس و ناسنامە، هەردەم لەژێر ھەڕەشەی سڕینەوە و لەباربردندا بووە. ئەزموونی کۆڵۆنیالیزم توانیوییەتی کاریگەری بەرچاو لەسەر زمان دابنێ و دووفاقیەتی زمانەوانی و دووانەزمان دروست بکات، ئەوەی کە فێرگسن باسی دەکات. لەناو وڵاتانی کۆڵۆنیکراودا دەتوانین جۆری یەکەم بۆ دوو شێواز دابەش بکەین: دووفاقیەتی زمانەوانی مەبەست لێی ھەبوونی دوو زمان یان زیاترە لەناو یەک دەوڵەتدا کە دابەشدەکرێن بۆ:

  1. زمانی پەتی
  2. زمانی پاشکۆ

 

زمانی پاشکۆ زمانی لاوەکی و زمانی قسەکردنە، کە زمانی فەرمانە بۆ کرێکاران، کارکەران و توێژی تایبەت، ئەدەبی میلی و زمانی بازاڕەکانە ئەمەش لە ھایتی بەدیاردەکەوێت، کە زمانی پەتی و سەرەکی فەڕەنسییە بەڵام خەڵکی بە زمانی تێکەڵ لەنێوان خۆیاندا قسەدەکەن.[1](لویس جان کالف،٢٠١١، ٤٧-٤٨)

لەلایەکی دیکەوە جۆشوا فرێشمان لە ساڵی ١٩٦٧ باس لە دووانەزمان Bilingualism دەکات کە بەم شێوازە ڕوونی دەکاتەوە:

دووانە زمانی لە لایەک دانا (ئەمەش بریتییە لە توانای تاکە کەس لە بەکارھێنانی فرەزمانیدا)، لەلایەکی دیکە دووفاقییەتی زمانی دانا Double Standard (کە مەبەست لێی بەکارھێنانی چەند زمانێکە لە کۆمەڵگەدا) کە دەچێتە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی زمان. [2](لویس جان کالف، ٢٠١١، ٤٩)

لە میانەی لێک دانەوەی ئەم دوو چەمکە توانی چوار شوازی نوێ بەرھەم بھێمێت:

  • دووفاقییەتی و دوانەزمانی: لە نمونەی پاراگوای کە ھەموو خەڵکەکە بە ئیسپانی قسە دەکەن و ئیسپانی زمانی بەرز و پەتی وڵاتە و گارانیش زمانی پاشکۆ و گشتییە.
  • دوانەزمان بێ دووفاقیەتی: زۆرینەی خەڵکەکە بە دوو زمان قسە دەکەن یاخوود دەکرێ بە زمانی جووت ستاندارت بناسێندرێ بۆ وێنە کۆمەڵەیەکی کەم لە بەلجیکا بە ئەڵمانی قسە دەکەن.
  • دووفاقیەتی بێ دووانەزمان: ئەمەش نمونەی یەکیەتی سۆڤیەت کە نوخبە و دەسەڵاتدارەکان زۆربەی بە فەرەنسی قسەیان دەکرد بەڵام خەڵکەکە بە گشتی تەنیا بە ڕووسی قسەیان دەکرد.
  • بێ دووفاقیەتی و بێ دوانەزمان: ئەمەش لە ھەندێ حاڵەتی کەموێنەدا ھەموو تاقم و خەڵک بە یەک زمان قسە دەکەن.

بەڵام نۆوام چۆمیسکی بڕوای وایە کە نزیکی سنوورە سیاسییەکان کاریگەریی خۆی ھەیە لەسەر زمانی وڵاتان بۆ وێنە کاتێک لە ئەڵمانیاوە سەفەر دەکەی بۆ ئیتاڵیا شارە ئەڵمانییەکانی نزیک سنووری ئیتاڵیا زیاتر زمانەکەیان لە ئیتاڵییەوە نزیکە یاخوود بە واتایەکی دی تاکوو لە ئیتاڵیا نزیک ببینەوە زمانی ئەڵمانی بەرەو ئیتاڵی نزیک دەبێتەوە و وشە و چەمکی ھاوبەش پەیدا دەکەن. بێگومان لە کوردستانیش ھەمان شت ھەستی پێ دەکرێ؛ تا لە سنووری باشووری عێڕاق نزیک ببینەوە وشەکاری عەرەبی زیاتر لە قسەکردندا ھەستی پێ دەکرێ، ھەروەھا تا بەرەو سنووری ئێران نزیک ببینەوە وشەکاری کوردی زیاتر کاریگەر دەبێ بە زمانی فارسی، ئەمەش بە واتای نزیکبوونەوەی فەرھەنگ و شووناسی ناوچەکانە و زمانیش لەو بەستێنەدا لەژێر کاریگەریدایە. لەلایەکی دیکەشەوە نووسەر و ڕەخنەگری سیاسی جۆرج ئۆروێڵ لە یەکێک لە گوتارەکانیدا لەژێر ناوی سیاسەت و زمانی ئینگلیزی پێی وایە کە زمان ئامڕازێکە بۆ دەربڕین نەک بۆ شاردنەوە یان ڕێگریکردن لە بیرکردنەوە.

(Orwell, 1948)[3] ئەمەش زیاتر مەبەست لێی زمانەوانی سیاسییە کە لەڕێگەی گوتاری سەرکردەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ڕای گشتی.

گوتار کە چەکێکی زمانییە، دەوڵەت و داگیرکەران لە ڕێگەیەوە توانای ئاڕاستەکردنی هزر و ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئاینییەکانیشیان ھەیە بە شێوازێک کە لە بەرژەوەندی خۆیاندا بێت ئەمەش ئامانجی گوتارە لەناو زماندا.

 

ھۆکارەکانی لەناوچوونی زمان:

هۆیەکانی گۆڕان و هەروەها فەوتانی زمان دەتوانن هەم ناوەکی بن (واتە، ئاڵوگۆڕی نێوخۆیی زمانەکە)

هەم دەرەکی بن (ئاڵوگۆڕ لە مەڕ لایەنی کۆمەڵایەتی، ئابووری، پەروەردەیی و سیاسیی ئاخێوەرانی زمانەکە).

لە هەر دوو حاڵەتدا، زمانێک ئەوکاتە لەنێو دەچێ کە ئیتر قسەکەری نامێنێ، جا یان ئەوەیە کە قسەکەرەکانی دەمرن/قەڵاچۆ دەکرێن (کە ئەمە کراوە، بۆ نموونە لە کەنەدا و ئەمریکا دژی خەڵکانی خۆجێیی)، یان ئەوەتا قسەکەرانی زمانێک لە زمانەکەی خۆیان بێبەش دەکرێن، یان ئەوەندە گرێوگۆڵ دەخەنە سەر ڕێگەی کەڵکوەرگرتن لە زمانەکەیان کە ئیتر وازی لێ دەهێنن و دەچنە سەر زمانێکی دیکە. نموونەی هەرە بەرچاوی ئەمەش لە باکووری کوردستان، سکۆتلەندی یان ئیرلەندی بینراوە. هەندێک لەم هۆیانە کە دەبنە هۆی ئەوەی خەڵکێک زمانەکەی وەلا بنێ و زمانێکی دی وەربگرێ دەکرێ ئەمانە بن: قەدەغەکردنی زمانێک، هەڵکەندنی خەڵکێک لە خاک و مەڵبەندی لەمێژینەی حەوانەوەیان، داسەپاندنی زمانێکی دیکە وەکوو زمانی فەرمی بۆ دۆزینەوەی کار، زانیاریوەرگرتن، کاروباری حکومی و بەڕێوەبردن و، پەروەردە/فێرگە.

یاخوود دەکرێ ئەم ھەڵمەتی لەباربردنی زمانە لە ڕێگەی سەرنج ڕاکێشەوە بێت بۆ وێنە لەم چەند ساڵەی پێشوودا ھەلی خوێندن و نیشتەجێکردنی خۆڕایی دەخرایە بەردەم فێرخوازان بەسوودوەرگرتن لە ئۆفەرەکان بە مەرجی فێربوونی زمانی نیشتمانی وڵاتەکان، ئەمەش کاتێک بینییان کە زمانی باڵادەست نانی تێدایە، شکۆی تێدایە، بەڵگەنامەی خوێندنی باڵای تێدایە، بەڵام زمانەکەی خۆی بە پێچەوانەوە شەرمەزاری تێدایە و لە فێرگە بەکەڵک نایە، لە دادگاکان بەکار نایە، لە زانکۆ بەکار نایە و لەوانەیە ڕاگرتنەکەی زیندان و سوکایەتیکردنی بەدواوە دەبێ، ئیتر چارەی نامێنێ و زمانەکەی خۆی وەلا دەنێ و لە زمانە باڵادەستەکەدا دەتوێتەوە.

ھەر وەک ئۆروێڵ ئاماژەی پێ دەکات لە گوتارەکەی خۆی کە “ئەگەر بیر بتوانێ زمان تێک بدات ئەوا زمانیش دەتوانێ بیر تێک بدات.” (Orwell, 1948) دەکرێ زۆرجار لە گواستنەوەی ئایدۆلۆژیا، بیرێکی ئاڕاستەکراو بەڕاستبگەڕێ.

چونکە بەلای ئەوەوە زۆربەی جار زمانی سیاسی زمانێکی نادیار و خەسیوە passive.

لە ڕاستیدا ھەموو گوتارێکی سیاسی دەشێ دوو مانا بگەیەنێت یەکێک واتایەکی ئەدەبی ئەوی دیکەیان بۆ مەبەستێکی شاراوەی سیاسی یاخوود بۆ شەڕی سیاسی Political warfare لەناو گوتاردا دەشاردرێتەوە. بۆ وێنە چەمکی کۆمیونیزم (communism)بە واتا ئەدەبیەکەی (تیۆری) کە بنەما و پرەنسیپە سەرەکییەکانی لەسەر بونیاد دەنرێ بریتیە لەوەی کرێکاران دەسەڵاتیان بەسەر تەواوی سێکتەرە ئابووری و سیاسیەکاندا و تەنانەت دروستکردنی بڕیاریشدا ھەیە.

بەڵام لە ڕاستی و لە ڕووی پراکتیکەوە ئەمە بە تەواوی پێچەوانەیە چونکە سیستەمەکە لەلایەن نوخبە یان چینێکی دیاریکراو کۆنترۆڵ کراوە؛ لە ڕاستیدا ھیچ بەشدارییەک نییە لە لایەکی دیکەوە دەشێ بڵێین ھەموو جۆرە گوتارەکان بۆ یەک ئامانج دیزاین دەکرێن و دەگوترێن ئەویش مەسەلەی ئاسایشە.

دەکرێ بپرسین ئاسایش بۆ کێ؟! بۆ دانیشتووان؟ نەخێر چونکە حکومەتەکان ڕێگای زۆر و جیاوازان بەکارھێناوە بۆ خستنەمەترسی ئاسایشی ھاووڵاتییان، بەڵکوو ئامانجی ئاسایش بریتییە لە پاراستنی دەوڵەت، چونکە ڕێگاکانی تر ڕێگەلێگیراون لە ڕووی یاساییەوە وەک بەکارھێنانی چەک یاخوود ھێزی سەربازی، بۆیە گوتار دەکرێ جێگرەوەی ھێز بێت لەم سەردەمە نوێیەدا چونکە خەڵکی ئامادەن بۆ بڕواکردن بە پڕوپاگەندە.

بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو ھەرە ئازادترین حکومەتەکان ئەم ڕێگایەیان بەکارھێناوە بۆ ڕێکخستنەوە و دووبارە داڕشتنەوەی بیری گشتی public mind.

 

زمان وەک سیمبوڵی نەتەوە

نەتەوەیەک دەتوانێ زۆرتر لە یەک زمانی هەبێ چونکە دەتوانێ زۆرتر لە یەک ئیتنیسیتە پێکی بێنێ. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە کورد بە یەک نەتەوە دابنێین، دەتوانین بڵێین کە ئەم نەتەوەیە ئیتنیستیە و قەومی جیاوازی تێدایە، هەر کام لەم گرووپە ئیتنیکییانەش دەتوانێ زمان یان شێوەزار/شێوەزمانی تایبەت بە خۆی هەبێت، زمان وەک یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی پێکھێنەری شووناس و ناسنامەی نەتەوەی ھەژمار دەکرێ چونکە خۆی لە خۆیدا ناسنامەی نەتەوەیی، سازکراوێکی کۆمەڵایەتییە و هەر بەم پێیەش سازکراوێکی زمانی و گوتارییە.

ئەوکاتەی زمان ڕۆڵی سەرەکی لە پێکەوەگرێدانی نەتەوە نابینێت ئەوا ڕابردووی ھاوبەش، دامودەزگای فەرھەنگی، مێژووی ھاوبەش، ئاسایش و پەروەردەی ھاوبەش و حەز و خولیای ھاوبەش خەڵکیان بەیەکەوە گرێداوە. پێوەندیی نێوان زمان و ئیتنیسیتە زۆر چڕوپڕترە هەتا پێوەندیی نێوان زمان و نەتەوە. ئەمەیان چێکراوێکی کۆمەڵایەتی و گوتارییە و هەر نەتەوەیەک بەپێی هەلومەرجی خۆی ئەو پێکهاتەیە چێ دەکات. دەکرێ نەتەوەیەک چەند زمانی هەبێت؛ بەڵام، ئیتنیسیتەیەک یەک زمانی هەیە.

“ئەرنست ڕێنان”ـی فەڕەنسی لە ساتەوەختی دامەزراندی کۆماری پێنجەمی فەڕەنسا و یەکگرتنەوەی ئیتنیکە جیاوازەکانی فەڕەنسا وتی: ئەوە زمان نییە کە خەڵکی فەڕانسە دەکا بە نەتەوە، بەڵکوو مێژووی هاوبەش و خەونی هاوبەشە.

بەڵام بۆ کورد زمانی کوردی سیمبۆلی کوردبوون بووە، چونکە کوردان بەو سیبمۆلە خۆیان لە “ئەوانی دیکە” جیا کردووەتەوە. لەڕاستیدا نمونەی فەڕەنسا دەکرێ بەو جۆرەش لەیەک بدرێتەوە کە لەڕێگەی ئەم گوتارەوە لە گرنگی زمانی ئیتنیکەکانی ئەو سەردەمەی فەڕەنسای داوە تاکوو زمان لەناو کۆمارە نوێکەدا یەکگرتوو بێت و وردە وردە زمانەکانی دیکە لەناوچوون. بە واتایەکی دیکە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد ناسیۆنالیزمی ئێمە نەبەستراوەتەوە بە زمان و بەم جۆرە زمانی فەڕەنسی، کە ئەوکات تەنیا زمانی نزیک بە ٤٠ لە سەدی خەڵکی وڵات بوو، بەسەر ئەوانی دیکەدا سەپێندرا، واتە جەیکۆبیەکان فێڵیان لە بەریتانەکان، باسکەکان و بەکەمینەکراوەکانی دیکە کرد، ئەمەش دەری دەخات کە سووناس ھەتاھەتای و دەستنیشان کراو نییە بەڵکو گوتارەکان سووناس دەناسێنن و دیاری دەکەن.

هەندێک بیرمەند بە ئەمە دەڵێن: “ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی” یان “ناسیۆنالیزمی زمانی” بۆ ئەوە کە جیای بکەنەوە لەو ناسیۆنالیزمەی دیکەی دەورەی ڕۆشنگەری کە ئامانجی سەرەکی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی بوو، واتە، “ناسیۆنالیزمی سیڤیک/مەدەنی”. لەم وێنەیەوە دەردەکەوێت کە گوتار و زمان هەم دەتوانن نەتەوەیەک پارچە پارچە بکەن و هەم دەتوانن بیکەنە یەکپارچە.

لە لایکی دیکەوە کورد کێشەی لەگەڵ تاکێکی تورک، فارس، یان عەرەبدا نییە و تەنانەت کێشەی لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەی ئەم نەتەوانەشدا نییە بەڵكوو دەشێ بڵێین کێشەی لەگەڵ ئەو ھێزە چوونیەککەرانە ھەیە کە دەوڵەتی نەتەوە داوای دەکات ئەوەی (ھەموومان یەک بین) بەڵکوو کورد بە وێنایەکی گشتی ھێز لە یەکبووندا نابینێت بەڵکو ئەو ھێز لە پاراستنی جیاوازییەکانیدا دەبینێت، ھەر بۆیەشە لە نموونەی باشووری کوردستان چەندین شێوەزاری ناوچەیی ماونەتەوە و قسەکەریان ھەیە لێرەدا ھێز لە یەکبووندا نییە بەڵکوو ھێز لە جیاوازیدایە.

لەلایەکی دیکەوە لەچوونیەککردن پێوستی بە لایەنی زاڵ ھەیە ھەر لە دروستکردنی دەوڵەتەوە تاکوو ستانداردی زمان، لایەنی براوە لە دوای ململانێ یاساکانی یارییەکە دادەنێت و کۆمەڵە بەھایەکی نەگۆڕی مووقەدەس دروست دەکات کە نابێ بێنەگۆڕین؛ لەمەوە ڕوونە کە بۆ زمانی کوردی لایەنی زاڵ بوونی نییە و تەنانەت بۆ مەرامی سیاسی یاخود بە تێگەیشتنێکی ئابووری خەڵکی دیالێکتەکانی خۆیان ناسڕنەوە بەپێچەوانەی سکۆتلەندا یاخود وێڵز کە بۆ خۆگونجاندن زمانی خۆیان گۆڕیوە بۆ ئینگلیزی.

بۆیە نمونەی کورد پێمان دەڵێ کە ھەموو دەوڵەت نەتەوەیەک لە ڕاستیدا دیکتاتۆرییەک خۆی حەشارداوە، ئەگەر بێتو بەو یاسایانەی کە لایەنی زاڵ دایناوە کارنەکەیت لە ڕاستیدا مافی بەشداری کردنت نییە. بەڵام ئەگەر بێتو پیرۆزییەکان بپارێزیت بۆت ھەیە بەشداری لە گەمەی سیاسیدا بکەیت ھەروەک لە باکوور یاخود ڕۆژھەڵاتدا ھەیە، تەنانەت ئەگەر وێڵزیەکانیش لە بەڕیتانیا کاردانەوەیان ھەبێ بەرانبەر ئەو پیرۆزییە نەگۆڕانەی کە ئینگڵاندییەکان دایانناوە ھەر لە زمان و پەروەردە، ئەوا ئەو دەوڵەتە سەرکوتکەرە دووبارە دروست دەبێتەوە.

 

زمانی گوتار (گوتارنووسی سیاسی)

زمان لێره‌دا جیاوازه له گوتار، گوتار، تاکه که‌سییه به‌ڵام زمان دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه. لای سوسێر گوتار بایه‌خی زۆری نییه چونکە پێی وایه گوتار، لەژێر هۆگریی و مه‌یلی تاکدایه. توخمی سه‌ره‌کی زمان له ڕوانگه‌ی سوسێردا هێماکانن.

هێماکان، دال و مەدلول له‌یه‌ک بەیەکەوە گرێ دەدەن، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌کی پێویست و سروشتی له نێوان دال و مدلولدا نیه، به ده‌ربڕینێکی تر: په‌یوه‌ندی نێوان دال و مەدلول سه‌ربه‌خۆ و به‌هه‌ڵکه‌وته.

به‌گشتی مرۆڤ جگه ‌له‌ زمانی ده‌روونی، خاوه‌نی دوو جۆر له‌زمانه‌: (زمانی سروشتی و زمانی ده‌ستكرد). زمانی سروشتی ئه‌و زمانه‌یه‌ كه‌ له ‌ڕێگایه‌وه‌ ڕۆژانه‌ دیالۆگ ده‌كه‌ین و له ‌یه‌كتر تێده‌گه‌ین و بوونیادنەری پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی نێوان تاکەکانە. هەرچی زمانی ده‌ستكردیشە ئه‌و زمانه‌یه‌ كه‌ له‌ چه‌ند كۆڵه‌كه‌ و نیشانه‌یه‌كدا و به‌مه‌به‌ستێكی تایبه‌ت دروستمان كردوون و گه‌شه‌ی كردووه‌، بۆ نموونه‌ (زمانی سیمبول) واته‌ سیمۆلۆژیا ( ئاماژه‌) كه ‌له ‌ماتماتیكدا نازناوی (كۆدی) لێ نراوه،‌ له‌ هونه‌ری شانۆییشدا كاری پێ ده‌كرێت، دەشێ بگوترێ ھەر کایەیەکی تایبەتمەند زمان و وشەسازی تایبەت بە خۆی ھەیە کە ئه‌و زمانه‌ ناڕاسته‌وخۆیه‌‌ ‌به‌شێوه‌یه‌كی تر ئاڕاسته‌ ده‌كرێت و مەبەست و پەیامێکی تایبەتمەند ڕەوانە دەکات، لێره‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ زمان له‌نێو سیستمدا كردارێكه‌ له‌به‌رئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌گه‌رییه‌ و پشت به ‌بایه‌خی خودی هۆشیاری ده‌به‌ستێت، به‌ڕای سوسێر (پراكتیك) له‌ زماندا كۆنتڕۆڵی ژینگه‌یه‌.

سۆنگه‌ی تیۆری گوتار و شیکاری سیاسییه‌وه واقعیه‌ت ته‌نیا له ڕێگای زمانه‌وه مسۆگه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام واقیعه‌کان له ڕێگای زمانه‌وه هه‌رگیز به واتای ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقیعه به‌رهه‌سته‌کان نییه، به‌ڵکوو ئه‌وه زمانه که له پێکهێنانی واقیعه‌کاندا ڕۆڵی سه‌ره‌کی ده‌گێڕێت، له ڕاستیدا جیهان له کۆمه‌ڵێک گوتار پێکدێت.

بۆ وێنە دالی ناوەندی لە گوتاری لیبڕالیزمدا بریتییە لە ئازادی و ھێمای سەرەکییە و ھەموو ھێماکانی دیکە لە دەوری کۆ دەبنەوە، لەمەشەوە گوتار ھەژموون پەیدا دەکات، گرنگی چه‌مکی هێژێمۆنی یه‌که‌م جار ئانتۆنیۆ گرامشی باسی کردووه که له ڕوانگه‌ی ئه‌ودا ئاماژه‌یه‌ به پڕۆسه‌ی داتاشینی واتاکان بۆ سه‌قامگیرکردنی ده‌سه‌ڵات، هێژێمۆنی لۆژیکێکی سیاسییه بۆ پێکهێنانی هاوده‌نگی و ئاوەزێکی ته‌ندروست (هاوبه‌ش).

سەرکردە و سیاسەتڤانان لەم ڕوانگەیەوە ڕۆڵی سوژە(subject) دەگێڕن بۆ جێگیرکردنی گوتاری زاڵ و ھەر کاتێک گوتارێک زاڵ بوو ئەوا جێگرەوەکانی دیکە دەخاتە پەراوێزەوە، ئەمەش کۆمەڵگای Objective بەرھەم دەھێنێت. گوتاری زاڵ ده‌سته‌به‌رکردنی دوو چه‌مک وه‌کوو پێویستی ده‌خه‌نه‌ بەر باس:

  1. ده‌ستپێراگه‌یشتویی واته ئه‌ونده نزیک و لەبه‌ر ده‌ستدا بێت که گوتارێکی تر بانگه‌شه‌ی هێژێمۆنیک بوون نه‌کات.
  2. چه‌مکی شیاوی باوه‌ڕپێکردن، واته ته‌وه‌ره سه‌ره‌کیه‌کانی گوتاری پێشنیارکراو ئه‌ونده باوه‌ڕپێکراوبێ، دژایه‌تی بنه‌ما سه‌ر‌ه‌کی و بنه‌ڕه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگا نه‌کات.(سورخابی،١٣٨٩)[4]

 

سیمای خوازراو هه‌رچه‌نده گوتاره‌کان به‌هێز ده‌کات، به‌ڵام له‌لایه‌کی تریشه‌وه هۆکاری لاوازیشییه‌تی؛ چونکە گۆتار که‌ زاڵ بووده‌بێ به‌دیهێنه‌ری هه‌موو داخوازییه‌کان بێت، له‌م بارودۆخه‌دا گوتاری زاڵ و هێژێمۆنیک هه‌تاهه‌تایی و ئاسایی دێته‌ به‌رچاو، به‌ڵام گوتارگه‌لی له‌ په‌راوێزخراو هه‌رکات بۆیان هه‌یه بگه‌ڕێنه‌وه ناو یاری سیاسه‌ت، به مه‌رجێک بتوانێ به‌ لێکهه‌ڵپێکانێکی نوێوه خۆی بخاته‌ ڕوو، لە واقیعدا به هۆیی هێژێمۆنییه‌وه ململانێ سیاسییه‌کان ئۆبجێکتیڤ و هارموونیک ئه‌بن.

بەردەوام جیاوازی لەنێوان کرده‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌یه، به‌ڵام سنووری نێوانیان دیارینه‌کراوو ته‌ماوییه.

قۆناغەکانی زاڵبوونی  گوتار دەکرێ بکەین بە چوار قۆناغەوە: (سورخابی، ١٣٨٩)

  • پەرەسەندنی قۆناغی ئۆرگانیک
  • ململانێ و دژایەتیکردنی گروپی جۆراو جۆر و پێشنیازکردنی چارەسەری قەیران
  • زاڵبوونی یەکێک لە گوتارەکان
  • دامەزراندنی دیسەپلینی نوێ

 

پرسی زمانی کوردی لەنێوان سنوورەکاندا

ھەڵکەوتەی کوردستان و دابەشبوون و پارچەبوونی لەنێوان چوار دەوڵەتدا کاریگەری بەرچاوی لەسەر زمانی کوردی داناوە، بۆیە دەکرێ دۆخی کوردستان وەک دۆخێکی تایبەت سەیربکرێ. دابەشبوونی جیۆسیاسی زمان له به‌شی کوردستانی باشووردا، پرسی زمانی کوردی له سیاسه‌تی گشتی کورد دانه‌بڕاوه، لەبەرانبەر عێڕاقیەکان. داخوازی کورد هه‌م له سه‌رده‌می پاشایه‌تی عێڕاقدا و هه‌م له ڕژێمی عه‌بدولکه‌ریم قاسمدا تەنانەت له ده‌سه‌ڵاتی به‌عسدا پێش هه‌موو شتێک پشتی به زمانی کوردی به‌ستووه. ڕێککه‌وتنه‌کان و ڕێککنه‌که‌وتنه‌کانی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراق نیشانمانده‌دات، که زمانی کوردی پرسی سه‌ره‌کییه. دوای ڕووخانی ده‌وڵه‌تی به‌عسیش زمانی کوردی له نێوان ململانێی هه‌ولێر/به‌غداددا شانبه‌شانی پرسه‌کانی دیکه‌ گۆڕانی به‌خۆیه‌وه بینیوه.

له به‌شی کوردستانی باکووردا پڕۆژه‌ی سیاسی داخوازییه‌کانی کورد، پرسی زمانی کوردی خستوته‌ پێش هه‌موو داخوازییه‌که‌وه، ده‌وڵه‌تی نوێی تورکیاش به هه‌موو توانایه‌که‌وه‌ شه‌ڕانگێزانە‌ ئه‌و داخوازییه‌ی ڕه‌تکردۆته‌وه. فکری ناسیۆنالیزمی ده‌وڵه‌تی تورک به درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م ملکه‌چی فرهڕەنگی و فره‌زمانی و فره‌گه‌لی له جوگرافیای سیاسی تورکیادا نه‌بووه.

گوتاری سیاسی تورکیای نوێ گوتارێکی یه‌کڕه‌نگ و یه‌کده‌نگه. ده‌ڵه‌تی تورک پێوه‌ند به دانیشتوانه‌که‌ی که فره کولتووره و لانیکه‌م 18 بۆ 20%ی دانیشتوانی کوردن، له ڕێگای نواندنی ته‌نها یه‌ک نەته‌وه، واتای نه‌ته‌وه‌ی تورکه‌وه ویستویه‌تی شوناسێکی یه‌کده‌ستی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و فه‌زایه‌کی یه‌کده‌ستی جوگرافی بخوڵقێنێت که ئه‌ویش شوناسی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و جوگرافی تورکه. ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تی تورک داخوازی زمانی کوردی تێهه‌ڵکێشی ئاسایش و ئه‌منییه‌تی خۆی کردووه و ئه‌و داخوازییه به پرسێکی جودایی و تیروریستی ده‌زانێت.

له به‌شی کوردستانی ڕۆژئاوادا پرسی زمانی کوردی لای ده‌وڵه‌تی ئه‌سه‌د پشتگوێخراوه‌ و ده‌وڵه‌تی ئه‌سه‌د و ڕژێمی به‌عسی سوریا هه‌ر جۆره داواکارییه‌کی له‌و چه‌شنه‌ی ڕه‌تکردۆته‌وه. ته‌نانه‌ت ڕژێمی به‌عسی سوریی نکوڵی له بوونی کورد کردووه‌ و ویستویه‌تی بهپشتبه‌ستن به لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستییانه‌ بیسه‌لمێنێت کورد له سوریا بوونی نییه و ته‌نانه‌ت کورد نه‌ته‌وه نییه و کوردان پێکهاتوون له کۆمه‌ڵێک بێمێژوو و بێزمان، بێ ڕه‌چه‌ڵه‌ک و تێکده‌ر و شه‌ڕا‌نگێز.

له ئێرانیشدا زمانی کوردی له سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی نوێوه شانبه‌شانی پرسه سیاسییه‌کانی دیکه‌ خۆی نواندووه بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زمانی کوردی نەکراوە بە زمانی پەروەردە و فێرکردن لە وڵاتەکەدا.

ھەربۆیەش زمانی کوردی تێکەڵەیەکە لە زمانی عەرەبی و فارسی کە ھەڵمەت مەعروفی، ٢٠١٧ لە ووتارێکدا چەند نموونەیەک نیشان دەدات و وەک مەترسی بۆ لەناوچوونی زمانی کوردی لە ھەندێ ناوچە باسی دەکات: “مەسائیلێکی موتەعەدید بوونی هەیە کە موتمەئیننەن لە ئایەندەدا دەتوانی موشکلاتێکی پیچیدە فەراهەم بکات”، یەکی تر دەیگوت “مەزموونی ئەشعاری نالی و مەفاهیمێک کە لە ناو شیعرەکانیدا وجوودی هەیە بە ڕادەیەک پیچیدەن کە دەرکیان سەختە”، یەکی تر دەڵێ “موشکلاتی ئیجتماعی لە نێوان هەمسەرەکان وای لێهاتووە کە مونجەر بە تەڵاق دەبێ تەنانەت موشکلاتی سادەش”.(مەعروفی، ٢٠١٧)[5]

ھاوکات کوردی زمانی فەرمی و زمانی دامەزراوە یاساییەکان نییە و پەروەردەش ڕۆڵێکی ھەرە سەرەکی دەبینێت بۆ نەتەوەسازی و دروستکردنی ئینتیمای نیشتیمانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تاکی کورد لەبەر ھەبوونی شێوەزاری جیاواز و دەستبەردار نەبوونی شێوەزارەکان بارودۆخی بەستانداردبوونی زمانی کوردی پەک خستووە، ئەمە جگە لەوەی لەو بەشانەی کە زمانی کوردی زمانی فەرمی نییە زیاتر کاریگەری خراپی بەدیار خستووە.

 

بە ستاندارد کردنی زمانی کوردی:

بێ گومان زمانی ستاندارد یەکێکە لە مەرجە لەپێشینەکان بۆ دەوڵەت، ھەر وەک نموونەی فەڕەنسا کە ئاماژەمان پێداوە، یاخود بارودۆخی سکۆتلەند و زمانی ئینگلیزی ئەوەش بۆ زیاتر ڕەوایەتی پێدانی دەوڵەتە و لەبەرامبەریشدا لە ھەندێک شوێن بە ئاسایش کراوە. نموونەی ھەرێمی کیوبک لە کەنەدا کە تەنانەت ڕێگری دەکەن لە ھەناردەکردنی ئەو بووکەڵە قسەکەرانەی کە بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن ڕێگەنادرێ ھەناردەی ھەرێمەکە بکرێ؛ لەگەڵ ئەوەشدا نموونەی ھەرێمی کوردستان نموونەیەکی سەرنجڕاکێش و تا ڕادەیەکیش پێناسەنەکراوە، چونکە ئێمە گەر سەرنج بدەین ئەدەبیاتی کوردیمان نییە، بەڵکوو ئەدەبیاتی دیالێکتەکانمان ھەیە و ئەمانە ئەدەبیاتی کوردیان دروست کردووە، ھەر بۆیەشە تاکە نەتەوەیەک کە دژی ستانداردەکانی چوونییەککردندا کە ناسیۆنالیزم دەیسەپێنێت وەستاوەتەوە کوردە.

زمانی کوردی لە ڕاستیدا دەیەوێت لە دۆخە سروشتییەکەی خۆیدا بمێنێتەوە و ڕەتیدەکاتەوە کە زمانێک بێت دروستکرابێ یاخود کۆنترۆڵ کرابێ. چونکە دەوڵەتی مۆدێرن ئەو دۆخەی دروست کردووە کە زمان دەکەوێتە ژێر چاودێری دەوڵەتەوە. ھەر بۆیەش بە ڕای ھەندێ لە زمانناسان کورد زمانی ستانداردی نییە لەگەڵ ئەوەشدا کە بووەتە زمانی پەروەردە و زمانی زانکۆ و… ھتد.

چونکە زمانی کوردی زۆر چالاکترە لە زمانی سویدی لە بابەتی زانکۆدا، چونکە لێرە دەکرێ بڕوانامەی دکتۆرای پێ بنووسرێ بەڵام لە سوید ناچارن بگەڕێنەوە بۆ زمانی ئینگلیزی. جیا لەوەی ئەم فرەزمانەوانییە شتێکی سروشتییە، شتێک نییە دیموکراسی ھێنابێتی یاخود ڕێککەوتنی لەسەر کرابێ، ئەم فرەییە ڕەنگیش دەداتەوە لە سیاسەت و کلتوور و ھونەریشدا؛ بۆ وێنە لە کوردستان لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا یەک سەرکردە دروست نابێ بەڵکو کۆمەڵێک سەرکردە دروست دەبن، ئەمەش دەبێتە ھۆی فرەیی سیاسەت کە ئەم فرەییانە پێوستیان بە فەلسەفەیە کە بتوانێ لێکدانەوی بۆ بکات، بۆیە ھەندێک لە بیرمەندان و زمانناسان بڕوایان وایە لەبەر ئەم پارێزبەندییە زمانەوانییە کە ئیتنیکەکان لەناو خۆیاندا پاراستوویانە، ستاندارد کردنی زمان دەبێتە ھۆی کوشتنی زمان و لە گەشەخستنی.

لە لایەکی دیکەوە بەشێک ڕێچارەیەکیان بۆ دروستکردنی زمان باس کردووە کە دەشێ ناوی بنێین زمانی پایتەخت و لە سەرتاسەری جیھان ئەم شێوەزارە بوونی ھەیە. (کە تایبەتە بە زمانی قسەکردنی پایتەختەکان) لە نموونەی پاریس و لەندەندا ئەم شێوازە دەبینرێ. بۆیە پێیان وایە پایتەخت وەک ناوەندێکی ستراتیژی سیاسی دەتوانێ ڕۆڵی بەستانداردکردنی زمانیش لە ئەستۆ بگرێ و وەک ناوەندێکی گرنگ لە بواری بازرگانی و دامودەزگای فەرمی ئەم پەیوەندییە دەکرێ بڵاوبێتەوە، تاکوو زمان یەک بخرێ لە ڕێگەی بەیەکەوەگرێدانی پایتەخت لەگەڵ ناوچەکانی دیکە؛ بۆ ئەمەش پێوستییەکی سەرەکی بە ھۆکاری گواستنەوە و بەیەکەوەگرێدانی شارەکان و پایتەخت ھەیە.

 

سەرچاوە و پەراوێز:

[1] لویس جان کالڤی. (٢٠١١). شەڕی زمان و سیاسەتی زمانەوانی. وەرگێڕ بەھادین جەلال.ھەولێر:بڵاوکراوەی موکریانی

[2] هەمان سەرچاوەی پێشوو

[3] Orwell, G. (2013). Politics and the English language. Penguin Classics.

[4] سورخابی، ئەمین. (١٣٨٩). تیوری گوتار و شیکاری سیاسی

http://aminsorkhabi.blogspot.com/2011/02/blog-post_6565.html?m=1

[5] مەعروفی، ھەڵمەت. (٢٠١٧). زمانی کوردی لە کوردستانی خۆرھەڵات لە بەرەبەری لەناوچووندا. ڕۆژی کورد

https://www.rojikurd.net/١٢زمانی-کوردی-لە-کوردستانی-خۆرهەڵات-ل/

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: