چەمکی ”دەوڵەت” لە دیدێکی ڕەخنەییی مارکسیستییەوە

204
0
بڵاوکردنەوە:

چەمکی ”دەوڵەت” لە دیدێکی ڕەخنەییی مارکسیستییەوە

نووسینی: ئاسۆس ساڵح

 

چەمکی ”دەوڵەت” گرینگیەکی سەرەکی هەیە لە تیۆر و هزری مارکسیزمدا. کۆمۆنیست و مارکسیستەکان بڕوایان وایە کە دەوڵەت دامەزراوەیەکە لە سەرووی هەموو ئەوانی ترەوە ئەرک و کاری ڕاگرتن و بەرگریکردنە لە زاڵبوونی چینایەتی و درێژەدان بە بەردەوامی چەوساندنەوە چینی ژێردەست. لینین لە یەکێک لە وانەکانی سەبارەت بە دەوڵەت بۆ قوتابییەکانی زانکۆی ”سڤێردۆڵڤ” دەڵێت: ”دەوڵەت ئامڕازێکە دەسەڵاتی چینێک بەسەر چینێکی تر دەپارێزێت.” هەروەها لەم وانەیەدا ئاماژە بەوە دەدات: ”دەوڵەت هەمیشە دامودەزگایەکی لە کۆمەڵ دابڕاو بووە و لە دەستەیەک خەڵک پێکهاتووە لە دەسەڵاتداری زیاتر کاری تریان نەبووە. بەم جۆرە لە کۆمەڵگەی فرە چیندا خەڵکی دەبن بە دوو بەشەوە، بەشێکی ژێردەستە و بەشەکەی تری دەبنە پسپۆڕی دەسەڵاتداری و خۆیان لە ژوور کۆمەڵ دادەنێن و ناوی فەرمانڕەوا یاخود نوێنەری دەوڵەت لە خۆیان دەنێن.” (لینین، نامیلکەی دەوڵەت؛ لا٢٠) ئەو پێی وایە ئەو دەزگایەی ئەم دەستە خەڵکە دەسەڵاتداری دەکەن هەمیشە دەزگایەکی زەبر وەشێنیان بەدەستە، بۆ سەرکوتکردن و مانەوەی چینی فەرمانرەوای دەوڵەت.

بۆ ئەوەی باشتر لە چەمکی دەوڵەت تێبگەین دەگەڕێینەوە بۆ یەکێک لە کتێبە بنەڕەتییەکانی سۆسیالیزمی هاوچەرخ کە کتێبی ”بنەچەی خێزان و خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت”ی فریدریک ئەنگڵسە. ئەو تیشک دەخاتە سەر چۆنیەتی دروست بوونی دەوڵەت و بەم شێوەیە پێناسەی دەکات: ”دەوڵەت بریتییە لە ددانپێدانانی بەوەی ئەو کۆمەڵگەیە کەوتۆتە نێو گێژەنی ناسازی و دژایەتی لەنێو خودی خۆیدا و ناتوانیت چارەسەریان بکات، دابەش بووە بەسەر چەند چینێکی لێکدژ و ناتەبا، بە جۆرێک کە کۆمەڵگە لە بەرامبەریاندا دەستەوەستان و بێدەسەڵاتە. جا بۆ ئەوەی ئەو لێکدژانە، واتە ئەو چینانەی خاوەن ئابووری لێکدژن، خۆیان و کۆمەڵگا نەکەن بە خۆراکی شەڕێکی بێئاکام، ئەوا پێوسیتی هاتنەکایەی هێز و دەسەڵاتێکی باڵاتری جڵەوبەدەست لە سەرووی کۆمەڵگا سەرهەڵدەدا، هێزێک ئەو بە یەک دادان و دژایەتییە نەهێڵێت و بیخاتە چوارچێوەیەک ”بەرزەفتکراو”ەوە، بەڵام خۆی لەسەروی کۆمەڵگا دادەنێت، دەسەڵاتێکی جارلەجار زیاتر لە کۆمەڵگا دابڕاو و نامۆتر، ئەویش بریتییە لە دەوڵەت.” (ئەنگڵس، ۲۰۱۷؛ لا٢٨٤-٢٨٥)

کەوایە لە دیدی ئەنگڵسدا دەوڵەت لەسەر بەنامای لێکدژی ئابووری و بەرژەوەندی چینەکان دروست بووە، لە هەمان کاتدا بۆ جەڵەوگیرکردنی ئەم لێکدژییەیە و سەپاندنی لایەنەکە بەسەر ئەویتردا. هەروەک دەڵێت: ”لەبەر ئەوەی دەوڵەت بە پێویست بۆ جڵەوکردنی ئەو دژایەتییەی نێوان چینەکان سەریهەڵدا و لە هەمانکاتیشدا لەناو جەرگەی بەیەکدا هەڵپرژاندنی ئەو چینانە سەریهەڵدا، کەواتە دەبێت وەک بنەمایەک دەوڵەت سەر بەو چینە بێت، کە لە ڕووی ئابوورییەوە باڵا دەستە، دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەتیش دەکەوێتە دەستی ئەو چینە و بەهەمان شێوە دەستەبەرکردنی کەرستە و ئامرازی نوێ بۆ چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی چینی ژێردەست.”  (ئەنگڵس، ۲۰۱۷؛ لا٢٨٧)

لینین لە کتێبی “دەوڵەت و شۆڕش” ئەم بۆچوونەی ئەنگڵس ئاوا پووخت دەکاتەوە و دەنووسێت: دەوڵەت بەرهەم و سیمای  ناکۆکییە چینایەتییە ئاشتی هەڵنەگرەکانە. دەوڵەت لەو جێگایە، لەو کات و بەو ڕادەیە دێتەکایەوە کە نەشێت ئیدی ناکۆکییە چینایەتییەکان بە شێوەیەکی بۆبژێکتیڤ لەگەڵ یەکدی  بحەوێنەوە. بە پێچەوانەوە، لە ئارادابوونی دەوڵەت ئەوە دەسەلمێنێت کە، ناکۆکییە چینایەتییەکان ئاشتی هەڵنەگرن.” (لینین، ۲۰۰٦؛ لا۱۰)

کارڵ مارکس پێی وایە ئازادی بریتییە لە گۆڕینی دەوڵەت لە دەزگایەکی سەپێنراوەوە بەسەر کۆمەڵگەدا بۆ دەزگایەک کە بەتەواوەتی لە خزمەتی کۆمەڵگەدا بێت. چونکە ئەو پێی وایە بە هەبوونی چینایەتی و لە دەسەڵاتبوونی چینی بۆرژوازی و لە دەستگرتنی دەسەڵاتی سیاسیی و ئابووری و کۆی پرۆسەی بەرهەمهێنان دەوڵەت تەنها لە بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتدار دەبێت و دەبێت بە دەزگایەکی سەرکوتکەر بۆسەر چینی ژێردەستە کە چینی کرێکار و زەحمەتکێشە. ماڕکس و ئەنگڵس لە ”مانیفێستی پارتی کۆمۆنیست”دا دەنووسن: بۆرژوازی، دەسەڵاتی سیاسیی تەواوی خۆی لە دەوڵەتی نوێنەراتیی مۆدێرندا بەدەستهێناوە. دەسەڵاتی دەوڵەتیی مۆدێرن تەنها کۆمیتەیەکە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارە هاوبەشەکانی کۆی چینی بۆرژوازیی.” (مارکس، ئەنگڵس، ۲۰۱٦؛ لا٢١)  بە پێی  ڕەخنەی مارکسیستی دەوڵەتی سەرمایەداریی مۆدێرنیتە (دەوڵەت نەتەوە) ئیمکانی ڕیفۆرمی تێدایە، بەڵام دەبێت هەر  وردووخاش بکرێت، تاوەکوو جیاوازی چینایەتی بمێنێت کێشمەکێشمی نێوان چینەکان بەردەوام دەبێت و دیموکراسی ڕاستەقینە نایەتە کایەوە. هەمیشە چینێک چینێکی تر وەک کۆیلە سەیردەکات، کۆیلەی مۆدێرن کاری کرێگرتەیییە. بە ڕیشەکێشکردنی کاری کرێگرتە ئەوکات جیاوازی نامێنێت. “مارکس پێی وایە مانای حەقیقی دیموکراسیی، حوکمڕانیی ڕاستەقینەی خەڵکییە بەسەر خۆیاندا نەک سپاردنی حکومەت بە دەستەیەکی نوخبەی سیاسیی. تاقانە دەوڵەتی قوبڵکراو لای مارکس حوکمڕانی هاوڵاتییە بەسەر خۆیاندا نەک حوکمڕانیی کەمینەیەک بەسەر زۆرینەدا.” (تێری ئیگڵتۆن، ۲۰۱٥؛ لا۳۳٥)

پێویستە ئەوە بخرێتە بەر باس کە تیۆر و هزری مارکسیزم بە تەنها بەربەرەکانێ و خەباتی کردنی چینی پرۆلیتاریا نییە دژی سەرمایەداری؛ بەڵکوو تیۆری سەرکەوتنەکەشیەتی! نووسەری بەریتانی و مارکسیست “جۆن مالینۆ” لە کتێبی “نەریتی ڕاستەقینەی مارکسیزم” دەڵێت: “شیکردنەوەی مارکسیزم وەکو تیۆرێک بۆ پرۆلیتاریا نیشاندراوە کە ئەم  چەمکە سێ توخم لە خۆدەگرێت: ۱/ مارکسیزم وەکوو بیرودۆزێک بۆ بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی سەرتاسەری چینی کرێکار لە ڕووی جیهانییەوە. ۲/ مارکسیزم وەکوو بەرهەمی لە دایکبوونی پرۆلیتاریای هاوچەرخ و پەرەسەندنەکانی ملبەملانێکەی دژی سەرمایەدری. ۳/ مارکسیزم وەکو تیۆری سەرکەوتنی ئەم چینە. پێناسەکردنی هەرە کورتی ئەم توخمە بریتییە لەوەی مارکسیزم تیۆری شۆڕشی پرۆلیتاریایانەی جیهانە.” (جۆن مالینۆ، ٢٠١٨؛ لا۱۹) کەوایە هەروەک لینین دەڵێت: مارکسیست ئەو کەسەیە کە ددانپیانانی بە ملبەملانێی چینایەتیی بە ددانپیانان بە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا درێژە پێدەدات. ئەمەش دەبێت وەک بنچینەیەکی سەرەکی مارکسیزم جێبەجێ بکرێت. دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دیموکراسیترین شێوەیە بۆ نەهێشتنی جیاوازی چینایەتیی و نایەکسانی. هەروەک لەسەرەتا ئاماژەمان پێدا ئەنگڵس دەڵێت دەوڵەت لە ئەنجامی دژبەریی و لێکدژیی چینەکان دروستە، بۆیە لەکاتی کۆتایی پێ هێنان بەو جیاوازیی و لێکدژیی و بەرژەوەندییە چینایەتییانەی هەیە، دەوڵەتیش کۆتایی دێت چیتر ئامرازێک نییە بۆ چەوساندنەوە.

لەمەڕ پوکانەوەی دەوڵەت، لینین لە بەشی چوارەم بەناوی ”پوکانەوەی دەوڵەت و شۆڕشی توندوتیژ” لە کتێبی ”دەوڵەت و شۆڕش”دا دەنووسێت: ”پرۆلیتاریا دەسەڵاتی دەوڵەت لە دەست دەگرێت و پێش هەر شتێک، هۆیەکانی بەرهەمهێنان دەکاتە موڵکی دەوڵەت. بەڵام ئەو بەم کارەی، خۆیشی بە ناونیشانی پرۆلیتاریا لە نێودەبات، سەرباری ئەوە، گشت جیاوازییەکی چینایەتی و هەر جۆرە دژکارییەکی چینایەتی و لە هەمان کاتدا خودی دەوڵەت، بە ناونیشانی دەوڵەت، لەنێو دەبات.” (لینین، ٢٠٠٦؛ لا٢٣) کاتێک دەوڵەت لە دەستی بۆرژوازی نەما و کۆی پڕۆسەی بەرهەم هێنان خرایە دەستی خەڵک و بووە موڵکی دەوڵەت. پاش نەمانی باڵادەستی و  دژبەرەکی چینایەتی و خۆسەپاندن و هەڵدانی بۆ خۆپەرستی فەردانەت لە پێناو بەرژەوەندی شەخسی. ئەو جۆرە بەرهەم هێنانە کە لەسەر بنەمای پەشێوی و جیاوازی چینایەتی و کاری کرێگرتەیی بوونیادنراوە نا مێنێت. لەم کاتەدا کە کۆی بنەماکان و هۆیەکانی بەرهەمهێنان بەدەست خەڵکەوەیە، دەوڵەت وەک پێویستی بۆ سەپاندنی چینێک بەسەر چینێکی تردا بوونی نامینێت. بەمەش دەسەڵاتی دەوڵەت چیتر وەک پێویستی بۆ دەخالەتکردنی لە کاروبارە جۆراوجۆرەکانی پەیوەندگەلی کۆمەڵایەتی یەک لە دوای یەک دەبێتە کارێکی زیادە و بەمەش دەسەڵاتی دەوڵەت بەرەو پوکانەوە دەڕوات. دوای ئەمە لە بری فەرمانڕەوایی کردن بەسەر خەڵکەوە، ڕێنوێنیکردنی کاروبار و بەڕێوەبردنی پرۆسەی بەرهەمهێنان دێتە کایەوە. ئەمەش بە واتا و دەرئەنجامی ئەوە دێت دەوڵەت ”هەڵناوەشێتەوە” بەڵکوو دەپوکێتەوە و خەڵک لە ستەم و سەرکوتکاری دەسەڵاتدارانی ئەم دەزگا خۆسەپێن و بەرژەوەندیخوازی چینی سەردەست ڕزگاریان دەبێت.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

سەرچاوەکان:

١/مانیفێستی پارتی کۆمۆنست، کاڕڵ مارکس، فریدریک ئەنگڵس، و: پێشڕەو محەمەد، چاپی یەکەم ۲۰۱٦، چاپخانەی تاران.

۲/بنەچەی خێران و خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت، فریدیک ئەنگڵس، و: کەریم مەلا ڕەشید، چاپی ۲۰۱۷، چاپخانەی تاران.

۳/ بۆچی مارکس لەسەر حەق بوو؟ تێری ئیڵگتۆن، و: پێشڕەو محمەد، چاپخانەی دلێر، چاپی۲۰۱٥.

٤/نەریتی ڕاستەقینەی مارکسیزم چییە؟، جۆن مالینۆ، و: بژار سەردار، چاپی یەکەم ۲۰۱٨، چاپخانەی سارا.

٥/ دەوڵەت و شۆڕش، لینین، و: سالار ڕەشید، بلاوکراوەی ساڵی ۲۰۰٦.

٦/ دەوڵەت، لینین، و: فوئاد مەجید میسری، بڵاوکراوەی ناوەندی کۆمۆن، چاپی دووەم، چاۆخانەی کارۆ.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: