بکەری ئاگا لە دۆخی ئاوارتەدا

90
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: شەهلا دەباغی

قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە!

– قانع

 

ڕەنگە تەنیا وێنەی کچێکی کورد بە شاڵێکی زرد لەسەر شان لەبەر دەرگای زیندانی سنە و ئەم ڕستەیەی سەر زاری “قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە” بەس بایە تا کۆی بیرەکانی من و ژانی ژینی کوردبوون و خەباتی چەندسەد ساڵەی ئێمەی کوردی لەخۆ گرتبا. نیوبەیت لە شێعری شاعیری گەورە مامۆستا قانع کە لەبەر دەرکی زیندانی سنە لە زمان کیژۆڵەیەکی کورد، زارا محەممەدی، هاتە دەر و شەقڵی تاریکی شکاند و بە تیشکی ئازایەتیی خۆی دنیای کوردانی ڕووناک کرد و، بێ ترس و بە پێکەنینەوە بەرەو زیندان ڕۆیشت و، ئێمە لە خۆمان پرسی مەگەر قارەمان کێیە و چۆنە؟ ئەوەتا، ئەوەش قارەمان.

زۆرجار لە ( credibility و reliability  ئێعتبار و جێ متمانەبوون)ی[1] ئەم نیوبەیتە شێعرە لە سەردەمی پڕ لە زەبر و دیکتاتۆرییەتدا بە هۆی گوشاری داگیرکەران وەشک کەوتووم. دەمگوت ئەژدهاکی زیندان بەرخۆدان و ورەی خەڵکی هەڵلووشیوە و دوژمن لەم چل‌ودوو ساڵەدا بە کۆت و بەند و ئێعدامی خەڵک توانیوێتی سەرکەوتوو بێ. بەڵام کچێکی بەژن زراڤی وردیلە لە جنسی گوڵاڵەکانی بەهاری کوردستان لەبەر دەرگای زیندان جارێکی تر ئێعتبار و جێ‌باوەڕبوونی ئەم نیودێڕە شێعرەی نیشان داوە. بەپێچەوانە ئەم جارە “زبان سرخ سر سبز میدهد برباد” لە ئیعتبار کەوت. وێژەیەک کە کەرەسەی داگیرکەرانە بۆ بێدەنگ کردنمان. “زمان”ی سوور و بوێر، زمانی دایک و مامۆستای زمانی دایک بەتێکڕا بوونە پەیکەری بکەرێک تا شێعر، زمان، نەتەوە و سابجێکتێک نەمر بکەن.

 

هۆمۆ ساکێر Homo Sacer 

چەمکی هۆمۆ ساکێر/  Homo Sacer (1998)  لە چەمکە گرینگەکانی ئاگامبێن فەیلەسووفی بەناوبانگی ئیتالی‌یە.[2] ئاگامبێن لە پڕۆسەی هزریی خۆیدا چەمکی بیۆپۆلیتیکی فۆکۆ پەرە پێ دەدا و وردی دەکاتەوە. فۆکۆ جیاوازییەکی بنچینەیی لەنێوان Sovereign Power (دەسەڵاتی سەروەر) و دەسەڵاتی مۆدێڕن لەسەر چەمکی ئەقڵانییەت دادەنێ. ئەو پێی وایە کە دەسەڵاتی سەروەر بڕیاردەرە لەسەر ژیان و مەرگ، هەبێ یا نەبێ، بتکوژێ یا ژیانت پێ بداتەوە. لە کاتێکا سوژە/سابجێکتی سیاسیی نوێ لەژێر دەسەڵاتی مۆدێڕندا بووەتە ئاژەڵێک بە بوونێکی سیاسیی تایبەت کە بوونەکەی دێتە ژێر بڕیاری دەسەڵاتەوە. دێمۆکراسیی ڕۆژاوایی خودی دێمۆکراسیی بەرەو دەسەڵاتێکی ڕەها و سەرەڕۆ بردووە.[3]

ئاگامبێن تێزەکانی فۆکۆ، کاڕڵ شمیت (تیۆریسییەنی نازیستەکان) و بێنیامین تاوتوێ دەکا. شمیت باس لەوە دەکا کە “دۆخ”ی کۆمەڵگا یا ئاسایی‌یە یان ئاوارتە، یاسا یا دەکرێ بسەپێندرێ یا نا. ئەو دەڵێ کە یاسا تەنیا لە کاتی ئاساییدا دەکرێ بەکار بهێندرێ. بەم جۆرە شمیت دەستی دەسەڵاتی ڕەها ئاواڵە دەکا. بەڵام بێنیامین بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە باس لەوە دەکا کە دۆخی ئاوارتە هەرچی زیاتر بووەتە دۆخی نۆڕماڵ و ئێستا دۆخی گشتی دۆخێکی ئاوارتەیە، واتە دۆخی نۆڕماڵ لە واقعدا نییە.

ئاگامبێن پێی وایە Sovereign Power  یاساکان هەڵدەوەشێنێتەوە، هەڵیاندەپەسێرێ و ڕایاندەگرێ. لە سیاسەتی سەردەمدا دۆخی نائاسایی و ئاوارتە هەرچی زیاتر بووەتە دۆخی ڕۆژانە. واتە یاسا هەیە، بەڵام هیچ مانا و کاکڵی نییە و دێمۆکراسی کاری خۆی ناکا، بەڵکوو دەسەڵات بڕیاردەرە. ئینسان لە دۆخی ئاوارتەدا دەژی و ژیان لەژێر زەبروزەنگی دەسەڵاتی سەروەردایە. ئاگامبێن بۆ ئەوە ئەم دۆخە بە باشی نیشان بدا لە یاسای ڕۆم و لە چەمکی “هۆمۆ ساکێر” کەڵک وەردەگرێ. لە ڕۆمی کۆندا هەر کەس دەیتوانی هۆمۆ ساکێرەکان بکوژێ بەڵام نەدەکرا قوربانییان بکەی. ئەوان یاسایان بەسەردا دەسەپێندرا، بەڵام هیچ ماڤێکی یاسایی‌یان نەبوو. هۆمۆ ساکێرەکانی ڕۆمی کەونارا وەک ئینسانی خاوەن ماڤ نەدەدیتران و ئەگەر کوژرابان، وەک قەتڵ ئەژمار نەدەکرا. بەڕای ئاگامبێن، هۆمۆ ساکێر لە دەرەوی یاسا دەمێنێتەوە و یاسا ماڤی ناداتێ و بگرە سزاشی دەدا. هۆمۆ ساکێر یاسای پاراستن و شارۆمەندی نایگرێتەوە. نموونەی هۆمۆ ساکێر لە دۆخی ئاوارتەدا ئاوشویتس و کەمپەکانن بۆ وێنە زیندانی گوانتانامۆ. لە دۆخی ئاوارتەدا/ State of Exception بۆ وێنە لە کەمپەکانی نازیستەکاندا هیچ یاسایەک پارێزەری ژیانی جوویەکان نەبوو، ئەوسا کە جوویەکان لەنێوان ژیان و مەرگدا هەبوون و نەبوون.

هەوڵی ئاگامبێن لە زنجیرە نووسینێکدا لەسەر چەمکەکانی هۆمۆ ساکێر، دۆخی ئاوارتە، یاسا و باسی شارۆمەندی ئەوەیە کە بە ڕەچەڵەکناسی لە ڕۆم هەتا شۆڕشی فەڕانسا و شەڕی ناوخۆییی ئەمریکا، ئاڵمانی نازی و فاشیزمی ئیتالیا و دوای ١١ی سێپتامبر ئەوەمان نیشان بدا کە نیزامی یاسایی سیاسی بووەتە ماشێنی کوشتار. دۆخی ئاوارتە بە جۆرێک بەردەوام و هەمیشەیی بووە. سەروەر بە زەبروزەنگ دەسەڵاتەکەی دەپارێزێ، بە شێوەیەک کە لە “دێمۆکڕاسییەکانی ڕۆژاوایی‌”دا دەوڵەت بە جێگای ئەوە دەوڵەتی شارۆمەندان بێ، شارۆمەندی بێ کەڵک کردووە و لە سیاسەت دووری دەکاتەوە و بەردەوام لە ترس و شکدا ڕایدەگرێ تا بتوانێ دەسەڵاتی خۆی بەسەردا بسەپێنێ و بەرەو ئەو ئامانجەی ببا کە خۆی دەیهەوێ. بۆ وێنە لە دوای ١١ی سێپتامبر لە ئەمریکا دۆخ و دەوڵەتی ئەمنییەتی(security state)  دروست دەکا.[4]

 

ئایا کورد لە ئێران لە دۆخی ئاوارتەدا دەژی؟

“برخورد قاطع نیروهای مسلح با توطئه گران‏

‏‏ ‏‏ارتش، ژاندارمری، پاسداران ملزم اند که با هم تفاهم داشته باشند؛ هماهنگ باشند.‏‎ ‎‏اگر هماهنگ نبودند، تأدیب می شوند؛ مجرم اند. رؤسای ارتش موظف اند که اسباب‏‎ ‎‏جنگ برادرهای ما را، برادرهای پاسدار ما را فراهم کنند. تَعلُّل‏‎ نکنند؛ آنها را مجهز‏‎ ‎‏کنند. باید با فوریت این ریشه های فساد را بِکَنَند. مهلت به این ریشه های فساد ندهند.‏‎ ‎‏سران اینها قابل هدایت نیستند. اینها از یهود بنی قُرَیْضَه بدترند! و اینها باید اعدام شوند.”‏[5]

ئەم پاڕاگڕافە لە “پرتال امام خمینی” وەرگیراوە و بەڵگەیەکە کە نیشان دەدا چۆن خومەینی هەر لەسەرەتاوە کە دەسەڵاتی گرتە دەست، فەرمانی هێرش بۆ سەر کوردستان دەردەکا. (لە هەمان ماڵپەڕدا بە دەیان بەڵگەی دیکە هەن.)

دوابەدوای ڕووخانی شا و هاتنەسەر کاری ئاخوندەکان، حاکمانی ئیسلامی لە تاران هێژمۆنی و سەروەریی خۆیان سەپاند و ڕێبەری شیعەکانی ئێرانی واتە خومەینی دژی نەتەوەی کورد فەتوای دەرکرد. بۆ نیشاندانی دەسەڵات و سەپاندنی دەسەڵات (اعمال قدرت) هەزاران ئینسان بێ هیچ دادگایی‌یەک وەبەر گولـلە دران و شارەکانی کوردستان بۆمباران دەکران. هیچ یاسایەک نەبوو پارێزەری ژیانی خەڵکی کورد بێ. ئینسانی کورد لەژێر هێژمۆنی و دەسەڵاتی تازەدا لە دۆخێکی بێ یاساییدا خۆی دەدیتەوە. حاکم خودی یاسا بوو و هەر یاسایەکی هەڵدەوەشاندەوە، بەتایبەت کە دەسەڵاتەکەی بە پێی ئایینی ئیسلام لە خودا وەرگرتبوو و ئەو “ولی فقیە” بوو لەسەر زەوی. ئەم دۆخە ٤٢ ساڵی ڕەبەقە بەردەوامە. خەباتکاران و چالاکان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئیسلامیدا هۆمۆ ساکێرێک بوون/هەن کە هیچ یاسایەک نایانگرێتەوە.

دەسەڵاتی تازەی ئێران لە دوای ڕێبەندانی ١٩٧٩ جارناجارێک بە ڕاگەیاندنی حکومەتی نیزامی لە کوردستان و بە دروستکردنی شەڕ لەگەڵ کورد، یا شەڕی ئێران و عێڕاق و هتد، بەردەوام دۆخی نیزامی و “وضعیت ویژە”ی ڕاگەیاندووە، بەجۆرێک کە لە ماوەی ئەم چل‌ودوو ساڵەدا ئەم دۆخە هەمیشەیی بووە. هەر ئەو جۆرەی ئاگامبێن پێی وایە کە لە ڕۆژاوا لە دۆخی ئاوارتەدا حاکم بڕیاردەرە، ئێرانی دوای ١٩٧٩ کەوتە دۆخێک کە دەکرێ بە دۆخی ئاوارتە/ئیستیسنایی ناوی لێ ببەین. کە هەڵبەتە لە ڕوانگەی نووسەری ئەم وتارەوە، ئەم دۆخە هەمیشە ئاوارتەیی بووە و لە چەند قۆناخێکدا نەماوەتەوە. بە پێی ئاگامبێن دۆخی شەڕی ناوخۆ، شۆڕش، شەڕی چەکداری، بەرخۆدان ئەو بەرزەخەن کە پڕن لە دژایەتی و بە یاسا ناکرێ ماڤەکان بپارێزی و خودی یاسا دەکەوێتە هەڵپەساردن و تاک بێ پشت و پەنا دەمێنێتەوە.[6] لە جوغرافییای ئێرانیشدا ئێمە بەردەوام شاهیدی شەڕی ناوخۆ، شەڕی چەکداری و بەرخۆدان و دۆخێکی بەرزەخی بووین.

دوای ١٩٧٩ پرسی کورد و چارەسەری پێویست لەگەڵ فۆڕم و سروشتی پرسەکە لەژێر ناسیۆنالیزمی شیعە- فارسدا بەردەوام لە دۆخی ئاوارتەدا ماوەتەوە. هەڵبەت بەلووچەکان و عەڕەبەکانیش بەهۆی بەرخۆدان ئێستا زۆر زیاتر لە جاران کەوتوونەتە بەر زەبروزەنگی دەسەڵات. لەڕاستیدا حاکمی تاران بە هیچ جۆرێک تاکی نەتەوەکانی ژێردەست وەک تاکی نەتەوەی باڵادەست نابینێ، گەرچی دەزانین کە تاک و گرووپی یاخی لە نەتەوەی باڵادەستیش بوونەتە قوربانی. لێرەدایە کە دەکرێ بڵێین کە کۆی دانیشتووانی جوغرافییای ئێران بەتایبەت نەتەوەکانی غەیرە فارس و ژنان بێ ماڤ و لە دۆخی ئاوارتەدا دەژین.

لە دوای ١٩٧٩ شوناسی مێژووییی نەتەوەکانی ژێردەست (بە ڕای نووسەری ئەم وتارە چەمکی کۆلۆنی باشترە) بەشێوەیەکی سیستماتیک سەرکوت کراوە و گوتاری زاڵی حاکمییەتی ئێرانی لەلایەک بە نەفی ئەوانی تر، گەڵتەپێکردن و نزم‌نیشاندانی پرسی نەتەوەی بەکۆلۆنیکراو، و لەلایەکی تر بەسوژەکردن و بەکەسایەتی کردنی نەتەوەی باڵادەست بووە. ئەم بەسوژەکردنە لە ڕێگای ئاپاراتووسەکانی حاکم و دامودەزگاکانی پڕوپاگاندا لەگەڵ زەختی هێزەکانی نیزامی بە شێوەیەکی سیستماتیک ڕێکخراون. هێز و کاراییی تاک و نەتەوەکانی دیکە یان بەرەو لاوازی بردراوە یان خراوەتە خزمەتی دەسەڵاتی فارسزمان. گرینگترین مێتۆدی ئاپاراتووسی پەروەردە لە ئێراندا بریتییە لە چکۆلەکردنەوە ی/تقلیل دادن زمانی نەتەوەکانی غەیرە فارس (یا بە قەولی خۆیان قومها) کە هاوکاتە لەگەڵ جۆرێک لە ئازادیی ڕواڵەتی و چاپی کتێب و گۆڤار.

زمان وەک “ماڵی بوون”[7] هەلی دەربڕینی خود، بەناسنامە و بەفەلسەفە کردنی دەڕەخسێنێ. بەڵام دووفاقەییی سیاسیی دەسەڵات و هێژمۆنیی باڵادەست لە ئێران لەلایەک زمانی ژێردەستەکان تا ئەو جێیە ئازاد دەکا کە پێناسەیەکی کولتوورییان هەبێ و لەلایەکی دیکەوە ئەوان لەناو پێناسەی سیاسی و کولتووری خۆیدا حەل دەکا. دەسەڵات هەوڵ دەدا جیاوازییەکانی باڵادەست و ژێردەست بسڕێتەوە و نەتەوەی ژێردەست وەک “زیرمجموعە”ی خۆی دادەنێ. تاران هەوڵ دەدا ژێردەست لەخۆ بگرێ.[8] لە کاتێکا بە قەولی هوومی بابا بیرمەندی سەر بە قوتابخانەی تیۆری ڕەخنەیی، ئەوە جیاوازییە کە دەنگ و پێناسە دەداتە ئەوی تر.[9]

دۆخی ئاوارتە لە کوردستان لە دوای ١٩٧٩ تێکەڵاوییەکی بێ‌بڕانەوەی لەگەڵ زەبروزەنگ و میلیتاریسم بووە. دەسەڵاتی سەرووی یاسا (تەنانەت یاساکانی خۆی) لە هەموو ئەو ساڵانەدا زەبروزەنگ و دەسەڵاتی ڕەهای بەکار هێناوە. دەسەڵات پێی وایە هەر ئەکتێک لە دەرەوەی ویستی ئەو خەتەرە بۆ سەر بوونی ئەو، و نیزامەکەی دەکەوێتە خەتەر. بە سەدان جار ڕێبەرانی ئێران باسی ئەوەیان کردووە کە  “نظام در خطر است”. کەوایە دەوڵەت هەر کارێک لە چوارچێوەی بەناو “امنیت ملی”دا کۆنتڕۆڵ دەکا و بەناوی خەتەر لەسەر ئاسایشی خەڵک و وڵات، سیمپاتی نەتەوەی باڵادەست بۆخۆی ڕادەکێشێ. بۆیە هیچ سەیر نییە کە تەنانەت چالاکیی ئەنجومەنەکانی مەدەنی دەبێ لە چوارچێوەی ئەمنییەتی میللی و لەژێر چاوەدێری و کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتدا بن.

 

کەیسی زارا

خاتوو زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی دایک و ئەندامی چالاکی ڕێکخراوەی مەدەنیی “نۆژین” بە هۆی فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵان و جەوانان هەوەڵ حوکمی دە ساڵ زیندانی بەسەردا دەبڕێ. بە گوێرەی پارێزەری خاتوو زارا، دوکتور جوامێر عەبدوڵاهی یاساناس و ماموستای مافی گشتیی زانکۆی کوردستان و ئەندامی لێژنەی زانستگا، لە لایڤێکدا کە لە ئینستاگڕام[10] بڵاو کراوە “لە ڕەوتی پەروەندەسازی و دادگاییدا تەنانەت یەک هۆ بۆ مەحکووم کردنی یاساییی خاتوو زارا بەدی نەکرابوو. یەکێک لە خودی دەزگای زانیاریی سپا گوتبووی کە دەلیلی کافی بۆ ئەم پەروەندەیە نییە و زارا بێ تاوانە. دوای دادگای بەرایی و سێ جار پێداچوونەوە و بێ هیچ بەڵگەیەک خاتوو زار دەبێ سزای پێنج ساڵ ببینێ، گەرچی یەکێک لە خودی دادوەرەکان باوەڕی بە بێ‌گوناحیی زارایە.”

بە پێی پارێزەر عەبدوڵاهی “لە پەروەندەی خاتوو زارادا تەنانەت یەک وشەش نییە کە بۆ ئەوە بێ خاتوو زارا مەحکووم بکرێ. لە پەروەندەدا دەگوترێ کە خاتوو زارا هاوکاری لەگەڵ حیزبێک کردووە، بەڵام ناوی هیچ حیزبێک دیار نییە و دواتر تەنانەت ناوی حیزبەکەش دەگۆڕن، یا خاتوو زارا تاوانبار دەکرێ کە “ئەنجومەنی نۆژین”ی داناوە، کە دانانی ئەنجومەن بە ئیزن و ئیجازەی دەوڵەت و یاسایی بووە. یا بەهانەگەلی وەک ئەوە کە جلوبەرگێکی تایبەتی پۆشیوە و یا ئەوە لە کاتی بوومەلەرزەی کرماشان یارمەتیی خەڵکی داوە، کە هیچ کام لەمانە تاوان نین. ئەوان هاتن نۆژین مەحکووم بکەن. ئەوان تەنانەت مادەی ٤٤٧ یان قەبووڵ نەکرد، و کوتیان خاتوو زارا دە ڕۆژ دەرفەتی هەیە و دەبێ خۆی بە زیندان بناسێنێ. من بە ڕاستی و لە ڕوانگەی یاسایی‌یەوە دەڵێم خاتوو زارا بێ‌گوناحە. ئەگەر تەنانەت یاسا وەک خۆی جێبەجێ کرابا، پێنج ساڵ سەهلە پێنج ڕۆژیش زیندان زۆرە.” پارێزەر عەبدوڵاهی بەردەوام دەبێ و باسی ئەوە دەکا کە “هێندێک دەڵێن کە دەمانهەوێ قارەمان دروست بکەین. ئیمە پێویستیمان بەوە نییە، ئەوە قارەمانێک لە بەرانبەرمان دانیشتووە، خاتوو زارا.”

عەبدوڵاهی باسی ئەوە دەکا کاتێک بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی پارێزەری و باس لەسەر پەروەندە چووەتە زیندان جگە لە ورە هیچی دیکەی لەم کچەدا بەدی نەکردووە. “بە پێچەوانە زارا نیگەرانی ئەوە بووە کە نەکا بە زیندانی کردنی ئەو گەنجەکان بترسێن و لە فێربوون و فێرکردنی زمانی کوردی دوور بکەونەوە.”

دواتر قارەمان کەریمی خوێندکاری دوکتورا لە یاسا، باسی هێندێک ڕەهەندی پەروەندەکە دەکا. کەریمی باسی ئەوە دەکا کە “پەروەندەکە شپرزە و بێ بنەما بووە و چەند پەروەندە تێکەڵ کراون و خاتوو زارا مەحکووم کرا.” ئەو دواتر دەڵی “هەموو نەتەوەیەک قارەمانی هەیە و بە شانازییەوە قارەمانەکانی ئێمە پارێزەری زمان و نەتەوەن و من شانازی دەکەم کە پارێزەری قارەمانێکی نەتەوەییی وەک خاتوو زارام. زارا ئێستا بیهەوێ و نەیهەوێ قارەمانە و هەموو خەڵکی کوردستان وەک ڕۆلەی خۆیان چاوی لێ دەکەن. بۆیە ئەرکی زارا زۆر قورستر دەبێ و قارەمانێکی نەتەوەیی دەبێ زۆر ژیرانەتر هەنگاو هەڵبگرێ و گومان لەوەدا نییە زارا ئەم ئەرکە بە باشی بەڕێوە دەبا و ئێمەش دەبێ هەوڵ بدەین یارمەتیدەری زارا بین.”

ڕۆژی ٨ی ژانوییەی ٢٠٢٢ خاتوو زارا وێڕای خەڵک و پارێزەرانی لە شاری سنە بەرەو زیندان دەڕۆن. لەبەر دەرگای زیندان زارا شاڵەکەی کەوتووەتە سەر شان و وەک باڵندەیەکی ئازاد دەزانێ کە زیندان هیوای دوژمنە، بەڵام دیوارە بلندەکانی بەندیخانە ناتوانن خۆری هیوای “سوبژەی ئاگا” و بەرخۆدانی نەتەوەیەک بخنکێنن. پێویستە ئاماژە بکرێ کە پێشتر بە زارا گوترابوو کە دەتوانێ بڕواتە دەرەوەی وڵات و داوای لێکرابوو کە لەگەڵ میدیای فارسزمان بدوێ، بەڵام زارا وڵامی دابووە کە نە وڵات بەجێ دەهێڵێ و نە ئامادەیە بە فارسی بدوێ. زارا گوتبووی “ئەگەر دەیانهەوێ وتووێژ بکەم، دەبێ وەرگێڕ بهێنن.” ئەمە لە کاتێکدایە کە خاتوو زارا زمانی فارسی بە باشی دەزانێ.

لێرەدا گرینگە کە ئاماژە بکەین کە داگیرکەران تەنانەت یاسای خۆیان  واتە “اصل 15 قانون اساسی” کە “حق تحصیل بە زبان مادری در کنار زبان فارسی” تێدا گونجاوە (بەڵام هەرگیز لە کردەوەدا پەیڕەو نەکراوە) بە گەلانی ژێردەست ڕەوا نابینن و تاکی نەتەوەی ژێردەست دەبێ باجی سەرەڕۆیی دەسەڵاتی داگیرکەر بدا.

“کەیسی زارا” بە شێوەیەکی ڕوون داگیرکاری و سەرەڕۆیی دەسەڵات نیشان دەدا. داگیرکەر تەنیا کاتێک دان بە مافی تاک و زمانی نەتەوەی ژێردەستدا دێنێ کە لە خزمەت هێژمۆنیی سیاسیی خۆیدا بێ. بۆ داگیرکەر، نەتەوەی ژێردەست لە دەرەوەی یاسایە. نەتەوەی کۆلۆنیکراو و بێ‌دەوڵەت بێ ماڤە و دەکرێ جێنۆسایدی فیزیکی، ڕووحی، کولتووری و زمانی بکرێ. لە کاتێکا دەسەڵات لە هەموو ئاپاراتووس و هەل و ئیمکانێک بۆ سەروەریی سیاسیی خۆی و باڵادەست کردنی زمانی فارسی کەڵک وەردەگرێ و تەنانەت “استفادە از نیروی انتظامی برای پاسداشت ادبیات فارسی”[11] بۆخۆی بە ڕەوا دەبینێ، نەتەوەکانی ژێردەست لە هەلومەرجی ئاوارتەیی و ناسەقامگیریی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریدا هیچ هەل و ئیمکانی ئەوەیان نییە کە بە زمانی خۆیان بخوێنن. زمانەکانی غەیرە فارسی بە “لهجە”یەک لە فارسی نیشان دەدرێ و لە نرخی زمانییان کەم دەکرێتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە هەموو لێکۆڵینەوەکانی دنیا نیشانیان داوە کە منداڵێک کە بە زمانی دایک دەخوێنێ، زووتر و زۆرتر مێشکی چالاک دەبێ و پڕۆسەی خوێندن و فێربوون باشتر دەچێتە پێش و منداڵ خێراتر گەشە دەکا. هەروەها لێکۆڵینەوەکان نیشانیان داوە کە منداڵێک کە بە زمانێکی ‌غەیری زمانی دایک دەست بە خوێندن دەکا، لە فێربوون وەدوادەکەوێ، هەست بە کەمایەسی دەکا و تووشی خەمۆکی دەبێ.

هەمیسان هەموو لێکۆڵینەوەکانی دژەکۆلۆنیالیستی، باسەکانی دیسکۆرس ئانالیز و تیۆرییەکانی ڕەخنەیی نیشانیان داوە دەسەڵاتە کە زانست و مەعریفە بەرهەم دێنێ. ڕەنگە هەموومان ڕستە ناسراوەکەی فۆکۆمان وەبیر بێ کە “زانست دەسەڵاتە”. لە ڕێگای زمانی باڵادەست، زانکۆکان و ئاپاراتووسەکان، دەسەڵات تاک بۆ بەرژەوەندیی خۆی پەروەردە دەکا و جۆرێک لە زانست بەرهەم دێنێ کە بتوانێ تاکی دەستەمۆ و کۆیلە بەرهەم بێنێتەوە.[12]

ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و زانکۆکانی دەوڵەتی لە ئێران ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن تا هەموو زانست و ئەزموونی تاک و نەتەوەکانی دیکە وەک مەعریفەیەکی ئێرانی کە مەبەستیان ڕاگرتنی قەوارەی ئێرانە نیشان بدەن و هەموو ئەوانەی کە باس لە جیاوازییەکانی سیاسی و زمانی و ناسنامەیەکی دیکە بکەن بە جۆرێک حەزف دەکرێن یا دەچنە ناو پیلان و بەرنامەی پاکتاوکردن. ئەو سڕینەوە و ئاسیمیلاسیۆنە هەموو بوارەکانی ئایینی، زمانی، کولتووری و سیاسی و سیمبۆلیک دەگرێتەوە. هەر ئێستا بۆ وێنە بە پێی “خبرگزاری تسنیم” “برنامەهای آموزشی جهت ترویج مهدویت در استان کردستان” بەڕێوە دەچێ.[13] ئەمەش هەوڵێکی فاشیزمی دینییە بۆ سڕینەوەی هەموو جیاوازییەکانی کولتووری و ئایینی لە چوارچێوەی پیلانێکی سیاسیدا بۆ بەردەوامیی دەسەڵاتی خۆی و بەکارهێنانی زەبروزەنگی سیمبۆلیک. دەوڵەتی شیعەی فارسی لەژێر ناوی “وحدت مسلمین” و “کاهش اختلافات” چەندین ساڵە دەستی بە سڕینەوە و پاکتاوی کورد کردووە. هەر ئێستا (١٨ی مارس) کە خەریکی نووسینم، تاران هەوڵ دەدا پێش بە گرتنی نەورۆز بە شێوە و هێمای کوردانە بگرێ و دەستپێشخەریی مەڕاسمی نەورۆز بە هێماکانی خۆیەتی، واتە بەرجەستەکردنی هێمای فارسی- شیعە.

لێرەدایە کە “خودئاگاییی کوردانە” و “ڕێگا و داهێنانی کوردانە”ی کەسانی وەک خاتوو زارا و “ئەنجومەنی نۆژین” لە دۆخی ئاوارتەدا لەبەرانبەر زەبروزەنگی دەسەڵات و پیلانی لەناوبردن و جێنۆسایدی زمانی یەکجار گرینگ دەبێتەوە. بۆ ئەنجومەنی نۆژین و خاتوو زارا پرسی زمان دەبێتە پرسی ناسنامە و شوناسی سەربەخۆ و جیاواز. شوناسێک کە بە گوتەی ئیدریس مینبەری “سەرکوت کراوە و لەژێر هێژمۆنیی گوتاری زاڵدا ئیمکانی بە سوژەبوونی لێ وەرگیراوە.” بە ڕای ئیدریس مینبەری یەک لە ئەندامانی نۆژین “فەزای دیکتاتۆری و بەستراو زاڵە و ئەم فەزایە پڕە لە دڕدۆنگی و بێ متمانەیی.”[14] دواتر مینبەری ڕوو بە دۆستانی‌ تری کورد پێ لەسەر ئەمە دادەگرێ کە “ئێمە هێندێک مافی هاوبەشمان هەیە و سەرەڕای جیاوازییەکان دەکرێ لەسەریان هاوکاری بکەین.” ئەو دواتر باسەکەی درێژە دەدا و لەسەر باوەڕەکانی نۆژین بەردەوام دەبێ و دەڵێ “پرسی کورد پرسێکی فەرهەنگی و تایبەت بە قۆناخێک نییە، بەڵکوو پرسێکی نەتەوەیی‌یە و بە بینینەوەی چارەسەری شیاو لەگەڵ فۆڕمی پرسەکە ڕووبەڕووین. ئێمە کار بۆ بەدیهێنانی نەتەوەیەکی دێمۆکڕاتیک و نەتەوەیەکی مۆدێڕن دەکەین. ئەو دوو هاوکێشەیە، نەتەوەیی بوون و مۆدێڕن بوون هاوکات پێکەوە دەور دەبینن لە بیر و پڕاکتیزەی ئێمەدا. نەتەوەیی بوون بەو واتایە کە شوناسی کورد، شوناسێکی سەربەخۆ و جیاواز و خاوەن پێگەی مێژووی خۆیە. شوناسێک کە زیندووە و ڕەوتیکی مێژوویی پێواوە و بەداخەوە ئەو شوناسە سەرکوت کراوە. ئەم شوناسە لەژێر کاریگەری و هەڕەشەی گوتارە زاڵەکانی ناوچەدا، دەرفەتی خۆدەرخستنی پێ نەدراوە. کاتێک ئێمە باسی پرسی کورد دەکەین، باس لە پرسێکی شوناسی دەکەین، باس لە واقعییەتێک دەکەین، باس لە سوژەگی و باس لە سابجێکت پۆێنتێک دەکەین. مادام ئەمە بەردی بناخەی بیرەکانی ئێمەیە لەباری نەتەوەیی‌یەوە و، زمان بۆ ئێمە پێش ئەوە ئامرازی پێوەندی بێ، ئامرازی خوڵقاندنی جیهانە و سەرکوتی ئەم زمانە، سەرکوتکردنی ئەو فۆڕمە لە خوڵقاندنی خۆڕسکی نەتەوەی کوردە. ناکرێ نەتەوەی کورد بگاتە مافی خۆی، بێ ئەوەی پرسە مۆدێڕنەکانی کۆمەڵگا وەک پرسی منداڵان و ژنان ئاوڕیان لێ بداتەوە. لەم دەلاقەوە وێڕای هاوچەشنی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە ئێمە پێمان وایە بێ دیتنی ئەم جیاوازییانە، بە قەولی ماکس وێبێر جیهان یەکدەست دەکرێ. بە یادکردن و ڕێز لە مامۆستا شەریف کە ئێمە قەرزداری ئەوین، ئەو مێتۆدێکی زۆر پێشکەوتووی فێرکردین، واتە زمان بە خودی ئەو زمانە فێر بی. لە هەر شوێنێکی کوردستان هەر کەس هەوڵی بۆ مافی زمانی ئێمەدا بێ، بە چاوی ڕێزەوە دەیبینین و ئێمە خۆمان بە قەرزداری دەزانین و ڕێبواری ئەم ڕێگایەن. یا دۆخی ناوچە مەودامان دەدا بە سەرکەوتن بگەین یا بە شانازی لەپێناویدا دەمرین، بۆیە بە چاوی نەتەوەیی‌یەوە چاو لەو تێکۆشانانە دەکەین. نەتەوە و نیشتمانی کوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی تاکەکەسیمانە. بۆ ئەنجومەنی نۆژین فێرکردنی زمانی دایک واتە فێرکردنی زمان بە خودی زمانی دایک و ناسینی باشتری جیهان.”[15]

دواتر مینبەری باسی بەرخۆدان و زیندان دەکا کە ئەوان زیندانیان پێ ناخۆشە، بەڵام لە کاتی نادادپەروەریدا زیندان بە مەکۆی بەرخۆدان دەزانن و بۆ پارێزگاری لە مافی نەتەوەیی ئامادەن بچنە زیندان و خاوەندارێتیی پرسی نەتەوەیی بکەن. ئینجا لە کۆتاییی لایڤەکەدا زارا سپاسی دڵسۆزان و پشتیوانیی خەڵک بۆ دۆسیەکە دەکا.

 

سوژەی ئاگای بەرخۆدان

لە کۆی چۆنێتیی دروستکردنی پەروەندە بۆ خاتوو زارا، داسەپاندنی سزا و وتەکانی پارێزەران و ئەندامێکی نۆژین، ئێمە دەتوانین چەند خاڵ بەرجەستە بکەینەوە:

١. قەومی فارس بەنەتەوە کراوە و زمانی فارسی، زمانی دەسەڵاتە. نەتەوەکانی دیکەی ناو جوغرافییای ئێران و زمانەکانیان لە دەرەوی یاسان.

٢. هەر ئەکتێکی “ئەوانی تر”ی دەسەڵات دەچێتە چوارچێوەی باسی ئاسایشی میللییەوە. واتە وەک خەتەر بۆ سەر هێژمۆنی و نەتەوەی باڵادەست دەبیندرێ.

٣. دەسەڵاتی سەروەر پابەندی هیچ یاسایەک نییە و بڕیاردەری کۆتایی‌یە لەسەر جۆری ژیان، کار و چالاکیی کۆمەڵایەتی.

٤. دەسەڵاتی تاران، کوردستان بە ناوچەیەک دادەنێ کە دەبێ لەوێ بە زەبروزەنگ و یا بە مێتۆدی زیرەکانە “اعمال قدرت” بکا و خەڵکەکەی دەستەمۆ بکا.

٥. کوردستان بەردەوام لە دۆخی ئاوارتەدایە و دەسەڵات خەباتکارانی کورد بەناوی “ضد انقلاب” و بەناوی “مبارزە با اشرار” سەرکوت و زیندانی و ئێعدام دەکا.

٦. تاکی نەتەوەی کۆلۆنیالکراو بۆ دەسەڵات هۆمۆ ساکێرە، واتە هیچ یاسایەک نایپارێزی، بەڵام یاسا و سزای بەسەردا دەسەپێندرێ.

سەرەڕای ئەوە کە کوردستان کۆلۆنیی ناوخۆیی‌یە[16]، تاکی کورد هیچ مافێکی نییە و، لە دۆخی ئاوارتەدا وەک هۆمۆ ساکێرێک لەژێر زەبروزەنگدا دەژی، بەڵام بەرخۆدانی نەتەوەی کورد لەژێر دەسەڵاتی تاران نەوەستاوە و خەباتکاران بەردەوام هەوڵیان داوە سوژەی بەرخۆدان بخوڵقێنن و، لە مەرگ نەترساون. بە پێی ئەو نامە و فیلمانەی لە زیندانەکانی ئێران هاتوونەتە دەر، زۆربەی خەباتکاران بە ورە و نەترسییەوە گاڵتەیان بە دەسەڵاتی ئێران کردووە و دەیان کەس بە دەیان ساڵ لە زیندانەکاندا ماونەتەوە. هەر چەند مانگ پێش بوو کە قارەمانێکی دیکەی کورد بەناوی حەیدەر قوربانی پێش بردنی بۆ ئێعدام لەبەرچاوی هەموو بەندکراوان بە هێزە ئەمنییەکان دەڵێ “من ڕۆڵەی پێشەوا قازی محەممەدم، ئێوە دەتانهەوێ ڕۆڵەی پێشەوا لەسێدارە بترسێنن؟”[17] یا چەند ساڵ پێش قارەمانێکی دیکەمان، مەنسوور ئاڕوەند، بە گوتەی هاوبەندییەکانی بە دروشم بەرەو سێدارە دەڕوا. یا خودی زارا کە ئامادە نابێ وڵات بەجێ‌ بێڵێ و ئامادەیە پێنج ساڵ لە زیندان دانیشی، بەڵام نەبێتە سوژەی داگیرکەر و، ڕۆژی چوونە زیندانی دەبێتە شانۆ و پێرفێرمانسی بەرخۆدان و لەبەر دەرگای زیندان بە پێکەنینەوە و بێ حیجاب (شاڵ لەسەر شانی کەوتووە) دەڵێ “هاوڕێیان ماڵاوا.”[18]

زۆرجار سوژەی خەباتکار دەکەوێتە بەر تانەوتەشەری ئەوانەی خۆیان نەیانتوانیوە ببنە سوژەی ڕزگاریکەر و، خەباتکار نەسیحەت دەکرێ. ئەمە چمان پێ دەڵێ؟ لێرەدا باسەکەی ئاگامبێن دروستیی خۆی دەردەخا کە دەسەڵات بەردەوام دەیهەوەێ شک و گومان و قڵشت لەناو خەڵکدا دروست بکا. هەر لە لایڤەکەی ٨ی ژانوییە لە ئینستاگڕام، پارێزەران عەبدوڵاهی و کەریمی و هەروەها ئیدریس مینبەری باسی ئەوەیان کرد کە هێندێک دەڵێن، دەیانهەوێ زارا بکەنە قارەمان و یا هەزینەی خەبات زیاد دەکرێ. بە ڕای کەریمی زارا خۆی قارەمانە و هەموو نەتەوەیەکیش قارەمانی خۆی هەیە، بەڵام قارەمانی کورد بە هۆی دۆخێکی تایبەت کە تێیدا دەژی، دەبێ زۆر هوشیارتر بجووڵێتەوە. ئێستا ئێمە لێرە لەگەڵ قارەمانێک نە لە جۆری شانۆ تراژیدییەکانی کەونارا، بەڵکوو لەگەڵ تاکی مۆدێڕن ڕووبەڕووین. لە تراژیدییەکانی یونانیدا قارەمان بەرەو چارەنووسێکی تراژیدی و مەرگ دەڕۆیشت، بەڵام لە خەباتی ئێستای کورددا گەنجەکان لەگەڵ چەمکی “ئاگایی” و “خەباتی مۆدێڕن” و پرسگەلی گرینگ ڕووبەڕوون. کەواتە هیچ سەیر نییە کە لەم بەرخۆدانە ئاگایانەدا دەیان ژن چالاکن.[19] ژنان پرسی خەبات بۆ ڕزگاری، تێکەڵاوی خەباتی ژنان بۆ مافەکانیان دەکەن. هەر دوو پرس، پرسگەلی سیاسین و تەنیا بە چارەسەریی مۆدێڕن و سیاسی دەبێ وڵام بدرێنەوە.

گرینگترین پرسی ڕۆژانەی ئینسانی کورد پرسی زمانە. مانەوەی زمانی کوردی، شوناس، بوون و نەبوومان ساخ دەکاتەوە. ئێستا ئێمە لە دۆخی ئاوارتەدا و، لەژێر دەستی خەراپترین جۆری دەسەڵاتی فاشیستیدا کە نازانین چەند ساڵی تر دەخایەنێ، دەتوانین پرسی زمان و فێرکردنی زمانی دایک و خوێندن بە زمانی کوردی بکەینە پرسی هەرە گرینگی مانەوەی نەتەوەکەمان و دوورکەوتنەوە لە ئاسیمیلاسیۆن، تا ئەو بەڵایەمان بەسەر نەیە کە بەسەر باکووری نیشتمان هاتووە و زمانی تورکی بووەتە زمانی ڕۆژانەی خەڵکی کورد لە باکوور. ئێمە بە پاراستنی زمانەکەمان دەتوانین شوناس و بوونمان لە فەوتان نەجات بدەین و، چالاکانی ناو وڵات بە باشی دەرکی ئەو گرینگەیان کردووە.

شایانی باسە کە ئەنجومەنی نۆژین لە ڕاگەیاندنی خۆیدا سەبارەت بە یەکلایی‌بوونەوەی حوکمی پێنج ساڵ زیندان بۆ خاتوو زارا پێداگری لەسەر چەمکەکانی کوردی کۆلۆنیکراو، شوناس، نکۆڵی لە زمانی کوردی، داسەپاندنی زمانی فارسی، ئاپاراتووسەکانی ئایدیۆلۆژیک، پاکتاوکردنی شوناسی کورد، سەپاندنی دەسەڵاتی ئەمنییەتی و گوتاری زاڵ و، هاوکات گرینگیی داهێنانی فۆڕمێکی نوێ لە خەبات دەکا.[20]

ئێستا قارەمانی ئێمە تاکێکی ئاگایە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا، کە لە دۆخی ئاوارتەدا ناهومێد و دەستەوەستان دانەنیشتووە. ئەو لە ژیانی ڕۆژانەدا دەچێتە سەر دیتنەوەی چارەسەری بۆ پرسەکان و بۆخۆی دەبێتە ئافرێنەر و داهێنەر. خاتوو زارا و ئەنجومەنی نۆژین بە زانستێک کە لە ژینگەی خۆیان وەدەستیان هێناوە وەک سوژەی نەتەوەیی و زانا و داهێنەر پێشوازی لە ئاکامەکانی ئەکتی خۆیان دەکەن و خۆیان داهێنەری داهاتوون، نەک دەستەمۆی چارەنووس. بۆ هەرکام لە ئێمە وەک تاکێکی کورد ئەرکە جارێکی دیکە بەوردی بە گرینگیی زیندووڕاگرتنی زمان و شوناسمان لە دۆخی ئاوارتەدا بچینەوە و بە قەولی بیرمەندی کورد دوکتور کەماڵ سولەیمانی “سوژەی نەتەوەیی خۆمان دژی داگیرکەر بین نەک سوژەی داگیرکەر دژی نەتەوەی خۆمان.”

دەبا وابێ. قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە!

 

پەراوێزەکان:

[1] ئەم دوو چەمکە زیاتر بۆ لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی بەکار دێن نەک شیکردنەوی ئەدەبی.

[2] ئەم چەمکە لەم نووسینەدا هەم دەرگای باسێک دەکاتەوە و هەم دەتوانێ جێی مشتومڕ بێ، چونکە باسەکانی ئاگامبێن چەندلایەنەن و، چەمکی هۆمۆ ساکێر زۆر لکوپۆی لێ دەبێتەوە و باسێکی یاسایی‌یە، بەڵام هەوڵ دەدەم زۆر گشتی بۆ مەبەستی ئەم وتارە بەکاری بێنم.

[3] Sovereign Power and Bare Life, Agamben. 1998.

[4] Undantagstillståndet, Agamben Giorgio. 2004.

[5] امام خمینی (س) – پیام به اهالی کردستان (غیر قانونی بودن حزب دمکرات) (imam-khomeini.ir)

[6] Undantagstillståndet, Agamben Giorgio. 2004.

[7] هایدێگێر “زمان بە ماڵی بوون” دەزانێ.

[8] سارؤ ئەردەڵان، نووسین بە بڵێسەی ئاگر. تیشک، ژ. ٥٦.

[9] ‌Homi Bhabha

[10] ئینستاگڕام، لاپەڕەی زارا محەممەدی، ٨ی ژانوییەی ٢٠٢٢

[11] وزیر ارشاد از استفاده از نیروی انتظامی برای «پاسداشت ادبیات فارسی» خبر داد (iranintl.com)

[12] سارۆ ئەردەڵان، تیشک، ژ. ٥٤.

[13] خبرگزاری تسنیم، ٢٣ اسفند ١٤٠٠، اخبار کردستان

[14] ئینستاگڕام. زارا و پارێزەرانی لە شەوی ٨ی ژانوییەی ٢٠٢٢ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر کەیسی زارا دەدەن.

[15]هەمان سەرچاوە. هەوڵ دراوە گوتەکان تا ئەو جێگایەی کراوە وەک خۆیان بنووسرێنەوە. هەموو باسەکان نەنووسراونەتەوە.

[16] سارۆ ئەردەڵان. تیشک، ژ. ٥٢.

[17] ڕێکخراوی ماڤی مرۆڤی هەنگاو. ٢٥ی دێسامبری ٢٠٢١. لاپەڕەی هەنگاو لە فەیسبووک

[18] لاپەڕەی هەنگاو. فەیسبووک. ٨ی ژانوییە

[19]بەرخۆدانی ئاگایانەی ژنان لە ئەفغانستان و ئێران بەدەیان جار دیتراوە و حاشاهەڵنەگرە.

[20] ڕاگەیێندراوی ئەنجومەنی نۆژین بە بۆنەی یەکلایی‌بوونەوەی حوکمی داسەپاو بەسەر خاتوو زارا محەمەدی، بەفرانباری ١٤٠٠(ژانوییەی ٢٠٢٢)

 

* ئەم نووسینە لە گۆڤاری تیشک، ژمارە 62. لاپەڕەکانی 40-49’دا بڵاو کراوەتەوە.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: