دوو ئەفسانە سەبارەت بە فەرمانڕەوایان و دەستوپێوەندان

235
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: دکتۆر فوئاد زەکەریا

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

هەندێک ئەفسانە هەن لەناو خەڵکییدا تەشەنەیان سەندووە، بوونی ڕادەیەکی زۆر لە کەموکووڕیی لە هۆشیاریی سیاسییدا دەردەخەن و، بەڕوونیی پەردە لەسەر ئەو جۆرە لەبیرکردنە هەڵدەماڵن کە مرۆڤی ئاسایی سادەترین بنەماکانی دیموکراسی لەبیر کردووە. دووان لەو ئەفسانانە ئەمانەن:

 

١-ئەفسانەی “ئەو فەرمانڕەوایەی کە نازانێت”:

لە یەکێک لە دیمەنەکانی فیلمی “نیکۆلاس و ئالێکساندرا”دا، کرێکارە هەژارەکان بە ڕێپێوانێکی ئاشتییخوازانە کە قەشەیەکی ناحەزی توندوتیژیی بە ئەنجامدانی قایلی کردوون، بەرەو کۆشکی تزاری ڕوسیا بە ڕێ دەکەون و نووسراوێکیان پێیە تیایدا سکاڵای خۆیان و حاڵیان لای فەرمانڕەوا دەکەن. کەژاوەی ڕێپێوانەکە بە ئارامیی ڕێ دەکات و قەشەکە لە پێشی خەڵکەکەوە دەڕوات و بەدرێژایی ڕێگاکەش بەردەوام هەر هاوار دەکات و دەڵێت: “ئاشتییخوازانە هاتووین”. لەمبەریشەوە سەربازەکان بە چەکەکانیانەوە ڕاوەستاون، سەربازەکان لە خاڵێکی دیارییکراودا کتوپڕ دەست دەکەن بە تەقەکردن لە ڕێپێوانە ئاشتییخوازانەکە، بەو هۆیەشەوە کۆمەڵکوژیی بەناوبانگی “کۆشکی زستانە” لە ساڵی ١٩٠٤دا دەقەومێت. لە کۆتایی دیمەنەکەدا قەشە واقوڕماوەکە ڕاوەستاوە و تەماشای کوژراوەکان و ئەو خوێنە زۆرە دەکات کە ڕژاوە و هاوار دەکات: “نیکۆلاس، ئەی خوێنڕێژی دڕندە!”، لەپاش ئەوە ڕاستەوخۆ دەچینە سەر دیمەنێکی تر لە کۆشکەکەدا، لەوێ دەبینین تزار ڕاوەستاوە و زۆر بە توڕەیی لە سەرۆک وەزیرانەکەی دەپرسێت: “بۆچی پێتان نەگوتم؟ کێ فەرمانی تەقەکردنی دا؟ بۆچی خەڵکەکەتان کوشت؟”، سەرۆک وەزیرانیش دانایانە وەڵامدەداتەوە و دەڵێت: “ئەگەر خەڵکەکە بگەیشتنایەتە لات، وەڵامی داواکارییەکانیانت دەدایەوە؟” کاتێکیش کە، بەو جۆرەی پێشبینی دەکرێت، تزار بە نەرێ وەڵامی سەرۆک وەزیرانەکەی دەداتەوە، سەرۆک وەزیران دەڵێت: “هێشتا دەپرسیت کێ بەرپرسیارە؟”.

لەو دیمەنانەی سەرەوەدا کێشەیەکی سەرەکیمان سەبارەت بە فەرمانڕەوایی تاکەکەسیی دیکتاتۆریی لە هەر سێ گۆشەنیگاکەیەوە پیشان دەدرێت کە ئەمانەن:

١-گەل وەکو زۆردار یاخود ستەمکارێک لە فەرمانڕەوا دەڕوانێت.

٢-هەرچی فەرمانڕەوایە خۆی بە بێتاوان دەزانێت چونکە نەیزانیوە و لۆمەی چواردەورەکەی دەکات.

٣-دواجار دەنگی دانایی دەڵێت فەرمانڕەوا بە هۆی پرەنسیپ و شێوازەکانی فەرمانڕەواییەکەیەوە بەرپرسیاری ڕاستەقینەیە بە دەر لە وردەکارییەکان و لەوەی کێ لە ئەنجامدانی فڵان و فیسار هەڵەی بچووک بەرپرسیار و تاوانبارە.

لە دەوڵەتانی جیهانی سێدا، کە فەرمانڕەوایی تاکەکەسیی ئەو ڕێسا گشتییەیە کە تەنها بڕێک هەڵاوێردی کەمی هەن، ئەفسانەی “ئەو فەرمانڕەوایەی کە نازانێت” بڵاوە و زۆر کات خودی ڕژێمەکە خۆی برەوی پێدەدات یاخود هاوسۆزەکانی ڕەواجی پێ دەدەن، هەروەها خودی فەرمانڕەواش خۆی ڕەنگە لە کۆتاییدا پەنای بۆ ببات کاتێک چی تر ناتوانرێت هەندێک ئابڕووچوونی دارایی یاخود تاوانی نامرۆڤانە یاخود ڕەفتاری داپڵۆسێنەرانەی تیرۆریستییانە بشاردرێنەوە. ئەوکات دەنگەکان بەرز دەبنەوە و دەڵێن: خودی فەرمانڕەوا خۆی مرۆڤێکی بەبەزەییە، ناخی بە مرۆڤدۆستیی و نیشتمانپەروەریی و ئارەزووی دادگەریی دەجۆشێت و تەنها بیر لە بەرژەوەندیی گەلەکەی دەکاتەوە، بەڵام خەتا یاخود نەنگییەکە هەمووی لە دەستوپێوەند یاخود کەسانی چوار دەوریدایە. بە شێوەیەکی باویش ئەو دەستوپێوەند و چوار دەورە بەو چەشنە وێنا دەکرێن زۆربەیان بڕێک لەو تاوانکارانەن کە تەنها بە ئەنجامدانی تاوانەکانیان بەس ناکەن بەڵکو لە فەرمانڕەواشی دەشارنەوە و هەمیشە بارودۆخەکانی بە شێوەیەکی پەمەیی پیشان دەدەن. مادام تەنها خۆشیان دەتوانن بچنە لای فەرمانڕەوا، فەرمانڕەوا بەردەوام لە ڕەفتارەکانیان کە وێنەکەی لەبەر چاوی خەڵکی بە دەر لە مەبەستی خۆی ناشیرین دەکەن نائاگادار دەمێنێتەوە. بەم جۆرە لە ئەنجامی خراپەکاریی دەستوپێوەندەوە فەرمانڕەوا ناشیرین و خراپ دەکرێت.

ئەفسانەی “ئەو فەرمانڕەوایەی کە نازانێت” کاتێک تەشەنە دەکات کە لایەنگرانی فەرمانڕەوای تاکەکەس ناچار دەبن ددان بە بوونی دژبەرییەکی ئاشکرا لە ڕەفتارەکانیدا بنێن و نەتوانن ئەو دژبەرییە ڕاڤە بکەن. چونکە ئەو لەلایەک وەکو فەرمانڕەوایەکی نیشتمانپەروەر و خۆڕاگر بەرامبەر بە دوژمنانی نیشتمان دەردەکەوێت، سیاسەتێک پەیڕەو دەکات بەرژەوەندییەکانی “گەل” ئامانجێتی، بەتایبەتی چین و دەستە ڕەنجدەر و زەحمەتکێشەکەی، بەڵام لەلایەکی ترەوە بێسەر و حساب خەڵک زیندانیی دەکات و بێبەڵگە دەستگیریان دەکات و هەموو ئۆپۆزیسیۆنێک سەرکوت دەکات و لە دەنگی خۆی و کلکەکانی بەولاوە بوار نادات هیچ دەنگێکی تر ببیسترێت- واتە کورت و کرمانج هەر کاریگەرییەکی شیانیی دەستکەوتە ئەرێنییەکانی خۆی لە ڕێگای سەپاندنی ئەو دەستکەوتانە لە سەرەوەڕا بەسەر خەڵکییدا لە ناو دەبات، لە بریی ئەوەی لێ بگەڕێت لە بۆچوونی ئازادی خۆیانەوە هەڵبقووڵێت و لە سایەی ڕەزامەندیی و باوەڕهێنانیاندا پاراستن و گرنگییپێدان بۆ خۆی بدۆزێتەوە.

کەواتە چۆن دەتوانرێت ئەو دژبەرییە ڕاڤە بکرێت؟ هەواداری دڵگەرمی فەرمانڕەوای تاکەکەس هیچ ئامرازێک بۆ ڕاڤەکردن نادۆزێتەوە تەنها پەنابردن بە ئەفسانەی “ئەو فەرمانڕەوایەی کە نازانێت” نەبێت و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە شتە باش و ئەرێنییەکان دەستکردی فەرمانڕەوان و هەرچی شتە نەرێنیی و خراپەکانیشە دەستکردی چوار دەورەکەین و ئەو لێیان بێئاگایە یاخود هیچیان لەبارەوە نازانێت، ئەگەر زانیبای ڕێگای بە ڕوودانیان نەدەدا. بەو جۆرە هەواداری دڵگەرم بەردەوام نموونە باڵاکەی خۆی لە هەر لەکە و نەنگییەک دەپارێزێت و بە پاکیی دەهێڵێتەوە، بەڵام هەموو تاوان و خراپە و لادانەکان دەداتە پاڵ بێجگە لە خۆی. هەروەها وێنەی فەرمانڕەوای تاکەکەس لە ڕوانگەی پەرستەرەکەیدا بەردەوام وەکو وێنەی ئەو خواوەندە دەمێنێتەوە کە تەنها چاکەی لێ دەوەشێتەوە، بەڵام هەرچی خراپەیەک هەیە سەرچاوەکەی “شەیتان”ـە.

ڕەنگە ئەو ئەفسانەیە بڕێک دەستکاریی کرابێت، چونکە فەرمانڕەوا چی تر بەو کەسە نامێنێتەوە کە “بێئاگایە” بەڵکو دەبێتە ئەو کەسەی کە “بێتوانایە”. لەم ڕشتە دەستکارییکراوەشدا ئارەزووی فەرمانڕەواش دیسان هەمیشە ڕووەو چاکە دەبێت، بەڵام ئەوانەی دەوروخولیان داوە بڕێک ڕێکاری ستەمکارانەی بەسەردا دەسەپێنن کە ئەو خۆی لێیان ڕازی نییە، بەڵام لەپێناوی ڕەچاوکردنی “هاوسەنگیی هێزەکان” لە دەسەڵاتدا و دەستەبەری قایلکردنی هەموو لایەنە خاوەن سەنگەکان لەنێو دەستەی فەرمانڕەوادا ئەو کارە چەند و چوونی نییە و هەر دەبێت بکرێت، تاکو بزوێنەرەکە بەوپەڕی ئارامیی و خێرایی ڕێ بکات. ئیتر بەم چەشنە فەرمانڕەوا، وێڕای هێز و زۆرەکەی، ناچار دەبێت بڕێک لە باڵادەستییەکەی بەسەر ئەو دەستوپێوەندەدا دابەش بکات کە ئەوانیش دیسان خاوەنی بڕێک هێزن و بۆ هەریەکەیان ئازادیی لە “بەش”ی تایبەت بە خۆیدا بهێڵێتەوە، ئەگەر هەریەکێکیشیان بە خراپیی ڕەفتاری کرد ئەوکات فەرمانڕەوا بەرپرس نییە لەو کارەی کە ئەو کردی، بەڵکو ناچارە لەسەر “گەمەی هاوسەنگیی” بەردەوام بێت، چونکە سەلامەتیی و تۆکمەیی دەسەڵات وا دەخوازێت.

 

٢-ئەفسانەی “ئەو فەرمانڕەوایەی دەست هەڵناگرێت”:

بەرامبەر بەو ئەفسانەیەی یەکەم، لە وڵاتانی جیهانی سێدا، هەڵبەتە لەنێو ئەو وڵاتانەدا وڵاتە عەرەبییەکانیشمان، ئەفسانەیەکی تر دەردەکەوێت بە ئاراستە پێچەوانەکەدا دەڕوات بەڵام لە کۆتاییدا هەمان ئەو ئافاتانەی تێدا هەن کە ئەفسانەی پێشوو ئاشکرایان دەکات. ئەم جارە ئامانجەکە بەرگرییکردن نییە لە فەرمانڕەوای ڕەها لەو ڕێگایەوە هەموو تاوانەکانی بدرێنە پاڵ دەستوپێوەند، بەڵکو بەرگرییکردنە لەو دەستوپێوەندانە لە ڕێگای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی فەرمانڕەوا هیچ شتێکی بۆ نەهێڵراوەتەوە دەستی لێ هەڵبگرێت چونکە فەرمانڕەوا لێرەدا ئەو کەسەیە جڵەوی هەموو شتێکی لە دەستدایە و یاریدەدەر- تەنانەت ئەگەر کەسی دووەمیش بێت هیچ چارێکی تری نییە تەنها بە بێدەنگیی چاودێریی کردنی ڕووداوەکان نەبێت، لەبەرئەوەی ڕای ئەو داوا ناکرێت، ئەگەر داواش بکرێت گوێی لێ ناگیرێت. هەر بۆیە ئەگەر لەو یاریدەدەرە بپرسیت: “ئەو هەموو ستەمە نابینیت؟ تۆش دیسان بەرپرسیار نیت لەو ستەمانە؟ لە وەڵامدا دەڵێت: من هیچ چارێکم نییە. چونکە ئەوە “کەسە گەورەکە”یە هەموو شتێک دەکات، من بێجگە لە چاودێرییکردنی شتەکان بە بێدەنگیی هیچ شتێکی ترم لەسەر نییە.

لێرەدا هەموو کارە خراپەکان هینی فەرمانڕەوان کە توانایەکی تەواو و ئاگادارییەکی گشتیی هەیە، بەڵام دەستوپێوەند تەواو دەست و پێ سپین، تەنانەت ئەگەر لە پیاوچاکانیش بن دژایەتییکردنی گەندەڵیی لە سەروو وزەیانەوەیە، چونکە هەموو بڕیارەکان لە دەسەڵاتێکەوە دەردەچن هیچ بۆ بێجگە لە خۆی ناهێڵێتەوە. ئاشکرایە ئەم ئەفسانەیە ئاراستەی ئەفسانەکەی تر بەراوەژوو دەکات: چونکە لە دۆخی یەکەمدا فەرمانڕەوا هەمیشە لایەنە باشەکە بوو، بەڵام سەرچاوەی هەموو گەندەڵییەکە دەستوپێوەندەکە بوون و فەرمانڕەوا سەبارەت بە کارە خراپەکان بێئاگا بوو، بەڵام دەستوپێوەندەکە هەموو شتێکیان لەبارەیەوە دەزانی چونکە ئەوە ئەوان بوون ئەنجامیان دەدان و فەرمانڕەوا تەنها گرنگیی بە شتە گشتییەکان و بڕیارە گرنگ و یەکلاکەرەوەکان دەدا. بەڵام لە دۆخی دووەمدا تەنها فەرمانڕەوا خاوەن بڕیار و خودان توانایە و بەهێزترین دەستوپێوەند بە بەراورد بە ئەو هیچی لە دەست نایەت و ناتوانێت شتەکە زۆر یان کەم تەنانەت لە وردەکاریی و بەشەکانیشیدا بگۆڕێت.

بەڵام ئەو شتەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە هەردوو ئەفسانەکە وێڕای دژوازییان زۆر جار وەکو ناو لە یەک فەرمانڕەوا دەنرێن. چونکە هەوادارانیان برەو بە ئەفسانەی یەکەم دەدەن و ڕەنگە وەک باوەڕیش باوەڕیان پێی هێنابێت، ئیتر بیانوو بۆ ئەو هەڵانەی بۆ دەهێننەوە کە هەمیشە دەدرێنە پاڵ دەوروبەرەکەی و ناحەزانیشی ئەفسانەی دووەم بڵاودەکەنەوە و بیانوو بۆ خۆیان دەهێننەوە چونکە فەرمانڕەوا کە قایل نەدەبوو دەست لە هیچ شتێک هەڵبگرێت ئاخۆ ڕێی تێ دەچێت هەمان ئەو فەرمانڕەوایە بێت کە ئاگای لە هەموو شتێکە و ئاگای  لە زۆر شتیش نییە؟ ئایا ئەقڵ دەیبڕێت لە یەک کاتدا چاکەخواز و خراپەخواز، میهرەبان و زۆردار، بەشدارییپێکەری ئەوی تر و زەوتکاری هەموو شتێکیش بێت؟

بەڵام کێشەی ڕاستەقینەی هەردوو ئەفسانەکە تەنها لە دژوازییاندا نییە، بەڵکو هەردووکیان دوو وەهمی گەورەن میللەتانمان دووچاریان بوون و دەشێت دووچاری ببن. لەوەش خراپتر ئەوەیە هەردوو ئەفسانەکە چی تر وەکو سروشتی شتەکان و پێویستییەکانی سیاسەت دەخرێنە ڕوو و بە جۆرێک دەگوترێنەوە وەک ئەوەی هەوڵێک بن بۆ ڕاڤەکردنی هەندێک دیاردە وەکو هەندێک دیاردە دەردەکەون لە ڕاڤەکردن بەدەرن، مەبەستیشم لەوە ئەمەیە:

چۆن چۆنیی فەرمانڕەوا لە یەک کاتدا نیشتمانپەروەر و ستەمکاریشە؟ ئەی یاریدەدەر چۆن لە یەک کاتدا چاکەخواز و شایەدی ستەمیشە؟

بەڵام ئایا دروست ئەو دوو ئەفسانەیە دەتوانن هیچ شتێک ڕاڤە بکەن؟

 

بەرپەرچدانەوەی ئەو وەهمە:

ئێمە ناوی “ئەفسانە”مان لەو ڕاڤانە نا کە لە ڕژێمەکانی فەرمانڕەوایی تاکەکەسیی دەسەڵاتخوازدا بەربڵاو و باون، چونکە لەڕاستییدا لە وەهمێکی گەورە بەولاوە زیاتر نییە کە باڵی بەسەر ئەقڵەکاندا کێشاوە و ڕوانگەیانی بۆ پڕۆسەی فەرمانڕەوایی و پەیوەندیی فەرمانڕەوا لەگەڵ دەستوپێوەندەکانی و ئەو کۆمەڵە کە فەرمانڕەوایی دەکات شێواندووە. چونکە هەر جارێک پاساوی ئەو چەوتییانە دەدەینەوە کە فەرمانڕەوا تێیانکەوتووە و دەڵێین بۆیە ئەو چەوتییانە ڕوویاندا چونکە فەرمانڕەوا ئاگادار نەبوو، خۆمان لە خشتە دەبەین و بوونی کەموکووڕییەک لە بیرکردنەوەماندا ئاشکرا دەکەین، هەروەها بەرپرسیارێتیی چەوتییەکان لە هاریکار و یاریدەدەرەکاندا قەتیس دەکەین، یاخود بیانوو بۆ یاریدەدەری فەرمانڕەواکە دەهێنینەوە لەسەر بنەڕەتی ئەوەی هەردوو دەستی بەسترابوون، ئیتر بەرپرسیارێتیی چەوتییەکان لە فەرمانڕەوای تاکەکەسدا قەتیس دەکەین کە دەست لە هیچ شتێک هەڵناگرێت.

سادەترین بیرکردنەوە قایلمان دەکات بەوەی فەرمانڕەوای مرۆڤ، نیشتمانپەروەر، کە ژمارەیەک خراپەکار دەوروخولیان داوە، لەڕاستییدا ئەفسانەیە و تەنها لەنێو ئەقڵ و مێشکی مرۆڤە ساویلکەکاندا بوونی هەیە. چونکە فەرمانڕەوا- لەنێو ئەو شێوەیە لە فەرمانڕەوایی تاکڕەو و دەسەڵاتخوازدا- خۆی یاریدەدەرەکانی خۆی هەڵدەبژێرێت و خۆی توانای گۆڕینیانی هەیە. ئەگەر لە کار و شێوازیان قایل نەبووایە لە هاریکارییکردنیدا، بۆ تەنها چرکەیەکیش لە پۆستەکانیاندا نەدەمانەوە. یاریدەدەرەکانیشی یان دەبێت وەکو خۆی بن یان دەبێت تەواوکەری خۆی بن لە پڕۆسەی دابەشکردنی ڕۆڵەکاندا کە تیایدا ئەو ڕۆڵانەیان پێ دەسپێردرێت لەگەڵ شوێن و پێگەی ئەودا ناگونجێن. ئەو وێنەیەش کە هەندێک کەس لە ڕژێمەکانی فەرمانڕەوایی دەسەڵاتخواز و دیکتاتۆرییدا سەبارەت بەو فەرمانڕەوایە وێنای دەکەن ژمارەیەک یاریدەدەری خراپەخواز دەوروخولیان داوە، لەڕاستییدا پارچەکانی ناکۆکن بە یەکدی و ئەستەمە توخمەکانی پێکەوە کۆببنەوە، چونکە دەسەڵاتی ڕەهای فەرمانڕەوا ئەوە لەسەر فەرمانڕەوا دەکاتە پێویست کە تەنها لە ڕێگای هاوشێوەکانی یاخود تەواوکارەکانییەوە کار بکات. ئەگەر بشێت مرۆڤ وشەکانی پەندێکی باو هەیە بۆ ئەم بەستێنەمان دەستکاریی بکات، ئەوکات لەو بارەیەوە هاوار دەکات و دەڵێت: “پێمبڵێ کێ هاریکارییت دەکات، منیش پێتدەڵێم تۆ کێیت!”.

تەماشاکردنی شتەکان وەکو خۆیان یاخود بینینی ڕاستەقینە دەیسەلمێنێت فەرمانڕەوای دەسەڵاتخواز سەبارەت بە یاریدەدەر و هاریکارانی خۆی زۆر کات هەموو شتێک “دەزانێت”، هەروەها سەبارەت بەو تاوانانەشیان هەموو شتێک دەزانێت کە لەنێو زمانەکەماندا کە پەوەردەکردنی دووڕووانە تێهەڵچووەتەوە بە “لادان” یاخود تەنانەت “سنووربەزاندن” ناودێر دەکرێن، بەڵام چاوپۆشییان لێ دەکات مادام هاودەمیی و خزمەتی ئامانجەکانی دەکەن. بەڵام ئەگەر سەرپێچیی فەرمانەکانی بکەن ئەودەم بەڵگەنامە پارێزراوەکان لە چەکمەجەکان دەردەهێنرێن و ئابڕووچوونەکان دەست پێ دەکەن. بەو جۆرە لێرەدا فەرمانڕەوا “دەزانێت”، بەڵام زانینی خۆی بۆ بەرگرتن بە زیانکەوتن بە گەل بەکارناهێنێت، بەڵکو لەپێناوی تۆکمەترکردنی دەسەڵاتەکەی خۆی و دەستەبەرکردنی گوێڕایەڵیی یاریدەدەرەکانی بەکاردەهێنێت، واتە لە کۆتاییدا لەپێناوی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیدا بەکاریدەهێنێت.

بەڵام با وایدابنێین کە فەرمانڕەوا ئاگادر نەبووە، ئایا ئەو ئاگادارنەبوونە لە بەرپرسیارێتیی دەیبەخشێت؟ ئەوە ئەو پرسیارە هەرە گەورەیەیە کە بیرکردنەوەی سیاسیی ساویلکانە بە ئەرێ وەڵامی دەداتەوە. بەڵام ڕاستیی پرسەکە ئەوەیە فەرمانڕەوا لە بێئاگایی خۆی بەرپرسیارە، بەم پێیەش لە هەموو ئەو زیانانە بەرپرسیارە کە لە ئەنجامی ئەوەدا دەکەونەوە.

ڕژێمە فەرمانڕەواییە دیکتاتۆرییەکان چەندین شێواز بۆ گەیاندنی زانیاریی بە فەرمانڕەوا دادەنێت و دەگرێتە بەر گومانی تێدا نییە لە کۆتاییدا چەواشەکردن و لادان دروست دەکەن. چونکە ئاگاداریی فەرمانڕەوا لە بارودۆخی وڵات تەنها لە ڕێگای ڕاپۆرتی یاریدەدەران و چواردەورە و دەزگا نهێنیی و ئاسایشییەکانەوەیە. بەو شێوەیەش ڕژێمی تاکەکەسیی دیکتاتۆریی کەسی فەرمانڕەوا ناچار دەکات دیلی دیوارەکانی تیرۆر و تۆقاندنەکەی خۆی بژی کە چوار دیواری کەڕ و نابیستن، پەنجەرە تاقانەکەی کە بە جیهانی فراوان و بەرینییەوە دەبەستێت ئەو ڕاپۆرتە نهێنییانەن کە یاریدەدەرەکان دەینووسن. ئەوە ئەو ڕژێمەیە کە ئەو خۆی دایمەزراندووە و ڕازیی بووە لەسەری و کارپێکردنی ئاسوودەی دەکات. لەبەرئەوە ئەو خۆی بەرپرسیارێتییەکی تەواو بەرپرسیارە لەو ئەنجامانەی کە لێی دەکەونەوە. ئەگەر بیویستایە دەیتوانی لە ڕێگای ڕێگادان بە ئازادیی قسەکردن و ڕەخنەگرتن و بەرهەڵستکارییەوە دەرگا و پەنجەرەکان بکاتەوە و بیانخاتە سەر پشت، ئەوکات دەتوانێت بە ڕێگا و کەناڵە سروشتییەکانی وەکو ڕۆژنامەگەریی ئازاد و کۆبوونەوەی حیزبیی بەوپەڕی خواست و ویستی خۆی “بزانێت و ئاگادار بێت” چی لە دەوروخولی دەگوزەرێن، ئیتر چۆن لەدوای هەموو ئەو شتانە ئێمە بێین و بە بیانووی ئەوەی ئاگای لێ نەبووە و نەیزانیوە بچین داکۆکیی لێ بکەین؟

ئێوە هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان بیستووتانە فەرمانڕەوای دەوڵەتێکی دیموکراسیی لەسەر بناغەی ئەوەی نەیزانیوە و ئاگای لێ نەبووە داوای لێبووردنی لە پای ژمارەیەک هەڵەدا کردبێت کە لە سەروەختی فەرمانڕەواییەکەیدا ڕوویانداوە؟ ئەی بیستووتانە گەلی دەوڵەتێکی دیموکراسی ڕۆژێک لە ڕۆژان بە بەهانەی لەو جۆرە ڕازیی بووبێت؟ ڕژێمی دیموکراسی زانین و ئاگاداربوون لە فەرمانڕەوا دەخوازێت، هەروەها ئەوەی لێ دەخوازێت کە هێندە دەستەبەر بۆ ئازادیی و سیتسمەکانی گەیاندنی زانیاریی دابنێت بەس بن بۆ دەستەبەرکردنی زانینێکی سروشتیی ڕێکخراو سەبارەت بەو شتە باش و خراپانەی لە دەوری دەگوزەرێن، ئەگەر ڕۆژێکیش لە ڕۆژان بۆی دەرکەوت کەمتەرخەمییکردنی لە زانینی ئەو شتانەدا کە ڕوو دەدەن بڕێک ئەنجامی مەترسیداری لێ کەوتەوە، پێویستە لەسەری دەسبەجێ لە دەسەڵات دوور بکەوێتەوە و فەرمانڕەوایی بۆ کەسێکی لە خۆی بەتواناتر بەجێ بهێڵێت.

دەگێڕنەوە شای ئێران باوەڕی بەو خۆپیشاندانە توند و گەرمانە نەدەکرد کە لە دوا مانگەکانی کۆتایی فەرمانڕەواییەکەیدا وڵاتەکەی گرتبووەوە. هەروەها دەڵێن کاتێک کە بیستی ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز هەیە، خزمەتکارە پیرەکەی خۆی ناردە سەر جادەکان و ناو خەڵک تاکو بزانێت چی دەگوزەرێت، هەڵبەتە پاش ئەوەی متمانەی بەو ڕاپۆرتانە نەما کە “ساڤاک” بۆیان دەنارد. سەروەختێک کە بە هێلیکۆپتەر گەڕانێکی کرد و بینی لە شەقامەکان خۆپیشاندانی گەرمە، بە سەرسوڕمانەوە لە فڕۆکەوانەکەی پرسی: “ئەو خەڵکە لە دژی من خۆپیشاندان دەکەن؟” (بڕوانە: محەمەد حەسەنێن هەیکەل: “مدافع آیة اللە” وتاری ژمارە١١- ڕۆژنامەی “الوطن”ی کوەیتی، ڕۆژی ٢/١١/١٩٨١).

خوێنەری بەڕێز، تۆش لەگەڵ مندا سەرنج بدە ئەو چەند دێڕە کەمە چەند پڕ لە واتا و پەندە؛ کەناڵەکانی گەیاندن و پەیوەندیی سروشتیی، لە دیدی فەرمانڕەوای تاکڕەو و تاکەکەسدا، بریتییە لە ڕاپۆرتەکانی دەزگای هەواڵگریی “ساڤاک”. فەرمانڕەوا ئەگەر متمانەی بەو ڕاپۆرتانە لە دەست دا، “خزمەتکارە کۆنەساڵەکەی خۆی” دەنێرێت تاکو لە ڕێگای ئەوەوە ترپەی دڵی شەقام و ڕادەی توڕەیی و بێزاریی گەل بزانێت. ئەگەر هیچ کام لەوانەشە سەرکەوتوو نەبوون، ئەوکات بە سواری هێلیکۆپتەرێک، کە سیمبوڵی لووتبەرزیی و تەماشاکردنی ژوورڕایی لەخۆباییانەی ئەو سەرزەوییەیە کە خەڵک لەسەری دەژین، دەستەبەری بەرنەکەوتن بە خەڵک یاخود نزیکبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە هەستەکانیان دەکات. لە ئاسمانی هەوایی هێلیکۆپتەرەکەشەوە فەرمانڕەوای تاکەکەس هەوڵدەدات لەوە ڕابمێنێت کە لەسەر زەوی ڕوو دەدات، بەڵام بە درێژایی کاتەکە هەر بە “هەوا”وە دەمێنێتەوە و چەندین چین و چین نێوانێتی لەگەڵ هەستەکانی خەڵک و لە هەستەکانی خەڵکی جیا دەکەنەوە.

دواجار، لەدوای چەندین ساڵی دوورودرێژ لە زانینی شێواو کە لە ڕێگای کەناڵی بێجگە لە کەناڵی سروشتییەوە دێن و لەپاش ئەوەی کار لە کار ترازاوە و فەرمانڕەوای تاکڕەو بووە بە داوی هەڵە و چەوتییەکانی خۆیەوە، ئەم پرسیارە تراژیدییە دێتە پێش: “ئەو خەڵکە لە دژی من خۆپیشاندانیان دەکرد؟” ئەم پرسیارە هەمان پرسیارەکەی تزار “نیکۆلا”یە کە سەرەتای ئەم وتارەمانمان بە ئەو دەستپێکرد: “بۆچی پێتان نەگوتم؟” هەمان پرسیاری هەموو فەرمانڕەوایەکی خۆسەپێنیشە کە خۆی ئەو ڕژێمە دادەمەزرێنێت کە زانینی ڕاستیی لێ دەشارێتەوە و لە ڕێگایەوە هەموو چەشنەکانی داپڵۆسین و تیرۆر پیادە و پەیڕەو دەکات، لە کۆتاییشدا دەردەکەوێت کە ئەو  زۆردارییەکەی لە دژی خۆی دەکرد وەکو چۆن لە دژی خەڵکیشی دەکرد و ئەو کاتە ڕاستییەکە بەڕوونیی ئاشکرا دەبێت کە ئەو خۆی لە کۆتاییدا- هەمیشە لە کۆتاییدا- ئەفسانەی ئەو فەرمانڕەوایەی کە نازانێت دووبارە دەکاتەوە.

 

دۆزەکە، دۆزی دەسەڵاتی ڕەهای تاکەکەسە

بەو جۆرە سروشتی ڕشتەکەی تری ئەو ئەفسانەیە ئاشکرا دەبێت کە تیایدا فەرمانڕەوا زانایە بەڵام “ناتوانێت”. چونکە ئەوە فەرمانڕەوای تاکەکەسە کە ڕژێمێکی پەسەند کردووە لەباریدایە دەسەڵات ململانێی هێزەکان بێت، لە کۆتاییەکەیدا هاوسەنگییەک بەدی دێت بەسەر فەرمانڕەوایدا دەسەپێنێت فڵان هێز بە ناوەندێک بۆ قەڵەمڕەویی قایل بێت و فیسار هێز بە چاوپۆشییکردن لە تاوانەکانی بێدەنگ بکات و هێزی سێیەم بەوە بهێنێتە سەر ڕێگای ڕاست کە مافی ڕەفتارکردن لە گۆڕەپانەکەیدا بەبێ سەر و حساب پێبدات. ئەو “ڕژێم”ـەی کە لێرەدا فەرمانڕەوا دایمەزراندووە دەسەڵاتی کردووەتە جەنگەڵێک تیایدا دڕندەکان کێشمەکێش دەکەن و تەنها لەبەرئەوە پێکەوە تیایدا بە ئارامیی دەژین کە هەموویان لەوەڕاون و تێر بوون. ئایا لەم دۆخەدا پادشای دڕندەکان بۆی هەیە لەبەردەم قوربانییەکانی جەنگەڵەکەدا بەوە داوای لێبووردن بکات کە بڵێت دەیزانی پڵنگ و بەورەکان دڕندەن، بەڵام ناچار بوو قوربانییەکانیان بۆ بەجێ بهێڵێت تاکو تێر ببن و دابسەکنێن و هەقی ئەویان نەبێت و لێیبگەڕێن فەرمانڕەوایی بکات؟

سەبارەت بە ئەفسانەکەی تر، مەبەستم لە ئەفسانەی شوێنکەوتەی بێچارەیە، لەبەرئەوەی فەرمانڕەوا جڵەوی هەموو شتێک لە دەستی خۆیدایەتی و نایەوێت دەستهەڵبگرێت، هەر بۆیە ئەو ئەفسانەیەش دیسان دیاردەیەکە تەنها لە سایەی دەسەڵاتێکی دەسەڵاتخواز و دیکتاتۆرییدا دادەمەزرێت کە شوێنکەوتەکان دەکاتە بڕێک کلک و گوێڕایەڵی خۆی یاخود ژمارەیەک شایەدی بێدەنگ. سادەترین تێگەیشتنیش لە سروشتی بەشدارییکردن لە پڕۆسەی دەسەڵاتدا قایلمان دەکات بەوەی شوێنکەوتە بەردەوام بە بەرپرسیار دەمێنێتەوە تەنانەت ئەگەر تەنها تەماشاش بکات و لە تاوان یاخود لادانەکاندا بەشداریی نەکات تەنها لەبەرئەوەی قایل بووە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. چونکە لەو ڕژێمانەدا کە ددان بە دەسەڵاتی گەلدا دەنێن پێویستە لەسەر فەرمانبەردار- بەتایبەتی ئەگەر لە پلەی بەرپرسیارێتیدا بێت- دەسبەجێ دەست لە پلەکەی خۆی هەڵبگرێت ئەگەر بە کارەکانی سەرۆکەکەی قایل نەبوو.

لە دادگاییەکانی نۆرمبێرگدا کە لەدوای جەنگی دووەمی جیهان و تێکشکانی نازیزم بەڕێوە چوون، دەستوپێوەندەکەی هیتلەر هەموویان پەنایان بۆ ئەفسانەی “ئەو فەرمانڕەوایەی کە دەست هەڵناگرێت” برد و بەوە بەرگرییان لە خۆیان کرد کە هیتلەر خۆی هەموو بڕیارەکانی دەدا و بێجگە لە جێبەجێکردن هیچ شتێکی تری بۆ ئەوان نەدەهێشتەوە. بەڵام دادگاکە- کە دادگای ویژدانی جیهانیی بوو- ئەوانی تاوانبار کرد و بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندن، چونکە تەنها قایلبوونی پەتی بە بەشدارییکردن لە دەسەڵاتێکی فەرمانڕەواییدا، واتە ڕازیبوون بە هەموو کار و کردەوەکانی ئەو دەسەڵاتە.

هەردوو ئەفسانەکە وێڕای دژوازیی ڕوواڵەتییان، گریمانی ئەوە دەکەن کە فەرمانڕەوا بە هۆی دەسەڵاتێکی تاکەکەسیی ڕەهاوە و یان لە ڕێگای هەڵبژاردنی دەستوپێوەندەکە و شێوازەکانی گەیاندنی زانیارییەکان لە دۆخی یەکەمدا، یان لە ڕێگای هێشتنەوەی هەموو هێڵ یاخود داوەکان ڕاستەوخۆ لەناو دەستی خۆیدا، دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی خۆی پیادە دەکات. کەمترین هۆشیاریی سیاسی و سادەترین تێگەیشتن لە سروشتی بەشدارییکردن لە دەسەڵاتدا ئەوە دەکاتە پێویست لەسەرمان دەست لە بیانووهێنانەوە بۆ فەرمانڕەوای تاکەکەس هەڵبگرین بە بەهانەی ئەوەی گوایە هەڵەکانی نەدەزانی و ئەوە دەوروبەرەکەی بوون کە ئەنجامیاندا، یاخود بە بیانووی ئەوەی فەرمانڕەوا ڕازی نەبوو دەست لە هیچ شتێک هەڵبگرێت، نەچین پاساو بۆ نەرێنیی و خراپیی شوێنکەوتە بهێنینەوە.

باویی و بەربڵاویی ئەو ئەفسانانە لەناو ئاپۆرایەکی میللیی بێئەژماردا، لەڕاستییدا بوونی کەموکووڕیی لە هۆشیارییی سیاسییدا دەردەخات کە زادەی چەند دەهەیەکە کە کەم نین لە دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی دەسەڵاتخواز. هەروەها زۆر کات بەڕوونیی ئەو لەبیرکردنە دەردەخات کە مرۆڤی ئاسایی سادەترین بنەماکانی دیموکراسی و واتای بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی لەبیر کردووە- ئەو لەبیرکردنەش ناتوانرێت ئەو مرۆڤە خۆی بە بەرپرسیار لێی لە قەڵەم بدرێت، بەڵکو ئەنجامی پەروەردەیەکی سیاسییە چەوتییەکانی بەدرێژایی دەیان ساڵ کەڵەکە بوون. هەموو ئامانجێکی ئەم وتارەش تیشک خستنە سەر هەندێک لە چەمکەکانی هزری سیاسی و ڕوونکردنەوەی هەندێک لە ڕووە نادیارەکانی واتای دیموکراسییە. هەر بۆیە تەنها لەدوای ئەوە کۆتایی بەم وتارەم دەهێنم کە ئاگادارکردنەوەیەک ئاگاداری خوێنەر دەکەمەوە لە شێوەی ئەو ئاگادارکردنەوانەی لە پێشەکیی هەندێک لەو چیرۆک و فیلمانەدا دەیبینین کە بە شێوەیەکی باو پتر لە بێجگە لە خۆیان لە گوزارشتکردن لە ڕاستییەکانی دۆخە تاڵ و سەختەکەوە نزیکن. ئەو ئاگادارکردنەوەیەش ئەوەیە هەر وێکچوونێک کە دەشێت خوێنەر لە نێوان ناوەڕۆکی ئەم وتارە و دۆخی ئەم یان ئەو وڵاتی عەرەبییدا بەدی بکات و بیدۆزێتەوە، تەنها زادەی ڕێکەوتە و هیچی تر!

بڵاوکردنەوە: