پوختەی مێژووی ناخوداباوەڕیی فەلسەفی

99
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئاندرێ کۆنت سپۆنڤیڵ

وەرگێڕانی: سامان عەلی

ناخوداباوەڕیی بیرۆکەی خودا گریمان دەکات، لەبەرئەوەی دەیداتە دواوە یاخود ڕەتی دەداتەوە. هەربۆیە کەمتر لە ئایین کۆنە. ئەم بابەتە بەتایبەتی لای فەیلەسووفەکان دروستە. گریکەکان کە لە نێوان خۆیاندا یەکترییان بە ناخوداباوەڕیی تۆمەتبار دەکرد (بۆ ئەوەی شایانی تۆمەتی ناخوداباوەڕیی بیت هەر هێندە بەسە باوەڕت بە هەمان خودای ئەوانی تر نەبێت)، هیچ فەیلەسووفێک ناخوداباوەڕی بۆ بەجێ نەهێشتووین. هەندێک کەس نموونە بە گوتە جوان و سەرنجڕاکێشەکەی پرۆتاگۆراس دەهێننەوە کە دەڵێت: “ناتوانم بزانم خوداکان هەن یان نین و بە چ جۆرێکن، ئەو شتانە زۆرن کە پێشگیریی لەوە دەکەن، لە نموونەی: ئاڵۆزیی بابەتەکە و کورتیی تەمەنی مرۆڤ”. بەو جۆرەی ئێمە تێبینیی دەکەین بابەتەکە لێرەدا پەیوەندیی بە ناخوداباوەڕییەوە نییە، بەقەدەر ئەوەی پەیوەندیی بە نازانمخوازییەوە هەیە.

هەندێک کەس باس لە دیموکریتس، دیاگۆراس لە میلۆس، کریتیاس، تیۆدۆری سەقڵلی، ئیفیمیر دەکەن.. بەڵام ئەوانە نووسینەکانیان بزر بوون، هەڵبەتە ئەم بزربوونە بە ڕێکەوت نەبووە، هەروەها ئێمە هیچ شتێک دەربارەی هزری ئەوان نازانین- تەنها دیموکریتس-ی لێ بترازێت کە ناخوداباوەڕییە نەچەسپێنراوەکەی لە نێوان پسپۆڕاندا هەر بە بابەتی مشتومڕ دەمێنێتەوە. سەبارەت بە ئیپیکۆر، کە فەلسەفە گەردیلەییەکەی دیموکریتسی درێژە پێ دا و گۆڕی، ناوبراو ناخوداباوەڕ نەبوو. چونکە یەکێک لە بۆچوونەکانی ئەوە بوو خوداکان بە کردەوە هەن، بەڵام لەسەر زەوی نا؛ ژمارەیەک بوونەوەری ماتەریالیی و لەناونەچوو و یەکجار بەختیارن، لە نێوان جیهانەکاندا دەژین و هیچ گرنگیی و گوێیەک بە ئێمە نادەن. بەم پێیە لێترسانیان یاخود بەتەمابوونیان کەڵکی هیچ ناگرێت. باشتر وایە ئەو دڵنیاییە ڕەهایە وەربگیرێت کە وەکو نموونەیەک هەیەتی؛ دانایی لە شوێنی ئایینە.

ئەم فەلسەفەیە کە پتر لە نازانمخوازییەوە نزیک بوو وەک لە ناخوداباوەڕییەوە، لەدواییدا لە ڕۆما لەسەر دەستی لۆکریتۆسی ئەپیکۆریی بڕێک شێوەی دیالەکتیکییانەتر وەردەگرێت، بە ڕادەیەک کە ناوبراو دروست یەکەم بیرمەندی دژە ئایینییە نووسینەکانیمان بە دەست دەگات. ئایین لە دیدی ئەودا زادەی ترس و نەزانییە: مرۆڤ بۆ ڕاڤەکردنی ئەو شتەی کە ناتوانێت تێی بگات خوداکانی داهێناوە، هەروەها لەبەرئەوەی پێیوایە بەرامبەر بەو مەترسییانەی ناتوانێت تێیانبپەڕێنێت دەیپارێزێت. ئەو شتەی لە ڕوانگەی لۆکریتۆسدا هیچی تر پێکناهێنێت بێجگە لە ترسێکی سەربار کە باری سەر شانی گران دەکات.

سپینۆزا لە سەدەی حەڤدەدا بەشێک لەو سروشە ڕەخنەیی و ئەقڵانییە دووبارە دەکاتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بە هۆی ناخوداباوەڕییەکەیەوە پتر لەوە ناڵێت کە لۆکریتۆس دەیڵێت. سپینۆزا سروشت و خودا هاوتا دەکات “Deus sive natura”  کە بەدڵنیاییەوە هەیە بەڵام ناشێت کەسێک بێت، یاخود سێ کەس بێت. پاشان قسەکردن سەبارەت بەو فەیلەسووفە، بەگوێرەی ئەو لێکدانەوەیەی ئێمە دەیدەینێ، سەبارەت بە تەوژمی یەکبوون (خودا تێکڕای بوونە)، یاخود تەوژمی یەکبوونی هەبوو (هەموو شتێک لەنێو خوادا هەیە)، یاخود تەوژمی سروشت (سروشت تێکڕای بوونە: سەروو سروشتیی بوونی نییە).

دەبوو چاوەڕێی سەدەی هەژدەیەم بکرێت تاکو ناخوداباوەڕیی وەک خۆی سەرهەڵبدات. ئەستەمە مێژووەکەشی لە چەند دێڕێکی کەمدا سەرلەنوێ پێکبهێنرێتەوە. وا باشترە هەندێک لە ئاراستە سەرەکییەکانی دەستنیشان بکرێت.

 

خودا وەکو جادووگەرییەک: قەشە میشلێ Meslier

لە ماوەی سەدەی هەژدەیەمدا زۆربەی فەیلەسووفەکان ناخوداباوەڕ نەبوون؛ ڤۆڵتێر خوداباوەڕ بوو، هیۆم گومانخواز بوو، کانت لۆتەریی بوو.. بەڵام ناخوداباوەڕیی شان بە شانی بەردەوامبوونی وەکو باوەڕێکی کەمایەتیی، بووە هەڵوێستێکی فەلسەفیی کراوە. وەکو ئەقڵباوەڕییەکی پاڵنراو تا ئەوپەڕی ڕادەی- تا ڕادەی ڕەتدانەوەی هەموو سەروو سروشتیی و باڵایی و باوەڕێک. لە ڕووبەڕووبوونەوەی کریستیانیزمێکدا کە هێشتا باڵادەست بوو، ئەم ناخوداباوەڕییە لە سەرەتادا وەکو یاخییبوونێک گوزەران دەکرێت: لە دژی بەهێزەکان، لە دژی کڵێسا کە خزمەتی ئەو بەهێزانە دەکات، بەڵام هەروەها لە دژی ئایین خۆیشی. ڕۆشنگەریی، بەتایبەتی لە فەڕەنسا، لێرەدا سروشەکەی لۆکریتیۆسیان دووبارە کردەوە: “هەموو ئایینێک لەسەر دوو شت شان دا دەدات: نەزانیی و ترس”، هۆلباخ وای نووسی. هەرچی دیدرۆیشە، بە شۆخییەکی زیاترەوە، گوتی: “خودای کریستیانەکان باوکێکە زیاتر بە سێوەکانی و کەمتر بە ڕۆڵەکانی گرنگیی دەدات”.

بەڵام لای قەشە ژۆن میشلێ (١٧٢٩-١٦٦٤)، کە تەنها لە ڕێگای وەسیەتنامەیەکی دوورودرێژەوە ناخوداباوەڕیی خۆی ئاشکرا کرد کە لەپاش کۆچی دوایی کردنی بڵاو کرایەوە. ئەوکاتیش ناخوباوەڕیی و یاخییبوون بە شێوەیەکی تۆکمە پێکەوە پەیوەست دەبن. لە ڕێگای درێژکردنەوەی بابەتی کۆنی “سێ جادووگەرەکە” (موسا، عیسا، محەمەد)ەوە، میشلێ ئەو تێوەگلان و هاودەستییەی سەرکۆنە کرد کە لە نێوان کڵێسا و دەوڵەمەندان و زۆرداراندا هەیە. لەوبارەیەشەوە ئەمەی نووسی: “هەموو کۆیلایەتییەکان هاوشێوەن و ئەو خەڵکەی سەبارەت بە بابەتی خوداکان لەسەر بەکارهێنانی لۆژیک ڕانەهاتووە و دەترسن و بەبێ ئەولا و ئەولا گوێڕایەڵیی دەکەن، ئەوانە چی تر ناتوانن لە هیچ شتێکدا لۆژیک بەکاربهێنن”. ئەوە وایان لێ دەکات گوێڕایەڵ و گوێ لە مشت بن. باوەڕ و ملکەچیی دوو ڕووی دراوێکن. ئازادیی و بێباوەڕییش بە هەمان شێوە.

 

خودا وەکو نامۆبوونێک: فۆیرباخ

لە سەدەی نۆزدەیەمدا، بەتایبەتی لە دونیای جێرمانییدا، ناخوداباوەڕیی لەلایەنی فەلسەفییەوە لەوە کەوت هەڵاوێردێک بێت. بابەتەکە لە سەرەتادا بەو شتە دەستی پێ کرد کە ئێنگڵس لەدواییدا بە “بەرکەوتنی چەخماخە” ناودێری دەکات، مەبەست لە بڵاوکردنەوەی کتێبی “ڕۆحی کریستیانیزم”ـە لە ساڵی ١٨٤١دا کە لە نووسینی لۆدڤیگ فۆیرباخ-ـە. ئەم کتێبە، کە دواتر کاریگەرییەکی زۆری لەسەر مارکسی لاو دەبێت، بەر لە هەر شت ڕەخنەکردنێکی ئایینە بەوپێیەی ئایین نامۆبوونە. لە دیدی فۆیرباخدا مرۆڤ گەوهەری تایبەتی خۆی- پاش ئەوەی لە سنوورەکان و ڕووەکانی لاوازییی تاکەکەس دادەماڵێت- دەدات پاڵ دەرەوەی خۆی، دەداتە پاڵ بوونەوەرێکی وەهمیی. ئەگەر من توانای بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت کردن و خۆشەویستییم هەبێت، بۆچی وێنای بوونەوەرێک ناکەم کە هەموو ئەو توانایانەی هەن، بەڵام شان بە شانی ڕاڤەکردنی بە چەشنێکی بێکۆتا (واتە بوونەوەرێکی زانا، توانا، میهرەبان)، ئەمە ئەو شتەیە کە من بە خودا ناوزەدی دەکەم. وەکو تاکەکەسێک، ئەو بابەتە لە ڕێز و بایەخی من کەم دەکاتەوە: لە پاڵ ئەو بێکۆتایەدا، من هیچ نیم، یاخود نزیکە بڵێم هیچ نیم. بەڵام وەکو بوونەوەرێکی مرۆیی، ئەوە لە ڕێز و بایەخی من زیاد دەکات: وەک ئەوەی شتەکە پەیوەندیی بە جۆرێک لە پەرستشەوە هەبێت کە من بێ ئەوەی پێ بزانم بەرامبەر بە مرۆڤایەتیی دەکەم.

ئێستا تێدەگەین بۆچی فۆیرباخ باسی نامۆبوون دەکات: خودا وەکو ترانسێندێنتێک، مرۆڤ لە ڕێگای ئایینەوە دەبێتە نامۆیەک Alienus لە خۆی. بەڵام “جیابوونەوەی مرۆڤ لە خۆی” بێجگە لەو گرتنە خەونەکیی و منداڵییەی کە مرۆڤ گەوهەری ڕاستەقینەی خۆی دەگرێت هیچی تر نییە. “مرۆڤ خودای لەسەر شێوەی خۆی دروست کردووە” بەو جۆرەی فۆیرباخ دەڵێت، لە ڕێگای ئاوەژووکردنی وتەزاکەی چیرۆکی دروستبوون. کەواتە ئەوە مرۆڤە لە هەر ئایینێکدا دەپەرسترێت: بەرجەستەکردن L ̛ anthropomorphisme ڕاستیی خواپەرستییە، پاساو و مەزنییەکەیەتی. ئەوە بەتایبەتی سەبارەت بە کریستیانیزم ڕاستە. باوەڕی بەرجەستەکردن گوزارشت لە گرنگتر دەکات و هاوکات ڕەتیدەداتەوە: لەبەرئەوەی پێشتر “مرۆڤ خۆی” خودا بووە، توانی ئەو خودایە دابهێنێت کە بووە مرۆڤ. کەواتە دەرخستنی ڕاستیی ئایین وەکو مرۆگەراییەکی لە خۆ نامۆ زەمینەسازییە بۆ مرۆگەراییەکی ڕاستەقینە کە تیایدا مرۆڤایەتیی ئەوە بە دەست دەهێنێتەوە کە بە هەڵە داویەتییە پاڵ خودا.

لێرەدا ناخوداباوەڕیی دەبێتە ئایینی مرۆڤ: “ئەگەر گەوهەری مرۆڤ سەبارەت بە مرۆڤ خۆی گەوهەری هەرە باڵا بێت، ئەوکات لە ڕووی کردەییەوە پێویستە یاسای هەرە باڵا و لە پێش خۆشەویستیی مرۆڤ بێت بۆ مرۆڤ. مرۆڤ سەبارەت بە مرۆڤ خودایە Homo bomini deux est ئەوە بنەمای کردەیی هەرە باڵایە، ئەوە خاڵی وەرچەرخانی مێژووی جیهانییە”.

 

خودا وەکو بێهۆشکەرێک: مارکس

ئەو ڕەهەندە مرۆییە هەروەها لای مارکسی لاویش هەیە، بەڵام لای ئەو کەمتر بە ئایینەوە پەیوەست دەبێت و زیاتر گرێدراوی سیاسەت دەبێت. مارکس پێی وایە “فۆیرباخ گەوهەری ئایین لە گەوهەری مرۆییدا قەتیس دەکات. بەڵام گەوهەری مرۆیی گەوهەرێکی واتایی پەنهان نییە لەنێو تاکەکەسی تەنهادا. لەڕاستییدا تەنها کۆی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە”. بەم پێیە ئەوە کۆمەڵە کە پێویستە بگۆڕدرێت لەپێناوی ئازادکردنی مرۆڤدا. ئەم بابەتە لە سەرەتای ساڵی ١٨٤٤دا (کاتێک مارکس تەمەنی بیست و شەش ساڵ بوو) دەقێکی بەناوبانگ بە دونیا دەهێنێت، دەقێکی زۆر ڕوون و جوان کە تەنها وەرگرتنی بە نموونە بەسە: “مەینەتیی ئایینیی، لە بەشێکیدا گوزارشت لە مەینەتییەکی ڕاستەقینە دەکات و لەلایەکی ترەوە ناڕەزاییە بەرامبەر بە مەینەتییە ڕاستەقینەکە. ئایین هەناسەی مرۆڤی ژێر پێ نراوە، گیانی جیهانێکی بێگیانە، هەروەها ڕۆحی ئەو هەلومەرجە کۆمەڵایەتییانەیە کە ڕۆحی لێ وەدەر نراوە. تلیاکی گەلانە. ڕەتدانەوەی ئایین، لەو ڕووەوە کە شادییەکی وەهمیی گەلە، ئەو شتەیە کە سازکردنی شادییە ڕاستەقینەکەی دەیخوازێت. داخوازیی دەستهەڵگرتنی گەل لە وەهم سەبارەت بە دۆخەکەی، داخوازییە بۆ دەستهەڵگرتن لە دۆخێک کە پێویستی بە وەهمە”. ڕەخنەکردنی ئایین و کۆمەڵ دوو ڕووی دراوێکن. هیچ دونیایەکی تر بوونی نییە. ئەم شتەش هۆکارێکی ترە بۆ گۆڕینی ئەم جیهانە.

 

خودا وەکو ژەهر یاخود لاشەیەک: نیچە

نیچە، کە قینی لە سۆشیالیزم بوو، لە سۆشیالیزمدا بێجگە لە ئاکاری کۆیلە نابینێت، پتر لە دژایەتییکردنی کریستیانیزم تەمەنێکی دیکە بە کریستیانیزم دەبەخشێت. نیچە لەپای چی ڕەخنەی کریستیانیزم دەکات؟ ڕەخنەی ئەوەی دەکات هەموو بەهاکانی لە خوادا ئاخنیوە، ئەوەش کارێکە واتای هەژارکردنی جیهانە ڕاستەقینەکە دەگەیەنێت. هەروەها لە پای قینی لە جەستە، بە بیانووی ڕۆحێکەوە کە دەگوترێت گوایە تاهەتایی و نەمرە. هەروەها لە پای تۆمەتبارکردنی ژیان، بە ناوی دونیایەکی تری کۆتاییگەری وەهمییەوە. نیچە دەڵێت: دروست چیرۆکێکی خەمناکە ئەم چیرۆکە: مرۆڤ بە شوێن پرەنسیپێکدا دەگەڕێت بتوانێت بە هۆیەوە مرۆڤ ببێزرێنێت، دونیایەکی تر دابهێنێت تاکو بتوانێت ئەم دونیایە تاوانبار و ناشیرین بکات، لەڕاستییدا مرۆڤ لە هیچ بەولاوە شتێکی تر ناگرێت و ئەو هیچەش دەکاتە “خودا”یەک، دەیکاتە “ڕاستییەک”ی بانگهێشتکراو بۆ دادگایی و داوەرییکردنی ئەو بوونە”. ئەوە سەرکەوتنی قینە، کە هەژاران دەیانەوێت لە ڕێگایەوە بەهێزەکان تاوانبار بکەن و وایان لێ بکەن هەست بە تاوان و گوناهـ بکەن. ئایین، ئایینی یەکتاپەرست بە شێوەیەکی گشتی، “زادەی داڕووخانە”، “دژی ژیان” و “ژەهر”ی ژیانە.

“مەرگی خودا”، کە نیچە ڕایگەیاند، بە کەمیی دۆخەکە چاک دەکات. چونکە لەو سۆنگەیەوە کە هەموو بەهاکان ئاخنراونەتە خوداوە، ئەوکات سەروەختێک “خودا دەمرێت” تەنها ئەم جیهانە زوڵملێکراوە دەمێنێتەوە کە جیهانەکەمانە. ئایین لە نەهیلیزمەوە سەر دەردەکات. ئەی چارەسەر چییە؟ “شێوازە مەزنەکە”یە، خۆشویستنی ئەوەیە کە هەیە L ̛ amour fati و چەسپاندنی “ویستی هێز”ە. ئەم بابەتە بەراوەژووکردنی هەموو بەهاکانمان لێ دەخوازێت، بەتایبەتی بەهاکانی جوویزم- کریستیانیزم. خودا مرد. ئەرکی داهێنانی باڵامرۆڤ ئەرکی سەر شانی ئێمەیە.

 

خودا وەکو وەهمێک: فرۆید

فرۆید کەم ڕووپاماییکەرتر بوو. لە ڕوانگەی ئەودا، ئەوێک کە هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان بانگەشەی فەیلەسووفبوونی نەکرد، ئایین و باوەڕی ئایینیی بەر لە هەر شتێک دەربڕینە. چونکە گوزارشت لە مەینەتییمان دەکات کە درێژکراوەی مەینەتیی منداڵییە، هاوکات گوزارشت لە پێویستییمان دەکات بە پاراستن. وەکو باڵابوونێکی جێبەجێ کراوە بەسەر گرێی ئۆدیپدا: خودا “باوکێکی گشتیی”ـە، هاوکات لە هەر باوکێکی تر چاکتر و بەهێزترە. بەم پێیە شایانی خۆشەویستیی و گوێڕایەڵییە، تەنانەت لەلایەن گەورەکانیشەوە. ئەمەیە ئەو شتەی ئایین بۆ جڵەوکردنی حەز و ئارەزووەکان دەکاتە شتێکی گرنگ و لە ڕێگای ئەو چەپاندنەشەوە کە دەیسەپێنێت دەیکاتە شتێکی مەترسیدار.

ئایین جۆرێک لە “نێرۆسێسی ڕاڕاییی گەردوونیی” پێکدەهێنێت. زۆربەی کاتیش بەکەڵکە، هەم لە ڕووی مرۆییەوە (“گومانی تێدا نییە ئایین خزمەتی گەورەی شارستانیی کردووە”)، یاخود لە ڕووی تاکەکەسییەوە (کە نێرۆسێسێکی دەستەجەمعییە دەشێت تاکەکەس لە سازکردنی “نێرۆسێسی تایبەت بە خۆی” ببەخشێت). ئەوە هۆکارێک نییە بۆ باوەڕپێهێنانی. هەموو ئایینێک وەهمێکە، واتە باوەڕێکە “لە ئارەزووە مرۆییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە”. باوەڕبوون بە خودا، واتای ئەوە دەگەیەنێت مرۆڤ ئارەزووەکانی خۆی بەڕاستیی یاخود دوور لە شۆخیی وەربگرێت. فرۆید لە کتێبی “ئاییندەی وەهمێک”دا دەڵێت: “شتێکی جوان و سەرنجڕاکێشە خودایەکی داهێنەری گەردوون و بایەخێکی خودایی میهرەبان و سیستەمێکی ئاکاریی بۆ گەردوون و دونیایەکی دیکە هەبن، بەڵام حەزی زانین بزوێنە کتومت ئەمە بێت ئەو شتەی کە ئێمە بۆ خۆمانمان دەوێت”.

 

لە ئازادییەوە بۆ خۆشەویستی

لە سەدەی بیستدا ناخوداباوەڕیی بە جۆرێکی لێ هات زۆرینەی هەرە زۆری لە ناوەندە فەلسەفییەکاندا پێکدەهێنا. بەم پێیە شتەکە بە شێوەیەک دەرکەوت وەک ئەوەی بابەتی خودا بڕێک لە توندییەکەی خۆی لە دەست دابێت. ئەم شتە زۆرێک لە نووسەرانی لەوە پاشگەز نەکردەوە گەرچی بە چەشنێکی لاوازیش بێت شوێن و پێگەیەکی بدەنێ کە بەردەوام بە ڕوون  و بەرچاو دەمێنێتەوە. ئێمە لەبەر نەبوونی ماوە تەنها سێ لەو کەسانە دەخەینە ڕوو:

ئالان: وێڕای ئەو بەرهەڵستییەی بەرهەڵستیی ئەکلیرۆسیزم (واتە: دەسەڵاتی ئایینیی) دەکرد، بەتایبەتی لە هەڕەتی گەنجێتییدا، لە هەوڵدان بۆ نزیکبوونەوە لە ڕۆحی ئینجیلەکان بە واتا مرۆییەکەی (“تەنها پەرستنی مرۆڤ بەردەستە”) کۆڵی نەدا. ئایین لە دیدی ئەودا شتێکی ساختەیە لەبەر ئەو بۆچوونەی سەبارەت بە خودا دەیخاتە ڕوو و لەڕاستییدا لەبەر ئەو شتەی سەبارەت بە مرۆڤ لە ڕووی هێماییەوە ئاشکرای دەکات. ئالان هەموو ئەو شتانە لە ڕستەیەکدا گوزارشت لێ دەکات کە ئاوێتەیەکە لە بەرهەڵستییکردنی ئەکلیرۆسیزم و مرۆگەرایی و ڕۆحانییەت: “لە ئاییندا هەموو شتێک ڕاستەقینەیە تەنها وتار نەبێت، هەموو شتێک باشە تەنها قەشە نەبێت”.

بێرتراند ڕاسڵ: ڕاسڵ توندتر بوو. “بۆچوونی من سەبارەت بە ئایین هەمان بۆچوونی لۆکریتیۆسە. پێموایە ئایین نەخۆشییەکە لە ترسەوە لە دایک دەبێت و سەرچاوەی هەندێک پەژارەیە لە باسکردن نایەن”. نووسەری “پرەنسیپەکانی ماتماتیک” لۆژیکناسێکی یەکجار باش بوو، هەر بۆیە بەڵگە گریمانکراوەکانی بوونی خودای دایە دواوە و زیاتر مەیلی هاوسۆزیی هەبوو (“بەزەییەکی بەئازار لەبەردەم مەینەتییگەلێکی مرۆییانەدا”)، هەر بۆیە قایل نەبوو باوەڕ بە خودایەکی گەورە و چاکەخواز بهێنێت، دواجار کەسێکی زۆر مرۆگەرا بوو، لەبەرئەوە قایل نەبوو مرۆڤ لە بێجگە لە بەهاکان- بەتایبەتی “ئەو ئەوینەی کە چراوگەکەی زانینە” و بۆ خۆیانیان دەستنیشان کردووە، مل بۆ هیچ شتێکی دیکە بدات.

لە کۆتاییدا دەچینە لای مارسێل کونش، کە لەدواییدا دەچێتە سەر ئەو باوەڕەی دەشێت بە ناخوداباوەڕییەکی ئاکسیۆلۆژیی “بەهایی” یاخود ئاکاریی ناودێری بکەین. مەینەتییەکانی منداڵان، وەکو خراپەیەکی ڕەها، وا لە باوەڕبوون بە خودا دەکات لە ڕووی ئاکارییەوە پەسەند یاخود جێی ڕەزامەندیی نەبێت. ئەگەر خودا بوونی هەبێت خودایەکی ناتەواوە (لەبەرئەوەی منداڵان بۆ چارەنووسی خۆیان بەجێدەهێڵێت و لێیاندەگەڕێت ئازار بچێژن) ئەوکات پێی ناڵێن خودا و باوەڕپێبوونی هەڵەیە. “ئەگەر (خودا) بوونی هەبێت، خودا نییە” (لەبەرئەوەی چاکەخواز نییە). ئەگەر خودا بێت، بوونی نییە. تاکە ئایینی پەسەند ئایینی ئەوینە کە ئایینیش نییە. لەڕاستییدا ئەوین “شێواز یاخود ڕێگایەکی مسۆگەرە بەرەو خودا”، بەڵام لە باوەڕپێبوون بە خودا دەبەخشێت. هەر بۆیە لە هەموو ئەو ئایینانە ئازادمان دەکات کە ڕاستیی و کەموکووڕییان دەردەخات: ئەوە ئەوینە نەک خودا کە وامان لێ دەکات بژین.

 

ژێدەر:

[1] Le monde des religions, n°49, septembre 2011

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: