پێشەکییەکی ئاسان بۆ کێشەی هۆش: بۆچی هۆش مەتەڵە؟

50
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی:سوزان بلاکمۆر

وەرگێڕانی: کامۆ ئاراز

 

هۆش چییە؟ لەوانەیە ئەمە بە پرسیارێکی سادە دەربکەوێت، بەڵام ڕاستیەکەی وا نییە. هۆش لە هەمان ئانوساتدا ڕوونترین و سەختترین شتە بتوانین لێی بکۆڵینەوە. وا دەردەکەوێت دوو ڕێچکە هەبن بۆ توێژینەوە لە هۆش، یان ئەوەتا دەبێت هۆش بەکاربهێنین بۆ توێژینەوە لە خودی خۆی، ئەم بیرۆکەیەش نەختێک سەیر دەردەکەوێت، یانیش دەبێت خۆمان دەرباز بکەین لە هۆش ئینجا لێی بکۆڵینەوە، ئەمەیش خۆڕزگارکردنە لە خودی ئەو شتەی کە دەمانەوێت زیاتری دەربارە بزانین. هەر بۆیە مایەی سەرسوڕمان نییە، فەیلەسوفەکان بۆ سەدان ساڵە کۆششیان کردووە بۆ تێگەیشتن لەم چەمکە؛ تەنانەت بۆ ماوەیەکی زۆریش زاناکان ڕەتیان دەکردەوە لێی بکۆڵنەوە، چونکە پێیان وا بوو دیاردەی سەبژێکتیڤ و نەپێوراو لە زانستدا جێگەی نابێتەوە. هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە، لە سەدەی بیست-و-یەک، توێژینەوە لە هۆش لە گەشەسەندن دایە. سایکۆلۆژیا، بایۆلۆژیا و مێشکناسی گەشتونەتە خاڵێک کە ئامادەن ڕووبەڕووی چەند پرسیارێکی دژوار و ئەستەم ببنەوە: ئەرکی هۆش چییە؟ ئایە دەکرا بەبێ هۆش پەرەبسێنین؟ ئایە هۆش وەهمە؟ ئەی مەبەستمان لە خودی هۆش چییە؟

ئەمە واتای ئەوە نییە نادیاری و مەتەڵی هۆشمان لە کۆڵ بووەتەوە. هەر بەڕاستی هێندەی جاران مەتەڵی باباتەکە قوڵە. جیاوازیەکەی ئێستا ئەوەیە، هێندە دەربارەی مێشک دەزانین، ڕێمان بدات ڕووبەڕووی ئەو کێشە و مەتەڵانە ببینەوە کە لەمەولا دێنە سەر ڕێمان. ئاخر چۆن چالاکی کارەبایی ملیۆنان چکۆلە خانەی مێشک ئەم شتە [هۆش] بەرهەم دەهێنن— ئەزموونێکی تایبەت بە خود، سەبژێکتیڤ و هۆشمەندیانە؟

گەر ئێمە بمانەوێت بگەینە تێگەیشتنێک لەمەڕ بابەتی هۆش، پێویستە لەسەرمان ئەم کێشەیە بە شێلگیرانە وەربگرین، ئەویش لە ڕێگەی چارەسەکردنیەوە یان نیشاندانی ئەوەی کە بۆچی هیچ کێشەیەک بوونی نییە سەبارەت بە هۆش. هەندێک کەس بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کێشەی هۆشیان چارە کرد بێت، ئەویش لە ڕێگەی بیردۆزگەلێکەوە، فیزیای کوانتەم وەک نموونە، هەندێکی دیکەش پەنایان بردووەتە بەر بیردۆزە ڕۆحانیەکان کە پێیان وایە هۆش توانای لە ڕادەبەدەر و ڕۆحانی هەیە— بەڵام ئەم چەشنە لە بیردۆز بە ئاشکرا ئەو بۆشاییە زێدە قوڵەی نێوان جیهانی فیزیکاڵی و مێنتاڵیان فەرامۆش کردووە. هەتا ئەم کێشەیە فەرامۆش بکەن، هەر بەڕاستی هیچیان نەکردووە بۆ تێگەیشتن لە هۆش. هیچ کەسێک تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە، ئەو بۆشاییە بەرچاوەی لە نێوان جیهانی دەرەوە و ناوەوە، مێشک و ئاوەز، یان سەبژێکتیڤ و ئۆبژێکتیڤدا هەیە، پڕ بکاتەوە.

ئەم کێشەیەش، نەتوانین بۆ درووستکردنی پردێک لە نێوان جیهانی ڕەقوتەق لەلایەک و هۆش و دیاردەکانیشی لە لایەکەی دیکە، ژیاندنەوەیەکی نوێی کێشەیەکی کۆنی فەلسەفەیە کە  ماوەی دوو هەزار ساڵە فەیلەسوفەکان گیریان خوادووە بەدەستیەوە و ناسراوە بە ‘کێشەی ئاوەز-لاشە.’ بە پوختی گرێکوێرەکە ئەمەیە: ئەوئەزموونەی مرۆڤ هەیەتی، وا دەردەکەوێت دوو شتی زۆر جیا لە یەکتری هەبن، دانەیەکیان ئەو ئەزموونانەن تایبەتن بە خۆمان و کەسانی دیکە ناتوانن بەهەمان شێوەی خۆمان دەستیان پێیان بگات، ئێمەش ناتوانین ڕاستەوخۆ دەستمان بە ئەزموونەکانی ئەوان بگات، دانەکەی دیکەش ئەو جیهانەی دەرە-خۆمانە کە دەزانین بوونی هەیە و مامەڵەی لەگەڵ دەکەین.

جیهانی فیزیکاڵ و جیهانی مێنتاڵ

لە لایەکەوە، ئەزموونگەلێک هەن تایبەتن بە خۆمان. وەختێک سەر بەرز دەکەمەوە و لە دەوروبەر دەڕوانم، دارەکان، مێرگەکان و، پردێک دەبینم. دەتوانم گوێم لە خوڕەی ڕووبارەکە و زیکەی مێش بێت. دەتوانم چێژ لە گەرموگوڕی و ئاشنایەتیم بە ژوورەکەی خۆم ببینم و، تێڕا بمێنم لەوەی ئایە ئەو دەنگە کڕاندنەی دەرگاکە هی هەوڵ و کۆششی پشیلەکەیە بێتە ژوورەوە. هەموو ئەم شتانە ئەزموونگەلێکن تایبەتن بە خۆم، خەسڵەتێکیان هەیە کە ناتوانم بیانگوازمەوە بۆ کەسێکی تر. لەوانەیە ڕابمێنم لەوەی ئەو ئەزموونەی تۆ دەیکەیت یان هەتە لە بینینی ڕەنگی سەوز یان ئەزموونی تۆ لە بۆنکردنی قاوەکە هەمان ئەو ئەزموونەی منە، بەڵام ناتوانم بەڕاستی پەی بەوە ببەم. ئەم تایبەتمەندییە لەوتننەهاتوانەن (یان وەسفنەکراوانەن) فەیلەسوفەکان پێیان دەڵێن ‘کوالیا’ (هەرچەندە مشتومڕی زۆر هەن لەوەی ئایە کوالیا بوونی هەیە یان لەوەی ئایە خودی ئەم چەمکە جارێ دەشێت بە هیچ شێوەیەک مانایەکی هەبێت). سوور و ئاڵی ئەو کوپە ڕەنگ سوورەی سەر مێزەکەم کوالیایە؛ نەرمونۆڵی فەروی پشیلەکەم کاتێک دەستی پێدا دەخشێنم کوالیایە؛ بۆن و بەرامەی قاوەکەیشم وەک ئەوانی پێشوو ئاماژەیان پێدرا، کوالیایە. ئەم ئەزموونانە وا بە دیار دەکەون، ئەزموونگەلێکی ڕاستەقینە، ڕوون و، بەڵگەنەویست بن. ئەو ئەزموونانە ئەو جیهانە پێک دەهێنن کە منی تێدا دەژیم. سا هەر بەڕاستی، ئەوانە هەموو ئەو شتنانەن کە هەمن.

لە لایەکی ترەوە، بێئەملاوئەولا بڕوام وایە جیهانێکی فیزیکاڵی بوونی هەیە لە دەرەوەم کە دەبێتە هۆی هێنانە کایەوەی ئەم ئەزموونانە. لەوانەیە گومانم هەبێت لەوەی لە چی درووست کراوە، یان گومانم هەبێت سەبارەت بە سرووشتە قوڵەکەی، بەڵام گومان نابەم لەوەی بوونی نەبێت. گەر نکۆڵی لە بوونی بکەم، ئەو کات ناتوانم شی بکەمەوە بۆچی، گەر بچمە لای دەرگاکەوە، پشیلەکە لەوێ دەدۆزمەوە— سا ئەگەر تۆیش بێیتە ئێرە، بۆ خۆت دەیبینی و هاوڕام دەبیت کە پشیلەیەک هەبووە بە پێیە قوڕاوییەکانیەوە شوێنپێی لەمسەر بۆ ئەوسەری مێزەکەم جێهێشتووە. ئەم جیهانەش کە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین و پەی پێدەبەین، واش دەردەکەوێت هاوبەش بێت لە نێوانماندا، فیزیکاڵە.

گرفتەکە ئەوەیە، ئەم دوو ڕواڵەتەی جیهان وا دەردەکەون تەواو لە یەکتری جودا بن. شتانێکی فیزیکاڵی ڕاستەقینە هەن، کە قەبارە، شێوە، کێش و خاسیەتگەلێکی دیکەیان هەیە، کە دەتوانین بیانپێوین و لەسەریان کۆک بین، کەچی ئەزموونگەلێکی تایبەتیش هەن، لەوانە: هەستکردن بە ئازار و ڕەنگی ئەو سێوەی هەنووکە لە بەر چاومە، تایبەتن بەو کەسەی ئەزموونیان دەکات.

جا ئەو خەڵکانەی بڕوایان وایە گەردوون لە دوو بوار یان دوو جیهان پێکهاتووە، پێیان دەوترێت دواڵیست، ڕێبازەکەش پێی دەوترێ دواڵیزم. بەدرێژایی مێژوو زۆربەی خەڵک دواڵیست بوون، واتە هەڵگری ئەو باوەڕەن کە دوو جیهانی جیاواز ئەم گەردوونەیان پێکهێناوە: فیزیکاڵ و مێنتاڵ. توێژینەوە دەری خستووە ئەم بیروباوەڕە دواڵستیە لە سەرەتای منداڵیەوە دێتە کایەوە لە تەمەنی ٤ یان ٥ ساڵی، کە بە سیمایەکی بێگەردەوە جیهان دابەش دەکەنە سەر شتە فیزیکاڵ و مێنتاڵەکان.

ئایینە سەرەکییەکانیش، ئەوانەی شوێنکەوتوانیان زۆرن، بە نزیکەیی هەموویان دواڵیستن، بەتایبەتی ئایینەکانی کریستیانیتی و ئیسلام، کە باوەڕیان هەیە بە ڕۆحی نافیزیکاڵی و هەتاهەتایی کە تەنانەت دوای مردنیش دەمێنێتەوە و ئینجا دەچێت بۆ بەهەشت یان دۆزەخ. زۆرێک لە هیندۆسەکانیش بڕوایان بە <ئاتمان> هەیە یان خودی خودایانە، هەرچەندە قوتابخانەی <ئادایڤیتا> کە سەر بە هیندۆسەکانن، ئەوان داکۆکی لە فەلسەفەیەکی نادواڵستی دەکەن کە خەریکە بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە دونیای مۆدێرندا دەبێتە باو. نادواڵیتی لە چەمکی بودیستی <ئاناتتا>، یان بە مانیەکی دیکە نا-خود. کێشەکە ئەوەیە، سەختە دەستبەرداری ئەو بیرۆکەیە ببین کە پێی وایە ‘من’ و ئەزموونە تایبەتییەکانم جودان لە لاشە و مێشکم.

دواڵیزم هێشتا لە جیهاندا بەربڵاوە، تەنانەت لە نێو ئەو کەسانەشی ئایندار نین. ئەو ئایینە نوێیانەی سەردەمیش کە بانگەشەی هێزی لە ڕادەبەدەری ئەقڵ، هۆش، یان ڕۆح دەکەن، وەک بڵێی ئەمانە هێزێکی ناوازە بن و هەبن؛ چارەسەرکارە نەریتییەکانیش لایەنگری زاڵبوونی ئاوەز دەکەن بەسەر ماددەدا، وەک بڵێی ئاوەز و لاشە دوو شتی جودا بن لەیەکتری. ئەم چەشنە لە دواڵیزم بە تۆکمەیی لە ناو زمانی قسەکردنماندا ڕەگی داکوتاوە، بۆ نموونە وەختێک دەڵێین ‘ئاوەزی من’ یان ‘لاشەی من’؛ وەک بڵێی <من>ـەکە لە <ئەوان> جیاوازە.

بۆچی بە هۆش دەوترێت کێشە دژوارەکە؟

لە سەدەی حەڤدەهەم فەیلەسوفی فەڕەنسی <ڕێنێ دێکارت> یەکێک لە بیردۆزە هەرە ناسراوەکانی دواڵیزمی پێشنیار کرد. بیردۆزەکە ناسراوە بە دواڵیزمی دێکارتی، بیرۆکەکە ئەوەیە مێشک و ئاوەز لە دوو سەبستانسی [کرۆک] جیاواز پێکهاتوون: ئاوەز نافیزیکاڵییە و نا-درێژکراوەیە (بە مانایەکی دیکە: شوێن داگیر ناکات)؛ لاشە و تەواوی جیهانی فیزیکاڵی بە سەبستانسی فیزیکاڵی داڕێژراون. هەرچەندە لێکدانەوەکەی ئەو لەوانەیە تا ڕادەیەک سەرنجڕاکێش بێت و وا تێبگەین گرێکوێرەکەی چارە کردووە، بەڵام ئەم جۆرە تێگەیشتنە کێشەدارە. ئەو پرسیارە دێتە کایەوە: ئەم دوانە چۆن لەگەڵ یەکدیدا کارلێک دەکەن؟

دێکارت وای دانا ئەم دووانە لە ڕژێنی کاژی کە بەشێکە لە ناوەڕاستی مێشک بە یەکدی دەگەن و کارلێک لەگەڵ یەکتریدا دەکەن، بەڵام ئەم ڕوونکردنەوەیەی دێکارت تەنیا کەمێک لە ڵێڵی کێشەکە لا دەبات نەک هەمووی. ڕژێنی کاژی لە مێشک، خۆی بۆ خۆی پێکهاتەیەکی فیزیکاڵییە و بیردۆزی دێکارتی هیچ لێکدانەوەیەک ناخاتە ڕوو کە بۆچی ئەم پێکهاتەیەی مێشک بەتەنیا دەبێت توانا و ئەرکی ئەوەی هەبێت پەیوەندی لەگەڵ جیهانی مێنتاڵی ببەستێت بۆچی ڕژێنی کاژی لەوە بەرپرسیارە؟ ئەی باشە چۆن ئەو کارلێککردنە لە نێوان ئەو دوو سەبستانسە ڕوو دەدەن؟

جیا لە دواڵیزمیەکەی دیکارت، بێگومان بیرۆکەی دواڵیستی دیکەش هەن، بەڵام کێشەی چۆنیەتی کارلێککردنی ئەم دوو شانشینەی فیزیکاڵ و مێنتاڵ لەگەڵ یەکتری، بونیادنانی هەوڵی هەر بیردۆزێکی کارای دواڵستیانە پەک دەخات، ئەمەیش لەوانەیە هۆکار بێت لەوەی زۆرینەی زانا و فەیلەسوفەکان بەتەواوەتی دواڵیزم ڕەت دەکەنەوە و لایەنگری چەشنێک لە مۆنیزم دەکەن (مۆنیزمیش ئەو بڕوایەیە کە تەنیا یەک چەشن لە واقع هەیە، واتە یان دونیا هەمووی فیزیکاڵە یان مێنتاڵە)؛ وەلێ هەڵبژاردەکان سەبارەت بە دیدگا مۆنیستییەکانیش کێشەئامێزن. ئایدیاڵیستەکان کە سەر بە مۆنیزمن، ئاوەز بە بنچینەیی دادەنێن، بەڵام خۆ دەبێت ڕوونی بکەنەوە کە چۆن و بۆچی وا دەردەکەوێت کە دونیایەکی فیزیکاڵی یەکانگیر و نادژبەیەک بوونی هەیە. مۆنیستە بێلایەنەکان دواڵیزم ڕەت دەکەنەوە بەڵام ڕێک ناکەون لەسەر سرووشتی بنچینەیی دونیا و نازانن چۆناهی یەگرتووی بکەن. سێیەمین هەڵبژاردەیش ماتڕیاڵیزمە کە بەڕێژەیەکی ئێجگار زۆر لەلایەن زاناکانی ئەمڕۆکە باوە و پەسەندکراوە. ماتڕیاڵیستەکان ماددە بە بنچینەیی دادەنێن، وەلێ تووشی ئەو گیروگرفتە دەبن: چۆن هۆش ڕوون دەکەیتەوە؟ ئاخر چۆن مێشکێکی فیزیکاڵی، کە تەنها لە ماددە و سەبستانسی فیزیکاڵی پوخت پێکهاتووە و هیچی دیکە، کەچی دەبێتە هۆی هێنانە کایەوەی ئەزموونە هۆشییەکان و کوالیا لە باسنەهاتووەکان؟

ئەم کێشەیە پێی دەوترێت <کێشە دژوارەکە>ـی هۆش، ئەم دەستەواژەیە لە سالی ١٩٩٤ لەلایەن فەیلەسوفی ئوستوڕالی <دەیڤد چاڵمەرز>ـەوە لکێنرا بە چەمکی هۆشەوە. ئەو ویستی ئەم کێشە زێدە سەخت و ڕژدە جیا بکاتەوە لەو کێشانەی تر کە ئەو ناوی لێنان <کێشە ئاسانەکان>. کێشە ئاسان و ساکارەکان، بە گوێرەی چاڵمەرز، ئەوانەن سەرەڕای ئەوەی کە هێشتاکە چارەمان نەکرد بن، وەلێ دەتوانین لە بنەمادا ڕۆژێک لە ڕۆژان چارەیان بکەین. ئەو کێشانەش بریتیین لە: پێرسێپسیۆن، فێربوون، ئەتێنسیۆن [سەرنج] و، یادگە؛ چۆن شتەکان لێک جودا دەکەینەوە و بەرسڤی ئەو شتانەیش دەدەینەوە کە ڕووبەڕوومان دەکرێنەوە؛ چۆن دۆخی خەولێکەوتوویی جیاوازە لە دۆخی بەخەبەری. ئەو پێی وایە، هەموو ئەم کێشانە ئاسانن بەراورد بە خودی کێشە سەخت و دژوارەکەی ئەزموون.

هەموو کەسێک بەم قسانە قایل نین. هەندێک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هیچ کێشەیەکی دژوار بوونی نییە و، پێیان وایە جیاکردنەوەی هەندێک کێشە قورسن چارەکردنیان و هەندێکیش ساکار بریتییە لە تێگەیشتنێکی چەوت لەمەڕ مژاری هۆش، یانیش بە کەملێڕوانینی ئەو کێشە ‘ئاسانانەیە’. فەیلەسوف <ماسیمۆ پیگلیوچی> دەپرسێت ”کامە کێشەی دژوار؟” بەم دەستەواژەیەی کێشە دژوارەکەیش دەڵێت وەهمە کە هۆیەکەی بۆ هەڵەی لۆژیکی و زڕحیکمەتی دەگەڕێنێتەوە. پێی وایە ناونانی هۆش بە کێشەیەکی دژوار هەڵەی لۆژیکیی پۆلێنکارییە، هەڵەی پۆڵێنکاریش ئەوەیە وەختێک خەسڵەتێک دەدرێتە پاڵ شتێک کە خودی ئەو شتە خاوەنی ئەو تایبەتمەندییە نییە. فەیلەسوفی ئەمەریکی <پاتریسیا چێرچلاند>ـیش لە باتی دژوار پێی دەڵێت ”کێشە فریودەرەکە”، ئاخر پێی وایە کە ئێمە ناتوانین، لە دەسپێکەوە، بڕیار بدەین کامە لە کێشەکان چارەکردنیان سەخت دەبێت. پاتریسیا ئاڕگۆمێنتەکەی ئەوەیە، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەی هۆش کێشەیەکە چارەکردنی سەختە لە بیرکردنەوەیەکی سەرپێی و ناهۆشمەندیانوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو بیرکردنەوە زگماکی و سەرپێیەش ئەمەیە: تەنانەت گەر بتوانین مەتەڵەکانی پێرسێپسیۆن، یادگە، سەرنج و هەموو وردەکارییەکانی دیکە هەڵبهێنین، هێشتا شتێک دەمێنێتەوە چارەسەر نەکراوە، ئەویش ‘خودی هۆشە’.

پێناسەکردنی هۆش: چۆن دەبوو گەر شەمشەمەکوێرە بووبایت؟

بوونە شەمشەمەکوێرە چ هەستێک دەبەخشێت؟ ئەم پرسیارە کونجکۆڵانەیە جێگەیەکی گرینگی هەیە لە میژووی توێژینەوە لە هۆش. ئەم پرسیارە سەرەتا لە ١٩٥٠ـاکان کرا، لە ساڵی ١٩٧٤ـیش لەلایەن فەیلەسوفی ئەمەریکیەوە <تۆماس نەیگڵ> زیاتر ناسێنرا. بە وروژاندنی ئەو پرسیارە ویستی چەند ئامانجێک بپێکێت، ژوانژی: دەیویست بە گژ ماتڕیالیزمدا بچێتەوە، تێشبگات لەوەی مەبەستمان لە هۆش چییە و، بشزانێت کە بۆچی کێشەی ئاوەز-لاشە هێندە ئاستەنگی درووست دەکات. ئەو پێی وا بوو لە هۆش مەبەستمان لە سەبژێکتیڤیتیە. ئەگەر شتێک هەبێت لەوەی هەستی شەمشەمەکوێرایەتی بدات— هەڵبەت بۆ خودی شەمشەمەکوێرەکە خۆی— دەتوانین بڵێین شەمشەمەکوێرەکە هۆشمەندە. ئەگەریش شتێک نەبێت لەوەی بوونە شەمشەمەکوێرە چۆناهی بێت، سا کەوایە ئەو شتە خاوەنی هۆش نییە.

کەوایە بیربکەوە لە نموونەی کوپ، ئەو ڕایەخەی ماوسی لاپتۆپەکەی لەسەرە، یان کتێبەکەی سەر مێزەکەت. ئینجا لە خۆت بپرسە: بوون بەو کوپە چۆناهییە؟ یان بوون بەو کوپەی سەر مێزەکەم چ هەستێک دەبەخشێت؟ بۆی هەیە وەڵامەکەت بریتی بێت لەوەی هیچ جۆرە هەست و ئەزموونێکم پێنابەخشێت؛ ئەو کوپە هەستەوەر نییە، ئەو قاپ و قاچاغە بێجموجۆڵە و، هتد. پێدەچێت هیچ کێشەیەکت نەبێت لە دەربڕینی بیروڕا دربارەی ئەو کوپ، قاچاغ و ڕایەخانە کە هۆشمەند نین. بەڵام گەر لە بەکتریا، مێش و مەگەز، کرمەکان یان شەمشەمەکوێرەکان بڕوانیت، لەوانەیە توشی کێشمەکێشێک ببیت. نازانیت، هیچ بیرۆکەیەکیشت نییە کە چۆن بتوانیت بزانیت، بوونە کرمێک چۆناهییە و چ ئەزموونێکی هۆشی و هەستێک دەبەخشێت.  سەرەڕای ئەوەیش، نەیگڵ سەرنجمانی خستە سەر ئەوەی، گەر بیر بکەیتەوە لەوەی شتێک هەبێت پەیوەست بەوەی ئەزموونێک هەبێت گرێدراو بە کرمەوە، سا بڕوات وایە ئەو کرمە هۆشمەندە.

پێناسەیەکی هاودەنگ و لەسەرپێکهاتوو بوونی نییە بۆ هۆش، بەڵام شلۆڤە و پێناسەکردنەکەی نەیگڵ دەسپێکێکی باشە بۆ ئەوەی لە خەسڵت و کێشەکانی پەیوەست بە مەسەلەی هۆش تێبگەین. هەموو پێناسەیەک سنووری هەیە و هیچ پێناسەیەک نییە تەواوی کایەکانی پەیوەست بە چەمکێکتی لە خۆ گرت بێت، جا سەبارەت بە چەمکی هۆش کە خۆی چەمکێکی پڕکێشەیە، وا باشترە لەو ڕێگایانە بڕوانین کە زۆر جار بەکاردێن بۆ باسکردن لە چییەتی هۆش:

‘بوون بە (فڵان شت) چۆناهییە…’: گەر شتێک بوونی هەبێت کە بوون بەو شتە وا دەربکەویت هەستێک یان ئەزموونێکی تایبەت بەو شتە ببەخشێت جا ئاژەڵ بێت (یان کۆمپیوتەر؛ یان منداڵێکی ساوا) سا کەوایە ئەو شتە هۆشی هەیە. گەر نا خاوەنی هۆش نییە.

سەبژێکتیڤیتی یان فێنۆمێناڵیتی (دیاردایەتی): هۆش مانای هەبوونی ئەزموونی سەبژێکتیڤ (تایبەت) یان ئەزموونی فێنۆمێناڵ دەگەیەنێت. بە واتایەکی تر، ئەو شتانەی بۆ من دەردەکەون و دەیانبینم، نەک ئەو شتانەی ئۆبژێکتیڤانە بتوانین لەسەریان پێک بێین کە بەو شێوەیە هەن یان دەردەکەون.

کوالیا (کوالیا تاکە؛ ناوە کۆیەکەیشی کوالیایە، بە ئینگلیزی کۆیەکەی دەبێت کواڵەی): ئەو خەسڵەتە سەبژێکتیڤیانەی دوان و وەسفکردنیان سەختە (گەر خۆت ئەزموونیان نەکەیت)، هاوشێوەی سووریی ڕەنگی سوور، یان لە وەسفنەهاتووی بۆنی ئەو شیلەیەی لە دارەبەنەوە (داری قەزوان) دەردەهێنرێت. وەلێ، هەندێک لە فەیلەسوفەکان پێیان وا نییە کوالیا بوونی هەبێت.

کێشە دژوارەکە (سەختەکە): چۆن ئەزموونە تایبەتییەکان (سەبژێکتیڤەکان) لە مێشکە ئۆبژێکتیڤەکانەوە دێنە کایەوە؟

 

پاشکۆ:

*تەواوی ئەم نووسینە کورتکردنەوە و کەمە دەستکاریکردنێکی چاپتەری یەکەمی کتێبی consciousness: a very short introductionـە لە نووسینی سوزان بلاکمۆر. ئاسانکردنی ئەم باسەم بە باش زانی تاوەکوو ئەوانەی حەز دەکەن ئاشنا ببن بە کێشەی هۆش [ئاگامەندی] لە دەستەواژە و پێناسە سەرەتاییەکانی ئەم بوارە تێبگەن.

 

*هەرچەندە سەرچاوەگەلی زۆر باش هەن بۆ هۆش، بەڵام پێشنیاری ئەم چەند سەرچاوەیەی خوارەوە دەکەم بۆ کەسێک بیەوێت زیاتر دەربارەی هۆش بزانێت:

 

Blackmore, S. (2003). Consicousness: An introduction.

Seth, A. (2021). Being You: A New Science of Consciousness.

Dennett, D. C. (1993). Consciousness explained.

Chalmers, D. (1996). The conscious mind.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: