مێدیای کوردی وەک بەشێک لە ئیمپریالیزمی ناوچەیی

105
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: موحسین عیسا

 

لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم و سەرهەڵدانی شۆڕشی تەکنەلۆژیا، تەکنەلۆژیا گۆڕانکاریی بەسەردا هات و ئەمیش وای کرد ئینتەرنێت، مانگی دەستکرد و کۆمپیوتەر بەربڵاوبن. ئەم گەشەسەندنەی تەکنه‌لۆژیا بووە هۆی ئەوەی وەرچەرخانێکی گەورە لە ژیانی مرۆڤایەتییدا دروست بکات، بەتایبەتیی لەلایەنی دەستگەیشتن بە زانیاریی و هەواڵ لە سەرانسەری جیهاندا.

ئێستا کە ئێمە لە سەردەمی جیهانگیرییدا دەژین، تەکنەلۆژیا لە گەشەسەندن و بەرزترین ئاست دایە، بەتایبەتیی له‌ لایەنی مێدیا و ڕاگەیاندندا. ئەم لایەنەش خزمەتێکی به‌رچاوی بە جیهانگیریی ڕۆشنبیریی کردووە، چونکە ئەمانە یەکێکن لە ئامرازە گرینگەکانی جیهانگیریی ڕۆشنبیریی. جگە لەوەش بەکارهێنانی ئاسانە و تێچوویەکی کەمی پێویستە.

ڕۆژئاوا و ئەمریکا هەر لە زووەوە ده‌رکیان بە کاریگەریی ئامرازەکانی جیهانگیری ڕۆشنبیریی کردووە، بە تایبەتی لایەنی مێدیا و ڕاگەیاندن، توانیویانە لە بەرژەوەندیی خۆیان، لەلایەنی پەروەردەیی، ڕۆشنبیریی، هۆشیاریی نەتەوایەتییدا، کولتوور و هه‌ژموونه‌ سیاسییه‌كه‌یان بە جیهاندا بڵاو بکەنەوە. لەم ڕووەوە خزمەتی به‌رچاوی مێدیا به‌سه‌ر‌ ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا و ئەمریکا خویایه (دیارە)‌، بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كه‌ بە شێوەیەکی بەرچاو له‌ژێر هەژموونی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا و ئەمریکادان.

جگە لەوەی، كه‌ مێدیا خزمەتیکی مه‌زنی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی و ئەمریکای کردووە، لە لایەکی تریشەوە بووتە سەرچاوەیەکی ماددی بۆ ئەم وڵاتانە. بەتایبەتی لەڕێگەی سینەماوە، لە ئێستادا سینەما بە پیشەسازییکراوە و داهاتێکی زۆری بۆ ئەم وڵاتانە ده‌سته‌به‌ر كردووه‌ و ده‌كات. بۆ نموونە هۆڵیود ساڵانە لە رێگەی سینەماوە داهاتێکی یه‌كجار زۆری دەست دەکەوێت. جگە لەوەش هەر لەرێگەی سینەماوە کولتوورەکەی بەجیهاندا بڵاو دەکاتەوە و ڕێکلام بۆ بەرهەمەکانی دەکات. هەڵبەتە ”ڕێکلام شتێکی هونەریی، زانستیی و تەکنیکییە و ئامانج لێی کاریگەریی دروستکردنە لەسەر لایەنی دەروونی تاک، بۆ ئەوەی ڕەواج بۆ کاڵاو بەرهەمەکەی دروست بکات”، ئێستادا سینەما ئەم ڕۆڵە ده‌گێڕێت، کە ئامانجی به‌هه‌ڕمێنكردن و ڕه‌واجدروستکردنه‌ لەسەر بەرهەم و کولتووری ڕۆژئاوایی و ئەمریکیی.

جگە لە ڕۆژئاوا و ئەمریکا، وڵاتانی تری ناوچەییش ده‌رکیان بە کاریگەریی مێدیا کردووە. بۆیە هەوڵیانداوە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری بهێنن و هەژموونی خۆیان لە ڕێگەی داگیرکردنی کوولتورییەوە بەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا زاڵ بکەن.

ئەگەر بێت و سەرنجێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدەین، کە کوردستانیش کەوتووتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەر چوارلایەوە كه‌وتووه‌ته‌ ژێر چاودێریی ئه‌م چاوی داگیركاریی و چاوی زاڵی مێدیای ده‌ره‌كیی، ئه‌وه‌ هەمووشیان بەیەکەوە هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەی ناسنامەی کورد دەدەن له‌ ڕێگه‌ی مێدیا و هه‌ژموونی زاڵكردنی مێدیایی و كولتووری خۆیان، به‌داخه‌وه‌ كورد له‌م كاریگه‌ریی سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ و كولتووره‌كه‌ی كه‌متر هۆشیاره. وڵاتانی ناوچه‌كه‌ بۆ ئەوەی بەم ئامانجەیان بگەن، ئه‌وه‌ لەم ساڵانەی دواییدا پەنایان بردووه‌تە بەر مێدیا و لەم ڕێگەیەوە ده‌یانه‌وێت کولتووری کورد بتوێننەوە و کولتووری خۆیان بکەن بە جێگرەوه‌، چونکە داگیرکاریی لە ڕێگەی کولتوورەوە زۆر کاریگەرتر و ئاسانترە، وەک لە داگیرکردن لە ڕێگەی هێزەوە.

داگیركاریی مێدیایی به‌ مه‌ترسیدارترین داگیركاریی داده‌نرێت بۆ سڕینه‌وه‌ و نه‌هێشتنی ناسنامه‌ و كولتووری ئه‌وی تر.

ده‌كرێ ئێمه‌ لێره‌دا مێدیا وه‌ك داگیركاریییه‌كی هزریی كاربۆكراو و نه‌خشه‌بۆدانراو له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ین، كه‌ كاریگه‌ریی زۆر زیاتر و سه‌ركه‌وتووتره‌ له‌ هێزی سه‌ربازیی و سوپایی؛ چونکە لە ڕێگەی کولتوورەوە داگیرکار پێویستی بە هێز نییە و تەنیا لەسەر لایەنی کولتوور کار دەکات و دەیەوێت داگیرکراو وا لێ بکات کولتووری داگیرکەر بە هی خۆیان بزانن، بەمەش داگیرکراو کولتووری داگیرکار بە هی خۆی دەزانێت و دەبێت بە بەشێک لە داگیرکار و وه‌ها ده‌نواڕێته‌ كولتووری خۆی، كه‌ كولتوورێكی نزمه، بۆیه‌ گرێی خۆبه‌كه‌مزانینی بۆ دروست ده‌بێت و ناچار كولتووری داگیركار، به‌ كولتوورێكی جوان و نوێ قه‌بووڵ ده‌كات.

نابێت ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێت، كه‌ داگیرکردن لە ڕێگەی هێزه‌وه‌، هەمیشە داگیرکراو ناڕازییە و داگیركار تووشی به‌رخۆدان و ناڕه‌زایه‌تیی داگیركراو ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ داگیركراو خۆ بە ژێردەستە و چەوساوە دەبینێت و زیاتر قینلەدڵ دەبێت، له‌ به‌رانبه‌ر شكاندنی شكۆی نه‌ته‌وایه‌تی و ناسنامه‌ و كولتووره‌كه‌یه‌وه‌، بۆیه‌ هەرکاتێک بۆی بڕەخسێت دژی دەجەنگێت و هەوڵدەدات خۆی لە هێزی داگیرکار ڕزگار بکات. هەر بۆیەش داگیرکردن لەڕێگەی کولتوورەوە ئاسانترە و کاریگەری زیاترە وەک لەوەی بە هێز داگیری بکات. بۆیه‌ ده‌كرێت داگیركردن له‌ڕێگه‌ی مێدیاوه‌، به‌ داگیركردنێكی ناڕاسته‌وخۆ بناسێنین، كه‌ هێواشه‌، به‌ڵام كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ و نه‌هێشتنی كولتوور و ناسنامه‌ی داگیركراو زیاتره‌، هه‌روه‌ها داگیركردن له ‌ڕێگه‌ی هێزه‌وه‌ به‌ داگیركردنێكی ڕاسته‌وخۆ ده‌ناسێنین، كه‌ داگیركردنێكی خێرایه‌ له‌ڕووی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی خاك و جوگرافیادا، به‌ڵام خێرا نییه‌ له‌ سڕینه‌وه‌ی كولتوور و ناسنامه‌. له‌ یه‌كه‌میاندا میلله‌ت و نه‌ته‌وه‌ی داگیركراو كه‌متر یان هه‌ر ده‌رك به‌ داگیركه‌ر ناكات، به‌ڵام له‌مه‌ی دووه‌مدا چونكه‌ ڕاسته‌وخۆیه‌، بۆیه‌ داگیركار هه‌ست به‌ داگیركردنه‌كه‌ی ده‌كات، ده‌كرێت ئێمه‌ زیندوویه‌تی كورد و مانه‌وه‌ی ناسنامه‌ و كولتووره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ بگه‌ڕێنینه‌وه‌، كه‌ پێشتر كورد دووچاری داگیركردنی ڕاسته‌وخۆ و هێز بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌مه‌ودوا كورد له‌به‌رده‌م داگیركردنی ناڕاسته‌وخۆدایه‌، كه‌ داگیركردنێكی هزریی، هۆشیار، مه‌ترسیدار و هێواشه‌.

کوردستانیش لەلایەن ئەو وڵاتانەی نکۆڵییان لە بوون و ناسنامه‌كه‌ی دەکەن و بەردەوام هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەکەی دەدەن، ئه‌وه‌ هەوڵدراوە سوود لە مێدیا وەربگرن و بە شێوەیەک مێدیا ئاڕاستە بکەن، کە کولتوورەکەی بتووێننەوە، ئەمیش لەڕێگەی سینەما، بەرنامەی منداڵان و دراما و… تاد. هەڵبەت یەکێک لەو ئامرازانەی، کە دژبەری ئەم داگیرکاریە کولتوورییە بوەستێتەوە و پێویستە ڕۆڵێکی گرینگی هەبێت لە دروستکردنی هۆشیاریی نەتەوایەتی و پاراستنی کولتوور لە لەناوچوون، مێدیایە. بەڵام مێدیا لە هەرێمی کوردستاندا نەک هەر نەیتوانیووە ئاڕاستەیەکی نەتەوەیی هەبێت و هەوڵی دروستکردنی یەکێتیی نەتەوەیی بدات، بەڵکوو بووه‌تە بەشێک لە ئیمپریالیزمی داگیركار، تەنانەت بووه‌تە هۆی ئەوەی کە وشە و کولتووری بێگانە بێنێتە نێو زمان و کولتووری کوردییه‌وه‌، بەم شێوەیەش تاکی کورد خۆی بە بەشێک لە داگیرکار دەبینێت، چونکە ئەوه‌ کولتوور و زمانە، كه‌ نەتەوەیەک لە نەتەوەیەکی تر جودا دەکاتەوە، لە کاتێکدا کولتووری بێگانە شوێنی کولتووری ڕەسەن بگرێتەوە و ببێتە هۆی توانەوەی، ئەوا تۆش دەبیت بە به‌شێک لە کولتوری داگیركار و هیچ جیاوازییەک نابینرێت و نامێنێت لەنێوان کولتووری خۆت و داگیرکار، دواجاریش ناتوانیت خۆت بە جیاوازتر، كولتوور و ناسنامه‌یه‌كی دیكه‌ لەوان ببینی و بناسێنیت.

هەر وەک “بنێدک ئەندەرسۆن” کە باس لە ڕۆڵی ڕاگەیاندن دەکات، بە کاپیتالیزمی چاپ ناوی دەبات. ئەو پێیوایە ڕاگەیاندن ڕۆڵی گرینگی هەبووە لە هۆشیارکردنەوەی نەتەوەکان، بۆ ئەوەی داوای دروستکردنی دەوڵەتێکی تایبەت بەخۆیان بکەن، به‌ڵام ئاخۆ بۆ كورد نه‌یتوانیووه‌، ئه‌م هه‌له‌ بقۆزێته‌وه‌ و له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ میلله‌ته‌كه‌ی خۆی هۆشیار بكاته‌وه‌. ئه‌مه‌ جێگه‌ی پرسیار و سرنجه‌.

ئەگەر بێت و لە ڕوانگەی ئەندەرسۆنەوە بڕوانینە ئێستای مێدیای کوردیی، ئەوا دەبینین مێدیای کوردیی هیچ هەنگاوێکی نەناوە لە هۆشیارکردنەوەی نەتەوایەتیی لەنێو تاکی کورددا، کەچی کورد گەلێکە تاکوو ئێستا خاوەنی دەوڵه‌تی خۆی نییە و لە چواردەوریشیدا بەردەوام هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت، کەچی سەرەڕای ئەمەش لەگەڵ یەکتری ناتەبان و بەردەوام لە ململانێدان. ده‌بووایه‌ ئه‌م هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ و نه‌هێشتنی كولتوور و ناسنامه‌كه‌ی له‌ ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كانی چوارده‌ورییه‌وه‌، ببوایه‌ته‌ هۆكارێك، كه‌ مێدیای كوردیی گرینگی زۆر به‌ هۆشیاریی نه‌ته‌وایه‌تیی، كولتووریی و زمانی كوردیی بدابایه‌. لە کاتێکدا مێدیا چاکترین ڕێگەیە لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی هۆشیاریی نەتەوایەتیی و دروستکردنی یەکێتییەکی نەتەوایەتیی، بۆ ئەوەی تاکی کورد بەرەو یەک ئامانج ئاڕاستە بکات، كه‌ ئامانجی نەتەوەییە. لە لایەکی تریشەوە مێدیا چەکێک بێت دژی ئیمپریالیزمی ناوچەكه‌ و ئەو وڵاتانەی کە هەوڵی توانەوەی کولتوور و سڕینەوەی ناسنامەی کورد دەدەن. بەڵام مێدیای کوردیی نەیتوانیووە لەم ڕووەوە هیچ هه‌نگاوێك بهاوێژێت، جگە لەوەی بووه‌تە هۆی دروستکردن و قووڵکردنی ململانێی نێوخۆیی و دروستکردنی بۆشایییەکی گەورەی ئەخلاقیی (بێمتمانەیی، گەندەڵیی، خۆبه‌كه‌مزانین له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌وی تر، دزیی و درۆ… تاد.) ئەمە بەشێوەیەک کاریگەریی لە نێو کۆمەڵگە و تاکی کوردییدا دروست کردووە. بۆیە تاکی کورد تاکوو قسەی سیاسییەکی غەیرە کورد هەیە، باوەڕ بە قسەی سیاسییەکی کورد ناکەن. ئەمەش بووه‌تە هۆی ئەوەی کە دوژمن بە باشترین شێوە سوود لەم بۆشاییە په‌روه‌رده‌یی و ئەخلاقییه‌ وەربگرێت و هەوڵی فراوانکردنی داگیركارییه‌كه‌ی خۆی بدات بۆ ئەوەی کورد یەکنەگرن و بەردەوام لە ململانێدابن لەگەڵ یەکتریدا، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە بەرانبەر ئامانجێکی نەتەوەییدا، نەتوانین یەکبگرین و لە ئامانجەکە دوور بکەوینەوە، کە ئامانجێکی نەتەوەیی و مه‌زنه‌.

ئەوەی لێرەدا پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بەتایبەتی وەزارەتی ڕۆشنبیریی ده‌رک بەم دۆخەی مێدیای کوردیی بکات، کە چۆن كولتوور و ناسنامەکەیان لەژێر هەڕەشەی ئیمپریالیزمی داگیرکاردایە. هەروا چۆن لەڕێگەی مێدیاوە هەوڵی توانەوەی ناسنامەکەی دەدرێت. بۆیە پێویستە مێدیای کوردیی بە ئاڕاستەیەک کار بکات، کە لە بەرژەوەندیی كولتوور، ناسنامه‌ و زمانی نەتەوەییدا بێت و هەوڵ بدات ئاستی هۆشیاریی نەتەوایی بەرز بکاتەوە و ببێت بە چەکێکی بەهێز دژی بە ئیمپریالیزمی داگیرکار و هەوڵی هێشتنه‌وه‌، به‌رده‌وامییدان و زیندووڕاگرتنی کولتووری کوردیی بدرێت و هه‌روه‌ها ڕێگە نەدرێت هیچ وشەیەکی بێگانە وا به‌ هاكه‌زایی و هه‌ڕه‌مه‌كیی بێتە نێو زمانی کوردیی، به‌تایبه‌ت مێدیا.

هەڵبەتە ئەمەش لە ڕێگەی نه‌خشه‌ و پلاندانان، هه‌روه‌ها ئەو بەرنامە و پرۆگرامانە دەکرێت، کە هەڵگری کولتوور و زمانی کوردین و خاڵین لە هەر وشە و کولتوورێکی بێگانە. هەروا دەبێت وەزارەتی ڕۆشنبیریی بەشێوەیەک سانسۆر دابنێت لەسەر مێدیایی کوردیی، کە هەر پرۆگرام و درامایەکی بیانی لە خزمەت کولتووری بیانییدا بێت و کاریگەریی لەسەر لایەنی نەتەوەیی هەبێت و ببێتە هۆی تووانەوە و په‌كخستنی کوولتور و پڕۆژه‌ی ناسنامه‌ و خۆهۆشیاركردنه‌وه‌ی کوردیی، ئەوە ڕێگه‌ له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی بگیردرێت، چونکە مێدیا بەشێکی گرینگی ناسیونالیزمە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر لایەنی نەتەوەیی تاک، بەتایبەتی تاکی کورد، کە لەژێر هەڕەشەی ئیمپریالیزمی داگیرکاردایە. هەر بۆیەش پێویستە لایەنی نەتەوەیی لە مێدیای کوردییدا ببێتە چەق، کە بە هەموو شێوەیەک مێدیا لە خزمەت لایەنی نەتەوەدا بێت.

 

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی بۆ ئه‌م نووسینه‌ سوودیان لێوه‌رگیراوه‌:

  • بارام، حسن (٢٠١٧). جیهانگیری لە ڕوانگەی جیاوازەوە. چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، چاپخانەی حەمدی.
  • بەدەوی، دکتۆر محمد علی (٢٠١٤). لێکۆلینەوەی سۆسۆمێدیای. و: مەم بورهان قانع. چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، چاپخانەی پیرەمێرد.
  • عەلی، جەحفەر (٢٠١٣). ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیزمی کوردی. چاپی دووەم، هەولێر، چاپخانەی ڕۆژهەڵات.
  • ئەنوەر، د. کەیوان ئازاد (٢٠١٠). شۆڕشی گەڵان. چاپی یەکەم، سڵێمانی، چاپخانەی چوارچرا.
تاگهزر
بڵاوکردنەوە: