ئاستەنگی ناسیۆنالیزم لە بزاڤی کۆچگیریدا

390
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: موحسین عیسا

گەلی کورد یەکێکە لەو گەلە گەورانەی کەوتۆتە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و خاوەن دیرۆکێکی دێرینە لەو ناوچەیەدا. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان کورد لە هەزارەی چوارەمی پێش زاینیدا، خاوەنی وڵات، کولتوور، ئاین و شارستانییەتی تایبەت بە خۆی بووە. یەکەم دابەشکاریی خاکی کوردستانیش دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی چاڵدێران لە ساڵی ١٥١٤ دا، کە ئەم شەڕە لە باکووری خۆرئاوای دەریاچەی ورمێدا، لەنێوان عوسمانی و سەفەویەکاندا ڕوویدا، لە ئەنجامی ئەم شەڕەشدا خاکی کوردستان لەنێوان ئەم دوو هێزەدا دابەشبوو، کە ئەمەش وایکرد کوردستان بۆ یەکەمجار لەڕووی سیاسی، ئابووری و کولتوورییەوە دابەش بێت. هەروەها دواتریش بەهۆی داگیرکارییەکانی رۆژئاوا و ڕێکەوتنامەی سایکس-پیکۆ (١٩١٦) و سەرهەڵدانی دەوڵەتی مۆدێرن، ئەوا چەند دەوڵەتێکی نوێ لەم ناوچەیەدا دامەزران، بەمەش دووبارە خاکی کوردستان دابەش بەسەر چوار دەوڵەتی تازە دامەزراوی عەرەب، عەجەم و فارس کرا و بوو بە کۆڵۆنیکراوی ئەم دەوڵەتە تازە دامەزراوانە.

گەلی کورد لەبەرئەوەی گەلێکی ژێردەستە و داگیرکراوە، هەر ئەمەش ڕۆحێکی بەرەنگاریی بە بەر گەلی کورددا کردووە، ئەم ڕۆحە بەرەنگارییەش وای کردووە کورد بەردەوام دژ بە داگیرکەرانی شۆڕش و بزاڤی چەکداری بەرپا بکات. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە کورد خۆی بە گەلێکی ژێردەستە و داگیرکراو دەبینێت، هەر بۆیەشە بەردەوام لە بەرەنگاریدایە بۆ ئەوەی کولتوور و نەتەوەکەی بە زیندوویی بهێڵێتەوە و لە لەناوچوون بیپارێزێت.

ئەگەر بێت و سەیری دیرۆکی کورد بکەین لە دوای داگیرکرن و پارچەپارچەکردنی خاکەکەی، ئەوا دەبینین کەوا کورد لە هەر چوار پارچەکانیدا بەبەردەوامی لە بەرەنگارییدا بووە دژ بە داگیرکەرانی، ویستوویەتی لە ڕێگەی شۆڕش و بزاڤی چەکدارییەوە ماف و ئازادییەکانی بە دەست بهێنێت و خاکەکەی ڕزگار بکات.

هەڵبەتە کاتێک نەتەوەیەک نەتەوەیەک داگیر دەکات و دەیکات بە ژێردەستەی خۆی، ئەوا نەتەوەی زاڵ نەتەوەی ژێردەستە دەچەوسێنێتەوە و هەوڵدەدات ناسنامەکەی لێ بستێنێتەوە و بیکات بە بەشێک لە خۆی، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ملمڵانێ لەنێوان نەتەوەی سەردەست و ژێردەستدا، هەر بۆیەش نەتەوەی ژێردەست بۆ مانەوە و ڕزگاربوون لە ژێردەستیدا، پەنا دەباتە بەر شۆڕش و بزاڤی چەکداری. هەر ئەم هۆکارەشە وایکردووە گەلی کورد پەنا بۆ بزاڤی چەکداری ببات و دژ بە داگیرکەرانی بجەنگێت، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە بە ئازادی و سەربەخۆی شادبێت.

گرنگە لێرەدا باس لەوە بکەین، کە زۆربەی بزاڤە چەکدارییەکانی کورد لەو کات و ساتانەدا سەریان هەڵداوە کاتێک بینیویانە ناوەند یاخود داگیرکەر لە تەنگەژەیەکی سیاسی یاخود ئابووری دابووە، ئەوانیش ئەم تەنگەژانەیان بە دەرفەت زانیوە و پەنایان بردووتە بەر ڕاپەڕین و بزاڤی چەکداری دژ بەداگیرکەرانی، واتە ویستوویانە بە باشترین شێوە سوود لەم دەرفەتانە وەربگرن و بیخەنە خزمەت ئامانجە ڕەواکانیان. هەروا گرنگە لێرەدا ئاماژە بەوە بکەین، کە لە مێژووی داگیرکراوی کوردستاندا چەندان دەرفەتی زێرین بۆ گەلی کورد هاتوونەتە پێشەوە، کە دەتواندرا لەڕێگەی ئەم دەرفەتانەوە لە ژێردەستیی ڕزگاریان بێت و ببان بە خاوەن دەوڵەتی خۆیان، بەڵام بەداخەوە گەلی کورد وەکوو پێویست نەیتوانیووە سوود لەم دەرفەتانە وەربگرێت کە بۆیان هاتبوونەتە پێشەوە. هەڵبەتە ئەمەش بۆ چەند هۆکارێکی دەرەکیی و  ناوەخۆیی دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی هۆکارە ناوەخۆییەکانی وەک: نەبوونی یەکێتییەکی نەتەوایەتی لەنێوان کوردا، هۆکاری ئاینی، بەرژەوەندی تایبەتی و…تاد.

هەروەک لامان روونە، دیرۆکی کورد تژییە لە بزاڤی چەکداری، بەڵام ئەوەی لەم نووسینەدا مەبەستمە بزاڤی چەکداری کۆچگیرییە لە باکووری کوردستاندا. ویستوومە ئەوە بخەمە بەرباس: ئایە بزاڤی چەکداری کۆچگیری خاوەن بنەما و ئامانجێکی ناسیۆنالیستی بووە یاخود نا؟

ئەگەر بێت و لە سەرەتادا باس لە ناسیۆنالیزم بکەین، ئەوا دەتوانین بڵێین ناسیۆنالیزم بەرهەمی مۆدێرنە و مێژووی سەرهەڵدانیشی دەگەرێتەوە بۆ کۆتایی سەتەی ١٨ و دواتریش بەشێوەیەکی بەرفراوان لە جیهاندا بڵاو بووەوە و شێوەی ئایدۆلۆژیای جیاوازی لەخۆگرت، دواتریش لە سەرەتاکانی سەتەی ١٩ دا بە هەموو ئەوروپادا بڵاو بوویەوە.

هەروا گرنگە بزانین وشەی ناسیۆنالیزم لە وشەی Nationalism ی ئینگلیزی، یان Nationaliteی فەرەنسیە، کە لە وشەی Nation وەرگیراوە. ئەم وشەیەش بە مانای گروپێکیی نەژادی دەگەینێت کە لە هەرێمێکی دیاریکراودا لە دایکبوون و سەر بە یەک هەرێمن. لە هەمان کاتیشدا ئەگەر بێت و پێناسەی ناسیۆنالیزم بکەین، ئەوا کۆمەڵناسی ئینگلیزی ئێرنست گێڵنه‌ر به‌م شێوه‌ پێناسه‌ی ناسیۆنالیزم ده‌کا: ”ناسیۆنالیزم پرینسیپ (مەبدەئێکی) سیاسییه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌کات، که‌ ده‌بێ یەکایەتیی یان یەکێتیی ((Unit سیاسی له‌ گه‌ڵ یەکێتیی کولتووری یه‌کانگیر بێت”.

ئەمەش بەو واتایە دێت، کە کۆمەڵە خەڵکێک لە هەرێمێکی دیاریکراودا، خۆیان بە جیاوازتر لە ئەوانیتر دەبینن و داوای دروستکردنی یەکەیەکی سیاسی سەربەخۆ بۆخۆیان دەکەن. لێرەشدا ئەرکی ناسیۆنالیزم ڕێبەرایەتی کردن و ڕەوایەتیدانە بە داواکارییەیان.

گەلی کوردیش لە بەر ئەوەی گەلێکی جیاوازە و خۆ بەجیاوازتر دەبینێت لە داگیرکەرانی، ئەمیش بە هۆکاری جیاوازی رەگەز، کولتوور و زمان…تاد، ئەوا داوای دروستکردنی یەکەیەکی سیاسی سەربەخۆ دەکات، کە خۆی حوکمڕانی خۆی بکات. هەر گەلێکیش کە خۆی وەک نەتەوەیەک پیناسەکرد، ئەوە مافی ئەوەی هەیە خاوەن سەروەری سیاسی خۆی بێت، واتە ناکریت تۆ یەکەیەکی نەتەوەی بیت و یەکەی سیاسی دەرەکی حوکمڕانیت بکات. گەلی کوردیش بۆ ئەوەی ببێت بە یەکەیەکی سیاسی سەربەخۆ و لە ژێر حوکمڕانی داگیرکەردا ڕزگاری بێت، ئەوا پەنای بۆ شۆڕش و بزاڤی چەکداری بردووە.

هەروەک لە سەرەتاشدا ئاماژەمان بەوەکرد، زۆربەی شۆڕش و بزاڤە چەکدارییەکانی کورد لەو کاتانە سەریان هەڵداوە کاتێک بینیویانە داگیرکەرەکانیان لە ڕووی سیاسی و ئابووری لاوازن، یاخود لە جەنگدان، جا جەنگەکە جەنگێکی ناوەخۆیی بووبێت یاخود دەرەکیی. بزاڤی چەکداری کۆچگیریش لە باکووری کوردستاندا هەمان دەرفەتی بۆ هاتووتە پێشەوە، کاتێک دەبینێت داگیرکەرەکەی لاوازە و تووش بەچەند تەنگەژەیەکی گەورە هاتووە، ئەوا هەوڵیداوە ئەم تەنگەژانە وەکوو هەڵ بقۆزێتەوە و دەستبکات بە بزاڤی چەکداری دژ بە داگیرکەر. هەڵبەتە مەبەست لە بزاڤی چەکداری ئەو هەوڵەیە کە لە لایەن بەشێک لە دانیشتوانی وڵاتێکەوە کە رێکخراون بۆ دەستە بەرکردنی ئامانجێک لەڕێگەی هێزی چەکدارییەوە، جا ئامانجەکە ئامانجێکی سیاسی یاخود ئابووری بێت.

هەڵبەتە بزاڤی چەکداری کۆچگیری لە ساڵی ١٩٢٠دا لە لایەن چەند گروپێکی کورد بە سەرۆکایەتی عەلیشان بەگ(سەرۆک عەشیرەتی کۆچگیری) لە باکوری کوردستاندا، لە ناوچەی کۆچگیری لە دێرسیم سەری هەڵدا. ئەم بزاڤە چەکدارییە هەوڵیداوە سوود لە لاوازی ئەو کاتی تورک وەربگرێت. هەروا ئەو پێشهاتانەی وایان لە تورک کردبوو لاوازبێت و زەمینە سازبێت بۆ هەڵگیرسانی بزاڤێکی چەکداری کوردی لەم ناوچەیەدا، خۆی لە چەند پێشهاتێکدا دەبینێتەوە، یەکیک لەو پێشهاتانە ئەوەبوو، کە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی  لە یەکەم جەنگی جیهانیدا تووشی شکستێکی گەورە ببوو و زۆربەی خاکەکەی لەدەست دابوو، تەنانەت ئیستەنبولیش لە لایەن هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان داگیر کرابوو، هەر ئەم شکستەشبوو وایکرد سوڵتانی عوسمانی لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە  ناچار بە واژووکردنی ڕێکەوتنامەی سیڤەر بکات لە ساڵی١٩٢٠ دا. هەڵبەتە لەم ڕێکەوتنامەیەدا چەند ماددەیەکی لە بەرژەوەندی کوردا تێدابوو، بەتایبەتی ماددەی ٦٢ و ٦٤، لەم ماددانەدا ئاماژە بەوە کرابوو هەرکاتێک کورد ویستی ببێت بە کیانێکی سەر بەخۆ، ئەوا دەتوانێت ئەم بڕیارە بدات و دەوڵەتێکی تایبەت بەخۆی دابمەزرێنێت. هەروەها یەکێکیتر لەو گرفتانەی کە خەلافەتی عوسمانی رووبەرووی ببوویەوە، ئەوا گرفتی ناوەخۆیی بوو، کە لە ناوەخۆی خەلافەتی عوسمانیدا بەرەیەکی ڕیفۆرم خواز سەریهەڵدا لە لایەن تورکە لاوەکان بە سەرۆکایەتی ئاتا تورک، کە داوای دەوڵەتێکی سیکۆلاریزمیان دەکرد. ئەمەش وایکر کۆمەڵگەی تورکی دابەش بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەک ببێت، بەرەیەک داوای مانەوەی دەوڵەتی ئاینی دەکرد و بەرەکەیتریش داوای دەوڵەتێکی سیکۆلاریزمیان دەکرد، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ملمڵانێ لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا، ئەم ملمڵانێیە ناوەخۆیەش هێندەیتر تورکی تووشی تەنگەژە و لاوازی کرد و بووە هۆی هەڵوەشانەوەی خەلافەتی عوسمانی و جێگرتنەوەی دەوڵەتی کۆماری تورکیا. جگە لەم لایەنانەش، لایەنیکی ترش هەبوو، کە ئەوەندەی تری تورکی بەرەو لاوازی بر، ئەیش چوونە جەنگەوەی تورکیا بوو لەگەل ئەرمەن و یونانیەکان، بەمەش تورکیای رووبەرووی قەیرانی ئابووری و سیاسی گەورەتری کردەوە. ئەم هۆکارانەش رێگەخۆشکەربوون کە کوردانی عەلەوی لە ناوچەی کۆچگیریدا دژ بە تورکی داگیرکەر دەست بە بزاڤی چەکداری بکەن.

لە سەروبەندی هەڵوەشانەوەی خەلافەتی عوسمانی و جێگرتنەوەی دەوڵەتی کۆماری تورکیا و هەڵگیرسانی جەنگ لەگەل ئەرمەن و یونانیەکاندا(١٩٢٠)، ئەوا دەرفەت بۆ کوردەکان ڕەخسا لە ٢٠ ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا دەست بگرن بەسەر ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنی، دواتریش بەکارهێنانیان بۆ هەڵگیرساندنی بزاڤێکی چەکداری بە سەرکردایەتی عەلیشان بەگ دژ بە دەوڵەتی تورک. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵگیرسانی ئەم بزاڤە چەکداریە بۆ ڕێکەوتننامەی سیڤەر(١٩٢٠) دەگەرێتەوە، کە وڵاتە یەکگرتووەکان خەلافەتی عوسمانیان ناچار بە واژوکردنی کرد. کوردەکانیش بە پشت بەستن بە ماددەکانی ٦٢ و ٦٤، دەیانویست سەربەخۆی زیاتر بۆخۆیان دەستەبەر بکەن. هەر ئەم هۆکارەش بووە هۆی ئەوەی ئەم بزاڤە چەکدارییە دژ بە کەمالیستەکان سەرهەڵبدات.

لەکاتی سەرهەڵدانی ئەم بزاڤە چەکداریە بەرامبەر دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ئەوا سەرانی ئەم بزاڤە چەند داواکارییەکیان لە دەوڵەتی ئاتا تورک هەبوو، یەکێکیش لە داواکارییەکان خودموختاری بوو لە دەوڵەتی نوێی تورکیادا. لەم داواکارییەی ئەم بزاڤەشدا ئەوەمان بۆ بەدی دەکرێت، کە ئامانجی ئەم بزاڤە چەکدارییە ڕزگار کردنی کوردستان نەبووە لەژێر دەستی داگیرکەردا، واتە ناتوانین بڵێین ئەم بزاڤە خاوەن بەرنامەیەکی ناسیۆنالستیی بووە و ئامانج لێی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیی بووە، چونکە لە جێگای ئەوەی داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بکات، ئەوا داوای خودموختاری دەکات و دەیەوێت لە ژێر سایەی داگیرکەردا بمێنێتەوە. هەر وەک گێلنەریش پێی وایە، ئامانجی ناسیۆنالیزم بریتییە لە دروستکردنی قەوارەیەکی سیاسی بۆ کولتوورێکی یەکگرتوو، کە ببێتە سەرپۆشێکی سیاسی بۆیان، ئەمەش بەو واتایەیە، کە ئامانجی ناسیۆنالیزم دروستکردنی دەوڵەتێکی گەورە و یەکگرتوویە بۆ کۆی نەتەوە، کە تاکەکانی خۆیان حوکمڕانی خۆیان بکەن، نەک گەل و خاکەکەیان لەژێر سایەی داگیرکەردابن.

هەروا داواکاریەکی تری ئەم بزاڤە، ئازادکردنی ئەو کوردانە بوو کە خرابوونە بەندیخانەکانەوە. هەڵبەتە دەتوانین ئەم داواکارییە وەکوو ڕەگەزێکی ناسیۆنالیزمی ببینین، چونکە ئامانج لەم داواکارییە ڕزگار کردنی ئەو کوردانە بوو کە بەهۆی پرسی کورد و کورد بوونەوە خرابوونە بەندیخانەکانەوە.

لە هەمان کاتیشدا، ئەم بزاڤە چەکدارییە داوای لابردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتی تورکیان دەکرد لەو ناوچانەی کە زۆربەی دانیشتوانەکانیان کوردن. جگە لەمەش داوایانکرد کە تورکیا هێزەکانی خۆیان  لە ناوچەی کۆچگیری بکشێنێتەوە.

لێرەدا دەتوانین بێژین داواکردنی کشاندنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی داگیرکەر لەو ناوچانەی کە زۆربەی دانیشتوان کوردن، ئەوا  داواکارییەکی نەتەوە خوازی بووە، بەڵام ئەوەیتریان کە داوای کشانەوەی هێزی داگیرکەریان تەنها لە ناوچەیەکدا(ناوچەی کۆچگیری) دەکرد، ئەوا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە ئەم بزاڤە تەنها بزاڤێکی ناوچەیی بووە، نەک بزاڤێکی ناسیۆنالیستی، کە خاوەنی ئامانج و بەرنامەیەکی ڕزگاری تەواوی ئەم بەشەی کوردستان بووبێت. چوونکە ئامانجی ناسیۆنالیزم رزگاری تەواوی نیشتیمانە، نەوەک پارچەیەک، چونکە ناسیۆنالیزم رێگە بەدابەشکاری خاک نادات. بەڵکوو ئامانجی ناسیۆنالیزم زۆر لەوە بەرفراوانتر و گەورەترە لە ڕزگار کردنی ناوچەیەکدا قەتیس بکرێت.

سەرەرای بێ هێزی ئەوکاتی تورکیا و لەجەنگدابوون لەگەل ئەرمەن و یونانیەکاندا، بەڵام ئەم بزاڤە لە لایەن  کەمالیستەکانەوە لە ساڵی ١٩٢١دا، شکستی پێهێنرا و سەرکوتکرا. هۆکاری شکستی بزاڤی کۆچگیری بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، یەکێکیش لەم هۆکارانە ئەوەبوو، کە ئەم بزاڤە خاوەن ئامانج و بەرنامەیەکی فراوانی نەتەوەی نەبووە، واتە ئامانجی ئەوە نەبوو کە  هەموو باکووری کوردستان ڕزگار بکات و بتوانێت ئەم بزاڤە بۆ هەموو ناوچەکانی تری باکووری کوردستان بگوازێتەوە و پشتیوانی هەموو ناوچەکانی تری بەدەست بهێنێت، بەڵکوو بزاڤێکی ناوچەیی بووە. هەروا بوونی ملمڵانێی خێڵەکی و ناوچەیی لەنێو کورددا، کە سەرانی ئەم بزاڤە نەیتوانیوە هەموو کورد بە دەوری یەک ئامانج کۆ بکاتەوە و یەکێتییەکی نەتەوایەتی لەنێویاندا دروست بکات. گێلنەریش لەم بارەیەوە پێی وایە، ”هزری نەتەوایەتی پێویستی بە هاودەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە، وەك سیستەمی سەربازی هاوبەش، جوگرافیا و کیانی هاوبەش، فەرهەنگ و زمانی هاوبەش، سومبول و هێمای نەتەوایەتی هاوبەش”.

بۆیە لێرەدا بە پشت بەستن بە تیۆری گێلنەر، دەتوانین بڵێین لە نائامادەیی کولتووری هاوبەش و نایەکسانی و ملمڵانێی نێو چینە کۆمەڵایەتییەکان، هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە هەستی ناسیۆنالیزم درووست نەبێت، چونکە ئەمانە لە ڕوانگەی گێلنەرەوە، کۆلەکەی سەرەکین لە درووست بوونی هەستی نەتەوایەتیدا.

هەروەها لەپاڵ ئەم هۆکارانەشدا، هۆکارێکی تری کاریگەر هەبوو، کە بەدرێژایی مێژوو بووتە بەربەست لەبەردەم گەیشتنی گەلی کورد بە مافە ڕەواکانیان، ئەویش هۆکاری ئاینیی بووە. داگیرکەر زۆر بە لێزانانە ئاینی وەک چەکێک بۆ تواندنەوەی کورد لەنێوخۆیدا بەکارهێناوە، لە هەمان کاتیشدا هەر بەم ڕێگەیەش سۆزی کوردی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە و وابەستەی خۆی کردووە. مێژووی کورد تژییە لەو بزاڤ و حوکمڕانیانەی کە بە هۆکاری ئاینییەوە بوونەتە قوربانی و لەناو چوون. داگیرکەری تورکیش لەژێر ناوی برایەتی ئاین و پاراستنی یەکێتی ئاینی، کوردی بەڵاڕێ دابردووە و هەڵی خەڵەتاندووە، بەمەش توانیویەتی کورد بە ژێردەستە و خزمەتکاری خۆی بهێڵێتەوە. بەهەمان شێوەش داگیرکەر بۆ ئەوەی کورد لە باکوور پەرتەوازە بکات و نەهێلێت بزاڤی چەکداری کۆچگیری چیتر پەرە بسەنێت و لاوازبێت، ئەوا سوودی لە ئاین بینیووە. دەوڵەتی تورک وایان پێشانداوە کە سەرانی کۆچگیری و کوردانی عەلەوی دژ بەئاین دەجەنگن و لەپاڵ ئەرمەن و یونانیەکان، ئەمانە هەڵگەڕاوەن لە خەلافەت و ئاینی ئیسلامدا. بە واتایەکی تر، ئەمانە کافرن و دژ بە موسلمانان دەجەنگن. هەر ئەمەش وایکرد کوردانی سونە مەزهەب نەچنە پاڵ بزاڤی کۆچگیری، بەڵکوو بچنە پاڵ دەوڵەتی توردک و دژ بە ئەرمەن و ویونانیەکان بجەنگن، بێ ئەوەی تاکی کورد درک بەو راستیە بکات و بزانێت، کاتێک تاکێک لەدایک دەبێت پێش ئەوەی خاوەن ئاینێکی دیارکراو بێت، ئەوە خاوەن نەتەوەیەکی دیاریکراوە، واتە ئاین شتێکی تایبەتییە و پەیوەندی بە هەڵبژاردەی تاکە وە هەیە، لە زۆربەی ئاینەکانیشدا تاک لە هەڵبژاردنی ئاینەکەیدا ئازادە. هەروا لەپاڵ ئەوەشدا کوردانی باکوور دەرکیان بەوە نەکردبوو کە دەوڵەتی نوێی تورک، ئامانجی دەوڵەتێکی سیکۆلاریزم و ناسیۆنالیستی تورکییە، بەڵکە ئەوان وایان بیر دەکردەوە کە ئەم دەوڵەتە تازە دامەزراوەی تورک، بەهەمان شێوەی خەلافەتی عوسمانی دەوڵەتیکی ئاینییە، کورد و تورک لەم دەوڵەتەدا لەسەر بنەمای برایەتی ئاینیی تێیدا دەژین. واتە کرانەوەی سیستەمی ئەو کاتی دەوڵەتی تورک هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی کورد بەلاڕێ داببات.

لە لایەکی تریشەوە زۆربەی بزاڤە چەکدارییەکانی کورد، بوونەتە قوربانی بەرژەوەندییە تایبەتییەکان. بزاڤی چەکداری کۆچگیریش بۆئەوەی لەوناوچەیەی کە تێیدا هەڵگیرساوە زێدەتر پەرە نەسەنێت و ناوچەکانی تری باکووری کوردستان نەگرێتەوە و، کەسایەتی و سەرۆک عەشیرەتەکانی تری کورد نەچنە پاڵ ئەم بزاڤە و پشتگیری لێ نەکەن و بەر بە فراوانبوونی ئەم بزاڤە بگیرێت، ئەوا پێشنیاری پێدانی پلە و پۆست بۆ کەسایەتی و سەرۆک عەشیرەتەکانی کورد کرا لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە، ئەوانیش بە هۆی نەبوونی هۆشیاری نەتەوایەتی و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، پشتیان کردە ئەم بزاڤە چەکدارییە.

لە کۆتای ئەم نووسینەش دەگەین بەوەی، کە داوای داگیرکردن و دابەشکردنی کوردستان، ئەوا کورد بوو بە ژێر دەستەی عەرەب، عەجەم و فارس. کوردیش بۆ ئەوەی لەم ژێردەستیی ڕزگاری بێت، ئەوا پەنای بۆ شۆڕش و بزاڤی چەکداری دژ بە داگیرکەران بردووە. هەروا زۆربەی بزاڤە چەکدارییەکانی کوردیش لەو کاتانەدا سەریان هەڵداوە کاتێک بینیویانە داگیرکەرەکانیان لاوازن و لە تەنگەژەی ئابووری و سیاسیدان، ئەوانیش ئەم لاوازیەیان بە دەرفەت زانیووە و بزاڤی چەکداریان دژ بە داگیرکەران بەرپا کردووە. بزاڤی چەکداری کۆچگیریش وەک هەر بزاڤێکی تری کوردستان، کاتێک بینیویەتی داگیرکەر لاوازە و لە تەنگەژەی سیاسی و ئابووریدایە، ئەوا ئەم لاوازییەی وەک دەرفەتێک بەکار هێناوە بۆ هەڵگیرساندنی بزاڤێکی چەکداری دژ بە داگیرکەر. هەروەها ناتوانین بڵێین بزاڤی کۆچگیری بزاڤیکی ناسیۆنالیستی بووە، یاخود خاوەن ئامانجیکی  نەتەوایەتی و ڕزگاری تەواوی باکووری کوردستان بووە، چونکە ئەم بزاڤە ئامانجی بەدەستهینانی خودموختاری لە دەوڵەتی نوێی تورکیادا بووە، نەوەک دامەزراندنی دەوڵەتیکی نەتەوەی تایبەت بە بەخۆی. لە لایەکی تریشەوە، ئەم بزاڤە چەکدارییە نەیتوانیووە سنووری بزاڤەکەی بەرفراوان بکات و هەموو کوردستانی باکوور بگرێتەوە، بەلکە ئەم بزاڤە تەنها لە ناوچەیەکی باکووری کوردستان تێپەری نەکردووە. بۆیە لێرەدا دەتوانین بڵێین ئەم بزاڤە بزاڤێکی ناوچەیی بووە نەک بزاڤێکی ناسیۆنالیستی. هەروا سەرانی ئەم بزاڤە نەیتوانیە هەموو تاکەکانی کورد لەژێر یەک چەتردا کۆ بکاتەوە و بەرەو ئامانجی ڕزگاری نیشتیمان ئاراستەیان بکات و هەستێکی ناسیۆنالیستیان پی ببەخشێت.

هەروەها یەکێک لەو هۆکارانەی کە بەردەوام بووتە هۆی شکستی بزاڤە چەکدارییەکانی کورد، هۆکاری ئاینی بووە، چونکە کورد لەگەل داگیرکەرانی هاو ئاینە، بۆیە داگیرکەران بۆ ئەوەی سۆزی کورد بەڵای خۆیاندا ڕابکێشن و وابەستەی خۆیان بکەن، ئەوا ئاینیان بەکار هێناوە. داگیرکەری تورکیش بۆ ئەوەی بەر بە فراوانبوونی بزاڤی کۆچگیری بگرێت، ئەوا سوودی لە ئاین بینیوە بۆ پەرتەوازەکردن و لاوازکردنی، چونکە ئەم بزاڤە چەکدارییە لە کاتێکدا سەری هەڵدا، کە لەو کاتەدا تورک لەگەل ئەرمەن و یونانیەکان لە جەنگدا بوو، بەمەش داگیرکەر سەرانی بزاڤی کۆچگیریان وا پیشاندا، کە ڵەگەل کافرەکاندا(ئەرمەن و یونانییەکان) دژ بە ئاین و موسلمانان دەجەنگن. ئەم هۆکارەش وایکرد ناوچەکانی تری باکووری کوردستان نەچنە پاڵ بزاڤی کۆچگیری.

هەروا ئەو داواکاریانەی بزاڤی کۆچگیری لە داگیرکەری هەبوو، هەموو داواکاریەکان داواکاری ناوچەی و دوور لە داواکاری ناسیۆنالیستی بوون، لەوانەیە هەندێک ڕەگەزی نەتەوایەتیان تێدابووبیت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەینێت کە ئەم بزاڤە بزاڤێکی ناسیۆنالیستی بووە، تەنها شت ئەوەیە کە ئەم بزاڤە لە لایەن سەرۆک عەشیرەتێکی کورد و لە ناوچەیەکی کوردی هەڵگیرساوە و چەند داواکاریەکی ناوچەی لە دەوڵەتی تورک هەبووە. بەم پێیەش لەژیر ڕۆشنای تیۆری گێلنەر، ناتوانین بلێین ئەم بزاڤە بزاڤێکی ناسیۆنالستی بووە، یاخود پالنەرێکی ناسیۆنالستی هەبووە، هەر وەک گێلنەریش پێی وایە “ناسیۆنالیزم بیدارکردنەوەی نەتەوە نییە بۆ خود ناسین، بەڵکو داهێنانی نەتەوەیە لەو شوێنەدا کە نەتەوە بوونی نییە”، واتە ئەوە ناسیۆنالیزمە نەتەوە دروست دەکات نەک بە پێچەوانەوە کە نەتەوە ناسیۆنالیزم دروست بکات.

 

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی بۆ ئه‌م نووسینه‌ سوودیان لێوه‌رگیراوه‌:

  • رۆمانۆ، دەیڤید (٢٠٢٠). بزاڤی ناسیونالیستی کورد دەرفەت، ڕێکخستن، ناسنامە. و: هۆمەر فەیزی. سلێمانی، چاپخانەی تاران.
  • عەلی، جەحفەر (٢٠١٣).ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیزمی کوردی. چاپی دووەم، هەولێر، چاپخانەی رۆژهەڵات.
  • گێلنەر، ئێرنێست(٢٠١٣). ناسیۆنالیزم. و: عەبدوڵڵا رەسول.
  • ماکداوڵ، دەیڤید(٢٠١٩). مێژووی هاوچەرخی کورد. و: د.ئەبوبەکر خۆشناو. چاپی سێیەم، هەولێر، ناوەندی ئاوێر.
  • میرزادەیی، ئاکۆ (٢٠١٩). مێژووی دێرینی کورد.چاپی یەکەم. چاپخانەی مێخەک.
  • هەڵیدای، فرید(٢٠١٧). ناسیونالیزم ڕێبازیکی سیاسی بۆ بنیاتنانی وڵات. چەند نووسەرێک و: د.ئەنوەر محەمەد فەرەج، چاپی یەکەم، سلێمانی، چاپخانەی سەردەم.
  • هەندرێن(٢٠١٨). ناسیۆنالیزم. زانکۆی سۆران.
تاگهزر
بڵاوکردنەوە: