ژنە جوو و پیاوە نازییەکە… چیرۆکی ئەڤینی هانا ئارێنت و مارتین هایدیگەر

156
0
بڵاوکردنەوە:

ئەگەرچی هانا ئارێنت مامۆستاکەی خۆی بە “ڕێوی” ناو دەبرد، لەکۆتاییدا هەست و سۆزەکان بەسەر ژاوەژاوی مشتومڕەکاندا سەرکەوتن.

 

ئیبراهیم عەریس

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

ئاشکرایە هیچ پەیوەندییەکی ئەوینداریی لە نێوان داهێنەرێکی پیاو و ئافرەتێکی داهێنەردا، لەلایەن نووسەران و مێژوونووسانەوە لە ڕێگای کتێب و لێکۆڵینەوە و شیکارییەوە، بارتەقای پەیوەندیی نێوان هانا ئارێنتی ژنە فەیلەسووفی ئەڵمان-ئەمەریکی و مارتین هایدیگەری فەیلەسووفی ئەڵمانی مامۆستایدا گرنگیی و بایەخی پێ نەدراوە.

هۆکاری ئەوەیش بۆ نامۆیی و سەرسوڕهێنیی پەیوەندیی ئەڤینداریی نێوانیان و ئەو ماوە کاتییە دوورودرێژە دەگەڕێتەوە کە خایاندی، هەروەها لەبەرئەوەی ئارێنت جوویەک بوو بەگژ نازیزمدا چووەوە، بەڵام دەتوانرێت بگوترێت هایدیگەری کاتۆلیکباوەڕ لەگەڵ نازیزمدا ڕێک بوو و لە نزیکەوە هاوکاریی کرد ئەگەر پشتیوانییشی نەکردبێت و فەلسەفەکەی خۆی تەرخانی خزمەتکردنی نەکردبێت.

کێشەی ئارێنت ئەوەیە بەدرێژایی ئەو ماوەیەی هایدیگەر تیایدا خزمەتی نازییەکانی کرد بەردەوام پاڵپشتیی لە هایدیگەر کرد بەبێ ئەوەی دەست لە پەیوەندیی خۆی لەگەڵیدا هەڵبگرێت ئەگەرچی دواتر دەقێکی تایبەتی بۆ تەرخانکرد تیایدا بە ڕێوی شوبهاند.

ئەڤین یان دڵبەستەییی هزریی؟

کاتێک ئارێنت چاوی بە هایدیگەر کەوت لای هایدگەر خوێندکاری خوێندنی فەلسەفە بوو و تازەکیی تەمەنی هەرزەکاریی جێهێشتبوو و بیر و هزرە قووڵەکان بەخێرایی کاریان تێ دەکرد، هەر بۆیە شتێکی ئاسایی و سروشتیی بوو دڵبەستەی ببێت لە کاتێکدا کە هایدیگەر لە بواری هزر و فەلسەفەدا ئەستێرەیەکی درەوشاوە بوو.

گەرچی هایدیگەر لە ساڵی١٩٣٣دا پەیوەندیی کردەییی خۆی لەگەڵ نازیزمدا دەستپێکردبوو، بەڵام ئەو پەیوەندییە لە ئەنجامی پێویستیی هایدیگەر نەبوو بۆ نازییەکان بەڵکو زادەی پێویستیی نازییەکان بوو بۆ ئەو.

لەبەرئەوەی لەو کاتەدا هێشتا ئارێنت، نە ئەو و نە کەسی تری بێجگە لە ئەویش، دەرکی بەو مەترسییە نەدەکرد کە نازیزم هەیەتی، ئاشکرایە زۆر ئاوڕی لە پەیوەندیی “یار”ەکەی لەگەڵ ئەو کەسانەدا نەدایەوە کە دواتر لەسەر چەندین ئاست دەبن بە دوژمنی، بەتایبەتی کاتێک کە تاوانە تۆقێنەرەکانیان لە دژی جوو و هەروەها لە دژی هەموو مرۆڤایەتییش ئەنجام دەدەن.

ڕاستە گەورە فەیلەسووفە ئەڵمانییەکەی تر و دیسان مامۆستای ئارێنت، واتە کارل یاسپەرس، زیاد لە جارێک ئارێنتی لە مەترسیی ئەو پەیوەندییە وریا کردەوە بەڵام وادیارە ئەڤینەکە لە ئارێنت بەهێزتر بوو و وادیارە بەدرێژایی قۆناغەکانی دواتری ژیانیشی هەر لەو بە بەهێزتر دەمێنێتەوە، ئەگەرچی پەیوەندیی ئارێنت لەگەڵ هایدیگەر، لایەنی کەم سەبارەت بە ڕووە پڕ لە تاسە و تامەزرۆییەکەی، لە ساڵی١٩٢٥دا بەفەڕمیی کۆتایی هات، بەڵکو لە ساڵی١٩٥٠دا، کاتێک کە سەرلەنوێ دیداری هایدیگەر دەکات، پەیوەندییەکەی لەگەڵیدا دروست دەکاتەوە.

بەسەرهاتی ئایخمان

ڕەنگە چاوپێکەوتنەکەی ساڵی١٩٥٠ هۆکاری بەکارهێنانی ئەو جبەخانە هزرییە بێت لە دژی لە ماوەی ئەو شەست ساڵە و دواتردا، بەتایبەتی کاتێک کە کتێبەکەی خۆی دەربارەی ئایخمان “پووچێتیی خراپە” بڵاوکردەوە کە وەک دەزانین بە هیچ جۆرێک جێی ڕەزامەندیی بیرمەندە سەهیۆنییەکان نەبوو کە تیایدا تێنەگەیشتن لەوەی هەڵوێستەکەی تیایدا بە کارتێکرانی پێشتری بە هایدیگەرەوە گرێ بدەن.

یەکێک لەو کەسانەی لە کاتی خۆیدا زۆر بەتوندیی هێرشی کردە سەر ئارێنت ویسەرشتین-ی لێکۆڵیار بوو کە کتێبێکی گرنگی سەبارەت بە هیتلەر نووسی، بەڵام هێندەی نەبرد ناوبراو بازنەی هێڵی پڕگاڵەکەی خۆی فراوانکرد و لە بایەخی ئەو “لاوازییە ئایدیۆلۆژیی”ـەی کەم کردەوە کە تایبەتمەندییەکی کتێبی “ڕیشەکانی تۆتالیتاریزم”ی ئارێنتە، ئەگەرچی ژمارەیەک لە بیریارە جووەکان و لەنێویشیاندا ئیزایا بێرلین و واڵتەر لوکور و وێڕای ئەوانیش ڕیمۆند ئارۆنی فەڕەنسی پێشتر پەسنیان دابوو.

لێرەوە چەندین هەوڵ بۆ لێدان لە ئارێنت و بۆچوونەکانی دەستیانپێکرد بە هۆی ئەو بەدواداچوونەوە بە دوای دادگاییکردنەکەی ئایخماندا چوو کە هەواڵگریی ئیسرائیل بە تۆمەتی بەرپرسیارێتیی لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی لە دژی جووەکان لە سەروەختی دووەمین جەنگی جیهاندا لە ئەرژەنتین ڕفاندی، ئەو بەدواداچوونەی ئارێنت کە لە ماوەیدا سەبارەت بە دادگاییەکە کاری نووسینی بۆ گۆڤاری “نیویۆرکەر” دەکرد لەو بیرۆکە و بۆچوونەوە سەری دەرکرد باس لە نابەرپرسیارێتیی فەرمانبەر لەو خراپەیە دەکات کە بە فەرمانی سەرۆکەکانی ئەنجامی دەدات.

ئەو بۆچوون و بیرۆکەیەی ئارێنت ئیسرائیلییەکانی زۆر تووڕە کرد، چونکە لەکاتێکدا ئەوان ویستیان دادگاییەکە ببێتە سەرکەوتنێکی مێژوویی بۆ ئیسرائیل، ئەو “کچە جووە گومڕایە” بە وتەی ڕۆژنامەکانی ئیسرائیل، کەلێنی لە دیواری کۆدەنگیی جووەکانی جیهاندا دروستکرد.

ئەقڵی فەلسەفیی هەرە گەورە

شتێکی ئاسایی و سروشتیی بوو ڕۆژنامەکان باسی ئەو چیرۆکە کۆنە سەبارەت بە پەیوەندیی ئەڤینداریی ئارێنت، لەگەڵ “فەیلەسووفی یەکەمی نازیزم”دا بەگوێرەی دەربڕینێک کە کاتی خۆی بڵاوکرایەوە بەرلەوەی لەدواییدا پەردەی بەسەردا دابدرێت چونکە ژمارەیەک فەیلەسووفی شێلگیرتر جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە هزری هایدیگەر تەنانەت لە خراپترین دەرکەوتنەکانیشیدا ناشێت وەکو هزرێکی نازیی لێی بڕوانرێت ئیتر پەیوەندیی هایدیگەر لەگەڵ نازییەکان هەرچۆنێک بووبێت، بقۆزنەوە کە بۆ مەبەستی تانەدان لە کتێبەکەی ئارێنت و کەمکردنەوە لە بایەخی پەیوەندییە جوویزمەکەی ناوبەناو بە ڕیتمێکی سەرسوڕهێن نوێ دەبووەوە. لەم چوارچێوەیەدا بابەتەکە لە ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی شێلگیر خاڵیی نەبوو کە ڕایانگەیاند و وتیان هایدیگەر تەنها دەتوانرێت وەکو ئەقڵی فەلسەفیی هەرە گەورە کە سەدەی بیست بەخۆیەوەی بینیوە لێی بڕوانرێت، بەم پێیە ئەو پەیوەندییەی ئارێنت لەگەڵیدا هەیبوو لەڕاستییدا پەیوەندییەکی تایبەت و کەسیی و تەنانەت لەسەر بونیادی هزرە فەلسەفییە مەزنەکەی بونیاد نرابوو نەک لەسەر هەڵوێستە سیاسییەکانی کە ئارێنت ناشێت لێیان ڕازی بێت بەڵکو زۆر بەتوندیی لەنێو دەقی دەربارەی “هایدیگەری ڕێوی”دا بەگژیدا چووەوە.

بڕێک داد

بەهەرحاڵ سەروەختێک لە ساڵی١٩٧٦دا مارتین هایدیگەر کۆچی دوایی کرد بە بیر و خەیاڵی کەسدا نەدەهات یاخود لایەنی کەم بە بیر و خەیاڵی خوێنەرەکانیدا، کە هەڵبەتە لە دەرەوەی بازنەی بایەخدانە فەلسەفییەکان زۆر نەبوون، نەدەهات سەرۆکایەتییکردنی ئەو بۆ زانکۆی ئەڵمانیی (زانکۆی فرایبۆرگ) لە ساڵی١٩٣٣دا ڕۆژێک لە ڕۆژان لەلایەن زۆرێک لە نەیارەکانییەوە وەکو چەکێک لە دژی بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتی لە دوادواییەکانی ساڵانی حەفتادا کاتێک کتێب و لێکۆڵێنەوە بڵاوبوونەوە تیایاندا بە تێوەگلان و بەشداریی نازیزم تاوانبار دەکرا و تەنانەت فەلسەفەکەیشیان بە فەلسەفەیەکی بێزیاد و کەم نازیی تۆمەتبار دەکرد!

بەهەرحاڵ ئەو هێرش و پەلامار و ئاشکراکردنە “ئابڕووبەرانە” ڕەچاوی ئەوەیان نەکرد کە هایدیگەر لەپاش ساڵێک لە وەرگرتنی ئەو پۆستە دەستی لێ کێشایەوە بەتایبەتی بە هۆی لە ڕیشەوە ناکۆکبوونی لە لەگەڵ ئەو سیاسەتە کلتوورییانەدا کە دەسەڵاتە نازییەکان پەیڕەویان دەکردن.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شەڕەی لە دژی هایدیگەر بەرپا کرا چەندین فەیلەسووف و بیرمەندی خۆرئاوا لە کەسانی دیار و بەناو و دەنگ لە دونیای زانکۆکانی ئەوروپا و ئەمەریکا بەگشتی هاتنە دەنگ و داکۆکییان لە هایدیگەر کرد و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە پەیوەندیی ناوبراو لەگەڵ نازیزم ئەگەرچی هەڵەی بیرمەندێکی گەورەیە و لێبووردنی نییە، لەکاتێکدا بوو هێشتا نازیزم لەسەر ئاستێکی فراوان وەکو ئایدیۆلۆژیایەکی خوێناویی و کوشندە دەرنەکەوتبوو.

ئەوانەی داکۆکییان لە هایدیگەر دەکرد دەیانتوانی لە داکۆکییکردنەکەیاندا پشت بە یەکێک لە گەورەترین فەیلەسووفە مرۆگەراکانی سەدەی بیست ببەستن کە کارل یاسپەرسە، هەروەها بە نووسینەکانی هانا ئارێنت کە لەو کاتەدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان نیشتەجێ بوو و دەژیا و دەشیا یەکێک لە گەورە پەلاماردەرانی فەلسەفەکەی هایدیگەر بووایە ئەگەر هایدیگەر بەڕاستیی نازیی بووایە، هەڵبەتە ئەوەیش لە سۆنگەی جوولەکەبوونەکەیەوە، بێگومان بێئەوەی ئەوەمان لەیاد بچێت کە بیرمەندە جووە ئەوروپییەکان لە سەرسەختترین پەلاماردەرانی هایدیگەر بوون.

هابرماس دێتە سەر خەت

پێویستە لێرەدا لای یەکێک لە گەورەترین فەیلەسووفانی ئەڵمان لە ماوەی نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا لابدەین ئەویش یۆرگن هابرماسی میراتگری قوتابخانەی فرانکفۆرتە کە یەکێک بوو لە سەرسەختترین ئەو کەسانەی بەرەنگاری نازیزم بووەوە، بە بڕوای هابرماس تەنها وەکو ڕووداوێکی تێپەڕ دەتوانرێت لەو هەڵمەتە بڕوانرێت، چونکە “فەلسەفەی ئەو مرۆڤە (مەبەستی لە هایدیگەرە) لەو هەڵمەتانە گەورەترە و ئامادەبوونی ئەو لە فەلسەفەی سەدەی بیستدا کۆڵەکەی سەرەکی هزری ئەو سەدەیەیە”، ئەم بۆچوونەیش بۆچوونێکە ئارێنت کە هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان سەرسامیی خۆی بە هایدیگەر نەشاردەوە پاش ئەوەی، بەو جۆرەی ئەو چیرۆکە دەڵێت کە بەدرێژایی ساڵان و لەنێو ئەو نووسینانەدا کە دەربارەی بابەتەکە دوواون بووەتە شتێکی بێچەند و چوون و دڵنیا، ماوەیەک کە پێشتر باسمان کرد خۆشەویستی بوو.

 

پڕۆژەیەکی بوونگەرایانە

بەهەرحاڵ، لە دەرەوەی پشتێنەی ئەو شەڕەدا کە دەسبەجێ بووە بڵقی سەر ئاو و لە بازنەی مشتومڕی دەستەبژێردا قەتیس مایەوە، مێژوونووسانی فەلسەفە دەڵێن ئەرکی بنەڕەتیی هایدیگەر تەواوکردنی ئەو پڕۆژە بوونگەراییە بوو کە هۆسێرل بناغەکەی دانا لە ڕێگای بەکارهێنانی “فینۆمینۆلۆژیا”کەی هۆسێرلەوە لە بواری هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بنەڕەتییەدا کە بەدرێژایی تەمەنی بەخۆیەوەی سەرقاڵ کرد کە پرسیاری؛ “بوون چییە؟”یە.

کتێبە سەرەکییەکەیشی؛ “بوون و کات”، بەو هەوڵە گەورەیە دادەنرێت کە ئەم فەیلەسووفە بۆ وەڵامدانەوەی ئەوە پرسیارە دای، چونکە دەبینین پەیوەندیی بوون لەگەڵ مرۆڤدا بە هەنگاوهەڵگرتن لە خودی مرۆڤ خۆیەوە دەستنیشان دەکات بەوپێیەی مرۆڤ ئەو هەبووەیە لێرە و لە ئێستادا، ئەوەیش لە ڕێگای ژمارەیەک پرسیارەوە کە ئەو کتێبەیان پڕ کردووە کە لە ساڵی١٩٢٧دا لە دووتووێی بەرگی هەشتەمی “ساڵنامەی فەلسەفە و لێکۆڵینەوەی فینۆمینۆلۆژیی”دا بڵاوبووەتەوە کە بە سەرپەرشتیی هۆسێرلی مامۆستای هەرە گەورەی هایدیگەر بڵاودەبووەوە.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: