هیراکلیتیس وەكوو فەیلەسووفی گۆڕان

96
0
بڵاوکردنەوە:

هیراکلیتیس وەكوو فەیلەسووفی گۆڕان

نووسینی: مەجید عەزیز

 

هیراکلیتیس یەکێکە لەبیرمەندە زۆر دیار و گرینگە یۆنانییە کۆنەکان، ناوبانگێکی زۆری لەمێژووی ترادیسیۆنی فەلسەفەی ڕۆژئاوادا هەیە، تەنانەت هەتاوەكوو ئێستاکەش لەڕادە و سنوورەکانی بیرکردنەوەیدا، کاریگەریی بەسەر دونیابینییەکانەوە ماوە، هەروەها لە کۆرسەکانی وەكوو مێژووی فەلسەفە و ئیتیکدا لە زانکۆکاندا ناوی بە زەقی دەهێنرێت و دەخوێندرێت. هیراکلیتیس لە ناوچەی لۆن، سەر بە شاری ئیفەسووس ژیانی بەسەر بردوە، وەكوو دەڵێن لەوە دەچێت هەرگیز ئەو شارەی بەجێ نەهێشتبێت، لەوە دەچێت لە دەوروبەری  (٥٤٠) لەدایک بووبێت، هەروەها (٤٨٠) پێش ژیانی مەسیح کۆچی دوایی کردبێت.

هیراکلیتیس سەرەڕای ئەوەی دەست دەخاتە سەر زۆر لە بیرۆکە فەلسەفییەكان، بەڵام لە تێگەشتن و ڕەنگدانەوەی کات و سەردەمەکەی خۆیدا، بەشێوەیەکی گشتی لەمێژووی فیکردا بە فەیلەسووفی گۆڕان و فڵەکس بەناوبانگە. ئەم گۆڕانەی هیراکلیتیس، هەردەم بیرمەندێکی ترمان بیر دەهێنێتەوە کە پەرەمێنداسە، ئەمەش كتومت بە پێچەوانەی فەلسەفەی گۆڕانەوە بەناوبانگە. لەبەر ئەمەیە هیراکلیتیس و پەرەمێنداس، زۆربەی جار ناویان پێکەوە دێت و پێکەوە باسیان لێوە دەکرێت، دیارە ئەمەش لەبەر ئەو جیاوازییە زۆر ڕادیکاڵەی لەنێوانیاندا هەیە. ئەگەرچی لەیەکتری جیاوازن، بەڵام کەم نین لەوانەی لێک نزیکیش دەیانبینن. هیراکلیتیس و پەرەمێدەس واپێدەچێت لەیەک سەردەمدا ژیابن.

هیراکلیتیس، ئاماژەی قووڵی فەلسەفی بە بوون و گەردوون و جیهان و مرۆڤ دەکات لەناو گۆڕانێکی بەردەوامدا، پەرەمێنداس بەدواییدا دێت و بە هەموو شێوەیەک ئەو گۆڕانە بەردەوامە دەخاتە بەردەم ڕەخنەوە و گۆڕان بە وەهم و حاڵەتێکی ڕانەوەستاوی ناودەبات و بە لۆجیک و عەقڵانییەت بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی گۆڕان دەکات. شیعرەکەی پەرەمێنداس لەسەر بوون، وەكوو بڵێی جۆرە وەڵامێک بێت بۆ بیرکردنەوەی هیراکلایتیسی  گۆڕان (بیکەمینگ). پەرەمێندەس ڕادیکاڵترین فەلسەفە بەرهەم دەهێنێت، گوایە بوونی ڕاستەقینە ئەو بوونەیە یەک بێت و لەخۆی بچێت، ئەو بوونەیە کە نابێت ڕێگە و مامەڵەی خۆی لەگەڵ گۆڕاندا بکات، چونكە گۆڕان لەبەرئ ەوەی هەردەم بەندە بەدونیای تێمپۆڕاڵەوە لەناو ئەم جیهانەی ئێمە. ئەم گۆڕانە بەردەوامە ناتوانێت بەتەواوەتی وەكوو شتێک بمێنێتەوە، گۆڕانی بەسەردا نەیەت، ناتوانێت بەو شێوەیە پارێزگاری لە حەقیقەت بکات، لەبەر ئەوە دونیای تێمپۆڕاڵ دونیایەکی کاتی و وەهمییە، بە هەموو شیوەیەکیش بەدوورە لەڕاستی و حەقیقەتەوە.

ئەوەی هیراکلیتیس بە مێژووی فکر و فەلسلەفە دەخاتە پێشەوە و زۆری دەناسێنێت، زۆر بیرۆکە و ئاماژەی گرینگ و جەوهەری فەلسەفین، بەڵام تێزەی گۆڕان ڕەنگە گرینگترین و جەوهەریترین تێزەیەک بێت لەئاست ئاماژەکردن و باسکردنی ئەم بیرمەندەدا.  تێزەی گۆڕان وەكوو ئیمزای هیراکلیتیس وایە بۆفەلسەفە کاتێک باس لەمێژووی فەلسەفەی کۆنی یۆنانی دەکرێت، چونكە بێجگە لەوەی زۆر ئاماژە بەگۆڕان دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا زۆری بیرو تێزەکانی تریشی، کەم تا زۆر، پابەندن بەم تێزەی گۆڕانەوە لەناو بوونو دوونیادا. بۆ نموونە دەڵێت: ، “هیچ شتێ به‌رگه‌ناگرێت ته‌نیا گۆڕان نه‌بێت”

هیراکلیتیس بیرمەنەدێکی زۆر جیاوازە لە زۆری فەیلەسووفەکانی پێشوو، تەنانەت پاشی خۆیشی، بۆ نموونە وەكوو تالیس و زینفۆن و ئەنێگزامەنیس و ئەنێگزامێندرەو، دواییش ئەفلاتوون و ئەرستۆ لەدوای خۆی و ئەوانەی زۆر کاریگەرن بە بیرکردنەوەکانی لەمێژووی کۆندا بەزۆری ڕەنگە سینیکەکان بووبن، دیارترینیان دیۆگینیس بێت. هزری هیراکلیتیس، وەكوو زۆربەی فەیلەسووفەکانی سەردەمی پێش-سوکرات زەمینەی بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفی و عەقلانییەت خۆش دەکەن، بەتوندی ڕەخنەی بیرکردنەوەی پشت بەستوو بەمیتۆلۆجی (ئەفسانەگەرێتی) دەکات، بەتایبەتی هیراکلتیس نەوەک هەر شاعیرەکانی وەكوو هۆمەرو هیسۆید، بەڵكوو زۆر بە توندی ئاماژە بە فیساگۆراس و زینفۆنیش دەکات. هیراکلیتیس، وەكوو بیرمەندەکانی پێش خۆی سروشتیو مەتریالیستیانە تەماشای گەردوون دەکات، ئەگەرچی لەبری ئەوەی هەمان بیرۆکەکانی ئەوان، وەكوو ئەوەی بوون لەئاوەوە دروستکرابێت( تالیس)، یان بوون لە هەواوە دروستکرابێت(ئەنگزامێنیس)، بەڵام لەوە دەچێت جۆرە نزیکیەکی لەگەڵ ئەنەگزامێندەردا هەبێت کە بوون بۆ ئەو نە ئاوە و نە هەواشە، بەڵكوو وەكوو هێزێکی بێسنوور و ڕانەگیرە. ئەگەرچی هیراکلیتیس، لە هەندەێک بڕگەکانیدا، ئاماژە بەوەدەکات گوایا هەموو شتێک لەئاگرەوە پەیدابووبێت، بەڵام ئەمەش هەر لەژێرسەرنجی ئەوەدایە، ڕەنگە هیراکلیتیس ئەوئاگرەی وەكوو میتافۆر بەکارهێنابىێت. بەڵام بیرۆکەی لۆگۆسەکەی ئاماژەیە بۆ تەماشاکردنی بوون وەكوو سیستەمێک کە جۆرە هێزێکی وایە، خۆی بۆخۆی دەبات بەڕێوە. لۆگۆسی هیراکلیتیسی، جۆرە جیهانێکە لەیەکێتیەکی پڕ ناکۆکو دژو جیاوازییەکان پێکهاتووە، جیهانێکە بەبێ چەمکی دووانەیی شتەکان ناتوانێت بوونی هەبێت. بۆ نموونە، لەبڕگەی سیوشەشدا، دەڵێت: “بەیاسای گەردوون،وەكوو رۆژ ئەنجامی شەوە، ئاواش زستان ئەنجامی هاوینە، جەنگ بۆ ئاشتی، زۆری ئەنجامی قاتووقڕی”

بەرهەمی هیراکلیتیس، هەم وەكوو ناوەڕۆکو هەم وەكوو فۆرمییش، سەربەڕەگەزێکی فەلسەفی جیاوازە لەبیرکردنەوەو شێوازی نووسینیش. ئەوەی هەیەو دەخوێنرێتەوە لەژێرناوی هیراکلیتیسدا، سەدووسی نووسینی بڕگەیی كورتن کە لەناو ئەم نووسینە زۆر کەم و كورتانەدا، ئاماژەی زۆر قووڵ و چڕوپڕی سەبارەت بە جیهان، گەردوون، جەنگ، ئاگر، قەیران/ناکۆکی، مرۆڤو کۆمەڵگا، گۆڕان، مەعریفە، هەروەها ئیتیکو زۆری شتی تریش دەکات.

هیراکلیتیس لە سەردەمی خۆیەوە تاوەكوو دوای سەردەمی خۆی، تەنانەت هەتاوەكوو دونیای ئێستاکەش، بە جددی خوێندراوە و کاریگەری زۆری لەدوای خۆی بەجێ هێشتەوە. هیراکلیتیس، وا پێ دەچیت لەبەر ئەوەی توینێتی بە یەک قاڵب و یەک قوتابخانەی فەلسەفی نەشکابێت، شیوازی نووسینەکانی نائاشکرا و ئاڵۆز و قورسن، لەبەرئەوە بەزۆر قوتابخانە و شێوازی بیرکردنەوەی فەلسەفی ناوی هێنراوە، بۆ نموونە وەكوو مەتریالیست، مۆنیست، میستیک، ناتورالیست، ڕاشینالیست و تا دوایی.  ئەمە وای لێ كردووە، هزری هیراکلیتیس خوێندنەوەی زۆر و چڕ بخوازێت، لەگەڵ ئەمەشدا هەردەم لەگەڵ بەشێک ئاڵۆزی و نائاشکرایی دەمێنینەوە.  ئیدی ئەگەر ئەوانەی گرینگیان پێ داوە، سکاڵەر و تایبەتمەند بن بە میژووی فەلسەفەوە، یان دەروونناس و ئەدیب و هونەرمەند و شاعیرەکان بووبن، چونكە هیراکلیتیس بەسەر زۆرینەی نووسەرە جیاواز و کێڵگە جیاوازەکانی نووسینەوە کاریگەری خۆی بەجێ هشتوە، بۆ نموونە وەكوو هیگڵ و مارکس و نیتشە و کاڕک یۆنگ و زۆری تریش.

هەروەها شایانی باسیشە، لەبەر شێواز و ستایڵی دەربڕینە كورت و ئاڵۆزەکانی، وەكوو دیاردەی نائاشكرا و شاردراوە لە دەربڕینی مەبەست و مانای جەوهەریی بڕگەکانی، لەبەر ئەم هۆیە سەرەکییانەش وەكوو میستیک و شاعیرێکیش ناسراوە و ناوی دەهێنێرێت. هیراکلیتیس وەكوو جۆرە بیرمەندێکی خوودگەرا، یان بوونگەرایەک دەبینرێت و وەرگیراوە، بۆ نموونە لەو سەردەمەی خۆیدا بەشێوەیەکی ڕەوان، لە بڕگەی هەشتادا، دەڵێت:  “بەدواگەڕانی حیکمەت ئەوەبکەن کە من ئەیکەم: لەناخەوە بگەڕێن ”

هیراکلیتیس لەوە دەچێت کە بیرمەند و نووسەرێکی زۆر پاپیولەر بێت و سەرنجڕاکێش بێت بەلای خوێنەرە تایبەتیەکانییەوە، دیارە ئەمە ڕاستیی خۆی تیادایە بۆ کاتە جیاوازەکانی سەردەمی مێژووی فکر و فەلسەفە، چونكە جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ بیرمەندەکانی سەردەمی خۆی و دوای خۆیدا، ئەمە ڕاستە لە ئاستی ناوەڕۆک و فۆرمیشەوە. بەگشتی زۆر زۆر توندە بەرانبەر زۆرینەی بیرمەندەکانی پێش خۆی، لە چەند شوێنێکدا ناوی فیساگۆراسو تالیس و زینفۆن دەهێنێت. هێرشی زۆر دەکاتە سەر زۆرینەی ئەوانەی ناویان دەهێنێت، بۆ نموونە وەكوو شاعیرەکان هۆمەر و هیسیۆد، بۆ نموونە لەبڕگەی چلوسیدا دەڵێت: “ئەو شاعیرە گەمژەیە کێشەی لەناوماندا نەوێت، خواکان یان خەڵکی. هارمۆنیا پێویستی بەنزمیو بەرزی هەیە، وەدرووسکردنی مناڵ پێویستی بە ژن و پیاو هەیە” بەڵام  لەوە دەچێت کاریگەری ئەنگزامێندەری بەسەرە وەبێت، ئەگەرچی دونیای بیرۆکەکان لەلای هیراکلیتیس پێگەییوتر پێشکەش کراون وەكوو ئەوانەی لەلای پێش خۆی.

ئەگەر هیراکلیتیس، بەشێوەیەکی زۆر جیاواز و قووڵ ناوی لەژێر زۆر لەقوتابخانە فەلسەفییەكان بێت و ئاماژی بۆ بکرێت، ئەوا بەوشێوازەی نووسینی نووسیوە و بیر و ئایدیاکانی خۆی دەربریوە، بۆ نموونە یەکێک دەتوانێت وەكوو پۆستمۆدێرنێکیش بیبیێت، بۆ نموونە تەماشاکردنی ژیان و كۆمەڵگە و گەردوون هەردەم لەناو دووفاقیەتی خۆیاندا و بوونی گۆڕان وەكوو حاڵەتێکی بەردەوام لەناو جیهاندا، ڕەنگە بیرۆکەی ڕێژەگەراییمان لەلا دروست بکات بەرانبەری بیرکردنەوەی، بەڵام لەوە ناچێت. بەڵام بێگوومان هیراکلیتیس وەكوو بیرمەندێکی پلورالیستیش دەردەکەوێت، کە ئەمەش باسی شووناسو جیاوازی و فرەیی دەهێنێتە پیشەوە. چونكە خوێندنەوەی هیراکلیتیس زیاتر وەكوو جۆرە نووسەرێک دەبیندرێت کە جۆرە میتۆدێکی دەروونی بەکاربهێنێت، وەک لەوەی پڕاوپڕ فەلسەفیانەی ڕووت بێت و هەروەها شێوازی ئاڵۆزو پڕ نائاشكرا و بڕگەی شیعری، هەروەها بوونی بیرۆکەی دژەکان و قەیران لەناو بووندا هەردەمیش، ئەمەش وا لەیەکێک دەکات بیرۆکەی ڕاستی و حەقیقەت وەكوو ئاڕاستەیەکی ڕەها نەیەتە پێش چاوی.

دیارە پاپیولەرێتی هیراکلیتیس، دەگەڕێتەوە بۆ جۆر و شێوازی نووسینە كورت و چڕوپڕەکانی سەبارەت بە دونیا، گەردوون، خوداوەند، ئەخلاق، كۆمەڵگە، لەدیدە دووفاقییەکەیەوە بۆ شتەکان لەناو گەمەی بیرۆکەی یەکێتی و جیاوازی و گۆڕاندا دەکات . ئەم جۆرە دیدە هیراکلیتیسە لەلای نیتشەو هیگڵو هایدیگەر بەئاسانی دەبینرێتو هەستی پێ دەکرێت، هەروەها نووسینەکانی (بڕگەکانی)، هەروەها شێوازی نووسینی بۆ نموونە، وەكوو لۆدیڤگ فنگشتاین بەراورد دەکرێت و لێکنزیکییان بەئاسانی دەبیندرێت. چونكە هەردووک ستایلی ئەفۆریزمیان وەكوو نووسین بەکار هێناوە و هونەرێکی تایبەتی تیایاندا بەدی دەکرێت لەبەردەم هەوڵی قووڵبوونەوەدا لەچەند وشەیەکدا، ئەمە بەدڵنیایییەوە لەلای نیتشە هەیە. هیراکلیتیس ئەگەر دۆست و خوێنەری خۆی هەبێت، ئەوا ناحەزیشی هەیە.

ئەگەرچی هەر لە سەردەمی ئەفلاتوونەوە ناحەزی زۆریشی هەبووە کە وەكوو فەیلەسووف نایبینن و گرینگی زۆری پێنادەن لەبەر ناڕۆشنی زمانی ڕەمزیو شیعری دەربڕینەکانی، بۆ نموونە ئەرستۆو تیفۆفراستووس گازندەی ئەوەی لێ دەکەن، نووسینەکانی وەكوو ناڕوون و ئاشکرا ناکامڵن. ” ئەرستۆ تێبینی ئەوەی کردووە، نووسینەکانی هیراکلیتیس هەردەم نائاشکران، وە تیۆفراستووسیش ئاماژەی بەوەکردوە کە هیراکلیتیس نووسینەکانی هەندێک جار بەتەواونەکراوی جێ هێشتووە، هەندێک جار لەگەڵ خۆیدا کەوتووەتە ناکۆکییەوە. لەبەر ئەوە جۆرە بێهوودەییەکی بەرهەم هێناوە”(لاپەڕە،٣٣)

Hussey, Edward.  The pre-Socratics.  Classical life and letters.

New York: Charles Scribner’s sons, 1972.

بۆ نموونە لەبڕگەی دەدا، دەڵێت: ” شتەکان نهێنیی خۆیان دەپارێزن” ئەگەرچێ ئەمە زۆرجار بە”سروشت نهێنی خۆی دەپارێزێت” بەکارهێنراوە. دێڕێکی بەوشێوەیە، بۆ جۆرە بیرمەندێک کە بەلۆجیکو سەلماندنی هەموو شتێک کاربکات، ئاسان نابێت و ئازاری خۆی درووستدەکات، بەڵام گوومان لەوەدا نیە، کە لەوەدەچیت هیراکلیتیس بۆخۆی نەوەک هەر نووسەرێکی قووڵودەوڵەمەند بووە لەئاستی خەیاڵو سیمبوولو بیرکردنەوەی جیاوازدا، هەروەها لەوەدەچیت ڕەخنەگرانی بەلاوە زۆر گرینگ نەبووبێت، چونكە بۆخۆی چێژی زۆری لەوە بینیوە کە بەوشێوەیە نووسینی نووسیوە. یەکیک بۆ نموونە نووسەرانی وەكوو کیرکجاردو نیتشەو کۆریان تەنانەت کافکای دێتە بەرچاو لەم حاڵەتانەدا.

هەروەها شیوازو ناوەڕۆکی ئەو سەدوو سی بڕگانەی هەیە لەژێر ناوی هیراکلیتیسدا، بەشیوەیەک لەشیوەکان ئیشکالی وەرگێڕانو تەئویلکردنەوەو تێگەشتنی جیاوازیان بەرهەمهێناوە، لەبەرئەم هیراکلیتیس وەكوو فەیلەسووف، شاعیرو مستیکیش دەبینن. نووسینەکانی لەبەر ئەوەی بڕگەی كورتنو جۆرە حیکمەتێکی سەیریان تیادایەو خۆشیەکی شیعریشیان هەیە، ئیتر بەچەندین شێوەی جیاواز دەستیان کردوە. یەکێک لەگرینگترینیان نموونەی پەڕینەوەیە لەڕووبارەکە(ئاماژە زیاتر بەمەدەکەین). بەڵام تەواوی بڕگەکانی هیرالکیتیس ڕەنگدانەوەی فەلسەفیو تیۆلۆگیو کۆزمۆلۆجیو هەروەها کۆمەڵایەتیشیان هەیە.

هیراکلیتیس، ئەگەر زۆریشی نەنووسیبێت، ئەوا ئەوەی هەیە لەژێرناوی ئەوداو ماوەتەوە، چەند کەمو نائاشکراشبن، بەڵام لەڕێگەیانەوە ووروژاندنی جیهانی مەعریفە، ئیتیک، میتیافیزیک، سیاسەتو، کۆزمۆلۆجی، دواییش تیۆلۆجی هەستپێدەکەین، وەزۆربەی بڕگەکانی هەردەم قورساییان خستۆتە سەر ئەم جیهانو گەردوونەی تیایداین بەشێوەیەکی گشتی. بۆ نموونە لەبڕگەی سیانزەدا،دەڵێت: ” چاو، گوێچکە، هزر لەکردندا ئەمانە بەلامەوە بەنرخن” بەمانایەکی تر، هیراکلیتیس وەكوو دوالیستێک نابیندرێت، چەند ئەمەندەی لەگەڵ دیدی سروشتیو مەتریالیستیدایە بۆبوونو ئەمجیهانە. ئاماژە بۆخواکان دەکات، بەڵام لەوە دەچێت بزانێتو بەئاگابێت، لەوەی ئەم خوایانە لەچیرۆکو ئەفسانە زیاترنین، ئەگەرچی ئەم هەستکردنە فیکریو زانستیە، وەكوو سەرەتایەک بۆ مێژووی فکرو فەلسەفەی یۆنانی خۆجیاکردنەوەیەتی لەمێژووی خورافەو ئەفسانەو، هەورەها چیرۆکی مانیفێستکردنی سەرەتایەکی گرینگی فەلسەفەیە، عەقڵ دەکات بەسەرچاوەی تەماشاکردنی دونیاو شتەکانی دەوروبەری، هەروەها هێرشی توند دەکاتە سەر هیسۆیدو هۆمەر، دوو شاعیری دەمڕاستی کاریگەریو بڵاوکردنەوەی باوەڕی ئەفسانەگەرین. بۆ نموونە لەبڕگەی سیوحەوتدا دەڵێت: ” ئەگەر هەمووشتێک ببێتە دووکەڵ، لووت وای لێدێت کە ببێتە کورسی بڕیاردان”. وەرچەرخانی فەلسەفی لەتالیسەوە، ئیدی قووڵبونەوەو تێفکرینی مرۆڤە لەناو جیهان خۆیدا نەوەک شتێکی تر، ئەگەرچی باسکردنی ئاسمانو ئەستێرەکانیش وەكوو سەرەتاکانی ئەسترۆنۆمی گرینگی خۆیان هەیە.

لەمێژووی فەلسەفەدا، هیراکلیتیس بەزۆر دیدی فەلسەفی ناسراوەو بەناوبانگە، بەڵام ڕەنگە سەرەکیترینو گرینگترین تێزە هیراکلیتیسی پێبناسرێتەوە، ڕەنگە بریتی بێت لەچەمکی گۆڕان.  گۆڕان لەناو گەردوون، كۆمەڵگە و، سروشتدا، بۆ هیراکلیتیس بایەخێکی زۆر گرینگو سەنتراڵی هەیە، گۆڕانێکی بەردەوام لەهەموو کەناڵێکەوە، ئەم بیرۆکەی گۆڕانەیە، بۆ نموونە زۆر میتافۆری بۆبەکاردەهێنێت لەنووسینەکانیدا، بۆ نموونە میتافۆری وەكوو ئاگرو جەنگو ڕوبارو،تادوایی.  هەر خوودی ئەم تێزەیەی گۆڕانیشە، هیراکلیتیس لەبەردەم دوو فەیلەسووفی زۆر بەناوبانگی وەكوو پەرامێنداس و ئەفلاتوون دادەنێتو، ڕووبەڕووی جیاوازی ڕادیکاڵو لێکچووییان دەکاتەوە لەگەڵ یەکتریدا.  هەردووک پەرەمێنداسو ئیفلاتون بەفەیلەسووف گەلی ڕاشیناڵیستو لۆجیکەوان ناسروان. هیراکلتیس لەگەڵ ئەوەی بیرێکی قووڵو جەوهەری لەناو زمانی نووسیندا هەیە، بەڵام نائاشکراییو کەمی بەرهەمی دەبێتە ڕێگریش لەبەردەم تێگەشتنی زیاتر لەم بیرمەندە. ئەگەرچی ئەوەی دەخوێنرێتەوەو بەموڵکی هیراکلیتیس دەبیندرێتو دەزانرێت، کۆکراوەی ئەو سەدووسی بڕگە كورتانەن(ئەفۆریزم)، کە لەلایەن نووسەرو فەیلەسووفانی ترەوە هاتووەو کۆکراونەتوە لەژێر ناوی بڕگەکان(فراگمێنتس)چاپکراون.

لۆگۆس

بەلای چاڕڵس کانەوە، لۆگۆس بەزۆرمانا و لێکدانەوەی جیاواز دێت، بۆ نموونە دەتوانێت وەكوو “زمان/ئاخافتن،   دیسکۆرس،عەقڵ، پرانسیپو زەمینە، ستەیتمێنت، ژمارەگەری، لێکدانەوە، سەبەب، کۆکردنەوە،” (لاپەڕە، ٢٩

 

Charles H. Kahn. The art of thought of Heraclitus.

Cambridge, England: Cambridge university press, 1979

بەلای هیگڵەوە، هیراکلیتیس زۆر لەپێش پەرەمێندەسەوەیە وەكوو دیدگای فەلسەفی بەرانبەر بوونو بیکەمینگ، وەپێی وایە گرینگی هیراکلتیس بەسەر پەرەمێندەسدا هەیە لەئاست بیرۆکەی تێگەشتن لەبوون لەئاستی دایەلەکتیکیدا. وەپێی وایە، یەکەم بیرمەندە کە دیدی دایەلەکتیکی بەرهەمهێناوە. لۆگۆس وەكوو سیستەمی جیهان، یەکێتیەکە دژەکانی تیادایەو لەخۆکۆردۆتەوە، لەگەڵ هیراکلتیسدا تەخەیولی فەلسەفی لەدایکبوە. لۆگۆس وەكوو یەکێتی، وەهەرەها ، وە یەکێتی ناکۆکیەکان دێنە ناوزمانەوە. هەروەها سەبارەت بە لۆگیکەکەی خۆی دەڵێت: “هەموو پڕۆپۆزەڵێك لەلای هیراکلیتیس لەناو لۆجیکەکەمدا جێگەم بۆکردۆتەوە” دەیەوێت بڵێت ئەو لۆجیکەی لەلای من هەیەو ئاماژەی پێدەکەم لەلای هیراکلیتیس ئامادەیی هەیە.

لۆگۆس لەدیدە گشتیو بەرفراوانەکەیدا زمانو عەقڵو تێگەشتنو دایەلەکتیک دەگرێتەوە، بۆهیراکلتیس هەموو ئەمانەو دواییش ئاستی تەماشاکردنی گەردوونو جیهان وەكوو ئەو جۆرە  لۆگۆسە وایە، بۆ نموونە وەكوو زیرەکی ناوخوودی گەردوون خۆی، وەكوو ئەو لۆگۆسەی خۆی دەبات بەڕیوە. لۆگۆس وەكوو ڕێگەپێدانی زمانو قسەکردن دێت، ڤێربی (بۆئەوەی قسەبکەیت) دەکات، بەشیوە زۆر ئاسانەکەی مانای وشە دەکات، یان هەروەها چی ووتراوە لەناو زماندا دەکات. ئەگەر ئەمبیرۆکەیە مانای ئەوەبدات یەکێک توانای قسەکردنی باشی هەبێت و سەرکەوتوبێت و بەتوانا بێت لەدایەلۆگدا. ئەوا لۆگۆس مانای گووتارێکی عەقلانیمان(دیسکۆرسێکی ڕاشیناڵ) لەلادرووستدەکات، بەوپێیەی تێگەشتنمان لەلافەراهەم دەکات لەڕێگەی زمانەوە. ئیدی لەمڕوانگەیەوە، لۆگۆس مانای عەقڵانیەت، سەبەب، ئارگیومێنت دەداتو دەهێنێتەکایەوە. لەگەڵ ئەو لێکدانەوانەی سەرەوە، لۆگۆس بۆ هیراکلیتیس بناغەیەکی گرینگو جەوهەری هەیە وەكوو پرانسیپ، بەڵام پرانسیپێکی دیارو عامەیە، بۆ نموونە لە بڕگەیەکدا(بڕگەی ژمارە دوودا)، دەڵێت: “لۆگۆس شتێکی عامەیە بۆ هەمووان”، ڕەنگبێ ئەو حاڵەتە مرۆڤیەی هەمانە لەناو دونیادا بەشێوە عەقلانیەکەی بۆ هەمووان، ئەو زانراوییەی هەبێت وەكوو جۆرە حاڵەتێکی عامەبێت لەم ئاستەوە، ئەویش بوونی عەقلو ئیدراک، دەکاتە لۆگۆسەکە بۆهەمووان، یان هەمووان مافی ئەوەمان هەیە بتوانین کاری پێبکەینو بەتواناش بین لەبەکارهێنانیدا. یان ئەوەی کە دیارەو شتێکی زانراوە لەڕوانگەی هەمووانەوە، ئەوەیە دونیاو گەردوون کە تیایدا دەژین، دوونیایەکی بەوشێوەیەیە کە ڕاشیناڵەو بەشێوەیەکی عاقڵانە بەڕێوەدەچێتو، بەشێوەیەکی زیرەکانە ڕێکخراوە لەئاستێکی هارمۆنید(لۆگۆس). بۆ نموونە لە بڕگەیەکی تریدا، بڕگەی سەدوسیانزەدا، دەڵێت:  “بیرکردنەوە عامەیەو بۆهەمووانە” هەروەها لەبڕگەی یەکەمدا، ئاماژە بەوەش دەکات گوایا،”هەمووشتێک وەهادەکاتەوە کە لەگەڵ لۆگۆسدا وێک بکەوێتەوە” هەروەها لەبڕگەی چلویەکیشدا، دەڵێت: ،”حیکمەت یەکە،لەزانینی ئەو بیرەیە کە لەڕێگەیەوە هەمووشتێک دەخولێنێتەوە بەناو هەمووشتێکەوە” ئەگەرچی ئەمە بەئاسانی وەرناگێڕدرێت، بەڵام ئەوەی دیارەو ئاشکرایە، ئەوەیە بۆ هیراکلیتیس لۆگۆس وەكوو جۆرە هێزێکی دیڤاین یان مەزنی کۆزمۆیی وای هەیە، بۆخۆی وەكوو بەڕێوەچوونی تەواوی هەمووشتەکانی ناو جیهانو گەردوون بێت و بکات وەهایە.

بەڵام کاتێک هیراکلیتیس دەخوێنینەوە، بەشێوەیەک لەشێوەیاکن وادەرناکەوێت، لۆگۆس وەكوو مانای خواوەند بگەیەنێت، ئەگەرچێ شتێکی واشمان لەلادرووستبکات، ئەگەرچی لەبڕگەی یەکەمدا ئاماژە بەبوونی وشە دەکات وەكوو هێزێکی گەورە، وەئەمە لەمەسیحیەتدا بەئاشرا دەبینرێت، بەتایبەتی لەکتێبی جۆندا،” لەسەرەتدا بەتەنەنیا وشە هەبوو”

لۆگۆس هەرشتێک بێت، گریمان ماناو جەوهەری جۆرە خواوندێکیش بێت، بەڵام بۆ هیراکلیتیس ئەو لۆگۆسە، هەرگیز لەدەرەوەی ئەمجیهانە مەتریالیەوە نیە، وەلەبەر ئەوەی ئەمجیهانە بریتیە لەجیهانی دژەکان و بوونێکی سەقامگیری دووانەیی هەموو دیاردەو شتێک، ئیتر وەكوو بڵێی تەواوبوونی لەناو یەکجەمسەردا مەحاڵبێت، ئەگەرچی لەلای هیگڵ کۆتاییەک دەبێت هەبێت کە عەقڵ دەستی بەسەرداهەیە، ئەمەش لەپێناوی هەروەها سروشتی پرۆگرێستی ڕۆحە، کۆتایی مێژوو بەوشێوەیە دەڕوات، ئەمە بۆ مارکسیش هەر درووستە، چونكە جیهانی ڕۆح ناوێکی ترلێدەنێتو ئەویش مەتریالەو کۆتایی پێکدادانەکانی ناو دونیاش دەبێت لەسەردەستی نەمانی جیاوازی چینایەتی بێت. بەڵام هیراکلیتیس ئەمە وانابینێت، چووکە گەردوونێکی لەدژەکان و جیاوازی و گۆڕانو فڵەکس داناوەو هەرگیز کۆتایی نایەت لەو سرووشتەی هەیەتی.

ئەگەرچی بۆخۆشی ئاماژە بەئاڵۆزی و تێنەگەشتنی ئەم لۆگۆسەش دەکات، بۆ نموونە لەبڕگەی یەکەمی کتێبەکەیدا، دەڵێت: “ئاوایی ئەم لۆگۆسە هەردەم بەمشێوەیەیە، مرۆڤەکان هەرگیز لێی تێناگەن، نە لەپێشترو نەەدواتریش گوێیان لێی نەبوە. ئاوا بەوشێوەیە هەمووشتێک ڕوودەدات لەڕوانگەی ئەم لۆگۆسەوە، وادەردەکەوێ پیاوانی تر ئەزموونی ئەمەیان نەکردبێت کاتێک ڕووبەڕووی ئەو وشە و کردارانە دەبنەوە کە من دامڕشتوە، جیاکردنەوەی هەریەکێکیان لەڕوانگەی سروشتی خۆیانەوە وەئەوەبڵێن کەچۆنە. بەڵام ئەوپیاوانەی لەحاڵەتی کرداری بەخەبەربوونەوەی خۆیان تێناگەن، هەروەكوو لەبیریان بچێتەوە چی ئەکەن لەخەویاندا” ئەگەرچی لۆگۆس وەكوو حاڵەتێکی عامەیە بۆ زانینو تێگەشتن لێی، بەڵام هیراکلتیتیس ڕەشبینە لەبەردەم ئەوەی مرۆڤ بتوانێت لێی تێبگات. هیراکلیتیس وەكوو ئیڵیتست ناسراوەو ناوبانگی هەیە، هەروەها زۆر ڕەقیشە لەئاستی زۆربەدا.

بەمانایەکی تریش، لۆگۆسی هیراکلیتیس، ئەگەر بریتی بێت لەژیان و بوون، وە هەروەها نەتوانین لێی تێبگەینو لەسەری تێڕابمێنین، ئیدی هەستو عەقڵمان بەتەواوەتی بەکارناهێنین لەوپێناوەداو، لەبیری دەکەین ئەگەرچی لەناویداینو لەناویشیدا دەژین، کەواتە دەبەنگیو گەمژەیی زەفەرمان پێدەباتو فریای  بیرکردنەوە ناکەوین چونكە شتی ڕووکەشو ئارەزووەکانمان هەڵماندەخەڵەتێنن. ئەم حاڵەتە، بەجۆرێک لەجۆرەکان وەكوو لەبیرکردنی پرسیاری بوون بێت لەلای هایدیگەر، بیریشمان نەچێت مارتن هایدیگەر لەگەڵ یوجین فینکدا، دایەلۆگێکی درێژیان هەیە، کە لەچەند سیمینارێکدا ئەنجامدراوە، تەواوی سیمینارەکان تەرخانکراون بۆقسەلەسەرکردن لەسەر بڕێکی زۆری فراگمێنەکانی هیراکلتیس. کتێبەکەش هەرلەژێر ناوی سمینارەکانی هیراکلیتیس چاپکراوە، هەوڵێکی ووردو زمانیو هەروەها کاریگەری دەروونیشێ بەسەرەوەیە بۆ تێگەشن لەسەر وشە ودێڕو ڕستەکانی هیراکلیتیس. ئەم کتێبە، وورەدکاریو قووڵبوونەوەی زۆری تیادایە لە بۆ وەرگێڕانو لێکدانەوەی وشە و ڕستەکانی هیراکلیتیس، هەروەها تەماشاکردنی حاڵەتی مێژوویو زمانی یۆنانیش لەئاست تێگەشتنو لێکدانەوەو قسەکردن لەسەر هیراکلیتیسە.

ئەگەر ئەو گەردوونوجیهانەی هیراکلیتیس وەكوو لۆگۆس ببیندرێت، ئەوا لەناویدا عەقڵو تێگەشتنو ئاخافتنی تیادایە، وەتێگەیشتن لەلۆگۆس بۆخۆی تێگەشنە لەگەردوونیش، ڕەنگبێت لەحاڵەتی حیکمەتێکی کۆمزمۆییانەدا ئەمە درووستبێت بەتەنیا، ئەمەش لەناو خوودی توانای زمانو ئەرکەکانیدایەتی. بۆ نموونە، لەبڕگەی دوودا، دەڵێت:  ” لەبۆوەدەستهێنانی حیکمەت، گوێ لە وشە بگرە نەوەک من، وەئەوەبزانە کە هەموو یەکە” لێرەدا گوێگرتن لەلۆگۆس گوێگرتنە لەزمان کاتێک دەدوێت، وەهیراکلیتیس تەنیا بەشێکە لەو زمانەی دەدوێت، لەبەرئەوە باشترە تەنیا گوێ لەخوودی زمان بگرین. بەڵام بەتێگەشتنی هیراکلیتیس دیارە ئەمەچەند ئاشكرا و ڕوونەو خوودی ژیانە کە لەناویداین، لەگەڵ ئەوەشدا كورتدەهێنینو تێناگەین. لیرەوە تێنەگەشتنو دەبەنگی مرۆڤیشمان بۆدەردەکەوێت لەئاست دونیاو گەردووندا وەكوو لۆگۆس. بۆ نموونە وشەکانی ناو زمان، یان چی دەگووترێت گرینگە بۆ ئاگایی و ئامادەیی لەناو ووشیاریدا، وەئەمانەش وشە و گوێڕایەڵبوونمان بۆ ئەوەی زمان چی دەڵێت: ، ئاگاییو ئامادەیی ناو بوونی  لۆگۆسە.

جیهان لەسیمبولو هێمادا دەماندوێنێت، بەڵام ئەگەر بتوانین لەوە تێبگەین، بۆ نموونە فیساگۆراس ماتماتیکمان پێشکەشدەکات بۆ تێگەشتنو قووڵبونەوە، بەڵام هیراکلیتیس خوودی زمانمان پێشەکشدەکات. وەخوادەوەند، ئەگەرچی هیراکلیتیس چەند جارێک ئاماژەی پێدەکات(خواوەندی زووس-خواوەندی ئاگرە) جۆرە فۆرمیولەیەکی جیۆمەتریک نیە، بەڵكوو وەكوو جۆرە سیستەمێکی ماناو تێگەشتن دەکاتەوە. لێرەوە لەوەتێدەگەین، وەكوو مێڕیل ڕینگ، دەڵێت: ، “هیراکلتیس یەکێک لەدیارترین بەشداریکردنەکانی پڕۆژەی فەلسەفی، ئەو مۆدێلە زمانەوانیەمان بۆبینادەکات، یان وێنەی ئەمجیهانەیە، وەكوو زمان”(لاپەڕە،٦٦)

Ring, Merrill. Beginning with the Pre-Socrates.

Fullerton: Mayfield Publishing Company, 1987.

جیهانێکی دووانەیی

هیراکلیتیس هەموو شتێک لەناو ئەمدونیایەی ئێمەدا بەیەکشت دەبینێت کە یەکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی یەکە، هەروەها جیاوازیشە لەخۆیدا. ئەمجیاوازییە ڕووبەڕووی ئەوەماندەکاتەوە، کە هەردەم دەبێت شتێکی ترهەبێت بۆ پێناسەو باسکردنی دیوێکی تری هەموو پەیوەندیەکو، دیاردەیەکی ناو ئەم سروشتو ژیانە. دەبێت دیوێکی جیاواز یان دژ هەبێت بۆئەوەی بتوانێت کامڵی و یەکێتیمان فێربکات لەئاستی دیوەکەی تریدا. یان بەجۆرێک لەجۆرەکان، دیوێکی ناکۆکە، یان وەكوو هەمان دیوەکەی تری نیە کە هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بوونی ئەوناکۆکیە، جیاوازییەی ئەودیوی تری پەیوەندیو دیاردەکەن، شتێکی بەدەسەڵاتی وانیە تەواوی پەیوەندیەکە یان دیاردەکە کۆنترۆڵبکات یان لەناوبی بەرێت. دووانەیی هیراکلیتیسی جۆرە ئاڵوگۆڕێکی پێچەوانەو فرەییشە لەئاستی جیاوازی لەناو یەک دونیایدا. بەومانایەبێت، دیوەجیاوازکان، ناکۆکەکان، دژەکان، تەواوکەری هەمان شتن کە مانای جەوهەری هیراکلیتیس دەهێننە پێشەوە، بۆ دونیاو گەردوون وەكوو دیتنێکی دووانەیی. واقیعی هیراکلیتیسی، بریتیە لەخوودی لۆگۆسەکەی، ئەم لۆگۆسە هەرگیز لەدەرەوەی ئەو دوانەییەیدا نیەو نابێت. ئەمە بۆخۆی سروشتی بیرۆکەی یەکێتیمان پیشاندەدات لەلای هیراکلیتیس ئەویش خوودی ئەمدووانەییە. ئەم دووانەییە، وەكوو سیستەمێک خۆی دەبات بەڕێوەو،هەروەها پڕێتی لەو دیاردانەی هەردەم بەشێوەیەکی دووفاق خۆیان دەردەخەنو پێناسەش دەکەن. دونیای یەکێتی بۆهیراکلیتیس، کە هەڵگری دووانەکانە، وەكوو سیستەمێکە، خوودی ئەمجیهانە مانیفێستدەکات، ئەم سروشتەیە لەبەرچاوماندا، یان تەنانەت خوداوەندیش، ئەگەر هیراکلیتیس بەتەواوەتی باوەڕی بەشتێکی واهەبێت. بێگوومان لەناو یەکێتیەکەیدا باشەو خراپە هەیە، وە لەبەر ئەوەی باشەو خراپە ناتوانن یەکتری تەواوبکەن، ئیتر لەوەتێدەگەین هیراکیتیس هیچ جۆرە باوەڕێکی بەبیرۆکەی ئەودونیاو شتی وانیە. چونكە گەردوونی دژەکان دەبێت بەردەوامبن بۆئەوەی مانفیفێستی یەکێتی بوون بکەن بەوشێوەیە.

بۆ نموونە لەبڕگەی ژمارە دەدا، دەڵێت: “لەهەموو شتێکەوە، یەک؛ وەلەیەکێکەوە، هەمووشتێک” ئەمە بۆخۆی تێڕامانو ئازاری زۆری دەوێت یەکێک بۆی لێکبدرێتەوە بەتەواوەتیو بۆی هەزمبکرێت، بەڵام ئەوەی ڕوونیشە دیدی مۆنیزمو مەتریالیزمی هیراکلیتیسمان بۆدەردەخات، وەكوو دیدێکی فەلسەفی لەگەڵ دونیای مەتریالدا. ئەوە پیشانی دەدات، کەهەمووشتێک یەک سەرچاوەیان هەیە، وە ئەم سەرەچاوەیەش لەدەرەوەی ئەم ئەزموونەی ئێمەوە نیە بۆ بوونو جیهانو گەردوون، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆلۆگۆس.

ئەم تێڕامانە هیراکلیتیسیە وا لەیەکێک دەکات بڵێت، هەموو شتێکی وەكوو ئاژەڵ، مرۆڤێک، یان تەنانەت خوایەکیش، دەبەنگی و عەقڵانیەتو، زیرەکیو تەمەڵیو ،جەنگو ئاشتی، بۆ نموونە زۆر لەیەکترەوە نزیکنو پەیوەندن پێکەوە. ئەمەش ئەو یەکە، گەردوونێکە بەناو جیاوازی و ناکۆکیەکانیەوە، لەناو گۆڕانێکی بەردەوامو هەوڵدانێکی بەردەوامدایە هەردەم.

دووفاقیەتی هیراکلتیتیسی، تەماشاکردنی دووسەری یەک شتەو، ئەو دووسەرانەش، ئەوانەن وەكوو بڵێی ئیشی یەکتری تەواودەکەن لەپێناوی یەکتریدا هەنو دەژین، وەلەبەر ئەوەی جیهانو گەردوون بەوشێوەیەی هەیەو خۆی دەبات بەڕێوە، ئیدی ناتوانێت بەتەواوەتی یەک دیوی شتێک لەخۆیدا هەڵبگرێتو ببێت، بەڵكوو هەردەمو بەبەردەوامی دوودیوی شتێکەو ئەمشتەش خوودی سیستەمەکەیە وەكوو یەکێک کەهەیەو،بەوشێوەیە هەموو شتەکانی لەناو خۆیدا هەڵگرتوە. یەک سیستەمە، بەڵام لەدووانەیی خۆیدایەتی، بەهەموو جیاوازییەکانیەوە بۆ بوونی جۆرە یەکێتیەک. لەبەرئەوە یەکێتی بەبێ نەبوونی ناکۆکو جیاوازو دوودیوی بوون، نابێت هەڵبکاتو ڕووندات. بۆئەوەی یەکێتی هەبێت، بۆ هیراکیتلیس دەبێت جیاوازی و دووانەیی و ناکۆکیو هەوڵدانو گۆڕانی بەردەم هەبێت لەناو بووندا.

لەبەر ئەوەی بەوشێوەیە هەنو دیوێکیان لەدیوێکی تریان جیاوازترە، لەبەر ئەوەی ناکۆکیەکە دووانەییەو، ئیتر لەوە دەچێت یەکێتی هەبێت، چونكە سروشت بەهەموو شێوەیەک پێویستی بەو سیستەمە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت یەکێتیەک لەسەر بوونێکی دووانەیی دابمەزرێنێت. لەبەرئەوە یەکێتیەک نیە وەكوو خۆی بێت بەبێ جیاوازی و دووانەیی، بەڵكوو جۆرە یەکێتیەکە لەسەر بوونی ناکۆکو کۆمپلێکسو دژەکان درووستبوەو کاردەکات.  ئەگەر هەمیوو شتێک دیوێکی جیاوازی هەبێت، ئەوا گۆڕان ئیمکانی دەبێت لەناو ئەوجیهانەدا.

بوون بۆ هیراکلیتیس، هەردەم لەناو گۆڕاندایەو(جیهان لەناو فڵەکسدایە)، هەردەم بەردەوامەو وەرچەرخانو گۆڕانکاریەکان دەهێنێتە ئاراوە. ئەمە هیراکلیتیس دەکات بەمەتریالیستو هەروەها تەماشاکردنی دیاردەکانی ناو سروشت، وە تەماشاکردنی كۆمەڵگە و ژیانی مرۆڤیش بەوشێوەیە. هیراکلتیس کۆزمۆلۆجیو ئەنترۆپۆلجی، یان گەردوونو كۆمەڵگە، بەشێوەیەک لەشێوەکان وەكوو یەک دەبینێت. نەوەک کپی یەکتری، مەبەست لەوەنیە، بەڵكوو ژیان لەناو سروشتو لەناو كۆمەڵگەشدا لەناو جەنگو جیاوازی و، سیستەمێکی دووانەیی دایە، وەهەمووش لەناو ئەو یەکێتیەدان کە یەکە.

هیراکلتیس بەسۆزێکی قووڵوبەردەوامەوە ئاماژە بەمیتافۆری ئاگر دەکات. چونكە لەوە دەچێت، ئاگرو، هەروەها ڕووباریش دەکات، هەردووکیان وەكوو گۆڕان وەرگیردراون لەناو بەبەردەوامیدا. هەروەها جەنگیش تێزەیەکی ترە بەقووڵی کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی هیراکلیتیس هەیە، وەكوو ئەوەی جەنگ جۆرە پێویستیەکە بۆ جوڵاندنو گۆڕانو بەردەوامی بوونی ئەو یەکێتیەی هەردەم دەبێت ئیش لەسەر دیوێکی شتەکان بکات لەپێناوی دیوەکەی تری. دونیای هیراکلیتیسی بەبێ جەنگ موومکین نیە ببێت و درێژە بەخۆی بدات، دیارە دژەکەی جەنگە دەکاتە ئاشتی. بەمانایەکی تریش، هەردەم دیوێکمان لەشتەکان دەوێت بۆئەوەی بتوانین دیوێکی تری ژیان ببینینو هەڵی بسەنگێنین، چونكە ژیان هەردەم لەناو دژو جیاوازییەکانیدایە. وەكوو باشەو خراپە، ڕەشو سپی، بەرزو نزم، ژیان و مردن، ڕٶژو شەو، ڕادەی پلەی گەرماو سەرمای وەرزەکان، وەكوو هاوینو زستان..تادوایی.

تێگەشتن لەئاگر، وەكوو تێگەشتن لەجەنگیش بێت، چونكە هەردووکیان پابەندن لەتێگەشتن بەگۆڕانەوە لەناو سروشتو كۆمەڵگەشدا. گۆڕان پەیوەندی بەدونیای قەیرانەکانەوە هەیە، لەبەرئەمە بوونی قەیرانەکان وەكوو دیوێکی گرینگو جەوهەری بینراون لەلای هیراکلتیس، دونیایەک کە ئەزموونی دونیای مرۆڤایەتی ئێمە دەیکاتو هەیەتی هەرگیز بەبێ بوونی قەیران ناتوانێت هەبێت. قەیرانو ئاشکراکردنی قەیران، لەپێناوی بەردەوامیو یەکێتیداو، هەروەها دامەزراندنی جۆرە باڵانسو هارمۆنیەک لەناو بووندا کە دژەکانی تیادایە.

هەروەها بوونی ئەم بیرۆکەیە وەكوو ئاماژەی بۆدەکەن دەگەڕێتەوە بۆ ئەنێگزامێندەر، چونكە” بناغەی ئەو سیستەمەی ئەنگێزامێندەری پێ دەبیندرێت، وەكوو ئەوەی ووتراوە لەمدیدەوە، جیاوازییە لەنێوان بێسنووری سیستەمەکەی، هەروەها کۆزمۆدا(سیستەمی گەردوونی). بەڵام بۆئەنگێزامێندەر، ئەو هێزە(فۆرس) گرینگانەی کە ئیش لەناو گەردوونا دەکەن، ئەوانەبوون کە دوایی ناویان بە(سیستەمی دژەکان) هێنراوە: دووانەکان لەشتبوونی خۆیاندا وەكوو دژبەیەک کە بەشێوەیەکی زۆر ناویان هێنراوە وەكوو ‘سارد’ و ‘گەرم’ ،’تەڕ’ و ‘ووشک’.”(سەرچاوی سەری سەرەوە، ئیدوارد هەسی، لاپەڕە،٢٠)

ئەمبیرۆکەیەی دژەکان لەلای هیراکلیتیس، زیاتر درووسترو پڕتر دەبێت و ئاماژەی پێکراوە. ئەم دژانە بۆ هیراکتیس ئیشی گرینگیان هەیە لەتەک شووناسو، لەتەک یەکێتی بوونو دونیاو گەردووندا. چونكە، بۆ هیراکلیتیس دژەکانن ڕێگەمان پیشاندەدەن بتوانین دیوەکانی تری جیاوازییەکان ببینینو، لەوئاستەوە بتوانین لەبوون تێبگەین لەبەردەم دووفاقی هەموو شتو دیاردەیەکدا. ئەم دژانەی هیراکلیتیس وەكوو ناکۆکی، دژبەیەک نین، لەئاست ئەوەی لەبەر ئەوەی پێچەوانەی یەکترن، ئیتر دەبێت لەجەنگدا بنو یەکترتەواوبکەن، وەكوو بۆ نموونە باشەو خراپە لەوێنەی شەڕی خوداو شەیتانداو کۆتایی بردنەوەی باشەو خوداوەند.  دونیای دژەکانی هیراکلیتیس بەوشێوەیە نیە، نا، بەڵكوو لەبەر ئەوەی پێچەوانەی یەکترن، ئیدی دەبێت بوونیان کاریگەرو جەوهەری بێت بۆ ئیشکردنو بەڕێکردنی خوودی ئەو سیستەمەی واقیعی گەردوونی تیادا بەڕیوەدەچێت، نەوەک جەنگێک دژی یەکتری بۆ وەدەستهێنانی واقیعێکی تاکجەمسەری.

بەبێ بوونی دژەکان، واقیع تاکجەمسەردەبێت و ئەمەش بەحووکمی ئەوەی چۆن لەناو ئەم ژیان و بوونەداین هەرگیز نابێت و مووستەحیلیشە. ئەم بیرۆکەی دایەلەکتیکە کاریگەری زۆری بەسەر فەلسەفەی مۆدێرنو پاشمۆدێرنیشەوە هەر هەیە. بۆ نموونە، وەكوو هیگڵو مارکسو نیتشەش. ئەگەر دووانەیی دونیاو ژیان وەكوو لۆگۆس بێت، ئەوا دایەلەکتیکە لەئاستی تەماشاکردنی خوودی دیاردەکانو هەروەها ئاستی زمانو بیرکردنەوەیش لێیان.

هەندێک لەوبڕگانەی دەیانەوێت ئامانجی دووانەیی ناو شتو دیاردەکانی سروشتو كۆمەڵگە بسەلمێنن، وەكوو ئەمانەی خوارەوە:

بۆ نموونە لە بڕگەی شەستونۆدا دەڵێت:  ” چوون بەرەو سەرەوە گەڕانەوەیە بەرەوخوارەوە”، ئەمەش لەزۆر شوێنی تردا وەكوو ئەمە هاتوە” چوونە سەرەوە چوونە خوارەوەیە” واتە بوونی ڕێگە دەتوانێت سەرەوەی هەبێت و خوارەوەشی هەرهەبێت، بەڵام دواتر دوو کۆتایی جیاوازنین لەخۆیاندا، بەڵكوو دوو جیاوازن لەسەر هەمان ڕێگەدا.

لەبڕگەی شەستدا دەڵێت: ” بەبێ بوونی ناعەدالەتی، ئایا ناوی عەدالەتی چی مانایەکی هەبێت؟”

لەبڕگەی پەنجاوحەتدا دەڵێت: ” لەبەرئەوە باشوخراپ یەکن”

لەبڕگەی پەنجاوشەشدا دەڵێت: ” ئەم کۆزمۆیە(گەردوونە) لەڕێگەی هارمۆنی گرژیەوە ئیشدەکات، وەكوو تیروکەوان”

لەبڕگەی پەنجاوهشتدا دەڵێت: ” باشو نەخۆش بۆدکتۆر بەدڵنیایییەوە دەبێت یەکبن، بۆیە دکتۆر حەقدەستی خۆی لەئازاردانی کەسی نەخۆش پەیدادەکات”

ئاگروئاو وەكوو میتافۆر    

ئاگر لەلای هیراکلییس گەمەیەکی ئێجگار جەوهەری دەکات، ڕەنگە سەنتەری بیرکردنەوەکانی داگیرکردبێت، چونكە وەكوو جەنگو وەكوو گۆڕانکاریش دەبیندرێت. بەڵام لەکۆندا، ئاگر وەكوو شتێکیش یان سەرچاوەیەکیش بینراوە بۆلێکدانەی هزری هیراکیتیس کە تەواوی بوونی لێوەهاتوە، ئەم بیرکردنەوەیە زۆر ڕاست نیە. تەماشاکردنی ئاگر وەكوو جیهان حاڵەتێکی سەیرو ناتەواوە ئەگەر بەشێوە زۆر حەرفیەکەی وەریبگرین. لەبەر ئەوەی ڕێگەیەکی تریان بۆ ئەم دیاردەیەی بەکارهێنانی وشەی ئاگر بینیوەتەوە لەترادیسۆنی کۆنی یۆنانیدا (سەرچاوەی سەرەوە مێڕیل ڕێنگ ، لاپەڕە ٧٤)

ئەگەربەکارهێنانی ئاگر وەكوو سیمبوولێک وەرگیرانو خوێندنەوەی بۆبکەین، ئیتر لەوێوە، بەکارهێنانی وشەی ئاگر دەتوانێت ماناو دەلالەتی زۆرمان بداتێ بۆ تێگەشتن لەمەبەستەکانی هیراکلیتیس، ئیتر ڕەنگە لەپرسی ئەوە تێبگەین، کە بۆچی ئاگر بەوشێوە زۆر سنەتراڵە بایەخ پێدەداتو بەکاری دەهێنێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو خەیاڵو بیرکردنەوانەی لەڕێگەی بەکارهێنانی ئاگرەوە درووست دەبێت، کاریگەری خۆی دادەنێت لەسەر ئەو دیدە فەلسەفیەی کە پێ لەسەر گۆڕان دادەگرێت بەهەموو شێوەیەک.

بۆ نموونە لەبڕگەی نۆزدەدا دەڵێت: ” ئاگر لەبۆهەمووشتێک حاکمە”، وەكوو مانای جەنیگیش بدات وەهایە لێرەدا. ئاگر دەسووتێنێتو مەحفدەکاتەوە، دوای سووتاندنەکەش ،ئیدی دەبێت درووستبکەینەوەو بینابکەینەوە، ئۆردەریش بەبێ کەیاسو ئاژاوە نیە. بەمەش گۆڕان دێتە شوێنی ئەوەی زووتر بوونی نەبووە.

ئەم تەماشاکردنو وەرگرتنانەی هیراکلیتیس ئیشی لەسەرکردوە، وەكوو ئاگر، هیوابینیەکی ئەدیبانەی گەورە لەلای ئەم فەیلەسووفەمان هەبووە، ئاماژەیەکی قووڵە بۆ ئیشکردنی نووسینی فەلسەفی بەڵام نەوەک لەناوکۆییەکی ووشکو برینگدا، بەڵكوو لەناوکۆییەکی بەرهەمهێنو ئەدەبیانەشدا. ئەگەر ئاگر گرینگە بۆ هیراکلیتیس، ڕەنگە وای بیرکردبێتەوە کە تەواوی دونیا لەناو ئاگرەوە هاتبێتە کایەوە، ئەگەرچی ئەمە بیرۆکەیەکی غەریب نیە بەسەردەمی فیزیکو زانستی ئەوکاتەی مەڵەسێیەکان( هەمان سەرچاوەی سەرەوە، ٧٤). بۆ نموونە لەبڕگەی سیدا دەڵێت: ” سیستەمی کۆزمۆ(ئۆردەر) کە لەبۆهەموومان شتێکی عامەیە نەبەدەستی خوا وەنەبەدستی مرۆڤ درووست نەکراوە، بەڵام لەبۆ هەتاهەتایی بووە، ئەبێت و هەر واش بمێنێت: ئاگرێکی-زیندووی هەتاهەتایی داگیرساوە لە ڕێژەی خۆیدا، تەواویش ئەبێت لەڕێژەی خۆیدا” ئایا پێماندەڵێت: ، تەواوی ئەم گەردوونەی کە هەتاهەتایی بووە، لەئاگرەوە هاتوە؟ ئەگەرچی مانایەکەی زۆر ئاشکرانیە. بەباوەڕی زۆر لەسکاڵەرو تایبەتمەندەکان تەماشایەکی حەرفی نیە بۆ بەکارهێنانی وشەی ئاگر بەتەواوەتی، بەڵكوو تەماشاکردنو وەرگرتنی ئاگرە وەكوو ئەوەی چیدەکاتو چۆن کاریگەرە لەناو بووندا، واتە ئاگر ئەمەندەی سیمبوولە لێرەدا ئەوەندە وەگرتنێکی حەرفی نیە بەوشیوەیە.  ئەوەی سەرنجی زۆر ڕادەکێشێت ئەوەیشە کە هیراکلیتیس دەڵێت: ، ئەو ئاگرە تەواویش دەبێت لەبەردەم ڕێژەی خۆیدا، ئایا ئەمە چۆن وەربگیردرێت، ئایا ئەمە جۆرە پەرەدۆکسێکی تری هیراکلیتیسیە، یان زانست چۆن ئەمە دەخوێنێتەوە؟  لەبڕگەی بیستوحەتدا،سەبارەت بەئاگر دەڵێت: ” چۆن،لەئاگر ڕادەکەیت، کەهەرگیز ناچێتە ژێرەوەو هەردەم جێگیرە”

ئەگەر یەکێک هیراکلیتیسیشی بەرگوێ نەکەوتبێت، وەكوو ئەوەیە بڵێی ئەستەمە میتافۆری ڕووبارەکەی بەرگوێ نەکەوتبێت، هیراکلتیس بەناوبانگیەکی زۆری هەیە، نموونەی پەڕینەوە لەڕووبارەکەی بۆتە ڕستەیەک بەدەست هەمووانەوە. ئەگەرچی ئەم بڕگەیە لەلای ئیفلاتون بەشێوەیەک لێکدراوەتەوە، هیچ نەبێت زۆر تەماویەو، هەڵەیەو، ئەمەش لەبەرخاتری بیرکردنەوەی خۆی کردوویەتی.

هیراکلیتیس، بەڵام لەزمانی ئەفلاتوونەوە، دەڵێت: “ناتوانی دووجار لەهەمان ڕووبار بپەڕیتەوە”(لاپەڕە، ١٨)

Melchert, Norman.  The great Conversation.

Volume1.  Pre-Socratics through Descartes.

New York: Oxford university press, 2007.

بەڵام لەڕاستیدا ئەو گووتەیەی هیراکلتیس، کە ئەفلاتوون بەوشێوەیە ئاماژەی بۆدەکات، مانایەکەی جیاوازتری لەوەی هیراکلیتیس هەیە. ئەوەی هیراکلیتیس بەمشێوەیە دێت ” ئەوانەی کە پێ دەنێنە ناو هەمان ڕووبارەوە ئاوی دیکە دێتە ناو هەمان ڕووبارەوە” (هەمان سەرچاوەی سەرەوە)

ئەم ووتەیە بەزۆرشێوازی جیاواز هاتۆتە گووتنو ئاماژەی بۆ کراوە، بەڵام بڕوام نیە هیراکلتیس ئەوەی لەخەیاڵدابێت کە ئەفلاتوون مەبەستێتی، چونكە شتێکی مەحالە، یەکێک نەتوانێت پێ بخاتە ناو هەمان ڕووبارەوە جارێکی تر، ڕاستە ئاوی تر هەردەمو بەبەردەوامی دەڕۆن لەبەر ڕووبارەکە. ئەوگۆڕانەی ئیفلاتون ئیدعای بۆدەکات لەژێرناوی هیراکلیتیسدا ڕاست نیە بەتەواوەتی. بەڵام ئەوەی کە حاڵەتە زۆر جیاوازەکە دروستدەکات، ڕەنگە کاتی جیاوازی چوونە ناو ڕووبارەکەوە بێت، هەروەها ڕووبارەکە هەردەم ئاوی تری لێدەڕاواتو، بەوشێوەیە، ڕەنگە كتومت هەمان مانا نەدات بەدەستەوە. ئیفلاتون ئەوە بەوشێوەیە وەردەگرێتو لێکدەداتەوە، نەوەک بۆئەوەی لەگەڵ هیراکلتیسدا یەکڕانەبێت، بەڵكوو یەکڕایە، چونكە ڕووبارەکەی هیراکلتیس ئەنۆلۆجیەکە بۆ واقیعی ئێمەو ئەم دونیایەی تیایدا دەژین. چونكە ئەگەر واقیعێکی وامان هەبێت و، هەردەمو بەبەردەوامی لەناو گۆڕاندا بێت و، ئیتر وەكوو حاڵەتێکی ڕاستەقینەو سابتو ڕاشیناڵ نابێت و دەرناکەوێت، بەڵكوو جیهانێکە بێجگە لەوەهمو درزۆنی(گۆڕانی بەردەوام) هیچی تر نیە.

بەڵام هیراکلیتیس ئەوە ناڵێت، کە ئیفلاتون لەناو کەوانەی خۆیدا دایناوە، ئیفلاتون ئەوە دەکات بۆئەوەی ڕەخنەی واقیعێکی بەوشێوەیە بکات زۆر بەقووڵی کە ئەویش ئەزموونی مرۆڤایەتیە لەئاست دونیای مەتریالدا، هەروەها بۆئەوەی دڵسۆزی باوەڕی فەلسەفی خۆی، بۆ ئەو واقیعەی پەرامێنداس ئاماژەی دەکات بخاتە ڕوو. ئەو واقیعەش، کە دەبێت جەوهەری ڕاستەقینەیی و ڕاشیناڵ بێت، ئەویش واقیعێک بێت لەدەرەوەی گۆڕانو فرەیی، بەڵكوو دەبێت یەکدیوی هەبێت و بتوانێت وەكوو خۆی بمێنێتەوە، بەبێ هیچ هەڵبەزودابەزو گۆڕانکاریەکیش.

“پێ ئەخەینە ناو، وە پی ناخەینە ناو هەمان ڕووبارەوە. ئێمە خۆمانین و خۆمانیش نین”

ئەمە لەوەی خوارەوە وەرگیراوە: (لاپەڕە، ٣٠)

Edited by Cohin, Marc. Curd, Patricia, and C.D.C Reeve.

Readings in Ancient Greek Philosophy. From Thales to Aristotle.

Indianapolis: Hackett publishing, Inc., 1995

 

هیراکلیتیس نایەت بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ دژی هەمووشتێک، تەنانەت ئەوکاتەی تیایشیداین بوەستێتەوە، لەبەر ئەوەی هەمووشتێک قابیلی گۆڕانەو دەبێت خۆی بەجێبهێڵێت، بەمشێوەیە سەنتەری بیرکردنەوەی هیراکلیتیس لەبەر ئەوەی لەسەر گۆڕانو (فڵەکس) دەوەستێتەوە، لەبەرهەمان هۆییش پێ لەسەر بوونی ئەو واقیعەش دادگرێت کە دەبێتە زەمینەو ڕێگەخۆشکردنی بۆ بوونی گۆڕانەکەی، چونكە بەشێکی سروشتیە بۆ هاتنەکایەوەی لەناو ئەو یەکێتیەی هیراکلیتیس لەخەیاڵیدایەتی. ڕووبارەکە هەیە وەكوو خۆی، بەڵام لەهەمان کاتیشدا هەردەم دەگۆڕێتو لەناو ڕانەوەستانێکی بەردەوامدا خۆییشی نیە. ئەگەرچی لەناو زماندا، ڕەنگە ڕووبارێکمان هەبێت و ئێستا هەر ووشکی کردبێت و ئاویشی تیادا نەبێت، بەڵام هەر بەناوی ڕووبارەوە ناوی دەهێنین.

وەكوو ئێمە، ئێمە خۆمانین وەكوو شووناس، لەدایکدەبین، دەبین بەمناڵ، دەبین بەهەرزەکار، پیردەبینو، دەگۆڕێین ، بەڵام خۆشمانین لەگەڵ ئەوەی کە دەشزانین خۆمان نین وەكوو ڕاوەستانێکی ئەبەدی، چونكە خۆمانینو هەردەمش لەناو کەناڵەکانی گۆڕاندا لەناو کاتو شوێندا گۆڕانمان بەسەردادێت.

بەكورتی ڕووبارەکەی هیراکلیتیس، ئاماژە بەجیهانو هەروەها حاڵەتی ئێمەشدەکات لەئاستی گۆڕاندا بەگشتی، بەڵام باوەڕمان نیە بەوەی گوایا نەتوانین دووجار لەو ڕووبارە نەپەڕینەوە، چونكە بەتێگەشتنە ئەفلاتوونیەکە لەو بڕگەیەی هیراکلیتیس ڕووبارەکە هەردەم دەبێتە ڕووبارێکی تر بۆ پەڕێنەوە لێی. دیارە ئیفلاتون ئەمەدەکات لەبەرخاتری ئەوەی خۆی دونیای ئێمە وەكوو ئەوەدەبینێت، وە بەڕەقی دژایەتی ئەو دونیایەشدەکات لەبەرخاتری ئەوەی ناتوانێت وەكوو چٶن پەرەمێنداس بوونێکی ڕاوستاو جێگیری ئەبەدی دەوێت بۆ ڕاستی. هیراکلیتیس پێماندەڵێت:  ئەوە ئێمەینو ئێمەش نین، چونكە ئێمەینو لەهەمان کاتیشدا لەناو کاتو شوێندا گۆڕانمان بەسەردادێتو کاریگەرین بەڕەگەزەکانی گۆڕانمانەوە لەناو جیهاندا. شایانی باسە، ئیفلاتون لەدایەلۆگی (تیتیتەسدا) لەنەفەسێکی درێژدا ئاماژە بە پرۆتۆگۆراسو هیراکلتیسی دەکات، ئارگیومێنتی ئەوەدەهێنێتە پێشەوە کە  مەعریفەی پرۆتاگۆراس وەكوو میتافیزیک ناتوانرێت بەرگری لێبکرێت، لەبەر ئەوەی ئەنجامی گۆڕان دەهێنێتە کایەوە بەهەمووشێوەیەک دژایەتی دەکات، بەمەش هیراکلیتیس دەکەوێتە هەمان سەنگەرەوەو دژایەتی دەکرێت. ئیدی هەمان دیدی ئیفلاتونی بۆ پرتۆتۆگۆراسو هیراکلیتیس وەكوو یەکی لێدێت لەئاستیاندا، ئەگەرچی هیراکلیتیس وەكوو سۆفیستێک نەناسراوە، بەڵام پرۆتۆگۆراس یەکێکە لەناوە هەر زۆر دیارەکانی سۆفیست.

جەنگ

ماناو چەمکی جەنگ بۆ هیراکلیتیس گرینگیەکی زۆرو بێوێنەی هەیە بۆ تەماشاکردنی گەردوونو، هەروەها ژیانی ناو سروشتو كۆمەڵگەش. بۆ نموونە نەوەک هەر لەبەر ئەوەی کە جەنگ دژی یان پێچەوانەی بیرۆکەی دووانەی ئاشتیە، بەڵكوو بوونی جەنگ وەكوو عەدالەتو هەوڵدان ئاماژەی پێکراوە لەلای هیراکلیتیس.

بۆ نموونە لەبڕگەی چلوچواردا دەڵێت: ” جەنگ، وەكوو باوکی هەمووشتەکان” یان بەشێوەی تریش هاتوە، وەكوو جەنگ پاشاو باوکی هەموو جیهانە. هیراکلیتیس، لەوە دەچێت کاتێک وشەی جەنگ بەکاردەهێنێت، لەناوکۆیی کێشەو قەیراندا مەبەستی بێت، یان وەكوو مانای وشەی(کۆنفلێکت)، واتە  کێشەوتەنگوچەڵەمەکان. وەئەگەر تەماشای بوونی ژیان و جیهانیش بکەین، ئەوا هەرگیز لەدەرەوەی کێشەو قەیرانو تەنگووچەڵەمەو دوایێش جەنگەکاندا نیە، بەڵكوو بوون وەكوو عەمانئل لیڤیناس، بیرمەندی زۆر نوێی ئەم سەدەیەمان، هەمان دەنگدانەوەی بیرۆکەی هیراکلیتیس ئاماژە پێدەکات. لەکتێبی (تۆتاڵێتی و ئینفینیتی، لاپەڕە ٢١)، ئەڵێت،بوون “وەكوو جەنگ خۆی پیشاندەدات”

ئەم بیرۆکەیەی جەنگە ڕوبەڕیکی جەهەری هەیەو، تەنانەت لەئەرستۆی لۆجیکی دژەکانیدا، ئەنتینۆمی کانتو،  هەڵبژاردەی سروشتی داروینو، شەڕی چینایەتی مارکسو، تەنانەت کەپتی ئید، لەڕێگەی ئیگۆو سپوەرئیگۆوی فرویدەوە دووبارە دەکرێتەوەو درێژەی هەیە. ئەم تێرمە هیراکلیتیسەیە، وەكوو ڕەگەزێکی گرینگو دیاری ناو مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوایی بەزەقی دیارە. جەنگ، نەوەک هەر بۆ تۆماس هۆبز، کە سروشتی مرۆڤ دیاریدەکاتو، وەكوو بوونەوەرێکی ترسناکو خۆپەرست وێنادەکارێت، هەروەها، بۆ نموونە یەکێکی وەكوو کانتیش، درەنگ لەژیانیدا هەستی بەوەکرد، وەكوو جۆرە هۆبزیەک دەڵێت:  ” حاڵەتی ئاشتی بۆ مرۆڤایەتی کە مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتریدا بەوشێوەیە بژین سروشتی مرۆڤ نیە، بەڵكوو حاڵەتی سروشتی مرۆڤ حاڵەتی جەنگە”

کانت لەنووسینی(ئاشتیەکی بەردەوام)، ئەو ئاماژەیەی سەرەوە پێشکەشدەکات، کە وادەکات جەنگ حاڵەتی سەرەکی سروشتی مرۆڤو جیهانە، کە دەیەوێت جۆرە ئاشتیەکی بەردەوامو نەبڕاوەمان بۆ بهێنێتەدی، هەر ناوی بابەتەکەی دەنگدانەوەو ووروژانێکی کاریگەرو قووڵی ئاینی  لەبەرخاتری ئاشتی دادەمەزرێنێت. ڕۆسۆ بەمشێوەیە تەماشای حاڵەتی مرۆڤ ناکات، ئەگەرچی کانت کاریگەری ڕۆسۆی بەسەرەوەیە، بەڵام هاوڕانیە لەگەڵیدا.

ئەم زانیاریە لەم کتێبەی خوارەوە وەرگیراوە(لاپەڕە، ٢،٣)

Hillman, James.  A Terrible love of war.

New York:  The penguin book press, 2004

بەڵام کاتێک چەمکی یەکێتیو بیرۆکەی دژەکانی هیراکلیتیس دەخوێنینەوە، وەكوو ئەوەیە کە بڵێی جۆرە ئاشتیەک هەیە لەناوەوەیاندا، چونكە هەردەم لەدوای باڵانسێکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی سیستەمەکە لاسەنگ نەبێت و بتوانێت خۆی ببات بەڕێوە.  بەڵام  لەناو ئەو یەکێتیە هیراکلیتیسیەدا جەنگ گەمەیەکی قووڵدەکات، چونكە جەنگ پاشای ئەمجیهانەیە. ئەو یەکێتیەی ئاماژەی بۆدەکات جۆرە ئاشتیەک نیە، بەڵكوو جەنگێکە لەبەردەوامی خۆیدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەكوو جۆرە پێداویستیەکە، چونكە بەبێ ئەوە لەناو جۆرە ئاشتیەکی درۆزنو بێماندا دەژین، مانای جەنگ کاردانەوەیە بۆعەدالەت، وەئەمەش بۆخۆی پەیوەندە بەبیرۆکەی گۆڕانەوە لەناو جیهاندا.

ئەمبیرۆکەی جەنگە، بۆ نموونە بەلای میریل ڕینگەوە، لەئەنەگزامێندەرەوە وەرگرتوەو پڕتری کردوە. (میڕیڵ ڕینگ سەرچاوەی سەرەوە، لاپەڕە، ٧١)، چونكە جیهانی هیراکلیتیس وەكوو جیهانی گۆڕانە، وە ئەم ئەمگۆڕانەش لەناو یان بەناسینەوەو کارێکتەرایزی تێزەگەلی وەكوو هەوڵدانو، هاندانو، هەروەها ، ڕووخاندنەوە دەبینرێت. لەبەرئەوە گۆڕانو جیهانی هیراکلیتیسی بەبێ دژەو ناکۆکیو جەنگەکان بوونی نابێت. لەبەر ئەوەی قەیران هەردەم ئامادەیە لەناو ئەمجیهانەدا، وە گۆڕانیش هەردەم بەردەوامە لەناو حاڵەتەکاندا، ئیتر وادەکات کە جەنگ هەردەم هەبێت وەكوو بوونی گۆڕان. بۆ نموونە لە بڕگەی پەنجاوسێو هەشتاشدا، دەڵێت:  ” زۆر گرینگە ئەوە بناسینەوە کە جەنگ شتێکی عامەیە و وەقەیرانیش عەدالەتە وەهەربەوشێوەیە هەمووشتێک دەناسرێتەوە لەڕێگەی قەیرانەوە”( هەمان سەرچاوەی سەرەوە، ٧٢)

بەڵام لەگەڵ ئەوەی، جەنگە بەوشێوەیە هەردەم هەیەو هەروەها بوونی قەیرانیش بوونی ناسینەوەیە، بەڵام ستایشی بوونی هارمۆنی و باڵانسبوونی لۆگۆسەکەی کە تەواوی جیهانو گەردوونە دەکات، ئەمەش بۆخۆی پابەندە بە دونیای یەکێتیو بیرۆکەی دژەکانیەوە. لێرەشدا مارکسو هیگڵ دەبیندرێن.

هیراکلیتیس وەكوو ئیڵیت

فەلسەفە هەر لەسەرەتاکانیەوە کێشەو گرژی زۆری هەیە لەگەڵ نەتوانینی تێگەشتن لەدونیاو، وەرگتنیو کارپێکردنی فەلسەفە بۆ جیهانی کەسی سادەو ئاسایی. هەروەها، کەمنین لەوفەیلەسووفانەی بەزمانی ڕەق لەگەڵ کەسانی نافەیلسەسووفدا مامەڵەدەکەنو دەنووسن، ئەمەش جۆرە بۆشاییەکی لەنێوانیان فەیلەسووفو کەسانی ئاساییدا درووست کردوە. بەهەرحال، هیراکیلتیسیش لەدەرەوەی ئەم هەستەدا نیە، زۆرجار هێرش دەکاتە سەر نەوەک هەر کەسانی ئاسایی، بەڵكوو واپێدەچێت وەكوو جۆرە ڕەشبینێک خۆی بینیبێتەوە لەبەردەم سروشتی مرۆڤایەتی بۆ فەرمنەبوونیو نەتوانینی تێگەشتنو ئیشکردنی ڕاستی و حەقیقەتو فەلسەفەش.

هیراکلیتیس، ئەگەرچی، بۆنمووە کاتێک ئاماژە بە لۆگۆس دەکات، بەشێوەیەک باسیلێوەدەکات کە بۆهەمووانەو هەموانیش دەتوانن لێی تێبگەین، بەڵام ئەمەندەش بەئاسانی نیە بۆئەوەی هیراکلیتیس ئارامبێت و دڵنیاش بێت لەوەی مرۆڤایەتی دەتوانێت ئەوەبکات. بۆ نموونە،لەبڕگەی شەشدا، بەزۆربە دەڵێت:  ” لەگەڵ ئەوەشدا نەهونەری گوێگرتنو نەهونەری قسەکردنیشیان هەیە”، وەكوو میستکێک، لەبڕگەی حەوتەمدا، دەڵێت: “هەرکەسێک نەتوانێت نادیارببینێت ناتوانێت هیچ ببینێت، ڕێگەی زانراو مانای داخستنە” هەروەها لە بڕگەی چواردا، دەڵێت: ” خەڵکی حیکمەتی خۆیان بەدرێژدادڕی(قسەکردنی بێتام)کوولکردوە، وە ناشتوانن چاوو گوێچەکەیان بەکاربهێنن” جەوهەری ئەمبڕگەیە لەناو هایدیگەریزمدا ئامادەیە، لەبەرئەمەیە هایدیەگەر لەماڵی بیردکردنەوەیدا، پیاسە نەبڕاوەکانی لەگەڵ ئیفلاتونو، ئەرستۆو، پەرمێنداسو، هیراکلیتیسدا دەکات هەردەم. پێموایە کتێبی لەسەر هەرهەموویان نووسیوە. کوولبوونی حیکمەتو عەقڵ بەقسەکردنی بێتامو زۆرەبڵەیی، وامانلێدەکات کاربکاتە سەر ئۆرگانەکانی بینین(چاو)، هەروەها گوێگرتن(گوێچکە). هیراکلیتیس زۆرجار، نەوەک هەردەکەوێتە حاڵەتێکی نیگەرانو ئازاراویەوە بەرانبەر زۆربە، کە ناتواننو نایانەوێت بیربکەنەوەو لۆگۆس ببیننو هەستی پێبکەن کە لەناویدا دەژین(بوون)، بەڵكوو تووڕەشدەبێت و بەڕەقی لەبڕگەی پێنجدا، دەڵێت: “زۆرن ئەوانەی بەسەرنەکەوتوویی دەمێننەوە و نازانن چییان بینیوە، هەروەها ناشتوانن بڕیاری ئەوەبدەن کە فێری چیبوونە، لەگەڵ ئەوەشدا بەخۆیان دەڵێن دەزانین”

هیراکلیتیس، دیارە لەبۆ جۆرە مرۆڤێکە بتوانێت لەلۆگۆسەکەی تێبگات، ئەویش خوودی ژیان و ئاگایی ناو دونیاو ژیان و گەردوونە. لەبەر ئەوەی هیراکلیتیس لەبۆ زۆربڵەییو قسەکردنی بێماناو هیچو زیادەش نیە، ڕەنگبێت شیوازی نووسینەكورتەکانی بەڵگەیەکیش بێت بۆئەمە، پێی باشترە بێدەنگی هەبێت وەكوو جۆرە چارەسەرێک، لەبری ئەوەی کە خۆمان بدۆڕێنین، بۆ نموونە لەبڕگەی سەدووسیدا دەڵێت:  ” بێدەنگی، چاکبوونە” بۆهیراکلیتیس، مرۆڤایەتی گرینگە بتوانێ بەئاگابێت و ووشیاربێت لەناو ئەوجیهانەی تیایدا دەژی، لەناو جیهانێکدا هەستو بیرکردنەوەو کردارەکانی مرۆڤایەتی گرینگیەکی زۆریان دەبێت لەئاستی نرخوبەهایاندا، بۆ نموونە لەبڕگەی نەوەدوچوار دەڵێت:  “خەڵکی نابێت لەکاتی قسەکردنو کردارەکانیاندا وەكوو خەوتووبن”

هیراکلیتیس لەگەڵ جیهانی سیاسەتدا بێئومێدەو ئەمەندەش هیواو خۆشحاڵی خۆی بۆ سیاسەتمەدارەکان دەرنابڕێت، ئەگەرچی وەكوو دەڵێن، پاشایەتی لەخێزانەکەیەوە بۆ ماوەتەوە بۆئەوەی ببوایە بە پاشای ئەو شارەی لێی ژیاوە، بەڵام ئەو پیشەیە ناکاتو بۆ براکەی بەجێدەهێلێت. بۆ نموونە لەبڕگەی سەدووچواردەدا دەڵێت: ” وەكوو لەبۆ خەڵکی شاری ئەفەسووسیەکان، گەنجەکانیان، پیرەکانیان، وەهەموو ئەوانەی لەنێوەندیشدان، بڕۆن خۆیان لەپەتی سێدارەبدەن،شار لەبۆ مناڵان بەجێبهێڵن” ،واتە بەڕێوەبردنی شارێک لەلایەن مناڵانەوە باشترو مۆراڵترە لەلایەن سیاسیو پیاوە بەدەسەڵاتەکانەوە. لەزۆرشوێنی تردا، ئەم بڕگەیە واهاتوە، سیاسیەکان خۆیان لەپەتبدەنو شار تەسیلیمی مناڵان بکەن.

هەروەها لەبڕگەی سەدوهەژدەدا دەڵێت: ” لەکاتێکدا ئەوانەی دەمیان پڕە لەقسەی زل، ڕەنگە خۆیان بەخاوەنی عەقڵی گەورە بزانن، عەدالەت کتێبەکەی دەپارێزێت لەسەر درۆزنو دووڕەکان”  هیراکلیتیس بەهەمووشێوەیەک بێئومێدی خۆی بەرانبەر مرۆڤایەتی دەردەبڕێت، لەبڕگەی سەدوسیانزەدا دەڵێت: ” لەهەزار پیاو بەتەنیا پیاوێکم بدەرێ بەڵام ئەگەر باشترینیان بێت” هیراکلیتیس مرۆڤێکی دەوێت بەئاگابێت لەبوونو، خەواڵونەبێت لەناو ژیانداو کوێر نەبێت لەناو خوودی ڕووناکی بوون، لەبڕگەی نەوەدوچواردا، دەڵێت:  “خەڵکی پێویستیان بەوەنیە بەشێوەیەک قسەبکەنو بجوڵێنەوە، وەكوو ئەوەی هەردەم لەخەودابن” دووبارە لەبیرکردنی بوونە هایدگەریەکەی دەهێنێتەوە یادمان. ئیتر لەم ڕوانگەیەوە کە بێئومێد دەبێت لەبەردەم مرۆڤایەتیدا بەگشتی، لەبڕگەی نەوەدوشەشدا،دەڵێت: ” خووی مەعریفە خوویەکی مرۆڤانە نیە بەڵكوو هی دیڤاینە”

خاڵێکی گرینگ ئاماژە پێبکەین، لەنێوان وەرگرتنی شیوازی نووسینو کاریگەری هیراکلیتیس بۆ سەر هەردووک هایدیگەرو نیتشە، بۆ نموونە پیتەرسلۆتەردایک لە کتێبی(بیرمەندێک لەسەر تەختەی شانۆ: مەتریالیزمی نیتشە) لەباسی کتێبی زانستی شادا بۆهایدیەگر، ئاماژەیەکی گرینگ دەکات، بەوەی کە یاریو گەمەی نیتشەییانە دەبێتە ڕاستیەک بەتەنیا لەجیاوازیکردنیدا بەجددیەتی هایدیەگەریانە.(لاپەڕە ٥٧)

Sloterdijk, Peter.

Thinker on stage: Nietzsche’s Materialism.

Minnesota: 1989.

ئەوەی گرینگبێت بۆ ئاماژەپێکردن لێرەدا، کاریگەریو بینینی شێوازی هیراکلیتیسە لەلای نیتشە، بەشێوەیەکی لەناوکۆییی گەمەکردندا، بەڵام لەلای هایدیگەر جددیەت هەستپێدەکەین بەهەموو شێوەیەکی، ڕەنگە ئەمە واشبکات کە نیتشە لە سنیکەکانەوە نزیکتربێت. لێرەدا ئەوەی هەستی نیتشەییانەیە بەزۆر ناوکۆیی جیاواز دەخوێنرێتەوەو وەردەگیردرێت، بۆ نموونە وەكوو بوونگەراو وەكوو بینینو مامەڵەکردن لەگەڵ نووسیندا وەكوو حاڵەتی ژیان و هەستکردن لەناویدا چۆن لەناو ژیاندا بمانەوێت بگەینە ئاستی ئەو خۆشیانەی دەمانەوێت، ئەمە لەلای هایدیگەر نابینین. بۆ نموونە بڕگەیەکی گرینگی هیراکلیتیس هەیە دەڵێت:  “کات گەمەیەکە تەنیا مناڵان بەجوانی دەتوانن یاری تیادا بکەن” هەروەها لەبڕگەیەکی تردا، نیتشە کاتێک ئاماژە بە فیکردەکات، دەڵێت:  مێژووی فەلسەفەم پیشان مەیە، بەڵكوو فەیلەسووفەکەم پێ بڵێ، مەبەستی لەوەیە کە خوودی فەیلەسووف وەكوو هێزی نووسینو داهێنانو کاریگەری زۆرگرینگەو جیاوازی زۆرە لەمێژووی فەلسەفە وەكوو تێکڕایی. هەروەها هیراکلیتیس، لەبڕگەی هەشتدا دەڵێت: ” پیاو بۆدۆزینەوەی مسقاڵێک ئاڵتوون دەبێت خاکوخۆڵی دونیا هەڵبکەنێت” ئەمە بەوشێوەیە وەردەگێڕین  کەخاتری نیتشەبێت، نووسینی بڕگەیەک وەكوو مسقاڵە ئاڵتوونێک وایە، ئەگەر چیت وویست تیادا بیڵێیت(ئەگەر توانیمان) لەوە زۆر گرینگترە چەندین لاپەڕە تەرخانبکەینو ڕەشبکەینەوە. هەروەها نووسینەکانی نیتشە ئاماژەی زۆری لەفیگەرو ئەفسانەو چیرۆکی تیادایە، هەروەها زۆرینەی بەرهەمەکانی وەكوو شێوەی پەرەگرافی كورت نووسراون.

گۆڕان

لەسەرەتادا، دەبێت ئاماژە بەوەبکەین، ئایا بەڕاستی هیراکلیتیس ئەو فەیلەسووفە زۆر ڕادیکاڵەیە، کە لەلای زۆری ڕادیکاڵەکان بەشێوەیەکی بێ ئەندازە ستایش دەکرێت و، گووتەزایەکانی بەکاردەهێندرێت هەردەم؟ ئەمە ڕووبەڕووی ئەوەماندەکاتەوە، لەکاتی کۆندا، هیراکلیتیس بەتایبەتی لەسەردەستی ئیفلاتون بەوشێوەیە ناسرابوو، کە بوون لەناو گۆڕانێکی بەردەوامو ڕادیکاڵدا دەبینێت. بەڵام لەدونیای نوێماندا ئەم بیرکردنەوەیە دەخرێتە تای تەرازوویەکی ترەوەو بەشێوەیەک لێی هەڵدەگەڕێینەوە.

چونكە هیچ نەبێت، ئەگەر هیراکلیتیس بەڕاستی بەوشێوەیە لەدونیاو بوونی ڕوانیبێت، کە هەموو چرکەیەک لەناو گۆڕانێکی بەردەوامەو هەرگیزیش ناوەستێت، گوومانی لێدەکرێت. ئیتر ئەو خوێندنەوە ئەفلاتوونیە بۆ هیراکلیتیس کۆندەبێت و، هیراکلیتیس بەدیدی ترەوەو جیاوازەوە دەخوێندرێتەوە. دیارە دەزانرێت، بۆچی ئەفلاتوون ئەوڕێگەیە دەگرێتە بەر، چونكە دەیەوێت ئەوەمان  پێبڵێت ، کەدونیای مەتریالو،کۆمەڵایەتیو، کەلتووریمان بەوشێوەیەیە، هەردەم لەناو گۆڕانێکی بەردەوامو ترسناکە، کە نەوەک هەرخراپە، بەڵكوو بەرهەمی کووشتنی فەلسەفەو عەدالەتو جوانیە. ئەمە شەرعیەت بەئیفلاتون دەدات، لەپێناوی عەقلدا دژایەتی زۆربەی سۆفیستو، شاعیرو هونەرمەندانیش بکات، هەربەهەمان ئارگیومێنتەوە دژایەتی هیراکلیتیسیش دەکات لەپێناوی سەرخستنی ڕاشیناڵێتی پەرەمێنداسدا.

ئەگەر لەناو دونیایەکی هەردەم بگۆڕی بەردەوامدا بژین، ئایا هیچ شوێنێکو مانایەک بۆ فەلسەفەو عەدالەتو جوانی دەمێنێتەوە وەكوو خۆیان؟ وەڵامەکەی، بۆئیفلاتون نەخێرە. چونكە جەوهەرە هیراکلیتیەکەی دژایەتی ئەوەدەکات کە مرۆڤ ناتوانێتو نایەوێت فێربێت، هەڵدەگرێتەوەو بۆچوونەکانی لەسەرگۆڕانیش لەقاڵبدەدات لەپێناوی سەرخستنی پەرەمێنداس وەكوو فەیلەسووفی ڕاستی و حەقیقەتی نەگۆڕ.  بەڵام ئایا هیراکلیتیس چۆن چۆنی گۆڕان دەبینێت؟

 

هیراکلیتیس لەئاستی گۆڕاندا ئاماژەی زۆر گرینگو جەوهەری دەکاتو دەڵێت: :

“ئه‌وه‌ی‌ هه‌میشه‌ییه‌‌ به‌ته‌نیا ‌گۆڕانه‌‌”

“به‌ته‌نیا له‌ناو گۆڕاندایه‌ شته‌کان ئامانجی خۆیان ده‌دۆزنه‌وه‌”

“هه‌موو شتێک  له‌گۆڕاندایه‌، هه‌موو شتێک بریتیه‌ له‌دژه‌کان”

“شته‌ سارده‌کان گه‌رمده‌بن، شته‌ گه‌رمه‌کانیش سارده‌بنه‌وه‌، شته‌شێداره‌کان ووشکده‌بن، شته‌کان که‌ تینوویانده‌بێت شێداری ده‌یانگرێت”

“گرینگه‌ ئه‌وه‌یه‌‌ بزانین که‌ جه‌نگ شتێکی ئاساییه‌، هه‌وڵدانیش عه‌داله‌ته‌، وه‌هه‌موو شتێک ڕووده‌دات له‌به‌رابه‌ریان له‌گه‌ڵ هه‌وڵدانو زه‌رووره‌تدا”

“جه‌نگ باوکی هه‌مووانه‌و پادشای هه‌مووانه‌.هه‌ندێک خۆیان وه‌کو خوا ده‌رده‌خه‌ن، هه‌ندێکی تر وه‌کو مرۆڤ؛ وه‌هه‌ندێک وه‌کو کۆیله‌، وه‌هه‌ندێکی تریش ئازاد”

گۆڕان بۆهیراکلیتیس، خوودی جیهانه‌و مەکینەی جه‌وهه‌ری ژیانه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ گۆڕان سروشتێکی وای هه‌یه‌، جیهانو مرۆڤه‌کان مه‌حکومده‌کات به‌و هه‌لوومه‌رجو که‌شوهه‌وایه‌ی هه‌یه‌تیو ده‌یبێت و به‌رهه‌می ده‌هێنێت، بەڵام شووناسو جیاوازی وەكوو دژەکانی ناو ئەو لۆگۆسەی وەكوو یەکێتی بوون ئاشنادەکات بەیەکتری. له‌ناو کاتدا، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌و ده‌بێت و دێته‌ کایه‌وه،‌ هه‌رگیز وه‌کو خۆی نامێنێته‌وه، ڕاستی زۆر لەمەداهەیە، ئه‌وه‌ی وه‌کو خۆی ده‌مێنێته‌وه‌ خوودی مه‌تاتیه‌تی واقیعی بوونه‌ له‌ناو جیهانی گۆڕاندا، ئێمە خۆمانینو خۆمانیش نین لەهەمان کاتدا.

ئه‌مه‌ گۆڕانێکی به‌رده‌وامه‌، ئه‌وه‌ی پابه‌نده‌ به‌به‌رگه‌گرتنێکی ئێجگار قووڵو مه‌زنه‌وه‌ بریتیه‌ له‌جیهانی گۆڕان خۆی، به‌به‌رده‌وامی لەناو سروشتدا. وه‌کو هیراکلیتیس ده‌ڵێت”هیچ شتێک به‌رگه‌نارێت ته‌نیا گۆڕان نه‌بێت” که‌واته‌ بۆئه‌وه‌ی دونیا هه‌بێت له‌به‌رگه‌گرتنی خۆیدا، ده‌بێت گۆڕان به‌به‌رده‌وامی هه‌بێت و مه‌کحومبێت. چوونکه‌ ” ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ییه‌ به‌ته‌نیا بریتیه‌ له‌گۆڕان”. ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ی لێره‌دا پرسیار درووستبکات ئه‌وه‌بێت، ئایا ئه‌گه‌ر گۆڕان به‌وشێوه‌یه‌بێت و هه‌لوومه‌رجی مه‌حکومیه‌تی هه‌بێت به‌سه‌رجیهانه‌وه‌، ئایا ئه‌مه‌ نابێته‌ حاڵه‌تێکی ڕادیکاڵی وا، که‌ بوون بکاته‌ جۆره‌ وه‌همێکی وا، یان هه‌رگیز وه‌کو خۆی نه‌بێت و نه‌شتوانێت له‌به‌رده‌م ڕاستیدا بوه‌ستێت وه‌کو خۆی؟ لێره‌دا له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌دا خۆمان ده‌بینینه‌وه‌ که‌ حه‌قیقه‌تی بوون چیه‌و چی نیه‌و چؤن پێناسه‌ی بکه‌ین.

به‌حوکمی لۆجیکی گۆڕانبێت، هیچ شتێک نیه‌ وه‌کو خۆی بمێنێته‌وه‌ بەتەواوەتی، وه‌هه‌روه‌ها وه‌کو شتێکیش وه‌کو خۆی بمێنێته‌وه‌ وه‌کو نه‌بێت وه‌هایه‌، چوونکه‌ هه‌لوومه‌جی هه‌بوون هه‌لوومه‌رجی گۆڕانه‌ به‌وشێوه‌یەی هەیە له‌ناو بووندا، چوونکه‌ ئه‌مه‌ هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌وامیدایه‌ به‌ره‌و به‌سه‌ربردنی کات له‌ناو جیهانێکدا گۆڕانی بەسەردا دێت، ئه‌مه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئاماژه‌ی کاتو شوێن گرێده‌درێتەوە به‌بوونێکی مه‌تریالیانه‌وه‌ بۆ شته‌کان له‌ناو جیهاندا. گۆڕان مه‌حکوومه‌ به‌سه‌ر سروشتو جیهانه‌وه‌، ئیدی ئه‌مه‌ موومکین نیه‌ وانه‌بێت، وه‌هیچ ڕێگەیه‌کی تری له‌به‌رده‌مدا نامێنێته‌وه‌ بێجگه‌ له‌گۆڕان نه‌بێت. لۆگۆس، کە سیستەمی بەڕێوەبردنی گەردوونو ژیانە، بۆخۆی جۆرە یەکێتیەکەو لەناو ئەویەکێتیەدا جیهانی دژو ناکۆکیەکان بەشەڕو ئاشتی، بەشەوو ڕٶژەوە، بە زستانو هاوینەوە، بەهەژاریو دەوڵەمەندیەوەیەو بەبێ ئەم بەرزو نزمیانەی هەیە گۆڕانیش موومکینی نیە هەبێت.

له‌به‌رئه‌وه‌ی شته‌کان به‌حوکمی بوونیان له‌ناو کاتو شوێندا، له‌ناو هه‌لوومه‌رجه‌کاندا گۆڕانیان به‌سه‌ردادێت، ئیتر گۆڕان ئه‌مه‌نده‌ی پرۆسه‌یه‌ ئه‌مه‌نده‌ ئایدۆلۆجی نیه‌، ده‌توانین به‌وشێوه‌یه‌ بیخوێنینه‌وه‌، چوونکه‌ گۆران به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌ڕوات به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر پرانسیپێکی دیاریکراو، جێگیر، فیکس ڕاوه‌ستابێت، به‌ڵکو پرانسیپه‌که‌ بۆ خۆی خوودی گۆڕانه‌(به‌ڵام باوه‌ڕم نیه‌ هیراکلیتیس ئه‌مه‌ی به‌مشێوه‌یه‌ بینیبێت به‌ته‌واوه‌تی).

به‌محکوومه‌ هیراکلیتیه‌، ژیان و بوون هه‌تاوه‌کو هه‌بن له‌ناو جیهاندا هه‌میشه‌ له‌ناو مه‌تاتیه‌تی گۆڕاندان، ئه‌مه‌ حوکمی نادیکتاتۆریه‌تی خوودی گۆڕانه‌ بەسەر واقیعەوە، که ‌بەشێوەیەک لەشێوەکان دژایه‌تی ناکرێت، بەڵام گوومان لەوەدا نیە سنووری خۆشی هەیە. ئه‌گه‌ر دیوه‌ جیاوازو کراوه‌که‌ی بوون، هۆرمۆنیاو یه‌کانگیرێتیو یه‌کێتی بوون بێت، ئه‌وا دیوه‌ ناجیاوازه‌که‌ی بوون مه‌حکومکردنی شووناسێکی تایبه‌تو جه‌وهه‌ریه‌، که‌ به‌رهه‌می تیرۆر ده‌خاته‌وه‌، چوونکه‌ ده‌عوه‌تی جیاوازی و کراوه‌یی شووناس ناکات، چه‌ند جه‌سته‌ی قورسی خۆی به‌شووناسو ‌جه‌وهه‌رگه‌راییه‌وه‌ لکاندوه‌، به‌ته‌نیا له‌ئاستێکی ته‌ماشاکردنی بابه‌ته‌که‌وه‌. دژایه‌تیکردنی حوکمی سروشتی گۆڕان، دژایه‌تیکردنی خوودی هه‌لوومه‌رجی گۆڕانه‌ که‌ هه‌رگیز وه‌کو خۆی نیه‌و نامێنێته‌وه‌‌. دژایه‌تیکردنی هه‌لوومه‌رجی گۆڕان به‌وشێوه‌یه‌، نه‌گوونجانو ناته‌بایوونو ئاشنابوونیشه‌ به‌هه‌لوومه‌رجی ژیان و بوونو جیهانی مرۆڤایه‌تیشەوە. که‌وابێت ئاشنابوونمان به‌گۆڕانو هه‌لوومه‌رجی گۆڕان بۆخۆی ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی بوونمانه‌ له‌ئاست ئه‌وه‌ی، شوێنو ڕیگه‌وئامانجمان چیه‌وچۆنده‌بێت و بەرەوکوێ دەڕوات، کاریگه‌ریو وه‌رچه‌رخانو کردانه‌وه‌کان له‌چی ئاستێکداده‌بنو چه‌ندوچۆن شوێنده‌تو ئاره‌زوو ئامانجی بوونمانی به‌سه‌ره‌وه‌ ده‌بێت، چوونکه‌ وه‌کو هیراکلیتیس ده‌ڵێت” به‌ته‌نیا له‌ناو گۆڕاندایه‌ شته‌کان ئامانجی خۆیان ده‌دۆزنه‌وه‌”. به‌مانایه‌کی تریش، ده‌توانین ئه‌وه‌بڵێین، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی چالاکانه‌و پڕئامانجانه‌ له‌ناو گه‌ردوونی گۆڕاندا خۆمان نه‌بینینو نه‌دۆزینه‌وه‌، ئه‌وا نه‌وه‌ک هه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی کوولو کەسایەتی ته‌مبه‌ڵو خراپو کاراکته‌ری شێواومان لێده‌رده‌چێت، به‌ڵکو بێ ئامانجیش ده‌بین، چوونکه‌ ته‌واوی شته‌کان که‌ ماناو مه‌به‌ستێکیان هه‌بێت ته‌نیا له‌ناو گۆڕاندایە بۆ هیراکلیتیس.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بوون بۆ هیراکلیتیس یه‌که‌یه‌کی هه‌یه‌ له‌ناوخۆیدا، وه‌هه‌روه‌ها له‌ناو یه‌کێتیه‌کدا به‌رقه‌راره‌، ئیدی لێره‌دا هیراکلیتیس ته‌نیا وه‌کو بیرمه‌ندێک نایه‌ته‌ پێش چاو، به‌ڵکو وه‌کو ڕۆحانیه‌کە(سه‌یجێک)، هه‌رهه‌مان ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌ بۆ جیهانوبوون له‌ناو یه‌کێتی خۆیدا. هەرئەمەش، هیراکلیتیس ده‌کات به‌یه‌کێک له‌وجۆره‌ بیرمه‌ندانه‌ی کێشه‌ی دوالیزم چاره‌سه‌رده‌کات، چونكە یەکێتیەکەی تەنیا لەمدونیایە نەوەک لەودونیاو شتی بەوجۆرە‌.

وه‌کو ده‌خوێنینه‌وه‌و فێرده‌بین له‌مێژووی فه‌لسه‌فه‌وه‌، کۆتری بیرو بۆچونی هیراکلیتیس ئه‌مه‌نده‌ به‌ئاسانی له‌ناو قه‌فه‌سی زاراوه‌یه‌کدا یان تێرمێکدا زیندانی ناکرێن، له‌هه‌مان کاتیشدا خوودی بیروبۆچونه‌کانو کاریگه‌ریو ڕه‌نگدانه‌وه‌و ڕه‌خنه‌کانیش به‌ته‌نیا یه‌ک ئاستو یه‌ک تێفکرینیان نابێت.

ئیدی گۆڕان، که‌شوهه‌وایه‌کی وایده‌بێت مرۆڤه‌کان مه‌حکومده‌بن به‌هه‌لوومه‌رجی نوێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێره‌دا لۆگۆس له‌ناو مێشكی خۆماندا دابنێین، ئه‌وا ئه‌ گۆڕانه‌ش که‌ باسی لێوه‌ده‌کرێت له‌ده‌ره‌وه‌ی حووکمه‌کانی ئه‌و‌ لۆگۆسه‌شدا نیه، بەڵام لۆگۆس لەڕێگەی وشە و تێگەشتنمانەوەیە بۆدونیاو گەردوون‌. کاتێک تواناو ئاکارو ئه‌دگاره‌کانی ئه‌و گۆڕانه‌ له‌چه‌ندین لاوه‌ په‌لی هاویشتێبێت و زه‌مینه‌یان هه‌بێت، ئیتر شتێک نیه‌ له‌به‌رده‌م گۆڕاندا خۆی ڕابگرێت به‌ئاسانی‌.هێواشیو خێرایی گۆڕان کاریگه‌ریو ڕه‌نگدانه‌وه‌و فاکتی مێژووی و کۆمه‌ڵایه‌تیو ڕۆشنبیری له‌پشته‌وه‌یه، بەڵام لەدیدە زۆر گشتیەکەیدا گۆڕان لەگەڵ نەگۆڕاندا دەڕوات وەكوو دووانەیەک‌، وەكوودەڵێت: ” بۆئەم مەبەستە گۆڕان وەستان دەبەخشێت”

 

تێبینی: ئەوەی وەكوو سەرچاوە بەکارهێنراوە لەسەرەوە نووسراون،

بەڵام بڕگەکانی هیراکلیتیسم، لەکتێبەکەی برووکس هاکستۆن وەرگرتوەو وەرگێڕاوە.

Haxton, Brooks.

Fragments, the collected wisdom of Heraclitus.

New York: the penguin group, 2001.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: