بۆچی (ڤلادمیەر پوتین) جەنگەکەی دۆڕاندووە؟

1174
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: یۆڤال نوح حەراری

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕامیار محەمەد

 

ڕووسییەکان ڕەنگە ئۆکرانیا داگیر بکەن، بەڵام ئۆکرانییەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەوەیان سەلماند، کە ناهێڵن ڕووسیا وچانی تێدا بدات و بەڕێوەی ببات.

 

هەفتەیەک دەبێت جەنگ بەردەوامە، بەڕێژەیەکی زۆر، پێ دەچێت ڤلادیمیەر پوتین بەرەو دۆڕانێکی مێژوویی هەنگاو بنێت. ڕەنگە هەموو شەڕەکان بباتەوە، بەڵام هێشتا دۆڕاوی جەنگە. خەونەکەی پوتین دەربارەی بنیاتنانەوەی ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیی، لەسەر ئەو درۆیە بنیاتنراوە، کە ئۆکرانیا نەتەوەیەکی سەربەخۆ نییە، کە ئۆکرانییەکان هەر بەڕاستی ڕەسەن نین و، دانیشتووانی کیڤ، خارکیڤ و لڤیڤ سەر بە دەسەڵاتی مۆسکۆن. ئەمە سەرلەبەری درۆیە. ئۆکرانیا نەتەوەیەکی خاوەن مێژووی هەزاران ساڵەیە. ئەودەمەی مۆسکۆ تەنانەت گوندیش نەبووە، کیڤ خاوەن شارستانییەتێکی گەورە بووە. بەڵام ڕووسیا زۆر درۆی کردووە دەربارەی دەسەڵاتە ڕەها درۆیینەکەی، کە خۆیشی بەئاستەم بڕوا بەو درۆیەی خۆی دەکات.

کاتێک پیلانی داگیرکاری ئۆکرانیای داڕشتووە، پوتین پشتی بە زۆرێک لە ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەکان بەستووە. ئەو زانی کە لە ڕووی سەربازییەوە ڕووسیا زۆر لە ئۆکرانیا بەهێزترە. ئەو دەیزانی ناتۆ هێز نانێرێ بۆ بەرگریکردن لە ئۆکرانیا. دەیزانی پشتبەستنی دەوڵەتانی ئەورووپی بە نەوت و و گازی ڕووسیا، بە نموونە: وا لە دەوڵەتێکی وەکوو ئەڵمانیا دەکات دوودڵ بێت لە سەپاندنی سزا ئابوورییەکان بەسەر ڕووسیادا. بە پشتبەستن بەم ڕاستییە زانراوانە، پیلانەکەی ڕووسیا ئەوە بوو: بەخێرایی، بەزەبرێکی زۆر لە ئۆکرانیا بدات و، حکوومەتێکی تایبەت بە خۆی دروست بکات، پاشان ڕژێمێکی داگیرکاریی لە کیڤ دابمەزرێنێ و هەموو سزا ئابوورییەکانی جیهانی ڕۆژئاواش ڕابماڵێت و تێپەڕێنێت.

بەڵام یەک نەزانراوی گەورە هەبوو دەربارەی ئەم پیلانە. هەروەک چۆن ئەمریکییەکان لە عێڕاق و، سۆڤیەت لە ئەفغانستان، فێربوون کە داگیرکردنی وڵاتێک زۆر ئاسانترە لە بەڕێوبردنیی. پوتین دەیزانی ئەو هێزەی هەیە تا ئۆکرانیا داگیر بکات، بەڵام ئایە ئۆکرانییەکان ڕژێمی داگیرکەری مۆسکۆ پەسەند دەکەن؟ پوتین وای زانیبوو پەسەندی دەکەن. پاش هەموو شتێک، وەکوو هەموو جارێک ڕوونی دەکردەوە، کە ئۆکرانیا نەتەوەیەکی سەربەخۆ و ڕاستەقینە نییە و، ئۆکرانییەکان ڕەسەن نین. لە ٢٠١٤، خەڵکی قرم بەئاستەم بەرگریان کرد لە داگیرکارییەکانی ڕووسیا. بۆچی دەبێت ٢٠٢٢ جیاواز بێت؟ ئەمانە ئەوە بوون کە پوتین بیری لێ دەکردنەوە.

لەگەڵ تێپەڕینی هەر ڕۆژێك، ڕوونتر دەبێتەوە کە پوتین قومارەکە دەدۆڕێنێت. ئۆکرانییەکان بە دڵ و بە گیانیان بەرگری دەکەن، ڕەزامەندیی تەواوی جیهان دەبەنەوە، وەک چۆن جەنگەکە دەبەنەوە. ڕۆژانی ڕەش چاوەڕێیە. لەوانەیە ڕووسیا تەواوی ئۆکرانیا داگیر بکات، بەڵام ڕووسیا بۆ بردنەوەی جەنگەکە پێویستە بەڕێوەی بەرێت، ئەمەش تەنها کاتێك ڕوو دەدات کە خەڵکی ئۆکرانیا ڕێگەیان بدەن. شیمانەی ڕوودانی ئەمەش زۆر لاوازە. هەر تانکێكی ڕووسیا کە تێك دەشکێت، هەر سەربازێکی ڕووسی کە دەکوژرێت، ئازایەتیی ئۆکرانییەکان زیاد دەکات بۆ بەرگریکردن. هەر ئۆکرانییەک کە دەمرێت، ڕقی ئۆکرانییەکان بەرانبەر داگیرکەر زیاد دەکات.

ڕق شتێکی ناشرینە، بەڵام بۆ نەتەوەی بندەست: ڕق گەنجینەیەکی حەشاردراوە، کە لە قوڵایی دڵدا نێژراوە، کە بۆ چەندین نەوە هەستی بەرگری بەهێز دەکات.

بۆ دووبارەبنیاتنانەوەی ئیمپراتۆریەتی ڕووسی، ڕێژەییانە پوتین پێویستی بە سەرکەوتنێکە کە خوێنی تێدا نەڕژێ، کە ئەوەش ڕێژەییانە ڕێ خۆش دەکات بۆ داگیرکارییەک، کە ڕق کەمتر دروست دەکات. بە ڕشتنی خوێنی زیاتر و زیاتری ئۆکرانییەکان، پوتین هەرگیز خەونەکەی بەدی نایەت. ئەوە ناوی (میکایڵ گۆرباچۆڤ) نابێ کە لەسەر بڕوانامەی مردنی ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسی دەنووسرێت، بەڵکوو ناوی پوتین دەبێت. گۆرباچۆڤ ڕووسییەکان و ئۆکرانییەکانی جێهێشت؛ بەڵام پوتین ئەوانی کرد بە دوژمن و، دڵنیایی ئەوەی کردەوە کە دەوڵەتی ئۆکرانیی وەکوو دوژمنێکی ڕووسیا خۆی ببینێت.

نەتەوەکان بەتەواوەتی لەسەر چیرۆکەکان بنیات نراون. هەر ڕۆژێك کە تێدەپەڕێت چیرۆکەکان زیاتر دەبن، کە ئۆکرانییەکان نەک تەنها لە چەند ڕۆژی ڕەشی داهاتوودا دەیگێڕنەوە، بەڵکوو دەیەی دادێت و نەوەی دادێت، ئەم چیرۆکانە دەگێڕدرێنەوە. سەرۆکی ئۆکرانیا کە ڕەتی کردەوە پایتەخت بەجێ بهێڵێت، کە بە ئەمریکای گوت پێویستی بە کەلوپەلی سەربازییە، نەک ڕزگارکردنی. ئەو سەربازانەی لە دوورگەی (زمینی) بە پاپۆڕەجەنگییەکانی ڕووسیایان گوت “بڕۆنەوە بۆ ئەو جێگەیەی لێوەی هاتوون”، خەڵکی سڤیل کە هەوڵی وەستاندنی تانکە ڕووسیەکان دەدەن بە دانیشتنیان لەسەر ڕێگاکان و دروستکردنی قەڵغانی مرۆیی… ئەمانە ئەو شتانەن کە نەتەوەی لەسەر بنیاتنراوە. قووڵتر بیر بکەینەوە، ئەم چیرۆکانە لە تانک بەهێزترن.

دەسەڵاتە ڕەهاکەی ڕووسیا، پێویستە وەکوو هەر کەسێکی دیکە ئەمە بزانن. کاتێك پوتین منداڵ بووە، مایەی مانەوەی ئەو، ئەو چیرۆکانە بوون کە دەربارەی دڕندەیی ئەڵمانییەکان و ئازایەتی ڕووسیەکان بوون لە لینینگراد، بەڵام ئەو چووە جێگای هیتلەر و ئێستا ڕۆڵی ئەو دەبینێت.

چیرۆکی ئۆکرانییەکان نەک تەنها شکۆمەندی و ئازایەتی دەدات بە ئۆکرانییەکان خۆیان، بەڵکوو شکۆمەندی و ئازایەتی دەدات بە هەموو جیهان. ئازایەتیی دەدەن بە نەتەوە ئەورووپییەکان، بە دەسەڵاتدارانی ئەمریکیی و، تەنانەت بە خەڵکانی بندەستی نێو ڕووسیا خۆیشی. ئەگەر ئۆکرانییەکان ئازایەتی ئەوەیان هەبێت تانکێك بە دەستەکانی خۆیان ڕا بگرن، ئەوە ئازایەتی دەدات بە ئەڵمانیا تا هەندێك مووشەکی دژەتانکیان پێ بدات، ئازایەتی دەدات بە حکوومەتی ئەمریکیی تا ڕووسیا دەر بکات لە سیستمی (سویفت – swift)، هەروەها ئازایەتی دەدات بە دانیشتووانی ڕووسی بۆ ئەوەی جەخت بکەنەوە لە دژایەتیان بۆ ئەم جەنگە بێمانایە.

دەکرێت هەموومان بکەوینە ژێر کاریگەرییەوە و ئازایەتییمان هەبێت بۆ ئەنجامدانی شتێك، جا ئاخۆ بە دانی (پیتاک-donation) بێت، بەخێرهاتنی ئاوارەکان بێت، یاخود بجەنگین لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە. جەنگی ئۆکرانیا تەواوی دونیا دەگۆڕێت. ئەگەر ستەمکاریی و توندڕەویی ڕێگەپێدراو بن بۆ بردنەوە، هەموومان باجی ئەنجامەکانی دەدەین. زۆر بێمانایە هەروا وەک تەماشاکەر بمێنینەوە. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە وریا بینەوە و هەژمارمان بۆ بکرێت.

بەداخەوە وادیارە ئەم جەنگە درێژە دەکێشێت. شێوەی جیاواز وەردەگرێت، لەوانەیە بۆ چەندین ساڵیش درێژە بکێشێت. بەڵام گرنگترین بابەت بڕیاری لێ دراوە. ئەم چەند ڕۆژەی پێشوو بۆ جیهان سەلما کە ئۆکرانیا نەتەوەیەکی سەربەخۆیە، کە ئۆکرانییەکان خەڵکانی تەواو ڕەسەنن و دڵنیا بووینەوە کە ئەوان هەرگیز نایانەوێ لەژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتێکی نوێی ڕووسی بژین. پرسیارە سەرەکییەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە، ئەویش ئەوەیە: چەندی دەوێ تا ئەم پەیامە دیوارە ئەستوورەکانی کریملین ببڕێت؟

 

سەرچاوە:

https://bit.ly/344sQKP

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: