دەوڵەتی موڵکانە و ئیسلامیی شیعیی لە شۆڕشی ئێراندا

615
0
بڵاوکردنەوە:

شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان” وەک پێناسەم کردووە، وەرچەرخانێکی بناغەیی و لەناکاوی دەوڵەت و بوونیادی چینایەتی و ئایدیۆلۆجی باڵادەستی وڵاتێکە. سەرباری ئەوەش شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەک لە شێوەکانیش دەکەوێتە سەر شانی خەمڵینی شۆڕشگێرانەی چینایەتی لەژێرەوە. من شۆڕشی ئێرانی تەواو پڕ بە پێستی ئەم دەستەواژەیە ئەبینم.

لێدانی (شا) لە سەرکردەکانی جیهانی بازاڕ بوو بەهۆی دروستکردنی بەرهەڵستی دیار و نادیار بۆ شا. لە بزووتنەوەی جەماوەریی دژی شا لە ساڵانی ١٩٧٧ بۆ ١٩٧٨ جڤاتی ترادیسۆنی شارنشینیی ئێرانیی ڕۆڵێکی یەکلایکەروەی گێڕا لە مۆبیلیزەیشنی بەرگری و بەردەوامی پێدانیدا.

هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی زانایانی ئاینی بەردەوامی هەبوو لەگەڵ خەڵکی بازاڕدا کە بەشێوەیەکی خۆویست باجیان پێ دەدان. شا باوەڕێکی ڕقاوی هەبوو کە فاشنی پیاوی ئاینی کۆن” عەمامە بەسەر“Turban-headed بە بێدەنگیی دیمەنەکە بەجێدێڵێت بەهۆی ڕەوتی بەرەوپێشچوونی مۆدێرنیزەشن

 

نووسینی: تێدا سکۆکپۆل

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕامیار مەحموود

 

تیدا سکۆکپۆڵ: ئەم وتارە لە لایەن (تیدا سکۆکپۆل)ەوە نووسراوە کە (سیاسەت- کۆمەڵ)ناسێکی ئەمەریکی ژنە، لە تیۆریی سیاسیدا بە(تیۆری ئۆتۆنۆمی دەوڵەت) بەناوبانگە و خاوەنی کتێبێکی ناودارە بەناوی (دەوڵەتان و شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان)، کە شیکردنەوەی بەراوردکاری نموونەی فەڕەنسا و ڕووسییا و چینە. ئەوەی شایەنی باسە ئەم وتارەیەیەتی کە من وەرم گێڕاوە، تێیدا سکۆکپۆل لە مانگی مەی ١٩٨٢ بڵاو کراوەتەوە و لەسەرەتاوە تەنها یەک زاراوەم بەپێویست زانیوە، کە ڕوونکردنەوەی لەبارەوە بدەم. گرنگی وتارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی: سەبارەتە بە وەرچەخانی سیاسیی و کولتووریی وڵاتێکی نزیک لێمانەوەیە، ئەویش ئێرانە. خوێندنەوەی ئەم وتارە کۆمەکمان دەکات بە خوێندنەوەی لێکچوویی، بەتایبەتی لە تەوەری بەرباسخستنی مۆدێرنیزمی پشتبەستوو بە دەوڵەت، کە پێشووتر خۆم ئیشم پێکردووە لەمیانەی خوێندنەوەی بەعسیزمدا. لەم باسەدا بە مۆدێرنیزمی سپۆنسەرکراو بە دەوڵەت گەردان کراوە.

دەوڵەتی موڵکانە: ئاڕاستەیەکی تیۆرییە rentier stateمن بە دەوڵەتی موڵکانە وەرم گێڕاوە وەک لە (کرێخۆریی). بیرمەندی ئێرانی (حسێن مهداوی) یەکەم لێکۆڵەرە کە بناغەی ئەم زاراوە و کۆنسێپتەی دانابێت. (موڵکانە) لەمیانەی قۆناغی شەستەکانی ئێرانی پێش شۆڕشدا نووسراوە. لە ساڵی ١٩٧٠ نووسینەکەی خۆی بڵاو کردەوە، بەناوی (نموونەکان و کێشەکانی گەشەسەندنی ئابووری لە دەوڵەتانی موڵکانەدا: بەنموونە ئێران). ئەمەش یەکەمین ئاماژەکردن بوو بۆ زاراوەی موڵکانە. بیرۆکەی موڵکانە بایەخی خۆی وەرگرت لە ئەدەبیاتی لێکۆڵینەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی نەوتیی، بەدوایدا ئابووریناسی جیهانیی (حازم بیبلاوی) و (جیاکۆمۆ لوشیانی) ئەو ئەرگیومێنتەیان بیناکرد لەسەر دەوڵەتی موڵکانە وەک دەوڵەتی دەرەکییانە بەمانای دەوڵەتێک کە لە سەر موڵکانەی دەرەکی ئەژی و سەربەخۆیە لە کۆمەڵگا و دەوڵەت و هیچ پێویستی بە بناغەی ناوخۆیی نییە بۆ پشتیوانی و ڕەوایەتی (پاشەکی وەرگێڕ).

 

دەستپێکردنی شۆڕشی ئێرانی لەنێوان ساڵانی ١٩٧٧ و ١٩٧٩ و کەوتنی ڕژێمی شای ئێران، بوو بە سەرسوڕمانێکی کتوپڕ بۆ چاودێرانی دەرەکی، بەتایبەتی دۆستە ئەمەریکییەکانی شا و ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگرە سیاسییەکان و کۆمەڵناسانیش، بەوانەشەوە کە وەکوو من بوون کە تایبەمەند و پسپۆڕییم هەیە لە بواری شۆڕشدا. هەموومان شاهیدی ڕوداوەکە بووین بە سەرسوڕمان و لەوانەشە بە بڕێک ترسەوە. تەنها کەمێک لە ئێمە بزواین بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستییە سۆسیۆسیاسییەکانی ئەودیو ئەم ڕووداوانە. ئەم لێکۆڵینەوەیە زۆر پەرۆشی کردم، لەسەروو هەمووشیەوە لەبەرئەوەی شۆڕشی ئێرانی لە هەندێک ڕووەوە سەری سوڕماندبووم وەک شۆڕشێکی دانسقە. بەدڵنیاییەوە ئەم شۆڕشە تایبەتمەندی ئەوەی تێدایە وەک (شۆڕشی کۆمەڵایەتی) پۆلێن بکرێت، بەتایبەتیش ڕووداوەکان کە بوونە هۆی ڕووخانی شا. ئاڵەنگارییەکی گەورە بوو بۆ پێشبینیکردنی هۆکارەکانی شۆڕش کە خۆم پەرەم پێدا بوو لە توێژینەوەی بەراوردکاری-مێژووییانە لە سەر شۆڕشی فەڕەنسیی و ڕووسیی و چینیی.

“شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان” وەک پێناسەم کردووە، وەرچەرخانێکی بناغەیی و لەناکاوی دەوڵەت و بوونیادی چینایەتی و ئایدیۆلۆجی باڵادەستی وڵاتێکە. سەرباری ئەوەش شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەک لە شێوەکانیش دەکەوێتە سەر شانی خەمڵینی شۆڕشگێرانەی چینایەتی لەژێرەوە. من شۆڕشی ئێرانی تەواو پڕ بە پێستی ئەم دەستەواژەیە ئەبینم. لەژێر سایەی ڕژێمی کۆندا، شا حوکمڕانییەکی پاشایەتی ڕەها و سەربازی و دکتاتۆرییانەی هەبوو، خۆی وەک وێنەی (کۆڕشی مەزن)ی پاشای فارسەکان دەبینی لە ٢٥٠٠ ی کۆندا. چینی باڵادەستی ئێرانی شانازی بە پرۆ ڕۆژئاواییبونییەوە دەکرد لە شێوازە کولتوورییەکەیدا و پشتبەستوو بە بیرۆکراتی دەوڵەت و وەبەرهێنی بیانی، کەپیتاڵستی ناوخۆییش بەتوندی بەسترابووەوە بە خزمخواهی و مەحسوبییەت و مەکینەی دەوڵەتەوە. لەکۆتایدا، ڕاماڵینی شا هاوکات بوو بە داماڵینی هەموو ئەو کەپیتاڵستانەی کە لە ڕووی سیاسییەوە ئیمتیازدراوبوون لەڕێی ڕاماڵینی خاوەن پلەبەرزەکان و سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی کارگێڕی و دادوەری و دەزگای سەرکوتکردن و لێدان لە شێوازی ژیان و ئەو ئینستوتانەی پشتیوانی گروپی باڵادەستی خۆرئاوایکراوبوون لە ئێراندا. هەروەک چۆن لە زۆربەی وڵاتانی هاوچەرخی (جیهان-سێ)دا قورسە جیاکاری بکرێت لەنێوان شۆڕشی سیاسی و شۆڕشی کۆمەڵایەتی، لەبەرئەوەی دەوڵەت و دەستەبژێری حکوومی زۆر ناوەندن لە خاوەندارێتی و کۆنتڕۆڵی ئابووریدا. بەڵام لە شۆڕشی ئێراندا، بەشێوەی ئاشکرا و بە بناغەی جەماوەریMass-based بەشێوەیەکی بەرفراوان وەرچەخێنەری پەیوەندییە سۆسیۆکولتووریی و سۆسیۆئابوورییەکانیش بوو لە ئێراندا. ئەمەش دەخوازێت وەک نموونەیەکی گەورەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی ببینین، نەک بەشێوەیەکی سادە وەک شۆڕشی سیاسی، کە تەنها ئینستوتی حکوومڕانی وەرچەرخێت.

کاری پێشووم لەسەر شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان، تەنها لێکۆڵینەوە قووڵەکەم نا، کە لەسەر کەیسی فەڕەنسیی و ڕووسیی و چینی، بەڵکوو زۆر لە بەدواداچوونە بەرچاوییەکانم بۆ کەیسی (جیهان-سێ)ی هاوچەرخ بەو دەرەئەنجامە دڵنییایەی گەیاندووم لەبارەی هۆکاری ئەم ڕووداوە چینایەتییانەوە. شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو ئەرگومێنتم کردووە، بەرهەمێکی سادەی مۆدێرنیزەشنی خێرا و لەناکاو نییە کە دۆخێکی بەرفراوانی ناڕازیبوونی کۆمەڵایەتی و سەرگەردانی و بێئاڕاستەیی کۆمەڵایەتی دروستی کردبێت. زۆرێک لە تیۆریستەکان باوەڕیان وایە ئەمانە سەرچاوەی شۆڕشن. بەڵام من جەختم لە هەمان لێکدانەوەی (چاڕڵز تیللی) کردۆتەوە کە بەشداری جەماوەر و چینی خوارەوە لە شۆڕشدا ناتوانێت بێزاری وەرچەرخێنێتە سەر کردەیەکی سیاسی کاریگەر بە بێ ئۆرگانیزەشنێکی دەستەجەمعی سەربەخۆ و سەرچاوەیەک کە ئەم کۆششە ڕابگرێت. سەرباری ئەوەش دەزگا سەرکوتکەرەکانی دەوڵەتی ڕژێمی پێششۆڕش پێویستە لاواز بووبێت پێش ئەوەی کردەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەریی سەرکەوێت یان سەرهەڵبدات. بەدڵنیاییەوە کردەی یاخیبوونی جەماوەری لە ڕووی مێژووییەوە بەتەنیا ناتوانێت سەرکەوێت بەسەر دەزگای سەرکوتکردنی دەوڵەتدا. لەجیاتی ئەوە، فشاری سەربازی دەرەکی کە زۆرجار شان بەشانی دابەشبوونی سیاسی دێتە پێشەوە لە نێوان چینی باڵادەست و دەوڵەتدا زۆر پێویستە بۆ لاوازکردنی دەوڵەت و کردنەوەی دەروازەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە بنکەوە. بەتێڕوانینی من: شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان هۆکارەکەی بۆ بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێرانەی دیار و خاوەن سەرکردایەتی ئایدیۆلۆجی ناگەڕێتەوە، کە جەماوەر مۆبیلیزە بکەن وەک پشتیوانی بۆ ڕووخانی سیستمێک لەژێر ناوی جێگرەوەیەکی نوێ. ئەوە ئاشکرایە کە سەرکردایەتی شۆڕشگێرانە هەمیشە ونە، یاخود لەڕووی سیاسییەوە پەراوێزخراوە تا ئەوکاتەی ڕژێمی پێش شۆڕش دەڕووخێت. هەروەها گرووپە دیارەکان -بەتایبەتی جووتیاران- بەشداری دەکەن لە وەرچەرخانی شۆڕشگێرانەدا لەپێناوی ئامانج و ئایدیاڵی کۆنکرێتانە، کە جیایە لەوەی سەرکردایەتی شۆڕش بینای کردووە و کۆتایی دێت بە تێهەڵکێشکردنی شۆڕش لەڕێی بیناکردنی ڕێکخراوی نوێی دەوڵەتەوە. لە کتێبەکەمدا (دەوڵەتان و شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان) بەشێوەیەکی بەردەوام ڕەخنەی هەموو ئەو تیۆرانەم کردووە کە وای دەخەمڵێنن بەهۆی شۆڕشگێرانی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی خاوەن بناغەی جاماوەری شۆڕش دەکرێت. لەجیاتی ئەوە جەختم لەسەر دیدگایەکی بوونیادی کردۆتەوە، کە دەگاتە ساتەوەختێکی مێژوویی ئاشکراکەری کارلێکی کۆشش و پاڵنەری گروپی جیا جیا، گروپگەلێک کە دەست بە ئۆپەراسیۆن ناکەن لەژێر ناونیشانی هاوبەشی ئایدیۆلۆجی شۆڕشگێڕانەدا. هەروەک چۆن لە کتێبەکەمدا ئاماژەم بە وتەیەکی (وێندێڵ فیلیپ)کردووە “شۆڕش دروست ناکرێت بەڵکوو دێت”. بۆ من وێستگەکانی شۆڕشی ئێران تەحەدایەکی ئاشکرابوون بۆ کارکردن لەسەر چەمکی هۆکاری شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان، دەستبەجێ سێ دژواریی و ئاستەنگی ڕووبەڕووم کردەوە.

یەکەم: وا لە شۆڕشی ئێرانی گەیشتم کە بەرهەمێکی سادەی مۆدێرنیزەیشنی لەناکاو و زیادەڕۆیە. لە ماوەی شەستەکان و و حەفتاکاندا کۆمەڵگای ئێرانی خرایە ژێر جەبری ڕیفۆرمی زەوی و زارەوە و کۆچکردنی بەرفراوان لە دەرەوەی شارەوە بۆ شارۆچکە و شارەکان دەستی پێ کرد -بە تایبەتی بۆ تاران-. بەپیشەسازیکردنێکی بێ وێنە و فراوانبونی کتوپڕی خوێندنی مۆدێرنی سەرەتایی و ئامادەیی و زانکۆیی دەستی پێ کرد. کاتێک کە شۆڕش هات هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگای ئێرانی ناڕازی بوون بەرامبەر بە شا و هەلومەرجی خۆشیان. هەربۆیە شۆڕشەکە ڕاستەوخۆ بەرهەمی لە شیرازە کەوتنی کۆمەڵایەتی و ویڵبوونی کۆمەڵایەتی و بێهیوایی گشتی بوو لەسەر وەتەری گۆڕانەکان.

دووەم: بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش لە ڕێسای مێژوویی شۆڕشگێرانەدا، چەکدار و پۆلیسی (شا) لەسەروو سێسەد هەزارەوە بوو، لە کارکەوت لە پڕۆسەی شۆڕشدا لە نێوان ساڵانی ١٩٧٧ بۆ ١٩٧٩ بێ ڕوودانی هیچ شکستێکی سەربازی لە جەنگی دەرەکی لە گەڵ بێگانەو بێ هیچ فشارێکی دەرەکی بۆ لاوازکردنی ڕژێمی شا، یاخود کڵپەپێکردنی دژبەر و ناکۆکی نێوان دەوڵەت و چینی باڵادەست. بەتەنها (شا) خۆشی ناپارێزراو نەبوو بە هۆی بێتوانایی هێزە چەکدارەکەیەوە، بەڵکوو ئەو هێزە چەکدارانە خۆشیان ئەوەیان سەلماند کە نەتوانن جێگای (شا) بگرنەوە، یاخود ڕژێمێکی پارێزراو بە سوپا دروست بکات کە دامودەزگای دەوڵەت لە هەڵوەشاندنەوە بپارێزێت. لەجیاتی ئەمانە، هەم شا و هەم هێزە چەکدارەکەی وەک یەک ملیاندا بۆ بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی جەماوەری ناوخۆ.

سێیەم: بەدڵنیایەوە ئەگەر شۆڕش بەشێوەی تەشاوری دروست بکرێت بۆ گۆڕینی ڕژێمی کۆن، ئەوا شۆڕشی ئێرانی دژ بەو شێوەیە بوو بە کۆتایی ساڵی ١٩٧٨ هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگای شارنشینی ئێرانی تێکەڵبوون لەژێر ناونیشانی (ئیسلامی-شیعی) و بوونە شوێنکەوتووی ڕێنیشاندەری کلێریکی شیعی (ئایەتوڵڵا خومەینی) بۆ بەرهەڵستی شا و هەموو ئەوانەی پەیوەستییان بە (شا)وە هەیە. خۆپیشاندانێکی شارنشینی و جەماوەری مەزن بە قەبارە گەورە پڕ لە حەماسەتی شۆڕشگیرانە بەڕووی سوپایەکی چەوسێنەر و کوشندەدا، هانی بێکار و کرێکار و هونەرمەند و تەکنیککار و بازرگان و خوێندکار و فەرمانەبەری پلە مامناوەندی حکومیی دا دژی ڕژێمی (شا). وەک ئەوەی ئەو خەوەی سۆشیالستەکانی خۆرئاوا دەیانبینی، خەڵکی شارنشینی ئێران مۆبیلیزەیشنی گشتیی هێنایە کایەوە دژی ڕژێمی (گەندەڵ) و (ئیمپریالیستی) و پاشایەتی. ئەوە نەبوو کە باسم کرد -شۆڕش دەبێت بێت نەک دروست بکرێت- بەڵکوو دروستیان کرد و وێستگەی لابردنی ڕژێمیان ئاوەڵا کرد. لەبەرئەوە لێکچوونی دەروازەی شۆڕشی ئێرانی لەگەڵ پێکهاتە هۆکارەییەکانی سەرهەڵدانی شۆڕشی فەڕەنسیی و ڕووسیی و چینیی جێگای پرسیار نییە. بەخت یاوەرم بووە کە لە (دەوڵەتان و شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان)دا تیۆرێکی گشتگیری هۆکاریم بۆ ڕاڤەکردنی شۆڕش فەرامۆش کردبوو، کە قابیلی جێبەجێکردن بێت بۆ هەموو زەمین و زەمانێک؛ خۆم دووچاری ئەو ئەو شەرمازرییە نەکردووە کە بڵێم: شۆڕشی ئێرانیی (وەک شۆڕشی فەڕەنسیی و ڕوسی و چینیی وایە). بەهەرحاڵ لە دەرئەنجامی کتێبەکەمدا پێشنیاری ئەوەم کردووە کە ئەو چوارچێوە بناغەییەی بۆ شیکردنەوەی شۆڕش بەکارم بردووە قابیلی جێبەجێکردنە بۆ شۆڕشی تر تەنانەت لە کۆمەڵگای جیاواز و هەلومەرجی مێژوویی و جیهانی جیاوازدا. بەدڵنیاییەوە بۆ تێگەشتن لە شۆڕشی ئێرانیی پێویستمان بە مایکرۆسکۆبێکی مێژوویی و دیدگایەکی بوونیادیی هەیە. لە شیکردنەوەی پەیوەندی نێوان دەوڵەت، کۆمەڵگا و ئۆرگەنایزەکردنی سیاسەت لە ئێران و دانانی ئێران لە سیاقی گۆڕاوی پەیوەندی ئابووری و سیاسی نێودەوڵەتیدا. تەنها لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین لە ئەگەری لێدانی ڕژێمی شا بگەین و هەروەها ڕەگوڕیشەی سۆسیۆسیاسیی نێونەتەوەیی ئەم بزوتنەوە شۆڕشگیڕییەی کە ڕژێمی ڕووخان و ئەو خەباتە مەزنەی کە لە ١٩٧٩ سەرلەنوێ دەوڵەت و دامودەزگای تازەی لە ئێراندا دروست کردووە. هاوکات ئەم شۆڕشە هەڵکەوتووە ناچاری کردم کە تێگەشتنم زیاتر قوڵ بکەمەوە لەسەر ڕۆڵی سیستەمی بیر و تێگەشتنی کولتووری بۆ لە شەقڵدانی بە کردەی سیاسیی. کە لەنێو ئەم باسەمدا بەرباسی دەخەم.

خاڵی لاوازی دەوڵەتی موڵکانەی ڕەها:

وەک حوکمڕانە کۆنەکانی ڕژێمی فەڕەنسییی و ڕووسیی و چینیی، شای ئێرانیش پاشایەتییەکی ڕەهاabsolute monarch  بوو. بەڵام شای ئێران بەهێزتر بوو وەک لە پاشا کۆنەکان، بەهۆی ڕێکخستنی هێزی پۆلیسی نهێنی و سوپایەکی تەواو نوێ و دڵڕەقیش. بەڵام شای ئێران کەمتر ڕیشەو بەرجەستەبوونی هەبوو لەناو کۆمەڵگای ئێرانی گوندیدا، لەچاو بیرۆکراسی کشتوکاڵی لە فەڕەنسا و ڕووسیا و چینی پێش شۆڕش. بەدرێژایی سەدەی نۆزدە شای ئێران ستەمکاری ڕۆژهەڵاتییOriental despots  بوو. سەرباری کۆبونەوەی هێز لە دەسەڵاتی کەسیدا و بەڕێوەبردنی ناکۆکی نێوان خێڵە چەکدارەکان و دەرەبەگ و میری ناوچەکان و گروپی کۆمپانیا خۆبەڕێوەبەرەکانی شارەکان. دەوڵەتی مۆدێرنی ئێران کە خاوەنی سوپایەکی نەتەوەیی نیشتمانی و کاریگێڕییەکی مەرکەزی بێت، تەنها لە دوای ١٩٢٠ کاندا پەیدابوو کە شا (ڕەزا خان)ە.

ڕەزا شای بەهلەوی کە کۆتای بە بنەماڵە قاجاریی هێنا، دەستی کرد بە بیناکردنی بیرۆکراتی کشتوکاڵی و دەوڵەتێکی مەرکەزی تێکهەڵکێش بە ئەرستۆکراتەکان. لە ماوەی حوکمڕانیەکەیدا ئێران یەکگرتووی نەتەوەیی و ئۆتۆنۆمییەتی بەرچاوی بەدی هێنا. بەڵام ئێران نەیتوانی لەو قەدەرەی خۆی هەڵبێت لەناو بەرژوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ژیانەوەی زلهێزەکاندا. لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا ئێران لە لایەن بەڕیتانیا و یەکێتی سۆڤیەتی جارانەوە داگیرکرا. ڕەزا شا خۆی تووشی هەڵەی مەراییکردنی ئەڵمانییەکان کرد و ئەکامەکەشی دوورخرایەوە بۆ دەرەوەی وڵات. پاش جەنگ ئێران تێکۆشا بۆ بەدەستهێنانەوەی سەربەخۆیی نەتەوەیی، هەم دژی سۆڤیەت و هەم دژی بەڕیتانیا و بەرژەوەندییە نەوتییەکانی. لە ئاکامی نوشستی (محمد موسەدەق) کە براندێکی ناسیۆنالیستی پۆپۆلستییانە بوو. ئەمەریکا دەسەڵاتی پاشایەتی هێنایەوە گۆڕێ بۆ محمدی کوڕی ڕەزا شای پەهلەوی و هەم بە یارمەتی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکی کەوتە شکاندنی نەیارە ناوخۆییەکان و وڵاتەکەی خستە ناو چارەنووسێکی پڕ وریایی و مەترسییەوە. بەهۆی هاوپەیمانیی لە گەڵ وڵاتێکی هەژمونیی نوێ (ئەمەریکا)، کۆمەک وەرگرتن لە دەسەڵاتێکی ئیمپریالستی دوور بەکارهێنرا بۆ ئەوەی دەوڵەتی ئێران بێتە خاوەن نفوز لە پەیوەند بە دەسەڵاتە ئیمپریالییە کۆنەکان (بەڕیتانیا و ڕووسیا) هەروەها کردنی ئێران بە دەسەڵاتێکی سوپایی و بەهێز لە ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە سەردەمی شای دووەمدا بناغەی ناوخۆیی دەوڵەتی ئێرانیش گۆڕانی بەسەردا هات و دەوڵەت توشی ئالوودەبونێکی زۆر بوو بە داهاتی هەناردەکردنی نەوت و گاز. حکومەتی ئێرانی بوو بە (دەوڵەتی موڵکانە) و شەپۆلی پیترۆدۆلار و بەستنەوە بە ئابوری کەپیتالستی جیهانییەوە بەتایبەتی لە ناوەڕاستی شەستەکاندا دەوڵەت پێویستی نەما بە سەندنی باج لە دانیشتوان هەروەها بناغەی ئابوورییشی بەند بوو بە پیشەسازی هەناردەکردنی نەوت و کەمبوونی ڕێژەی کەمی هێزی کاری ناوخۆش. هەروەها پەیوەندی دەوڵەتی ئێرانی بە کۆمەڵگەی ئێرانییەوە تەنها لە ڕێگای خەرجییەوە بووەexpenditures  واتا نەفەقات، ئەمە تەنها ڕایەڵەی پەیوەندی دەوڵەت بوو بە کۆمەڵگاوە وەک نەفەقاتی سوپا و پڕۆژەی پەرەپێدان و کۆنستراکشنی نوێ و بەکاربەری کاڵا. حوکمڕانی (شا) هیچ پەیوەندییەکی نەبوو بە هیچ چین و گروپێکی کۆمەڵایەتی سەربەخۆوە.

لە شەستەکاندا هەستا بە شۆڕشی سپی و لەڕێی پێدانی زەوی بە دەرەبەگ و میرەکان و جوتیارە بارودۆخ باشەکان، بیرۆکراسییەتی دەوڵەتی درێژ کردەوە بۆناو گوندەکان و ئابووری کشتوکاڵی بێبەرەکەت کردوو ملیۆنەها جوتیاری هەژار کۆچیان بەرەو شارۆچکە و شارەکان کرد و ڕێژەی شارنشینی لە ئێراندا بەرزبوویەوە بۆ لە سەدا پەنجا و پێش ئەوەی شۆڕش ڕوو بدات، هەمووچینی شارنشینی ئێرانیش بە توندی پشتیان بە کار و کەرتی خزمەتگوزاری گەشەکردووی دەوڵەتەوە هەبوو.

ئێران وەک هەر دەوڵەتێکی موڵکانەی خاوەن سامان ڕژێمێک بوو لە ڕووی سیاسییەوە ئاشتیخواز دەرئەکەوت. هەم پەرچەکرداری توندی لە هەناودا بوو، بە هۆی ڕێکخستنی ئیکۆلۆجی و سیۆسیۆ سیاسی دەرەوەی شارەوە: جووتیارانی ئێرانی وزەی شۆڕشکردنی نەبوو بە سەربەخۆیی ئەگەر پێشی هەستایە نەدەبووە مەسەلەیەک لەبەر ئەوەی کشتوکاڵ ڕۆڵێکی پەراوێزی هەبوو لە ئابووری نیشتمانیدا. پیشەسازی و کۆنستراکشن و خزمەتگوزاری چەقی فراوانبونی ئابووری نەتەوەیی بوو کە ڕژێم خەرجییەکەی پڕ ئەکردەوە و دابینی دەکرد. ئەم خەرجیەش بەسترابوویەوە بە نرخی نەوت و خواستی نێودەوڵەتیی لە سەر نەوت. کاتێک ڕێکخراوی ئۆپیک نرخی نەوتی بەرزکردووە لە سەرەتای ١٩٧٠، (شا) کتوپر داهاتێکی زۆری کەوتە بەردەست بۆ خاپوورکردنی پرۆگرامەکانی پێشەسازی و نوێکردنەوەی سوپا. لە گەڵ ئەم قازانجە ناکاوەدا، بەرزبونەوەی کرێ و هەلی کاری نوێ، کەرتی شارنشینی ئێرانی کەوتە بەردەم بەرزبوونەوەی هەڵئاواسان و هروژمی کرێکارانی شارەزا و تەکنیکاری بێگانەی خاوەن ئیمتیازاتی زۆر. پاشان لە ساڵانی ١٩٧٥ بۆ ١٩٧٨ خواستی جیهانی بۆ نەوتی ئێران کۆنتراکت کرا، زۆرێک لە پڕۆژەکان وەستێنرا و کرێکاران ڕووبەڕووی بێکاری بوونەوە و چینی شارنشینی ئێرانی دەوڵەتی تاوانبار دەکرد بۆ ئەم دۆخە دژوارە. (شا)ی ئێرانیش بەشێوەیەکی جیهانیی وەک بەرجەستەکەری دەسەڵاتی ئۆتۆکراتی دەوڵەت وێنا ئەکرا؛ بەدڵنیاییەوە شا هیچی لە بارەی شارنشینییەوە نەدەزانی، بەڵکوو مەشقی دەسەڵاتی پارتریمۆنیالی(پشتاوپشتی) ڕەهای دەکرد. دەزگای بیرۆکراتی و سەربازی بە یەکدا دەدا، بۆ ئەوەی هیچ جۆرە هاوپەیمانی هێڵی دەسەڵات و دانیشتوان پەرەنەسێنێت بۆ جێگیری. شا بەتایبەتی هەموو بریاڕێکی دەدا لەسەر دەستنیشانکردنی وەزیفە و دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی و بواری سەرەکی وەبەرهێنانی ئابووریی دەوڵەت. کاتێک دەوڵەتی ئێرانی کەوتە ژێر فشاری شۆڕشگێرانەوە لە ساڵی ١٩٧٧ بۆ ١٩٧٨ حوکمڕانی پاشایەتی ڕەها جەختی لەسەر کەسایەتییە پاشاییەکەی دەکردەوە، کە بێ ئەو دەوڵەت توانای بەگەڕکەوتنی نییە. ئەفسەرانی سوپاش بۆ نموونە خاوەنی هاریکاری ناوخۆیی خۆیان نەبوون بۆ جێگرتنەوەی شا لەڕێی کودەتاوە بۆ ڕزگارکردنی دەوڵەت. کاتێک ئەمەریکا پاڵی بە شاوە نا بۆ ئەوەی ئێران جێبێڵێت لە جانیوەری ١٩٧٩، فەرمانبەرە باڵاکانی حکوومەت توانای خۆڕاگیرییان نەبوو بەرامبەر هەڵکشانی هێرشی شۆڕشگێران. ئەوەی کە وای کرد شۆڕش سەربگرێت و ڕژێمی ئێرانی توانای بەرەنگاربوونەوەی نەبێـت وەک زۆرێک لە حوکمڕانانی (جیهان-سێ) ئەو بەردەوامییە خەباتگیرییە بوو کە شارنشینی ئێرانی پێی هەستا. ئەم کۆشش و خەباتەش بناغەکەی بۆسەنتەری ترایدیسیۆنی ژیانی هاوشاریی و هاوپشتی شارنشینیی و تۆڕی پەیوەندییەکانی ئاینی ئیسلامیی و سەرکردەکانیان دەگەڕایەوە

جڤاتی شارنشینیی وەک بناغەیەک بۆ خەباتی سیاسی:

ئەوەی لە هەموو شۆڕشەکۆمەڵایەتییەکاندا لە ڕووی سیاسییەوە زۆر گرنگە ئەوەیە کە بناغەکەی لە جڤاتی گوندیدایە کە بە هۆی گۆڕانی کۆمەڵایەتی یان مۆدێرنکردنەوە زیانی پێگەیشتووە، بەڵام هێشتا وەک سەنتەرێکی ئۆتۆنۆم و تاقانەییەکی بەرەنگارییە دژی چینی باڵادەست و دەوڵەت. بەڵام جڤاتی جوتیاری و گوندی وا نەبوو کە بناغەیەکی جەماوەری شۆڕشی ئێران بێـت. لە جیاتی ئەوە بەرەنگاری شا سەنتەرەکەی یەکە شارنشینەکەی ئێران بوو.

لە رووی مێژووییەوە لە ئێراندا جیهانی سۆسیۆئابووری سەنتەری ژیانی شارنشیینیە و پەیوەندی لینکی بەهێز هەبووە لەنێوان بازرگان و هونەرمەندان و بەهەمهێنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی دەرەوەی شار. هەڵبەت شای پەهلەوی دەسەڵاتی دەوڵەتی بەکارهێنا بۆ پشتیوانی بە پیشەسازیکردنی کەپیتاڵستی مۆدێرن و فۆڕمێکی تری ژیانی شارنشینی. بازاڕی تاران و شارو شارۆچکەکانی تریش تووشی گوشران و فەرامۆشکردن هات لەڕووی ئابووری و شوێنیشەوە.

ئەو شڵەژانەی مۆدیرنیزەشنی ئێران، کەناڵیزەی خەڵکی تر و سەرچاوەی تری خستە بازاڕەوە کۆچبەرانی گوندی بەشوێن کارپەیداکردن و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتیەوە بوون و کۆمپانیا پیشەسازییە تەکنیکییەکان کەمتر لە 10 کرێکاریان ئەگرتە خۆی. بازرگانەکانی بازاڕ لە بازرگانی جوملەوە بۆ دوکاندارە تاکەکان بەردوام بوو لە بازرگانی هاوردەکردنی جل و بەرگ و خواردن. جڤاتی شارنشینی ئێرانی بەشێویەکی نەریتیی سەنتەری چالاکی ئابوری و ژیانی پێکەوەی بوو و گروپی ئاینی ئیسلامیش ڕۆڵیکی گرنگی هەبوو لە بەیەکەوە گرێدانی بازرگان و هونەرمەند و کرێکاردا پێکەوە. مەلاکان هەوڵی ڕاڤەکردنی یاسا ئیسلامیەکانیان دەدا بۆ کێشە بازرگانییەکان و باج کردنیش بۆ هێشتنەوەی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی بۆ ئەو کەسانەی شوێنکەوتوویان بوو. هەموو پیاوانی ئاینیی و دەعواگەر و عەلمانییە پابەندەکانیش دانەبڕان لە بەرزڕاگرتنی ڕۆژە پیرۆزەکانی ئیسلام. بازاڕیش دەرفەتمەند بوو لە نوێکردنەوەی کەرتەکانی کۆمەڵگای ئێرانی کە ئەشێت وا ببینرێت ئەم نوێکردنەوەیە شوێن بە چالاکییەکانی لێژ ئەکات، بەڵام زۆربەی خویندکارانی زانکۆ لە ئێراندا ڕوویان کردە کاری پرۆفیشناڵ و بیرۆکراتیی، لە کاتێکدا منداڵانی بازاڕو زۆرێک لە بازرگانە دەوڵەمەندەکانی بازاڕ ئاڵانە پڕۆژەی پیشەسازی سپەنسۆرکراوی دەوڵەتەوە.

بازاڕ وا دەردەکەوت هەر لە هاوپەیمانییەکی ناڕۆشندا بێت لە گەڵ ڕژێمی شادا، سەرباری مۆدێرنیزەشنی سپەنسۆرکراو بە دەوڵەت state-sponsored modernization. بەڵام لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا شا دیار بوو ئەیویست لە لایەنی ترادیسۆنی جڤاتی شارنشینیی بازار بدات. هەوڵیدا ئەو ئەنجومەنەی بازرگانەکان هەیانبوو بیخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی تەواوی خۆیەوە و هەروەها دەستی دەوڵەت درێژ بکاتەوە بۆ کاری فرۆشیاری و بازرگانی و دوکانداریکردن و هەورەها کەمپینی دژە گەندەڵی پیادەکرد بەرامبەر ئەوانەی بە حساب قازانجمەندی بازاڕن.

هەموو ئەمانەش هاوکات بوو بە هەوڵی شا بۆ دروخستنەوەی پیاوانی ئاینی و زانایانی دینی لە سیستەمی خوێندن و یاسا و چالاکی ئابووری پارێزەر بۆ کۆمەڵگا، کە بازاڕ شوێنی سەرەکی کەوتنەگەڕی بوو. لەبەر ئەوەی بازاڕ شوێنێکی گرنگی هاریکاریی کۆمەڵایەتی و سەربەخۆ بوو لە دەسەڵاتی دەوڵەت. لێدانی شا لە سەرکردەکانی جیهانی بازاڕ بوو بەهۆی دروستکردنی بەرهەڵستی دیار و نادیار بۆ شا. لە بزووتنەوەی جەماری دژی شا لە ساڵانی ١٩٧٧ بۆ ١٩٧٨ جڤاتی ترادیسۆنی شارنشینیی ئێرانیی ڕۆڵێکی یەکلایکەروەی گێڕا لە مۆبیلیزەیشنی بەرگری و بەردەوامی پێدانیدا. کرێکارانی پیشەسازی هاوچەرخ کە زۆر پشتبەستوو بە کۆمەکی ئابووری بازاڕ لەگەڵ خەڵکی پڕۆفیشناڵی چینی ناوەندی دژە شا کە پشتبەستوو و هاوپەیمان بوو لەگەڵ سەرکردە دینی و عەلمانیەکانی بازاڕدا مۆبیلیزەی بزوتنەوەیەکی جەماوەرییان کرد لەڕێی بنیاتنانی تۆڕێکی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە.

ئەو تیۆرستانەی کە ئەرگومێنێتی ئەوە دەکەن کە مۆدێرنیزەیشنی کتوپڕ بە تەنها شۆڕش دروست دەکات هەڵەن، سەرباری پڕۆگرامی خاپوورکاری شا و دروستبوونی شڵەژان و بێزاری کۆمەڵایەتی زۆر. چونکە تێکچوونی شیرازە و بێزاری بە تەنها نابنە هۆی وزەیەکی ڕێکخراوەیی کۆگەلی و سەرچاوەی سەربەخۆ بۆ هێشتنەوە و بەردەوامی خەبات دژی ئەوەی دەسەڵاتی بە دەستەوەیە. مەسەلەی گرنگ لە ئێران ئەوە بوو کە شار و شارۆچکەکان شوێنێکی ناڕێکخراو نەبوو لە گرتنە خۆی ملیۆنەها کۆچبەری گوندی نوێ و تەنها بە کاری دەوڵەت و نەفەقەی دەوڵەتەوە بەسترابێتنەوە. بەڵکوو توانای شۆڕشگێریی دژی شا لەڕووی کۆمەڵایەتی ڕوون و تا ڕادەیەک لەو جیهانە سەربەخۆیەی بازاڕدا بوو. سەرباری زیانلێکەوتنی تا حەفتاکان هەر مایەوە وەک شوێنی سەرەکی سەربەخۆیی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی جڤاتی شارنشینیی.

تا ئێستاش بە تەواوی ئەو ئەفسانەیەمان چارەسەر نەرکردووە سەبارەت بە ئەگەری ئەکشنێکی کۆلێکتیڤ و سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و بەردەوامی پێدان بەو ئاست و قەبارە گەورەیە و تەنسیقە لە ئێراندا زۆربەی ئێرانییەکان خۆیان ڕووبەڕووی مردن کردووە، چەندین جار بۆ بەردەوامی ناڕەزایی و خۆپیشاندان کە لەکۆتاییدا گەیاندیانە ڕووخان و بە نامۆڕاڵیکردن و لەکارخستنی سوپا و شا و ئەمەریکای پشتیوانیش. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆزەدا پێویستە لەڕووی مێژووییەوە شوێنی گۆڕاوی ئۆرگانیزەیشنی ئیسلامی و شیعی و باوەڕهێنان بە کۆمەڵگای ئێران و سیاسەت لە ئێران بەرباس بخەین.

ئیسلامی شیعی لە بەمۆدێلکردنی بزوتنەوەی شۆڕشگێریدا:

ئیسلامی شیعە زۆرینەیە بەڵام لقێکی باڵادەست نییە لە ئیسلامدا. ئیسلامی شیعی وەک جیهانبینییەکی ئاینی بەرباس خراوە کە سەرچاوەیەکی سیمبولیی دیار و ئاشکرای تێدایە بۆ پاساودان بە بەرگری دژی دەسەڵاتی نادادپەروارانە هەروەها ڕەوایەتی دان بە سەرکردە ئاینییەکان وەک پێشبڕکێکار بۆ دەوڵەت. بنچینەی ئەمەش لە ناوچیرۆکی (حوسەین)دایە دژ بە خەلیفە (یەزید). هەروەها ڕەوایەتیدان بە دەسەڵات لەناو جڤاتی شیعیدا هاوبەشێکی دوور و درێژی نێوان سەرکردە سیاسییەکان و سەرکردە ئاینییەکان بووە، هیچ کامێکیشیان بە شێوەیەکی ئاشکرا بانگەشەی نوێنەرایەتی ویستی(ئیمامی نادیار)ی نەکردووە کە وەک سەرکردەیەکی باڵا لە سەدەی نۆدا بەرەو (سەروو-مێژوویی) ڕۆشتووە. زانا شیعەکان هەوڵیان داوە یاساکانی ئیسلام راڤەبکەن بۆ باوەڕداران و هەروەها توانیویانە بانگەشەی ئەوەش بکەن کە لە پاشایەتی باشترە بۆ نوێنەرایەتیکردنی ڕەسەنی ویستی ئیمامی نادیار.

لە ڕەوتی ڕاستەقینەی مێژووی ئێراندا ئیسلامی شیعی بەکارهاتووە بۆ پاساودانەوەی هاوپەیمانی نێوان زاناکان و (پاشا) بە تایبەتی لە کاتی بنەماڵەی سەفەوییدا، هەروەها لە کاتی تریشدا وەک پاساودانی کشانەوەی پیاوی ئاینی لە جیهانی گڵاوی دونیای سیاسەتدا. زیاتر لەوەش ئەفسانەی حوسەین لە ناو باوەڕدارانی ئاساییدا پاڵنەربووە بۆ داوای بەدەنگەوەهاتنی حوسەین وەک ڕێگای تاکەکەسی، نەک کردەیەکی کۆلێکتڤ بۆ شەهادەت دژی دەسەڵاتی نادپەروەرانە. لە ڕوانگەی پەرەسەندنی سیاسییشەوە پێویستە ئەوە بزانین کە باوەڕدارانی شیعیی هەڵگری چالاکی سیاسیی هەمەڕەنگن بەگوێرەی شوێنی جیاوازی چالاکی ئاینیی و دیدگایان بۆ ژیانی گۆڕاوی کۆمەڵگای ئێرانی بەشێوەیەکی گشتی. لە سەدەی نۆزدەدا لە ژێر سایەی شای قاجاریی لاوازدا لە ئێران لەڕووی داراییەوە سەربەخۆییان بەدەستهێنا وەک خاوەن موڵک و زەوی وەک کۆکەرەوەی عوشر Tithe ی دینی (عوشر یاخود جوانتر بڵێین –دەیەک- باجێکە لە ئاینی جولەکە و مەسیحی و پاشان لە ئیسلامی شیعە مەزهەبدا بەکار هێنراوە کە بە شێوەیەکی گشتی ئەکاتە ١٠ بەش لە سەد بەشی داهات یان یەک لە دەی داهات و بەروبووم بۆ پشتیوانی دامەزراوەی ئاینیی بە خۆشی بێت یان بە زۆر- وەرگێڕ) کە ئەمەش نیوەی بۆ پشتیوانی پیاوی ئاینیی و خوێندکارەکانیان بوو، نیوەکەی تریشی بۆ خێری کۆمەڵایەتی بوو کە سەرکردەی دینی یان ئایەتوڵا بەکاری ئەهێنا). هەروەها زاناکان شوێنکەوتووانی بەهێزی هەبوو لەناو خەڵکدا بەتایبەتی لە شار و شارۆچکەکاندا. ئا لەم کاتەدا و لە سەدەی نۆزەدا کە شا دوودڵ بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی خزانی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی بۆ ناو کۆمەڵگای ئێرانیی بەشێک لە زانا شیعییەکان سەرکردایەتی مۆبیلەیزەشنێکی گەورەی ناسیونالستییانەی ئیسلامییانەیان کرد دژ بە سیاسەتی حکومەت کە هێشتا پیاوانی ئاینیی لەناو تاکە یەک هەڕەمییەت و دیسپلینی سەربەخۆدا نەبوون، بەڵکوو بەشێوەیەکی ئاڵۆز بەسترابوونەوە بە دامەزراوەی قاجاری ئەرستۆکراتییەوە و بە سەرۆکخێڵ و پارتریمۆنیاڵی(دەسەلاتی پشتاوپشت) حکومەتییەوە.

هەندێک لە زانایان پشتیوانی بزوتنەوەی ڕیفۆرمستی هاوچەرخیان دەکرد تا سەدەی بیستەمیش، بەتایبەتی تا دوای ١٩٥٣ کە (شا) دەسەڵاتی پاشایەتی سەرلەنوێ سەپاندەوە بە یارمەتی ئەمەریکا. هەندێک لە سەرکردە ئاینییەکانیش پشتیوانییەکی چالاکیان کرد یان بەشێوەیەکی شاراوە لە دامەزراوەی پاشایەتی لە ئێراندا. تەنها دوای دووەم پاشای پەهلەوی پچڕان و دابرانی تەواو ڕوویداو پیاوانی ئاینیی بوون بە سەنتەری هێزی ڕاکێشانی بەرهەڵەستکاری سیاسی و پاشانیش شۆڕش.

لە ماوەی ساڵانی ١٩٦٠ بۆ ١٩٧٠ شای دووەم دەسەڵاتی دەوڵەت و پرۆگرامی مۆدێرنیزەیشنی بەکارهێنا بۆ لێدانی پیاوی ئاینی. ڕیفۆرمکردنی زەوی لە ١٩٦٠ کاندا بووە هۆی لە شوێنخستنی زۆرێک لە پیاوانی ئاینی و ئینستوتی دینی. چاکسازی یاسایی و باری پاراستنی کۆمەڵایەتی و خوێندن بوو بە هۆی خوڵقاندنی سیستەمی کارکردنی مۆدێرنی دەوڵەتی کە بە گەڕخستنی کۆمەڵایەتی پیاوانی ئاینی شیعی لەق کرد، سەرباری ئەو هەمووە مێژووەی.

تەنها هەندێک سەنتەری ترادیسۆنی خوێندنی ئاینی ئیسلامی کەم، بێ زیانلێکەوتن بەجێما وەک (قوم)، خوێنکارەکانی ئەوێش بازیان دا بەسەریدا و بە شوێن خوێندنی بەرزەوە کەوتن. سەرباری ئەمەش هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی زانایانی ئاینی بەردەوامی هەبوو لەگەڵ خەڵکی بازاڕدا کە بەشێوەیەکی خۆویست باجیان پێ دەدان. شا باوەڕێکی ڕقاوی هەبوو کە فاشنی پیاوی ئاینی کۆن” عەمامە بەسەر“Turban-headed بە بێدەنگیی دیمەنەکە بەجێدێڵێت بەهۆی ڕەوتی بەرەوپێشچوونی مۆدێرنیزەشن.

بەڵام پێش ئەوەی ئەم پاڵەپەستۆ و چوونەوەیەکە ڕوو بدات بەشێکی زۆر لە زانایانی ئێران و خوێندکارە شوێنکەوتووەکان جێدەستی دیاریان هەبوو لە کاردانەوە بەرامبەر پەرەسەندنی سیاسی توندوتیژانە و براندی پۆپۆلیستیانەی ئیسلامی ترادیسۆنیزم. بەو هۆیەوە دوورخرانەوە بۆ مەزار و سەنتەرە ترادیسۆنییەکانی عێڕاق لە شەستەکاندا. ئایەتوڵڵا خومەینی سەرەتا دەستی کرد بە ئاماۆژگاریکردنی خوێندکاران و بەسەردان و حەجی مەزارە پیرۆزەکان و وێناکردنی (شا) وەک وەکیلی ئیمپریالیزمی بێگانە و دژە ئیسلامییانە، هەروەها داوای لە زانایان کرد کە جەخت بکەنەوە لەسەر مافی سەرکردایەتی جڤاتی ئیسلامیی وەک بەرهەڵەستیکردنێکی ڕاستەوخۆی ئەم دەسەڵاتە نادادپەروەرە. داوا و پەیامی خومەینی بەرەبەرە لەناو خوێندکارانی قومدا باڵادەستی بەدەستهێنا و هەروەها بڵاویش بووەوە لەناو جڤاتی شارنشینی ئێران، بەهۆی ئەو دامەزراوە و تۆڕی مەلاکان و خەڵکی باجدەری عوشری خۆویساتەنەی خەڵک. هەموو ئەمانەش لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا دەستی کرد بە ڕەنگدانەوە لە گەڵ بەرفراوانبونی ناڕازیبونی خەڵکی ئێران بەرامبەر بە سیاسەتی حکومەت و شا. من وا تێدگەم ئەمە هاوئاهەنگ بوو لەگەڵ فوکردنە سوپا، زیادەڕۆیکردن لە سوپادا، دابینکردنی نەوت بۆ خۆرئاوا، شوینکەوتن و گوێڕایەڵی ئەمەریکا وەک لەوەی خواستی ناوخۆیی خەڵکی ئێران بێت.

کاتێک خۆپیشاندان دژی شا دەستی پێ کرد، مزگەوت و بۆنە ئاینییەکان، تۆڕ و سیمبولی پەیوەندیی گرنگی نێوان زانایان و خەڵک بوو لە هێشتنەوە و بەرەنگاری بەرفراوان دژی دەوڵەت. ئەفسانەی حوسەین چوارچێوەیەکی دەستبەرکرد بۆ کارادانەوە دژی شا، وەک شەیتان و ستەمکار (یەزیدی چاخی ئەمڕۆ). ڕۆژ و سروتەکانی ڕۆژژمێریی ئیسلامیی ساڵانە هەر لە نوێژی گشتی و پرسە، وەک کەنالیزەکردنی کردەی سیاسی بەفروانیی وەرگیرا. لە هەمووی گرنگتر: ئێرانییەکان دەیانتوانی پەیوەستبن بەیەکەوە دوور لە دەمارگیریی ئاینیی، لەبەرئەوەی ئیسلامی شیعیی و خومەینی بەئاشکرا خەڵکی ئێرانی بەشێویەکی نەتەوەیی هێنایە ناو ڕاچەنینی ئەخلاقی و بەرهەڵستی هاوبەش بەرامبەر بە پاشایەکی دابڕاو وەک ئاماژەیەک بۆ ناسینەوەی وەک بێگانەیەک بە ئێران. تەنانەت عەلمانییەکانی ئێرانیش بەشدارییان کرد لەژێر ئەم ناونیشانەدا، ئەو ئێرانییانەش کە دەمارگیر بوون بە تایبەتی گەنجانی سەر بە خانەوادەی بازاڕ ئیلهام، بەخشینیان ئەدۆزییەوە لە ئەفسانەی حوسەیندا بۆ شەهادەت لە ڕووبەڕووبونەوەی چەوساندنەوەدا.

ئەو خۆپیشاندانە جەماوەری و گەورانەی کە بە کفن خۆیان بەرگپۆش دەکرد بۆ بە سیمبولیکردنی ئامادەباشیی بوو بۆ سەرکێشی بە مردنەوە لەسەر دەستی سوپا. ئەوەش مەسەلەیەکی گرنگە کە ئاپۆڕەی ئێرانی چەندجار و چەندجارە ئیرادەی ئەوەیان تێدا بوو، ڕووبەڕووی سوپا ببنەوە و قوربانی و سووربوونی زیاتریان تێدا بوو لەچاو ئاپۆڕەی ئەورووپی، تا بە گوێرەی کات وای لێ هات ئاپۆڕەکە زیاتر گەشە بکات ئەمەش لە کاتێکدا سوپا کەمتر و کەمتر چالاک و خاوەن متمانە بوو بە خۆی وەک ئامڕازێکی سەرکوتکەر.

ئیسلامی شیعیی لە ڕووی ڕێکخراوەیی و کەلتووریشەوە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دروستکردنی شۆڕشی ئێراندا دژی شا. رادیکاڵکردنی پیاوانی ئاینیی لەلایەن خومەینییەوە و پەخشاندنی ئایدیای سیاسی بۆ بەرەنگاریکردنی شا و پاشان فۆڕمە کۆمەڵایەتییەکانی تۆڕ و ئەفسانەی سەنتراڵی ئیسلامی شیعیی یاریدەدەر بوو بۆ ڕێکخستنی بزوتنەوەیەکی شارنشینیی جەماوەریی و ڕاچەنینی ئیرادەی ئەخلاقی لە ڕووبەڕووبونەوەی سەرکوتکردنی چەکدارانەدا. هەموو ئەمانەش ئەوە ئەگەیەنن بەشێکی ترادیۆسیۆنی لە لە ژیانی ئێرانیدا دەستەبەری سەرچاوەیەکی سیاسی گرنگ بوو بۆ مۆدێلاندنی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێرانەی تەواو مۆدێرن. بەشێکی زۆر لە تیۆرستە کۆمەڵایەتییەکانی شۆڕش ئەرگومێنتی ئەوە ئەکەن کە ڕێکخراو و ئایدۆلۆجی شۆڕشگێڕانە پێویستە جەماوەر بگۆڕن و مۆبیلیزەی بکەن بەرلەوەی شۆڕش ئەگەرکراو بێت. لەڕاستیدا ئەمە زۆر دەگمەنە لە شۆڕشە کۆمەڵاتییەکان لە ڕابردوودا، چونکە ئەو شۆڕشانە دروست نەکران. لە ئێراندا بە شێوەیەکی دەگمەن شۆڕش دروستکرا، بەڵام لە لایەن هیچ کام لە پارتە شۆڕشگیرییەکانی ئێرانەوە دروست نەکرا، بەڵکوو لە ڕێگای تاقمێک لە فۆڕمی کولتووریی و ڕێکخراوەییەوە دروست کرا کە خۆراکە کۆمەڵایەتییەکەی بەفراوانیی لەناو پەیوەستەگی شارنشینیدا بوو کە سەنتەری بەرەنگاریی جەماوەریی بوو دژی شا. شۆڕش بۆیە بەم پلە گرنگە دروستکرا، چونکە کولتوور یاریدەیەکی بەهێز بوو بۆ بەرەنگاریی دەسەڵات و هەروەها تۆڕی و پەیوەندیی سیاسیی شانبەشانی کولتوور بەشێویەکی مێژوویی دوورا بوو بە فابریکەی ژیانی کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام کولتوور و تۆڕی پەیوەندیی بەتەنها ناتوانێت کردەی شۆڕشی جەماوەر ڕێك بخات، بەڵام ئەگەر هەلومەرجی مێژوویی لە ئارادابێت دەوڵەت بکەوێـتە بەردەم بەرهەڵستکارێکی مەیال بە لای گروپە کۆمەڵایەتییەکانی خاوەن هاریکاری و ئۆتۆنۆم و سەربەخۆش لە سەرچاوەی ئابوورییدا، پاشان دەستەبەرکردنی سیمبولی مۆرالی و فۆڕمی کۆمەڵایەتی پەیوەندیی لە لایەن ئیسلامی شیعییەوە لە ئێران، توانی خودهۆشیاریی و شۆڕش دروست بکات. ئەوەی شۆڕشی دروست کرد بریتی نەبوو لە دابەشکردنی پڕوپاگەندەی شۆڕش بەسەر خەڵکدا لە دوای نیوەشەوەوە و لە ناوەڕاستی قەیراندا، بەڵکوو ئەوە جیهانبینی و ئەو سێتە بوو لە پراکتیکی کۆمەڵایەتی کە بەردەوامیدەر بوو بە بزوتنەوەی شۆڕشگێرانە.

لە سەردەمی شاوە: ململانێ لەسەر دەوڵەتی ئێرانی نوێ:

کاتێک هاوپەیمانی بەرفراوان و هەمەچەشنی شۆڕشگێرانە بە دەوری سەرکەوتنی ئایەتوڵا خومەینی کۆبوونەوە، لە ئێران زۆرێک لە چاودێرانی خۆرئاوا هیوایان وا بوو ئاڕاستەی لیبراڵی خۆرئاوایی شەقڵبەخشی ڕژێمی نوێ بێت. ڕووخانی (شا) بەهۆی فۆڕمی سیمبولی ناو ئیسلامەوە بوو، بەڵام شۆڕشەکە خۆی لە ناوەڕۆکدا خەباتی ئێرانییەکان بوو بۆ لیبراڵ دیموکراسی. پاشان ئەرگومێنتی گەشبینی خۆرئاوا ڕۆیشت، پاش چەند مانگێکی ١٩٧٩ کە لیبراڵی بەرەی نەتەوەیی دۆڕا، بە فراوانی لە بەرامبەر پیاوانی ئاینیی و هەوادارانیان بۆ ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامییانە و دەسەڵاتێکی بەهێز بۆ سەرکردەی ئاینیی باڵا و دەستوورێکی نوێی ئیسلامییانە. پاشان چاودێرانی خۆرئاوا هیوای خۆیان هەڵسپارد بە ئینتلێکچواڵ و خوێندەوارانی مۆدێرن و هاوپەیمانییەکی دژواریان بەڕێوە دەبرد، لەگەڵ پیاوە ئاینییە دەستڕۆشتووەکانی ناو پارتی کۆماری ئیسلامیی (حزبی جمهوری ئیسلامی حزبێکی سیاسی بوو لە ناوەراستی ١٩٧٩ پێکهێنرا لە مانگی مەی ساڵی ١٩٨٧ هەڵوەشێنرایەوە پاش ئەوەی ئامانجی خۆی پێکا عەلی خامەنی و ئەکبەر هاشمی رەفسنجانی دوو لە دامەزرێنەرانن….- وەرگێڕ). بەگشتی وا دەبینرا مەلا و ئایەتوڵا و خوێندەوارانی ترادیسۆنی ئێران بە بوونەوەری چاخی ناوەنجی بێنە پێشچاو لەڕووی تەکنیکیەوە شارەزای بەڕێوەبردنی سیاسیەتی مۆدێرن نەبوون. بەتایبەتی دوای داگیرکردنی ئێران لە لایەن عێڕاقەوە، سەردەمی سەربازی پرۆفیشناڵ بەگەرمی هاتە ئاراوە و پێشبینیکردنی نزیکی ئاوابوونی تیۆکرات لە ئێران باڵی کێشا بەسەر میدیای خۆرئاواییدا. کاتێک لیبراڵی جمهوریی نوشستی هێنا، مەشقی بە فەرمانبەری سەربازیی و ئەفسەریی و سوپا و بیرۆکراتی حکومەت ئەکرد وەک ئەگەرێک بۆ سەرکەوتن لە جێگرتنەوەی پیاوانی ئاینیی ئیسلامییدا، بەڵام ئەم پەرەسەندنە هیچ ڕووی نەدا. زۆرێک لە چاودێرانی ڕۆژئاوا بەڕاستی سەریان سوڕمابوو لە سەرکەوتنی هەنگاو بە هەنگاوی پیاوی ئاینیی شیعیی و شوێنکەوتوانیان لە ساڵی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨١ لە تێکەڵکردنی هەژمونی کولتووریی و سیاسیی بۆ پاراستنی شۆڕشی ئێران. بەڵام لە ڕوانگەی مێژوویی و بەراوردکاری سەرەتای ڕەوتی خەبات لە شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕووداوەکان لە ساڵی ١٩٧٩ زۆر جێی سەرسوڕمان نین. لە شۆڕشی کۆمەڵایەتی کلاسیکدا لیبراڵ و دیموکراتی سوشیالیست (ئەو خەڵکەی دەیانەوێت دەسەڵاتی دەوڵەت دیسەنتراڵایز بکەن) بوونی خۆیان لە دەست دەدەن بۆ سەرکردە سیاسییەکان کە توانا و ویستی ئەوەیان هەیە کە مۆبیلیزە و کەنالیزەی پشتیوانی جەماوەرییان هەیە بۆ خوڵقاندنی ئەجێنسییەکی کۆنتڕۆڵکار و مەرکەزی و کارگێڕییەکی مەرکەزی.

دامودەزاگا نوێیەکانی دەوڵەت لەناو هەلومەرجی شۆڕشگێرانەدا بوونیاد ئەنرێت زیاتر تێکەڵکراون بە جەماوەرەوە وەک لە دەوڵەتی پێش شۆڕش یان ڕێکخستنی سیاسی لیبراڵانەی شکستخواردوو. ئەم دەوڵەتە نوێیە لە باری ڕێکخستن و ئایدیۆلۆجییەوە ئەتۆنۆمە لە پەیوەند بە دەسەڵاتی دەرەکی و چینە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆ. سەرکردایەتییەکی سیاسی دیاریکراو کە هەڵدەستێت بە خوڵقاندنی ئەم جۆرە لە دامودەزگای دەوڵەت. ئامادەباشە بە وزەی سیاسیی مۆبیلیزەیشنی جەماوەری و جیهانبینییەکی ئایدیلۆجی کە متمانەبەخشێکی خودییە بۆ بێسنوور بەکارهێنانی هەموو ئامڕازێکی چەپێنەر بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی پێشڕەو لەژێر ناوی سەرجەم خەڵکی شۆڕشگێڕدا. لە بەر ئەوە تێگەیشتن لەوەی کام سەرکردەی سیاسی بە لایەنی کەمەوە لە وێستگەی یەکەمدا دەسەڵاتی دەوڵەت دەباتەوە لە هەلومەرجی شۆڕشگێرانەی کۆمەڵایەتییدا پێویستە پرسیارەکە ئەوە نەبێت کام سەرکردە زۆر مۆدێرنترە؟ لە هەندێك ڕوانگەی خۆرئاوایی و ستانداردی تەکنیکی، بەڵکوو کام سەرکردە خاوەنی مەرجی پەرەپێدانە لەناو هەلومەرجی مێژوویی و خاوەنی سەرچاوەی سیاسی گونجاوە. لە ئێران پاش کۆتایی (شا) و هەڵوەشاندنەوەی، بە شۆکی دەوڵەت بە دیاریکراوی پیاوانی ئاینیی شیعەی فەندەمینتاڵست و ڕادیکاڵ کە شوێنکەوتووی ئایەتوڵا خومەینی و ڕێکخراو بوون، بەسەرکردایەتی ئایەتوڵا محمد بەهەشتی لە ژێر سایەی حزبی جمهوری ئیسلامییدا، توانی سەرچاوەی لە باری پەرەپێدانی تێدا بێت بۆ سەرکەوتن وەک شۆڕشگێڕی دەوڵەتدروستکەر. سەرچاوەی هەندێک لە سەرکردە ئاینییەکان کولتوورییە، وەک چۆن ڕۆڵی سەرەکی ئیمام خومەینی کە بە شێویەکی سەرەکی جەخت لەسەر سەرکردەی شۆڕشگێرانە ئەکاتەوە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر جیهانی یەهودی-مەسیحی و گەڕانەوەی ئیمامی مهدی یان ئیمامی غایب کە چاوەڕێی دروستبوونی جڤاتی ئیسلامی پێرفێکت دەکات. بە دیوێکی تریشدا دەستەبەرکردنی سەرچاوەیەکی ئایدیۆلۆجی بۆ سەرکردایەتی شۆڕشگێرانە کە ڕاڤەرکردنی سیاسییانەی ئیسلام و سەرکردەی ئاینییە. لە پایزی ١٩٧٩دا جورناڵیستی ئیتاڵی (ئۆریانا فاڵاسی) دیمانەیەکی گرنگی ئەنجامدا لەگەڵ خومەینی کە تێیدا پرسیاری لە ناکۆکی نێوان دیموکراسی و دەسەڵاتی دینیی لێ کرد:

پرسیاری فاڵاسی: لە داڕشتنی دەستووری نوێدا، ئەنجومەنی خەبیرەکان، یەک لە بەندە یاساییەکانیان تێپەڕاند کە بەو پێیە سەرۆکی وڵات دەبێت سەرکردەی باڵای ئاینیی بێت، ئەمەش تۆیت. هەروەها بڕیارە باڵاکانیش لە لایەن کەسانێکەوە دەربچن کە شارەزای تەواووی قورئان بن، ئەمەش پیاوانی ئاینیین. ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت بەگوێرەی ئەم دەستوورە سیاسەت بەشێوەیەکی حەتمی قۆرغ بکرێت بۆ پیاوانی ئاینیی بەتەنیا و بۆ کەسی تر نییە؟

خومەینی: ئەم یاسایە خەڵک تەسدیقی کردووە بە هیچ شێوەیەک ناکۆک نییە لە گەڵ دیموکراسیدا، مادامێک خەڵک پیاوانی ئایینییان خۆش دەوێت و باوەڕیان پێیانە و ڕێنوێنی لێوە وەردەگرن، ئەمە شتێکی دروستە کە سەرکردەی باڵای ئاینی پێویستە چاو بە کاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران یان سەرۆکی کۆمار بخشێنێتەوە بۆ ئەوەی دڵنیا بێت کە هیچ هەڵەیەک ڕوو نەدا یان شتێکی دژ بە (قورئان).

خومەینی و پیاوە ئایینییەکان وا بیریان لە خۆیان دەکردەوە کە خاوەنی ڕاستترین ڕاڤەکردنن بۆ ئیسلام، کە هەموو خەڵکی ئێران پێویستە شوێنی بکەوێت. هەروەها ئیسلام بۆ ئەوان وەک کۆکەرەوەیەک بوو کە هەموو شتێک لە خۆیدا کۆبکاتەوە. وەک چۆن خومەینی لە وەڵامی پرسیاری فاڵاسیدا ئەڵێت (وشەی ئیسلام پێویستی بە هیچ جۆرە ئاوەڵناوێک نییە بۆ نموونە وەک دیموکراتییانە. لەبەرئەوەی بەدیاریکراویی: ئیسلام بریتییە لە هەموو شتێک و هەموو شتێک دەگەیەنێت و وشەی ئیسلام پێرفێکتە و پێمان خۆش نییە هیچ وشەیەک لە نزیک ئیسلامەوە دابنێین). هەڵگەڕاوە و جیابووەکان لە ڕوانگەی سزادانی سیاسیی خومەینییەوە وەک گەندەڵ و شەیتان و بەشێکی نامۆ بە نەتەوەی ئیسلام پۆلێن دەکران. دادگای دینیی بەئاسانی فەرمانی کوشتن و بەندکردنی ئەو گروپە فەرمیانەی دەدا دژە (شا) بوو وەک کورد و لیبراڵ و مارکسییەکان. ئەمە لە کاتێکدا شوێنیان لەناو بوونیادی کۆمەڵایەتی و میراتی سیاسی بزوتنەوەی شۆڕشگیرانەدا دژی شا کۆمەک و سوودبەخش بوو بۆ پیاوی ئاینیی شیعیی لە خەبات و کەنالیزەی پشتیوانی جەماوەری بۆ ڕژێمێکی نوێ لە ئێراندا.

گرووپە لیبراڵەکان و پارتە چەپەکان خاوەنی شێوە پشتیوانییەک بوون لەناو زانکۆکان و لەناو توێژی ناوەڕاست و هێزی کاری ڕێکرخراوی بواری پیشەسازی. بەڵام مەلاکان پێگەیان لەناو زۆرینەی هەژارانی ئێراندا هەبوو کە قابیلی بەراوردکردن نەبوو (بازرگانی بچووک و تەکنیکار و کرێکار و بێکار و خەڵکی گوندیی) بەهۆی مزگەوت ودادگای ئیسلامی لۆکاڵی و ئینستوتی نافەرمی، خویندنی دینیی و بواری چاکەی کۆمەڵایەتییەوە. لەژێر سایەی (شا)دا سەرکوتکردنی توند و چاودێری ڕاستەوخۆ لەسەر بەرهەڵستکاری عەلمانی هەبوو، ئەمەش وای کرد کە قورس بێت بۆیان بتوانن پشتیوانی جەماوەری دروست بکەن.

 لە ماوەی نێوان ساڵی ١٩٧٧ بۆ ١٩٧٨ سەنتەری مۆبیلیزەشنی چینی خوارەوە و مامناوەند جڤاتی شارنشینی ترادیسۆنی بوو بە شوێنێک کە پیاوانی ئیسلامیی سەرکردەیان تێدا پەروەردە دەکرد. کاتێک ڕژێمی شا ڕووخێنرا خۆپیشاندانی بەرفراوان و جەماوەری دەستی پێ کرد. جارێک دژی ئیمپریالیزمی ئەمەریکی؛ چونکە پشتیوانی و دەستوەردانی ئەمەریکی لە ڕابردوودا ئاماژەیەکی بەهێزی ناو ئاوەزی ئێرانی بوو، جارێکی تریش دژی هێزە سیاسییە نا ئیسلامییەکانی ناوخۆ یاخود دەستەبژێری عەلمانی بوو. لەسەر ئاستی لۆکاڵیش هێزەی چەکدار و کۆمیتە لۆکاڵیەکانی چاودێریکردن لەژێر سەرکردایەتیکردنی سەرکردە ئاینییەکاندا ڕێکخران. سەرکردە دینییەکان باڵیان کێشا بە سەر پەرلەمانی ئێرانیدا پاش هەڵپەکردنیان بۆ دەسەڵات لەڕێی سیستەمی دەنگدانەوە ئەمەش لە ڕووی کردارییەوە ئەوەی ئەخواست کە زۆرینەی نەخوێندەوار لە ئێراندا پێویستیین بکەوێتە مەلاکان بۆ چۆنییەتی دەنگدان. هەر لە سەرەتای دوای ١٩٧٩ ەوە خوێندنی ئیسلامییانە بەرفراوانکرا ئەمە لە کاتێکدا زانکۆکان پاککرانەوە لە کاریگەری کولتووری خۆرئاوا و خرانە ناو چاوەڕوانی پێداچوونەوە بە میتۆدی خوێندن. دادگای ئیسلامییانە گەڕایەوە شوێنی سەنتراڵی خۆی لە ناو سیستەمی دادوەریدا، دەسەڵاتی قەزائی دەسەڵاتی خۆی سەپاند بۆ پێداجوونەوە بە یاساکان و هەموو کردەیەکی کارگێڕیدا و هەموو لایەک خرایە ژێر کۆنترۆلی سەرۆکی قەزائی و مەجلیس و حزبی کۆماریی ئیسلامییەوە.

ئەوەی جیگای سەرنجە بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئاین و دەوڵەتدا لە ئێراندا پیاوانی دینی شیعە دەسەڵات و چالاکییەکانیان تواندەوە لە ناو دەوڵەتدا. ئەمە گەڕانەوە نەبوو بۆ ترادیسیۆن لە ئێراندا بەڵکوو داهێنان و دەرچوونێکی تەواو هاوچەرخانە بووو کە خومەینی و هاوکارەکانی ئەرکی پێشڕەوایەتی دەوڵەتدروستکردن و دەوڵەت کۆنترۆڵکردنیان خستە ئەستۆی خۆیان، هاوشێوەی یەعقوبییەکانی ناو شۆڕشی فەڕەنسییی و کۆمۆنیستەکانی ناو شۆڕشی ڕووسیی و چینیی. (یەعقوبییەکان کاریگەرترین یانەی سیاسی فەڕەنسییی بوون کە کاریگەرییا ن هەبوو لەسەر پەرەپێدانی شۆڕشی فەڕەنسییی پاش کەوتنی ڕۆبسبیر ئەم یانەیە داخرا لە ئێستاشدا بە مانا ڕەوانبێژەییەکەی بۆ سیاسەتی رادیکاڵانە بە کاردێت، بە مانای میللیەکەشی بۆ وەسفکردنی ئەوانەیە پشتیوانی لە دیدی شۆڕشگیرانە دەکەن- وەرگێڕ). پرسیاری ئەوەی ئەگەر تیۆکراتەکانی ئێران لە دەسەڵات بکەوتنایە بەر لە پڕکردنەوەی عەرشی بەتاڵ لە لایەن شۆڕشگێڕانەوە هەمان چاروەنووسی یەعقوبیەکانیان ئەبوو یاخود دەیان توانی ڕۆڵی پێشڕەوانی کۆنترۆڵکار بگێرن وەک کۆمۆنیستەکانی ڕووسیا و چاینا؟ ئەو کاتەی ئەم وتارەم تەواو کرد لە هاوینی ١٩٨١ بەدڵنیاییەوە زۆر زوو بوو بۆ ئەوەی هیچ لەم بارەیەوە بڵێم. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کە کە سەرکردە شیعەکان سەلماندیان توانایەکی زۆریان هەیە لە بنیاتانی کۆماری ئیسلامیدا بەبەراورد بە یەعقوبییەکانی فەڕەنسا. سەرباری کەمسەرکوتووی لەبواری سوپاییدا و جەنگ لە گەڵ عێراق و یاخیبوونی ناوخۆیی، هەروەها سەرکردە شیعەکانی ئێران سەرکەوتوو نەبوون لە بەڕێوەبردن و فراوانکردنی ئابورییەکی بەرهەمیهێنی نەتەوەییدا، بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازیدا. ئەی چۆن ئەم کۆسپە بابەتی و نوشستییانە نەبوونە هۆی شکستی حوکمڕانی پیاوانی ئاینی ئێران پێش ناوەڕاستی ١٩٨١؟ ئەی چۆن لە ڕژێمی ئیسلامی بڕوانین کە بەردەوام بێت ئەگەر پێشرەوە ئاینییەکان سەرکوتوو بن لە پاراستنی کۆنتڕۆڵ دوای مردنی پێشبینینەکراوی ئۆرگەنایزەری سەرەکی ئایەتوڵلا بەهەشتی کە لە کۆتایی مانگی جونی ١٩٨١ مرد یاخود مردنی حەتمی یان لاوازی ئیمام خومەینی؟ موفارەقەکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر کۆمەکی خۆی لە ناو مەرجی نێودەوڵەتییەوە وەرگرت بۆ مانەوە. ئەمە لە کاتێکدا شۆڕشگێرە فەڕەسنییەکان لە ناوەڕاستی ١٩٧٠ ڕووبەڕووبوون لە گەڵ داگیرکردنی سوپایی فرە لایەندا. ئەمە لە کاتێکدا شۆڕشگیرانی ئێران تەنها لە یەک جەنگی دەرەکیدا بوون دژی عێراق. ئێران لە بارودۆخێکی نەگونجاوی سوپاییدا ئەفسەری سەربازیی و پێشڕەوانی شۆڕشگێڕی تێکەڵکرد بۆ ڕاگرتنی خۆی. سەرباری هەموو شتێک کولتووری شیعە پاساودەرێکی بەهێز بوو لە خەبات دژی شەیتان. ئەمە لە کاتێکدا یەکێتی سۆڤیەت زلهێزی دراوسێی ئێران ڕاڕا بوو لە داگیرکردنی ئێران بە هۆی ترس لە ئەمەریکا، بەم شێوەیە کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێویەکی ڕەمزی جەختی لە سەر سەربەخۆیی شۆڕگێڕانەی خۆی دەکردەوە و دژی سۆڤیەت لەناوخۆدا، هەروەها بەتایبەتی ئەمەریکای ئیمپریالیزمیش، بێ ترس لە پەرچەکرداری ئەم دوو زلهێزە جیهانییە. هاوکات ڕۆڵی ئێران لە ئابووری نێودەوڵەتیدا فاکتەرێکی یاریدەدەری ئیسلامییە شۆڕشگێرەکان بوو لە دابینکردنی شوێنی جیۆسیاسی ئێران و بەردەوامی لە فرۆشتنی نەوت بە جیهان، سەرباری کەمی ڕێژەکەی بەراورد بە پێش شۆڕش و پێش جەنگ لەگەڵ عێراق، هۆیەکی مانەوەی ئێران بوو سەرباری پەشێوی ئابووری و سەرنەکەوتنی لە جەنگ. بێگومان دەشێت کەسێک تووشی لێڕامان بێت لەوەی چۆن پیاوە ئاینییەکانی ئێران کە جیهانبینی و لێهاتووییەکی کەمیان هەیە بۆ پەرەپێدانێکی بەرهەمهێنی ئابووری بۆ ئێران توانییان لە دەسەڵات بمێننەوە لە ئەمڕۆی دەوڵەت -نەتەوەی جیهانیدا بۆ ئەمە دەشێت وەڵامی دژبەیەکی زۆرمان نەبێت. لە شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکانی ڕابردوودا ڕژێمی نوێ دەردەکانی کۆنی لەناو دەمجکردنی نوێی جەماورییدا لەقاو ئەدا، وەک دەبینین ئێرانی پێش شۆڕش دەوڵەتی موڵکانەیە کە داهاتەکەی لە نەوت و گازی سروشتییەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەمەش کەناڵیزە کراوە لەناو دەوڵەتدا، کەمتر وەبەرهێنانی ئابووری بەرهەمهێن ئەبینین لەجیاتی ئەمە بوو بە کڕیارێکی گەورەی چەکی نوێ و بەکارهێنانی کاڵای کەمالیاتی دەستەبژێران. کۆماری ئیسلامیی ئێران دەشێت بۆ ماوەیەکی تریش بمێنێتەوە وەک جۆرێکی تری دەوڵەتی موڵکانە: پۆپۆلستانە و، دەوڵەتی موڵکانەی بیمەی کۆمەڵایەتی لە گەڵ سەدەقەیەکی فراوان و بێشومار بۆ عولەماکان. بێکاریی و ژێربیکارییش دەشێت بەردەوام بێت بە ئاستێکی بەرز لە ئابوورییەکی نەتەوەیی مەنگ و وەستاودا.

وەک هەموو ئەو ڕژێمانەی لەڕێی شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکانەوە داڕێژراون، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش خاوەنی ستایلێکی مۆراڵیی فەرمییە کە چەقبەستوانەیە. بەڵام لە جیاتی پەرەپێدانی لە سەرکەوتنی ئاکاری نوێ لە پەرەپێدانی بواری کشتوکاڵ و پیشەسازیی بەر لە تەواوبوونی نەوت، ئەمە پیادەکردنی عورفی ئیسلامی ئەرسۆدەکسی ئەگەینێت بەسەر خێزانەکان و کۆمەڵگە نیشتەجێییەکاندا، وەک ئەوەی پیاوانی شیعیی سەکردەی جەماوەر بکەن بەرەو یۆتۆپیایەکی بێسنوور و دادپەروەرییەکی ئیسلامیی نموونەیی.

بەدڵنیاییەوە ڕووداوەکان لە ئێراندا دەشێت سەرکردایەتی شیعیی شۆڕشگڕانە کۆتایی پێ بهێنێت و پیاوانی ئایینییش یەکگرتوویی سیاسییان لە دەست بدەن یاخود؛ سوپا یان حزبیکی سیاسی عەلمانی بێتە مەیدان، یاخود شۆڕشێکی ڕەسەن یان تێکدانی بیانی ببێتە هۆی لە شیرازە خستنی ئەم وڵاتە. بەڵام ئەگەر حوکمڕانیی دینیی لەناو ڕژێمی ئیرانییدا بمێنێتەوە، ئەوە ئەگەرێکی عەجایبمان پیشان دەدات لە جیهانی دواییەکانی سەدەی بیست: کە بە شێویەکی مێژوویی کولتوورێکی سیاسیی-ئاینیی دیاریکراو هەڵدەستێت بە پێویستی شۆڕشگێرانەی کۆمەڵایەتی دەوڵەت بیناکردن و، موفاجەئەی ماددی هەناردەکردنی نەوتیش دەسەڵات بگەیەنێتە ڕۆژی ئەمڕۆ و بمینێتەوە ئەم کۆمارە ئیسلامییە. ئەم ئیسلامە یەعقوبییە ڕەنگە زیاتر بژیت لە یەعقوبییەکانی سەدەی هەژدەی فەرەنسا، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەتاهەتایی نابێت. کاتێک کە نەوت تەواو دەبێت یاخود خواستی جیهانی دووچاری ڕکودو وەستانێکی بەهێز بێـت بۆماوەیەک، ئەوکاتەش بناغە ماددییەکانی ئەم یۆتۆپیایە شۆڕشگیڕییە نابەرهەمهێنەش دەڕوات. پاشان مێژووی ئێران دەگاتە خاڵی وەرچەرخانی ساتەوەختێک لە ڕووداوە شۆڕشگێرییەکانی ئێستاش زیاتر.

سەرچاوە:

Rentier state and Shi’a Islam in the Iranian Revolution- Theda Skocpol ،in (Theory and Society،Vol. 11،No.3(May 1982)

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: