پێگەی شوێن لای هێنری لڤفرە

270
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: شیروان خان

 

پرسیارکردن لە شوێن، مێژووەکەی بۆ سەرەتاکانی هزری فەلسەفی و ماتماتیکیی یۆنانی دەگەڕێتەوە. یەکێکە لە پرسیارە هەرە گرینگەکانی ناو بەشە جیاوازەکانی هزری خۆرئاوایی، وەک فەلسەفە، فیزیا، ماتماتیک، جوگرافی، ئەندازیاری، هونەر و سۆسیۆلۆژیا. گرینگی پرسیاری شوێن بۆ لفڤرە لەوەدایە کە شتەکان ڕوو نادەن، ئەگەر شوێنیان نەبێت، چونکە شوێن پێداویستییەکە بۆ ڕوودانەکان، بەبێ شوێن ڕووداو دروست نابێت.

لەم نووسینەدا، هەوڵ دەدەم ئامادەکارییەک بۆ تیوری شوێن لای سۆسیۆلۆژی فڕەنسی هینری لڤفرە بکەم. گرینگی ئەم بابەتە بۆ من لەوەدایە، دەکرێت لەڕێی شیکارییەکانییەوە لەسەر شوێن لەناو زانستی سۆسیۆلۆژیەوە، لە دۆخی ئەو گۆرانکارییانەی بەسەر شار و ژیانی ڕۆژانەدا دێت لە کوردستان، زیاتر نزیک ببینەوە. بەڵام من لەم نووسینەدا هەوڵی خویندنەوەی دۆخی ئەو گۆرانکاریانە نادەم، بەڵکوو تەنیا هەوڵ دەدەم چەمکە سەرەکییەکانی تێۆری شوێن لای لڤفرە ڕوون بکەمەوە.

لەناو زانستی سۆسێۆلۆژیادا گرینگیەکی زۆر بە پێوەندیی شوێن و ستراکتۆری کۆمەڵگە دەدرێت، چونکە هەموو ئەو بابەتانەی کە سۆسێۆلۆژیا کاریان لەسەر دەکات، وەک ئۆرگانە کۆمەڵایەتییەکان، خێزان، پیشەسازی، ئایین و سۆسیۆلۆژیای سیاسی، پێوەندیەکی ڕاستەوەخۆیان لەگەڵ شۆیندا هەیە. بەڵام دەکرێت بەگشتی دوو پرسیار گرینگی ناو سۆسێۆلۆژیای شوێن ڕوون بکەینەوە. لەلایەک کە چۆن کۆمەڵگە ستراکتۆری شوێن بەرهەم دێنێت (کاریگەریی کۆمەڵگە لەسەر شوێن)، لەلایەکی تر چۆن ستراکتۆری شوێن وەک نموونەیەک دێت و کردار و ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان دروست دەکەن (کاریگەریی شوێن بەسەر کۆمەڵگەوە).

گەشەکردنی تێۆریی سوسێۆلۆژیای شوێن، دەکرێت لەناو پێوەندیی بەشەکانی فەلسەفە و زانستی فیزیادا ببینرێتەوە. لەگەڵ زانستی فیزیادا لەبەر ئەوەیە، لەدوای سەدەی ۱۷ چەند دیدێک دروست بوون کە کاریگەریەکی زۆریان بەسەر سۆسیۆلۆژیای شوێنەوە دروست کرد، بەتایبەتی دروستبوونی “شوێنی ڕەها” لای نیوتن (۱٦٤۳ـ ۱۷۲۷) و “شوێنی ڕێژەیی” لای ئاینشتاین (۱۸۷۹ـ ۱۹۵٠) .

 

شوێنی ڕەها

دیدی رێژەیی لای نیوتن ئەو شوێنە سروشتییە (فیزیای) نەگۆڕەیە، کە بەدەر لە هەموو گۆڕانکارییەکانی تێدا دروست دەبن، بوونی هەیە. وەک کۆنتێنەرێک (حاویەیەک) وایە، شوێنێکی بەتاڵە و ئۆبژیکتەکان یان شتەکانی تێدا نیشتەجێن. شوێن بەردەوامبوونی هەیە ئەگەر هەموو ئۆبژێکتەکان یان جەستەکانی تێدا دەربهێنین (جەستە هیچ کاریگەری لەسەر شوێن نییە). لەم دیدەدا شوێن هەیە و جەستەکان تێدا هەڵسوکەوت دەکەن و دەرک بە شوێن دەکەن وەک دوالیزمێک لەنێوان جەستە و شوێندا. (دەکرێت ئەم دیدە لەگەڵ دیدی ئایینیشدا بۆ شوێن بەراورد بکریت). یان تەختی شانۆیەکە ژیانی ڕۆژانەی تێدا نمایش دەکرێت.

 

شوێنی ڕێژەیی (رێلاتیڤ)

هەر لەسەدەی حەڤدەوە ئەم دیدە لای لاپینز (۱٦٤٦ـ ۱۷۱٦) دروست دەبێت. لاپنز چەمکی شوێنی گۆریی لە جیاتی دیدێک سەیری شوێن بکات لەدەرەوە شوێنی گۆڕی بۆ دیدێک بۆ ناوەوەی شوێن. شوێن نەک وەک ئۆبژیکتێکی سەربەخۆ لە دۆخێکی رەهادایە، بەڵکو درککردنی شوێن پێوەندی بە رەهەندی (پێرسپیکتیفی) خاڵی وەستانی سوبژیکتەکانەوە هەیە. شوێن هەردەم لە پێوەندی لەگەڵ درککردنی جەستەدا لە گۆڕاندایە. لێرەوە شوێن هەردەم لە دۆخێکی رێژەییدا لە گەڵ جەستەدا خۆیدەبینێتەوە.

دوای لاپنیزە، کانت (١٧٢٤- ١٨٠٤) گۆڕانکاریەکی ریشەیی بەسەر دیدی شوێندا دەهینێت. کانت ئەو دوو دیدەی پێش خۆی ڕەت دەکاتەوە، چونکە بۆ کانت درککردنی ئیمە بۆ شوێن لە ناو ئاگای مرۆڤەوە دروست دەبێت. کەواتە شوێن ئاگایی مرۆڤ لە پڕۆسەیەکی سوبژیکتیتیەوە لە ئەزموونەکانییەوە بەرهەمیدێنێت، شوێن وەک پێداویستیەک بۆ ڕێکخستنێک پڕۆسەی درککردن دێت و شوێن وەک ئۆبژێکتێکی سەربەخۆ بوونی نییە. لێرەدا بۆ یەکەم جار دیدێک دروست دەبێت کە پشت بە مانا ماتماتیکییەکە یان فیزیکیکەی شوێن نابەستێت. ئەم دیدەی کانت دەبێتە بنەمایەک بۆ تیۆری شوێنی ڕێژەیی لای ئاینشتاین، چونکە پێوەندی شوێن و کات نەگۆڕنین و پەیوەستە بە دۆخی جووڵەی کەسەکانەوە و، ئەمە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر لە دۆخـێکی جیاوازدا دەگۆڕدرێت و ڕێژەییە.

 

تێۆری شوێن لای هنری لیفڤرە

نووسینەکانی لڤفرە لەسەر شوێن، یەکێکن لە شیکارییە گرینگەکانی تیۆریی سۆسێلۆژیای شوێن کە بە وردی پێوەندی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگە و گەشەکردنی تەکنەلۆژیا ڕوون دەکاتەوە و مەترسییەکانی کاریگەریی ئەم گەشەکردنە دەخاتە ڕوو. لە کتێبی بەرهەمهێنانی شوێن لیفڤرە بنیادی خۆی لەسەر دەرئەنجامێکەوە دێنێت کە شوێن بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییە، شوێن لەڕێی مامەڵەکردنی کۆمەڵگەوە دروست دەکرێت. ئەم دیدە بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر تیۆریی مارکسەوە بونیاد نراوە، کە شوێن نەک وەک سەرچاوەی ماتریاڵی یان هۆکارێک بۆ بەرهەم هێنان، بەڵکوو خۆی بەرهەمە. لێرەدا دەکرێت بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە مێژووی گەشەکردنی شار لای لڤفرە بە نموونە سەیربکرێت.

خاڵی سەرەکیی دروستبوونی ژیاری (ئوربان) بۆ لفڤرە لەوێوە دەست پێ دەکات لەسەرەتادا مرۆڤ لە گرووپە جیاوازەکاندا (ڕاوچی، ئەوانەی بەروبوومی سروشتی کۆ دەکەنەوە، ماسیگر) لە شوێنێکدا بڕیاری پێکەوەژیان دەدەن، لەم شوێنەدا مرۆڤەکان دەست دەکەن بە كێڵان، سنووردابەشکردن و دروستکردنی خانوو، لێرەوە شوێن ستراکتوری فۆڕمە سروشتییەکەی دەگۆڕدرێت و فۆڕمی لادێیەک وەردەگرێت. لە دواییدا ئەم شێوازی پێکەوەژیانە بەرەو دروستبوونی شارەکان گەشە دەکەن. ئەم گەشەکەردنە بەرەو ئەوە دەڕوات کە ستراکتوری شارەکان لە ڕێی دروستبوونی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن، دەستدەگرێت بەسەر لادێکاندا و دەسەڵاتی سیاسی دروست دەبێت یاخود (شاری سیاسی). لەڕێی دەسەڵاتدارانی شار و وەک پاشا، کەسە ئایینییەکان، سەربازییەکان، فەرمانبەرەکانی کە دۆکۆمێنتی باج و  ڕێکخستنی کارگێری شار و دەورووبەری شار بە زەوییە کشتوکاڵییەکانیشەوە دەگرنە ئەستو.

شاری سیاسیی وەک سەنتەرێکی ئابووری، دینی و سیاسی، دەکەوێتە ململانێیەکەوە لەگەڵ شوێنەکانی تری دەورووبەری خۆی، چونکە جیاوازییەک دەکەوێتە نێوان کاری بازویی لادێکان و کاری هۆشیی شارەکان. شارەکان وەک سەنتەرێکی ڕۆشنبیریی و ستراتیجیی بەرانبەر هزری ئەفسانەیی لادێکان دەوەستێتەوە.

لە دوای سەدەی پازدەوە، شارەکان دەچنە قۆناغێکی تری گەشەکردنەوە، لە شاری سیاسییەوە بەرەو شاری بازرگانیی دەگۆڕدرێن. ئەم گۆڕانکارییە کاریگەریی لەسەر ستراکتوری شوێن و سیاسەتی شارەکانی هەبوو، بووە هوی ئەوەی کە لە شاری بازرگانی دا جیاوازی نێوان شار و لادێکان بەرەو نەمان بچن. گەشەکردنی بازرگانی شارەکان چیدی، پەیوەندیان بە دەورووبەری خۆیانەوە نامینێت (بە لادێکانەوە) چونکە هێزی کار لە شارەکاندا دەبنە بەرهەمهێنەری سەرەکیی بۆ بازاڕەکان. لێرەوە شارەکان دەبنە نێوەندێکی سەربەخۆی بازاڕ.

ئەم قۆناغە بەرەو دروستبوونی شاری پیشەسازی دەڕوات، کە لێرەوە شارە گەورەکان پێوەندی لەگەڵ یەکتر دەبەستن بۆ ئاڵوگۆڕی سەرمایە و هێزی کاری هەرزان. ئەم دیدە دەکرێت لە دیدی مارکسەوە سەرچاوەی گرتبێت بەتایبەتی لە کتیبی سەرمایەدا مارکس گرنگییەکی زۆری داوە بە چەمکی (بەهای بەکارهێنان) و (بەهای گۆڕینەوە). بەهای بەکارهێنان ئاماژە بەو کەرەستە (کاڵا) ماتریاڵییە دەکات کە بۆ پێداویستی بابەتییانە یان سوبژێکتیڤیانە بۆ ئامانجێکی تایبەت بەکار بهێندرێت. و بەهای گۆڕینەوە ئاماژە بە نرخی کەرەستە (كاڵا) دەکات کە خۆی لەگەڵ بازاردا گونجاندووە. بۆیە بۆ مارکس بەهای بەکارهێنان و بەهای گۆڕینەوە لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی پیشەسازیدا پەیوەندیان بەیەکەوە نامێنێت، چونکە بەهای بەکارهێنان دەبێتە بەرهەمهینانی هێزی کار و لێرەوە خودی کار دەبێتە بەهای ڕەها.

 

بەرهەمهێنانی شوێن

شوێن بۆ لفڤرە بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییە، بەم دەرئەنجامە دژی ئەو دیدانە دەوەستیتەوە کە شوێن وەک بابەتێک (سەربەخۆ) خۆی بۆ خۆی بوونی هەیە، پێوەندی بە واقعەوە نییە. بەپێچەوانەوە بۆ لفڤرە شوێن بە واقییەتی کۆمەڵگاوە بەستراوە، چونکە شوێن خۆی وەک بابەتێکی سەربەخۆ ناکرێت سەرچاوەیەک بێت بۆ خیتابێکیی (ئەبستمۆلۆگی) زانستیی زانین، شوێن خۆی بوونی نییە بەڵکوو لەڕێی بەکارهێنانەوە دروست دەبێت، ئەوانەی کە بەکاری دەهێنن دەبنە هۆی دروستکردنی. شوێن و کات بابەتێکی ئەبستراکت نین و بوونێکی گەردونییان نییە، بەڵکوو لەناو تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست دەبن. بۆیە شوێن و کات نەک بەتەنیا لە پەیوەندیان لەگەڵ یەکتر، بەڵکوو گرنگییەکی مێژوویی کۆمەڵایەتییان هەیە و بەرهەمدەهێندرێت. بەبۆچونی لفڤرە یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەی سەرمایەداری و گەشەکردنی ئەوەیە، کە دەتوانێت جوگرافیای ماتریاڵی گۆنجاو دروست بکات کە بەکار بهێندرێت. بەمانایەکی تر توانای بەرهەمهێنانی شوێنیان هەیە.

بۆ تێگەیشتن لە بەرهەمهینانی شوێن لای لەفڤرە پێوست دەکات دوو شیمانە ڕوون بکەینەوە.

 

یەکەم: ڕەهەندی ( بەهەمهێنانی شوێن) کە شێوازی بەرهەمهێنانی شوێن ڕوون دەکاتەوە.

 دووهەم: ئاستی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی کە پرسیار لە هۆکار و چۆنییەتی پڕۆسەی شوێنکردنەوەی شوێنە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگە دەکات.

 

یەکەم: ڕەهەندی بەرهەمهێنانی شوێن

بۆ ڕاڤەکردنی بەرهەمهێنانی شوێن، لفڤرە لەناو زانستی زمان و فیمینۆلۆژیاوە دەست بە شیکارییەکانی دەکات و هەوڵ دەدات چەمکی فیمینۆلۆژییەکان وەک داڕشتن، ژیاریی و درککردن بە جەستە ببەستێتەوە کە ئەزموون لە گەڵ ژینگەی دەوروبەری خۆیدا دەکات. دەکرێت ئەم دیدە فیمینۆلۆژیەی لفڤرە لە ژێر کاریگەری (مارلیپۆنتی، هایدێگەر، باشلاردا) ببینینەوە بەڵام بەشێوازێکی ڕەخنەگرانە، چونکە بۆ لفڤرە جیاوازی لە نێوان سوبژەکت و ئۆبژیەکدا (جەستە و شوێن) ناکرێت وەک لای فیمینۆلۆژەکان بەتەنیا شیکار لەسەر شوێن پێ بکریت. بۆیە ئەم لە زانستی زمانەوە زیاتر گەشە بە دیدە فێنۆمینۆلۆژییەکەی دەدات و شوێن لە سیاقێکی تردا دەخوێنێتەوە. لڤفرە شوێن لە ناو زانستی زمانەوە لە دوو سیاقی جیاوازرا دەبینیتەوە، جارێک وەک پێوەندی یەکسان، گشتی و نیتۆرکێکی بەریەککەوتن لە سەر بناغەی ماتەریالی شوێنی دروستکراو (شوێنی کۆنکرێتی) دروست دەبێت و جارێک وەک پێوەندی سوبیەکتڤی کە هەڵگری هیما و مانا و ئەزموونی بەها کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەوێت ( شوێنی ئەبستراکت). ئەم دوو لایەنە جەستە و مانای بەهای سیستەمەکان، دەکرێت ببێتە شیکاریەک بۆ بەرهەمهێنانی شوێن. ئەم دیدەی لفڤرە دەکریت وەک فێنۆمینۆلۆژیای ماتەریالستی سەیر بکرێت.

 

لفڤرە رەهەندی بەرهەمهینانی شوێن دەکات بەسەر سێ بەشدا پۆلێن دەکات

 

شوێنی ئەبستراک

conceived space representations of space پێشاندانی شوێن.

ئەو شوێنەیە کە کۆنسیپتی شوێنی تێدا نمایش دەکرێت، (پێشاندانی شوێن) لە زانینەوە سەرچاوەی گرتوە، وەک تیکەڵێکی نێوان تێگەیشتن و ئیدۆلۆگی. ئەم شوێنە دەکریت وەک شوێنک کە لە لایەن زاناکان، ئەندازیاران کە پلانی شاردادەنین، زانستە کۆمەڵایەتییەکان و هونەرمەندان بەرهەمدەهێنرین. ئەو شوێنەیە کە لەناویدا وێنای شوێن بەرهەمدێت و پرۆسە کۆمەڵایەتییەکانی دێدا جێگیردەکریت، وەک دارشتنی بەها و رێسای ستراکتوری سیستەمەکان دێت. چۆن جاڵجاڵۆکەیەک هێلانەکەی خۆی دروستدەکات، ئاوا ئەو شوێنەش دەبێتە ستراکتورێک یان ڕیسایەک بۆ هەلسوکەوت و ژیان رۆژانەی کەسەکان، ئەم رێساو ستراکتورانە دۆخیکی لەیەکچوو (هۆمۆگێن) دروستدەکات چونکە کە بۆ هەموو کەسێک دەگۆنجیت و گشتیە. ئەمەدەکریت لە ناو کاریگەری تەکنەلۆژیاو پروسەی ئابوری پیشەسازیدا، بەراشکاوی ببینریت کە چۆن ستراکتوری شار ژیانی کۆمەڵایەتی فۆرماندووە.

 

شوێنی کۆنکرێت

spatial practice, perceived space شوێنی پراکتیکی

ئەو شوێنەیە کە درکی پێدەکەین و مامەڵەی ژیانی ڕۆژانەی تیدا بەسەردەبەین و تێدا دەژین (بەکاری دەهێنین)، وەک خانوو، شار، ژینەگەی دەوروبەرمان، لێرەوە فۆڕمی پەیوەندیی و هاتوچۆ دەستنیشان دەکرێت. شوێنی کۆنکرێت دەکرێت وەک ڕەهەندێکی بەرهەمهێنان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی شوێن سەیر بکرێت، وەک ستراکتوری شوێنی پراکتیکی کۆمەڵایەتی.

شوێنی کۆنکرێتی وەک پڕۆسەی درککردنی سوبیەکتیڤی دەردەکەوێت؛ لە هەمانکاتدا وەک دۆخێکی کۆلەکتیڤی بۆ ڕۆتینی سیستەمی پراکتیکیە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت ببینرێت. شوێنی کۆنکریت هەردەم لەپەیوەندیدا لەگەڵ شوێنی ئەبستراکتدا دەردەکەویت، چونکە لەڕێی شوێنی ئەبستراکتەوە دادەڕێژرێت.

 

شوێنی ژینراو

lived space, representational space شوێنی پێشاندراو

ئەو شوێنەیە کە وەک ڕەهەندی سیمبۆلی بەرهەمهینانی شوێن دەردەکەوێت. ئەو کەسانەی لەگەڵی دەژین لەڕێی تێڕامان و ژیان لەناو ئەو وێنە و سمبۆلانە کە لە شوێندا هەن دروست دەبێت و مانا دەبەخشێت بۆ کەسەکان. شوێنی گوزارشکردنە نەک شوێنی بیرکردنەوە. ئەم شوێنە دەکرێت وەک دیسکورسی شوێن ببینریت، (نەک دیسکۆرس لەسەر شوێن). ئەگەرچی ئەم شوێنانە کاریگەریی هونەرمەندان، نووسەران فەیلەسوفەکانیان لەسەرە، بەڵام بۆ لفڤرە ئەوە ژیانی ڕۆژانەیە کە لە لەناو ئەم شوێنانەدا فۆڕم وەردەگرێت، ئەم شوێنانە سەرچاوەیەکی میژووییان هەیە، چ مێژووی کۆمەڵگە چ مێژووی تاکەکانی کۆمەڵگە. بۆ لفڤرە ئەم شوێنە لەگەڵداژیانە و جیاوازی هەیە لەگەڵ نوێنەرایەتیکردنی شوێن (شوێنی ئەبستراکت) کە ڕاستەوخۆ شوێن نیشان دەدەن. بەڵکوو شوێنی نمایشکردنی ترادیسون، ئەزموون، خەو، ئەندێشەکردنی بەها کۆمەڵایەتییەکانە.

 

دووهەم: ئاستی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی

ئاستی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییەکان یان کەتوارە کۆمەڵایەتییەکان رێگایەکی میتۆدییە کە لفڤرە بۆ جیاکردنەوەی شوێنی کۆمەڵایەتی دەیگرێتەبەر و لەسەر سێ ئاست شییان دەکاتەوە. (ئاستی گڵۆباڵ، ئاستی ناوەندی، ئاستی تایبەت) ئامانجی ئەم جیاکردنەوەیە ئەوەیە کە کێ، چی و لە کوێ، سەرچاوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی شوێن دیاریدەکەن؟ ئەم مۆدێلە دەکرێت ئەو پەیوەندیە دیالێکتیکییە دەستنیشان بکات لەنێوان ئاستی گڵۆباڵ (دوور) و ئاستی تایبەت (نزیک) کەلەم نیوەندەدا ستراکتوری ئاستی ناوەند دروست دەبێت.

ئاستی گلۆباڵ (دوور)

ئەم ئاستە لەفڤرە بە ئاستی دەسەڵات و خواستێک بۆ نوینەرایەتیکردن پەسنی دەکات. ئەم ئاستە لەناو دامودەزگا دەوڵەتییەکاندا لە شێوەی یاسا و ستراتیجی دەسەڵات و بەها ئایدۆلۆژیەکان لە شوێندا جێگیر دەکرێت. ئەم ڕێکخستنە کە لفڤرە بە بەرزترین ئاستی ڕێکخستنی گشتی واقعییە کۆمەڵایەتییەکان دەبینێت. لە هەمان کاتدا وەک ڕێکخستنێکی ئەبستراکت و گشتی دەردەکەون، وەک زانین و یاسا کۆمەڵایەتییەکان کە لەلایەن دامودەزگا دەوڵەتیەکان، ئایینییەکان، ئابوورییەکانەوە دروست دەکرێن و کاریگەرییان بەسەر دابەشکردنی سەرچاوەی سروشتی و بەها کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە لە شوێندا. هەروەها کاریگەری لەسەر وێناکردنی شوێن و ڕێکخستنی لە یەک کاتدا، لە ڕێی دابەشکردنی شوێن و دروستکردنی بینای حکوومی، پیشەسازی، پرۆژەی نیشتەجێبوون، ڕێگەوبان و جیاکردنەوەی سنووری ناوچەکان، کە لێرەوە ئاستی گڵۆباڵ کاریگەری لەسەر ئاستی تایبەت دروست دەکات.

ئاستی تایبەت ( نزیک)

ئەم ئاستە بۆ لفڤرە ئاستی نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، پێوەندی نێوان مرۆڤەکان و ئەزموونی نەستی ڕاستەوخۆی تاکەکانە لەگەڵ واقیعدا. ئەم شوێنە بۆ لەفڤرە لە ژیانی ناو ماڵ تا ژیانی ڕۆژانەی ناو شارەکان دەگرێتەوە. ئەگەر ئاستی گڵۆباڵ وەک دەستبەسەراگرتنێکی باڵادەستی ئیدۆلۆژی و ستراتیژی بێت بۆ شوێن، (ڕێکخستنێکی مایکرۆکۆمەڵایەتی یان گشتی) ئەوا ئاستی تایبەت شوێنی مۆتیڤەیشن و ئەگەرەکانە، وەک (ڕێکخستێکی مایکرۆکۆمەڵایەتی) ڕێکخستنی گرووپە بچووکەکانی کۆمەڵگە خیزان، برادەر، دراوسێ. بۆ لفڤرە  ڕێکخستنی تایبەت لەسەر سیستەمێک یان بەسراتیژییەک لەسەرەوەی خۆی ڕێک نەخراوە، بەڵکوو ئەم ئاستە وەک سەرچاوە و سەرەتای دروستبوونی ڕێکخستنەکانی مرۆڤایەتی دێن، لە هەمان کاتدا وەک سەرچاوەی بەرهەمهێنانی شوێنیش. و ئەم ئاستە نزیکترین ئاستی مەرۆڤەکانە لەگەڵ شوێندا.

 (ئوربان ژیار) ئاستی ناوەندی

ئام ئاستە بۆ لفڤرە وەک فۆڕمی ستراکتوری وەزیفی دەردەکەوێت، ئەو شوێنەیە لە بەرکەوتنی نێوان ئاستی گڵۆباڵ و ئاستی تایبەتدا دروست دەبێت. لەنێوان ستراتیژی دەرەوە و خواستەکانی ناوەوەی گرووپەکان. ئەم بەریەککەوتنە دەبێتە جیاکردنەوەی تایبەتمەندێتی سنووری گرووپەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ ئاستی گڵۆباڵ لەرێی وەرگرتن و ڕەتکردنەوە، لەم مامەڵەیەدا شوێنە مێژوییە تایبەتییەکان دروست دەبن. ئەم ئاستە خۆی شوێنێکی نییە بەڵکوو وەک ستراکتۆرێک (ماترێکس) بۆ پڕۆسەی مامەڵەکردن دێت، لەو بەریەککەوتنەدا دروست دەبێت، بۆ لفڤرە وەک ئاستی ژیاری دەردەکەوێت. ئەم ئاستە وەک پێوەندی دروستکەرێک لە نێوان دەسەڵات، زانین و ئیدۆلۆژیەکانی کە لە ئاستی گڵۆباڵدا بەرهەمدێت و نەریتی ڕۆژانەی کەسەکان دەردەکەوێت. ئەم ئاستە ئەو پەیوەندییە دروست دەکات لەنێوان دەوڵەت، دەسەڵاتی گڵۆباڵ و زانین. بەمانایەکی تر لەنێوان ئایدۆلۆژیاکان و ‌نەریتەکان. ئەمە لەهەموو شوێنێک دروست دەبێت کە گڵۆباڵ حوکمی لۆکاڵەکان بکات. ئەم ئاستە وەک یارییەکی بێکۆتایی لەنێوان هێرشکردن و بەرگریکردن دەمینیتەوە. چونکە ئیدۆلۆژی و بەهاکان (پێشاندانی شوێن) ستراکتوری ماتریالی و کۆمەڵایەتی دروست دەکەن کە لە ڕێیەوە ئەزموون دەکرێت و دووبارە بەرهەم دەهێنرێنەوە (شوێنی پراکتیکی ڕۆژانە).

شوێنی ژینراو دەکرێت وەک ڕەهەندێکی سمبۆلی ئاستی گڵۆباڵ و ئاستی تایبەت دەرکەوێت، کە لەناو ڕووداوە مێژووییە تایبەتییەکاندا دروست دەبن. بۆنموونە بەرهامهێنانی بینا حکومییەکان، مۆنەمێنتە نەتەوەییەکان، یەکچەشنی، کاری هونەری یان ئەو شوێنانەی کە لە ڕێی ڕووداوێکی مێژوییەوە بووەتە جێگەی کۆبوونەوەی گرووپێکی کۆمەڵایەتی.

ئەم ئاستە بۆ لفڤرە جگە لەوەی وەک بەستەری ڕێکخەری مێژوویی واقعییە کۆمەڵایەتییەکانە، لە هەمان کاتدا وەک ئاستێکی سەنترالستی دەسەڵاتخواز دەردەکەوێت. چونکە ئەم ئاستە ستراکتوری تایبەتی دروست دەکات کە وەک دەرئەنجامی مێژووییە کۆمەڵایەتییەکان دەربکەون. وەک شوێنە کلتووری، سیاسی، ئابووری و ئایینییەکان لێرەوە پلان بۆ هەموو سەرچاوە مادی و مەعنەوییەکانی کۆمەڵگە دادەڕژێرێت، و کاریگەریی لەسەر ئاستی تایبەتی دروست دەکات و فۆڕمەکەی دەگۆڕێت.

سەنترال (مەرکەزیەت)

لە مۆدێلی سێ ئاستی ڕێکخستنی واقعی کۆمەڵگەدا، لفڤرە چەمکی سەنترالیتی بەرهەم دەهێنیت. ئاستی ناوەند بۆ لفڤرە ئەو شوێنەیە کە بۆ بەیەکەوە گرێدانی شتەکان و مرۆڤەکان و دۆخەکان وەک شوێنی کۆکردنەوەی ناوەڕۆکی: پیشەسازی، کاڵا، تەکنەلۆژیا، شێوازی ژیان، دامەزراوەکان و بەهاکان دەردەکەوێت. بۆ لفڤرە ساتی کۆکردنەوەکە خۆی فۆڕمێکی تایبەتی نییە، بەڵکوو وەک ستراکتورێک (ئۆردەر) دێتە ئاراوە، کە لەسەر داخوازی لایەنە ماتریاڵییەکەی (جێکردنەوەی كاڵاکان لە شوێندا) و لایەنە کۆمەڵایەتییەکەی (پێکەوە گونجان، سنووردارکردن، دەستبەسەرداگرتن)، لێرەوە ئەم ئاستە کاریگەری دەبێتە لە سەر دروستکردنی فۆڕمی تایبەتی، وەک فینومینێکی سەنترالی دێتە ئاراوە.

ئەرکی سەنترالیتی، پەیوەندی دروستکردنە لە نێوان ئاستی گڵۆباڵ و ئاستی تایبەت، وەک ستراکتورێک بۆ بەرهەمهێنانی شوێنی کۆمەڵایەتی. بۆ لفڤرە سەنترالیتی مانای کەڵەکەبوونە، کۆکردنەوەی ماتریال و مامەڵەی کەسەکان. سەنترالیتی لەدۆخیکی وەستاودا نییە، بەڵکوو گەڕۆکە؛ بۆنموونە کاریگەریی ئەم دوو بەشە لەسەر یەکتر دەکرێت لە دروستکردنی شاردا ببینرێت، لەلایەک چۆن ئیدۆلۆژی، ستراتیژی، دیدی دینی وکۆمەڵایەتی گاریگەری لەسەر  ڕێکخستنی ماتریالی شارەوە هەیە، لە دروستکردنی بیناسازی و ژێرخان و ڕێگەوبان. لە هەمان کاتدا ناماتریاڵییەکەی کاریگەریی بەسەر هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، وەک کاریگەری تەکنەلۆژیا و بەرهەمە پیشەسازییەکان لەسەر ستراکتوری ژیانی کۆمەڵایەتی. گۆڕانکاری سەنترالیتی هەمیشە پێوەندی بە دەسەڵاتەوە هەیە، بۆیە بۆ لفڤرە پرسیار ئیستای سەنترالیتی لەکوێدایە لە کاتێکدا ئیستا تەکنەلۆژیا کاریگەریی بەسەر هەموو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە. لفڤرە بیناسازیی وەک نمونەیەك سەیر دەکات کە وەک مامەڵەکردنێکی ئەم پڕۆسەیە دێتە ئاراوە. وەک دەرئەنجامی بەریەککەوتنی بەها ئایدۆلۆژیەکان و ستراتیژیە کۆمەڵایەتییەکان کە لەشوێندا جێگیر دەبن. لە هەمانکاتدا وەک ئاوێنەیەک، ئامڕازی ستراتیژی دەسەڵات و یۆتۆپی کە ڕۆژانەی کەسەکان بەرهەم دێنێت.

 

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: