بۆچی مردن خراپە؟

196
0
بڵاوکردنەوە:

ئیریک ت. ئۆڵسن

وەرگێڕانی بۆ عەرەبی: ئەحمەد شافعی

وەرگێڕانی بۆ کوردی: ئەیوب حەسەن

زۆرینەمان مردن وەک شتێکی نەخوازراو سەیر دەکەین. من بۆ خۆم هەرگیز نامەوێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بمرم، ڕەنگە تۆیش هەمان بۆچوونی منت هەبێت. بێگومان هەندێک حاڵەتی تایبەتیش هەیە و هەندێک کەس ئارەزوی مردن دەکەن. ڕەنگە ئەوانە هەست بە تەنیاییەکی تاقەتپڕوکێن بکەن، یاخود ڕەنگە تووشی خەرەفان بووبن و عەقڵ و یادگەیان لەدەستدا بێت و هیچ ئومێدێکی چاکبوونەوەیشیان نەمابێت. ئەوانە کە بەیانیان لە خەو هەڵدەستن و هەست دەکەن زیندوون و لە خەودا نەمردوون نائومێد دەبن. لەم بارودۆخەدا مردن لە ژیانێک باشترە کە شایستەی ژیانکردن نەبێت. سەرباری هەموو شتێک، لە هەموو بارودۆخەکاندا مردن شتێکی خۆشەویست نییە و هەموو شتێک دەکەین بۆئەوەی مردن لە خۆمان دوور بخەینەوە.

مردن تەنها بۆ ئەو کەسانە خراپ نییە کە کەسێکیان لەدەستداوە [بەڵکوو بۆ مردووەکانیش خراپە]. ئەگەر چارەنووسی من وەها بێت ئەمڕۆ بمرم، ئەوا ئەو کەسانەی منیان خۆش دەوێت خەمبار دەبن، کوڕەکەم بێباوک دەبێت و هاوڕێکانیشم نمرە لەسەر دەفتەری تاقیکردنەوەی خوێندکارەکانم دادەنێن، [مردن] هەم بۆ ئەوان و هەم بۆ منیش ترسناکە. هێندەی نیگەرانیم بۆ سەلامەتی خوێندکارەکانم، هۆکاری خۆپەرستانەم بۆ مانەوەم لە ژیاندا هەیە. کاتێک خەڵکیش دەمرن بۆیان خەمبار دەبین، بەتایبەتی ئەو گەنجانەی کە پڕن لە هیوا و ئومێد. لەبەرئەوەیە ئێمە مردن بە یەکێک لە خراپترین ئەو شتانە دادەنێین کە ڕوو دەدەن.

ئەگەر لەدوای مردنەوە، کاتێکی ترسناک بوونی هەبێت ئەوا مردن کۆتاییمان نییە، بەڵکوو گواستنەوەیە لە جۆرێکی بوونەوە بۆ جۆرێکی دیکە. ئەگەریش لە دوای مردنەوە، سەرباری شیبوونەوەی جەستەیی، لە حاڵەتی ئاگایی بەردەوام بین، ڕەنگە من لە دۆزەخدا ئەشکەنجەیەکی هەمیشەییم هەبێت. ئەوەیش شتێکی ڕوونە کە [ئەو ئەشکەنجە هەمیشەییە] بۆ من شتێکی خراپە و لە ئێستام خراپترم بەسەر دێنێت.

بەڵام چی دەبێت ئەگەر [ژیانی دوای مەرگ] بوونی نەبێت؟ چی دەبێت ئەگەر مردن کۆتایی بێت؟ ئایا دەبینەوە بەو خۆڵەی کە لێوەی هاتووین؟ ئەو کاتە مردن توانای ئەوەی نییە کە لە ئێستامان خراپترمان پێ بکات و نایشتوانێت بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە دۆزەخدا بمان سوتێنێت. لەم حاڵەتەدا مردن دەبێتە کۆتاییەکی تەواوەتی. ئەوانەی کە مردوون ناتوانن گازندە بکەن، ئەمە لەبەرئەوە نییە کە ئەوان توانای قسەکردنیان نەماوە، بەڵکوو لەبەرئەوەیە چیتر ناتوانن زیندوو ببنەوە و هەست بە نائومێدی بکەن.

ڕەنگە ئێمە لە [پڕۆسەی] مردن بترسین و لەمەیشدا لەسەر حەق بین. یاخود ڕەنگە لە خراپبوونی باری تەندرووستیمان بترسین کە زۆربەی جار ئازارێکی زۆرە و بە مردنیش کۆتایی دێت، بەڵام ئەوەیش هەڵەیە کە ئێمە لە ناشتێک بترسین کە خودی مردنەکە بەرجەستە دەکات. کاتێک دەمرین دەگەڕێینەوە بۆ حاڵەتی پێش لەدایکبوون، ئەوەیش دەزانین کە [ئێمە پێش لەدایکبوون] بوونمان نەبووە. وەها ده‌رده‌كه‌وێت مردن لە خەوێکی بێخەون خراپتر بێت. ئەگەریش مردن لەناوچوون نەبێت ئەوا چۆن دەبێت شتێکی خراپ بێت؟ زۆرینەمان وەها دەزانین مردن شتێکی خراپە، بەڵام بۆچی خراپە؟ یەکێک لە وەڵامە فریودەرەکان ئەوەیە کە مردن شتێکی خراپ نییە و ڕقی ئێمەیش لە مردن شتێکی هەڵەیە. ئەمەیش بیروبۆچوونی فەیلەسووفی یۆنانی ئەبیکۆڕ ڕوون دەکاتەوە. ئەبیکۆڕ وەهای دەبینێت کە مردن خراپتریش شتە بەڵام بۆ ئێمە مردن شتێک نییە کە بەدرێژایی بوونمان بوونی هەبێت و مردن لەگەڵ ئێمەدا نییە، دواتریش مردن هات ئەوا ئێمە بوونمان نامێنێت. ئەو شتەیش نە بەمانای زیندووێتی و نە بەمانای مردن دێت، مردنیش نە لە بوونێکی زیندوودا هەیە و نە لە بوونێکی مردویشدا هەیە. کاتێکیش ئێمە دەژین مردن هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ژیانمان نییە، بەڵام کاتێک لە ڕوودانی مردن دەترسین کاریگەری لەسەرمان هەیە، ئەمەیش خودی مردنەکە خۆی نییە [بەڵکوو خودی ترسەکەیە]. کاتێکیش کە مردووین [مردن] هیچ کاریگەرییەکی لەسەرمان نییە و هیچ شتێکیش ناتوانێت کاریگەری لەسەرمان هەبێت. ئەبیکۆڕ پێی وایە بۆ ئێمە مردن هیچ شتێک نییە و ئەوەیش خراپ نییە بمرین، ئەمەیش لەبەرئەوە نییە کە سوودەکانی مردن لە زیانەکانی زیاترە، بەڵکوو لە بنەڕەتدا لەبەرئەوەیە مردن ناتوانێت ئازارمان بدات.

ئەوە گرنگ نییە بارودۆخەکان چۆنن: هەتاوەکوو ئەگەر ژیانم بگاتە باشترین ئاستی ژیان، پڕبێت لە سەرکەوتن، ڕەزامەندی و خۆشەویستی ئەوە بۆ من خراپ نییە ئەگەر ئێستا کۆتایی بێت. لێرەدا بابەتێکی عەقڵانی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە لە مردن نەترسین و خوازیاری ئەوەیش نەبین لە نزیکترین کاتدا بمرین. ئێمە هۆکارمان بۆ مانەوە لە ژیاندا هەیە، ئەویش لەپێناوی کەسانی دیکەدایە و لە پێناو خۆماندا نییە. بەم شێوەیە ڕقبوونەوە لە مردن هاوشێوەی ڕقبوونەوەیە لە دابەزین لە قاتی سیانزەیەمینی هۆتێلێکەوە: هەردوو ڕقەکە لەسەر باوەڕێکی هەڵە درووست بوون و دەشێت هەردووکیان زیانمان پێ بگەیەنن.

ئەم شتە شتێکە کە بەتەواوەتی سەرسوڕهێنەرە. ئەگەر ئەوەیش ڕاست بێت ئەوا دەبێتە گەورەترین دۆزینەوە لە تەواوی مێژووی فەلسەفەدا. مردن ئەو ڕووداوەیە کە هەموومان لێی دەترسین، هەموو خەڵکی کەلتوور و ناوچە جیاوازەکانیش لەو ترسەدا هاوبەشن. ئەبیکۆڕ هیچ زیادەڕەوییەکی لەوەدا نەکردووە کە مردن بە مەترسیدارترین خراپە وەسف دەکات. هه‌ر ئاسووده‌ییه‌ك له‌ ئاسووده‌ییمان باشتر بێت، ئه‌وا ئه‌وه‌یش ده‌زانین كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ هیچ شتێكی ترسناك نییه‌ لێی بترسین.

ئەوە شتێکی ئاسان نییە کە ئەوە ببینین ئەبیکۆڕ ڕاست دەکات، سەیری شتە باشەکانی ژیان بکە، بۆ نموونە چێژ، سەرکەوتن، دڵخۆشی، هاوڕێیەتی و خۆشەویستی. ئەگەر ئەم شتە باشانە نەبوونایە ئەوا هیچ شتێک نەدەبوو. کاتێکیش کە مردووین ناتوانین ئەو شتە باشانە بەدەست بهێنین. بۆئەوەی چێژ و خۆشی بەدەست بهێنین یاخود بۆئەوەی خۆشەویستیمان دەستکەوێت دەبێت زیندوو بین. ئەمەیش وەها دەکات کە بەردەوامبوون لە ژیان کارێکی باش بێت و [بەردەوامبوون لە ژیانیش] وەها دەکات ئەو شتانە باش بن. لەم بارودۆخەدا شتێکی هەڵەیە ئەگەر بیر لە ژیانمان نەکەینەوە. نەمردنیش شتێکی باشە، ئەمەیش تاکە ڕێگەیەکە بۆئەوەی شتە جوانەکانی وەک سەرکەوتن و خۆشبەختی بەدەست بهێنین. ئەوە شتێکی ڕاستە نییە کە مردن بۆ ئێمە هیچ نییە، بەڵکوو مردن شتێکە کە ئێمە هۆکاری بەهێزمان هەیە بۆئەوەی لە خۆمانی دوور بخەینەوە، بەلایەنی کەمەوە لە زۆرینەی بارودۆخەکاندا [هەوڵدەدەین لە خۆمانی دوور بخەینەوە]. ئەمەیش وەهامان لێ دەکات کە بە هەموو شێوەیەک ڕقمان لە مردن بێتەوە.

کاتێک بیر لە حاڵەتێکی خراپ دەکەینەوە، دەتوانین هەست بەوە بکەین کە مردن شتێکی باشه‌، بەڵام ئەگەر مردن خراپ نەبێت ئەوا هەرگیز شتێکی باشیش نییە. مردن لەناوچوونی بوونە، هیچ شتێکی ترسناکیش لە نەبوونی بووندا نییە و هیچ شتێکی ترسناکیش لە مردندا بوونی نییە. هیچ کەس چێژ لەوە نابینێت بمرێت یاخود هەست بەوە ناکات لە دەستی بوون ڕزگاری بووە. ئەوانەی مردوون هەرگیز ناتوانن گازندە بکەن، ناتوانن دڵخۆشیش بن چوونکە چیتر بوونیان نییە. ئەگەر مردن بەمانای ئەوە بێت کە نەتوانێت ئازارمان بدات و ئێمەیش نەتوانین لەخۆمانی دوور بخەینەوە، ئەوا بە مانای ئەوەیش دێت کە مردن هیچ شتێکی باشمان بۆ ناکات و هیچ هۆکارێکیشمان بەدەستەوە نییە بەدوای [مەرگدا] بگەڕێین. ڕەنگە ڕووبەڕووی دوو هەڵبژاردن ببینەوە، ئێستا بمرین یاخود تووشی ئازارێکی زۆر ببین و بۆ ماوەی دە ساڵ بەدەستییەوە بناڵێنین و ئەوجا بمرین. ڕەنگە ئێمە حەز بە هیچ کامیان نەکەین و لە هەردوو حاڵەتەکەدا مردن هیچ شتێک نییە بۆمان.

ئەگەر ئەبیکۆڕ له‌سه‌ر حه‌ق بێت ئه‌وا كاتێك كه‌ ئاژه‌ڵێك به‌ده‌ست ئازاره‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و چاره‌سه‌ریشی نییه‌، ڕزگاركردنی [كوشتنی] كارێكی باش نییه‌. لێرەدا گفتوگۆیەکی جدی لەسەر ئەم بابەتە هەیە، ئەگەر کەسێک بەدەست ئازارێکی درێژخایەن و کوشندەوە بناڵێنێت مافی ئەوەی هەیە کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت؟ ئایا دکتۆر دەتوانێت بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە هاوکاری بکات؟ بەگوێرەی ئەبیکۆڕ ئەو مافە هیچ مانایەکی نییە، چوونکە باش نییە هیچ بوونەوەرێک خۆی بکوژێت، ئیتر لە هەر بارودۆخێکدا بێت. ئەمە لەبەرئەوە نییە کە زیانەکانی مردن لە سوودەکانی باشتر نییە، بەڵکوو لەبەرئەوەیە مردن هیچ سوودێکی نییە. ئەگەر شتێک لەبارەی باشە و خراپەوە بزانین، بێگومان ئەوە دەزانین کە دەبێت خۆمان لە ئازارێکی بێکۆتایی دوور بخەینەوە. ئەگەر مردن توانای ئەوەی هەبێت لە ئازارێکی بێکۆتا دوورمان بخاتەوە ئەوە مردن باشە.

دەشێت مردن شتێکی باش بێت هەروەها دەشێت شتێکی خراپیش بێت. ئەبیکۆڕ لەوەدا لەسەر حەق بوو کە پێی وابوو مردن هێنده‌ی ئازار خراپ نییه‌. مردن شتێکی خراپ نییە، چوونکە کاتێک ئاگایی لەدەست دەدەین هیچ شتێک ئازاربەخش نییە. ئەم شتانە لە خودی خۆیاندا خراپ نین بەڵام دەشێت دەرئەنجامی خراپیان هەبێت. خەوتن لە کاتێکی خراپدا باش نییە، دەشێت خەوێکی خۆشیش ببێت بە شتێکی خراپ، ڕەنگە ببێت بە هۆکاری ئەوەی کە ئاهەنگێکت لە دەست بچێت. مردنیش خراپە چوونکە دەبێت بەهۆی لەدەستدانی ئەو ژیانەی کە ماوە.

بەشێوەیەکی وردتر، دەشێت مردن باش بێت یاخود دەشێت شتێکی خراپ بێت، دەشێت بەگوێرەی بارودۆخەکە هەم خراپ بێت و هەمیش باش بێت. دەشێت شتێکی باش بێت چوونکە لە شتە خراپەکان دوورمان دەخاتەوە، دەشێت خراپیش بێت چوونکە لە شتە باشەکان بێبەشمان دەکات، لە حاڵەتی ئاساییدا دەشێت دەرئەنجامەکەی لەنێوان باش و خراپدا بێت. وەک هەموو شتەکانی دیکە، دەشێت مردن لایەنی باش و لایەنی خراپیشی هەبێت.

بەو شێوەیە دەشێت مردن خراپ بێت، هەتاوەکوو ئەگەر کۆتاییمان بێت و دوونیایەکی دیکەیش نەبێت. لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە دێتە پێشەوە؛ چ شتێک مردن دەکات بە شتێکی خراپ؟

هەتاوەکوو ئەگەر ئەوەیش بزانین مردن شتێکی باشە و لە شتە خراپەکانیش دوورمان بخاتەوە، ئەوە شتێکی سرووشتییە وەهای ببینین مردن شتێکی خراپە، چوونکە لە شتە باشەکان بێبەریمان دەکات. ئەگەر من ئەمڕۆ بمرم ئەوە لە بینینی گەورەبوونی کوڕەکەم بێبەش دەبم، مردن بێبەشم دەکات لەوەی کاتەکانم لەگەڵ ئەو کەسانەدا بەسەربەرم کە خۆشم دەوێن، هەروەها ناتوانم ئەو کارانەیش بکەم کە بۆ من باشن. مردن لە هەموو جۆرەکانی چێژ و خۆشبەختی بێبەشم دەکات و باشیش نییە. ئەگەر مردن خراپ بێت چوونکە لەو شتانە بێبەشمان دەکات ئەوا کارێکی ئاسان نییە بڵێن مردن چەندە خراپە. مردن لە چی بێبەشمان دەکات؟ ئەوە شتێکی ئاسانە بڵێم ئەگەر من سبەینێ پاسێک لێم بدات، ئەوا بێبەشم دەکات لە بینینی گەورەبوونی کوڕەکەم. بەڵام ئەگەر بەو شێوەیە بێت بتوانم لە پاسەکە ڕزگارم بێت، ئه‌وا مردن له‌ چێژی بینینی گه‌وره‌بوونی كوڕه‌كه‌م بێبه‌شم ناكات چوونكه‌ نه‌مردووم. به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاره‌نووسم وه‌ها بێت كه‌ دوو سبه‌ی ئۆتۆمبیلی ئاگركوژێنه‌وه‌ لێم بدات، ئه‌وا مردن ته‌نها یه‌ك ڕۆژ له‌ شته‌ باشه‌كان بێبه‌ریم ده‌كات. مردن به‌هۆی لێدانی پاسێكه‌وه‌ شتێكی خراپه‌ به‌ڵام زۆریش خراپ نییه‌.

با ئێستا تەماشای ئەم نموونە بکەین. چارلی پیکەر کە یەکێکە بوو لە مۆسیقارە جازە گەورەکان، لە تەمەنی ٣٤ ساڵییدا بە نەخۆشی هەوکردنی سییەکان کۆچی دوایی کرد. مردنەکەی کارەساتێکی گەورە بوو، نەک بەتەنها بۆ ئەو کەسانەی کە حەزیان لە هونەرەکەی بوو بەڵکوو بۆ ئەو کەسانەیشی کە [چارلی پەیکەر] یان خۆش دەویست. تا چ ئاستێک مردنەکەی گەورە بوو؟ مردن چەندێک بۆ چارلی پەیکەر خراپ بوو کاتێک کە مرد؟ وەڵامەکە پشت بەوە دەبەستێت کە چۆن مرد و چەندێک ژیا؟ ئەگەر نەمردایە، ئەو کاتانەی کە مابووی چۆن بەڕێی دەکرد؟

ڕەنگە تەندرووستییە خراپەکەی و شێوازی ژیانە تایبەتییەکەی تا ماوەیەک بەڕێ بکردایە، یاخود ڕەنگە دوای چەند مانگێکی کەم هەوکردنی سییەکانی ببوایە بە نەخۆشییەکی کوشندە. ڕەنگیشە بە قۆناغێکی ژیاندا بڕۆیشتایە و ژیانی خۆی بگۆڕیایە، ڕەنگە وازی لە شەراب خواردنەوە بهێنایە کە تەندرووستی وێران کرد، ڕەنگە کارێکی تۆمار بکردایە کە لە ئاهەنگی ئەفسانەی ساڵانی ١٩٤٠ گەورەتر بووایە. یاخود ڕەنگە لە ماوەی ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠ دا، لە داهێنانی مۆسیقای جازدا، مایڵز دیفیس و جۆن کۆڵترینی بخستایەتە پەراوێزە. یاخود ڕەنگە دەستبەرداری مۆسیقا ببوایە و ژیانێکی سادەی هەڵبژاردایە، هێشتا گریمانەی زیاتریش هەیە. ئەگەر ساڵی ١٩٥٥ دا لە ژوورێکی هۆتێل نیۆرکدا نە مردایە، چەندین گریمانەی دیکە هەیە بۆئەوەی کە پیکەر ژیانی بەڕێ بکردایە. هەندێک لە گریمانەکان لە هەندێکی دیکەیان گرنگترە، بەڵام وەها دەرناکەوێت گریمانەیەکی درووست هەبێت بۆ بەردەوام ژیانی.

ئەوە درووستە بووترێت مردن لەو داهاتووە بێبەشمان دەکات کە ئەگەر نەمرین و تێیدا بژین، ڕەنگیشە ئەو داهاتووەیش بەگوێرەی جۆریەتییەکەی باش بێت یاخود خراپ بێت: هەتاوەکوو ئەگەر گریمانەی باشییەتی ژیان زیاتر بێت ئەوا مردن خراپەیە بۆ تۆ و ئەو ژیانەی کە لەدەستی دەدەیت. لێرەدا هیچ داهاتوویەک ئاشکرا نییە کە مردوو هەیبێت ئەگەر نەمردایە. مردن لە داهاتوو گەلێکی زۆر بێبەشمان دەکات، ڕەنگە [ئەو داهاتووانە] باش بن یاخود خراپ بن، یاخود ڕەنگە لە نێوان باشە و خراپەدا بن. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌یش بزانین كه‌ مردن له‌ دۆخێكی دیاریكراودا باشه‌ یاخود خراپه‌، ئه‌وه‌ نابێته‌ كارێكی ئه‌سته‌م كه‌ بگوترێت مردن چۆن باشه‌ و چۆنیش خراپه‌؟

ئەو بابەتانه‌ بەسەر مردندا کورت ناکرێتەوە، بابه‌ته‌كه‌ له‌و پرسیاره‌ جیاوازتر نییه‌ كه‌ له‌باره‌ی خراپی یاخود باشی هه‌ر شتێكه‌وه‌ بكرێن كه‌ له‌ ژیانماندا ڕوو ده‌ده‌ن. ئایا بۆ من باشه‌ بچم بۆ ئوسترالیا؟ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە پشت بەو [حەقیقەتە] دەبەستێت کە چوونم بۆ ئوسترالیا ژیانم باشتر دەکات یاخود لەو ژیانە خراپتری دەکات کە تێیدا دەژیم. کوالێتی ئەو ژیانە چۆنە ئەگەر بچم بۆ ئوسترالیا؟ ئایا ژیانم باش دەبێت، دەگەڕێم بەدوای کارێکی باشدا، ئایا بەدوای هاوڕێی نوێدا دەگەڕێم، کاروبارە نوێیەکانم لە کۆنەکانم باشترە. یاخود ڕەنگە ڕووبەڕووی ئەوە ببمەوە کە ژیانێکی ناخۆشم هەبێت و تەنیاییەکی زۆرم هەبێت و ئاواتەخوازی ئەوەم نەچوومایە بۆ ئوسترالیا. دەشێت ژیانم لەنێوان ئەو دوو گریمانەیەدا بێت؛ دەشێت لە هەندێک لایەنەوە ژینگەیەکی باش بێت و لە هەندێک لایەنی دیکەوە ژینگەیەکی ناخۆش بێت، ئەوە ڕوون نییە کە [ژیانم] باشتر دەبێت یاخود خراپتر دەبێت لەوەی کە گریمانەم کردووە.

ئەگەر نەچم بۆ ئوسترالیا ئەو ژیانەی کە ماومە چۆن بەڕێی دەکەم؟ وەکوو پێشتر، بێ زیاد و کەم بەڕێی دەکەم. یان دەشێت بەشێوەیەکی دراماتیکی باشتر یاخود خراپتر دەبێت کە ناتوانم پێشبینی بکەم. ئەگەر بچم بۆ ئوسترالیا، ئەو شتانەی ژیانم باشتر یاخود خراپتر دەکەن دەیانزانم، بەڵام ئەستەمە ئەوە بزانم كه‌ چۆن خراپتر یاخود باشتر دەبێت.

ئەمە لەبەر ئەوە نییە ئێمە ناتوانین داهاتوو ببینین. دوای چل ساڵی دیکە بەشێوەیەک لە شێوەکان، زیاتر یاخود کەمتر چۆنییەتی ئەو ژیانە دەزانم کە تێیدا ژیاوم. هەروەها ژیرتر دەبم بۆ ئەو ژیانەی تێیدا دەژیم و بۆ ئەو ژیانەیش کە هەڵی دەبژێرم. ئەگەر بچومایە بۆ ئوسترالیا، ئەوا بەتەنها یەک داهاتوو نییە کە بەدەستی بهێنم. پاشانیش نەچوونم بۆ ئوسترالیا لە داهاتووگەلێکی نوێ، کە ڕەنگە باش بێت یاخود خراپ، یاخود ڕەنگە باشیش بێت و خراپیش بێت بێبەشم ده‌كات. هەمان شتیش لە بارەی ئەو ڕووداوانەی دیکەی ژیانمان، لە ناویشیاندا مردن.

ئەوە دەزانین کە بەلایەنی کەمەوە مردن لە زۆرینەی بارودۆخەکاندا خراپە. ئەوەیش دەزانین کە چی مردن خراپ دەکات؛ [مردن] شتێکی خراپە چوونکە لە شتە باشەکان بێبەشمان دەکات کە ڕەنگە هەمان بووایە یاخود نەمان بووایە. هەتاوەکوو ئەگەر بارودۆخی تایبەتی مردنی کەس بزانین، ناتوانین بڵێین کە [مردن] چەندە خراپە.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: