جینیالۆجی ڕۆشنبیران لە ڕۆشنگەریی فەڕەنسییەوە.

227
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: تزڤێتان تۆدۆرۆڤ

وەرگێڕانی بۆ ئینگلیزی: مارسا نۆیل ئیڤانس

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕامیار محەمەد

“بە بۆچوونی من، وەزیفەی ڕۆشنبیر دەبێ وەک خۆی بێت و وەک خۆیشی دەبێت، تەنانەت گەر وشەکەش نەمێنێت و وشەیەکی دیکە جێی بگرێتەوە ڕۆشنبیران ناپاکی لە پیشەکەیان دەکەن، گەر ببن بە شۆڕشگێڕ تەنانەت گەر هۆکاری شەڕەکەشیان هۆکارێکی زۆر باش بێت.”

بە کێ دەڵێین ڕۆشنبیر؟ یاخود ڕۆشنبیر چی دەگەیەنێت؟ بۆ گەیاندنی بەکارهێنانی هەنوکەیی ئەم وشەیە، بە بڕوای من، پێویستە دوو دۆخ هەبن. یەکەمیان: تاکی خاوەن پرسیار، لە چالاکییەکی هزری دەئاڵێ بۆ بەرهەمهێنانی کار. چالاکییە هزرییە بنچینەییەکانی وەک: ئەدەب، زانست و فەلسەفە، لە ڕێگەی نێوەندگیریی زمانەوە بەگەڕ دەکەوێت. فیلمسازەکانیش هەروەها بە ڕۆشنبیر دادەنرێن. نیگارکێش، مۆسیقار و ئەکتەر کەمتر دەچنە نێو ئەم کاتیگۆرییەوە؛ ئەوان زیاتر وەک “ئارتێست” پۆلێن دەکرێن (مرۆڤ وەها دەتوانێ دەربارەی “ڕۆشنبیر و ئاڕتێست” بدوێت).

دووەمیان: تاک بە تەنها بۆ بەرهەمهێنانی کار نییە، بەڵکو بە هەمان شێوە بایەخ بە دۆخی کۆمەڵگا دەدات، هەروەها بایەخ بە بەشداریکردنی دەدات لە دیبەیتی گشتی و جەماوەریدا. شاعیرێك، کە دابڕاوە لە خەڵک و لە “ئایڤۆری تاوەر[1]” دایە، یاخود زانایەک لە تاقیگەدا، پێیان ناگوترێت “ڕۆشنبیر”. هیچ یەکێك لە سیاسییەکان، واعیزەکان و پڕوپاگەندەچییەکان بە ڕۆشنبیر دانانرێن چونکە بەرهەمهێنەری کار نین.

لە فەڕەنسا، شیکردنەوەی بنەچەی ئەم توێژە کۆمەڵایەتییە بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن “پۆڵ بینیشۆ”وە ئەنجام درا، بە دیاریکراوی لە کتێبی “The Consecration of the writer – بەپیرۆزدانانی نووسەر”یدا، کە لە ساڵی ١٩٧٣ بڵاوی کردەوە. لە سەدەی هەژدەدا، ئەم تێگەیشتنە بڵاوبووەوە، دوابەدوای ئەوەی کڵێسا هێزە ڕۆحییەکەی خۆی لە دەستدا. لەدوای ئەمە، تاوەکو ساڵی ١٨٤٨، نووسەران بەهیوای پڕکردنەوەی ئەو جێیانە بوون، کە لەلایەن قەشەکانەوە جێهێڵدرابوون. لە دوای ئەو ڕێککەوتەوە، پێویست بوو لەسەریان ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ببنەوە: کۆمەڵگای دیموکراسی بە تەنها خۆی لە خاوەنە کۆنەکانی ئەم مافە ڕزگار نەکرد، بەڵکو لە خودی وەزیفەکەشی. کۆمەڵگا چیدی نەیدەویست کۆمەڵێك قەشە مافی گوتارێکی ئاینی ئامۆژگاریخوازی بەردەوام بۆ ئەوان هەڵبگرن. بەم جۆرە، لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەمدا، هەوڵی سوککردنی لەخۆباییبوون و لووتبەرزیی لەنێوان ڕۆشنبیراندا زاڵبوو (جەماوەر شایستەی حیکمەتەکانی من نییە!)

لە کۆتایی سەدەکەدا، لەگەڵ (دۆزی درایفۆس) 2دا، وشەی (ڕۆشنبیر) بەکار هات، لەگەڵ لێکدانەوەی کەم بۆ دیاریکردنی ڕۆڵەکەی. “ئیمیل زۆلا” چیدی ڕۆڵی پەیامبەرێکی نەدەگێرا، بەڵکو لەبری ئەوە ویستی؛ سوود لە ناوبانگ و تواناکەی خۆی وەربگرێت بۆ ئەوەی وشەکان بە کارامەیی بەکاربهێنێت بە مەبەستی ناوزڕاندنی نادادیی. بەم ڕێگایە “زۆلا” ئەو وەزیفەیەی “سوقڕات”ی زیندوو کردەوە، کە دابوویە پاڵ فەیلەسوف، ئەویش: بە جاڕزکردن و ڕەخنەگرتنی ئەو پرەنسیپ و یاسایانەی کە دەوڵەت و  کۆمەڵگای لەسەر بەندە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، سەرباری ئەوەی ئەم داواکارییە، ڕادیکاڵانە لێکدرایەوە، وەکو بانگەوازێك بۆ پرسیارکردنی فۆڕمی خودی دیموکراسی، (لە بڵاونامە بەناوبانگەکەی “ژولیان بێندا”، کە ئەم ماوەیەی ناونا ماوەی “ناپاکی پیاوی ئاینیی”. بەمجۆرە ڕۆشنبیران بەشێوەیەکی سەرەکی بەشداربوون لە بەرگریکردنی سیاسییەکانی (دژە دیموکراسییەت) و مۆڕاڵە ئایدیاڵییەکان وەک: فاشیزم، ناشناڵیزم، کۆمیونیزم، تیۆکراسی. ئەم دیاردەیە لە فەڕەنسا لە ساڵی ١٩٧٥ بەرەو نەمان ڕۆیشت؛ لە چارەکی کۆتایی سەدەکەدا، پێ دەچوو ڕۆشنبیران دووبارە لەگەڵ دیموکراسییەت پێکهاتبێتنەوە و، کاتێك ڕەخنەی لێ دەگرن، ڕەخنەکەیان پشتبەستووە بە ئایدیاڵی خودی دیموکراسی خۆی.

بێگومان توێژی کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیران هەمان ڕۆڵ ناگێڕن لە هەموو وڵاتێك، تەنانەت ئەگەر بە تەنها باس لە ڕۆژئاوای ئەوروپا و باکوری ئەمریکاش بکەین، جیاوازی هەیە. تێکهەڵکێشبوونی  بیرمەندانی داهێنەر و و کایەی گشتی 3 لە فەڕەنسا  تەواو بەهێزە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری مێژووییەوە لەوانە: دروستکردنی زانکۆکان لە ناوەندی شارەکاندا، چڕکردنەوەی چالاکییە سیاسی و ڕۆحییەکان لە پاریس، هەبوونی ترادسیۆنی میدیای ئازاد- وەکوو ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامە و تەلەڤیزیۆن-بۆ ڕۆشنبیران.

ئەم تێکهەڵکێشییە بە بڕوای من، لە ئەمریکا لاوازترە، زێدەتر بەهۆی جیابوونەوەی شارەکان و زانکۆکان (دامەزراوەی کەپمی لادێییەکان)، هەروەها بەهۆی ترادسیۆنی ئەمریکی “دژە ئینتلێکچواڵیزمەوە.”

بە بۆچوونی من، وەزیفەی ڕۆشنبیر دەبێ وەک خۆی بێت و وەک خۆیشی دەبێت، تەنانەت گەر وشەکەش نەمێنێت و وشەیەکی دیکە جێی بگرێتەوە. مرۆڤ نابێت لۆمەی نووسەر، زانا، فەیلەسووفان بکات، کە هەرگیز جێگەیەک ناگرن لەو جیهانەی تیایدا دەژین؛ بەڵکو ئەوان دەست لەم جیهانە وەردەدەن، لە ڕێی کارەکانیانەوە و، لە کۆتاییدا ئەم دەستتێوەردانەیە کە لە هەموو شتێك زیاتر جێی خۆی دەگرێت. هێشتا، ناسینەوەی بەردەوامیی لەنێوان سەرقاڵبوون و ژیانی کۆمەڵگا، دەتوانێ سوود بە هەردوو لایەنی بایەخدار بەم مەسەلەیە بگەیەنێت: ئەمە وا دەکات دروستکەران بەهێزتربن و، واش لە کۆمەڵگا دەکات دەوڵەمەندتر بێ لە ڕێگەی بیری ئەوانەی، کە چالاکییە مێشکییە پیشەییەکەی خۆیان کردووە.

کەسایەتی (شارەزا-expert) ناتوانێت جێگای ڕۆشنبیر بگرێتەوە: ڕۆشنبیر گفتوگۆی بەهاکان دەکات، بەڵام شارەزا (ڕاستی-fact)یەکان دەزانێت. ئەوە لە بەرژەوەندی ئەوانە، کە یەکتری فەرامۆش نەکەن، بەڵام جیاوازییەکیش هەیە لەنێوان پیشەکانیان: زانست بەها دروست ناکات. ڕۆشنبیران ناپاکی لە پیشەکەیان دەکەن، گەر ببن بە شۆڕشگێڕ (میلیشیا) (تەنانەت گەر هۆکاری شەڕەکەشیان هۆکارێکی زۆر باش بێت). بە بەشداریکردنیان لە کاری فیکری، ئەوان شایەتی ئەوە دەدەن، کە مرۆڤ توانای خۆ لالێدانی لە حاڵەتە بایۆلۆجی و کۆمەڵایەتییەکان نییە، مرۆڤ دەتوانێ بەسەر حەزەکانی خۆیدا زاڵ بێت. ڕۆشنبیران بەسوود دەبن بۆ کۆمەڵگا تا ئەو کاتەی ئێمە بڕوامان وابێ “ئازادی” وشەیەکی بێ کەڵك و بێ سوود نییە.

 

پەراوێز:

١- شوێنێکی مێتافۆریە، یان ئەتمۆسفێرێكە، کە خەڵکی دڵخۆشانە پەیوەندییان لەگەڵ ئەوانی دیکەدا و دونیادا دەپچڕێنن و بایەخ بەو شتە دەدەن، کە ڕۆح و مێشکیان ئاسودە بکات.

٢- شوێنێکی مێتافۆریە، یان ئەتمۆسفێرێكە، کە خەڵکی دڵخۆشانە پەیوەندییان لەگەڵ ئەوانی دیکەدا و دونیادا دەپچڕێنن و بایەخ بەو شتە دەدەن، کە ڕۆح و مێشکیان ئاسودە بکات.

٣- دۆزی درایفۆس ئاماژەیە بۆ دادگاییکردنی “ئالفرێد درایفۆس”؛ ئەو ئەفسەرە یەهودییەی لە ساڵی ١٨٩٤ بەزۆری، بەدرێژایی چەندین ساڵ ویستیان مۆرک و تاوانی خیانەتی بدەنە پاڵ و لە ساڵی ١٩٠٦ دوای چەندین ساڵ بێتاوانییەکەی سەلما. ئیمیل زۆلا و دواتر ٣٠٠ ئازادیخوازی دیکە لە ساڵی ١٨٩٨ سەرنجی سەرۆکی فەڕەنسایان بۆ ئەو نادادپەروەرییە ڕاکێشا. نامەکەی ئیمیل زۆلا کە دەڵێ: من تاوانبارتان دەکەم. گەورەترین بانگەوازە دژی نادادپەروەریی.

٤- کایەی گشتی (public sphere): کایەیەکە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، کە تیایدا تاکەکان یەکدەگرن و بە ئازادانە گفتوگۆی کۆمەڵایەتی دەکەن و ئەم گفتوگۆیەش دەبێتە هۆی کاریگەری دانان لەسەر ئەکتی سیاسی.

 

سەرچاوە:

The Genealogy of the Intellectual since the French Enlightenment

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: