چۆن کیچ نەبین

310
0
بڵاوکردنەوە:

لە بارەی جوانییەوە

نووسینی: رامیار مەحموود

کاتێک ئەمەوێت لە بارەی جوانییەوە بدوێم ئەمەوێت وەک ئەنتی تیۆرییەک دەست پێبکەم. ئەگەر ئەو دەربڕینە فوکۆییە دروست بێت؛ واتا لێرەدا بایەخی سەرەکی خۆم  ئەخەمە سەر شیکردنەوە و تێڕامان، نەک بەکاربردنی تیۆرییەک بۆ تیۆریزەکردن و گەیشتن بە دەرئەنجامێکی پێشوەختە خەمڵینراو و وێناکراو. لێرەدا چەند ڕەهەندێک بەرچاو ئەخەم سەبارەت بە جوانی و خۆجوانکردن:

ڕەهەندی یەکەم: هەوڵ ئەدەم لەو نەریتە باوە بێمە دەرەوە، کە چەمکی جوانی بەشێوەیەکی چەقبەستوو وێنا ئەکات، بەو شێوەیەی گوتاری باوی زاخاودراو بە فەلەسەفە و ئێستاتیک ئەیخوازێت. چونکە بەرکەوتنی دونیاى کەلتوری ئێمە لە گەڵ (جوانی)دا توشی چەقبەستن هاتووە. ڕەهەندی یەکەمی ئەو چەقبەستنە بریتییە لە: بەرکەوتنمان بە چەمکی جوانییەوە لە ڕێگەی دەزگای فەلسەفى پێشوەختە ئامادە کراو و خەمڵێنراوی وەک فەلسەفەی ئێستاتیک و دۆگمای ئەکادیمی.

رەهەندی دووەهەم: بریتیە لە: چەقبەستنی ئایدیای جوانی بەشێوەیەکی نۆستالجی و گریمانەکردنی جوانییەکى پوخت و بێگەرد و بێخەوش و بێ ململانێ لەناو ڕابردوودا. ئەمە هەم بەشێک لە ئەدەبی پەلکێش کردووە بۆ خۆی (نمونەی دەقی شیعری شێخ ڕەزای تاڵەبانی لە سەر سلیمانی) و  هەم وێناکردنی وەهمیی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی جاری جاران (نمونەی حەمە ساڵح دیلانی شاعیر) و هەروەها خەیاڵسازیکردن لەسەر شێوەژیانی کۆن و بیناسازی کۆن بەڵگەنەویستکردنی جوانییەکی ئەفسووناویی لەسەرى.

ڕەهەندی سێیەم: بریتییە لە: تەماشاکردن بۆ خودی جوانی، وەک پوختەییەک و بێگەردییەک  لە دەرەوەی پەیوەندییەکانی هێز؛ وەک ئەوەی جوانی کۆنستراکشنێکی ئایدیۆلۆجی و سیاسی و کۆمەڵایەتی نەبێت و، چەمکێکی بێلایەن و ڕەها بێت چونکە جوانی جەوهەرێک هەمیشەیی نییە و بیناکراوێکی کۆمەڵایەتییە لە ناو پەیوەندییەکانی هێزدا.

ڕەهەندی چوارهەم: بریتییە لە: هێشتنەوەی جوانی و چاکی لەناو جیابوونەوەیەکی بەردەوامدا، ترازانێک، کە لە دوای گریکەوە ڕوو ئەدات، کە جیاکردنەوەی جوانییە لە چاکە. ڕاستی تا ئەندازەی خستنەڕووی جوانی و گیرخواردنی ئەم چەمکە لەناو فۆڕمدا و خاڵیکردنەوەی جوانی لە ئایدیا و ناوەڕۆك.

ڕەهەندی پێنجەم: بە هەند وەرنەگرتن و تێنەگەیشتن لەو گۆڕانکارییە گەورەیەی هونەر، کە بەسەر چەمکی جوانیدا هێناویەتی، لە ڕێی هێنانە ئاراى نامۆیی و ناباویی و پێشینەیی ئایدیاوە. جوانی کتومتو وەک خۆی دروستکردنەوەی وێنەی مرۆڤ یان سروشت یان ڕووداو یان هەر ئۆبجێکتێک بە سەلیقەیەیکی وردی ئەکادیمییەوە، ئەمە ئەو شتەیە کە پێی ئەوترێت (جوان)، کە بەشی هەر زۆری مێژووی هونەری بۆ خۆی بردووە، بەڵام لە مۆدیرنیزیمی سەرەتادا ئاڕت ئەو ئۆفەرەی هێنایە ئاراوە کە ئەویش: پشتکردنە لە ئیستاتیکای جوانى. ئیمپریشنستەکان لە یەکەم پیشانگایاندا لە ساڵی  1874 دا بینەرانیان تووشی شۆک کرد تا (تەعبیرییەکانی ئەڵمان، کوبیست، ڤاڤۆیستەکان، دادا و سوریالست) بۆ دوشامپ و ئەبستراکتی تەعبیری تەرزی هەمەچەشنی نامۆیی و ناباویی بوون، کە شێوازی ریپریزەنت یان وێنەدانەوەی کەتواری دەرەکی گۆڕا. لەگەڵ ئەبستراکت ئاڕتدا ترادیسۆنی هونەر بە تەواوی گۆڕا. پەیوەندی فیگەرەیتڤی هونەرمەند بە دونیای دەرەوە نەما، ئەتوانین بڵێین هونەر چیتر نوێنەرایەتی جوانی ناکات. وەک (ڕۆلان بارت) ئەڵێت: “ئەگەر ئارتێست بوومایە حەزم ئەکرد تەنها ڕەنگ دابنێم، بۆ ئەوەی لە لاسایکردنەوە دەرچم. هەرچەندە ئەزانم ڕەنگەکانیش لە سروشتدان.” لە شەستەکانەوە خۆحەیرانکردن خۆسەرسامکردن بە جوانی گۆڕا بۆ ئایدیا و کۆنسێپت بۆ پەیوەندی  ئینتلێکچواڵى .

ڕەهەندی شەشەم: هەڵوێستی کۆمەڵایەتی و کەلتوری ئێمە لەسەر جوانی لە گوتاری ئیسنتیوتێکی گرنگی وەک مۆزەخانەوە نزیکە، کە توانای بەخشینی جوانییەکی هەتاهەتایی و نەمرییەکی هەتاهەتایی هەیە بە کارە هونەرییەکان، کە بۆ هەمیشە لە ناو نەمری و قەشەنگییەکی  بەردەوامدا بێت. ئەمە زۆر نزیکە لە چەمکی (بایۆدەسەڵات)ی “فۆکۆوە”، بەڵام بەشێوەک؛ لە دۆخی ڕەهادا. واتا دوور خستنەوەی لە مردن بە تەواوی. ڕواڵەتگەری جەستەیی بە ئەندازەیەکە لە کۆمەڵگای بەکاربەری  ئەمڕۆدا سەنتەرەکانی (بەدی بیڵدن) بۆ لیاقە بە قەد دەزگا ئایینیەکانی سەدەکانی ناوەڕاست ڕۆڵ ئەبینن، وەک ئەوەی چیتر کەس ڕۆحی بۆ گرنگ نەبێت، شوێنی بە تەواوی بۆ مانا  نەهێشتۆتەوە، شتێکە لە هەمان ئەو گوزارشتە ئەچێت کە “ژان بۆدریار” پێی ئەڵێت کارەساتی (واتا). بە ئەندازەیەک داڵغەلێدانی لووتجوانکردنمان شوێنی تارمایی دادپەروەری گرتۆتەوە. لە 1997 وە لە گەڵ فیلمی “تایتانیک”دا ڕواڵەتگەری بوو بە تەوژمێکی هەرە بەهێز و شوێنی قەمورەکەی نۆتردامى گرتەوە. خۆ بە (مارلین مۆنرۆ) کردن جێگەی (مارتن لۆسەر کینگ و گیڤارا)ی گرتۆتەوە.

ڕەهەندی حەوتەم: ساف و لووسکردن و بریقەدارکردنی جیهانى ئەمڕۆ، کە هاوشانە لەگەڵ هەلومەرجێک، کە “ڕۆلان بارت” بە قەرەباڵغی وێنەیی ناوی ئەبات و بۆدریاریش بە میدیا. بە  ئەندازەیەک زۆر کەس دیواری حەوشەی ماڵەکانیان بە کاشی حەمام داپۆشیوە. ئەو کایەیەی کە پێی ئەوترێت سیاسەت نەک دوور و دابڕاوە لە (ئستاتیک)ەوە، بەڵکوو وەک ‘بۆریس گرۆیس” ناوی بردووە  پۆڵەتیک ئەمڕۆ  ئێستاتیکیزە کراوە.

ڕەهەندی هەشتەم: بریتییە لە بە کیچبوونی کەلتور، ئەمرۆ زۆرینەی گۆرانی و میوزک و کارکتەر و ئەدەبیات و سینەما و ڕیکلامەکان (کیچ)ن. زەوق نزمیی و بێ چێژی  هەمووان پێکەوە بوون بە هەڵگری  جۆرە یەک حەز و بەجەماوەریبوون و سەرکەوتنی تیجارییانە. ئەگەر پرسیارەکە بەو شێوەیە بکەین لە خۆمان چۆن کیچ نەبین: ڕەنگە تاکە شوێنێک بۆی بگەڕێینەوە جینالۆجی نیتچەیی بێت؛ وەک پڕۆژەیەکی ئێستاتیکی مێژووییانە، کە ئەگەری ئەوەمان بداتێ مرۆڤ چۆن  فۆڕمی خۆی بخوڵقێنێت وەک ئارتێستێک واتا جەختکردنەوەی ژیانت لە دەرەوەی ستانداردی حازربەدەست و دۆگما، کە کۆمەڵگا دایسەپاندووە -سەرلەنوێ هێنانەوەبوونی خۆت- ئەمە وەک تەقەڵڵایەکی بەردەوام بۆ ئازادکردنی خودی خۆت لە هەموو ئایدیاڵێکی زاهیدانە، کە جیهانی دەوروبەرمان سادە بکاتەوە. ئەوەی نیتچە باسی ئەکات لەسەر بەهای لاوازەکان؛ ئەتوانین وەک هەمان بەهای کیچ ببینین. بەم شێوەیە کیچ لەناو ئایدیاڵى زاهیدیانەوە هاتووە. واتا کیچ وەرچەخانی ئایدیاڵی زاهدیانەیە لە ئێستادا، کە ترادیسیۆنی دینی جوولەکە و مەسیحی بەرهەمی هێناوە لە پێشووتردا و، بە دەزگاییش بووە. لە ئێستادا کیچ وەرچەرخانی زوهدییەتە لەناو کەلتوری هاوچەرخدا نیتچە ئایدیاڵی زوهدییەت وەک دەرمانی ئازار کوشتن بە کار دێنێت، کیچ هاوشێوەی ئایدیاڵی زوهدییەتى کۆن بەڵێنی بەختیاری دروست ئەکات، بەڵام ئەمجارە ئاسمان لە ئێرە و لە ئێستادایە و بوونێکی بێ ئازار و گەمارۆدراو بە شمەک و ئاسودەیی و ئەوین و بێکێشەیی دەخاتە بەردەممان.

لە پاڵ ئەم سەیرکردنە جینالۆجییەی نیتچە بۆ کیچ، پارادایمێکی بەهیزێشمان هەیە لەناو بیرمەندانی چەپ لە “جۆرج لۆکاش”ەوە بۆ قوتابخانەی فرانکفۆرت، کە ناکۆکە لە گەڵ تێگەیشتنی جینالۆجیدا بۆ کیچ. لەو تێزەی مارکسەوە کە، ئەوەی هۆیەکانی بەرهەمهێنانی ماددی بەدەستەوەیە هۆیەکانی بەرهەمهێنانی ڕۆحیشی بە دەستەوەیە، ئەمەش کیچ وەک دەرهاویشتەیەکی چینایەتی دەبێنیت، بەڵام کیچ وەک چەمکێکی سۆسیۆ سیاسی موڵکی چینێکی دیاریکراو نییە یان دژی چینێکی دیاریکراو ئاڕاستە بکرێت، کیچ چەمکێکی چینایەتی نییە ناچینایەتییە چونکە توانای بڕینی هەموو چینە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی هەیە؛ نەک لەبەر ئەوەی هەموو چینێک فۆڕمی تایبەت بەخۆی کیچ بەرهەم ئەهێنێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کیچی هاوچەرخی کۆمەڵگەی بەکاربەری پەسەندکراوە و حەز لێکراوە وەک یەک لای دەوڵەمەند و هەژار و چینی سەرەوە و خوارەوە؛ بگرە کیچ بریتییە لە سیمای مۆدێرنیزم خۆی. بۆیە ئامۆژگارییەک نییە ئەمرۆ لەو ئامۆژگارییەی نیتچە بەسودتر بێت، کە گرنگتر لەوەی ئاڕتێست بین، خودی خۆمان وەک کارێکی هونەری بخوڵقێنین.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: