گۆشەنیگای هەڵۆ و مەڕەکە و، سەرچاوەی مۆڕال لای نیتچە

248
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: محەمەد کامەران

سەرنجی هەڵۆیەک بدە کە لە بەرزایی ئاسمانەکانەوە باڵی دەتەکێنێ و، لەبەر خۆیەوە دەورتێنێ، “من باشم. ئەگەر هەڵۆ بیت شتێکی باشە. ئەمە واتە تۆ بەهێزی و دوو چاوی تیژت هەن. هەموو هەمانە شتگەلێکی باشن”.

لە هەمان کاتیشدا، لە بەرخێک بڕوانە کە بەسەر زەوی تەخت ڕێدەکات، و بیردەکاتەوە و دەڵێت، “بەرخبوون شتێکی پەسەندە. من دەتوانم ڕێدۆزی بۆ ڕانەمەڕێک بکەم لەناو مەزرا. هەروەها پێ لەسەر پەنجەی کەس دانانێم [گۆشتی کەس ناخۆم]. دەزانم چۆن گیا بخۆم. شادم کە بەرخم، بەرخبوون شتێکی باشە.”

ئێستا سەرنجی هەڵۆیەکە بدە کە مەڕەکە بەسەر زەویەوە دەبینێت. ئێستا ئەو سرتەی ئەوە دەکات کە “بەرخەکان چاکن. هیچ شتێک وەک بەرخێکی بەتام چێژبەخش نیە! شتێکی خراپە کە (بەرخ) بیت، بەڵام بەرخەکان خۆیان بوونەوەرێکی سوودبەخشن [بۆ بوونەوری دیکە].”

ئێستاش لە مەڕەکە بڕوانە کە نیگای خوێناوی هەڵۆکەی درکپێکردووە. ئەو دەڵێت کە “هەڵۆکان بوونەوەری شەیتانین. پێویستە بسڕێنەوە، چونکە هیچ شتێکی چاکیان نیە. ئەوان هەمیشە فریودەر و لەناوبەر و مایەی هەڕەشەن. من ڕقم لە هەڵۆکانە. بەڕاستی بوونەوەری قێزەونن.”

 

٭ئەمە واتە دەتوانین هەموو شتێک بە “باش” پۆلێن بکەین. بەڵام ئەمە لاوازی و ڕق و کینەیەی ئەم باشەیە دەگۆڕێت بۆ “خراپ”. چی بوونەوەر هەیە بەش بەحاڵی خۆی ئەخلاقیە، بەڵام ئەم سێ هەستەیە ـ وەک کاردانەوەیەک بۆ کارتێکەری هەستی و نەستی ـ موڕاڵەکانمان دەگۆڕن.

٭ خۆی ئەم بەرسڤە خاڵی وەچەرخانێکی تری تێکستەکانی نیتچەیە. ئەو یەکەم فەیلەسوف بوو، نەک تەنها لە دانان و لابردنی بەهاکان، بەڵکو لە جۆریەتیان و پێویستیانی کۆڵیەوە؛ ئەمیش لەسەر ئاستی تاکەکەس نەک عەوام. ئەو بوو وتی کە “ڕاستی” کڵاوێکی بابردووە و هەزاران ساڵە مرۆڤایەتی لەدووی وێڵە، بۆیە لەمەدوا دەبێت لە بەهای ئەم “ڕاستیە” بکۆڵینەوە. بۆ ئەو، هەر کەسەو “ڕاستی” لە چاوی خۆیەوە دەبینێت. ئەم هەستە ڕیئاکشنەریانەشن کە ئەم ڕاستیانە دروستدەکەن، کە مرۆڤ تووشی ژیانی ڕەوەمەڕی دێت.

نیتچە لێرە تەنانەت لەگەڵ داروینیش بەریەک دەکەوێت. لە کولانەی داروینیزمەوە، مانەوە بۆ ئەوانەیە کە خۆیان لەگەڵ ژینگەی دەوروبەر دەگونجێنن؛ بەڵام خۆگونجاندن و سندمکردنی چارەنووس لە بەرژەوەندی مێژوو، بۆ نیتچە، بەهایەکی پاسیڤە و پتر لە مۆڕالی کۆیلە نزیکە. ململانێ بۆ مانەوە، لای نیتچە، تەنیا پەیوەست نییە بە سەرکەوتنی فیزیکی مرۆڤەکانەوە؛ دەکرێت مرۆڤێک بە پلیکانەی دەسەڵات و هێز سەربکەوێت و هێزە پاسیڤەکەی هێشتا تێدا مابێت. واتە نیتچە، بە پێچەوانەی داروین، بڕوای وایە کە بوونەوەر و هێز دوو شتی جیاوازن و هێز لە شوێنێک قەتیس نابێت، بەڵکو بەردەوام خول دەخوا و پێچ دەدات.

هەروەها، سۆشیالیزم و دیموکراسی لای نیتچە، جا چ لە ڕێی شۆڕشەوە بێت یان هەڵبژاردن، “بەرزەمرۆڤ” ناخەنەوە چونکە ئەم ئایدۆلۆژیانە سوود لە پاسیڤی “ڕەوە مەڕ” دەبینن: بە عەوام دەڵێن “کەوتنی ئێمە، کەوتنی ئێوەیە”، ڕەوەی پاسیڤیش بیری نەزۆکە و بە گوتارەکانیان سەراسیمە دەبێت. جگە لەوەش، ئەم دوو ئایدۆلۆژیایە “بەرزە مرۆڤ” یان لەناو زۆرینە تواندۆتەوە، بە بەهانەی یەکسانی و مافی مرۆڤ.

“بەرزە مرۆڤ” لای نیتچە ئەوەیە کە پڕۆژیەکی درێژخایەنی هەیە و هێزی “سروشت” بۆی ئاوێژ دەکات؛ و چاولەڕێی ئەوە نییە کە لە بەرەکەی بخوات، بەڵکو بۆ نەوەکانی دوای خۆی جێیدەهێڵێت… ئەو کەسەیە کە بەها گشتگیرە کۆمەڵایەتیەکان دووبارە دادەڕێژتەوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ پرۆژەکەی هاوتەریب بن… ئەو کەسەیە کە بڕوای بە داهاتوویەکی گەش هەیە، و لە نێو جەرگەی پێویستی و نەهامەتیدا سەردەرناهێنێ.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: