بوونگەری ئاڤانگارد

231
0
بڵاوکردنەوە:

دەربارەی بوونگەرییەکانی سلێمانی

نووسینی: بەکر عەلی

گەر لەناو فەرهەنگی ئێمەدا بگەڕێین بەشوێن فیگورە تاکگەرەکاندا، بەدڵنیاییەوە لەناو ئەدەبیاتی دینی و رووناکبیریماندا چەند فیگورێکی زۆر کەم شک دەبەین هەم وەک کەسی جاوید و زاهید و هەمیش وەک کارەکتەرێکی ئەدەبی لە بەژنێکی تاکگەردا دەرکەوتوون. بەڵام ئەوەی ئایا ئێمە کەسی تاک لە شێوازە مۆدێرنەکەیدا شک دەبەین کە پەیوەستە بە هەلومەرجەکانی ژیانی ڕۆژانەی ناو ئاپۆرەوە لەناو شارەکانماندا؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ڕەنگە خستنەڕووی شتێکی گرنگ بێت هەم بۆ سۆسیۆلۆگیا وهەم بۆ ڕۆحی سەردەمێک،  بەتایبەتی کە دەرکەوتنی کۆمەڵێک کەسی هەڵکەوتوو لەڕێی ئەدەبیاتی بوونگەری و هونەری سوریالیزم و شانۆی بێهوودەوە، لە ساڵانی هەشتاکاندا لە شاری سلێمانی توانییان دۆکۆمێنتی لەدایکبوونی ئیندیڤیدومی نوێ دروست بکەن( هەندێک پێیان وایە لەناوەڕاستی هەفتاکانیشدا دەستەیەک بوونگەر هەبوون، بەڵام هیچ ئەرشیڤێکیان بۆ جێنەهێشتووین) و بۆخۆیان ببنە ئاڤانگارد و پێشڕەوی تاکگەرایی کوردی. دەرکەوتنی مرۆڤی ئێمە وەکو سوبیەکت لەو چرکەساتەدا بۆیەکیمنجار لەمێژوودا دەرکەوتنێکی فەلسەفی بووە. لەکاتێکدا زۆرجار ئەم دەرکەوتنە هەم لەلایەن خەڵکی گشتییەوە وهەم لەلایەن ڕووناکبیرە هاکەزاییەکانەوە تانەی بێبنەما ونەزانانەیان داونەتە پاڵ.

لەکاتێکدا دەشێت بۆ یەکەمینجار لەنێو ئەو بەیەکداچوونە چڕوپڕە کۆمەڵایەتییە و لەنێوبەندی هەلومەرجە مۆدێرنەکانی جڤاتی کوردیدا، جیاواز لەدەرکەوتنی سوبیەکتی جاویدی وشاعیری لەسەردەمەکانی پێشووتردا، بە هەوڵێکی فیکری و بەرجەستەبووانە بۆ دەرکەوتنی مرۆڤی ئێمە وەکو سوبیەکت تێیبڕوانین.

ئێمە لە هایدێگەرەوە دەرکمان بەوە کرد کە چۆن <<دازاین>> لەناو << خەڵک>> دا دەژی و بەچ شێوازێک دەبێتەوە بەخۆی. . <<خەڵک>> چ قەوارەیەکە وتێیدا <<تاک >>چۆن دەپووکێتەوە و تاک چۆن هەوڵ بدات خۆی لە دیکتاتۆریەتی خەڵک ڕزگاربکات، ئەوەی هایدێگەر پێشنیاری دازاین دەکات ، بریتیییە لەئاگایی خود و ئاگامەندی دازاین بۆ گەڕانەوەی بەرەو ڕەسەنایەتی وخۆیەتی. بۆیە باسکردنی ئەم تێمایە ڕێک دەمانبەستێتەوە  بە ئۆنتۆلۆجیایەکی وجودییانەی مرۆڤ وەک تاک و سوبیەکتێک کە بەبێ خۆبارگاویکردن بە ئەدەبیاتێکی فەلسەفی قووڵ کە هەر لە کیرکیگورد و شۆپنهاوەرەوە دەستپێدەکات بەتێپەڕینی بەنیتچەدا تا دەگاتە سارتەر وکامۆ وتەواوی بوونگەرانی سەدەی بیستەم، دەرکەوتنی نەکردە  دەبوو. لێرەوەیە دەرکەوتنی کۆمەڵێک فیگور بەناوی بوونگەراکانەوە لەو ماوەیەدا، دەرکەوتن ودیاردەیەکی فەلسەفی بووە. ئەوانە بەکوالیتێتێکی فەلسەفی وهونەرییەوە دەستیاندایە چمکی ئاڵۆزترین کێشەی بوون. ئەمانە جگەلەوەی خۆیان دەرگیری پرسە فەلسەفیی و هونەرییەکانیش کردبووە، وایان کردبوو، ئەوەی لەڕووی تیۆرییەوە پێیگەیشت بوون، لەڕووی ڕەفتارەوە پیادەی بکەن. بۆیە هەموو جۆرە دەرکەوتنێکیشیان وەکو بەشدارییەک بۆ ئیستاتیکیکردنی هونەری ژیان بوو، لەکایەیەکدا کە سۆسیۆلۆگیا و سیاسەت وجەنگ وئایدیۆلۆگیا ژیانی داڕزاند بوو.

شتێکی بەڵگەنەویستەیە،لەدنیای ئێمەدا سوبیەکت لەهیچ گۆشەیەکەوە نەبینراوە، بۆیە هیچ دەقێکی ئەوتۆ شک نابەین مێژووی لەدایکبوونی سوبیەکتمان بۆ بگێڕێتەوە. دەکرێت نووسینەوە وبەدۆکیومێنتکردنی دیاردەی بوونگەراکانی سلێمانی لەساڵانی هەشتاکاندا، وەکو ڕووداوێکی کولتوری و فەلسەفی کۆمەکی ئەو گەشەسەندنە عەقلییە بکات کە خودتێگەیشتن و خودهۆشیاری کوردی پێویستی پێی دەبێت. لەو چرکەساتەوە بۆیەکەمینجار لەڕووی فەلسەفییەوە هەم دەربارەی سوبیەکت بیردەکرێتەوە وهەمیش تاکەکەس دێتە سەر شانۆی ژیانی شار. بەرلە دەرکەوتنی فەلسەفەی بوونگەری لەدنیای ئێمەدا هەر بیرکردنەوەیەکی فەلسەفی هەبووبێت، بەخودی مارکسیزیشمەوە، بیرکردنەوەیەکی ئەبستراکت بووە وهیچ ڕیشەیەکی کولتوری وکۆمەڵایەتییانەیان نەبووە بۆیە چرۆیان نەکردووە وهیچ گوڵێکیان نەگرت. ئەوە فەلسەفەی بوونگەری بوو، هەم لەڕووی کۆمەڵایەتی وهەم لەڕووی کولتورییەوە توانی تاکەکەس دەربخات. هۆکارەکەیشی ڕەنگە ئەوەبێت تەوژمەکانیتر هیچ پەیوەندییەکیان بەفەلسەفەی کولتور و فەلسەفەی ژیانەوە نەبوو. ئەوە وجودیەت بوو کە لەناخی ژیان ولە کرۆکی کولتورەوە توانی ڕۆحی سەردەم بەرجەستە بکاتەوە. بێهۆ نییە زۆرینەی ئەوانەی ڕەخنەیان لەو بوونگەرانە دەگرت لە تەوژمی مارکسیزمەوە هات بوون.

لەو سەردەمەدا هیچ بیرۆکەیەک هێندەی هەستە بوونگەرییەکانی وەک ((ترس، نیگەرانی، مەرگ، بێهوودەیی، نامۆیی، داڕووخان وداڕزان)) لەناو ڕۆحی چڤاتی ئەوسادا زیندوو نەبوون. نەسیاسەت و نەبزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانیش وەڵامێکی دروستیان بۆ ئەو هەستە بنەماییە بوونگەرییانە پێ نەبوو. بوونگەری لەو ساتەوەختەدا جۆرێک بوو لە تیراپی فەلسەفییانە لەدژی ئازارەکانی ژیانی سیاسییانە وکۆمەڵایەتییانەی تاک، جۆرێک بوو لە یاخیبوون لە جەبری هەموو دەسەلاتەکان(سیاسی، دینی، وە مۆرالی باو). کاریگەری ئەم تیراپییە فەلسەفییە تا ئەمڕۆش دەبینرێت، گەر بڕوانینە دۆخی گەندەڵ وداڕزاوی ژیانی سیاسی وکۆمەڵایەتیمان، وە ئەو کاردانەوە سیاسی و ئەدەبییانەی لەوێدا دەبینرێن، دەبینین کاردانەوە سیاسییەکان لەژێر ناوی ئۆپۆزیسیۆندا وەهمی تری هاوشێوەی وەهمەکانی دەسەلات بۆ << ژیانێکی باشتر وسبەینێیەکی گەشتر>> بڵاودەکەنەوە، ئەوە تەنیا ئەدەبیاتی ئەو نەوە نوێیەیە کە هەوڵ دەدات خۆی بگەیەنێتە نێو ناخی کێشە وجودییەکانەوە ودەست بدات لەو ئازارە شکێنەرەی لەناخی مرۆڤەکاندا هەیە. هەموو ئەدەبیاتی کوردی دوای نەوەدەکان تاوەکو ئەمڕۆ هەوڵی دەرخستنی ئازارەکانە، خۆدەرگیرکردنە لەگەڵ هەستە بوونگەرییەکانی مرۆڤ، تەنانەت گەر ڕەهەندێکی سیاسیشیان هەبێت. ئەو بانگەوازە مۆرالییانەی وجودییەکان دەیدەن، بەوەی ڕزگارکردنی جیهان لەڕێی ڕزگارکردنی خۆمانەوە دەست پێدەکات، لەمڕۆدا لەهەموو دەقەئەدەبی وکارە هونەری و پارچەشانۆییەکاندا دەنگ دەدەنەوە. هەموو نمایشە شانۆییەکان پرسە وجودیی وتاکگەرییەکان، ئازارەکانی مرۆڤ بەدەست جەبری دەسەڵات وکۆمەڵگەوە دەخەنەڕوو، هەموو ئەو دەقە شیعرییانەی ئەم سێ دەیەیەی رابوردوو خودنامۆبوونی وخودبێگانەبوونی فەرد لەناو بازاڕە چنۆکەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەهۆننەوە، زۆرینەی پرۆتاگۆنیست وپالەوانی ڕۆمانەکان هەوڵ دەدەن لەو مێژووە، لەو سیستەمە باڵادەستە ڕزگاریان بێت کە زەوتیان کردوون. ئەمانە هەموو سیمپتۆم ونیشانەی دەرکەوتنەوەی ئەدەبیاتی بوونگەرییە.  کەسی بوونگەر کەسێکی بەرباد، خودپەرست وگۆشەگیر نییە، ئەو وا بیرناکاتەوە مادام من دەمرم ئیتر ژیان بێهوودە دەژێنم، واش بیرناکاتەوە بائەوانیتر بمرن وخۆم بمێنمەوە. بەڵکو تەواو بەپێچەوانەوە، کەسی بوونگەر بەوە هەراسان دەبێت کە  خەڵک هۆگری ژیانێکی هەڵە بوون.

دیارە ئامادەبوونی ئەو ئەدەبیات وهونەرە، وەک مۆدەیەکی سەردەم نییە، وەک خوێنەری قەییمیانەی مارکسی دەیبینێت وبە کولتی بۆرژوازی پێناسی دەکات. بەڵکو خودی مەسەلەکە پەیوەندی بەکرۆکی ژیانەوە هەیە، کە لەژێر هەژموون وبەڕێوەبردنی هەر فەرهەنگ وسیستەمێکدا بێت، خاڵی نابێت لە پرسە وجودییەکانی وەک ترس ونیگەرانی و نامۆیی وتەنیایی وئازادی.  ئەم هەستە بوونگەرییانە بناغەی فەلسەفەی وجودییەتن و هەر کولتورێک نەیانهێنێتە قسە، دەبێتە کولتورێکی چەپێنەر و ستەمکار. بۆیە بوونگەری بریتییە لە فەلسەفەیەکی کولتوری، کە ڕۆڵی سوبیەکتیڤانەی مرۆڤ لە گەشەسەندنی ژیانی کۆمەڵگەکاندا پیشان دەداتەوە.

دەرکەوتنی گۆڤاری <<بوون>> ڕاستەوخۆ لەدوای ڕاپەڕینەوە هێزی مەعریفی فەلسەفەی بوونگەری سەلماند و ئەم گۆڤارە توانی ئاسۆیەکی فەلسەفی ناباو لەبەردەمی نەوەیەکدا واڵابکاتەوە کە تازە بەتازە لەسەرزەمینی دوای ڕاپەڕین هەوای ئازادی هەڵدەمژی، هەوایەک کە جارێکیتر ئایدیۆلۆژیا و دەسەڵات و دۆگماکان ژەهراوییان کردەوە. ئەگەرچی ئەم گۆڤارە درێژەی بەتەمەنی خۆی نەدا بەهۆی ژەهراوایبوونی ئەتمۆسفێرەکەوە، بەڵام پێموایە هێشتا ئەو پرۆژەیە بەرکەماڵ نەبووە و لەبەردەم ئەو کێشە ئاڵۆزە سیاسی  و کولتورییانەدا کە  جیهانیژیانی ئەو هەرێمەی تەنیوەتەوە پێویستە پێشنیاری فەلسەفی نوێ بخاتەڕوو، پێشنیارێک کەخۆی لەنێو کۆنسێپتی بوونگەری نوێدا فۆرمەلە بکات. ئەمە ئەو پرۆژەیەیە کە نابێت هەر وەکو مانیفێستی بوونگەری نوێ ڕابگەیەنرێت، بەڵکو دەبێت وردەکارییەکانی  وکارەکتەرەکانی لەڕێی ئەدەبیاتێکی نوێی ئەو نەوە نوێیەوە دەستنیشان بکرێت کە کۆتایی بە پرسە بوونگەرییەکان نەهێناوە وجۆریک لەدرێژەدان بەپرۆژەکەی نەوەی پێشوویان  خستۆتە نێو کۆنسێپتەکەیانەوە.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: