چی لە مێشکی وەرگێڕەکاندا دەگوزەرێت؟

535
0
بڵاوکردنەوە:

مەلەف -وەرگێڕان-

-١-

نووسینی: کامۆ ئاراز

وەرگێڕان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە ژیانی مرۆڤەکان. هەرچەندە وەرگێرانی دەقی نووسراو هێندە کۆن نییە بەرانبەر بە وەرگێڕانی زارەکی، وەلێ هەردوو کایەکە بە هەمان ئەندازە پڕ بایەخن بۆ مرۆڤەکان و چارەنووسی گۆی زەوی. ئەوەی مرۆڤی سنوورە جیاوازەکان بەیەکی دەبەستێتەوە و بە یەکتریان ئاشنا دەکات، یان چنینی پێوەندی دیپلۆماتیانە، هەمووی بەدی دێت لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە. دەتوانین چەندین نموونە کەڵەکە بکەین لە مێژوو و ئێستاییدا سەبارەت بەو کێشانەی کە لە وەرگێرانی خراپەوە یان هەڵەی وەرگیرێکەوە ڕووی داوە، وەرگێرانی دەستەواژەیەکی پزیشکی بە هەڵە لەوانەیە ژیان لە کەسێک زەوت بکات، یان وەرگێرانی هەڵە لە نێوان دوو بەرەی دژ بەیەک، وشە بە هەڵە وەرگێڕدراوەکان دوور نین ببنە سوتەمەنی بۆ گەرمکردنی ناکۆکییەکان.

مرۆڤەکانن دەبنە وەرگێڕ و وەرگێڕان بۆ مرۆڤەکانی دیکە دەکەن. ڕاستە لەگەڵ پێشکەوتنی زانستەکانی کۆمپیوتەریشدا توانیومانە پەرە بدەین بە بواری وەرگیڕانی ئامێریانە [machine translation]، تەنانەت هەنووکە هەوڵی شێلگیر هەیە بۆ درووستکردنی سیستەمی وەرگیرانی ئامێری بۆ زمانی سۆمەری. هەر چۆنێک بێت، بوارەکانی وەرگێڕان، بە وەرگێرانی ئامێرانەشەوە، زادەی دەستکردی هۆشی مرۆڤن. هەر بۆیە گیروگرفت لە ڕەفتارە زمانەوانی و ئەقڵییەکانی مرۆڤ دەبێتە تەگەرە بۆ پڕۆسێسی وەرگێران، جا تێگەیشتن لە مێشکی مرۆڤ پەنجەرەیەک دەکاتەوە بەرەو ڕوومان تاوەکو سەر لەو شتانە دەر بکەین کە مرۆڤەکان دەیانکەن و تووشیان دەبن، لە ناویشیاندا ئەفسوونی وەرگێڕان. لەوانەیە مێشک ئاڵۆزترین پێکهاتەی گەردوون بێت، ماریان دایمۆند کە بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی مێشکناسی نوێ دادەنرێت سەبارەت بە مێشک وا هاتۆتە گۆ: مێشک ئەو بارستاییە سێ پاوەندیەیە کە دەتوانێت بیر لە گەردوونێک بکاتەوە کە لەمبەربۆئەوبەری سەدان ساڵی ڕووناکییە.

لە وەرگێڕانناسیدا [ترانسلەیتۆلۆژیا یان ترادوکتۆلۆژیا] پەیبردن بە مێکانیزمە نیورۆلۆژییەکانی وەرگێڕان لە مێشکی کەسێکدا هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە. گەر لە لایەنەکانی دیکەی وەرگێڕان بڕوانین، دەبینین چەندین کاری گرنگ و پڕ کراون لە گۆشەنیگاکانی زمانەوانی، کولتوورناسی، دەقناسی و تەنانەت زانستە کۆگنتیڤییەکان.  بەڵام هێشتاکە زۆر نازانین سەبارەت بەوەی چۆن لە ئاستی مێشک و بایۆلۆژیای گەردیلەیی وەرگێڕان بەرهەم دەهێنرێت و بە پڕۆسێس دەکرێت. هەڵبەت ئەمە واتای ئەوە نییە کە هیچ هەنگاوێک لە بوارەکەدا نەنراوە، بەڵکو لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستکراوە بە توێژینەوەی مێشکناسیانە بۆ وەرگێڕان. کێشەکە ئەوەیە، توێژینەوەکانی ڕابردوو وابەستەی چەند گیروگرفتێکن لە ڕووی مێتۆدۆلۆژییەوە، هۆیەکی دیکەش ئەوەیە کە گرنگیەکی بەرچاو بەو توێژینەوانەشی کە ئیستا هەن نەدراوە لەلایەن زانای بوارەکانی دیکە.

هەرچی سەردەمی ئێستامانە، لە نزیکەی ٣٠ ساڵی ڕابردووەوە توێژینەوەی ناوازە کراون دەربارەی پێوەندییەکانی نێوان وەرگێران و مێشک. ئاخر تەکنەلۆژیا هێندەی دیکە پێشکەوتووە بەراورد بە سەدی ڕابردوو، چەندین ئامێر و کەرەستەی تەکنەلۆژی نوێ خۆیان خزاندۆتە ناو بواری مێشکناسییەوە، هەر ئەمەش وای کردووە لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە چاکتر و وردتر دەرئەنجامی زانستی بەردەست ببن. ئەم پیشکەوتنە هەمەچەشنانەی وەرگێڕان و میشک لە کایە جیاوازەکان و بەتایبەتی بواری نیورۆگۆنێتیڤ، وا لە شارەزایانی توێژینەوەی پێوەندییەکانی نێوان مێشک و وەرگێران  کردووە کە پێشبینی جیابوونەوەی لقێکی نوێ بن تایبەت بە مێشکناسی وەرگێران. لەگەڵ ئەوەی تا دێت توێژینەوەکان زۆرتر دەبن، جیابوونەوەی مێشکناسی وەرگێڕان وەکو سەب-دیسپڵینێکی سەربەخۆ ئەستەم نییە.

دەتوانین مێژووی پەیوەندی نیوان میشکناسی و وەرگێرانناسی بۆ سەرەتای بیستەکان بگەڕێنینەوە، ئەو کات چەند تویژینەوەیەک بوونیان هەیە کە لەو کەسانەی کە تووشی ئەفازیا هاتوون. ڕاستیەکەی پێش هاتنە کایەی ئامێری پیشکەوتوو لەم چەند دەیەی ڕابردوودا، ئەو مێتۆدەی توێژەران بەکاریان دەهێنا بۆ تێگەیشتن لە مێشک و لێکەوتەکانی لە ڕەفتاری مرۆڤدا بریتی بوو لەو زیان و تێکچوونانەی بەر مێشکی کەسێک دەکەوتن لە ڕووداوێکدا. کاتێك بەشێکی دیاریکراوی مێشک، تووشی زیان دەبێت جا بەهۆی جەڵتەوە یان ڕووداوێکی بەرکەوتنی نەخوازراو کەسەکە تووشی گۆڕان یان تێکچونێکی دیاریکراو دێت لە ڕەفتارەکانی، بۆ نموونە گەر زیان بە ناوچەی برۆکا لە نیوەگۆی چەپی مێشک بگات، کەسەکە ناتوانێت ڕستە و وشە درووست بکات و قسەکردنی پەکی دەکەوێت. جا لەمەوە توێژەرەکان دەیانزانی کامە بەش گرێدراوی کامە گۆڕانە لە ڕەفتاری مرۆڤ، لەمەشەوە دەزانین کە ناوچەی برۆکا پەیوەندیدارە بە بەرهەمهێنانی زمان.

لە ڕێی ئەم مێتۆدەوە لە ساڵانی بیست و سیەکان چەند کەیسێک هەن لە ئەوروپادا، کە دۆخی چەند نەخۆشێکیان تۆمار کردووە. ئەو نەخۆشانە بە هۆی تێکچوونێکی نادیارەوە کێشەی زارکردن و کۆگنێتیڤیان بۆ درووست ببوو، لە هەمان کاتدا کێشەی وەرگێڕانیان هەبوو لە زمانی یەکەمیانەوە بۆ دووهەمیان و بە پێچەوانەوە. بەڵام ئەم کەیسانە زیاتر ئەنیکدۆتاڵ بوون وەک لەوەی بە مێتۆدی درووست و ڕێکاری زانستی پێویست کرا بوو بن، جیا لەمانەش کەمایەسیان هەبوو لەوەی وەسفێکی ورد بۆ کێشە نیورۆلۆژییەکەیان تۆمار کرا بێت، گومان لەوە نییە دواتر ئەو دۆسیە نیورۆلۆژیانە ڕۆڵی خۆیان دەبینن بۆ فۆڕمەلەکردنی تێگەیشتنی زیاتر و هیپۆتێز لە بوارەکەدا. بۆ کۆنتێکستی ئەو کات کە هیچ ئامێرێکی پێشکەوتووی وەکو ئێستا بوونیان نەبوو، وەسفکردنی ئەو دۆخانە گرنگ بوون.

دواتر لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوو و سەرەتاکانی ئەم سەدەیەمان، لە زۆر ڕووەوە توانیمان زانیاری زۆر باشتر و زیاتر بەدەست بهێنین بۆ پێشخستنی ئەم لقە لە وەرگێڕانناسی. ئاخر چەندین دۆسیەی پزیشکی هاتە بەردەستی توێژەران و توانیشیان دەستیان بگات بە چەندین ئامێری تەکنەلۆژی پێشکەوتوو کە بوارەکەدا. لە ساڵی ٢٠٠٠یش بەرەو سەرەوە بە دوایین قۆناغ دادەنرێت (بۆ ئێستا) کە تا ڕادەیەک درێژکراوەی قۆناغێ دووهەمە بەڵام بە تیگەیشتنی زۆر زیاتر. تەنانەت توێژەرانی بوارەکە مۆدێلی نیورۆئەنەتۆمیان بۆ پڕۆسێسی وەرگێڕانی نێو مێشکی وەرگێرەکان پێشنیاز کردووە.

پێرسێپسیۆن و وەرگێڕان: وەرگێڕەکان چۆن دونیا دەبینن؟

ڕاستیەکەی وشەیەکی گونجاوم نەدۆزیەوە بۆ دەستەواژەی پێرسێپسیۆن perception، هەر بۆیە خوێندنەوە فەڕەنسیەکەیم داناوە بۆی. بە کوردی هێندەی ئاگادار بم، وەها وشەکە وەرگێرانی بۆ کراوە: پێزانین، پێحەسیان، و هەستپێکردن. وەلێ بڕوام وا نییە ئەم وشانە مانای ‘پێرسێپسیۆنیان’ پێکا بێت. خودی وشەی پێرسێپسیۆن لە پێرسیپیرێی لاتینیەوە هاتووە کە بە مانای ‘تێگەیشتن’ دێت، خودی وشەکەش پێکهاتووە کەم دوو مۆرفیمە: پێر-، واتە تەواو یان هەموو، لەگەڵ کاپیرێ کە بە مانای گرتن یان وەرگرتن دێت.

پێرسێپسیۆن بریتییە لەوەی ئێمە چۆن دونیا دەبینین، لە بینین مەبەستەکە تەنیا بریتی نییە لە دیتنێکی ڕووتوقووت، بەڵکو پیرسێپسیۆن هەموو داتا هەستییەکانمان دەگرێتەوە کە لە چاو و لووت و گوێ و ئەندامە هەستەوەرکانی دیکە کۆ دەکرێنەوە و ڕەوانەی مێشک دەکرێن، دواتر مێشک لێکدانەوەیان بۆ دەکات، جیا لە لێکدانەوەش دەیانناسێتەوە و ڕێکیان دەخات. سا کەواتە بەرهەمی داتا هەستیەکان کۆ لێکدانەوەکانی مێشک بریتییە لە پێرسێپسیۆن. هەر لە ڕێگەی ئەم پڕۆسێسەوەیە ئێمە دەتوانین مانا بدەین بەو ژینگە و دونیایەی تێیدا هەڵ دەکەین.

هەر بۆیە پێرسێپسیۆن تەنها بریتی نییە لەوەی چۆن لە رێگەی جاوەکانتەوە دونیا دەبینیت، بینینێکی پاسیڤانە نییە. بەڵکو  پیرسێپسیۆن زۆر شت کاریگەری دەخاتە سەری، ژوانژی: یادگە، پێشبینییەکان، فێربوون و هتد. ئەوەی ئێمە چۆن دونیا دەبینین تەنها بەند نییە بە ئینپوتەکان، واتە تەنها هەستەوەرکانمان نین لەوەی داتا کۆدەکەنەوە بۆ مێشکی ئێمە، بەڵکو ئەو داتایانەی لە ناو مێشکدا هەڵگیراون، ئەوانیش بەشی خۆیان کاریگەری دەخەنە سەر ئەوەی وامان لێ بکەن بەشێوەی تر ئەزموونی دونیا بکەین. هەر بۆ نموونە، کاتێک تۆ لە ناو پەرداغێک شلەیەکی بێڕەنگ دەبینیت، لەوانەیە پێت وا بێت کە ئاوە بە گوێرەی ئەو ئەزموونەی پێشتر لەگەڵ شێوەی ئاو لە ناو پەرداغدا هەت بووە، بەڵام لە کاتی خواردنەوەی بۆت دەردەکەوێت کە خواردنەوەیەکی گازییە و ئەوەی تۆ چاوەڕوانت دەکرد ڕووی نەدا، هەر بۆیە بە خواردنەوەی یەکەمجار سیمات گرژ دادێت، چونکە لە ئاست پیرسێپسیۆنی تۆدا نەبوو خواردنەوە بێڕەنگەکە تامی ئاو نەدات.

پێرسێپسیۆنی ئێمە دەکرێت سنووردار بێت، هەموو مرۆڤەکان وەکو یەک دونیا ‘نابینن’ لەوانەیە ئەزموونە پیرسێپسیۆنییەکانمان هەندێک جار لە یەکتری جیاواز بن. بۆ وێنە، زۆرینەمان ‘ئاساییانە’ ئەو حەوت رەنگە دەبینین، وەلی بەشێک لە مرۆڤەکان ڕەنگکوێرن و بێبەشن لە بینینی هەندێک ڕەنگ یان ڕەنگەکان لە یەکتری جیا ناکەنەوە. جگە لەوەی بایۆلۆژیای چاو و بینین، مرۆڤ یان بوونەوەرێکی دیاریکراو ناجار دەکات بە گوێرەی ستراکتۆرە مۆرفۆلۆژیەکانی دونیا ببینێت. باڵندەکان، بۆ نموونە، توێکاری چاویان وەهایە کە چاوەکانیان تیشکگەلێک ببینن کە چاوەکانی مرۆڤ درکی پێ ناکەن، هەر بۆیە چەندین ڕەنگ هەن کە هەرگیز لەلایەن ئێمە هۆمۆ-ساپیەنسەوە نابینرێن.

دەبێت ئەوە بزانین کە پێرسێپسیۆنی مرۆڤەکان تەنها بەند نین لەسەر سیگناڵ و ئاماژە بایۆکیمیکاڵەکان، بەڵکو کولتووریش ڕۆڵێکی بەرجاو دەگێڕێت لەسەر ئەوەی ئیمە چۆن دونیا ببینین. لەمانەوە، تا هەنووکە، دەبێت پەیمان بەوە برد بێت کە پیرسێپسیۆن گرنگە بۆ وەرگێڕان، ئاخر جەندین پرسیاری گرنگ درووست دەبێت لەوەی وەرگێڕەکان چۆن پێرسیڤی دەقەکان دەکەن، چۆن پیرسێپسیۆنی ئەمان بۆ کولتوور و دونیا کار دەکاتە سەر ورگێڕانی دەقەکان؟ تەنانەت خوێنەری دەقە وەرگێڕدراوەکانیش لەم هاوکێشەیە بێبەش نین، ئەی ئەوان چۆن پێرسیڤی دەقە وەرگێڕدراوەکان دەکەن؟

بەهەرحاڵ لە هەردوو دیاردەی پیرسێپسیۆن و وەرگێڕان، جیا لە بنچینە نیورۆفیزیۆلۆژییەکان، کولتووریش ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. پەیوەندی نێوان ئەو دووانە پیکەوەییە بۆ بەرهەمهێنانی دەرئەنجامەکان. ئەگەر زمان وەک نموونە وەر بگرین، لە قۆناغە یەکەمینەکانی وەدەستهێنانی زمان لەلایەن منداڵانەوە، هەموو مندالانی دونیا هەمان دەنگەکان درووست دەکەن، هەروەکو چۆن هەموو منداڵانی دونیا بە نزیکەیی لە هەمان کاتدا گاگۆڵکە دەکەن و پێ دەگرن، هەمان پڕۆسە لە گەشەسەندنی زمانیش ڕوو دەدات، وەلێ لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی بەدەستهێنانی زماندا، کولتووری ژینگەی دەوروبەری منداڵ زۆر کار دەکاتە سەر ڕێڕەوی قسەکردنی منداڵ و وا لە منداڵ دەکات فێری زمانی دەوروبەری ببێت. بە واتایەک لە واتاکان، ئەم پاڕامیتەرانەی کە زمانی منداڵەکە دیاری دەکەن، لە ڕێی کولتوورەوە زۆر پێش لە دایکبوونیانەوە بۆیان دیاریکراوە.

بەشێکی زۆری پیرسێپسیۆن لە مرۆڤەکاندا بە نائاگایانە ڕوو دەدەن، ئیمەی مرۆڤ ئاگامان لە زۆر لەو پڕۆسێسە نیورۆلۆژیانە نییە کە لە ناو مێشکماندا دەگوزەرێت سەبارەت بە پێرسێپسیۆن، ئەگەر لە نموونەکەی پێشوو بڕوانین سەبارەت بە زمانی منداڵ، تەواو بە نائاگییانە منداڵ لە سەرەتاکانی تەمەنیدا زمانی دایکی وەدەست دەهێنێت. ئەگەر زیاتر قووڵ ببینەوە لە ئەزموونی بینین – پیرسێپسیۆنکردنی بینین— لە مێشکی مرۆڤدا ٣٠ ناوچە بوونیان هەیە کە پەیوەستن بە بینینەوە، ئەم ناوچانە دابەشی سەر دوو ڕێڕەو کراون: رێڕەوی بینینی نوێ و ڕێڕەوی بینینی کۆن. با وا دابنێین بە هۆی ڕووداوێکەوە ڕێڕەوی بینینی نوێ زیانی پێ دەگات، کەسی نەخۆش توانستی بینین لە دەست نادات، وەلی هۆشمەند [ئاگامەند] نییە بە کرداری بینینەکە. بە واتایەکی دیکە ئەگەر ئۆبژێکتێک بخەیتە بەردەمی و پێی بڵێی کە دەیبینێت، ئەوا وەڵامەکەی نەرێنییە، وەلی گەر دەستی بۆ ببات و هەڵی بگرێت، بێ هیچ هەڵەیەک وەکو ئەوەی بیبینێت دەتوانێت دەتسی پێی بگات و کۆنتڕۆڵی بکات.

نیورۆلۆژیای پێرسێپسیۆن دەکرێت کاریگەری زۆر بنچینەیی بخاتە سەر دیدگای ئیمە وەرگێڕان. ماریا تیمۆچکۆ، کە وەرگێڕە، لە پەیپەرە ئەکادیمیەکەی ساڵی ٢٠١٢ چەندین پرسیاری وروژاندووە سەبارەت بە پێوەندی نێوان پێرسێپسیۆن وەرگێرا، ئەو لای وا بوو کە لە ساڵانی دواتردا توێژینەوەکانی نیورۆلۆژیا وەڵامی دانە بە دانەیان دەداتەوە و گۆرانکاری گەورەش دادەنێت لەسەر تیۆرەکان و بینینی ئێمە بۆ وەرگێران. ڕاستیەکەی لەم بوارە و لە بوارەکانی دیکەی مێشکناسی پەیوەست بە وەرگێڕان هێشتا پێویستیمان بە توێژینەوەی زیاترە، هەرچەندە لەوانەیە هەندێک وەڵاممان دەستکەوت بن، وەلێ هەوڵی زۆرتر دەبێتە هەوێنی دەستەکەوتنی وەڵامەکان. هەر چۆنێک بێت، ئەمانەی خوارەوە ئەو پرسیارانەن کە دەبێت بیریان لێ بکەینەوە:

”ئێمە چ شتێک بە نائاگاییانە پێرسیڤ دەکەین؟ ئەی چ شتێک پێرسیڤ ناکەین بە نائاگاییانە؟ چۆن لایەنە نائاگاییەکانی پیرسێپسیۆن کار دەخەنە سەر هەڵبژاردەکانمان لە وەرگێڕاندا؟ چۆن ئەوەی ئاگامەندییانە پیرسیڤی دەکەین دەکەونە ژیر کاریگەری ئەوەی بە نائاگاییانە پیرسیڤیان دەکەین؟ چۆن پێرسێپسیۆنە نائاگاییەکانمان کار دەکەن سەر وەرگێڕان؟ چۆن کاتێک شتێک بە نائاگاهی پێرسیڤ دەکەین کار دەخاتە سەر پێشداوەریکردن و گواستنەوەی کولتوور لە وەرگێڕاندا؟ ……هتد” ئەمانە و چەندین پرسیاری گرنگتر سەبارەت بە پیرسێپسیۆن، کولتوور و وەرگێران لەلایەن خاتوو ماریا تۆمیچکۆوە جوڵێنراون، باشترە بروانیت لە (ماریا تۆمیچکۆ، ٢٠١٢) لە لیستی سەرچاوەکان.

کامە نیوەگۆی مێشک وەرگێڕە؟

مێشکی مرۆڤ بەسەر دوو نیوەگۆدا دابەش بووە: نیوەگۆی ڕاستی مێشک و نیوەگۆی چەپی مێشک. ئەم دوو نیوەگۆیە بەردەوام زانیاری لە نێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕ دەکەن لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکە ئەقڵییەکاندا. لە ڕێی تۆڕێکی ڕیشاڵیەوە بە یەکدیەوە بەستراون کە پێی دەوترێت: کۆرپەس کاڵۆسەم. هەرچەندە لە یەکەم نیگاوە وا دەردەکەون کە وێنەدانەوەی ئاوێنەیی یەکدی بن، کەچی ڕاستیەکەی ئەوەیە کە هەر یەک لە نیوەگۆیەکان ئەرکی جیاواز لە مێشکدا جێبەجێ دەکەن. گەر ئەرکی بەرهەمهێنانی زمان وەربگرین بە نموونە، دەبینین کە لە زۆرینەی زۆری مرۆڤەکاندا نیوەگۆی چەپی مێشک بەرپرسیارە لە بەرهەمهێنان و تێگەیشتن لە زمانی مرۆڤ. هەرچەندە نیوەگۆی لا چەپی مێشک زاڵە بەسەر کردارە زمانەوانییەکان، وەلێ نیوەگۆی ڕاستی مێشکیش هەندێک ڕۆڵ دەبینێت کە گرنگن بۆ بەڕێوبردنێکی ناکڵۆڵیانەی پڕۆسێسی تیگەیشتن لە زمان.

کاتێک تۆ زمان بەکار دەهێنیت، بەتایبەتی لە دۆخێکی کۆمەڵایەتی، ئەوا تەنها لێکزیمەکان و ستراکتۆرە زمانەوانییەکان ڕێڕەوی مانا و مەبەستی ڕستەکان دیاری ناکەن. بەڵکو توخمە دەرە-زمانەوانییەکانیش [paralinguistics] کە خودی خۆیان بەشێک نین لە زمان وەلێ دەتوانن یاری بە ئاڕاستەی مەبەست و مانا زمانەوانییەکانی گفتوگۆیەک بکەن. بۆ وێنە، وەختێک من بە زارم ‘بەڵێ، وایە، ڕاست دەکەیت!’ دەردەبڕم، وەلێ لە هەمانکاتی گوتنی ئەو دەربڕینە سەرم بۆ ئەملاوئەولا دەسوڕێنم، تەواو مەبەستێکی زمانەوانی جودا دێتە کایەوە وەک لە مانای زمانەوانی دەربڕینەکە. سەرلەقاندنەکە بەشێک نییە لە ڕستە زمانەوانییەکە؛ پاشگر و پێشگر نییە لە ئاستی مۆرفۆلۆژیادا؛ لێکزیمێک نییە مانای فەرهەنگی وشەکان بگۆڕێت؛ فۆنیمێک نییە خۆی خزاندبێتە سیستەمی فۆنۆلۆژیت زمانەکەوە؛ لێ، مانا و مەبەستی ڕستەکە سەراوژێر دەکات. پارالینگویستیک جیا لە ئاماژە لاشەییەکان دەکرێت تۆنی دەنگ، بەرزونزمی دەنگ و چۆنیەتی گوتنی ڕستەیەکیش لە خۆی بگرێت. بۆ نموونە وتی ‘وایە، وایە ڕاست دەکەیت!’ بە تۆنێکی کۆمیدیانە کار دەکاتە سەر واتا.

هەروەکو دەبینیت، ئەم ئاماژە نازمانەوانییانە گرنگن بۆ تێگەیشتن و بەکارهێنانی زمان. چەندین توێژیەنەوە دەریدەخەن کە زیان گەیشتن بە نیوەگۆی ڕاستی مێشک کێشەی تێگەیشتن لە دیسکۆرس بۆ کەسەکە درووست دەکات. تەنانەت توێژینەوە دەریدەخەن کە ئەوانەی تووشی زیان دێن لە نیوەگۆی ڕاستی مێشکیان، توانای تێگەیشتنیان لە مێتافۆرەکان لاواز دەبێت، بە مانایەکی دیکە ناتوانن بە شیاوی مامەڵە لەگەڵ ئەو وشە و دەربڕینانە بکەن کە زیاد لە واتایەک هەڵ دەگرن. هەژموونی ئەم دابەشکاری و دیپلۆماتکاریەی نێوان دوو نیوەگۆیەکە لەسەر پڕۆسێسی ئاخاوتن و تێگەیشتن، لەوانەیە میکانیزمی نیورۆکۆگنێتیڤی وەرگێران لەسەر هەمان نەریت هەڵبسوڕێت.

بە هەمان شێوەی پڕۆسێسە مێشکییەکانی زمان، لە وەرگێڕانیشدا وەها دەردەکەوێت کە نیوەگۆی چەپی مێشک چالاکتر بێت لە سەروبەندی وەرگێڕان. لە ٢١ کەیسی کێشەداری نیورۆلۆژی مێشک کە بووەتە هۆی پەکخستن و هەراسانکردنی توانستی وەرگێران، ١٨ دانەیان کێشەکانیان گرێدراوی نیوەگۆی چەپی مێشک بوون. ڕاستیەکەی چەن توێژینەوەیەکی دیکەش کە تییدا تەکنیکی نیورۆوێناکاری [neuroimaging] بەکارهاتوون دووپاتی دەکەنەوە کە نیوۆگۆی چەپ لە وەرگێڕ و بایلێنگواڵەکاندا کاران لە کاتی پڕۆسێسی وەرگێڕان. لە توێژینەوەیەک سەبارەت بە دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان مێشک و وەرگێڕانی ڕستە لە نێوان بایلێنگواڵە نۆروێژی-فینلاندییەکاندا لە ڕێی fMRI چالاکی ناوچەکانی مێشک پێوراون. دەرئەنجامەکان نیشانیان دا کە نیوەگۆی چەپی مێشک لە سەروبەندی وەرگێڕاندا چالاک بووە بە تایبەتی ناوچەکانی [left- IFG] left inferior frontal gyrus و basal ganglia. جا ناوچەی IFG گرێدراوە بە پڕۆسێسکردنی زمان لە مێشکی مرۆڤدا، توێژینەوەی نیورۆوێناکاری جیاواز لەمەی کە باسکرا دەریدەخەن کە IFG ڕایەڵەکانی دیکەی مێشک کە پەیوەستن بە زمان گری دەدەن بە یەکدیەوە، ڕووی ناوەوەی IFG بەرپرسە لە پڕۆسێسکردنی سێمانتیک لە ساتی قسەکردن و تێگەیشتن، هەرچی دیوی دەرەوەیەتی خەریکە بە تێگەیشتن و بەرهەمهێنانی سینتاکس.

بەهەرحاڵ، چالاکبوونی زۆری نیوەگۆی لای چەپ واتای ئەوە نییە نیوەگۆی لای ڕاست ناچالاکە لە ئانوساتی وەرگێڕان. بگرە توێژینەوەکان دەریدەجەن کە نیوەگۆی لای ڕاستیش چالاک دەبێت، بەتایبەتی لەو وەرگێڕ و وەرگێڕە زارەکیانەی کە ماوەیەکی ئێجگار زۆرە بە وەرگێڕانەوە خەریکن و شارەزاییەکی زۆریان لە بوارەکەدا هەیە. بە مانایەکی دیکە، دەزانین کە نیوەگۆی لای ڕاستی مێشکیش لە کاتی وەرگێڕاندا ئەرکی دەکەوێتە سەر شان، وەلێ هێشتا پێویستە توێژینەوەی زیاتر بکرێت، چونکە  دیاریکردنی ناوچەی دیاریکراو بە پڕۆسێسکردنی وەرگێڕان لە لا ڕاستی مێشک گەلێک تەمومژاوییە و نەتوانراوە تا ئێستا بە وردی لە پەیوەندی تێکچوونەکانی نیوەگۆی ڕاستی مێشک و وەرگێڕان بکرێت.

نیورۆئەنەتۆمی وەرگێران

پڕۆسێسی ورگێڕان لە مێشکی مرۆڤدا بە ڕێکارێکی ئاڵۆزدا گوزەر دەکات. لەوانەیە هەرگیز نەتوانین پەنجە بخەینە سەر شوێنێکی دیاریکراو لە مێشک کە کاری تەنها وەرگێڕان بێت، چونکە ئەوەی تاوەکو ئێستا دەیزانین ئەوەیە کە سیستەمگەلێکی جیاواز کار دەکەن تاوەکو ڕێگە بە وەرگێرەکان بدەن ئەرکی وەرگێڕانی دەق یان وەرگێڕانی ڕاستەوخۆی زارەکی جێبەجێ بکەن. تا هەنووکە، هەر مرۆڤەکانن کە دەتوانن بەپەلە و بە ڕاستەوخۆیی، بەتایبەتی ئەو وەرگێرانەی شارەزاییەکی درێژخایەنیان هەیە، وەرگێڕان لە نێوان دوو زمان لە هەمان کاتی ئاخاوتندابکەن. هەرچەندە وەرگیرانی ئامێریانە بەردەوام نوێ دەبێتەوە و گەشە دەستێنێت، وەلێ هێشتا نەتوانراوە وەک مرۆڤ لە وەرگێڕاندا کارامە بێت، بەتایبەتی وەرگێرانی ئەو تێکست و گوفتانەی سنووری دەقاودەقی تێدەپەڕێنن و پەیوەستن بە کولتوور و مەبەست، ئەمەش لەبەر ئەوەی لە مێشکی مرۆڤدا چەندین سیستەمی جیاوازی نیورۆلۆژی ڕۆڵ دەگێڕن تاوەکو ببنە هۆی وەرگێڕان.

وەرگێڕان تەنها بەکارهێنانی زمان نییە وەکو ئەوەی ڕۆژانە زارمان دەجوڵێت، تەنها قسەکردنی دوو زمانێش نییە، بەڵکو لە پاڵ ئەرکە زمانەوانییەکانیشدا شتێکی تایبەت لە مێشکدا ڕوو دەدات. هەر بۆیە لە کاتی وەرگیراندا وەرگێڕ پێویستی هەیە بە بەکارهێنانی توانستی ئەقڵی زیاتر، ئەمەشە وا دەکات کە زۆرجار لە کاتی وەرگێرانی ڕستەوخۆی زارەکیدا بەتایبەتی لە کۆبوونەوە فەرمییەکان ٣٠ خولەک جارێک ئاڵوگۆڕ بە وەرگێڕەکان بکرێت. لە ساڵی ٢٠٠٩ موعەمەر قەزافی، سەرۆکی پێشووی لیبیا، لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەبووایە بۆ ماوەی ١٥ خولەک وتارێک پێشکەش بکات، جا وەرگێڕی تایبەت بە خۆی لە لیبیاوە هێنا بوو و پشتی بە وەرگێڕەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نەبەست. قەزافی پڕۆتۆکۆڵی ئەوێی شکاند و سنووری کاتی دیاریکراو بۆی تێپەڕاند، زیاد لە ٩٠ خولەک قسەی کرد، وەرگێڕەکەشی ناچار بەردەوام بوو لەگەڵی، بەڵام دوای ٧٠ خولەک هێزی لێ بڕا و نەیتوانی بەردەوام بێت و سەرۆکی بەشی زمانی عەرەبی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوای ئەوەوە وەرگێڕانەکەی گرتە ئەستۆ. پڕۆسێسی وەرگێڕان، بەتایبەتی لە وەرگێڕانی ڕاستەوخۆدا، پێویستی بە وزەیەکی زۆر هەیە.

هەرچەندە ئەو ناوچانەی پەیوەستن بە زمان چالاکن لە سەروبەندی وەرگێڕان، بەڵام هێشتا هەندێک ناوچەی دیکە و بەمانەشەوە لە کاتی وەرگیراندا چالاکترن. ئەم ناوچانە دەکرێت چالاک بن لە مێشکی کەسێک کە خەریکی وەرگێرانە: ناوچەی پێریسیلڤیان [ئەم ناوچەیەی مێشک بە ناوچەی زمانیش دەناسرێت چونکە لە تێگەیشتن و بەرهەمهێنانی زمان بەرپرسە]، ناوچەی ئێکستراسیلڤیان [ئەم ناوچانەش سەروبەندیان لەگەڵ زماندایە بەڵام لە دەرەوەی ناوچەی پیریسێلڤیانن]، و ستراکتۆرە سەبکۆرتیکاڵییەکان. کاتێک ئەم ناوچانە زیانیان پێ دەگات، زیان بە توانستی وەرگێڕانی کەسەکەشدا دێت، زیانی دیاریکراو کاریگەری دیاریکراو دەخاتە سەر وەرگێڕان.

هەروەکو پیشتر ئاماژەی پێدرا، هەندێک لەو ناوچانە بە جیاوازی کەمەوە جیا دەکرێتەو لە پڕۆسێسکردنی یەک تاکە زمان. هەندێک لە تێکچوونەکانی مێشک ڕێگە دەگرن لەوەی کەسەک بتوانێت لە زمانی دایکیەوە وەرگیڕان بکات بۆ زمانی دووەم لە کاتێکدا دەتوانێت لە زمانی دووهەمەوە وەرگیران بۆ زمانی یەکەمی بکات، حاڵەتیش بوونی هەیە کە پێچەوانەی ئەمە ڕوو دەدات واتە کەسەکە توانستی وەرگیران لە زمانی دووهەمەوە بۆ یەکەم لە دەست دەدات بەڵام دەتوانێت زمانی دایکی وەربگیرێت. ئەم دۆخە نیورۆلۆژیانەش دەریدەخەن کە رایەڵەی وەرگێڕانی زمانی یەکەم بۆ دووەم لەگەڵ وەرگیرانی زمانی دووەم بۆ یەکەم جیاوازن. تێکچوونی دانەیەکیان کار ناکاتە سەر ئەوەی تریان. تەنانەت توێژینەوەی دیکە دەریدەخەن وەرگێڕان لە زمانی یەکەمەوە بۆ زمانی دووەم چالاکییەکەی فراوانترە لە  هەندێک ناوچە بەروارد بە وەرگێڕانی زمانی دووەم بۆ زمانی دایک چالاکتر، ژوانژی ناوچەکانی پوتمان و برۆکا. جیا لەمەش توێژینەوەی دیکە نیشانی دەدەن وەرگێڕانی زمانی یەکەم بۆ دووەم وا دەکات نیوەگۆی ڕاستی مێشک بەژداری بەرجاوتر بکات وەک لە وەرغێران لە زمانی دووەمەوە بۆ زمانی یەکەم. ئەم توێژینەوانە و چەند دانەیەکی دیکەش ئەوە دووپات دەکەنەوە کە ئەو دوو جۆرە لە وەرگێڕان ڕایەڵەی جیاواز لە مێشکدا بەکار دەهێنن.

خاڵێکی دیکەی گرنگ لە دەستنیشانکردنی ناوجەکانی پەیوەست بە پڕۆسێسی وەرگێران دەکەوێتە سەر ئەو یەکەیەی وەر دەگێڕدرێت، بە واتایەکی دیکە ئەگەر یەکەکە ڕستە بێت یان وشە ئەوا چالاکی جیاواز لە مێشکدا بەدی دەکرێت. بۆ نموونە، وەرگێڕانی وشەکان زیاتر وابەستەیە بە ناوچەکانی لاجانگەپلەوە [temporal regions] کە ئەوانیش وابەستەی چەشنێکن لە یادگەی درێژخایەنن [declarative\explicit memory]. هەرچی پڕۆسێسکردنی وەرگێڕانی ڕستەن، زیاتر وابەستەیە بە سێرکەتی فڕۆنتۆسترایتاڵ [Frontostriatal circuit]، کاتێک زیان بەم سێرکەتە دەگات کەسەکە کیشەی لە وەرگیرانی ڕستە زیاتر بۆ درووست دەبێت وەک لە وشەکان.

ئەگەر هزرەکان لەمەڕ نیورۆفەنکسیۆناڵتی وەرگێڕان کورت بکینەوە: ئەو ناوچانەی لە مێشکدا بەرپرسیاری زمان و لە کاتی ئەرکە زمانەوانییەکاندا چالاکن بەهەمان شێوە لە کرداری وەرگیرانیشدا لە مێشکدا جالاک دەبن، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانرێت کە لەسەر چەند ئاستێکی جیاواز پڕۆسێسی وەرگێڕان هەندێک جیاوازی پێوە دیارە لە مێشکدا. هەروەکو باسکرا، دەبێت ئاڕاستەی وەرگێرانی زمانی یەکەم و دووەم، سیستەم و سێرکەتی جیاوازی مێشک تێیدا بەژدار بن. لە هەمان کاتتدا وەرگێڕانی وشە ناوچەی جیاواز کارا دەکات وەک لە وەرگێرانی ڕستە. بێگومان توێژینەوەکان جیاوازی دیکەش نیشان دەدەن.

نیورۆپلاستیسیتی مێشکی وەرگێڕەکان

پێشتر وا دا دەنرا کاتێک کەسێک گەورە دەبێت، مێشکی چیتر ناتوانێت خانەی نوێ— نیورۆن— درووست بکات، بەڵام بە هۆی توێژینەوە نوێیەکانەوە دەرکەوتووە کە ئەوە ڕاست نییە و مێشک زۆر شیاوی گۆڕانە وەک لەوەی پێشتر بیری لێ دەکرایەوە. ئەم شیاوی مێشک بۆ گۆڕان و درووستکردنی خانە و پەیوەندی نوێ، یان کاتێک بەشێکی مێشک دەست دەگرێت بەسەر ڕاپەراندنی ئەرکە لە کارکەوتووەکانی ناوچەیەکی دیکەی مێشک، دەگوترێت ‘پلاستیسیتی.’ خاسیەتی پلاستیسیتی کار دەکاتە سەر داڕشتنەوەی مێشک، بێگومان کاریگەرییەکە بە چەند چرکەیەک ڕوو نادات بەڵکو کاتی درێژخایەن دەخایەنێت، لەوانەیە جەندین مانگی بوێت. زۆر شت دەتوانن ببنە هۆی پلاستیستی و گۆڕانی مێشک لەوانە ژینگە، فشاری سایکۆلۆژی، فێربوونی زمان، فیربوونی ئامیری مۆسیقا یان هەر کارامەییەکی تر و هتد.

توێژینەوەی جیاواز دەریدەخەن کە مێشکی وەرگێڕە شارەزاکان، بەتایبەتی ئەو وەرگێڕانەی ڕاستەوخۆ بە زارەکی لە ئان و ساتی قسەکردندا وەرگێران دەکەن، مێشکیان جیاوازی نیورۆپلاستیکی و سترەکتۆراڵیان تێدا بەدی دەکرێت. ئەم گۆڕانکارییە جیاوازییانە فرەڕەهەندن، بە واتایەکی دیکە کاریەگریان خستۆتە سەر بەشە جیاوازەکانی مێشک. وا دەردەکەوێت ئەو وەرگێڕە دەمودەستانە خاوەنی ڕێژەیەکی زۆری ماددەی خۆڵەمیشی [grey matter] بن لە بەشی چەپی جەمسەری پێشەوە [left frontal pole] بەراورد بە مەڵتایلینگواڵەکان، ئەم بەشەش لە میشکدا گرێدراوە بەوەی یارمەتیدەر و پشتگیریکاری ئەو ئەرکە کۆگنیتیڤیانەی کە پەیوەندیدارن بە کۆنتڕۆڵکردنی ڕەفتارەکانەوە. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە وەرگێڕان گۆڕانکاری لە مێشکدا درووست دەکات.

تەنانەت توێژینەوەیەک کە لە رێگەی بەکارهێنانی MRIیەوە کراوە، دوای ١٤ مانگ لە پڕۆڤەکردنی توند و بەردەوام لەو کەسانەی کە دەیانویت ببنە وەرگێڕی زارەکی،  هەندێک ناوچەی کۆرتیکاڵییەکانی مێشک ئەستووریان بە خۆیانەوە دی بوو. ئەو ناوچانە ئەستوور ببوون کە پەیوەندیان هەبوو بە لایەنی فۆنێتیک، و ڕاپەڕاندن و کۆنتڕۆڵکردنی ئەرکە کۆگنیتیڤییەکانی هاوشیوەی ئارێشە شیکاری و بڕیاردان و پلاندان. بەهەرحاڵ، خودی فێربوونی زمانی دووەم جا لە منداڵیەوە بێت یان گەورەیی کاریگەری جیاواز دەخەنە سەر مێشکی مرۆڤ، لە وەرگێرەکانێشدا ئەم گۆڕانکاریانە تەنها ]ەیوەست نین بەوەی کەسەکە زیاد لە زمانێک دەزانێتم بەڵکو ئەوەی تا ئهەنووکە دەیزانین خودی وەرگێران و بوونە وەرگێڕ بە شێوەیەکی جیاواز کار دەخاتە داڕشتنی مێشک.

دەرئەنجام

وەرگێڕانناسی [ترادوکتۆلۆژیا/ترانسلەیتۆلۆژیا] دیسپڵنێکی ئەکادیمی گەلێک فراوانە، چەندین لق و پۆپی هەمەچەشنی لێ جیا دەبێتەوە. هەرچی سەبارەت بە مێشکناسی وەرگێڕانە بەراورد بە لقەکانی دیکەی وەرگیرانناسی زۆر نوێیە. هێندە نابێت و لە پەیپەرە ئەکادیمیەکەی ساڵی ٢٠١٢ بە ناوی ‘مێشکناسی وەرگێڕان،’ ماریا تۆمیچکۆ دەڵێت کە ئەو پێشبینی ئەوە دەکات لە ماوەکانی داهاتوودا ئەم لقە زیاتر پەرە بستێنێت. هەڵبەتە لەو کاتەوە توێژینەوەکان زیادیان کردووە و پەرەیان پێدراوە، بەراورد بە سەدەی ڕابردووش توانراوە مێتۆدی توێژیەنەوەی پەیوەست بەم بوارە باشتر و باشتر بکرێت، وەلێ هێشتا لە سەرەتاکانی لێکۆڵینەوەداین. بۆیە بوارێکی ئێجگار زۆر هەیە بۆ تویژەرانی بواری زمان و میشکناسی و تەنانەت کۆگنیسیۆن و سایکۆلۆژیا و گشت بوارەکانی دیکەش تاوەکو بتوانن زیاتر پەرە بەم دیسپڵنە بدەن.

بەشێکی زۆر لەو توێژینەوانەی کراون لەسەر بایلێنگواڵەکان کراون کە مەرج نییە وەرگێری لێهاتوو بن. ڕاستە بایلێنگواڵەکان دوو زمان بە باشی دەزانن و دەتوانن لە نێو کۆدەکانی ئەم دوو زمانەدا باز بازێن و دیلانێ بکەن، بەڵام هەروەکو ئاماژەشی پێدرا وەرگێڕەکان جیاوازیان لەگەڵ ئەماندا هەیە، مەرج نییە هەموو بایلینگواڵێک وەرگێڕێکی شارەزا و لێهاتوو بێت. وەرگێڕە شارەزاکان ساڵانێکی زۆر تیدەپەڕێنن لە پڕۆڤەکردن لەسەر ئەو کارامەییەیان و ئەمەش دەبێتە هۆی گۆرانکاری دیاریکراو و جودا وەک لەوەی بایلینگواڵەکان. بۆیە ناکرێت لێکۆڵینەوە لە مێشکی بایلینگواڵەکان بێ فیلتەر بگشتێنین بۆ ئەمان.

بەهەرحاڵ، هیوام وایە توێژینەوەی زیاتر لە سەرانسەری جیهاندا بکرێت سەبارەت بەم دیسپڵنە بۆ ڕۆشن کردنەوەی لایەنە تاریکەکانی ئەم بوارە، هیواداریشم ئارەزوومەندانی زمان و مێشکناسی و وەرگێران و تەنانەت کەسانی تری دیسپڵنە جیاوازەکانی دیکە لە کوردستانیشدا هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ، چونکە دەرفەتی لێکۆڵینەوەی زۆر لە بوارەکەدا هەیە. بۆ ڕۆچوونە ناو بابەتەکە بە قوڵی و تەنانەت قوولبوونەوە لەو دۆزینەوانەی تاوەکو ئێستا کراون، بە خراپی نازانم لە سەرجاوەکان بروانیت، بەتایبەتی کارەکانی گارسیا و مونزۆ کە کاری ناوازەیان لەم بوارە ئەنجام داوە.

 

سەرچاوەکان:

Tymoczko, M. (2012). The neuroscience of translation. Target. International Journal of Translation Studies. 24(1), 83-102. https://doi.org/10.1075/target.24.1.06tym

 

Lehtonen, M. H. et al. (2005). Brain correlates of sentence translation in Finnish– Norwegian bilinguals. Neuroreport, 16(6), 607– 610.

 

ishkhanyan, B. (2020). Anterior and Posterior Left Inferior Frontal Gyrus Contribute to the Implementation of Grammatical Determiners During Language Production. Frontiers in Psychology. https://doi.org/10.3389/fpsyg.2020.00685

 

García, A, M., Muñoz, E. (2020). Translation, neuroscience and cognition. The Routledge Handbook of Translation and Cognition.

 

https://nypost.com/2009/09/24/translator-collapsed-during-khadafys-rambling-diatribe

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: