کۆڵۆنیالیزم و گرێی بە کۆڵۆنیکراوی کوردستان

627
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: موحسین عیسا

ئەگەر بێت و سەیری دیرۆکی مرۆڤایەتی بکەین، ئەوا دەبینین داگیرکەریی هەر هەبووە، بەڵام لە شێوازی جیاوازدا، وەک داگیرکەریی لە پێش رۆشەنگەریی هاندەرێکی کوشتوکاڵی و سنوورداری هەبوو، بەڵام دوای رۆشەنگەریی ئامانجەکان گۆڕان و ئەوجارە ئامانجی  کۆڵۆنیالیزم گەشەسەندنی ئابووری و بازاڕ بوو. دواتریش  کۆڵۆنیالیزم بوو بە مەسەلەیەکی هزری و باڵادەستی دەستەڵاتی سیاسی لەلایەن وڵاتە ئەوروپییەکانەوە.

گرنگە بزانین  کۆڵۆنیالیزم لە وشەی(colonia) ی لاتینییەوە هاتووە، کە بەمانای کێڵگە یان مێرگ دەگەیەنێ، کە شوێنی کشتوکاڵی بووە. دواتر ئەم وشەیە گۆڕانی بەسەر داهات و بە واتای کۆمەڵێک مرۆڤ کە شوێنێک داگیر دەکەن و ئاوەدانی دەکەنەوە. بۆنموونە، لە سەردەمی پاشای رۆم، رۆمەکان چوون بۆ میسری کۆن و ئەو شوێنانەی دەکەوتنە سەر دەریای سپی، کە بۆ کشتوکاڵ کردن بەکەڵک بوون، داگیریان دەکردن. واتە ئەم شوێنانەیان بۆ بەرژەوەندی خەڵکی خۆیان بەکار دەهێنا. ئەم شوێنەش دەبوو بە  کۆڵۆنی رۆم.

بەڵام دیرۆکی سەر‌هەڵدانی  کۆڵۆنیالیزمی (داگیرکەری) بۆ ساڵی ١٤٩٢ دەگەڕێتەوە، کاتێک کۆڵۆمبۆس وڵاتی ئەمەریکا دەدۆزێتەوە. دواتر ئیسپانیا دەست بە داگیرکردنی ئەمەریکا دەکات و دەیکات بە  کۆڵۆنی خۆی. هەڵبەت  کۆڵۆنیالیزم لە سەرەتادا پەلهاوێشتنی سنوردار بووە، بەڵام لە سالی ١٨٠٠ تا شەڕی دووەمی جیهانی  کۆڵۆنیالیزم بەرفراوانی زۆری بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی لەلایەن وڵاتە ئەورووپیەکانەوە. ئەمەیش وایکرد کە داگیرکەری ببێت بە هۆی درووست بوونی ململانێ لەنێوان وڵاتە داگیرکەرەکاندا، چونکە هەریەک لە وڵاتە داگیرکەرەکان هەوڵیاندەدا وڵاتێک بکەن بە  کۆڵۆنی خۆیان کە خاوەن سەرچاوەیەکی سروشی زۆربێت، لە هەمانکاتیشدا بازارێکی باش بێت بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان تێدا ساغ بکەنەوە.

وڵاتە  کۆڵۆنیالیستەکان هەریەکەیان هزری تایبەت بەخۆیان هەبوو، بۆ نموونە بریتانیا و فەڕەنسە، کە دوو وڵاتی گەورەی  کۆڵۆنیالیزم بوون، بەڵام لەشێوازی بەرێوەبردنی وڵاتە ژێردەستەکانیاندا لە یەکتردا جیاواز بوون؛ فەڕەنسە کاتێک وڵاتێکی دەکرد بە  کۆڵۆنی خۆی هەموو کولتووری خۆی بۆ ئەو وڵاتە دەهێنا و راستەوخۆیش بە خۆی حکومی دەکرد و هەموو بڕیارە گرنگەکانیش لە فەڕەنسە دەردەچوون. بەڵام بریتانیا بە پێچەوانەی فەڕەنسە بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ حوکمرانی وڵاتە ژێردەستەکانی خۆی دەکرد.

هەڵبەتە بۆ ئەوەی وڵاتە ئەوروپیەکان دەست بکەن بە داگیرکەری زۆر هۆکاری ڕێگەخۆشکەر هەبوون، یەکێک لەو هۆکارانەش ریفۆڕمی ئاینی لە ئەوروپا بوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دەستەڵات لە کلێسا و پیاوانی ئاینی وەربگیردرێتەوە و کێشە و دەستەڵاتی ئاین لە ئەوروپادا نەمێنێن. لە لایەکی تریشەوە رێکەوتنامەی فێستفالیا (ریکەوتنامەی ئاشتی) لە ئەوروپادا، کۆتایی بە جەنگی سی ساڵەی ئەوروپا هێنا. بە نەمانی ئەم گرفتانەش لە ئەوروپادا، وڵاتە ئەوروپییەکان کەوتنە بیرکردنەوە لە کێشەکانی خۆیان، یەکێکیش لە کێشەکان ئەوەبوو کە چۆن بتوانن پێداویستیەکان بۆ وڵاتەکانیان دابین بکەن، بەتایبەتی سەرچاوە سروشتییەکان. باشترین رێگە چارەش بۆ ئەم کێشەیە، دۆزینەوەی بازاڕێک بوو لە دەرەوەی وڵاتی خۆیان، کە بەرهەمەکانیان تێدا ساغ بکەنەوە. هەروەها پێشکەوتنی پێشەسازییی لە ١٨٠٠ دا، هۆکاریکی تر بوو بۆ داگیرکەری، بەتایبەتی پێشکەوتنی پێشەسازیی لە بواری گواستنەوە و سەربازیدا، لە لایەنی گواستنەوەش بەتایبەتی گواستنەوەی بە رێگەی ئاوەوە، کە بووە هۆی ئەوەی بە ئاسانی و بە خێرای دەستیان بگاتە وڵاتانی رۆژهەلاتی ناوەراست و ئەفریقا، ئەمەش کرداری داگیرکەری خیراتر کرد. هەروا پەرەسەندنی پێشەسازیی سەربازی لە ئەوروپادا، بەتایبەتی چەک و تەقەمەنی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەوروپاییەکان زاڵبن بەسەر نەتەوەکانی تر. لە پاڵ ئەم هۆکارانەشدا، هۆکاریکی تیش هەبوو، ئەویش تێگەیشتن و بیرکردنەوەی بیرمەندانی سەردەمی رۆشەنگەریی بوو بۆ نەتەوەکانی غەیرە ئەوروپی، کە پێیان وابوو ئەو نەتەوانە نەتەوەیەکی نزمن و خاوەن هیچ شارستانیەک نین، بۆیە پێویستە ئەوروپیەکان شارستانییەتی خۆیان بۆ بگوازنەوە. ئەم بیرکردنەوەی رۆشەنبیرانی ئەوروپا، شەرعیەتی داگیرکەری بە وڵاتە  کۆڵۆنیالیستەکانی ئەوروپییەکان دا، لەم رێگەیەوەش کولتوور و زمانی خۆیان بەسەر نەتەوە غەیرە ئەوروپییەکاندا بسەپێنن.

بەمجۆرە  کۆڵۆنیالیزم لە سەتەی نۆزدەوە تا دەگاتە شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانی، بە تایبەتیش هەردوو وڵاتی بریتانیا و فەڕەنسە سەتا نەوەتی جیهانی داگیرکرد.

مێژووی کۆتایی هاتنی  کۆڵۆنیالیزم خۆی لە دوو قۆناغی جیاواز دەبینێتەوە. قۆناغی یەکەم: بۆ سەرەتای ساڵی ١٨٠٠ دەگەرێتەوە، کاتێک ئەمەریکای باکوور و ئەمەریکای ڵاتین خۆیان لەژێر دەستی  کۆڵۆنیالیزمی بریتانیا، پۆرتوگاڵ و ئیسپانیادا رزگار کرد. لەم قۆناغەدا نەتەوە ژێردەستەکان لەدژی ئەو خەڵکە بە رەچەڵەک ئەوروپیانە راپەڕین کە لە وڵاتەکەیاندا نیشتەجێ بوون. قۆناغی دووەمی لەناو چوونی  کۆڵۆنیالیزمش دەگەرێتەوە بۆ دوای شەری دووەمی جیهانی، یەکەم وڵاتیش لەم قۆناغەدا لە  کۆڵۆنیالیزم رزگاری بوو وڵاتی هیند بوو لە ساڵی ١٩٤٧دا.

هەڵبەتە رزگاربوون لە دەستی  کۆڵۆنیالیزمدا شتێکی وا ئاسان نەبوو، بەڵکو نەتەوەکانی ژێردەست بۆ ئەوەی ئازادی بەدەست بهێنن بەرخودان و قوربانی زۆریان دا، هەروا دوای رزگار بوونشیان کاریگەری  کۆڵۆنیالیزمیان بەسەرەوە جێمابوو، بەتایبەتی لە لایەنی کولتوورییەوە، بۆ نموونە، کاریگەری فەڕەنسییەکان تاکوو ئیستەش بەسەر کولتوور و زمانی وڵاتانی وەک تونس و مەغریب و جەزائیریەکانەوە ماوە، بەتایبەتی لەلایەنی زمانەوە، چونکە لە ئێستەشدا زۆرێک لە وشە فەرەنسیەکان تێکەڵ بە زمانی جەزائیری بوونە و بوون بە بەشێک لە زمانیان. لە هەمان کاتیشدا زۆریک لەو وڵاتانەی لە  کۆڵۆنیالیزم رزگاریان ببوو توشی کێشە و مڵملانێی ناوەخۆی هاتبوون، ئەمەیش بەهۆی بوونی ململانێ لە نێوان گروپە جیاوازەکانی ئەو نەتەوەیەدا. سەرئەنجام ئەم ململانێییە سەری کێشا بۆ شەڕی ناوەخۆ، وەک ئەوەی لە هیندستاندا روویدا، کە لە ئەنجامدا هیندستان بەسەر سێ وڵاتدا دابەش بوو. سەرەڕایی ئەوەی زۆریک لە نەتەوە ژێردەستەکان لە  کۆڵۆنیالیزم رزگاریان بوو، بەتایبەتی ئەو نەتەوانەی ببوون بە  کۆڵۆنی وڵاتانی ئەوروپایی، بەڵام ئەو نەتەوانەی کەوتبوونەتە نێودەوڵەتی سنووری نوێوە، وەک ولاتانی ئێران، تورکیا، عێراق، مەغریب و … تاد، هەر وەکوو خۆیان بە ژێردەستەی ماونەتەوە. کوردستانیش یەکێکە لەو وڵاتانە کە لەلایان سێ نەتەوەی تورک، فارس وعرەب بە  کۆڵۆنی کراوە و تاکوو ئیستەیش هەر بە داگیرکراوی ماوەتەوە. هۆکاری ئەوەش کە کوردستان داگیرکراوە و بووەتە جیگای چاوتێبرینی دوژمنان بۆ چەند فاکتەرێک دەگەرێتەوە، یەکێک لەو فاکتەرانەش جیوپۆڵتیکییە. واتە ئەو شوێنەی کە کوردستانی لێی هەڵکەوتووە ناوچەیەکی شاخاوییە. ناوچەی شاخاویش لە رووی تەناهی و سەربازیەوە گرنگی خۆی هەیە. بۆیە وڵاتانی داگیرکەر کوردستان بە مەترسی دەبینن بۆ خۆیان، بەتایبەتی ئەوانەی وڵاتەکانیان دەشتاییە، چونکە ناوچەی شاخاوی زاڵە بەسەر ناوچە دەشتاییەکاندا. فاکتەرێکی تریش بریتییە لە ئاو، چونکە هەموو سەرچاوە ئاوییەکان دەگەرێنەوە سەر ئاوی چیاکان، واتە سەرچاوەی ئاویان کوردستانە. هەروەها لایەنێکی تریشی بەهۆی بوونی سەرچاوە سروشتیەکانە، بەتایبەتی نەوت. خاکی کوردستان خاوەن نەوتێکی زۆرە. هەر کاتێک کوردستان سەربەخۆبێت، ئەوا ئەم سەرچاوەیە لەدەستی داگیرکەردا نامێنیت. جگە لە نەوتیش، خاوەن زێر و یورانیومە لە هەورەماندا، تاکوو ئیستەیش لە لایەن داگیرکەرانەوە بە تاڵان دەبردرێت. هەروەها کوردستان بۆ وڵاتانی داگیرکەر بووەتە بازاریکی بەکاربەر و بەرهەمەکانیان تێدا ساغ دەکەنەوە. لەڕووی هێزی کاری جەستەییەوەشدا بە نرخیکی زۆر هەرزان بۆ ئەو وڵاتانە دابین دەکرێن و تاکی کورد دەچەوسێنرێتەوە، کە ئەمەش لایەنێکی تری چەوسانەوەیە. بەهۆی ئەو فاکتەرانەی سەرەوەیە کە خاکی کوردستان بووەتە جیی چاوتێبرین و تەماحی داگیرکاران، کە تاکوو ئێستەش بە ژێردەستی ماوەتەوە.

زۆرن ئەو وڵاتانەی بە کۆڵۆنی کراون، بەڵام ئەوەی من لەم وتارەمدا مەبەستمە، کوردستانە. هەوڵدەدەم بە سوود وەرگرتن لە روانگەی تیۆری ئەلبێرت میمیەوە بە  کۆڵۆنیکردنی کوردستان شرۆڤە بکەم. هەڵبەتە ئەلبێرت میمی لە ١٩٢٠ دا لە وڵاتی تونسی ژێر دەستەڵاتی فەڕەنسیەکان لە خێزانێکی جوولەکەدا لەدایک بووە. میمی فەلسەفەی خویندووە. لە سەردەمی نازیەکاندا کاتێک باکووری ئەفریقا داگیر کرابوو، زیندانی کرا، بەڵام دواتر بۆ فەڕەنسە هەڵهات. دوای ئەوەی وڵاتی تونس لەژێردەستی رزگاری دەبێت، دەگەرێتەوە بۆ وڵاتی توونس، بەڵام لەبەر ئەوەی میمی جوولەکەیە، هیچ پێگە و جێگەیەکی نابێتەوە لە کۆمەڵگەی تونسیدا، چونکە کۆمەڵگەی تونسی کۆمەڵگەیەکی موسلمانە. بۆیە بریاردەدات بگەرێتەوە فەڕەنسە. میمی رۆماننووس و چیرۆکنووس بوو، خاوەنی کتێبێکی تیوری جیهانییە بە ناوی “رووخساری داگیرکەر”، کە لە سالی ١٩٧٥ دا نوسیوویەتی و باسی  کۆڵۆنیالیزم دەکات.

میمی لە پەرتوکی “روخساری داگیرکەر”دا دەڵێت:  کۆڵۆنیالیزم دەڕوات وڵاتێک داگیر دەکات کە پەیوەندییەکی نایەکسانیان لەنێواندا هەیە. واتە داگییرکەر خاوەن چەک و دەستەلاتێکی بەهێزە لەبەرامبەر وڵاتی داگیرکراودا.

ئەگەر بڕوانیینە  کۆڵۆنیالیزم لە کوردستاندا، ئەوا دەبینین کە داگیرکەرانی کوردستان لە ڕووی هێز و دەستەلاتەوە زۆر لە کوردستان بەهێز تر بوون، چونکە داگیرکەرانی کوردستان خاوەنی سوپای سەربازی، چەک و تەقەمەنی پێشکەوتوو بوون، کەچی کوردستان لە بەرامبەر ئەم هێزانەدا نە خاوەن هێزێکی رێکخراو، نە خاوەن چەک و تفاقی پێشکەوتوو نەبوو، کە لە بەرامبەر داگیرکەر بجەنگێت و بەرگری لەخۆی بکات. بەهۆی نابەرامبەری هێز، وڵاتانی داگیرکەر توانیان کوردستان بکەن بە  کۆڵۆنی خۆیان.

هەروا میمی دەلیت: ئەوروپیەکان پێیان وایە ئەوان کولتوورو و شارستانیەتێکی پێشکەوتووتریان هەیە لە نەتەوەکانی غیرە ئەوروپی، بۆنموونە لەلایەن ئەوروپیەکانەوە پییان وابوو رەشپێستەکانی ئەفریقیا خاوەن هیچ شارستانیەک نییە و تاکەکانیان خاوەن مێشکێکی تاریکن، بۆیە ئەوروپیەکان پێویستە شارستانی خۆیان بۆ ئەم نەتەوانە بگوازنەوە. داگیرکەرەکانی کوردستانیش هەمان روانینیان بۆ نەتەوەی کورد هەبوو، کە پییان وابوو کورد خاوەن شارستانیی نییە و نەتەوەیەکی نزمە و بەجاویکی سووک سەیریان دەکردن، تەنانەت نکۆلیشیان لە بوونی دەکرد. ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئەو سیستەمە  کۆڵۆنیالیستیەی کە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستان دامەزراوە زۆر خراپترە لە  کۆڵۆنیالیزمی کلاسیک، بۆ نموونە، تورک دەڵێت: ئێمە کوردمان نییە. بەڵکوو ئەوانە تورکی چیایین، کە لە گەڵ تورکی شارستانی جیاوازییان هەیە. ئەم سیاسەتەش بووەتە هۆی داڕمان و کەوتنی کەسایەتی کورد. ئەمەش بەو واتایە دێت کە کوردستان نەك هەر  کۆڵۆنییە، بەڵکوو لە  کۆڵۆنی خراپتریشە.

لە هەمان کاتدا میمی دەڵیت: داگیرکەر خاوەن ئیمتیازە، بەڵام داگیرکراو کۆمەلێک مافی لی زەوتکراوە و ناچارە ئەم دۆخەش قبوول بکات. هەروا  کۆڵۆنیالیستەکان پێمان دەڵێن، ئیمە هیچ ئیمتیازاتێکمان نییە و هاوشێوەی یەکین، وا خۆیان پێشان دەدەن کە هاتوون خزمەتی وڵاتێک بکەن و ئاوەدانی بکەنەوە، وەک دروستکردنی رێگەوبان، نەخۆشخانە، قۆتابخانە…تاد.

بۆ نموونە جەزائیر کە  کۆڵۆنی فەڕەنسە بوو، هەروا هیندستانیش  کۆڵۆنی بریتانیا بوو، ئەو وڵاتە داگیرکەرانە خۆیان بە فریاتڕەسی ئەوان پیشان دەدا، کە گوایە هاتوون لەم دۆخە بەربەرییە رزگاریان بکەن، بەڵام لە پاڵ ئەمەدا سەروەت و سامانی ئەو وڵاتانەیان بەتاڵان دەبرد و خەڵکشیان دەچەوساندەوە و سوکایەتیشان پێدەکردن.

لێ ئەوەی لێرەدا جیاوازە لە داگیرکەرانی کوردستان، ئەوەبوو کە  کۆڵۆنیالیستی ئەوروپی لەپاڵ چەوساندنەوەی ئابوورییەوە، هەڵسان بە دروستکردنی رێگاوبان، نەخۆشخانە و قوتابخانە…تاد، هەروەها بوون بە خاوەنی بیروکراسی سپی، واتە چۆن بە شێوەکی شیاو وڵات بەرێوە بەرن. بەڵام ئەگەر بێت و سەیری  کۆڵۆنیالیزم لە کوردستاندا بکەین، ئەوا داگیرکەران نەک تەنێ رێگەوبان، نەخۆشخانە و قوتابخانە…تاد، دروست نەکرد، بەڵکوو هەڵسان بە رووخاندن و دەربەدەرکردنی کورد لە زێدی خۆیان و گوند و شارەکانیشان وێران و سووتاند. لەوەش زیاتر. نەخۆشخانە و قوتابخانەکانیانشیان تێکدان، هۆکاری ئەمەش تەنها ئەوەبوو تاکی کورد لە دۆخی قەتیسماندا بهێڵنەوە و نە هێڵن زیاتر پێش بکەون.

هەروا میمی پێی وایە لەلایەن وڵاتە  کۆڵۆنیالیستەکانەوە سوکایەتی بە کولتوور و هونەری داگیرکراو دەکرێت و هەوڵدەدرێت ناسنامەی داگیرکراو بشێوێنرێت. بۆ نموونە دەڵێن موسیقای داگیرکراو بە دەنگی پشیلە دەچێت و نیگارکێشانیان وەک ئاوی زار وایە. هەروا میمی باسی ئەوە دەکات ئەگەر سیفەتێکی باش لەنێو داگیرکراودا هەبێت، ئەوا لە لایەن  کۆڵۆنیالیستەکانەوە بەسووک سەیردەکرێت. هەروەک داگیرکەر مێژووی داگیرکراو دەشێوێنێت.

گەورەترین هەوڵ و تەقەڵای داگیرکەرانی کورد ئەوە بووە کە کولتوور و ناسنامەی کورد بسڕنەوە و سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی بکەن و تاکی کورد ناچار بکەن واز لە ناسنامە و کەسایەتی خۆی بهێنێت. هەروا هەوڵ دەدەن کولتووری خۆیان بکەن بە جێگرەوەی کولتووری کوردی، بۆ ئەمەش بە چاوێکی سووک سەیری کولتوور و سیفاتە باشەکانی کورد دەکەن، بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە تاکی کورد شەرم لە ناسنامەی خۆی بکات و خۆی بەکەم بزانێت لەبەرامبەر کولتووری داگیرکەردا، تاکی کوردیش بۆ ئەوەی خۆی لەو بەکەم زانین و نەنگییە رزگار بکات، واز لە ناسنامەی خۆی دەهێنێت و ناسنامەی داگیرکەر قبووڵ دەکات. هەروا لە لایەکی تریشەوە داگیرکەرانی کورد هەوڵیانداوە مێژووی کورد چەواشەبکەن و بە پێی بەرژەوەندی خۆیان بینووسنەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی داگیرکەر دەستەلاتی هەیە بەسەر نەتەوەی ژێر دەستدا، واتە داگیرکەر قەڵەم بەدەستە. هەر بۆیەش کاتی سەیری مێژووی داگیرکەر دەکەین ئەوا دەبینین مێژوویان لە بەرژەوەندی خۆیاندا نووسیوەتەوە، بۆ نموونە لە باشووری کوردستاندا، هێزی پێشمەرگە بۆ بەرگریکردن لەخۆیان پەنایان دەبردە چیاکان و لە چیاکانەوە خەباتییان دەکرد بۆ رزگاری، بەڵام سەدام حوسێن بە پێشمەرگەی دەگوت “تێکدەرەکانی چیا”، واتە لە روانگەی دەگیرکەرەوە هەرکەسیک چووبا چیاکان “تێکدەر بوو”، داگیرکەر نەی دەگوت پێشمەرگە بۆ پارێزگاری لە خوی چووەتە چیاکان، ئەمەش ئەوە دەگەینێت کاتێک داگیرکەر مێژووی دەنووسییەوە بە پێی بەرژەوەندی خۆی دەنوسێتەوە و مێژووی داگیرکراو دەشێوێنێت، واتە مێژوو بە دژی چینی ژێردەستە دەبێت.

لە روانگەی میمیەوە ئەو هۆکارەی لەپشت ئەو سیستەمەوەیە ئابوورییە. واتە ئەو وڵاتانەی لە لایەن  کۆڵۆنیالیزمەوە داگیرکراون، لە لایەنی ئابووریەوە دەچەوسێنرێنەوە و سەروەت و سامانیان بەتاڵان دەبردرێت. هەروەها ئەو بەرهەمانەی  کۆڵۆنیالیست بۆ وڵاتی داگیرکراو دەهێنێت بەرهەمی پێشەسازیییە. ئەم بەرهەمانەش بە نرخێکی زۆر گران بە وڵاتی داگیرکەر دەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتە  کۆڵۆنیالیزمەکان بەردەوام دەولەمەند ببن، وە لەبەرامبەریشدا وڵاتە داگیرکراوەکان هەژارترببن.

داگیرکەرانی کوردستان دەستیان بەسەر بازاڕ، ئابووری و سەرچاوە سروشتیەکانی کوردستانی داگرتووە و بەتالان دەیبەن، لە هەمانکاتیشدا کوردستانیان کردووە بە بازاڕیک کە بەرهەمەکانیان تێدا ساغ بکەنەوە و بە نرخێکی زۆر گران پێیان بفرۆشن. هەروا نایەڵن ناوچە کوردییەکان بە پێشەسازیی ببن و بەرەو بە پێشەسازیی بوون هەنگاو هەڵبڕن، چونکە بە پێشەسازیی بوونی کوردستان دەبێتە هۆی ئەوەی خۆی بەرهەم بۆخۆی دابین بکات، پێویستی بە بەرهەمی بیانی نەمێنێت. بەمەش کوردستان لە رووی ئابورییەوە بەهێز دەبێت، لە لایەکی تریشەوە هیچ بازارێک بۆ بەرهەمی داگیرکەر و بیانی لە نێو بازارەکانی کوردستاندا نامینێت، کە بتوانن بەرهەمەکانیان تێدا ساغ بکەنەوە. ئەم بەربەست دروستکردنەش بووتە هۆی ئەوەی کوردستان لەرووی ئابورییەوە پەڕە نەسەنێت و بە هەژاری بمێنێتەوە، لە بەرامبەریشدا وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان رۆژ بەرۆژ لەرووی ئابوورییەوە پەرەدەسەنێن و دەوڵەمەند تر دەبن لەسەر حیسابی کورد. بۆیە وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان لەم رووەوە بەردەوام بەربەست بۆ کوردستان دروست دەکەن و نایەڵن کوردستان بە پێشەسازیی ببێت، چونکە بە پێشەسازییبوونی کوردستان بە زیانی ئەوانە.

هەروەها ئەلبێرت میمی لە کتێبی “روخساری داگیرکەردا” رەخنە لە داگیرکراو دەگرێت، کە پیی وایە ئەو کەسانەی کە لە دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان کاردەکەن و لە رەگەزی داگیرکراون، خزمەت بە سیستەمی  کۆڵۆنیالیزم دەکەن، لە هەمان کاتیشدا پێی وایە کاتێک داگیرکەر دێت وڵاتێک داگیردەکات، ئەوا ناتوانێت بەبێ زانیاری لەم کۆمەڵگەیە ئەم سیستەمە دابمەزرێنێت، بەڵکوو بۆ ئەم مەبەستە خەڵکی وڵاتی داگیرکراو دەبێت بە هاوکار و چاوساخی داگیرکەر.

زۆرێک لە تاکەکانی کوردیش هەر وەک تاکی نەتەوەکانی تر، بەهۆی نەبوونی هۆشیاری نەتەوایەتی و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بوون بە لایەنگر و چاوساخی داگیرکەر، بەهاوکارییان توانیان زۆر ئاسانتر و خێراتر کوردستان بکەن بەژێر دەستەی خۆیان. لەدوای ئەوەش کە کوردستان بوو بە ژێردەستە، ئەوا داگیرکەران بۆ هەڵسوڕاندنی کاروبارەکانیان، سوودیان لەو کوردانە بینی کە سۆزیان بۆ داگیر کەر هەبوو، هەروەک بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان ئامادە بوون خیانەت لە خاک و نەتەوەکەیان بکەن و ببن بە خزمەتکاری داگیرکەر، ئەویش لەریگەی دامەزراندنیان لە دامەزراوەی مەدەنی و سەربازیدا، بەتایبەتی لە لایەنی سەربازیدا کە لە رێگەی دروستکردنی گروپی چەکدار لەژێر ناوی جیاوازەوە، وەک گاردی ڵادێی لە تورکیا و جاش لە پارچەکانی تری کوردستاندا. ئەم گروپە چەکدارانەش خۆیان لە کوردە بەکرێ گیراوەکان دەبینیەوە، کە راستەوخۆ لەلایەن داگیرکەرانەوە سەرپەرشتی دەکران و بۆ مەرامەکانیان بەکاریان دەهێنان، بەتایبەتی لێدان و سەرکوتکردنی بزوتنەوە رزگاریخوازەکانی کوردستان، ئەم چەکدارە بەکرێ گیراوانە، هاوشانی سوپای داگیرکەر، دژی بزاڤە شۆرشگێریەکانی کورد شەڕیان دەکرد و خۆیان بە بەشێک لە داگیرکەر دەبینی.

هەرچەندە لە ئێستەشدا داگیرکەری لە دنیادا بەردەوامە، بەڵام بە شێوازێکیتر بڕەو بەو داگیرکەرییە دەدرێت، کە شێوازێکە دوورە لە بەکارهێنانی هێزی سەربازیی، بەڵکوو سوود بینینە لە هێزی نەرم بۆ داگیرکەری. هەڵبەتە داگیرکەری بە هێزی نەرم لە ڕێگەی کولتووری، دەرفەتی خوێندن (Scholarship)، خوێندنگە، قەرزی بانکی، مێدیا و…تاد دەکرێت، سەرەڕای ئەمانەش ئێستەش لە کوردستاندا هیزی سەربازی لەبەرامبەریدا بەکاردەهێنرێت. لەپاڵ هێزی سەربازیشەوە سود لە هێزی نەرم وەردەگیرێت بۆ برەودان بە داگیرکەری، چونکە داگیرکەری بەهێزی نەرم زۆر کاریگەرترە بە بەراورد بە هێزی سەربازیی، بەتایبەتی داگیرکەری لەڕێگەی کولتووریەوە، چونکە داگیرکەری کولتووری خۆی وەک کولتوورێکی باڵاپیێشاندەدات بەسەر نەتەوەیەکدا کە لەرووی بونیادی کولتووریەوە لاوازە یان گەشەی نەسەندووە. یاخوود بنەمای رۆشەنبیری لەو ناوچەیەدا لاوازە. هەربۆیەش هەوڵدەدات کولتووری خۆیان وەکوو چوارچێوەیەکی باڵا بەسەر ئەو کولتوورەدا بسەپێنن، تەنانەت داگیرکراو لە دەرەنجامی هەژاری لایەنی ڕۆشنبیری و فکری بێ ئەوەی هەستیش بەخۆی بکات لاسایی ئەو کولتوورە دەکاتەوە و دەبێت بەشێک لێی. لە کوردستانێشدا داگیرکەران هەوڵیانداوە لە ڕێگەی داگیرکەری کولتووریەوە کوردستان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، ئەویش لەڕێگەی پێدانی کورسی خویندنی(سکۆلەرشیپ) بێبەرامبەر بە خوێنکارە کوردەکان، کە ئەمەش یەکێکە لەو ڕێگەیانەی کە داگیرکەر بەکاریاندێنێت بۆ گواستنەوەی کولتوورەکەیان، کەچی لە هەمانکاتدا واپیشاندەدات دەیەوێت لەڕووی زانستیەوە هاوکاری پێشکەش بکات. هەروەها لەرێگەی ڕیکڵام و درماکانیانەوە توانیویانە شوین بۆ کولتووری خۆیان لە کۆمەڵگەی کوردیدا بکەنەوە. لە لایەکی تریشەوە داگیرکاران لە ڕێگەی کردنەوەی خوێندنگەکانیان لە کوردستاندا، توانیویانە خویندکارە کوردەکان ئاشنا بە کولتووری خۆیان بکەن و وای پیشانبدەن کە کولتوورەکەیان زۆر باڵاتر و بەرزترە لە کولتوورەکەیان(کولتووری کوردی)، ئەمەش وای کردووە تاکی کوورد کولتووری داگیرکەر وەکوو کولتووریکی باڵاتر و بەرزتر لە کولتوری خۆی ببینێت و لاسایی بکاتەوە.

هەرچەندە هۆکارگەلی زۆر هەن کە کورد بە ژێر دەستەیی دەهێڵنەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هۆکارێک کە کاریگەرییەکی ڕەنگبێت بەئەندازەی هێزی وڵاتە داگیرکارەکان بێت ئەوەیە، کە کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی خێڵەكییە و نەیتوانیوە بۆ کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن هەنگاوبنیت. کۆمەڵگەی خێڵەکی لەسەر بنەمای خزم و خوێنیە و جیاوازی بنچیەنەیان زۆرە لەگەڵ یەکتریدا، ئەم جیاوازیانەش وایکردووە بەردەوام خێڵە کوردیەکان ڵەگەڵ یەکتردا ناتەبابن و نەتوانن یەک بگرن و دژ بە داگیرکەر بجەنگن، هەر بۆیەش لە بەرامبەر داگیرکەردا لاوازن. ئەمەش وا دەکات کە وڵاتە داگیرکەرەکان ئاسانتر بتوانن ناکۆکی ناوەخۆ درووست بکەن و پڕۆسەی داگیرکردنەکانیشیان ئاسانتر بێت.

سایکۆلۆژیەتی کورد چونکە لە سەربنەمای ناکۆکی ناوخۆ بەردەوام لە ململانێدایە بۆیە، کاتێک لایەنێک دەبینن لایەنێکیتر بەهێزترە لەخۆی، ئەوا ئەو بەهێزیەی بە مەترسی دەبینی بۆ سەر خۆی، بۆیە زۆرجار لایەنێک بۆ زاڵبوون بەسەر لایەنێکیتردا، گەڕاوەتەوە بۆ باوەشی داگیرکەر و داوای هاوکاری لێکردووە بۆ سەرکوتکردن و لاوازکردنی بەرامبەرەکەی، هەر بەم هۆیەشەوە هەڵ بۆ داگیرکەران رەخسا بۆ دەست گەیشتن بە نێو کوردستان و نانەوی دووبەرەکی و ملمڵانێ لەنێو لایەنە کوردیەکاندا، بۆئەوەی یەکتری لاواز بکەن و کاتیان نەبێت بیر لە رزگارکردنی نەتەوەکەیان بکەنەوە، چونکە لاواز بوونی کورد لە قازانجی داگیرکەرانی کوردستاندایە.

کورد بۆ ئەوەی لەو گرێ بەکۆڵۆنیکراوە ڕزگاری ببێت، ئەوا پێویستە كار بۆ دانانی سیستەمێکی پەروەردەیی ڕێکوپێک بكرێت، بۆ ئەوەی نەوەیەک پەروەردە بکات کە هەستی خۆشەویستیی بۆ نەتەوەکەی هەبێت، ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌ ئەم نەوەیە‌ خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز بێت، لەچوارچێوەی ئەو فەلسەفە پەروەردەیییەی کە بۆ تاکەکانی دادەنێت. چونکە بیرکردنەوەی کورد بەدرێژایی مێژوو لە بازنه‌ی نه‌ریت و بنه‌مای خێڵەکییدا ماوه‌ته‌وه‌، ئەمەش بووه‌تە گرێکوێرە لەبەردەم نەتەوەسازیی و پرۆسەی بە نەتەوەبوونی کورددا. بەواتایەکی تر کۆمەڵگەی کوردیی کۆمەڵگەیەکی خێلەکییە، ئەمەش وایكردووه‌ تاکی کورد ئینتیمای بۆ خێڵ لە نەتەوەکەی زیاتر بێت.

هەر سیستەمی پەروەردەیە کەوادەکات تاکی کورد لەو هەستە خێڵەکییە ڕزگاری بێت، هەر بۆیە پێویستە لەڕێگەی سیستەمی پەروەردەوە، نەوەیەک دروستبکرێت کە خاوەنی بیرکردنەوەیەک بێت لە پانتاییەکی گەورەتردا، کە ئینتیما و خۆشەویستی بۆ نەتەوەکەی زیاتر بێت و نەتەوەکەی لەپێش هەموو شتێکی تردابێت. لە لایەکی تریشەوە فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ توێژی ڕووناکبیر لە کۆمەڵگەدا، كه‌ وابکات ئەم توێژە ئازادانە هەنگاوی جددی بنێن لە هۆشیارکردنەوەی تاک لەمەڕ بە  کۆڵۆنیاڵبوونی کۆمەڵگەکەی و هەوڵبداتن نەتەوەکەی وەکوو نەتەوەیەکی باڵاتر پێشان بدات، یاخوود وەکوو نەتەوەیەک کە خاوەن مێژوو و شارستانییەتێکی کۆنە. بەڵام ئەگەر ژینگەیەکی لەبار بۆ توێژی ڕووناکبیر فەراهەم نەکریت، ئەوا ئه‌ركی ڕووناکبیر لە کۆمەڵگەدا بەرەو سستی دەچێت و کۆمەڵگە لەڕووی ڕووناكبیرییەوە دوا دەکەوێت.

هەروەها پێویستە کورد سوود لەو هەموو شکستانە وەربگرێت کە بە درێژایی مێژوو پێیدا تێپەریوە، وە دواتر ئەو قەیرانانە بکاتە بیرکردنەوەیەکی تایبەت بە کورد بوون، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو پاشخانە قەیرانانە بکاتە ئەزموونێک لە داهێنانی نەتەوەکەیدا، نەوەک لەسەر ئەو ئەزموونانە بەردەوام بێت، چونکە ئەوەی لە ئێستادا لە کوردستان دەبیندرێت هەمان ئەزموون و هەڵەکانی پێشوون‌ دووبارەیان دەکاتەوە. سه‌رباری ئه‌مانه‌ پێویسته‌ کار لەسەر سایکۆلۆژیای کورد لە بەرانبەر کەسی بێگانەدا بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی سایکۆلۆژییەکی بەهێز بۆ تاكی کورد دابمەزرێت، چونکە بەدرێژایی مێژووی کورد تاکوو نەوەتەکانیش ئەوەی حوکمی کوردی کردووه‌ ئەوانەبوون کە لە دەرەوەی کوردا بوون. واتە کورد نەبوون، بۆیە بە درێژایی مێژوو لە مێنتالییەت و فکری کورددا وا پێشاندراوە، كه‌ ئەوەی لە دەرەوەی کورددایە خاوەن پێگەیەکی بەهێز، کولتوورێکی باڵا و سه‌روه‌ره‌ و بۆیه‌ ده‌بێت ڕەنجبەری ئەوان بێت، یاخود وەکوو کۆیلەیان مامەڵە بکات. هه‌ربۆیە کاتێک کورد توانی ئایدیای کوردیی لەبەرانبەر نەتەوەکانی دیکەدا بگۆڕێت، ئەوده‌م کورد دەتوانێت لە ڕووی کەسایەتییەوە خۆی لەبەرانبەر ئەوانیتر کەمتر نەبینێت. ئەمانەش دەبنە هۆی بناغەیەکی پته‌ و بەهێز بۆ ڕزگاربوون لە ژێردەستیی.

 

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی بۆ ئه‌م نووسینه‌ سوودیان لێوه‌رگیراوه‌:

  • سەلام، گۆران(٢٠٠٤). کاریگەری خێڵ وئاین لەسەر بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد لە نێوان ساڵانی ١٨٤٧_ ١٨٨١. چاپی سێیەم، هەوڵیر، چاپخانەی جەمال عیرفان.
  • کەریمی، د.ئەیوب(٢٠١٩). تیۆری مۆدێرن. زانکۆی سۆران.
  • کۆڵۆنیالیزم،٢٠١٢. {online}. ئاسۆ سات، ٦\٨\٢٠١٢، کەناڵی یوتوبی ڕێبوار ڕەشید، ١\٧\٢٠٢١، https://youtu.be/5xpceHMg2wY.
  • لومبا، ئانیا(٢٠١٨). کۆڵۆنیالیزم و پۆست  کۆڵۆنیالیزم. و: عومەر عەلی غەفوور. چاپخانەی تاران.
  • ماکداوڵ، دەیڤد(٢٠١٩). مێژووی هاوچەرخی کورد. و: د.ئەبوبەکر خۆشناو. چاپی سێیەم، هەولێر، چاپخانەی ئاوێر.
  • هەندرێن(٢٠١٨). ناسیۆنالیزم، سروشتی کۆڵۆنیالیزم و ئیمپێریالیزم. زانکۆی سۆران.
تاگهزر
بڵاوکردنەوە: