دەربارەی قوربانیکردن

749
0
بڵاوکردنەوە:

لێکدانەوەیەکی ئەنسرۆپۆلۆجی، مێژوویی، سایکۆلۆژییانە.

نووسینی: ڕامیار محەمەد

جا کاتێک عیسا گوێی لێبوو، فەرمووی:

«لەشساغ پێویستی بە پزیشك نییە، بەڵکو نەخۆش.»

بڕۆن و واتای ئەمە فێربن {من میهرەبانیم دەوێ نەك قوربانی}

پەیمانی نوێ – مەتا ٩: ١٠-١٤

زۆر شت هەن دەربارەی قوربانی دەکرێت بگوترێن و نەگوتراون. ئێمە قوربانیمان وەکو نەریتێکی ئاینیی وەرگرتووە، وەکو ڕێوڕەسمێك. بەڵام ئایا ڕەهەندە قوڵەکەی قوربانی چییە؟ ئایا ڕوانگە مێژووییەکەی چییە؟

ڕاستییەکەی قسەکردن لەسەر قوربانی کارێکی هەروا ئاسان نییە بۆ منیش، پێویستم بە کۆمەڵێك سەرچاوە هەبوو وەریان بگرم و بیانخوێنمەوە و بزانم چیان تێدایە دەربارەی قوربانی.

قوربانیکردن مێژوویەکی دێرینی هەیە، هەر لەسەر تاشەبەردە گەورەکانەوە بە تابلۆ، هەتا بە نووسراویش بۆمان بەجێ ماوە، کە قوربانی هەبووە و لە سەرەتادا قوربانی مرۆڤیش هەبووە لەبری ئاژەڵ. لە یۆنان قوربانیکردن بۆ خوداوەندان کارێکی باو و ڕێکارێکی ئاینی بووە. تیایدا مرۆڤەکانیان سەردەبڕی و پێست و ئێسکەکانیان دادەماڵی و دەیان سوتاندن لەبەردەم پەرستگای خوداوەندەکانیان. چەندەها بۆنەی جیا جیا و جۆراوجۆریان هەبوو، کە تیایدا قوربانییان دەکرد بۆ خوداوەندانیان، لە پاشاندا ئەم قوربانییە بووە ئاژەڵ و ئاژەڵیان دەکردە قوربانی بۆ خوداکانیان.

قوربانی بە پێناسەی “جیۆرج باتای” بریتییە لە: کرداری هەڵپەساردنی تابووی کوشتن، وەک چۆن جەنگ هەمان ئەرکی هەیە؛ واتا جەنگیش بریتییە لە کرداری هەڵپەساردنی تابووی کوشتن. لە هەموو ئایینەکاندا بەشێوەیەکی گشتی، کوشتن قەدەغەیە. لانیکەم لە دینە ئیبراهیمییەکاندا کوشتن قەدەغەیە. بەڵام هاتوون حاڵەتی تایبەتییان بۆ داناوە، واتە: ڕاستە کوشتن قەدەغەیە، بەڵام لە حاڵەتی جەنگ کارێکی ئاساییە. هەربۆیە لە جەنگدا مرۆڤ بە ئارەزووی خۆی دەکوژێت، خوێن دەڕژێنێت، سەر لێ دەکاتەوە و قاچ دەپەڕێنێت…هتد. واتە لە باروودۆخی جەنگدا مرۆڤ هەلی بەزاندنی تابووی کوشتنی هەیە، هەموو مرۆڤێك بکوژێك لەناویدا هەیە.

لەگەڵ بەرەوپێشەوەچوونی شارستانیەتدا، هەندێک حاڵەت و دیاردە بوونیان نەماوە، لەوانە: مرۆڤخۆریی، بەڵام کوشتن هەر هەبووە و هەر دەشمێنێت. دەکرێ ئاماژە بەوەش بدەین، کە هاوسەرگیریش، هەڵپەساردنی تابووی سێکسە. چونکە ئەوان (ئایینەکان، دابونەریت) فەرمانیان کردووە، سێکس مەکەن مەگەر لە هاوسەرگیریدا بێت. هەربۆیە بەتابووکردنی کوشتن وای کردووە مرۆڤ حەزی لە کوشتن بێت، هەروەك چۆن بەتابووکردنی سێکس وای کردووە مرۆڤ حەزی لە سێکس بێت.

شتێکی سەیر لە ئارادایە لێرەدا: لە سەردەمی مرۆڤایەتیی سەرەتاییدا کوشتنی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤ خۆیەوە، وا دەردەکەوێت لە ئارادا نەبووبێ. مرۆڤی سەرەتایی، خۆی بە جیاواز نەزانیوە لەگەڵ ئاژەڵاندا، تابووی کوشتن لە دوای ڕاوەوە هاتۆتە ئاراوە. واتە کوشتنی ئاژەڵ بۆ مرۆڤی ئەو دەمە، جۆرێك بووە لە تابوو. مرۆڤایەتی کە دەستی کردووە بە ڕاوکردن، ئینجا کوشتن بووەتە تابوو.

کارێکی هونەرمەند هێرمان نیتچە

ئەم دەسپێکە گرنگ بوو، بۆ ئەوەی لە تابووی کوشتن تێبگەین. دوا بەدوای ئەمە دەچمە سەر کۆنسێپتی (قوربانی – sacrifice) خۆی.

قوربانی – sacrifice: ئاکتی سەربڕین، کوشتنی مرۆڤێك یان ئاژەڵێکە، بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودا. یاخود زۆر بە کورتی (قوربانی ئۆفەرێکی ئاینییە، تیایدا کەسێك، ئاژەڵێك سەردەبڕدرێت، بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوداوەند).

ئەمە پێناسە گشتییەکەی، یاخود زۆر سادەکەی قوربانییە. ئێمە بەبێ بیرکردنەوەی قوڵ لە کۆنسێپتی قوربانی، کاتێك وشەکە بەر گوێمان دەکەوێت ڕاستەوخۆ وێنەی ئاژەڵێك دێتە خەیاڵمان، کە بینیومانە سەردەبڕدرێت لە بۆنەیەکی ئایینیدا و مەبەستیش لێی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودایە. لە کۆمەڵگای سەرەتاییدا وەک باسم کرد، کوشتن شکاندنی یاسا بووە، شکاندنی تابوو بووە، بەڵام ئاژەڵان هەرگیز دەستبەرداری ئەمە نەبوون. ئاژەڵان تابوویان نییە، بۆیە دەستبەرداری توندوتیژی و کوشتن نەبوون. ئەم بوونەرەوە پیرۆزە -بەلای مرۆڤەوە- پێویستی کردووە لەوە تێبگات کە یاسا دەشکێنێت بە بەردەوامی، بۆیە دەبوو ئەویش بکوژرێت لەو دۆخەدا، تا لەوە تێبگات یاسای شکاندووە، تا ئەمانیش ڕاپێچی یاسا بکەن. قوربانییەکە خۆی لەخۆیدا پیرۆز بووە، چونکە ئاژەڵ بووە، ئەم پیرۆزییەش گوزارشت بووە لە نەفرەتی توندوتیژی، چونکە ئاژەڵان هەرگیز ناوەستن لە نەکردنی توندوتیژی چونکە ئەوە مانای بوونی ئەوانە، هەناسەی ژیانی ئەوانە.

لە حاڵەتی مەرگدا توندوتیژی دەگاتە لوتکە! لێرەدا ئاژەڵان کراون بە قوربانی بۆ ئەوەی لەو جیهانە وەڕسکەر و ناخۆشەی مرۆڤەکان دەرچن و بچنە پلەیەکی یەزدانییەوە. واتە لەو جیهانەی مرۆڤ داببڕێن، ئەمان (ئاژەڵان)، کە هاتوون یاسا دەشکێنن، پێویستە وەکو خوداوەند سەیر بکرێن، هەر بۆیە پێویستیشە بچنە قۆناغێکی دیکەوە و لە ژیانی سەر زەمینی و ماتریاڵی دەرچن.

شتێك هەیە لە مەرگی قوربانییەکەدا، کە پێی دەگوترێت (پیرۆزی). قوربانییەکە دەمرێت و قوربانیکەرانیش بەشداری دەکەن بەو شتەی کە مەرگی قوربانییەکە ئاشکرای دەکات، ئەو شتەش زانایانی مێژووی ئایینەکان بە (پیرۆزی) ناوی دەبەن. هەربۆیە، بەلای ئەوانەوەی کە وەک ڕێکارێکی ئایینی تەماشای پرۆسەی قوربانی دەکەن، پیرۆزی: بریتییە لە دەرخستنی بەردەوامیی، لە ڕێگەی مەرگی بوونەوەرێکی (فانی)ـیەوە (نابەردەوامەوە). مەرگێکی توندوتیژانە فانیبوونی ئەم بوونەوەرە دەپچڕێنێت.

لێرەدا شتێك ئاشکرا دەبێت، کە بە تەنها لەلای تەماشەکەرانی پڕۆسەی قوربانی هەیە؛ ئەو بێدەنگییەی پاش پڕۆسەی قوربانی دێتە ئاراوە، دەرخەری بەردەوامیی هەموو بوونە، کە قوربانییەکە لە دوای ئەوەوە بەشێکە لێی. تەنها ئەم جۆرە لە کوشتن، ئەم کوشتنەی کە بە هەلومەرجێکی ئایینی و ڕێکارێکی نەریتی ئایینی ڕوودەدات توانای دەرخستنی ئەم بەردەوامیی بوونەی هەیە. دەرئەنجام دەگەینە ئەوەی کە، قوربانیی سەرەتایی، هاوشێوەیە و یەک دێتەوە لەگەڵ قوربانیکردنی هاوچەرخ، چونکە هەمان پڕۆسەیە، بە هەمان کۆنسێپت و بە هەمان ڕێکار و بە هەمان سایکۆلۆژییەوە. واتە ئەوەی باسم کرد، بۆ قوربانی هاوچەرخیش دروستە.

کۆنسێپت و تیۆری (قوربانی) وەکو ستراکچەر، بەم دواییانە لەلایەن “ژان لۆک نانسی”یەوە پەرەی پێدراوە. ئەمەی باسی دەکەم، قوربانییە وەکو ستراکچەر؛ واتە پێکهاتەی کۆنسێپت و تیۆری قوربانی. کەوایە ئەگەر کۆنسێپتی قوربانی ستراکچەر بێت، ئەوا قوربانی ستراکچەری بیرکردنەوەی ئێمە دادەڕێژێت دەربارەی بوون لە ئاستی تاکەکەس و لە ئاستی کۆمەڵیشدا. لەلایەک ئەمە مانای ئەوەیە، کە جەستەی (کۆمەڵ) بە شێوەی (هەموو – whole) دروستبووە، بە تێكشاندن یاخود لەبیربردنەوەی بەشێکی دیاریکراو لەم جەستەیە، کە قوربانی پێدراوە بۆ باشە و خزمەتی (هەموو – whole). لە سەرێکی دیکەوە مانای ئەوە دەدات کە جەستەی تاک و کۆمەڵیش، زیاتر دەبێت بە (خۆی) لە ڕێگەی پڕۆسەی قوربانییەوە، کە بەهۆیەوە بەشێك یان لایەنێكی تیایدا لەناو دەچێت لە (جوڵەیەک – movement)ی بەرزتر یاخود ڕاستتردا.

قوربانی فاکتی ماتریاڵی مردن وەلا دەنێت -لە زۆربەی حاڵەتەکاندا- بۆ ئەوەی ئەم مردنە مانایەک ببەخشێت، بۆ ئەوەی شتێکی لە دەستچوو بۆ ئەم مردنە بگێڕێتەوە. لەم سۆنگەوە، قوربانی کردەیەکی ئابوورییە، کە هەوڵدەدات بچێتە قاڵبی چەمکی گۆڕینەوەی شتێك، کە بەرەنگاری ئەم جۆرە لە گۆڕینەوە بکات. مردن، کە مانای هیچ نادات و هیچ ناگەیەنێت، کردەیەکە قابیلی گۆڕینەوە نییە، بەڵام قوربانی ئایدیاڵانە ئیش دەکات لەسەر مردن، ئەو فاکتە دەخاتە ئەو لاوە، کە مردن پڕۆسەیەکی ماتریاڵییە. واتە لە بەرانبەر مردندا، شتێکی دیکەت پێدەبەخشێت. لە بەرانبەر مردندا، قوربانی «بوونی مرۆڤ دەکاتە بوونێکی بەردەوام لە نابەردەوامیی -(فانی)-یەوە».

قوربانیدان پەیوەندی نێوان خواردنی گۆشت و حەقیقەتی ژیان، کە خۆی لە مردندا دەرخستووە، گرێ دەدات. مردن حەقیقەتی ژیانە، تاکە حەقیقەتێکیشە کە هەبێ لە ژیاندا. ئەو گۆشتەی کە ئێمەش دەیخۆین، لە دوای پڕۆسەی قوربانییەوە، نەك هەر لە پڕۆسەی قوربانیدا، بەڵکو هەر گۆشتێکی دیکە، کە دەیخۆین، خاڵی بۆتەوە لە ژیان. خاڵییە لەو ژیانەی کە پێشتر لەناو ئەم گۆشتەدا خۆی شاردۆتەوە. ئێمە ئەوە دەزانین کە پێش ئەوەی ئەم گۆشتە داماڵرێت و بەمجۆرە ئامادە بێت بۆ خواردن، ژیانی تێدابووە. بەڵام بەهۆی پڕۆسەیەکەوە کە مردنە، ئەم ژیانە لەم گۆشتە دابڕاوە، بەهۆی حەقیقەتێکەوە، ئەم گۆشتە لەو ژیانە ئۆرگانییە داماڵدراوە. قوربانیدان هارمۆنییەک لەنێوان ژیان و مەرگدا دروست دەکات. قوربانیدان ژیان و مەرگ بە یەکتری دەبەخشێت، ئەو ژیان دەبەخشێتە مەرگ و قورسایی مەرگیش دەبەخشێتە ژیان. ئێمە کە دەژین، دەزانین دەمرین و ناکۆتا نین، بوونێکی نا بەردەواممان هەیە، ئەوە حەقیقەتێکە کە مردن بەخشیویەتییە ژیانی ئێمە، بەڵام قوربانی دێت و ژیان دەکات بە بەری مەرگدا، لە پڕۆسە و ڕێوڕەسمێکی ئاینیی یان هەر پڕۆسە و ڕێورەسمێکی دیکەی مرۆیی. وا دەکات ئەو مردنە ببێتە ڕووداو، ببێتە دیاردەیەک کە لە بیر و هۆشی ئەم بوونەوەرە نابەردەوام (فانی)یەدا بمێنێتەوە.

لەمڕۆدا، بۆ کۆمەڵگای خۆرئاوایی، قوربانیدان لە دەرەوەی ئەزموونی ئەوانە، بەڵام شتێکی دیکە لەجێی ئەوە کار دەکات، ئەویش (خەیاڵ – imagination)ە. شتێک هەیە کە هێشتاکە دەتوانرێت پەردەی لەسەر لا ببرێت لە قوربانیدا، تەنانەت بەبێ دەلالەتە ئاینییەکەشی، ئەویش هێڵنجدانە، بەڵام دەبێ وەها لە قوربانی بڕوانرێت کە شتێکە لە دەرەوەی هێڵنج. پەرجوو ئێستا لە پڕۆسەی قوربانیدا بوونی نەماوە، ڕەنگە بوونی مابێت بەجۆرێک لە جۆرەکان، بەڵام مادام پەرجوو بوونی نەماوە بەشێوە گشتییەکەی، لە مێشکی تاکی قوربانیکەردا، پەیڕەوکردنی ڕێکارە جۆراو جۆرەکانی قوربانیدان، ڕەنگە دووبارە ببێتەوە هۆی هێڵنجدان.

بەپێی ئەوەی “جیۆرج باتای” باسی دەکات، پەیوەندییەکی جدی هەیە لەنیوان کردەی سێکس و کردەی قوربانیکردن، کردەی سێکس وەک کردەیەکی میکانیکی نا، بەڵکو وەک کردەیەکی ئیرۆتیکی! ئەوەی لە هەردوو کردەکەدا دەردەکەوێت گۆشتە، لە قوربانیدا گۆشتی ئاژەڵ دادەماڵرێت، جگە لەوە، ئەو ژیانە ڕێکخراوەییەی ئاژەڵ گرژ دەکات و ئەو نەزمە توندە ئۆرگانییە تێک دەشکێنێت. بە هەمان شێوە لە ئیرۆتیکیشدا، ئەندامە زێدەڕەوەکان -مەبەستمان ئەندامە سێکشواڵییەکانە- سەربەست دەکات، کە ئەوانیش چالاکییەکانیان کوێرانەیە و دەچنە ئەودیوی ویستی عاشقەکانەوە. بە هەمان شێوە لە ئیرۆتیکدا، گۆشت دەستبەکارە، تیایدا ئەو نەزمە توندەی کە بەسەریانەوەیە دادەماڵدرێت. لە تابوو دەردەچن، ئەو تابووە گەردوونییە تێدەپەڕێنن کە دەبێت ئەو بەشانەی لەشی داپۆشراوبن.

ئەوەی ئەم ئەندامانە دەوروژێنێت، توندوتیژییەکە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی عەقڵەوەیە، توندوتیژییەک، کە بەرەو خاڵیبوونەوەی دەبات. لەناکاوێکدا خاڵی دەبنەوە و گەردەلوولەکە ئارام دەبێتەوە، بەڵام لە نەبوونی کۆنترۆڵی عەقڵدا، گۆشت هەموو سنوورەکان تێدەپەڕێنێت. کە دەڵێین لە نەبوونی کۆنترۆڵی عەقڵدا، مەبەستمان لە نەبوونی ئەو ئاگامەندییەی مرۆڤە کە تیایدا ڕێگری لێ دەکات و تابووەکانی وەبیر دەخاتەوە.

“ڤیتگنشتاین” پێی وایە، ئەم ڕێکارە ئاینییانەی کە دەکرێن، بە نموونە قوربانیدان؛ جگە لەو کەسەی قوربانییەکە دەکات، بینەر لێرەدا بەشی زۆری کردەکە پێکدەهێنێت. بە بڕوای ئەو بینەر بۆیە تەماشای کردەیەکی لەم جۆرە دەکات، چونکە هەموو مرۆڤێك، لایەنێکی “پیس و قوڵ”ی لە خۆیدا حەشارداوە. تەنها بە سەیرکردنی کردەیەکی ئاوا دەتوانێت بەشێك لە غەریزەی کوشتن و سەربڕین و تاوانکاری تێر بکات. بێگومان ئەمە بۆ قوربانیکردنی مرۆیی ڕاستە و بۆ قوربانیکردنی ئاژەڵیش ڕاستە. بۆ ئەو، لایەنە مێژوویی و ئۆریجنی پڕۆسەکە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ “سروشتی ناوەکی – inner nature). ئەویش بریتییە لە “ئازاردانی قوربانییەکە”. ئەمیش شتێکە مرۆڤ خۆی خستوێتییە پاڵ پڕۆسەکە، دەنا خۆی لە خۆیدا بابەتەکە بریتییە لە “چێژ وەرگرتن لە ئازاردانی قوربانییەکە” کە پێی دەڵێین “سروشتی دەرەکی – external nature ” ئەویش ئەوەیە کە لەلایەن بینەرانی پڕۆسەکەوە بەدی دێت.

لە ڕوانگەی “فرەیزەر”ەوە، یەکەمین و گرنگترین هەنگاو کە مرۆڤ بتوانێت بیبڕێت و توانیبێتی بیبڕێ، ئەوەیە، کە لە برواهێنان بە جادووەوە چوو بەرەو بڕواهێنان بە ئاین. ئەو پێی وایە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی مرۆڤ سێ قۆناغی هەیە:

١- بڕوابوون بە جادوو: کە بڕوادار لێرەدا پێی وایە کردەوەکانی مرۆڤ ئاسایی کاریگەری هەیە بەسەر دنیای سروشتییەوە.

٢- بڕوابوون بە ئایین: کە بڕوادار لێرەدا بروای وایە هێزی سەروسروشتی کاریگەری هەیە بەسەر دنیای سروشتییەوە.

٣- بڕوابوون بە زانست: کە بڕوادار لێرەدا بڕوای بە سیستمێکی ئەقڵانی هەیە کە پشتگیری لە دنیای سروشتی دەکات، کە بەهۆکاری مرۆیی دەکرێ زیاتر کەشف بکرێت و لەسەری بزاندرێت.

بە بڕوای من کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتیی هێشتا قۆناغی سێیەمی نەبڕیوە، نەبووە بە کۆمەڵگایەکی ئەقڵانی، زانستی. ئەوەی دەربارەی قوربانیی باسم کرد لایەنی ئەنسرۆپۆلۆجی بابەتەکە بوو، کە قوربانی هەر ئەو شتە ئاسان و ساکارە نییە بە بەرچاومانەوە دەکرێت، بەڵکو ڕوانگەیەکی مێژوویی، ئەنسرۆپۆلۆجی و سایکۆلۆژی قوڵیشی هەیە. مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیی دەبێ لە هۆکار و دەرەئەنجامی کێشەیەکی ئاوها وجوودی بکۆڵێتەوە، چونکە لەسەر ئاستی تاک و لەسەر ئاستی کۆمەڵیش کاریگەری گەورەی هەیە بەسەریەوە.

هیوادارم لە داهاتوودا ئەمە بکەمە پڕۆژەیەک و زیاتر کاری لەسەر بکەم.

 

سەرچاوەکان:

تێبینی: پشتم بە هەردوو ڤێرژنی ئەم کتێبەی باتای بەستووە، ئینگلیزی و کوردییەکەشی، چونکە لە هەندێ شوێندا بەداخەوە کوردییەکە نەیدەگەیاند ناجار پەنام بردەوە بەر سەرچاوە ئینگلیزییەکە

١- ئیرۆتیزم: مەرگ و شەهوانییەت/نووسینی: ژیۆرژ باتای/وەرگێرانی: ئەرسەلان ئەفراسیاو

Eroticism: death and sensuality/ George Bataille

2- From Science to Human Sacrifice: Frazer, Levi-Strauss and Wittgenstein on

Understanding Foreign Ritual Practice

3- Human Sacrifice in Ancient Greece/ Dennis D. Hughes

4- After Bataille: Sacrifice, Exposure, Community/ Patrick FFrench

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: