لە بارەی بێدەنگی لاوکۆنەوە

411
0
بڵاوکردنەوە:

دڵشاد حامید دەروێش

نووسەر و مامۆستای زانکۆ

گریکەکان دوای دە ساڵ گەمارۆ و جەنگ نەیانتوانی بچنە ئەودیو شوراکانی تەڕوادەوە. دواتر بە ڕێنمایی ئۆدیسیۆس Odysseus ئەسپێکی دارینیان چێ کرد و چەند جەنگاوەرێکی خۆشیان تێدا دانا، وایاننیشاندا کە کۆتاییان بە گەمارۆکە هێناوە و بەرەو گریک سەرڕێ کەوتوون. لاوکۆن Laocoön کە کاهینیکی تەڕوادی بوو، لەم هەنگاوە بە گومان بوو، پێی لەسەر ئەوە داگرت کە نابێت بە هیچ جۆرێک متمانە بە گریکەکان بکەن و ئەسپە دارینەکە بهێننە نێو شارەکەیانەوە. ئەمە خودا پۆسایدۆنی Poseidon جاڕس و توڕە کرد، دەستبەجێ ماری دەریای بۆ لەنێوبردنی خۆی و دوو کوڕەکەی نارد. بە گوێرەی گیڕانەوەیەکی دیکە، هۆکاری کوشتنی لاوکۆن ئەوە بووە لە نێو پەرستگەی پۆسایدۆندا سێکسی لەتەک ژنەکەیدا کردبوو.

گێڕانەوەکان هەرچۆنێک بن، ئەگەر تەماشای پەیکەری لاوکۆن و کوڕەکانی Laocoön and His Sons یاخود لاوکۆنەکان Laocoön Group بکەین، دەبینین هەرچەندە لە دیمەنێکی سامناک و ئازاراویدا دوو ماری زەبەلاح لە لاوکۆن و دوو نەوەکەی ئاڵاون، کەچی لاوکۆن هاوار ناکات. ئەم بێدەنگییە سەرنجی گەلێک عەقڵی گەورەی بۆ خۆی کەمەندکێش کردووە، هەر بۆیە ڕستێک لێکدانەوە و ڕاڤەی لە بارەوە هەن. سەرەتا يوهان يواخيم فينكلمان Johann Joachim Winckelmann تەفسیرێکی فەلسەفی و تاڕادەیەکیش سایکۆلۆگیمان پیشکەش دەکات، ئەو هاوارنەکردنی لاوکۆن بە تێگە و چەمک و بنەواشە ڕەواقییەکانیان یانژی ستۆیسیزمەکانەوە Stoicism گرێدەدات. لە دیدی فنکلمانەوە، لاوکۆن خاوەن ڕۆحێکی مەزنە، ئەم ڕۆحە مەزنە ئازارەکانی پوشبەسەر و پەردەپۆش دەکات و لە نێو خۆیدا دەیانهێڵێتەوە، چوونکە هاوارکردن لە تەک ڕەواقیبوونیدا نایەتەوە. لەپاڵ ئەمدا، لیسینگ Lessing لە ڕوانگەیەکی ئێستاتیکییانەوە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە جوانی- هەڵبەت لە سۆنگەی ئەو واتایەوە کە ئەم وشەیە لەو سەروبەندەدا لە هەناویگرتووە- لە تەک هاواردا نەساز و نەگونجاوە، ناکرێت پێکەوە لە کارێکی هونەریدا کۆبکرێنەوە و بخرێنە پاڵ یەکتری. سەرباری ئەم ئارگومێنتە، لەو باوەڕەشدابوو کە کاری هونەرمەند بریتیی نییە لە بە ئەبەدیکردن و جێگیرکردنی چرکەساتە ڕەوتەنی و ڕاگوزەرەکان. هەر لەم بەستێنەدا، هیرت Hirt لە دەلاقەیەکی فیسیۆلۆگییانەوە پێیوایە لاوکۆن بە هۆی جەڵتەی سییەکانەوە نەیتوانیوە هاواربکات. لە کۆتاییدا كارل لودويج فيرنو Karl Ludwig Fernow بە جۆرێک لە جۆرەکان سەرجەمی ئەم بۆچوونانە هەڵدەگرێتەوە و کۆیاندەکاتەوە، وەلێ شتێکی تازەمان پێناڵێت و لە ئەنجامگیرییەکی نوێدا شکست دەهێنێت.

بە تێپەڕین بە نێو چەندان فیگۆری دیکەدا دەگەینە فیلۆسۆفی ئەڵمانی ئارسەر شۆپنهاوەر Arthur Schopenhauer، بە بڕوای من لە تەک ویدا ئێمە لە بەردەم دەستپێکردنەوەیەکی ڕادیکاڵانەداین بۆ قسەکردنەوە لەسەر بێدەنگی و هاوارنەکردنی لاوکۆن. بەوەی نیگاکانی بۆ جێیەکی دیکە پەلکێش کرد. ئەم پچڕان و گواستنەوەیەش بەوە ڕوویدا کە شۆپنهاوەر لە ڕێگەی بەگیروگرفتکردنی خودی پەیکەرسازییەوە لە پەیوەندیدا بەو پنت و ڕووبەر و مەودایەی کە ئەم هونەرە بە دروستی دەتوانێت گوزارستی لێبکات، ویستی پەی بە ڕازی بێدەنگی لاوکۆنەکان ببات.

کەواتە ئەوەی لە ئیشکردنی ئێستاتیکییانەی شۆپنهاوەردا بۆ ئێمە گرنگ و بایەخدارە، مکوڕبوون و پێداگیری و جەختکردنەوەکانێتی لەسەر سنوورداری تواناکانی پەیکەرسازی. ئەو بڕوای وابوو بەراورد بە هەندێک هونەری دیکە، پەیکەرسازی توانستی گوزارشتکردنی هەست و سۆزەکانی نییە، هەر بۆ نموونە پەیکەرساز ناتوانێت و تاوەکو ڕادەیەکی زۆریش ئاستەمە وێنای ژنێکمان بداتێ کە بەکوڵ دەگری. هەر ئەو کارەی کە وێنەکێشێک بە ڕەنگ و پێدانی شێوەیەکی تایبەت بە چاو و برۆ …. هتد، زۆر بە باشی دەتوانێت بیکات. ئەم دەستکورتییەی پەیکەسازیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە پێچەوانەی وێنەکێشانەوە، لە پەیکەرسازیدا ڕەنگ ئارایی و ئامادەگییەکی ئەوتۆی نییە. لەمەش بترازێت، ئێمە لە هونەری پەیکەرسازیدا سەروکارمان لەتەک ماددەیەکی ڕەقدایە کە بەردەوام جۆرێک لە شێوەگیری و قاڵببەندی و دەقگرتن بەسەر پەیکەرسازدا دەسەپێنێت.

جگە لە هەست و سۆز، دەنگیش بە هەمانشێوە دەکەوێتە ئەودیو تواناکانی پەیکەرسازییەوە، لێرەوە شۆپنهاوەر لە کتێبەکەیدا The world as will and representation لە سەر پرسی بێدەنگی و هاوارنەکردنی لاوکۆن دەگیرسێتەوە. ئەم فیلۆسۆفە وایدەبینێت ئەو بیرمەندانەی لە سەرەوە ڕیزمان کردن زۆر دوور ڕۆیشتوون، بە جۆرێک وەک ئەو کەسەیان لێهاتووە کە چاویلکەکەی لە چاودایە و بێئۆقرەش بەدوایدا دەگەڕێت. پێیوایە وەڵام و ڕاڤەی دروستی هاوارنەکردن و بێدەنگی لاوکۆن هیچ کام لەوانە نین کە هێمامان بۆکردن، بەڵکو زۆر بە سادەیی ئەوەیە کە پەیکەر بە سروشتی خۆی هاوار ناکات. هەربۆیە لە پەیکەری لاوکۆن و کوڕەکانیدا لە بری هاوار، جوڵە و هەندێک ڕەچاوکاری دیکە گوزارشت لەو ئازارە دەکەن کە ئەم سێ فیگۆرە دەیچێژن. بە پێچەوانەی پەیکەرسازییەوە، شیعر بە قەولی شۆپنهاوەر پانتاییەکی هونەری لەبار و لواو و گونجاوە بۆ هاوارکردن، هەر ئەمەشە ڕاز و نهێنی هاوارنەکردنی لاوکۆن لە لای پۆليدۆروسی Polydorus  پەیکەرساز و هاوارکردنی هەمان کاراکتەر لە کن ڤرجیلـی Virgil شاعیر.

ژێدەرەکان

1 – Arthur Schopenhauer, the world as will and representation, volume 2, CHAPTER XXXVI 1, p 419.

٢- سعيد محمد توفيق, ميتافيزيقا الفن عند شوبنهاور, التنوير للطباعة والنشر والتوزيع, بيروت لبنان, 2011, ص219.

٣- عبدالرحمن بدوي, شوبنهاور, وكالة المطبوعات- الكويت و دار القلم- بيروت, 1942, ص167.

بڵاوکردنەوە: